Skip to Content

خودایە گوێت لێم بێت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

خودایە گوێت لێم بێت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 11, 2024 General, Poems

ئاە خودا
من بۆ ئەوە نەھاتمە دنیا
بەند بە باڵای تەنھاییدا ھەڵبدەم
شیعری دەمدرێژی عەبەس بنووسم
ھاوار بکەم جگە لە خۆکوشتن
کەس کەس وەڵامم نەداتەوە
ناوم لە لیستی قەرزی
ھەموو مەیخانەکاندا ھەبێت
پێیەکم لە نێو لیتاوی غوربەت
پێیەکی ترم لەنێو خەیاڵی زادگەدا بێت
خەیاڵدانم لە باخەڵی شێتیدا بێ
قاچم بووبێت بە تەڵەی شیزۆفرینیاوە
پاڵتۆیەکی کون کونم لەبەردا بێ
کزەبای دابڕان خۆی بکات بە جەرگمدا
بە تەنیشتی دەریادا رێ بکەم
شەپۆلەکان تێر تێر پێم پێبکەنن
بە کەنارەکان بڵێن
ئەم پاڵەوانە گاڵتەجاڕە لەخۆ مەگرن
بەدەم گریانەوە بیر لە کۆچ بکەمەوە
دەرگای گەردوونم لەسەر کڵۆم بدەن
ھەر لەنێو خۆمدا و
لە تەک ئەو خەونانەی نایانبینم
پیاسەیەکی کەساسانە بکەم
تەنانەت چراش لە ئەنگوستەچاوەکانمدا
بە ئەنقەست چاوی خۆی کوێر بکات
ھەتاو سەری خۆی ھەڵبگرێت
بە بەردەم باخەکانی رامووساندا تێپەڕم
لێوێکی کاڵ ناوچەوانی گرژ بکات
وەڵامی سڵاوەکەم نەداتەوە
بچمە دیدەنی کۆترێکی سپی
چارەنووسی رەش ھەڵبگەڕێ و
دەستی پاڕانەوە بەرز بکاتەوە
ئامون لە بەڵای ژوان دووری بخاتەوە
خۆزگە تازە باڵقبووەکانم
لەوپەڕی شۆخ و شەنگیدا
بەدەم چاوەڕوانییەوە پیر ببن
رۆژەکانم ببن بە تەمی ناو بیرەوەریی
شەوەکانیش پڕ لە بیرکردنەوەی گوناھبار
کە چۆڕێک بەزەیی لە دڵیاندا نەبێت
دەستەکانم ھێند سارد و بێ گیان بن
ھێز و توانای نەخشاندنی
تابلۆی ئاگردانێکیان نەبێت
تا بێ ئۆقرەیمی لەبەر گەرم بکەمەوە
زمانم بە زنجیری وەفا ببەسترێت
نەتوانم سکاڵای برینەکانم
بە دەستی گوڵێکی ناپاک
بگەیەنمە بارەگای حەزرەتی باخ
ھەمیشە ستایشی ئاسمان بکەم
ئەویش لەبەردەم ئەستێرەکاندا
تەریقم بکاتەوە
لە ھەموو کوچەیەکیشدا
ئابڕووم ببات لەسەر تاوانێک
ھەرگیز نەمکردووە
ناوم بزڕێنێت لەسەر تۆمەتێک
لە مێشکی خۆیدا دروستی کردووە
ئاە یەزدانی مەزن
ناشێ یادەوەریت نەمابێت و
لە بیرت چووبێتەوە
منت بۆ ئەوە نەئافراند
پەسنی درەوشانەوەی مانگ بکەم
تریفە گوێم لێنەگرێت
نزا بۆ ھاتنی شنەبا بکەم
گەردەلول لەگەڵ خۆی بمبات
ھەوڵی کەویکردنی نیشتمان
لە نسێی دڵمدا بدەم
تاراوگە دەستەمۆم بکات
لەگەڵ خۆرەتاودا جووت بم
ببمە باوکی تاریکترین شەوەکان
خۆم لەپشتی پێکەنینەوە بشارمەوە
لەسەر شاڕێی ھەموو شادمانییەکانم
گریانێکی بە کوڵ خۆیم پێ بناسێنێت
بیر لە باوەشی کچێک بکەمەوە
شەڕ بە توندی پەلم رابکێشێت
لەنێو سەنگەرێکی بەزیودا بکوژرێم
تەرمەکەم ببێتە ژەمێکی ئێجگار چەور
بۆ چەند سەگێکی برسی
بە چنگە کڕێ کۆشکێک
بە کتێبەکانی عەشق چێ بکەم
ئاگری فیراق لە لەشی بەربێت
ببمە سەربازی ئەو دەجالانەی
بەدەستێک دەمنێرنەوە بەرەی جەنگ
بەدەستێکی تر ئیمزای ئاشتبوونەوە
لەگەڵ بکوژەکانمدا دەکەن
ببمە سپارتاکۆسی نەوەیەک
پشتیان لەژێر پووچیدا چەمابێتەوە
ھەموو بە کۆمەڵ نەفرەتم لێ بکەن و
ئازادیی وەک جگەرەکانیان تەرک بکەن
دڵداری لەگەڵ بەھاردا بکەم
قەدەر ھەر پایزم بە گژدا بکات
زستان لەبەر ئاھی خۆمدا
گەرم بکەمەوە
ئەو ھێندە ناپاک بێت
ھاوین بکاتە دوژمنی باوەکوژم و
ھەڕەشەی تواندنەوەی
ئەو ئارەزووانەم لێ بکات
لە نێو چاڵە بەفرەکانی شەرمنیدا بەستوونی
دارسێوی راستگۆیی ئاو بدەم
لە کۆتاییدا بەدڵێکی شکاوەوە
کۆمەڵێک سێوی گەنیوی درۆزن بڕنمەوە
چاوەڕوانی پەروانەیەک بم
وەک میوانێکی رۆح سوک
سەر بە ماڵە شپرزەکەمدا بکات
ھەموو کات دەرزەنێک ئاژەڵی دڕندە
لەسەر فەرشی ھیواکانم ھەڵپەڕن
مەرکانەکانی ژیان پڕ بکەم
لە ئومێدی رەنگاورەنگ
لەوسەرەوە
بە دەستی بەتاڵ بگەڕێمەوە
مەیتی ئاواتە کوژراوەکانم
بەسەرشانەوە بێت
لەنێو دارمێوەکاندا بژیم
تینووی دڵۆپێک شەراب بم
لەنێو گۆڕستانەکاندا بمرم
عەوداڵی قەبرێک بم
نیشتمان لەنێو دڵمدا بێت
تووشی جەڵتەی دڵ بم
ئەوین لە نێو رۆحمدا بێت
لە دوورترین شوێن چاوی بۆ بگێڕم
بمەوێت رۆمانێکی دڵخۆش بنووسم
پێنووس مان بگرێت
بە سەرماندا بشیڕێنێت
ئەی کوڕی دڵتەنگی بەنیازی
لە کونی خۆت ھەڵگەڕێیتەوە و
حاشا لە ئەژدادی خۆت بکەیت!!؟
ئاە خودایە
دەترسم سەرت زۆر قاڵ بێت
بەو شانۆ تاڵەی سەر زەوییەوە
منیش ھەقی خۆمە
کە دەزانم پیر بوویت و
گوێیەکانت
تا سنووری کەڕیی گران بوون
بێھێنمەوە بیرت
منت لە رەحمی دایکمەوە
بۆ ئەوە دەرنەھێنا
گشت سەرکەوتنەکانم
پڕ پڕ ببن لە تامی شکست
خوێنی شەیدابوونم
لەبەر دەرگای ژنێکدا بڕژێت
سەبەتەی حەزەکانم
تەژی بن لە میوەی گەنیو
کڵاوە خورییەکەی سەرم
ببێتە ھاوپەیمانی گێژەڵوکە
لە نێوان من و مردندا
تەنھا لەشێکی نەخۆش ھەبێت
لە نێوان من و ژیاندا
ھەزاران دیوار قوت بووبێتەوە
مەحکوم بم بە پەڕاوێزخستن و جەفا
مافی گەڕانەوەشم نەبێت
بۆ تاریکایی پێش لە دایکبوون
شۆڕشی باخێکی پەرژینکراو بم
گوڵ بەو ناسکییەوە
خیانەتم لێ بکات
بمخاتە بۆسەی دڕکەوە
دەفتەرێکی شیعری بۆنخۆش بم
کەس بۆنم نەکات
کەس پەڕەی رۆحم ھەڵنەداتەوە
شوێنکەوتەی تەریقەتی دڵ بم
ھەموو رۆژێک عەقڵ
بەزمێکم بۆ بنێتەوە و
بە خەتاباریی تێیدا دەربچم
سەدەیەک لە چاوەڕوانی پەرییەکدا
وەک گڕکانێک لە ھەڵچووندا بم
گروپێک جنۆکە یەخسیرم بکەن
لە نائومێدییدا داممرکێننەوە
ھەمیشە لە راکردندا بم
بە دوای خۆشگوزەرانیدا
سەرئەنجام پۆلیسی ھەژاریی بمگرێت
ھەموو شەوێک تامەزرۆی روئیا بم
بە ئامێزی ژنێکی مەستەوە
مۆتەکە سواری سەری
تامەزرۆییم ببێت
پشتاوپشت بگەمەوە سەر ئاو
رووبارەکان نکۆڵی و
ئۆقیانووسەکان ھەڕەشەم لێ بکەن
کە ھێندە نەجیبزادە نیم
سولالەم بچێتەوە سەر باران
بەددان جڕیکردنەوەوە پێم بڵێن
ئەی دوکەڵزادە ھۆشت بێتەوە بەر
تۆ نەوەی رەسەنی ئاگریت
ناتوانین بۆ شەوێکیش جێت بکەینەوە
دەستی ماندووێتی بکەمە کەمەرم
بە دوای ناسنامەی خۆمدا بگەڕێم
لە رۆژھەڵاتی زەوی
بە گوومان بن لەوەی
شێوەی بیرکردنەوەم
سەر بەوێندەر نییە
لە رۆژئاوای زەمینیش
گا بە گوندا بناسنەوە و
بەھۆی قژی رەشمەوە
ھاشا لە بنەچەم بکەن
کاتێک کوخێکی ئارام بنیات دەنێم
خۆم و تەنھایی تێیدا بسرەوێین
دەنگێک لە دوورەوە ھاوار بکات
ھۆ رەنج بەخەسار ھەوارت بگوازەوە
ماڵت لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەیە
زۆر گوێ نەگرم بۆ ئەم قسەیە
داڵغەم بچێتە سەر رێختەرەکەی
بڵێی مردنم چەند پلەی پێویست بێ؟
ئاە خودایە
ھێندە چەنەبازیم کرد
سەر دەرناکەم لەوەی وتوومە
ئێستا خۆیشم نازانم
حیکمەتی خەڵقکردنم چی بوو؟
لوتف بفەرموون
خۆتان وەڵام بدەنەوە
٣-٨-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
لە رۆژی لە دایکبوونمدا، مۆمی ئەم شیعرەم ھەڵکرد. چەند ساڵێکە وا راھاتووم لەم رۆژەدا شیعرێک بنووسم.

Previous
Next
Kurdish