Skip to Content

کوردایەتی چییە؟ / بەشی چوارەم … کاوە جەلال

کوردایەتی چییە؟ / بەشی چوارەم … کاوە جەلال

Closed
by ئه‌یلول 17, 2020 General, Opinion


1

کوردایەتی وەک پەرچەکرداری خوێندەوارانی شارنشین سەرەتا “بەزۆریی” سۆزمەندانە وەک هەڵوێستی کوردی لەدژی چەوساندنەوەی “گەل” ڕادەگەیەنرێت و خەباتگێڕانی بە گیانفیدایی لە نێویدا چالاک دەبن. بەڵێ، لە بنەڕەتدا ئەم ئەدگارەی سۆزمەندیی کەم یان زۆر لە سەرەتاکانی ڕێکخستنی کوردایەتیدا تا خلیسکانە کارەساتاوییە چەکدارییەکەی 1961 و ئەوجا درێژبوونەوەی تا ئاشبەتاڵی 1975، بەسەر خوێندەوارانی چالاکبوویدا زاڵ بوو، ئەمەش بەواتای، ئەوانی سۆزمەند بەبێ پرسیار سەبارەت بە چییەتیی بزاوتی ڕزگاریخوازی چالاک دەبوون، چونکە ئەوان وەک خۆشەکراو و بەرهەمهێنەرەوەی پەروەردەی سوننەتی هەر لە زارۆکییەوە فێرکرابوون لە پرسیار بترسن. ئاخر لەو جۆرە پەروەردەیەدا بنەماکانی ئیسلام ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کارایی وەردەگرن، کە هەڵبەتە ئاڕاستەیەک ڕووەو کۆنترۆلکردنی مرۆڤێتیی مرۆڤ و پاراستنی پەیوەندییە پیاوسالارییەکان وەردەگرن. کەواتە کوردایەتی لە لایەنی خۆیەوە درێژە بە پەیوەندییەکانی چەوساندنەوەی نێومرۆڤی دەدات، ئەوە تا ئەمڕۆ، ئەمەش بەواتای، کوردایەتی لە دەستپێکەوە هەموو بنەڕەتەکانی ستەمکاریی لەخۆگرتووە. ئاخر بەرهەمهێنانەوەی نەریتی سوننەتی لە کرۆکەوە هەموو چەوساندنەوەیەکی نێومرۆڤی دەچەپێنێت، وەلاوە دەنێت یان پێی پێدەکەنێت، هەروەها لە تێگەیشتنی خۆیەوە بۆ دەسەڵات پەیوەندییە جڤاکییەکان دەناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە چالاکانی کوردایەتی لە کانگای ناخیانەوە ئامادەباشییان بۆ قایلبوون بە شۆڕەسوارانی گوندی-خێڵەکی لەخۆگرتووە، واتا کوڕە شێخانی تەریقەت (قادری یان نەقشبەندی)، ئەم یان ئەو ئاغای ناودار، ئەم یان ئەو سەرۆکهۆز، کە هەر لایەنەیان کەسانی خاوەن نفوزن، و چەکدار و مرۆڤکوژی تایبەتیان هەیە. لێ لەبەر ئەوەی ناساندنەکە لەم دوو ئاستە چین-ئاسایەدا ڕوودەدات، ئەوا هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە خوێندەوارانی کوردایەتی خۆیان بەسەرکزی دەخەنە ژێر ڕکێفی فەرمانی ئەوانەوە.
سەرکزیی شارنشینان بەرانبەر خێڵەکییانی گوندی هەقیقەتێکی زۆر تایبەتی کوردییە، کە هاوکات “هەڵوێست”ی ئەرێنییە بەرانبەر نەوەی ئەو دەسەڵاتدارانە، بۆیە شێخ و ئاغای بەرپەرس، بەڵێ شارنشینی خوێندەواریش کە وەک خۆشەکراوی ئەو پەیوەندیانە لەنێو کوردایەتیدا بە دەسەڵات دەگات و دەبێت بە مەسئول، پێویستیان بەوە نییە کوڕانی خۆیان بهێننە پێشەوە، چونکە خەڵک ئەوەیان بۆ دەکەن: خەڵک ناز بەو زارۆکانە دەدەن و دەیانهێننە پێشەوە، ئەوانیش وەک زارۆک بەبێ ئاگا چێژی لێدەبینن و وەک دەسەڵاتدار بەبێ پێگەیشتنی کەسێتی هەڵدەچن: وەک دەسەڵاتداری کاکۆڵزێڕین، لێ بەدخوو، کە تەنانەت پیاوانی تەمەندار بە “کاکە …” بانگیان دەکەن و نازیان دەدەنێ. لێ ئەم ناساندنەی ئەوان هاوکات خوێندەواری کوردایەتیش دەگرێتەوە، کە لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنەرەوەی هەمان پەیوەندیی جڤاکییە، ئەوا هیچ لارییەکی لەوە نییە خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی زارۆکی ئەوانەوە، بەڵێ ئەو بە ڕەفتاری خۆچەماندنەوە بەرانبەریان یەکسەر ئەوان وەک دەسەڵاتداری ئایندەیی دەناسێنێت.
2
پرسیارەکانی بەرهەمهێنانەوەی سوننەگەرییانەی پەیوەندییە جڤاکی و کولتوورییەکان گەرەکە هەروەها لە پەیوەندیی کوردایەتیشدا، ئەوە تەنانەت لە بەڕێوەبردنی سوننەتییانەی کاری دامەزراوەییدا، بهێنرێنە بەر باس، ئەمەش لەم پەیوەندییەی ئێرەدا بەواتای: خوێندەوارانی کوردایەتی لە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) جڤاکی-کولتوورییەوە تەنیا دەتوانن و دەیانەوێت کار بە نموونەی دانراو بکەن، لێرەشدا بەگوێرەی سەردەم و بزاڤە جیهانییە مۆدەییەکان هانا بۆ ئیدیۆلۆژییەکان دەبەن کە ئاشکرایە بەتایبەتی خۆرئاوایین، ئەوجا لە کرداری سیاسیدا لاساییان دەکەنەوە و میکانیستییانە دەیانکەن بە “پەیرەو و پرۆگرام”ی ڕێکخستنی سیاسی. ئەوان هەڵوێستی لاساییکەرەوەی بەم چەشنەی ڕێکخراوەیی لەو کاتەشدا وەردەگرن، کە بە ئەندێشەی “زەردەشتایەتیی کوردەواری” دەژین کە گۆیا دینی ئارەبان ئەو کوردەوارییە “خاوێنە”(؟)ی لە خۆی نامۆ کردووە، ئەوجا خەمۆک و کییناوی (کەواتە نەخۆش) لە هەر گەلێکی دراوسێی کوردەکان دەڕوانن، بەبێ ئەوەی بە کەمترین شێوە بوێرن لەوە بهزرێن کە باب و باپیرانیان لە دێرزەمانەوە بچووکیی خۆیان بۆ ئەو گەلانە سەلماندووە و لە هەمان هەستەوە ئەوانیان گۆشکردووە.

لێ ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی کرداری سوننەگەرییانەی سیاسەتی ڕیکخراوەیی لە جڤاکی کوردی-خۆرهەڵاتیدا دەنوێنرێت و مۆرکەکانی ئەو جڤاکەش بەگشتی بریتین لە لۆیالێتی، موراعات، لەخشتەبردن، ناخهەژاندن، پەرۆش، بەڵێ تەنانەت دەشێت لە ڕەفتاری سیاسی یان کولتووریدا دەستوێژە جەبانە بەدئەخلاقەکانی ماچ و پاشقول و هتد لەخۆبگرێت، ئەوا ڕێکخراوی سیاسیی کوردایەتی کە سوننەگەرییە، واتا لاساییکەرەوەیە، لەنێو خۆیەوە نەک تەنیا سەرجەم ئەو مۆرکانە بەگەڕدەخات، بەڵکو تەنانەت وەک دەستوێژی مامەڵەی جڤاکی و خۆهێشتنەوە برەویان پێدەدات و بۆ نەوەکانی دی دەیانکات بە نەریت. ئاخر کوردایەتییەکەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک بەرهەمهێنەرەوەی باوکسالاریی ئیسلامی، ناتوانێت بە کەمترین شێوە ڕەچاوی پرسیارەکانی کەرامەتی مرۆڤ و شکۆفەپێدانی ئەو کەرامەتە لەنێو چالاکیی سیاسیی ئایندەبیندا بکات، بە پێچەوانەوە، خۆی لە سەرەتاوە وەک دوژمنی هەر پەیوەندییەکی مرۆڤخوازانەی نێوان کەسان ڕادەگەیەنێت و ڕەفتاری سەرشۆڕانەی خۆی بۆ ستەمکارانی سەرۆکهۆز و شێخزادان دەکات بە فەزیلە، هاوکات دەستوێژی سۆفیستی (سەفسەتەیی) بەگەڕدەخات تا ڕەوایەتی بە هەموو کێشەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی لە لایەن سەروەرانییەوە بدات، واتا بەهێزی وشەی زارەکی کاردەکات کە بەدەرە لە هەر کرۆکێکی ئەخلاقییانەی واژە. ئاخر وەک گۆتمان، بنەماکانی ئیسلام کە دەستوێژی سەرەکیی سۆسیالیزەکردن (بەکەسکردن، پێرسۆنالیزاسیۆن)ی کەسن، هاوکات لە کرداری سیاسیی کوردایەتیشدا کاراییان پێدەدرێت، لەم لایەنەشدا ئاشکرایە کە ئیسلام بەبێ سەرکوتکردنی هەر پرسێکی سروشتی-مرۆڤی و بەبێ داواکاری بۆ وەلاوەنانی کەرامەتی خۆ ناتوانێت کاریگەریی لەسەر هیچ ناخێکی کەسیی بنوێنێت – بیکات بە تەسلیمبوویەکی بێپرسیار.
کەواتە چۆن لە ئیسلامدا پرسیار لە بنەماکان یاساغە، ئەویش چونکە پرسیار زیتبۆوەیی مێژووییانەی ئەو بنەمایانە دەلەقێنێت، یان ڕوونتر ببێژین: چۆن لە ئیسلامدا نەک تەنیا قورئان وەک نمونەی نەشیاوی پرسیارلێکردن دادەنرێت، بەڵکو هەروەها کردارەکانی پەیامهێنی ئیسلام بەتایبەتی و سەحابەکان یان تەنانەت “پیاوچاکان” (!)ی ئیسلامی بەگشتی وەک ئۆریجینال، پرۆتۆتیوپ، دەدانرێن و لەسەر ئەو بنەڕەتە هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی هەر دەروێنەیەک (ئیمیجێک) دەدرێت، بە هەمان شێوە خوێندەوارانی کوردایەتی (بێگومان هەروەها کۆمونیستیش!) لەو جیهانبینییەوە سەرۆکەکانی خۆیان، بەڵێ مرۆڤکوژانی دەمانچەییش، دەمەزنێنن، هاوکات هەموو پرسیارێک سەبارەت بە کرۆک و چییەتیی خیانەت، خۆفرۆشی، عەمالەت، موڕتەزەقەیەتی و هتد کە سەرۆکەکانیان بە شانازییەوە ئەنجامیان داون و دەدەن، ڕەتدەکەنەوە و ئاپۆلۆگێتییانە دەیانکەن بە حیکایەتی مەزنیی ئەوان. ئەم ڕەوشە لە ڕەوتی دازنانی بەردەوامی کوردایەتیدا ئیدی شێوەیەکی هێندە قێزەوەن وەردەگرێت، کە ئیدی دەتوانین ببێژین، خوێندەوارانی کوردایەتی کە زۆرینەیان بوون بە سەرکزی خۆویست، ئەمڕۆ لە سەرەنجامدا “زێراب”ێکیان لەنێو سەرجەم جڤاکی کوردیدا هەڵداوەتەوە و هاوکات داوا لە قەومگەلەکە دەکەن لە نێویدا بژین.
لە بنەڕەتدا جەختکردن و جەختکردنەوە لەو پرسەی سەرەوە بۆیە گرنگە، چونکە کوردایەتی تەنیا دەستوێژێکی فێڵبازانەی ئەو کەسانە نییە کە لەبەر بێتوانایی بۆ ژیان خۆیانی پێوە هەڵدەواسن، بەڵکو لە ڕووی کاریگەرییەوە هاوکات بە دروشم گەنجانی سادە و دڵساف و ساویلکە لەخشتە دەبات، بۆیە گەرەکە وردتر لە کەوتنەڕێی نێو کوردایەتی بڕوانین.
لە کوردایەتیدا کوڕەی سۆسیالیزەکراوی سوننەتی، بەبێ هیچ پرسیارێک کە هەڵوەستانی کەس ناچار بکات، “دەکەوێتە ڕێ”، لێرەشدا ئاشکرایە کە کەوتنەڕێی سوننەتی دەشێت سەرئەنجامی یەکجار ستەمی هەبێت، وەک: لەناوچوونی کەسی سۆزمەند، بەجێهێشتنی بێوەژن و زارۆکانی هەتیوکەوتوو کە زۆر جار دەبێت کەسوکار بییان ژێنێت، یان لە ڕووی نێگەتیڤەوە دەرفەت بۆ هەڵچوونی “سەرکزانی سیاسی” دەڕەخسێنێت کە خۆیان مشەخۆرانە بە کوردایەتی دەژێنن.
بێگومان کەوتنەڕێی سوننەتی تەنیا پەیوەند نییە بە خوێندەوارانی کوردایەتییەوە، بەڵکو لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کورداندا باڵادەستە، کەواتە لێرەوە لەنێو کوردایەتیشدا ڕەوتی نەریتییانەی خۆی وەردەگرێت. ئێمە بۆ نموونە کەوتنەڕێی بەو چەشنە لە خوێندنی خوێندکاران و بوونیان بە پزیشک و ئەندازیار، مامۆستا و فەرمانبەردا دەبینین، یان لە دەرکردنی بەناو گۆڤاری هزریدا کە لە نێویدا هزری بە ئارەبی خوێنراوەی ئەوروپی ناڕاستەوخۆ بەکوردی دەدرێتەوە، لەم پەیوەندییانەشدا کەوتنەڕێی سوننەتی تەنیا نموونەی جیاوازی لاساییکردنەوە وەردەگرێت. واتا: سوننەگەرییەکە لە بواری سیاسەتدا بە چەشنێکە کە خوێندەوارانی کوردایەتی تێگە مۆدێرنەکانی مارکسیزم-لێنینیزم وەردەگرن، بەتایبەتی هەیکەلی ڕێکخراوی لێنینیستی تەواو سوننەگەراییانە وەک مۆدێل / نموونە / پڕۆتۆتیوپ دادەنێن و هەر وا ئاسان (!) ڕایدەگەیەنن کە گۆیا “مارکسیزم-لێنینیزم ڕێبازی پارتەکەی ئەوانە” (ئەمە بۆ نموونە لە پەیرەوپرۆگرامی پ.د.ک.دا چەسپێنرابوو، یان بە حساب ڕێبازی “کۆمەڵە” بوو، جا گەرچی هەردووکیان لە کەسانی هەیەپارێز پێکهاتبوون!). بێگومان کوردایەتی لەو جێیەشدا کە تەنیا هەیکەلی ڕێکخراوی لێنینیستی وەردەگرێت و لە کرۆکیشدا لەنێو ئەندێشەی زەردەشتایەتیی کوردەواریدا مەلە دەکات، هێشتا هەر سوننەگەرییە ئیسلامییەکەی ڕێی لێدەگرێت خۆی ڕەخنەییانە بە داواکارییە بنەماییەکانی ئەو دینەوە خەریک بکات، بۆ نموونە داواکاریی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان یان ژینگەپارێزی، ئەوجا بۆ مەبەستەکانی خۆی هەر شێوەیەکی پرۆگرامی سیاسییان لێ چێبکات. بە پێچەوانەوە ئەم لایەنەی کوردایەتی لە کرۆکەوە وەک خەمۆکی ئەندێشەیی بە کیین دەژی و خۆی لە ژیاندا ڕادەگرێت. بە هەر حاڵ، لە گشت لایەنەکانی کوردایەتیدا کە پێكڕا سوننەگەرین، پرسیار لەبارەی کەوتنەڕێی “خۆ” لەگۆڕێ نییە، چونکە “خۆ” لە بنەڕەتەوە وەک گەرەکی پرسیارلێکردن نابینرێت. نەخێر، کەس لە گشت لا کەوتۆتە ناکۆکییەوە، تەنانەت کەوتۆتە شەڕەوە بۆ ئەوەی چاکێتیی خۆی بۆ هەمووان بسەلمێنێت. نزیکەی هەموو تاکێک بەو هیوایەوە لە ژیاندایە، کە دوای مردنی لە پرسەکەیدا پێی بگۆترێت “خوا عافوی بکات پیاوی چاک بوو”، یان پێی بگۆترێت “خوا عافوی بکات بەڕاستی کوردپەروەر بوو”. بێگومان ئاشکرایە کە ئەم جیهانبینییە گەورەترین درۆیە لەتەک خودی خۆدا، واتا ئەو “خۆ”یە کە هەردەم لە کرۆکدا ناتەبا و پڕکێشە و خۆویستە، کەواتە پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی گەرەکە کە ئیدی کەس هیچ نەبێت بتوانێت تا ڕادەیەک ئازاد بژی.
ئەم ڕەوشە پێویستە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا بکرێت بە بابەتی پێوەخەریکبوون، چونکە ئێمە گۆیا بەندین بە بزاوتی ڕزگاریخوازییەوە، لە بزاوتیشدا هەردەم کەسان لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیان دەردەکێشرێن و دەهێنرێن بۆ نێو پەیوەندییەکانی بزاوتەکە. مەبەستمان لەوەیە، کە ئەقڵیەتی سوننەتی بەگشتی ئەو پرسیارە بە پێویست نازانێت کە داخۆ چۆن بشێت یان بویسترێت لەو ئەقڵیەتە خێڵەکی (گوندی یان شارنشینییەوە) بکەری (سەبژێکتی) سیاسی ی کوردایەتی بنیاتبنرێت. نەخێر، ئەوە لای خوێندەوارانی کوردایەتی هیچ بەهایەکی نەبووە و نییە، بەڵکو سوننەگەرییانە کتێبەکان دەخوێننەوە و پرۆگرامیان لێ چێدەکەن. ئەوان وەک سوننەگەرا تەنیا دەستوێژەکانی واعیزێتی، شکاندن و جووڵاندنی هەست و سۆز و هتد، دەناسن و پەیڕەو دەکەن، ئەوان بە حیکایەت دەژین و لایەنگرانیان بۆ حیکایەت ڕادەهێنن، بۆ نموونە حیکایەتی: “گەلی کوردی قارەمان کە ئاخ (!) چیا سەختەکان نەیانهێشتووە ببێت بە یەک و دەوڵەت دابمەزرێنێت!”، “ئاخ خۆخۆریی ڕێگر بووە کە سەرۆکی مەزن ئەو ئامانجە باڵاترینەی هەموو کوردان بەدیبهێنێت!” و گەلێک حیکایەتی ساویلکەی دی. لێرەدا ئاشکرایە کە حیکایەت دەروونێکی هۆزانڤانیی گەرەکە نەک ئاگاییەکی بێداربۆوە لە پرس و ئاستەنگەکانی بنیاتنانی مەئریفە یان تێڕوانینی بکەرییانەی (سەبژێکتیڤیی) سیاسی. نەخێر ئێمە لە لایەک خوێندەواری کوردایەتیمان هەیە، کە لەنێو ئەندێشەی کوردەواریی زەردەشتیدا بە کیین تەنراوە، لێ هەروەها خوێندەواری کوردایەتیمان هەیە کە هەروا ئاسان مارکسیزم یان مارکسیزم-لێنینیزم کە ئیدیۆلۆژییەکی مۆدێرنە و بکەری ئاگامەند مۆتۆڕی ئامانجە سیاسییەکانێتی، مۆدەییانە بۆ خۆجێکردنەوە لەنێو پەیوەندییە سیاسییە جیهانییەکاندا وەردەگرێت (ئەمە هەروەها زۆرینەی بەناو چەپەکانی ئەمڕۆش دەگرێتەوە). ئەوان لەبەر ئەم هۆیە وەک درۆزن لە مەیداندا چالاک دەبن، چونکە لە لایەک هەرگیز کوردەوارییەکی مرۆڤدۆست و یەکسان لەگۆڕێ نەبووە کە هەوڵی ژیاندنەوەی بدرێت (جا با دینی سەرەتا داوای کردبێت)، هەروەها، لە لایەکی دی، بەناو چەپەکانی کوردایەتی کە پێکرا نوێنەر و درێژەپێدەری ستەمکاریی خێڵەکییانەن، دەست بۆ ئیدیۆلۆژییەک دەبەن کە جڤاکێکی مۆدێرنی (ناخێڵەکیی، ناسوننەتیی) یەکسان ئامانجێتی.
لێرەوە باشتر لە کرۆکی خوێندەوارییەکەی خوێندەوارانی کوردایەتی تێدەگەین.

ئەوان، وەک لاساییکەرەوە، سووک و ئاسان کار بە تێگەکانی وەک شۆڕش، ڕزگاری، گەل، نەتەوە و نیشتمان و هتد دەکەن، کە پێکڕا تێگەی خۆرئاوایین، ئەوان پێناسەی تێگە ناوبراوەکان بەبێ هێنانیان بۆ ژێر پرسیاری لێوردبۆوە بەکاردەهێننەوە – هاوشێوەی زۆرینەی هەرە زۆری مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ کە پێناسە دەرخکراوەکانی خۆیان بە خوێندکاران دەرخدەکەنەوە (یان زۆرینەی هەرە زۆریان دوای نزیکەی سیی ساڵ خوێندن و ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئەوروپیدا دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەردەم ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن، کە “لەوێ” ئەوها کاردەکرێت و با “لێرە”ش بە هەمان شێوە بکرێتەوە، کەواتە نەیانتوانیوە لە پەیوەندیی سەروێنە و دەروێنە دووربکەونەوە).
با بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕەوشەی سەرەوە تێگەی نیشتمان بە نموونە وەربگرین کە تێگەیەکە لە دەرئەنجامگیریی پەیوەندیگەلەوە، واتا: نیشتمان تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت، گەر هەر تاکێکی “وڵاتەکە” سەرباری هەر ناکۆکییەکی جڤاکی و چینایەتی و هتد، ئەو نیشتمانەی لە خۆیدا بنیاتنابێت، لێرەشدا کەس پەیوەندییەکی هەیە لەتەک زەوی، ئاو، هەوا، ڕابوردوو و ئایندەی جڤاک و کولتوورەکەیدا، ئەوجا لەتەک خزم و هەڤاڵ و دراوسێکانیدا. لێ نەک تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی کە ئەو جۆرە تێگانە بەکاردەهێنن، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆری کوردەکان کە باسی گەل و وڵاتی کوردان دەکەن، لە بنەڕەتدا کەمترین ڕێزیان بۆ ئەو زەوییە نییە کە لەسەری دەژین، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاو و هەواکەیەوە نییە، بۆیە بەردەوام هەرسێکیان ژەهراوی دەکەن؛ ئەوجا کولتورەکەشی بەسادەیی دەرک دەکەن، بۆ نموونە لە هەڵبەستی کڕووزانەوە یان پەیکەری بت-ئاسادا، لە شایی چەپیدا کە سادەترین شایی میللییە، لە بەرگی ئاڵوواڵای پلاستیکیدا – بەتایبەتی لای کچان و ژنان. هاوکات نەک تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆری کوردەکان، هیچ ئاگاییەکیان بۆ ڕابوردووی تاڵ و خوێناویی خۆیان نییە، بۆیە هیچ دیدێکی ئایندەییان نییە. جگە لەوە ئەمڕۆ بەگشتی لای کوردەکان کە کەوتوونەتە نێو تەنگژەی ژیانی کەسی و ئابوری و جڤاکییەوە، هاوکات کەسوکاری و خزمایەتیش کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر خۆویستییەکی ملداوەبەر بە چەشنێک تەنیوەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێو تایەفەی (گەورە-خانەوادەی) تەواو سست و رواڵەتی کردووە. کەواتە ئێمە گەرەکە بپرسین: ئایا کوردەکان نیشتمانیان هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە هەوڵی خۆخۆشەویستکردن یان ڕەوانبێژی نادرێتەوە، بەڵکو بە هزرینی ڕەخنەیی.

لێ ئێمە گەرەکە لەم ئاستەدا نەچەقێین، بەڵکو لە هەڵوەشانگەرییەماندا پتر بەرەو ڕابوردوو ڕۆبچین، واتا پرسیارکەرانە ڕووبکەینەوە یاخیبوونە کوردییەکانی ڕابوردوو و شۆڕەسوارانیان. ئاخر ئایا شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شیخ مەحمودی بەرزنجی، قازی محەمەد و قاسملۆ و شەرەفکەندی، مەلا مستەفا بەرزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مسەفا (لێرەدا ئیدی ناوی کەسێتییەکان تەواو دەبێت) کێ بوون و چییان ویستووە؟ ئایا بە چە پێورێک ئەو کەسێتییانە وەک مەزن ڕاگەیەنراون؟ ئایا ئەوە بە خەباتیان بۆ دادی سۆسیال یان بە سەرخستنی ئەو یاخیبوون و بزاوتانە کە ئەوان ڕێبەرییان کردوون؟ ئاخر ئەوە فاکتە کە ئەو کەسێتییە ناوبراوانە وەک کوڕی بەوەفای باب و باپیرانی خۆیان یاخی بوون، کەواتە ئاشکرایە ئەوان داکۆکییان لە پەیوەندییە سوننەتییەکانی چەوسانەوە کردووە و ویستوویانە بە یاخیبوونەکانیان بییانپارێزن و هاوکات بەرهەمیان بهێننەوە، ئەمەش بەواتای، ژیانێکی مرۆڤدۆست بۆ کوردان ئامانجی ئەوان نەبووە. کەواتە ئایا مەزنی چییە و ئایا زار بۆی هەیە هەر وا ئاسان دەریببڕێت؟ ئەوجا: ئایا ئەو کەسانە کێن کە ئەمڕۆ لەنێو خوێندەوارانی کوردایەتییەوە حیکایەتی مەزنی بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە دەهۆننەوە؟ ئایا ئەوە جیهانبینیی سوننەگەرای هۆنەرانی ئەو حیکایەتانەیە کە وا دەکات کەسێتییەکان بەبێ لێهزرین “بەئیدیال بکرین” (وەک نموونەی باڵا دابنرێن)، یان ئەوان تەنیا مەبەستمەندانە وەک ئامرازی بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆی خۆیان ئەو کەسێتییانە دەخەنە ئاستی ئیدیالەوە؟

پێدەچێت گونجاو بێت کە ئێمە بۆ پتر نزیککەوتنەوە لەو پرسیارانەی سەرەوە کایەی سیاسەت جێبهێڵین و ڕووبکەینە کایەی ئەدەب، واتە مێژووی ئەدەب وەک تەریبێکی بەراوردکاری وەربگرین: ئایا هۆی چییە کە ئێمە ئەمڕۆ بەدەگمەن دەتوانین ڕەخنەییانە، واتا بە شێوەی “مۆدێرن”، لە نووسەران و هونەرمەندانی بەواتای ئەمڕۆمان بتوێژینەوە؟ هۆیەکی کرۆکیی ئەمە لەوەدایە کە ئێمە، بەتایبەتی بەشەکانی کوردی لە زانکۆکاندا، تا ئەمڕۆ نەمانتوانیوە / نەیانتوانیوە ڕەخنەییانە لە نووسەرانی دێرین بتوێژینەوە / بتوێژنەوە، هۆی سەرەکیی ئەم بێتواناییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەروەریی شێوە هزرینی ئیسلامی. لێ گەر مرۆ بەرانبەر ئەم تێڕوانینەمان ئاماژە بۆ ئەو هەموو نامەی ماستەر و دکتۆرایەی بەشەکانی کوردی و مێژوو و هتد بدات، ئەوا بەڕوونی پێیان دەبێژین، کە گومانی تێدا نییە تا ڕادەیەک هەندێک کاری توێژینەوەی بەجێ هەن، سەرەڕای ئەوە زۆرینەی نووسراوە ئەکادیمییەکان سوننەگەرین، واتا ڕیشەیان لە تەفسیری ئیسلامیدا داکوتیوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە تەفسیری ئیسلامی بریتییە لە ئاپۆلۆژی: تەفسیرەکە ئاپۆلۆژییە گەر هاتو پەیوەند بێت بە خودی خۆیەوە، لێ لێدانە / گورزهاویشتنە گەر هاتوو خەریکبوون بێت بە دژبەرانییەوە. ئەمەش بەواتای: ئێمە لە توێژینەوەی ئەدەبیشدا “بەزۆریی” ئاپۆلۆژی یان لێدانمان هەیە، “زۆر کەمتر” ڕەخنەی یان لێتوێژینەوەی هەڵسەنگێنەر، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە بەدەگمەن توانراوە لایەنی مرۆڤییانەی نووسەرەکان و موئاناتی کەسییان لەنێو کردەکێتیی سەردەمەکەیاندا بەهەند وەربگیرێن، بە پێچەوانەوە هەروا سانا بە ڕەوانبێژی ناونراون “شاعیری گەورەی گەل”، یان سوننەگەرییانە مێژووی ئەدەبی ئەوروپی بەسەریاندا بەکاربراوە، واتا خزێنراونەتە نێو چەکمەجەی کلاسیک و ڕۆمانتیک و نوێوە و هتد! لێ ئەوە فاکتە، کە ئێمە نەک تەنیا بەدەگمەن خانی و نالی و مەحوی و هتد، بەڵکو هەروەها بەدەگمەن گۆران و بێکەس و پیرەمێرد دەناسین: واتا کەسێتییان، شێوەی ژیانیان لە سەردەمی خۆیاندا، حەز و ئارەزووەکانیان، ڕەفتاریان لە پەیوەندیی هاوسەری یان لەگەڵ زارۆکاندا و زۆری دی، ئەوجا هزر و جیهانی-وێنەیی ئەدەبەکەیان و گەلێکی دی. نەخێر، نووسەران دێن و دەنووسن و دەمرن، لێ لەبەر ئەوەی کوردەکان کولتووری دانوستاندنیان نییە، ئەوا تا ئەوان لە ژیاندا بن، دەچەوسێنرێنەوە، ئەوجا کە مردن، بۆیان دەلاوێننەوە! ئەمە بە هەمان شێوە هەڵگیرسێنەرانی یاخیبوونە کوردییەکان دەگرێتەوە کە هەروا سانا کراون بە شەهیدی گەل و وڵات، بە سەرۆکی نەمر، بە پێشەوا، کە ئیدی تا ئەمڕۆ بە هەستی هۆزانڤانی پێیاندا هەڵدەدرێت، جا گەرچی هەندێکیان کەمترین ئەدگاری پێشمەرگەیان نەبووە، بەڵێ دوژمنی کارەکتەری پێشمەرگە بوون کە مەزنی و ئامادەییە بۆ مردن، بە پێچەوانەوە بە ترس و ملهوڕانە چوونەتە بەردەم دوژمنەکانیان، ئەوانیش بۆ شکاندنی کەرامەتی کوردان بەئاشکرا لەداریانداون! یان بە شەق ئاشبەتاڵیان پێکردوون!
بێگومان خۆپابەندکردنی خوێندەوارانی کوردایەتی بە هەر شێوەیەکی خێڵەکێتییەوە سەرەنجامی نەرێنیی بۆ کارەکتەری ئەوان خۆیان هەیە: سەرکزییان بەرانبەر خێڵەکییانی شارنشین یان گوندی هاوکات کردوونی بە لاساییکەرەوەی شێوەی ڕەفتار و ژیانی ئەوان، ئەوجا بۆ خاتری بەرژەوەندیی کەسییان ئەرکی داکۆکیکردنیان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هەر کردارێکی سیاسیی شۆڕسوارانیان وەرگرتووە. بێگومان ئەوان خۆیان وەک سوننەگەرا بەشێکی جیانەکراوەی ستەمکارین، هاوکات سەرکزییان، قبووڵکردنی پەیوەندی سەروەری-ژێروەری، زۆرینەی هەرە زۆریانی کردووە بە کەسێتیی ناڕاستگۆ، بەڵێ کردوونی بە خۆمەڵاسداوی ترسنۆک و چاوەڕوان بۆ هەلی خوازراو. بۆیە خوێندەواری کوردایەتی کە بەڕێزەوە لە بەردەم خێڵەکیی گوندی یان عەسابەی شارنشیندا دەچەمێتەوە، خۆچەماندنەوەکەی هاوکات لە ئەودا ئامادەباشی بۆ وەرگرتنی ئەرکی جیاواز دەهێنێتەگۆڕێ: ئەو کە بە شانازییەوە مۆدێلی دەسەڵاتی شێخایتیی تەریقەت قبووڵ دەکات و خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفییەوە، سەرکزییەکەی بەتایبەتی بەرانبەر دانیشتوانی شار پێچەوانە دەبێتەوە، واتا وەردەچەرخێت بۆ ڕەفتاری دەنگزل و شەقوەشێن. بەم شێوەیە ئەو وەک خوێندەواری شارنشین نە شارییە، نە وەک خێڵەکییەکان گوندییە، بەڵکو بە سەرکزی لە نێوان هەردوو تەوەردا دەڕەنجێت، بۆیە دوورە لە هەر ئارامییەکی ناخەکی، بەڵێ تەنانەت ویژدانی ئارام نییە، چونکە ترس لە ژیان، هاوکات بەرژەوەندییە کەسییەکانی و خەبات بۆ گەیشتن بەو بەرژەوەندییانە، کردوویانە بە تێوەگلاوێک، کە ئیدی بۆ خاتری ڕاگرتنی دەستکەوت و خەونە بەدیهاتووەکانی بێوچان پەنجەی لەسەر دەمانچەیە و هاوکات بەردەوام چیرۆکی ستایش بۆ سەروەرانی دەهۆنێتەوە.
ئەو تازە لێبۆتەوە، بەڵێ وەک بەرژەوەندچیی سیاسی لە سەرەتاوە وەک لێبۆوە هاتۆتە نێو سیاسەتەوە، بۆیە پرسیاری ئەوە کە داخۆ ئەو سەروەرانە وڵاتفرۆش و داردەستی بێگانە بن، داخۆ عەمیلی دروستکەری مورتەزەقەی چەکدار بن، یان – لە ڕووی پۆزەتیڤەوە – وەک داماوی سیاسەتنەزانی گوندی و شەقاوەی خولەچەخمایی لە سیاستەدا تێکەوتبن، بەکورتی ئەمانە بۆ خوێندەواری کوردایەتی هیچ رۆڵێک ناگێڕن، کە ئیدی هۆنینەوەی بەردەوامی حیکایەت هێندەی دی بە ناخی ئەرزدا دەیباتە خوارەوە. ئایا ئەو پێی دەزانێت؟ نەشیاوە نەزانێت کە ئەو وەک خزمەتکارێکی هۆنەرەوەی حیکایەت کەرامەتی خۆی دەڕووشێنێت، بەڵێ تەنانەت دەیپلیشێنێتەوە. لێ ئەو تازە لێبۆتەوە، ئەو ئامرازێکی سەرکوتکردنە و بۆ خاتری رواڵەتەکانی ژیان ئەو خزمەتکارییەی ستەمکارانی قبووڵ کردووە.
ئێمە لێرە پەیوەندیی ماتەریالیستیمان هەیە، کەواتە لە بەرژەوەندییەوە، ئەمەش بەواتای: بە کوژاندنەوەی دوالیزمی چاکە و خراپە، یان بە وەلاوەنانی پرنسیپی شەیتانی، لە چییەتیی خوێندەواری کوردایەتی نزیک دەکەوینەوە. ئێمە پرسی مرۆڤیمان لەنێو جیهانی هاڤرکێکاندا هەیە. لێ ئێمە لەم کێشەیەدا هەمیشە لەنوێوە بەر “جوبن” دەکەوین، ئەوە بێگومان سەرجەمییانە، کەواتە تەنیا مۆرکی زۆرینەی هەرە زۆری خەریکبووانی نێو کوردایەتی نییە. نەخێر، “جوبن” گەورەترین نەخۆشیی کوردەکانی ئێراقە، ئاخر جوبن خۆمەڵاسدانی ترسنۆکە بۆ قۆزتنەوەی هەر هەلێکی ژیان مسۆگەرکەر، کە مرۆڤ زۆر جار تەنانەت بە پاشقول لە نزیکترین هەڤاڵانی خۆی پێی دەگات.

ماویەتی ….

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish