هەڵبژێراو.. پشکۆ ناکام
….رەنگە باسکردنی ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان هەیە لە مانەوەی سیستەمی حوکمڕانی بەتایبەتی دیکتاتۆرییەتی حیزبی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بێ ئەوەی خەڵک کاردانەوەی لا بە لاکەری هەبێ بۆ گۆڕینی ئەو بارە ناهەموارەی تیایا ئەژی زۆر هەڵبگرێ و وەکو هەویرێکە چەن تەنەکەیەک ئاوی بوێ ، چونکە دیکتاتۆریەتی درێژ خایان نەوەیەکی ڕاهاتوو لەسەر وەزعە باوەکە ئەهێنێتە کایەوە کە پێیان وایە گۆڕانکاری زەحمەتە ، واتا لەگەڵ سیستەمی دیکتاتۆرییەتی حیزبی/ بنەماڵەیی خۆیان ڕا هاێناوە و “ماڵی”بوون ، ئەم سیستەمانە کە لە ووڵاتانی ئیسلامیا زۆرتر و دیارترن ، جۆرە هاووڵاتیەک بەرهەم ئەهێنێ کە ئەکرێ بە “هاووڵاتی جێگیر” یان” هاووڵاتی نەجوڵاو” ناو بنرێ کە گرنگی بە سێ بابەت ئەیات و بەلای وەزعە سیاسیەکەیا ناچێ لەسەر نەزەرییەی” ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە” خوو ئەیاتە ئەو سێ شتە و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەکا : دین ، قووتی ڕۆژانە لەگەڵ فوتبۆڵ…
() هاووڵاتی نەجوڵاو لە دونیا تایبەتە داخراوەکەیا خوو ئەیاتە دین و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەک ، لەبەر ئەوە نا بە هەق و ڕەوایەتی و عەدالەت ئەیبینێ ، بەڵکو بە مەراسیمە” طقوس” دینییەکان کات بەسەر ئەبا و نایەوێ لە هاوڕێکانی دوا کەوێ ، لەسەر مەسەلەی “خوا” و میسداقیەتی ناەوەڕۆکی دینەکە گومانەکانی خۆی ئەڕەوێنێتەوە و حەز بەباس کردنیان ناکا و نایخاتە ناو هەڵس و کەوتی ڕۆژانەیەوە ” دیارە کەسانی مێشک ووشک بوو و داخراو” بەشی زۆری هاووڵاتی نەجوڵاو پێک ئەهێنن ، ئەمانە لە کاتێکا بەرگری لە دینەکەیان ئەکەن کە بزانن ناڕەحەتی و سەریەشەی بەدواوە نیە، دەنا بزانن هەر قسە و جوڵەیەکیان باجێکی قورسی لەسەرە ، مێش میوانیان نابێ و لاڵ ئەبن ، هەر نموونەیەک کاتێ لە ووڵاتی دانیمارک چەن وێنەیەکی گوایە “نەشیاو” !!ی پێغەمەری ئیسلامەکان بڵاو ئەبێتەوە ، لە ئەوروپا ئەیکەن بەڕۆژی حەشر ، ئەوەنە هاوار ئەکەن قوڕگیان ئەگیرێ ، بەقەد تۆپە قوماشێ عەلەم ئەسووتێنن ، بیتاقەی جەهەنەم ئەیەن بە هەموو دانیمارکیەک ، بەڵام لە ووڵاتەکەی خۆیانا ڕۆژانە هەزار سووکایەتی بە خۆیان وەک هاووڵاتییەک و بە دینەکەیان و بە سیمبولی دینەکەیان بکرێ ، نوتقیان لێوە نایە و “دەست بگرە بە کڵاوەکەی خۆتەوە حیزب نەیبا” ئەبێ بە دروشمی سەرەکییان ، جگە لەمانە هاووڵاتی نەجوڵاو کە هەر خەریکی دزی و گەندەڵی و ساختەچێتیە ، هیچ شتێ لەوانە وای لێ ناکا کە هەست بە تاوان کردن”الشعور بالذنب”بکا ، ئەو نوێژێکی لە کیس بچێ قوڕی دونیا لەسەریا کۆبێتەوە و نازانێ چۆن خۆی لەو گوناحە گەورە و خەتەرە نەجات بات و خۆی وەک ئوتوی بوخار پاک بکاتەوە ، بەڵام ساختەچێتی و غەدر کردن لە خەڵک بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە وەک نەرکە دینیەکانی…..
() بە حوکمی ئەوەی هاووڵاتی نەجوڵاو لە ژێر کاریگەری دینەکەیا هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمانەکەی نابێ و لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەشەوە “سۆسیۆلۆجی”، تەنها خوو ئەیاتە ماڵ و مناڵ و قووتی ڕۆژانەی و مناڵاکانی بە جۆرێک پێ بگەیەنێ کە وەک خۆی لە ژێر چەتری دینا لە بەرژەوەندی گشتی و داهاتووی ووڵاتەکەی دوور کەونەوە و توخبی سیاسەت نەکەوون و قەناعەتیان وابێ ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە قەدەری خوایە و هیچی لەگەڵ ناکرێ و کەی خوا ویستی ئەیگۆڕێ !! واتا قووتی ڕۆژانە دەروازەیەکە بۆ بەستنەوەی مناڵەکانی بە پرینسیپەکانی خۆی کە لە دین و جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانی کۆئەبێتەوە .. هاووڵاتی نەجوڵاو پاساوی هەموو نەهامەتییەکانی بەرهەمی سیستەمی دیکتاتۆری حیزبی لەوەیا کۆئەکاتەوە کە هیچ شتێ بێ ڕەزامەنی خوا نیە و ناکرێ بە جۆری حوکمڕانیشەوە….
() کاتێ هاووڵاتی جێگیر/ ناجوڵاو ئەو هەموە ناعەدالەتی و وون بوونی یاسا و گەندەڵیە ئەبینێ و نە ئەوێرێ و نە حەزیش ئەکا خۆی تێ هەڵقورتێنێ ، خوو ئەیاتە فوتبۆڵ، یارییەکی یانەکەی لە کیس ناچێ ، باکگراوندێکی وەرزشیانەی نیە و دینەکەشی لە هیچ قوژبنێکەوە باسی وەرزشی تیا نیە ، تەنها ئەوەیە لە دوو گۆڵیا بۆ نموونە یاسای خۆی هەیە و یاریکەر و ڕاهێنەر و هەنێ جار هاندەرەکانیش یەکسانن بەرامبەری ، ئەم کە ئەو هەموو ناعەدالەتیە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەبینێ و قسەی لەسەر ناکا ، تەسکینی بەوە یەت کە لە یارییەکا گەر کەسێ خوار جۆڵایەوە و کاری کردە سەر مەجرای گشتی یارییەکە ئەوە بە “کارتی زەرد یان سوور” یاسای یارییەکە جێ بە جێ ئەکرێ ، هیچ یاریکەرێکیش لەسەرووی یاسا و ڕێنماییەکانەوە نیە ، بەڵام لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەو هەموو گەندەڵی و ” فاوڵ”ە ئەکرێ کێ ئەوێرێ باسی
كارت بکا ، ڕەنگە بەرپرسی حیزبی هەبێ نەک کارتی سوور بەڵکو ئەبێ “کارت سووری جگەر”ی وەربگرێ ، لە لایەن حیزبەوە پاداشت ئەکرێ و بە زۆر پەنالتیەکی بۆ دروست ئەکەن تا گۆڵێک بکا و خەڵکی وەک هاووڵاتی/نەجوڵاو چەپڵەی بۆ لێ با، بە مانایەی یەکسانی هەمووان بەرامبەر بە یاسا لە فوتبۆڵا ئەبێنێ و تەسکینی بەخۆی ئەیا کە ئەڵێ : فاوڵ ئەکەی! دەبخۆ ئەوە کارتی سوور. ئافەرم حەکەم … بەڵام بۆ ئەو سیستەمە دیکتاتۆرە حیزبییەوە بێ دەنگە گەر چی ئەزانێ حەکەمەکە لەپێش هەموو کەسەوە ئەبێ کارت وەر بگرێ………………..
ئەم جۆرە خۆ خستنە بەرەی نەجوڵان و بێ دەنگییەوە کۆیلایەتییەکە بۆ خۆی ، بەڵام کۆیلایەتیەکی هەڵبژێراو…..
“””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
()فیکرەی ئەم ووتارە کتێبێکی بیرمەندی فەڕەنسی” ئیتیان دولا یەبوسیە”یە بە تایتڵی “العبودیة المختارة” لە وەرگێڕانی “مصطفی صفوان” بۆ سەر زمانی عەرەبی..