Skip to Content

پەروەردەکردنی منداڵان بە لێبووردن… رەزا شوان

پەروەردەکردنی منداڵان بە لێبووردن… رەزا شوان

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2018 General, Kids Literature

منداڵە چاوگەش و شیرین و خۆشەویستەکانمان، نەوەی ئەمـڕۆن و هیـوای داهاتووی کـورد و کوردسـتانن.. بە نرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن.. گۆشکردن و پەروەردەکردنیان بە دروستی و ئاراستەکردنیان بە راستی ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی ئەستۆی خیزان و قوتابخانە و کۆمەڵگا و هەموو هیواخوازێکی داهاتوویەکی باشتر و شیاوتر و گەشترە بۆ کورد و کوردستان.. پێویستە لە منداڵییەوە بە بەها پیرۆزەکان و پرەنسیپە بەرزە نیشتمانییەکان و مرۆڤایەتییەکان پەروەردەیان بکەین.. لە منداڵییەوە بە بنەما سەرەکییە ئەرێنییەکانی ژیان و سازان و پێکەوە هەڵکردن ئاشنایان بکەین.. بۆ ئەوەی ببن بە کەسایەتی بڕوابەخۆ و گەشبین و سەرکەوتوو.. ببن بە تاکی دروست و خێربەخش.. ببن بە کۆڵەکە و کاریتەی تەبایی و خۆشبەختی کۆمەڵگای کوردیمان. پێویستە وا پەروەردەیان بکەین، کە شانازی بە ناسنامەی کوردستانی بوونی خۆیانەوە بکەن و هەستی هاوبەستەبوونیان بۆ شارستانییەت و بۆ مرۆڤایەتی هەبێت.. هەر لە منداڵییەوە منداڵەکانمان بە رۆشنبیریی برایەتی و خۆشکایەتی و هاوڕێتی و کەسایەتی و قبووڵکردنی یەکتری و رێز و خۆشەویسی و یەکسانی و دادپەروەری و هـاومافی و رێزگرتن و خۆشەویستی کەسانی تر و کرانەوە بەڕووی کولتوور و کۆمەڵگاکانی تر و باشخوازی و ئاشتییخوازی و لێبووردن و بەخشین پەروەردەیان بکەین.. لە منداڵییەوە لە هەموو شێوەیەکی دەمارگیری و توندوتیژی و رەگەزپەرستی و تونـدڕەوی ئاینی و تایفی و خۆپەرستی و کەسنەویستی دووریان بخەینەوە.. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی هەموومانە، کە بەم بەها و پرەنسیپ و رەوشتە جوانانە پەروەردەیان بکەین.

پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵان بەو بەها و پرەنسیپانە، لە شەو و رۆژێک دا نایەنە دی، پێویستیان بە سنگفراوانی و دەروون گەورەیی و پشوودرێژی و خۆڕاگرتن هەیە.. پێویستیان بە پلان و بەرنامەڕێژی هەنگاو بە هەنگاو هەیە.. تا دڵنیابین کە ئەنجامەکان ئەرێنی دەبن و بە درێژی ژیانی منداڵان کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی ئەرێنییان لەسەر ژیانی خۆیان و لەسەر کۆمەڵگای کوردیشمان دەبن.
یەکێک لەو بەها پیرۆزانەی ناومان بردن (لێـبووردن)ـە، کە هەموو ئاینە ئاسمانییەکان و تیۆرە پەروەردەییەکان، جەختیان لەسەر گرنگییەکانی بەهای لێبووردن و بەخشین کردۆتەوە، کە یەکێکە لە هەرە خەسڵەتە جوانەکان و پرەنسیپە بەرزەکانی مرۆڤ.
ئامانجی پەروەردەی نوێ لە ئەمڕۆدا، بە ئاراستەی بنیاتنانی رۆشنبیری ئاشتی و هەستپاکی و سۆز و رووحی مرۆڤایەتی و بەهـای لێبووردنە، دژایەتیکردنی هەموو شێوەکانی توندوتیژی و دەمارگیری و زاڵبوون و خۆسەپاندن و چەوسانەوەیە.. لە بنەڕەتیش دا، پەروەردە لەسەر بنەمای بەهای لێبووردن و ئاشتی و ئازادی مرۆڤ و لێبووردە هاتۆتە کایەوە.. بۆیە پێویستە سیاسەت و داڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرامەکانی فێرکردن و خوێندن، لە هەموو قۆناغ و ئاستەکان دا، لە باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە خوێندکارانی زانکۆکان، هەموو هاوکاربن لە روندان و شیرینکردن و بەرجەستەکردنی پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و سازان و لەیەکگەیشتن و لێبووردن و خۆشەویستی و رێز و رێزگرتن لە را و بۆچوونی جیاواز.. پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵان هۆکاری پێکەوەژیان و گونجان و سازانە، نەک هۆکاری ململانێ و بەربەرەکانی.
(هيلین کیللەر) دەڵێ:”باشـترین دەرئەنجـام لە پـەروەردەدا لێــبووردنە”
لێبووردن زمانێکی نەرم و شیرینە، چەمکێکە واتای بەخشین لە کاتی توانا و هێزدا دەگەیەنێت.. پێویستە لە منداڵيیەوە منداڵەکانمان فێری ئەم زمان و چەمکە بکەین.. لێبووردن دروشمێک نییە بوترێ یا بەرزبکرێتەوە، بەڵکو لێبووردن دۆخێکی دەروونی و رەوشتی و کۆمەڵایەتییە، کە لە ویژدانی منداڵان دا دەڕوێت.. لێبووردنیش لە خودەوە دەستپێدەکات، ئینجا لە کەسانی تر.

