Skip to Content

چی لە پەرلەمانی پلە باڵاکان چاوەڕوان دەکرێ؟ … ئاسو کمال

چی لە پەرلەمانی پلە باڵاکان چاوەڕوان دەکرێ؟ … ئاسو کمال

Closed
by كانونی دووه‌م 20, 2020 General, Opinion


ڕەخنەیەکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمان و حزبانە دەگیرێت کە دەنگیان بە یاسای “چاکسازی لە موچە و خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان” گئراوە، بەڵام ئایا پەرلەمانی کوردستان بێجگە لە فەرمی کردنەوەی دەوڵەمەندبوونی چینی پلەباڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان هیچ کارێکی تری لێ چاوەڕوان دەکرێ؟
ئەندام پەرلەمانەکان بەشێک لەو دەزگا ڕەسمیانەن کە پێویستە دابەشکردنی داهاتی کوردستان بەپێی ڕادە و نفوزی حزبە دەسەڵاتدارەکان بکەنە یاسا و هیچی تر.

بەڵام ڕەخنەکان لەم ئەندام پەرلەمان و حزبەکانیان نیشانی دەدا کە هێشتا چاوەڕوانیەک لە ئەندام پەرلەمان هەیە کە پێچەوانەی شەپۆل مەلە بکا و لەیاسای خانەنشینیدا پێچەوانەی بەرژەوەندی بەشی چینە دەسەڵاتدارکەی خۆی دەنگ بە یەکسانی لە موچەی خانەنشینی هاوڵاتیاندا بدا. ئەمە چاوەڕوانیەکی هەڵەیە.

پەرلەمانتار نوێنەری ئەو حزبانەیە کە بودجەیان لەژێر دەستدایە و لەو یاسای چاکسازیەدا دەبێ ئەم حزبانە بەشی ئەندامە پلەباڵاکانی خۆیان مسۆگەر بکەن تاکو بتوانن باڵادەستیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا درێژەپێبدەن. هەربۆیە مەسەلەکە موچەی ئەو٨٠-٩٠ ئەندام پەرمانە نیە کە دەبێ دەوڵەمەندببن لە ٤ساڵدا بەڵکو مەسەلەی سەرەکی دەوڵەمەندکردنی ئەو لەشکرە هەزاران کەسیەیە لە چینی باڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەبێ بۆ هەمیشە بە پێی یاسا بە مسۆگەری دەوڵەمەندبکرێن. ئەم ٤ ملێۆنەی پەرلەمنتارانی ئەم دەورەیە وەری دەگرن شیرینی کڕینی یاسایەکە بۆ مسۆگەرکردنی دەوڵەمەندکردنی پلە باڵاکانی ئەم حزبانە. پەرلەمانتارانی ئەم حزبانە خۆیان بەشێکن یان ئەگەر تازەش بن دەیانەوێ ببن بەبەشێک لە چینی باڵای حزبەکانن و نایانەوێ بخزێنە خوارەوە بۆ چینی پلە نزمەکانی کۆمەڵگە.

بێگومان ئەگەر ئەم پەرلەمانتارانە بەم کارە هەڵنەسن ئەوا مسۆگەر نانبڕاو و ٤ ملێۆن بڕاو دەبن و ئەوانیش چ ئیلتزامێکیان بەو دەنگانەوە هەیە کە حزب لە خەڵک بۆی کۆکردونەتەوە؟ سبەینێ حزب خۆی ئەو دەنگانە بەمسۆگەری بۆ جارێکی تریش کۆدەکاتەوە لەبەرئەوەی هەمیشە کارتی دەنگدان بە بارمتەی گیراوە لەلای ئەم دەسەڵاتدارانە لەبەرامبەر ملکەچی دەنگدەر بەو سەرچاوەیەوە کە بودجە و موچە و کار ومافی بەپێی وەلائی حزبی لە دەزگای فەرمی و تایبەتدا ڕیکخستوە.

ڕەخنەگرتن لە کوردستاندا لە خودی پەرلەمانە کە پەرلەمانی پلە باڵاکانە و هیچی تر.پەرلەمانتاران ناتوانن ئەم دەزگایە و میکانیزمی کارکردن و یاساکانی بگۆڕن، بەڵکو ئەوان شۆفێرێکن کە ئەم دزیە ئاشکرایەی چینی دەسەڵاتداری حزبەکان بکەنە یاسایەکی نایەکسانی و عارەقی دەوڵەمەندبوونی خێرای خۆیان لە زەحمەتی پلەباڵابونی خۆیان لەبەرچاوی جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و هەژاری کوردتساندا بسڕن.

گۆڕینی موچە و خانەنشینی و بەشی ئەم خەڵکە کەمدەرامەتەی کوردستان لە ڕێگەی گۆڕینی ئەخلاقی پەرلەمنتارانەوە ناکرێ بەڵکو وەک خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی فەرەنسا دژی ماکرون پێمان دەڵێن لە خۆپیشاندانەکانی شەقامەوە دەکرێ. خۆپیشاندانەکانی شەقام پەرلەمانی پلە نزمەکانە کە پەرلەمان و حکومەتی پلەباڵاکان دەهێنێتە خوارەوە بۆ گوێگرتن و سازشکردن و ناچارکردن بە تەسلیم بوون بە چاکسازی و گۆڕان لە دابەشکردنی داهات و موچەدا.

….ئاسو کمال

Previous
Next
Kurdish