
فەلسەفەی پوچگەرایی ئەلبێرت کامۆ.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ (1913-1960) خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بۆ ساڵی ١٩٥٧ بە دووەم گەنجترین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات دادەنرێت لە دوای نووسەری بەریتانی کیپلینگ، هەروەها گەنجترین کەسە کە لە نێو هەموو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبدا بە گەنجی کۆچی دوایی کردبێت.بەرهەمەکانی کامۆ بەسەر دوو گروپدا دابەشبوون، کە ناوی ناوە: بازنەی یاخیبوون و بازنەی پوچگەڕایی. یەکەم کەس بوو کە دەستەواژەی “پوچگەریی” بەکارهێنا، کە بووە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و فەلسەفی کە لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا. پوچێتی بە پێی ڕوانگەی کامۆ، هەستکردنە بە دڵەڕاوکێ کە بەهۆی هەستکردن بە قورسایی مێژووەوە دروست دەبێت.
ئەم هەست کردنە بە پوچێتیەی ژیان یاخیبوون دروست دەکات، کە دەکرێت سەرەتا تاکەکەسی بێت، دواتر بگۆڕێت بۆ یاخیبوونێکی بەکۆمەڵ. کامۆ لە میکانیزمی میکانیکی ژیان یاخی بوو. مرۆڤ بە یەک خێرایی دەژی تا ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستێت و هەست دەکات کە کەسێکی نامۆ و تەنیایە لەم دونیایەدا. هەروەها کات ئەو دوژمنەیە کە هەوڵەکانی بەفیڕۆ دەدات ، دواجار فڕێی دەداتە باوەشی مەرگەوە . ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئەم کەسە ناچار دەکات ڕووبەڕووی ببێتەوە. نە ئەخلاقی و، نە هەوڵەکانی و ، نە زیرەکییەکەی ، لە بەرامبەر ئەم جیهانە پوچ و بێمانایە هیچ سوودێکی نییە کە پڕە لە مرۆڤی ناعەقڵانییەت . ئەو ئازادییەی کە پێی وایە چێژی لێ وەردەگرێت وەهمە، وەک چۆن کۆیلەی حوکمی پێشوەختەی داب و نەریتەکانە. پەیوەندییە مرۆییەکان بە درۆ دەمێننەوە، پەیوەندیكردن ونە و لێک تێنەگەیشتن زاڵ و براوەیە . کەلێنی نێوان مرۆڤەکان زیاتر دەبێت. کەسی بێدەنگ قوربانی و تاوانباری سزادراوە. کامۆ یاخی بوو لەو نۆرم و ئایدۆلۆژیانەی کە لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و تۆقاندن دامەزراون .
هەروەها ئەو ئەفسانەی گەشەپێدان و پێشکەوتنی ئیدانە کرد ، کە بە وەعدی پێشوەختە خەڵک فریو دەدەن ، بە پاساو هێنانەوە بۆ داپۆشینی ستەمکاری ئێستا ، هاوکات لەبری دۆزینەوەو بە دیهێنانی دۆخی باشتر ، شەرعیەتدانە بە ملکەچبوون و تەسلیمبوون . کامۆ ڕقی لە هەڵهاتن یان خۆکوشتن بوو، بوێری نواند و یاخی بوو لە بەها کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕە ئاینییەکان. هەروەها لە بەرامبەر مردندیشدا . بارودۆخی مرۆڤایەتی قبوڵکرد بەبێ ئەوەی هیواکان بە سبەی یان ژیانێکی ترەوە ببەسترێتەوە . ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی کە بەرهەمەکانی کامۆ دەوروژێنێت ئەوەیە: ئایا ژیان شایەنی ئەوەیە لە بێدەنگی جیهاندا بژی؟ هەرچەندە ئامادە نەبوو وڵامێکی تەواو بۆ ئەوە بداتەوە ، بەڵام پێشنیاری کرد مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی هۆشیاری و یاخیبوونی نائومێدانەی خۆیەوە تێپەڕێت بە سەر پوچێتی و بێمانایی ژیاندا . فەلسەفەی پوچگەرایی کامۆ کە پەیوەستە بە چەمکی نەبوونی بێمانای جەوهەری ژیان ، بنامای تێگەیشتنی بەرهەمەکانیەتی . ئەو پێی وایە قبوڵکردنی پوچێتی و بێمانایی دەبێتە هۆی یاخیبوون و ئازادی کەسێتی. تێبینییە بەناوبانگەکەی کە ئاماژە بەوە دەکات (خۆر بێ سێبەر نییە و پێویستە شەو بناسین) بۆ تێگەیشتنی تەواو لە ژیان پێویستی بە ناسینی هەم خۆشی و هەم ئازار هەیە .کامۆ پێی وابوو پوچێتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەسرەتو شۆڕو شەوقی مرۆڤ و بێدەنگی جیهان سەرچاوە دەگرێت. ئەو پێی وابوو مرۆڤ بە سروشت پوچگەرا نییە، بەڵکو هەستکردن بە پوچێتی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ جیهانەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک ڕوودەدات کە دژایەتییەک هەبێت لە نێوان ئەوەی ئەوان دەیانەوێت یان چاوەڕێی دەکەن لە ژیان، لەگەڵ ئەوەی جیهان بە کردار پێشکەشیان دەکات.
مرۆڤەکان خەبات دەکەن بۆ دۆزینەوەی مانا لەم جیهانەدا، لە کاتێکدا لە بەرامبەردا جگە لە پشتگوێخستن و بێدەنگی هیچی تر لە دونیا نادۆزنەوە . لە فەلسەفەی کامۆدا چەمکی (پاڵەوانی پوچگرا) دروست دەبێت و بەرجەستەی ئەو گرژییە قووڵەی نێوان ئارەزووەکانی مرۆڤ و بێباکی جیهانە. پاڵەوانی پوچگرا بە تەواوی ئاگاداری ئەم ململانێ جەوهەرەیە ، ئەو تێدەگات کە لە کاتێکدا مرۆڤ بە سروشتی بەدوای مانا و ئامانجدا دەگەڕێت، بەڵام جیهان هیچ لەمانەی پێشکەش ناکات ، لە گەڵ ئەوەشدا لە جیاتی تەسلیم بوون بە نائومێدی یان دەست گردن بە هیوای درۆوە ، ژیانێک هەڵدەبژێرێت کە بە تەواوی درک بەو پارۆدۆکسە دەکات . کامۆ پێی وابوو ژیان لەسەر بنەمای بێهودەیی دامەزراوە و ئەمەش سەرەتای دەستپێکی نوێیە بۆ ژیان نەک کۆتاییەکەی. کامۆ پشتی بە بیرۆکەی قوتابحانە فەلسەفیەکانی هاوچەرخ بەستووە بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی پوچگەرایی . گەیشتە چەمکی “هەستی پوچگەرایی” کە بۆی دەرکەوت لە سەر بنەمای دژایەتی نێوان مرۆڤ و ژینگەی دەرەکی ڕودەدات . لە دۆخێکدا مرۆڤ توانی بە شێوەیەکی قەناعەت پێکەر دونیا لێکبداتەوە، ئەو کات ئەم جیهانە لە ڕوانگەی ئەوەوە دەبێتە شتێکی تێگەیشتوو و قبوڵکراو. بەڵام کاتێک مرۆڤ درکی کرد ئەم لێکدانەوەیە وەهمە ، یەکسەر هەست دەکات کە کەسێکی نامۆیە لەم جیهانەدا . ئەوجا گومان لە مانای ژیان و بێ سودی ژیان دەکات و لێرەدا هەستی بێمانایی و پوچگەرایی لەدایک دەبێت. کامۆ ئەو هۆکارە تایبەتانەی ڕونکردۆتەە کە پەیوەندییان بەم هەستەوە هەیە ، ئەو پێیوایە پوچگەرایی لەناکاو دەچێتە ناو هۆشی مرۆڤەوە لەو ساتەدا کە مرۆڤ هەست بە بەتاڵی دەکات .
هاوکات هەست بە ماندووبوون دەکات لە بوونی ڕۆژانە یان ژیانی ڕۆژانە ، چوکە لەم ساتەدا هۆشیاری دەوەستێت لە بە دەستهێنانی ئامانجی ژیانی ڕۆژانە . دواجار زنجیرەی ڕەفتاری ئاسایی و ڕۆتینیەکان دەپچڕێت . لێرەدا بێمانایی و پوچگەرایی لە ڕووی مادیو مەعنەویەوە ئاشکرا دەبێت. کامۆ پێی وابوو کە پوچگەرایی نە لە مرۆڤداو ، نە لە جیهاندا، ناشاردرێتەوە بەڵکو لە تێکەڵ بوونیاندایە. کەواتە، بێمانایی و پوچگەرایی دەبێتە تاکە پەتێکی هاوبەش لە نێوانیاندا. پاشان ئەم بیرۆکەیەی پەرەپێداو ، گەیشتە جۆرێک لە یەکێتی سێ لایەنە ، پوچگەراییی، هۆشیاری مرۆڤ و جیهان. کامۆ لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستدا. سەیر لەوەدایە کە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیدا لە خەیاڵیدا کۆمێنتێکی نوسیبوو گوتبووی بێماناترین مردن مردنە لە ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا !! .
د . ابراهیم ابو عواد – سەرچاوە – (انفاس نت من اجل الثقافة والانسان ) ٤ اکتوبر ٢٠٢٥