گەر بە منداڵی خۆماندا بچینەوە، ئەو یادەوەرییانەمان دێتەوە یاد و بەرچاومان، کە زۆر جار لەگەڵ خوشک و بـرا و هاوڕێکانمان دا، ناکۆکی دەکەوتە نێوانمان.. تووڕە و زیـز دەبووین، بەڵام لە دڵمان ناگرت و زۆری ناخایاند، بە ئەوپەڕی دڵپاکی و هەستپاکییەوە دەستمان لە ملی یەکتری دەکرد و داوای لێبووردن و بەخشینمان لە یەکتری دەکرد و ئاشت دەبووینەوە و لاپەڕەیەکی نوێی دڵپاکی و بێتاوانیمان هەڵدەدایەوە.. بـەڵام کە گەورە بووین و گـرفت و کێشەکانمان زیادیان کرد، توانای لێبووردن و بەخشینمان کەمتربوونەوە.. دەرفەت بە بەرانبەرەکانمان نادەین بە کە خۆیان دا بچنەوە.
ئێمە هەموومان پێویستیمان بە یەکتری هەیە.. با دڵپـاکی و بێـتاوانی و لێبووردن و بەخشینی منداڵیمان بگەڕێنینەوە.. بە دڵێکی گەورە و بێ رق و کینە لەگەڵ هاوڕێ و دراوسێ و کەسوکار و کەسانی تردا، بە نەرمی و رێزەوە گفتوگۆ و رەفتار بکەین.
با لە ناخی دڵمانەوە، دروشمی ژیانمان، ئاشتی و لێبووردن و تەبایی و سازان بێت.. با هەردەم دەستپێشخەربین لە لێبووردن و بەخشین، ئەمەش مایەی ویژدان ئاسوودەییە.
لێبووردن ئەوەیە کە تۆ لە خراپە و هەڵەی کەسانی تر ببووریت و بیان بەخشیت، بیر لە لۆژیکی وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، یان تۆڵە بە تۆڵە نەکەیتەوە.. تۆڵەسەندنەوە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و توندوتیژییەکی زیاتر و کارەساتی خراپتری لێدەکەوێتەوە.

هەندێ کەس بە هەڵە لە لێبووردن گەیشتوون، پێیان وایە کە لێبووردن و بەخشین لە لاوازی و بێتواناییە.. کەسانی لێبووردە توانای رووبەڕووبوونەوە و تۆڵەسەندنەوەیان نییە.. ئەمەش بۆچوونێكی هەڵەیە، بۆ ئەوەی واتێنەگەن کە کەسانی لێبووردە لاوازن و بەزیون و توانای بەرپەچدانەوەیان نییە.. پێویستە ئەوە بزانن کە یەکێک لە بنەماکانی لێبووردن ئەوەیە کە لێبووردن لە خەسڵەتە جـوان و ئەرێنـییەکانی مـرۆڤە. کەسانی لێبووردە دەروون گەورە و سنگ فراوان و ژیـر و دووربینن، لە توانـا و بەهـێزی دا دەبوورن و دەبەخشن.. لە راستیش دا، لێبووردن باشترین تۆڵەسەندنەوەیە.. ئەو دڵەی کە پڕبێت لە سـۆز و لێبووردن و بەخشـین و رێـز و ئاشتیخوازی و سازان و گونجـان، دڵێکە پڕ لە ئاسوودەیی و خۆشەویستییە، دڵێکە کە جێی رق و کینە و تونـدوتیژی و دەمارگیری و چەوسانەوە و تۆڵسەندنەوە و خراپەخـوازیی لێنابێتەوە. لە راستیش دا
لێبووردن و بەخشین گەورەتین تۆڵەسەندنەوەیە.

(مەهاتما گاندي) دەڵێ:” لاواز ناتوانێت ببوورێت، لێبووردن لە خەسڵەتی بەهێزەکانە” (جەواهـیر لال نەهرۆ) ش دەڵێت:” تەنیا دەروون گەورەکان دەزانن لێببوورن چـۆنە”
زۆر لە لێکۆڵینەوە دەروونییەکان و رەوشتییەکان و پزیشکییەکان لە زۆر لە زانکۆکانی جیهان دا، لەوانەش لە زانکۆی (کۆلۆمبـیا) ی ئینگلتەرا، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە لێبووردن و بەخشین گەلێ سوودی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژیانییان بە کەسی لێبووردە بەخشیوە.. ئەوەشیان بۆ ساغ بۆتەوە کە ئەو ئارامی و ئاشتییەی لە ئەنجامی لێبووردن و بەخشین دا دێنەدی، بەرگریی لەش خۆشتردەکەن، ئەم راستییەش ئەو رووگەشییەیە کە بە دەموچاوی لێبووردەوە دەردەکەوێت.
ئەوەش دەزانین کە لێبووردن و بەخشین بەهـا و پرەنسیپێکی رەمەکی بۆماوە نییە، کە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان مابێتەوە، بەڵکو لێبووردن وەرگرتن و فێربوونە.

شارەزایانی ئەم بوارە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە رۆشنبیری لێبووردن و بەخشین لە خێزانەوە دەست پێدەکات، خێزان رۆڵێکی گەورەی هەیە لە روواندنی ئەم پرەنسیپە مۆڤایەتییە لە هۆش و دەروونی منداڵان دا، گەر پەیوەندییەکانی نێوان دایک و باوک و خوشک و براکان، ئەرێنی بن و لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و نەرم و نیانی و ئەرکەکـان و مافەکـان و بەرپرسێتی بنیاتنرابن، نەک لەسەر بنەمای توندوتیژی و بێڕێزی و ناکۆکی و ناتەبایی و رق و کینە و خۆپەرستی و خۆسەپاندن و چەوسانەوە بنیاتنرابن.. ئەو ماڵەی کە لێبووردن و بەخشین باڵی بەسەردا نەکێشابێت.. هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و کەش و هەوایەکی دیکتاتۆری و نائارامی و بێڕێزی و یەکتری قبووڵنەکردن و رەتکردنەوەی را و بۆچوونی جیاواز و نەسازان و نەگونجان.

دیکتاتۆریەتیش لە خێزان دا بێت، یا لە دەسەڵاتی حوکمڕانی وڵات دا بێت. هۆکارێکە بۆ زمان زبـری و توندوتیژی و نەسازان و بێبڕوای و پێکەوەهەڵنەکردن و ناسەقامگیری. هەر ئەم کەشە نالەبارەش، هەستی رق و کینە و توندوتیژی خۆشتر دەکات.
زۆر بە کورتی و بە چڕی، چەند خاڵێکی گرنگ دەخەینە بەرچاوی دایکـان و باوکـان، بەو مەبەستی کە سوودیان لێوەربگرن، بۆ روواندنی بەهـای لێبووردن و بەخشین لە هۆش و لە دەروونی جگەرگۆشەکانیان دا.. زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە بەم بەها و پرەنسیپە ئەرێنییانە منداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهێن:

١ـ پیویستە دایکان و باوکان ببن بە پێشەنگ و بە نموونە، بۆ منداڵەکانیان، ئەگەر ئەوان لە یەکتری ببووردەن و ببەخشن، زمان نەرم و سازاو و گونجاوبن، بە دڵنیاییەوە منداڵەکانیشیان چاویان لێدەکەن، لەوانەوە فیری بەهـای لێبووردن و بەخشین دەبن.
٢ـ پێویستە منداڵەکانتان بەم بەها و پرەنسیپانە پەروەردەبکەن و لایان شیرین بکەن: لێبووردن و بەخشین، دەستپێشخەری لە لێبووردن، خۆشەویستی، رێزگرتن، سازان و گونجان، قبوڵکردنی یەکتری، پێکەوە ژیـان، رێزگـرتن لە کەسانی تر و لە را و لە بۆچوونی جیاوازیان، زمـان نەرمی و شیرینی، راستگۆیی، یەکسانی، دادپەروەری، ئازادیخوازی، ئاشتیخوازی، دڵسۆزی، نیشتمان پەروەری، هاوڕێتی، مرۆڤایەتی، چاکەخـوازی، دەستپاکی، ئەمکـداری، پێشکەوتنخوازی، داهێنانخوازی،.. هاد.
٣ـ منداڵان زۆر حەز لە چیرۆک دەکەن، ئەم حەزەیان بقۆزنەوە، ئەو چیرۆکانەیان بۆ بگـێڕنەوە و بخـوێننەوە، کە مەبەستی لێبووردن و بەخشینیان لەخۆگـرتوون.
٤ـ ئافەرین و ستایشی ئەو منداڵەتان بکەن، کە دەستپێشکەربێت لە لێبووردن و لە بەخشین دا، لەو هەڵانەی کە خوشک و براکانی یا هاوڕێکانی یا کەسانی تر دەرهەق بە ئەم کردیان یا بیکەن، وەکو هەڵویستێکی ئەرێنی بەرز بنرخێنن تا درێژەی پێبدات.. گەر خەڵاتیان بکەن، دەبێتە هاندەرێکی بەهێز تا زیاتر درێژە بەم رەوشتە جوانەیان بدەن.

٥ـ کە کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان منداڵەکانتان یا لەگەڵ هاوڕێکانیان رووبدات.. ئێوەی دایکان و باوکان، خێرا خۆتان تێهەڵمەقورتێنن.. بواریان بدەن و بـزانن کە چۆن خۆیان ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن و لە یەکتری دەبوورن و دەبەخشن و ئاشت دەبنەوە.
٦ـ کە منداڵێکتان لەگەڵ خوشک و برایەکی یا هاوڕێیەکی کێشەیان دەبێت و تووڕەدەبن و یەکتری بە خەتابار دەزانن.. یەکسەر و گەرماوگەرم زۆر لە منداڵەکەتان مەکەن و ناچاری مەکەن کە بە نابەدڵی بچێت داوای لێبووردن لەو کەسە بکات، چونکە هێشتا لەسەر تووڕەیی و رقـە، با ساردبێتەوە، ئینجا بە نەرمی و بە هێمنی و بە شێوازێکی گونجاو قەناعەتی پێبکەن و پەشیمانی بکەونەوە و هـانی بدەن کە دەستپێشخەری لە لێبووردن و بەخشین دا بکات، بچێت داوای لێبووردن لە هاوڕێکەی بکات و ئاشت ببنەوە.. ئافـەرین و ستایش هەردووکـیان بکەن و.. ئەوەشیان پێ بڵێ کە منداڵی لێبووردە لە لای هەمـوو کەسێ خۆشەویست و رێـزدارە.

٧ـ وریابن هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵەکانتان دا مەکەن.. لەگەڵ منداڵانی ترديش دا بەراوردیـان مەکەن.. ئەگینا دەبێتە هۆکارێک بۆ رق و کینە تونـدوتیژی و ئـیرەیی.
٨ـ بێگومان قوتابخـانەش رۆڵێکی گرنگی هـەیە، لە چەسپاندنی بەهـای لێبووردن و بەخشین و لە شیرین کردنی پرەنسیپە بەرزەکان دا، هاوکاریتان لەگەڵ قوتابخانەدا بۆ هێنانەدی ئەم مەبەست و ئامانجانە زۆر پێویستە.
٩ـ کۆمەڵگـاش رۆڵی خـۆی هەیە، لە بنیاتنانی رۆشنبیری لێبووردن و قبووڵکردنی یەکتری تاکەکان دا. گەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئاشتی و رێـز و خۆشەویستی و هاوکاری و هاوچارەنووسازی وماف و ئەرکەکان بنیات نرابێت.
١٠ـ گەر منداڵێکتان لە یەکێکیان بووری و بەخشی، بە منداڵێکی ئازا و ژیر و لێبووردە ناوی بەرن.. بەڵام ئەگەر بەو چاوەوە لێیبڕوانن، کە گـێل و گەمـژە و ترسنۆکە، یا بە نەفس نزم و سووک ناوی بەرن، ئەم بۆچوونە هەڵەیەتان دەبێتە هاندەر و هۆکارێک بۆ ئەوەی کە لە جاری داهاتوودا، دووقات تۆڵە بکاتەوە و ئامادە نەبێت لە کەس ببوورێت.

ئاشکرایە کە لەم سەردەمەدا، رێژەیەکی زۆری منـداڵان و گەورەکـان، بوونەیە قوربانی توندوتـیژی و دەمارگـیری و جیـاوازی و دڵـڕەقی و رەگەزپـەرستی و چەوسـانەوە و شەڕ و ئاژاوە و نادادپەروەری و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵەیەتییەکان و تێکچوونی شیرازەی خێزانی و زاڵبوونی هەژموونی زمان زبری و ناسەقامگیری.. بۆیە ئەمـڕۆدا لە هەموو سەردەمێ زیـاتر پێویستیمان بە رۆشـنبیری لێـبووردن و بەخشـین و زمـان نەرمی و سنگ فراوانی و یەکتری قبووڵکردن و پێکەوەژیان و تەبایی و سازان هەیە.
نەرویـج: ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress