Skip to Content

ئەندازیاری زمان.. هۆمەر نۆریاوی

ئەندازیاری زمان.. هۆمەر نۆریاوی

Closed
by كانونی دووه‌م 25, 2025 General, زمان


لە قۆناخێکی فرە ناسک و هەستیاری مێژوودا بۆ زمانی کوردی کە بە چاخی شۆڕشی زانیاریی و تەکنۆلۆژیایش دەناسرێتەوە، ئێمەی کورد لە جیاتی ئەوەی زمانەکەمان لە چاو سەردەمێکی تاریک و نووتەکی دیرۆکدا کە ناحەزان هەمە چەشنە کۆسپ و لەمپەرێکیان دەخستە بەردەم و هەرگیز بە شێوەی ئازاد دەرفەتی پەلهاویشتن و گەشەسەندنیان پێ ڕەوا نەدەبینی و زمانی کوردی لە نێو حوجرە و ژوورۆچکەیەکدا بوونی خۆی دەپاراست کە تا ئێستایش لە بەرەکەی دەخۆینەوە مخابن لەم ڕۆژگارە جەنجاڵەدا لە بن ناوی خەمخۆریی بەرانبەر زمان،تا دێت شێوە ئاخاوتنی ئەم گوند و ئەو گەورەدێ و فڵانە شارۆچکە و فیسارە دەڤەر و هۆز و خێڵ،پتر بۆ نێو نووسینی کوردی پەل دەهاوێت و لە ڕاستیدا زمانە پاراوە کوردییەکە کەوتووەتە نێو گێژاوستانێکەوە کە تەنێ مرۆی پەرۆشی خۆی گەرەکە تا لەم فەرتەنە چەتوونە دەربازی بکات و نەهێڵێت چیدی خۆڵ بکرێتە چاوی نەوەی نوێ و زمانە نەخشینەکە لە بن ئەم باهۆزە نگریسەدا بشاردرێتەوە.
بێ سێ و دوو،یەک لە کوردینووسە پێشەنگ و چەلەنگەکانی ئەم بەستێنەیش کەس نییە جگە لە نووسەری جواننووس “حەمەسەعید حەسەن” (1950)کە بۆ پتر لە 50 ساڵ دەچێت هەموو هەوڵ و خەباتەکەی خستووەتە پێناو نووسین بە زمانێکی گەوهەرینی کوردی کە هەر جارە و گۆشەیەک لە توانا باڵاکانی زمانەکەی بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات و پێی دەڵێ،گەر شارەزای کەل و قوژبنەکانی زمانەکەت بیت یان بە واتایەکی ڕاستتر،گەر وشەی کوردی بەدەست خاوەنە ڕاستینەکەیەوە بێت و بێتە نووسین،ئەوەت لە لا دەردەکەوێت زمانەکەت خاوەن چ سامانێکی گرانبایی و بەپێزە و تەنێ گەرەک بکەوێتە دەست ئەهلەکەی (شارەزا ڕاستینەکەی خۆی).
وەک چلۆن ئەندازیارێک بۆ دانانی هەر خشتێک لە بینایەکدا پلان و بەرنامەیەکی وردی هەیە و ڕەچاوی هەموو وردەکارییەکی پێویست دەکات،ئێمەی کوردیش لە زمانەکەماندا خاوەنی نووسەرێکین بە ناوی”حەمەسەعید حەسەن”کە بە هەمان شێوە دەجووڵێتەوە و بەوپەڕی وشیاریی و وریایییەوە هەنگاو دەنێت و حسێب بۆ تاقە وشەیەکیش دەکات و بە یەک لەو دەگمەن نووسەرانەی کورد دادەنرێت زمانی خۆتت سەد هێندە لە لا شیرینتر و جوانتر دەکات. ئەوەندە وشیارانە دەست بۆ دانانی وشە دەبات کە تۆی خوێنەریش دواتر کە دەست بۆ پێنووس دەبەیت،فێر دەبیت کامە وشە،چلۆن دەکار بگریت و لە کوێی دابنێیت.
لە سەردەمێکدا شەڕ و ئاژاوە و زەبر و زەنگ و توندڕۆیی لەبەردەم ماڵان،بار و بنەی خستووە و بە نێو دڵانیشدا ڕۆچووە، خوێندنەوەی گەلێک بەرهەمی شاعیر،نووسەر و ڕەخنەگری زمانپاراو”حەمەسەعید حەسەن”مرۆ دەباتەوە تا بەردەم ماڵە هێورەکەی دڵ و نەرمونیانی بۆ ناخ دەگوێزێتەوە. بەداخەوە لە چاخ و خولی ڕۆشنگەریی و سەردەمی مۆدێڕنیتە و شۆڕشی تەکنۆلۆژیادا مرۆ لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ زمانی گوڵ ببات،فێری زمانی دڕک دەبێت و تا دێت توند و تیژی لە هەموو ڕەهەندێکەوە پتر چوارتەنیشتمان دەتەنێت.
دوورکەوتنەوە و دابڕان لە زمانی دیالۆگ یان بە واتایەکی دی،وەستان و کپبوونی زمانی ئەقڵ و ئاوەز و تێفکرین،مرۆی ئەم سەردەمە جەنجاڵەی بە دەردێک بردووە،سەد مخابن تا دێت زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و زبر، فرەتر برەو دەستێنێت.
تایبەتمەندییەکی باڵکێشی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە لەمەدا خۆ دەردەخات کە هێورت دەکاتەوە و دنەت دەدات ئاوەزمەندانەتر ڕوو لە کایەکانی ژیان بکەیت.
“حەمەسەعید حەسەن” کە لە نێوەڕاستی شەستەکانەوە لە نێو کایە یان مەیدانی ڕووناکبیریی کوردیدا ئامادەیە،بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵانە بەردەوام بە بیر و ئەندێشە،خۆی تازە دەکاتەوە و بەری پێنووس و هزر و ئەندێشەکەیشی دەگوێزێتەوە بۆ خوێنەری کوردزمان.
ڕاستیت گەرەکە بەرهەمی حەمەسەعید حەسەن،سەرباری ئەم تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشە،وەک ئیشارەتی پێدرا زمانی کوردییشت سەد هێندە لە لا خۆشەویستتر دەکات و یەک لەو دەگمەن نووسەرانەی دوێنێ و ئەمڕۆی ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردییە کە لە ڕێی زمانێکی سادە و ساکار و پڕ واتاوە،قورسایی و سەنگی زمانی کوردی دە هێندە دەکات.
بە سەدان بەناو زانستوەری کوردی کوردینەزانم پێ شک دێت کە هەڵگری باڵاترین بڕوانامەی زانستیین کەچی درێخ لە ڕووپەلێکی پوخت و پاراوی کوردی لە نووسین و بەرهەمیاندا.
خوێندنەوەی بەرهەم یان بەرهەمەکانی حەمەسەعید حەسەن جگە لەو بابەت و پرسانەی وەبەر توێژینەوەیان دەخات و گەلێک قازانجیشت پێ دەگەیەنێت،بە تەنێ بەسە بۆ ئەوەی فێرە کوردییەکی پاکژ و بێ گرێ و گۆڵش ببیت.
ئەوەی بەرهەمی حەمەسەعید حەسەن بخوێنێتەوە،سەد هێندە شەیدا و کوشتەی زمانەکەی خۆی دەبێت؛ئاخر پێش ئەوەی نووسەرێکی لێزان و وردبین و قووڵ بێت،خوێنەرێکی تا سەرئێسقان ئاشقی فێربوون و خوێندنەوەیە و لە کوێ و لە لای کامە نووسەر و کتێب،وشەی جوانی دەست بکەوێت،لە خەیاڵدان و یادگەیدا گلێریان دەکاتەوە و دواتر لە ڕێی زمانێکی پوخت و پاکژ و سادە و ساکار و قووڵەوە،دەیانگوێزێتەوە بۆ خوێنەری کتێبەکانی.
بە واتایەکی دی،حەمەسەعید حەسەن چونکە خوێنەرێکی وردبینە و لە هەر زمانێکدا بەرهەمێکی پڕچێژ و زەنگینی دەست بکەوێت،دواتر کرۆک و ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە دەخاتە نێو خەیاڵدانی کوردانەی خۆیەوە و بە زمانێکی ناسک و پاراو دایدەڕێژێتەوە و دەیگوێزێتەوە بۆ خوێنەری خۆی. بۆیە خوێنەری بەرهەمی ئەم نووسەرە هەمیشە بە تاسە و حەزەوە تا دوادێڕ دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی دەکات. وەک خودی خۆم،بە جاران لە ڕێی خوێندنەوەی بەرهەمی ئەم نووسەرەوە ئاشنا بە دەیان نووسەر و کتێبی زەنگینی دی بوومە و دواتر چێژم لە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانە بینیوە.
حەمەسەعید حەسەن لە لای من بە نووسەرێکی خودان سەلیقە،وردبین و دوورئەندێشیش دادەنرێت بۆیە هەردەم بۆ بەرهەمی نوێی چەمەڕا دەمێنمەوە.
هەرگیز لە لام گرینگ نەبووە حەمەسەعید حەسەن لە کام سەنگەرەوە دەردەکەوێت و پشتی کامە لایەن دەگرێت؛ئەوەی لە لای من جێی بایەخە و بە هیچیشی ناگۆڕمەوە،زمانی نووسینی ئەم نووسەرەیە کە وشەی کوردیت لە لا دەبێتە گەوهەر و گەرەک هەزار زەحمەت وەبەر خۆت بدەیت و بخوێنیتەوە تا دەرک بە زمانە باڵاکەی بکەیت. ئەرچی قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەست و نەستە پاکژە کوردییەکەیشی دڕدۆنگ نەبوومە.
حەمەسەعید حەسەن ئەوەندە پەرۆشی زمانی نووسینە کە ئەگەر بابەتێکی ڕەخنەیی لەسەر نووسەر،شاعیر و وەرگێڕێک دەنووسێت،سەرباری ڕۆچوون و ڕانانی خودی بەرهەمی نووسەر،شاعیر و وەرگێڕێک،ئاوڕێكی هەرەقەتیش لە زمانی ئەو بەرهەمە دەداتەوە و دەوری هەڵەچنێکی وردبین دەبینێت و پێداچوونەوەی ورد بە زمانی نووسینی بەرهەمەکەدا دەکات. بۆیە لە سۆنگەوە ئەم ڕووناکبیرە کوردە،یەک لەو دەگمەن ڕەخنەگرانەی نهای ڕووبەری چاندیی کورد دێتە ئەژمار کە جگە لە ناوەڕۆکی بەرهەم و کتێبێک،زمانە کوردییەکەیشی لە لا زۆر گرینگە و ئەوەندە توخنی کتێبێک ناکەوێت یان بە واتایەکی ڕاستتر،بە لای کتێبێکدا ناچێت کە خاوەنەکەی زمانە کوردییەکەی کۆڵەوار و نزم بێت. بۆیە لەم سۆنگەوە،ئەم نووسەر و ڕەخنەگرە پشکی شێری بەر دەکەوێت و بە پێشڕەو دادەنرێت.
کەم کتێبی “حەمەسەعید حەسەن”م پێ شک دێت کە کەوتبێتە بازاڕی کتێبەوە و نەمخوێندبێتەوە. ئەم ڕووناکبیرە کوردە ئەوەندە بە زمانێکی پاراو و ساکار لێ پڕ زەنگینەوە دەنووسێت کە مرۆ هەر کە دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمێکی دەکات،ئەستەمە دەستبەرداری ببێت.
لە شەستەکانی هەتاوی(هەشتاکانی زایینی)یەوە خوێنەری پەڕتووک و کتێبی کوردیم و سەدان کتێبم پێ شک دێت کە هەر لە ناونیشان،پێڕست و ناوەڕۆکی کتێبەکەوە،لە خوێندنەوەیان بێتاقەت و وەڕەز و پاشگەز بوومە بەڵام ئەستەمە بەرهەمێکی ئەم نووسەرە بەدەستەوە بگریت و وەلاوەی بنێیت.
نهێنی ئەم گرینگە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزنانی ئەم نووسەرە لە زمانەکەی خۆی یان بە واتایەکی دی،حەمەسەعید حەسەن بە زمانێکی باڵا و بێ گرێ و گۆڵ دەنووسێت. ڕەچاوی وردترین پرسی زمانەوانی(هەر لە ئەلفبێوە تا ڕێزمان و خاڵبەندی)دەکات و خوێنەر کە مل لە خوێندنەوەی بەرهەمێکی دەنێت،هەر جارە و شارایەک دەخاتە سەر هەگبەی ڕۆشنبیریی خۆی و دواتر دەتوانێت ئەو سامانە دەوڵەمەندە بخاتە خزمەت زمانی نووسینی خۆیەوە.
تێبینی: ئەم نووسینەی خرایە بەر دیدەی تۆی خوێنەر،دەرەنجامی خوێندنەوەی نزیک بە 30 پەڕتووک و هەروەها بە دەیان نووسینی ئەم شاعیر،نووسەر و ڕەخنەگرە ناودیارەی کوردە کە لە گۆڤار و بڵاڤۆک و ماڵپەڕەکاندا چاپ و بڵاو بوونەتەوە. هەر لە پەڕتووکە کۆنەکانییەوە هەر وەک”یەکێتی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟”،”شیعر و تەور”و “نووسین بەبێ وشە”وە تا “لەسەر باڵی هەورەوە”و”ئەو وشانەی دونیایان هەژاند”کە نوێتر و تازەترن.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress