Skip to Content

داتاشینی وشه‌و شێواندنی زمان له‌په‌راوێزی گه‌یاندنی مانادا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

داتاشینی وشه‌و شێواندنی زمان له‌په‌راوێزی گه‌یاندنی مانادا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

Closed
by ئازار 13, 2019 General, Opinion, زمان

   به‌هۆی نه‌بوونی زمانێكی ستانداری یه‌كگرتووی كوردی كه‌له‌نووسیندا په‌یڕه‌و بكرێت،شێوه‌كانی نووسین و ڕێنووس به‌شێوازی جیا له‌بڵاوكراوه‌كان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو.تائه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕێنووسی وشه‌یه‌ك به‌چه‌ندین شێوه‌له‌هه‌ربڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌نووسرێت. له‌كاتێكدا وشه‌كه‌ هه‌رهه‌مان وشه‌یه‌.كتێبێكم خوێنده‌وه‌،ڕێنووسی یه‌ك وشه‌ به‌چوار جۆرنووسرابووكه‌ئه‌ویش:(حكومه‌ت_ حكوومه‌ت_ حوكوومه‌ت_حوكمه‌ت)بوو.

له‌هه‌موو دنیادا، زمان وه‌ك زانستێك ڕێكخستن و یه‌كخستنی ئه‌ركی نێوه‌نده‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانه‌. كه‌چی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌هۆی ئه‌و بێ پلانیه‌ی له‌ بواری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌داهه‌یه‌،ده‌بینین هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌جۆرێك په‌یڕه‌و له‌شێوه‌یه‌كی نووسین و ڕێنووس ده‌كات.

گرفته‌كه‌ هه‌ر ته‌نها ئه‌مه‌ نییه‌، واته‌نه‌بوونی یه‌ك زمانی نووسین و ستاندارد، به‌ڵكو ئه‌و زمانه‌ی كه‌هه‌شه‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌نووسرێت. له‌ڕاگه‌یاندن و داڕشتنی هه‌واڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا، زمانی نووسین یه‌كێكه‌ له‌ پێوه‌ره‌ گرنگه‌كان.
 واته‌ هه‌واڵ به‌رله‌وه‌ی ئاماژه‌ بێت بۆ ڕووداوێك كه‌ڕوویداوه‌و گوێبیستی ده‌بینین و ده‌یخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا نووسینه‌. بێگومان نووسینیش بنه‌ماو پێوه‌ری خۆی هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر زمانی كوردی له‌ئاستی ده‌ربڕین و نووسینیشدا ستاندارو یه‌ك زمان نه‌بێت، به‌ڵام چه‌ندین ڕێسای زمانه‌وانی و ڕێنووسی هه‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌كاتی نووسینی پیتێك، یان ده‌نگێك، ته‌واوی مانای وشه‌كه‌ له‌ئاستی ده‌ربڕین و گه‌یاندندا، گۆڕانی به‌سه‌ردابێت.
 له‌هه‌ندێ كاتدا، نه‌نووسینی ته‌نها وشه‌یه‌ك سه‌رله‌به‌ری مانای ڕسته‌كه‌ ده‌گۆڕێت. بۆنموونه‌:_(به‌ڕه‌وانی قسه‌ی نه‌كرد) له‌م ڕسته‌یه‌دا، ڕه‌وانی به‌مانای ڕوون و ڕه‌وان دێت. واته‌ قسه‌كردنێك بێ گڕێوگۆڵ وپێچ و په‌نا كه‌ده‌شێ هه‌مووان له‌ماناكه‌ی بگه‌ن.
 به‌ڵام له‌م ڕسته‌یه‌دا(به‌ڕه‌وانی نه‌كرد) مانایه‌كی ته‌واوجیاوازی هه‌یه‌ له‌ڕسته‌ی پێشووتر.لێره‌دا به‌(ڕه‌وانی) به‌مانای ناوبژیكه‌ر دێت. واته‌كه‌سێك بكه‌وێته‌ نێوانی دووكه‌س له‌كاتی ده‌مه‌قاڵێ و شه‌ڕدا. یاخود كاتێ ده‌ڵێین:_( ئه‌وكوڕه‌كێ بوو) لێره‌دا كوڕ به‌مانای كه‌سێك دێت كه‌ناوێكی نادیاره‌، به‌ڵام كاتێ ده‌ڵێین:_( ئه‌وكووڕه‌ كێ بوو) ده‌بینین سه‌رتاپای مانای ڕسته‌كه‌ی گۆڕیوه‌. چونكه‌ كووڕ لێره‌دا به‌مانای كووڕبوونه‌وه‌دێت. ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش بوونیان هه‌یه‌. له‌ڕاستیدا، ڕاگه‌یاندن به‌گشتی به‌كۆی ئامرازه‌ گه‌یێنه‌ره‌كانییه‌وه‌، ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له‌یه‌كخستنی زمانی نووسین و ده‌ربڕین. 

چونكه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان، نووسین له‌شێوه‌ی په‌یامێك كه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌و گوێبیستی ده‌بین ده‌گه‌ینن. بۆیه‌ كاتێ په‌یڕه‌و له‌یه‌ك شێوه‌ی ده‌ربڕین و نووسین ده‌كه‌ن، ئه‌وا  ئاسانكارییه‌كی زۆرله‌ پێناو دروستكردنی زمانی ستانداری كوردی ده‌كه‌ن.به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ڕاگه‌یاندنه‌كان نه‌ك ئه‌و ڕۆڵه‌ نابینن، بگره‌هه‌ندێكییان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان، زمانی كوردی زیاتر په‌رته‌وازه‌ ده‌كه‌ن و دووری ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌زمانی ستاندار.
تاكوئێستاش ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، شێوه‌یه‌كی دیاریكراویان له‌نووسینی وشه‌و ڕسته‌و داڕشتنی هه‌واڵدا نییه‌ و هه‌ریه‌كه‌یانن به‌ پێی تێگه‌یشتنی خۆیان هه‌واڵ داده‌ڕێژن.هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌به‌هۆی نه‌بوونی زمانی ستانده‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام نابێ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، به‌تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان كه‌په‌خشیان بۆهه‌موو دنیایه‌، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و زمانه‌ی هه‌شمانه‌ له‌نووسین و ده‌ربڕیندا، په‌رته‌وازه‌تر بكه‌ن.

 به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وان هانده‌ربن و ڕێسایه‌كی دیاریكراو به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی هه‌واڵ و نووسینن په‌یڕه‌و بكه‌ن.كه‌چی كاتێ سه‌یری هه‌واڵ له‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌كه‌ین، شتێكی پێچه‌وانه‌ ده‌بینین. ئه‌وان خۆیان زۆرجار ڕێنووسی وشه‌و داڕشتن و پێكهێنانی ڕسته‌به‌هه‌ڵه‌ ده‌نووسن. چ جای ئه‌وه‌ی ببنه‌ هۆكارێك بۆ دروستبوونی زمانێكی یه‌كگرتوو.لێره‌دا ئاماژه‌به‌ چه‌ند هه‌واڵێك ده‌كه‌ین كه‌له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان كه‌وتنه‌ به‌رچاومان.

 له‌ هه‌ندێكییان به‌مه‌به‌ستێك هه‌واڵه‌كه‌یان نووسیوه‌، به‌ڵام كاتێ سه‌رنجی ده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه‌ ئاسمان و ڕێسمان دووره‌له‌ مه‌به‌ستی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌.بۆنموونه‌:_
یه‌كه‌م:_كه‌ناڵێكی ئاسمانی له‌وێنه‌ هه‌واڵێكدا نووسیبووی:-(مه‌راسیمی ماڵئاوایی له‌ بۆشی باوك). دیاره‌مه‌به‌ستی ئه‌وكه‌ناڵه‌ له‌وهه‌واڵه‌دا، دوا ماڵئاوایی بوو له‌ته‌رمی بۆشی باوك. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه‌ بده‌ین، ده‌بینین چۆن ته‌نها نه‌نووسینی یه‌ك وشه‌، ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌ی گۆڕیوه‌.چونكه‌ ئه‌گه‌ربه‌پێی ناوه‌ڕۆكی داڕێژراوی هه‌واڵی ئه‌وكه‌ناڵه‌ بێت، ئه‌وا بۆش هێشتا له‌ژیان ماوه‌! له‌كاتێكدا ده‌بێ بنووسرێت:( مه‌راسیمی ماڵئاوایی له‌ ته‌رمی بۆشی باوك).

دووه‌م:_ یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان، له‌هه‌واڵێكدا نووسیبووی:_(به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هانده‌رانی دوویانه‌ هه‌زارو چوار سه‌د كورسی له‌ ناوچوون).بێگومان ئه‌گه‌ربه‌پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م هه‌واڵه‌ بێت، ئه‌وا كورسییه‌كان له‌ شته‌ زیندووه‌كانن!!.

سێیه‌م:_ كه‌ناڵێكی دیكه‌ كه‌ خۆی بێ ركابه‌ر ده‌بینێت له‌هه‌واڵێكدا نووسیبووی:_(ئاوی كۆگا كراوله‌ هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌). ئایا ئاو گڵده‌درێته‌وه‌ یا له‌كۆگاهه‌ڵده‌گیرێت؟ ئاوی كۆگاكراو چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ ئایا ئاو كه‌لوپه‌له‌ تا له‌ كۆگا هه‌ڵبگیرێت؟.بۆنموونه‌: ئێمه‌ ده‌ڵێین:_ (خه‌زانی ئاو، به‌ڵام خۆناوترێت مه‌خزه‌نی ئاو!!)..

چواره‌م:_كه‌ناڵێكی دیكه‌ی ئاسمانی له‌برگه‌ی ئه‌مڕۆ له‌مێژوودا نووسیبووی:_( له‌ڕۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا(له‌ 24/1/1981) هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان كۆچی دوایی كرد). به‌ڕاستی كاره‌ساته‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانی به‌سه‌دان فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ نه‌زانێت هونه‌رمه‌ندێكی دیاروله‌یاد نه‌چووی وه‌ك مه‌ردان كه‌ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری كوردییه‌، له‌ چ ساڵێك مردووه‌.تۆ بڵێی عه‌لی مه‌ردان ئه‌وه‌نده‌ نه‌ناسراو بێت خه‌ڵك نه‌زانێت له‌ چ به‌روارێك مردووه‌؟ بێگومان نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بێ ئاگایه‌ له‌ مێژوو، كه‌ڕووداوه‌كانی ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ ئاماده‌ ده‌كات!!..

پێنجه‌م:_ كه‌ناڵێكی دیكه‌ نووسیبووی:_(تێكشكانی به‌نداوێك). ئایا به‌نداو فڕۆكه‌یه‌ تا به‌هۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی تێكبشكێت؟ به‌نداو دائه‌روخێت و داده‌ڕمێت، تێكناشكێت.

شه‌شه‌م:_ كه‌ناڵێكی دیكه‌ی ئاسمانی له‌هه‌واڵێكدا نووسیبووی:_( لافاو مه‌رگی پردێكی دێرینی پێشخست). ئایا هیچ ئستاتیكاو هونه‌ركارییه‌ك له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ له‌ داڕشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ دایه‌؟ ئایا پردده‌مرێت؟ تالافاو مه‌رگی پێشبخات؟

بێگومان ڕه‌نگه‌ چه‌ندان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش ڕۆژانه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ بكه‌ونه‌ به‌رچاومان. كه‌ تیایدا به‌ڕێنووس و دارشتنێكی سه‌قه‌تی زمانه‌وانی داڕێژراون كه‌ئه‌وه‌نده‌ی تر بنه‌ماو ڕێساكانی زمان و نووسین ده‌شێوێنن. هیوادارم ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، كه‌سانی شاره‌زا له‌ بواری زمان و دارشتندا،بكه‌نه‌ به‌رپرسی نووسینی هه‌واڵه‌كان. چونكه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسێكی به‌توانا بوو، زمانزانێكی باشیش بێت.

-------------------------
*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕۆژنامه‌ی(هه‌واڵ) ژماره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 2-3-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.....

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕۆژنامه‌ی(هه‌واڵ) ژماره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 2-3-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…..

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish