Skip to Content

دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا لە شیعری “بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ” ی نەزەند بەگیخانی دا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا لە شیعری “بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ” ی نەزەند بەگیخانی دا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی

Closed
by ته‌مموز 23, 2022 General, Literature


(بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەرزاییەکانی وەزەرینگ) ناونیشانی شیعرێکی نەزەند بەگیخانیە، کە لە کۆمەڵە شیعری ( زەنگۆڵی وتن)دا لە لاپەرە ١٤١- ١٤٦دا بڵاوبووەتەوە، کە ساڵی ٢٠٠٧ نووسیوێتی. ئەزمڕ زنجیرە چیایەکە لە باکوری سلێمانی، بەرزاییەکانی وەزەرینگ شوێنێکە لە یۆرکشیر لە بەریتانیا. ئیمیلی برۆنتێ (١٨١٨-١٨٤٨) رۆمانێکی بەم ناونیشانە نووسیووەو لە راستیشدا ئەم رۆماننووسە کە خوشکی شارلی برۆنتێی رۆماننووسی بەناوبانگی سەدەی نۆزدەی ئەدەبی ئینگلیزیە، ئەمیش هەم شاعیرو هەم رۆماننووس بووە، بەڵام لە بواری رۆماندا هەر ئەم تاکە رۆمانەی نووسیووە. بیرۆکەی سەرەکی ئەم رۆمانە دووانەی چاکە / خراپە -یە، کە لە رێگای بەزەیی و خۆشەویستی و تۆڵەو خولیاوە گوزارشتی لێ دەکرێت. هێڵی سەرەکی رۆمانەکە قسەکردنە لەبارەی چیرۆکی خۆشەویستی نێوان دوو کەسێتی سەرەکی رۆمانەکە کە ئەوانیش هیسکلیف و کاترین-ن.
لەم رۆمانەدا، رووداوەکان لە نێوان دوو شوێنی سەرکیدا روودەدەن، کە ئەوانیش یەکەمیان بەزاییەکانی وەزەرینگە، کە ناوچەیەکە لە یۆرکشیر، دووەمیان سراشکرۆس گرینجە کە ماڵێکی گەوەرەیە لە دەوروبەری بەرزاییەکان، واتە ئەویش لە هەمان جوگرافیادایە. رۆمانەکە زیاتر لە سەر زمانی بەخێوکەر یان پەروەردەکارێکەوە دەگێڕرێتەوە. کاترین و هیسکلیف یەکترییان خۆش دەوێت، بەڵام دواجار کاترین هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن دەکات لەبەر دەوڵەمندییەکەی، بەڵام سەباری ئەو هاوسەرگیریەش، هێشتا خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر بەردەوام دەبێت. هیسکلیف بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیدگار لینتن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزابیلای خوشکی ئیدگاردا دەکات. ئەمە کورتەی رۆمانەکەیە.
هەروەک هەندێ لە رەخنەگرانی ئەم رۆمانە بەراوردێکی گرنگ لە نێوان بەرزاییەکانی وەزەرینگ و سروشکرۆس گرینجدا دەکەن، کە یەکەمیان وەکو سروشت و چۆڵەوانی نمایش دەکرێت، دووەمیشیان وەکو نموونەی شارو شارستانی و شوێنێک بە کەلتوری شارەوە نمایش دەکرێت. کاترین و هیسکلیف پەروەردەی بەرزاییەکانی وەزەرینگن، بەڵام کاترین ماوەیەک لە سروشکرۆس دەمێنێتەوەو گۆڕانکاری بەسەر رەفتارو بۆچوونیدا دێت. دوای مانەوەی بۆ ماوەی ماوەیەک لە سرۆشکرۆس، کاترین کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکان وەکو خانمێک خۆی نمایش دەکات و رەفتار دەکات، هەرچەندە هەستی بۆ هیسکلیف ناگۆڕێت، بەڵام عەقڵی شتێکی تر دەڵێت و روانینی بۆ خۆشەویستەکەی دەگۆڕێت و وەها سەیری هیسکلیف دەکات، کە رەش و وشک و مایەی گاڵتەجاڕی و پەستی بێت و دەگاتە ئەوەی کە شووکردنی بە هیسکلیف روخان و هەرەسە بۆ ئەو، بۆیە شوودەکات بە ئیدگار لینتن. لە راستیدا ئیدگار لینتن یەکلایەنە عاشقی کاترینە، بەڵام کاترین هیچ هەستێکی بۆ ئەو نییە. کاترین دوای هاوسەرگیرییەکەی، لەناخیدا پەشیمانەو بەردەوام خەیاڵی لای خۆشەیستی یەکەمیەتی. کەواتە با چاوەڕوان بکەین و بزانین دوای شیکردنەوەی بنیادی پێکهێنەرانەی دەقەکەی نەزەند بەگیخانی، چ پەیوەندییەک لە نێوان بەرزاییەکانی ئەزمڕ و بەرزاییەکانی وەزەرینکدا هەیەو ئەم دوو شوێنە وەکو کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکە چ رۆڵێک لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەو پرسیارو جیهانبینی دەقەکەدا دەبینن. هەروەها با چاوەڕوان بکەین بزانین شوێن و پێگەی هەریەکە لە کاترین و هیسکلیف و ئەمی قسەکەر لە ژێر ماسکی کاترینداو ئەوی نادیار لەژێر ماسکی هیسکلیفدا چیەو چۆنە.
ئایا لێکچوون لە نێوان قسەکەری دەقەکەو کەسێتی کاترینی رۆمانەکەدا هەیە؟ ئایا دەشێت هەمان جۆر لە عەشق لە رۆمانەکەو لە دەقە شیعرییەکەدا هەبێت؟ واتە عەشقی قسەکەری شیعرەکەو ئەو کەسەی دەقەکەی پێشکەشکراوە، هاوشێوەی عەشقی کاترین و هیسکلیف بێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی کاترین شوودەکات بە ئیدگار لینتن، بەڵام خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر بەردەوام دەبێت؟ یان دەشێ بە ئامرازکردنی بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکانی ئەزمڕ وەکو کەرەستەیەک بێت بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک بۆ دروستکردنی دووانەیەک کە ئەویش دووانەی رۆژئاوا / رۆژهەڵاتەو لەوێشەوە قسەکەدن لەسەر دوو جوگرافیا، دوو کەلتوور، دوو عەقڵ و لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە دوو کۆمەڵگا بێتە ئاراوە، کۆمەڵگای شارستانی ئەوەروپاو کۆمەڵگای سەرەتایی و دواکەوتووی رۆژهەڵاتی، یان ناوەندو کەنار، یان شارستانێتی و سروشت. بەهەرحاڵ لێرەدا قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بەجێدەهێڵین و هەوڵدەدەین لە میانەی شیکردنەوەی دەقەکەوە خوێنەر وەڵامی ئەو پرسیارانە بدۆزێتەوە کە دەشێ ئەم پێشەکیە دروستیان بکات، یان بەرزیان بکاتەوە. هەروەک دەمانەوێت لێرەشەوە ئاماژەیەک بۆ ئەوە بکەین و بپرسین ئایا دەشێت درووستکردنی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا زیاتر بۆ گێرانەوەو نیشاندانی دابەشبوونی کەسێتی ئامادەی نێو جوگرافیای دەقەکە بێت واتە ” من ” کە لە نێوان دوو کەلتووردا، یان لە نێوان زێدو تاراوگەدا دابەش بووە؟ لە دەستپیکی دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / کاترین / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە / دەدەمە شەقەی باڵ / لە لووتکە نەسرەوتەکانی ئەزمڕ / لە باوەشی هیسکلیف ئارام دەگرم./
لە دەستپێکی دەقەکەدا قسەکەر خۆی دەناسێنێت و بە ئێمەی خوێنەر دەڵێت ئەو خانمە عاشقەکەی بەرزاییەکانی وەزەرینگە، لەوێوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ بۆ ئەوەی لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا کە هیسکلیفە ئارام بگرێت. هەرخۆیشی دووبارەی دەکاتەوە کە ئەم رۆحیانەتی ئەو ژنە عاشقەیە. واتە لێرەدا زیاتر ئاماژەیەکی بەگشتیکردن خۆی نمایش دەکات، کە دەشێ رۆحی هەر ژنە عاشقێک بێت، بەڵام دیارە لە روانگەی ئەمەوە کاترین نموونەی بەرزو باڵای ژنی عاشقە. لێرەدا ئەم کاترینی کردووە بە هۆکارێک یان بە ماسک هەتا لە پشتی ئەوەوە باسی خۆی بکات. هەروەک هیسکلیف-ی وەکو ماسکێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەوی خۆشەویست لە پشتیەوە بشارێتەوە. ئەم کاترین و هیسکلیف لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دەگوازێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، بەو ئامانجەی لە پشتی ئەوانەوە باسی خۆی و خۆشەویستەکەی بکات، یان باسی پەرتبوونی خۆی بکات. ئەمەش بارێکی ئاساییە لە ئەدەبدا بە گشتی، کە لەبری دواندنی راستەوخۆ دەشێ لەپشتی دەمامکەوە- ماسک- گوزارشتی زۆر شت بکرێت کە ئەم تەکنیکەش بەشداری دەکات لەبەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەدا و جوانیەکی هونەری زیاتری پێدەبەخشێت.
لەم چوونە ناوەوەی دەقەکەدا کەسێک دەبینرێت نیگەران و پەرۆشەو ئەوەش لەبارێکی ناجێگیردا نیشانی دەدات. هۆکاری ئەو نیگەرانیەی تیایدایە دووریە لە خۆشەویستەکەیەوە. بێگومان ئەوە بەڵگەنەویستە کە مرۆڤی نیگەران و پەرۆش و شلۆق لەباری دەروونی و رۆحیەوە بەدوای ئارامگرتندا دەگەڕێت. ئەوەش تەنیا لە رێگای چارەسەری هۆکارەکانی دروستکردنی ئەو بارە نیگەرانیەوە دەبێت. ئەم رۆحی ژنێکی عاشقە. کەواتە ئەم تەنیا لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا ئارام دەگرێت. بۆیە ئەو ئارامیە لە هەر شوێنێک دەستبکەوێت بەدوایدا دەچێت. لەراستیدا عەشق سنوور ناناسێت. ئەمەش وای لێ دەکات لەوێوە لە شەقەی باڵ بدات و لەسەر ئەزمڕ لە باوەشی خۆشەویستەکەیدا بنیشێتەوە، چونکە تەنیا لەوێدا ئارام دەگرێت. لێرەدا ئەم خۆی دەچوێنێت بە کاترین و خۆشەویستەکەیشی بە هیسکلیف. پرسیار ئەوەیە ئایا لە روانگەی ئەمەوە خۆشەویستی ئەم دووانە بەرزترین و جوانترین نموونەی خۆشەویستی و عەشقە یان دەشێ هۆکاری تر لە پشتی ئەم لێكچواندنەوە هەبێت؟ یان شاعیر ویستوویەتی لەو نموونە دیارو باوانەی کە بۆ بەرزی و باڵایی و جوانی عەشق دەهێنرێنەوە لابدات. بۆنموونە لە شیعری کوردیدا بۆ نموونەی باڵای عەشق مەم و زین، خەج و سیامەند و لاس و خەزاڵ و شیرین و فەرهادو…دەهێنرێنەوە. نموونەی دیار لە ئەدەبی جیهانیشدا بۆ عەشق رۆمیۆو جولێت و لەیلاو مەجنون و چەندان نموونەی ترن.
شاعیر دەڵێت:
من وەرزێکم پڕ لە زریکەی زریان / لە زەمەنێکی ناوەخت هەڵمکرد / لەسەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ/ من هەورە تریشقەم دەشریخێنم / من دەمێکە لە ناخی ئەم خاکە یەخسیرە هەڵکشاوم / چەشنی بروسکە / بەرەو بەرزاییەکانی وەزەرینگ / پانتایی عەشقێکی پڕ لە گێژاو./
ئەم خۆی بە کات دەچووێنێت، ئەو کاتەش وەرزێکی ساڵە، بەڵام کام وەرزە لە چوار وەرزەکەی ساڵ؟ ئەم ئەوە دیاری ناکات، بەڵام خاسێتی تایبەتی ئەو وەرزە دیاری دەکات، کە وەرزێکی زریاناویە، زریانێک کە زریکەی دێت. لێرەدا لە ئاستێکی قوڵتردا لێکچوونێک لە نێوان خۆی و بەرزاییەکانی وەزەرینگدا دروست دەکات لە کاتێکدا وەزەرینگ لە لای دانیشتوانەکەی بە مانای زریان دێت. بەڵام ئایا ئەم لێکچوونە هیچ بەشدارییەک دەکات لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی گستی دەقەکەدا؟ ئەمەش لێرەدا بە کراوەیی بەجێدەهێڵین تا دەقەکە خۆی وەڵامی بداتەوە. ئەم خۆی دەچووێنێت بە وەرز، بەڵام وەرزێکی پڕ لە زریان. فرمانی ” هەڵمکرد”، ئەو کاتە نیشان دەدات و دیاری دەکات کە زریانەکە دەستی پێکردووە، واتە ئەو کاتەی کە ئەم دێت. ئەوەش بە کاتێکی ناوەخت، واتە بە کاتێکی نەگونجاو و نالەبار وەسف دەکات. ئەم لەم کاتە ناجۆرەدا دێت و لەسەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ هەڵدەکات. بەرزاییەکانی ئەزمڕیش شوێنێکی ئاسایی نین، هەربۆیە ئەو بە شوێنێکی نیگەران باسیان دەکات، واتە ناجێگیر و شلۆق و شڵەژاو. بێگومان لە رووی سروشتیەوە بەرزاییەکانی ئەزمر وەکو کانگای رەشەبا وایە، لەوێ زۆر کات رەشەبا نرکەی دێت. هەرچۆن وەزەرینگ لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە بە هاوواتای زریان دادەنرێت، دەشیا ئەزمڕیش وەکو هاوواتای رەشەبا سەیر بکرایە، یان ناو ببرایە. هەرچەندە لە لای دانیشتوانی سلێمانی ناوی ئەزمڕو رەشەبا نزیکیان هەیە. لێرەشەوە جۆرێک لە لێکچوون لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دروست دەبێت. لەوێ دوو عاشق و لێرەش دوو عاشق هەن. ئێمە دەمانەوێت رووە لێکچووەکانی ئەم دوو جووتە عاشقە ئاشکرا بکەین. لەوێ کاترین و هیسکلیف هەن، لێرەش ئەم و ئەو کەسەی شیعرەکەی پێشکەش دەکرێت.
ئەم سەرنجمان بۆ مێژووی رابردووی خۆی رادەکێشێت و پێمان دەڵێت لە کوێوە هاتووە. لە راستیدا لە دەستپێکی دەقەکەدا رەنگە خوێنەر وا تێبگات کە ئەم کەسێکەو لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە هاتووە بۆ سەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ. بەڵام دواتر رایدەگەیەنێت ئەم وەکو وەرزێکی زریاناوی لە کاتێکی نەگونجاودا لە گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ هەڵیکردووە. کەواتە شوێنی یەکەمی ئەم بەرزاییەکانی ئەزمڕە، کە ناوچەیەکی رووت و پڕ لە رەشەبای کوردستان و رۆژهەڵاتە. لە کاتێکدا شوێنی دووەم بەرزاییەکانی وەزەرینگە، ناوچەیەکی یۆرکشیرە لە بەریتانیا و لە رۆژئاوا. ئەم لەسەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ هەورە تریشقەیەو دەشریخێنێت. ئایا ئەم ئێستا کە گەڕاوەتەوەو دەیەوێت لە باوەشی هیسکلیفدا ئارام بگرێت، هەورە تریشقەیەو دەشریخێنێت، یان پێشتر، پێش ئەوەی لەم خاکە یەخسیرە هەڵبکشێت دەیشریخاند؟ بێگومان لە رووی بەراوردی دۆخەکەوە، ئەوێک ئێستا لەوێوە گەڕابێتەوە بۆ باوەشێ خۆشەویستەکەی، ئایا دەشێت وەکو هەورە تریشقە گەڕابێتەوەو باوەشی خۆشەویستەکەی لە پێشوازیدا بێت و ئەمیش بتوانێت تیایدا ئارامبگرێت؟ ئاشکرایە هەورە تریشقەو شریخاندن خاسێتی فەزایەکی تووندو تیژی وەکو زریانن و هیچ ئاماژەیەک بۆ رەخساندنی زەمینەی ئارامگرتن پێشکەش ناکەن. ئەم لێرە بووە، بەڵام وەکو ئاماژەی بۆ دەکات دەمێکە هەڵکشاوەو ئێرەی بەجێهێشتووە. ئەم وەسفی ئێرە وەکو خاکی یەخسیر دەکات. ئەمەش سێ لێکدانەوە هەڵدەگرێت. یەکەمیان ئەزمڕ وەکو بەشێک یان نموونەی زێدو نیشتیمانی ئەو کە تاکو ئیستاش بەدەست نەبوونی ئازادی و سەربەخۆییەوە دەناڵێنێت، خاکی یەخسیر بەتەواوی لەگەڵ ئەم لێکدانەوەیەدا دەگونجێت. دووەمیان و بە ئاستێکی لاوازتر دەشێ خاکی یەخسیر مەبەست لە سەزەمینی ئێرەو هەموو رۆژهەڵات بێت کە هیچ ئازادییەکی تاکەکەسی تیادا فەراهەم نەکراوەو مرۆڤ لە رووی ئازادیە کەسیەکانەوە لەم جوگرافیایەدا وەکو دیل و دەستبەسەر وایە، واتە لەم روانگەیەوە رۆژهەڵات جۆرێکە لە زیندان. هەروەها خاکی یەخسیر کە مەبەست ئێرەیە پەیوەست بە ئەوی شاعیر وەکو ژن، دیسان ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە سەرباری ئەوەی لە رووی ئیتنیکی و لە رووی ئازادی تاکەکەسیەوە وەکو یەخسیر وایە، دیسان وەکو ژنیش دیسان یەخسیرەو ئازادییەکانی پێشێل دەکرێت. ئەم وەکو بروسکە لەم زیندانە خنکێنەرە هەڵدێت و بەرەو بەرزاییەکانی وەزەرینگ دەفڕێت، کە ئەوێ زەمینەی ئازادیە کەسیەکانە و ئەم بە زەمینەی عەشقێکی پڕ لە گێژاو باسی دەکات. بێگومان ئەم بۆچوونەی ئەم لەسەر بنەمای روانین بۆ خۆشەویستی نێوان کاترین و هیسکلیف بنیادنراوە، کە خۆشەویستیەکی ناهاوسەنگەو سەرئەنجام دەبێت بەهۆی وێرانکردنی هەردووکیان و کەسانی تری دەوروپشتیان لەگەڵیاندا وێران دەبن. هەرچۆن گێژاوی دەریا، یان ئاو دەبێتە هۆی قووتدان و لەناوبردن و وێرانکردن.
ئەم لە خاکی یەخسیرەوە دەفڕێت بۆ خاکی خۆشەویستی پڕ لە گێژاو. خاکی یەخسیر لە ئاستی قوڵدا دەلالەتی سەرەتاییبوون هەڵدەگرێت، هەروەک پانتایی عەشقی پڕ لە گێژاو دەشێت دەلالەتی شارستانێتی و هەموو فشارو کێشەو گرفتە ئاڵۆزەکانی هەڵبگرێت، کە سەرباری جوانکردنی بە رووکەشی عەشق بەڵام لەناوەوەڕا جیهانێکی ئاڵۆزو پڕ لە کێشەو گێژاو بێت. ئەم کە ئێستا لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە گەڕاوەتەوە بۆ سەر گردە نیگەرانەکانی ئەزمڕ بە ئومێدی حەوانەوە لە باوەشی ئارامی خۆشەویستەکەیدا، پێشتر لەم خاکی یەخسیرەوە هەڵکشا بەرەو ئەوێ. دەشێت پێشتر وەها سەیری ئەوێی کردبێت کە گەیشتن بەوێ بەدەستهێنانی ئازادیە و دەربازبوونە لە خاکی یەخسیر. ئێستا لەوێی پڕ لە گێژاودا، لە شەقەی باڵ دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە بەو هیوایەی ئارام بگرێت. واتە ئێستا لە نێوانی دووانەی ئێرەو ئەوێدا ئەم هەر دەمەو یەکێکیان وەردەگرێت، یان هەڵدەبژێرێت. ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە هەریەکە لەم دوو جەمسەرە خاسێتی گونجاو و خاسێتی نەگونجاویان هەیە بۆ ئەم، یان لە روانگەی ئەمەوە.
لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / زارۆکێکی زیتەڵ / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگ / لە وەرزێکی تۆفانەوە دێم و/ لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ / گوێ لە حەیرانی ئەو خاکە دەگرم / وەک بوومەلەرزە / من رادەچڵەکێم / جەستەی چیا بە قودرەتی تاسەی من دەجووڵێ / تۆ کڕوزانەوەی دڵی ئەم بەردانە نابیستی؟ / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / من ئەوم / لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێم / دەستی هیسکلیف دەگرم و/ پەنجەرەیەک دەکەمەوە کە / کە دەمێکە لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخراوە./
ئەم جارێکی تر دڵنیایی دەداتەوە لەوەی کە ئەو کەسەی دێت ئەوە کاترینە، یان رۆحی ئەو خانمە عاشقەیە کە لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ. ئامانجە سەرکیەکەی ئاشکرایەو بۆ ئەوە دێت لە باوەشی هیسکلیفدا ئارام بگرێت. ئەم رۆحی کاترینە کە کاترین نموونەیە بۆ هەر عەشقێکی لەمجۆرەی ئەم. بێگومان لەبەرامبەردا هیسکلیف دەبێتە نموونەی هەر عاشقێکی لەوجۆرەی دڵدارەکەی ئەم. ئەم دیسان خۆی لە رێگای لێکچوواندنەوە پێشکەش دەکات، کە ئەوەش زیاتر بۆ دەرخستنی شوناسی خۆیەتی. ئەم ئێستا خۆی دەچوێنێت بە زارۆکێکی زیتەڵ و لە وەرزێکی تۆفاندا دێت. پێشتر ئەم خۆی دەچواند بە هەورە تریشقە. واتە لە جاری یەکەمدا خاسێتی دیاردەیەکی سروشتیی بەخۆی دەبەخشێت، بەڵام لەجاری دەەومدا وەکو زارۆک خۆی پێشکەش دەکات، کە ئەمەش گواستنەوەیە لە شتەوە بۆ مرۆڤ، کە ئەمەش سەرباری بەهاداری و جوانی رەگەزەکانی سروشت، بەڵام هەنگاوێکی گواستنەوەیە لە شتەوە بۆ مرۆڤ، کە ئاشکرایە هەمیشە بەهای مرۆڤ لە سەرووی هەموو بەهاکانی ترەوەیە. ئەم کە وەکو مرۆڤ دێت بەپێویست دەبێت هەڵگری خاسێتەکانی مرۆڤیش بێت، کە لێرەدا گوێ لە حەیرانی خاک دەگرێت، بەڵام کام خاک؟ بێگومان خاکی بەرزاییەکانی ئەزمڕ، چونکە ئاشکرایە حەیران بەرهەمی ئەو سەرزەمینەیە، کە ئەزمڕ بەشێکە لێی. ئەو گوێگرتنەش دەبێتە هۆی راچڵەکینی. کەواتە دەشێت بگوترێت لە ئەنجامی ئەو ئاشناییەی رۆحی ئەم بە دەنگی ئەم خاکە هەیەتی، کە لێرەدا حەیران بەرجەستەی ئەو دەنگە دەکات، ئەم لە ناخی خۆیدا رادەچڵەکێت. دەشێت هۆکارەکەشی پەرۆشی و تاسەی ئەم بێت بۆ بیستنی ئەو دەنگە کە لە یادەوەری ئەمدا ئامادەیەو وەکو رەگەزێک لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی ئەمدا ئەگەر دەنگیشی نەبێت، بەڵام بە بێدەنگی دەژی. ئەم پەرۆشی و تاسەیەی ئەم چی بۆ ئەو دەنگەو چی بۆ باوەشی ئارامی خۆشەویستەکەی هێند بەهێزە چیا دەجوڵێنیت. کاتێ چیا دەجوڵێت لەوە دەچێت بەردەکان بکڕووزێنەوە، رەنگی گیا ببڕسكێت، واتە بەردەکان دەنگیان لێ بەرزدەبێتەوە، رەنگی گیا دەگۆڕێت. ئەم لە خۆشەویستەکەی دەپرسێت ئایا ئەو دەنگی کڕووزانەوەی بەردەکانی چیا نابیستێت، یان هەڵبڕسکانی رەنگی گیای چیاکە نابینێ، کە تاسەی ئەم خستوونێتیە جوڵەو گۆڕیوونی.
ئەم دیسان پێداگری دەکاتەوە کە رۆحیانەتی ژنێکی عاشقەو ئەویش ناسراوە کە کاترینەو لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێت بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ بۆ ئەوەی دەستی هیسکلیفی خۆی بگرێت. بەڵام ئامانجەکەی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەیەوێت لەپاڵ ئەوەدا پەنجەرەیەک بکاتەوە. ئەو پەنجەرەیەش لەسەر زمانی ئەوەوە لە مێژە لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخراوە. لێرەوە ئەو پرسیارە سەرەکیەی کە دەقەکە بەدوایەوەیە کەمێک ئاشکراتر دەبێت، کە ئەویش ناوهێنانی رۆژهەڵاتە. ئەم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕەوە کە هیسکلیفی خۆی لەوێیە، دەست لەناو دەستی ئەو دەیەوێت پەنجەرەیەک بخاتە سەرپشت، کە حەسرەتەکانی ئێرە لێیەوە دەربکەون، نمایش بکرێن، ببینرێن. رەنگە ئەو پرسیارەش سەرهەڵبدات: مەبەست لە حەسرەتەکانی رۆژهەڵات چییە؟ بێگومان ئەوەی مرۆڤی ئێرە دەیخوازێت و ئارەزووی دەکات و دەیەوێت و ناتوانێت جێبەجێی بکات و دەستی پێی ناگات و بۆی رامناکرێت و سەرئەنجام ئاخ و ئۆف و داخی بۆ هەڵدەکێشێت، بریتین لە حەسرەتەکانی رۆژهەڵات. لە پشتی ئەم بۆچوونەوە، ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە رۆژهەڵات زەمینەی کپ کردن و سەرکوتکردن و چەپاندنی کۆی ئازادیە تاکەکەسییەکانە. لەبەرامبەردا ئەوێ، واتە رۆژئاوا کە ئەم لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ئەم پەنجەرەیە لێرە، لەوێ ئازادیە تاکەکەسیەکان کە بنەمان بۆ دروستبوونی تاکەکەسی خاوەن شوناس نە دەرگاو نە پەنجەرەیان لەسەر دانەخراوەو لە راستیدا لە کاتێکدا لێرە نەک هەر ئازادی جەستە بەڵکو کۆی ئازادیە فیکری و ئایینی و نەریتی …کان حەرامن، لەوێ ئازادییەکان تا ئەو سنوورە دەڕۆن کە نەبنە هۆی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ئەوانی تر. ئەمەش جیاوازیەکی ئاشکرای ئەم زەمینەیە کە بەرزاییەکانی ئەزمڕ دەینوێنێت لەبەرامبەر ئەو زەمینەی ئەوێدا کە بەرزاییەکانی وەزەرینگ نوێنەرایەتی دەکات.
من ئەوم / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە فەزای نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕ / دەدەمە شەقەی باڵ / من بە فڕین ئاماژەکانی نێوان پێکنەگەیشتنی ئەو دوو تەنە دەنووسمەوە / تەنێ نووری رۆژهەڵات و/ تەنی فزوولیەتی رۆژئاوا/.
ئەم وەکو رۆحیانەتی ژنێکی عاشق لە فەزای فراوان و ماوە درێژی نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دەفڕێت. پێشتر ئامانجی فڕینی لەوێوە بۆ ئێرە نیشتنەوە بوو لە باوەشی هیسکلیفدا، ئەویش بۆ ئارام بوونەوەو هەروەها بۆ ئەوەی دەستی ئەو بگرێت و پەنجەرەیەک بەسەر بەدبەختیەکانی رۆژهەڵاتدا بکاتەوە. بەڵام ئەمجارەیان ئامانجێکی تر لە پشتی فڕینی ئەمەوەیە. ئەویش ئەوەیە کە ئەم دەیەوێت بە فڕین ئاو ئاماژانە بنووسێتەوە کە نیشانی دەدەن ئەم دوو تەنە بەیەکتر ناگەن. مەبەست لەو دوو تەنە چییە؟ ئایا خۆی و خۆشەویستەکەیەتی، کە لەژێر دەمامکی کاترین و هیسکلیفدا خۆیان حەشارداوە؟ یان مەبەست بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکانی ئەزمڕە کە هەرچۆن لە رووی جوگرافیەوە هەرگیز بەیەکتر ناگەن، لە رووی هیچ تایبەتمەندییەکی تریشەوە بەیەکتر ناگەن، کە یەکەمیان نوێنەرایەتی رۆژئاواو دووەمیان نوێنەرایەتی رۆژهەڵات دەکات؟
ئەگەر مەبەست خۆی و خۆشەویستەکەی بێت، ئەم بە فڕین نیشانی دەدات، کە ئەم دووانە هەرگیز بەیەکتر ناگەن، هەرچۆن کاترین و هیسکلیف سەرباری ئەوەی عەشقی یەکتربوون، بەڵام بەیەکتر نەگەیشتن و سەرئەنجام عەشقەکەیان لەبری ئەوەی بیانکاتە یەک و هەموو دیوارەکانی نێوانیان بڕوخێنێت، خۆیان و کەسانی تری دەوروبەریشیانی روخاند. ئەمیش ئەگەر پێش ئەوەی ئەم خاکی یەخسیرەی بەجێهێشتبێت، عاشق بووبێت و بە مەبەستی گەیشتن بەوێ خۆشەویستەکەی بەجێهێشتبێت، هەرچۆن کاترین لە پێناوی سامان و پێگەدا خۆیی لێ گۆڕاو هیسکلیفی لە ئاستی خۆیدا نەبینی و بەجێیهێشت و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن کرد، یان ئەم بە ئامانجی گەیشتن بە رۆژئاوا ئێرەی زێدی خۆیی بەجێهێشتبێت، کە بایەخی ئێرە بۆ ئەم لەراستیدا لە بایەخی هیسکلیف بۆ کاترین کەمتر نییە، واتە ئێرە بۆ ئەم هاوشێوەی هیسکلیفە بۆ کاترین. ئەم بە فڕین ئاماژەکانی بەیەکترنەگەیشتن دەنووسێتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئومێدێک بۆ بەیەکتر گەیشتنیان نەماوە. فڕین لە ئاسمان، یان لە بۆشایدا ئەنجام دەدرێت، واتە لە فەزای نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا، کە ئەگەری بەیەکترگەیشتن لەو فەزایەدا ئەستەمە. بەڵام شوناسی ئەو دوو تەنە لە دەربڕینی ئەمدا تەواو ئاشکرا دەبێت کە بریتین لە نووری رۆژهەڵات و فزوولیەتی رۆژئاوا. مەبەست لە نووری رۆژهەڵات، نوورو پرتەوی رۆحی رۆژهەڵاتیە. رۆژهەڵات بە جیهانی رۆح و ئیشراقاتی رۆح و خەیاڵ ئەندێشەو سروشت و رۆمانسیەت و هارمۆنیاو گونجاندن و ئازادی سادەی نێو سروشت دەناسرێت، لەکاتێکدا رۆژئاوا جیهانی مادیەت و زانست و پیشەسازی و تەکنۆلۆجیاو عەقڵ و بیرکردنەوەیە. فزوولیەتی رۆژئاوا، فزوولیەتی گەڕانە بە دوای زانستدا، بەداوی دۆزینەوەو ئاشکراکردندا، بەدوای بەرهەمهێنان و بنیادناندا، بە دوای دەسەڵات و هەژموون و باڵادەستبووندا.
لێرەدا رۆژهەڵات / رۆژئاوا وەکو دووانەیەکی بەرامبەر بەیەکتر دەردەکەون هەریەکە بە خاسێت و سیفات و بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە. بەڵام ئاشکرایە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا هاوتایی یان یەکسانی نییە. رۆژئاوا وەکو ناوەند، هێز، دەسەڵات، هەژموون، عەقڵ، بیرکردنەوە، شارستانێتی باڵادەستترە بەسەر رۆژهەڵاتی کەنار، بێ هێز، بێ دەسەڵات، هەژموون بەسەردا کراو، خەیاڵ، ئەندێشە، سروشت و سەرەتاییبووندا. ئەم دوو جەمسەرە نایەکسانە بەیەک ناگەن. ئەم بە فڕین ئاماژەکانی ئەم بەیەکتر نەگەیشتنە دەنووسێتەوە. کەواتە هەرچۆن فەزای، یان ماوەی نێوان بەرزاییەکانی وەزەرینگ و بەرزاییەکان ئەزمڕ فەزایەکی فراوان و ماوەیەکی درێژەو ئەم دوو شوێنە بەیەکتر ناگەن، بەهەمان شێوە رۆژهەڵات و رۆژئاواش بەیەکتر ناگەن. کە لە راستیدا بەیەکترگەیشتن لە ئاستی قوڵدا دەلالەتی هاوتایی یان یەکسانی هەڵدەگرێت. رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە هیچ بنەمایەکی هاوتایی یان یەکسانی لە نێوانیاندا نیە، ئەگەری بەیەکتر گەیشتنیان زۆر لاوازە.
ئەی چی دەربارەی بەیەکتر گەیشتنی ئەم کە خۆی لە کەسێتی کاتریندا بەرجەستە دەکات و ئەوی خۆشەویستی کە لە کەسێتی هیسکلیفدا بەرجەستە دەکرێت؟ ئایا دەشێت کاترین و هیسکلیف بە رۆژئاواو رۆژهەڵات بچوێنرێن؟ لەو روانگەیەوە کە کاترین سەگ پەلاماری دەدات و بۆ ماوەی پێنج هەفتە لە سروشکرۆس دەمێنێتەوە، کە بەراورد بە بەرزاییەکانی وەزەرینگ ئەوێ شوێنێکی شارستانی ترە. ئەم خانووە نموونەی ماڵێکی داخراوی دیکۆر کراوی پارێزراوە لە لایەن خزمەتکارو سەگی پاسەوانی و بە ئەتەکێت و داب و نەریتی شارییانە دەڕوات بەڕێوە، لە کاتێکدا بەرزاییەکانی وەزەرینگ سروشت و هارمۆنیای سروشت و سادەیی دەنوێنێت. کاترین دوای ئەو پێنج هەفتەیەی لەوێ دەمێنێتەوە گۆڕانکاری بەسەر رەفتاریدا دێت و خۆی وەکو خانمێکی شاریی دەردەخات و وەکو لادێیەکی رەشۆکی و رەق و پەست و مایەی گاڵتەپێکردن سەیری هیسکلیف دەکات. لەم روانگەیەوە کاترین دەبێتە هەڵگری کەلتوری شارو خۆشەویستەکەی هەڵگری کەلتوری سروشت، یان سەرەتایی و لادێ، کە ئەوەی یەکەمیان رۆژئاوا دەنوێنێت و ئەمی دووەمیان رۆژهەڵات. لەبەر ئەوە سەرباری خۆشەویستی ناتوانن هاوسەرگیری بکەن. ئەم وێنەی کاترینە، واتە رۆژئاوایە و خۆشەویستەکەی وێنەی هیسکلیفە، واتە رۆژهەڵاتەو ئەگەری ئەوە ناکرێت بەیەک بگەن. ئەم ئێستا بە فڕین نیشانەکانی ئەم بەیەکتر نەگەیشتنانە دەنووسێتەوە، کە بریتین لە بەیەکنەگەیشتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەیەکنەگەیشتنی ئێرەو ئەوێ، بەیەکنەگەیشتنی کاترین و هیسکلیف و بەیەکنەگەیشتنی خۆی و خۆشەویستەکەی، ئەوکەسەی ئەم دەقە شیعرییەی پێشکەش دەکات.

شاعیر دەڵێت:
من ئەوم / ئەوەتا دەستەکانم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ سەوز بوون / لەوێ من پێشوازی لە هیسکلیف دەکەم/ پەنجەکانم وەک مۆم دادەگیرسێن / تەماشام نیگای خۆڵ رۆشن دەکاتەوە / من تارمایی عاشقێکم / لە نێوان دوو پانتایی / گوزەر دەکەم/ لە سپێدەکانی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێم / لەبەر دەرگای خوداکان / دەبمە درەختێک لە تیشک / لە رۆژئاواش / لەناو ژووری خەڵوەت / لە پشت هەنگاوە هەمیشەییەکانی تەنهایی / من بەخۆم دەگەم /.
جارێکی تر ئەم رایدەگەیەنێت کە کاترینی خۆشەویستی هیسکلیفە، لە جیاتی ئەوەی لە بەرزاییەکانی وەزەرینک پێشوازی لە هیسکلیف بکات، لە بەرزاییەکانی ئەزمر پێشوازی لێ دەکات. ئەم پێشتر هیسکلیفی بەجێهێشت و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیدگار لینتن کرد. بەڵام خۆشەویستیەکەی بۆ هیسکلیف هەر کۆتایی نەهات، بۆیە ئێستا بەجۆرێک لە پەشیمانیەوە دەگەڕێتەوە بۆ عەشقە کۆنەکەی و بە خۆشیەوە چاوەڕوانی ئەوەیە پێشوازی لە دڵدارەکەی بکات. ئایا ئەوی خۆشەویستی لەدڵدا زیندوو، کە ئەم دەقە شیعریەکەی پێشکەش کردووە دێت، یان بەو پێشوازیە رازی دەبێت و ئامادەیە باوەشی بکاتەوە هەتا ئەم تیایدا ئارام بگرێت؟ ئەم باسی پەرۆشی خۆی بۆ گەیشتنەوە بە خۆشەویستەکەی دەکات و باسی ئەو بارە ناسەقامگیرەش دەکات کە لە نێوان ئەوێ و ئێرەدا تیایدایە و وەکو تارمایی عەشقێک بەردەوام دێت و دەچێت. واتە باسی ئەو دابەشبوونە دەکات کە ئەم لە نێوان ئەوێ و ئێرەدا واتە لە نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتدا، یان لە نێوان هیسکلیف و ئیدگار لینتندا دابەشبووە.
لە راستیدا دابەشبوونی ئەم یان گوزەرکردنی ئەم کە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادایە لەسەر بنەمای جیاوازی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا دروستبووە. ئەم لە سپێدەکانی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، واتە بەپێی ئەو کاتەی دیاری دەکات، واتە سپێدەکانی رۆژهەڵات، ئەم خۆرە، هەرچەند پێشتر وەکو عاشق و وەکو تارمایی عاشقێک خۆی پێشکەش کرد. ئێستا چاوەڕوانی ئەوە لە خۆر یان لە تیشکی هەتاو دەکرێت کە بگاتە رۆژئاواو گۆڕانکاری لە سروشتی جوگرافی، یان کەشوهەوادا رووبدات، بەڵام تیشکی ئەم خۆرە ناگاتە رۆژئاوا، بەڵکو لەبەردەم دەرگای خواکاندا دەبێتە درەختێک لە تیشک. ئەو خودایانەی ئەم باسیان دەکات خوداکانی رۆژهەڵاتن، چونکە ئەم لە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوادا، هێشتا لە جەمسەری رۆژهەڵاتە. ئەم لەبەر دەرگای خوداکان دەبێتە درەختێک لە تیشک. لە راستیدا ئەوە رۆژهەڵاتە وەکو سروشت هێشتا وەکو جیهانی میسۆلۆجیاو رۆح سەیر دەکرێت و و دنیای ئایینە جۆراوجۆرە ئاسمانی و ئەرزیەکانەو بەو پێیەش جیهانی فرە خوداییە. هەروەک دەشیت خوداکان وەکو دالێک هەڵگری دەلاتی ئیمپراتۆرو دیکتاتۆرو تاکە دەسەڵاتدارە بە ژمارە زۆرەکان و ئایین و ئایدیۆلۆجیا داخراوەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت نەریت و کەلتوری داخراوی رۆژهەڵات بن، کە هەریەکە لە سنووری قەڵەمرەوی خۆیدا دەسەڵاتی رەهای خوایانەی هەیەو هەر ئەم خودا جۆراو جۆرانەن دەرگاو پەنجەرەیان لەسەر حەسرەتەکانی رۆژهەڵات داخستووەو، ئەم لەوێوە لە رۆژئاواوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە بۆ ئەوەی پەنجەرەیەک لەسەر ئەو هەموو حەسرەتانە بکاتەوە. ئەم لێرە لەبەردەم دەرگای خوداکاندا دەبێتە درەختێک لە تیشک. ئایا بەرهەمی درەختی تیشک چی دەبێت؟ ئایا دەشێت ئەو عەقڵ و بیرکردنەوە تاریکانە روون بکاتەوە کە بەرهەمی خوداکانی رۆژهەڵاتن؟ یان دەشێت ببێتە مەشخەڵی رووناکیەکی گەورەو داڵانە تاریک و نوتەک و بێ کۆتاو ونکەرەکانی رۆژهەڵات رۆشن بکاتەوە؟ یان ئایا ئەم وەکو درەختی تیشک لەبەر دەرگای خوداکانی رۆژهەڵاتدا چ ئەرکێکی تر جێبەجێ دەکات، یان دەتوانێت چ ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ؟ هەروەک دەشێت سپێدەکانی رۆژهەڵات دەلالەتی سەرەتاییبوون و مانەوەی رۆژهەڵات وەکو سروشت هەڵبگرێت. ئەم وەکو کەسێکی رۆژهەڵاتی لەم سەرەتایەوە دەستپێدەکات.
ئەم لە کاتێکدا لە رۆژهەڵات دەبێتە درەختی تیشک، لە رۆژئاوا لە خەڵوەت و لە تەنهایدا خۆی دەبینێتەوە. بێگومان لە کاتێکدا جیهانی رۆژهەڵات زەمینەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزو تێکەڵاوبوون و پشبەستنی تاکەکانی کۆمەڵگایە بەیەکتری، رۆژئاوا زەمینەی بوونی تاکەکەسە، واتە هەر یەکە لە جیهانە تایبەتەکەی خۆیدایەو خاوەنی خۆیەتی و بۆ خۆی دەژی، کە ئەوەش بۆ خۆی جۆرێکە لە تەنهایی و خەڵوەت. بێگومان ئەمەش شتێک نییە کە لە دەستی تاکەکەس خۆیدا بێت، بەڵکو ئەمە بەرهەمی دوو کەلتوری جیاوازو دوو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی جیاوازو دوو زەمینەی جیاوازی ژیانە. هەر ئەو جیاوازییانەشە کە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوای دروستکردووە.

لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / گزنگێکی رێحانی لەسەر پەرچەمی با / لە هەڵکشانمدا لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕ/ من دەبمە شینەشاهۆ/ دەدەمە شەقەی باڵ / ئەی هیسکلیف / تۆ بیابانێکی پڕ لە گەردەلولی حەسرەت / چاوەڕوانی فڕینم بکە / لەبەرزاییەکانی ئەوێ / من دێم و لە پەنجەرەی کۆشکێکی قرمزیەوە / دەستەکانم درێژ دەکەم/ چەشنی ئەسحابە / لەسەر روخسارت بەدوای جارانی خۆمدا دەگەڕێم / لەسەر روخسارم بەدوای خۆتدا دەگەڕێی/ من لە باخچە بەئاگاکانی ئێرەوە / دێمە ناو ژووری سووتانی تۆ/ لە کەنارەکانت رادەکشێم / جەستەت پڕە لە بۆنی مناڵی من / جەستەم پڕە لە ئازاری رۆژهەڵات/.
ئەم بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە، کە ئەم کاترینە، واتە ئەو ژنەی کە عەشقی هیسکلیفە. لە نێوان وەزەرینگ و ئەزمڕدا دێت و دەچێت. ئەم هاتوو چۆ و ئارام نەگرتنە لەبەر ئەوەیە کە پشتی لە خۆشەویستەکەی کردو هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر کرد، بەڵام ئەم هەر خەیاڵی لای خۆشەویستەکەیەتی و بەخەیاڵ دەگەڕێتەوە باوەشی ئارامی ئەو. بەڵام وەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، ناوی کاترین و هیسکلیف دەمامکن و لە پشتی ئەو دەمامکەوە مەیل و ئارەزووی کەسێکی رۆژهەڵاتی کە قەدەر یان خواست و ویست بە دوای ئاشکراکردندا گەیاندوویەتیە ئەوێ، واتە گەیاندویەتیە بەرزاییەکانی وەزەرینگ، یان – رۆژئاوا – لەوێوە دەیەوێت لە شەقەی باڵ بدات و لەسەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ، واتە لێرە لە رۆژهەڵات بنیشێتەوە و ئارام بگرێت. لێرەدا باوەشی ئەزمر بۆ ئەم هەمان شێوەی باوەشی هیسکلیفە بۆ کاترین. کاترین دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ باوەشی هیسکلیف بۆ ئەوەی ئارام بگرێت، ئەمیش دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی بەرزاییەکانی ئەزمر، واتە یەکەم عەشق کە رۆژهەڵاتیش دەنوێنێت بەو ئومێدەی ئارام بگرێت و لە هەنگاوە هەمیشەییەکانی تەنهایی و خەڵوەتی رۆژئاو رزگاری بێت.
ئەم پەیامیک بۆ هیسکلیف دەنێرێت و تیایدا دەڵێت کە دەبێتە شینە شاهۆ. لە راستیدا شێنەشاهۆ بە ماسی گرەش ناودەبرێت. شاهۆ لە زمانی کوردیدا بەدەر لەوەی کە ناوی باڵندەو چیایەکیشە وەکو هێمای لێهاتوویی و گورج و گۆڵی و هەڵمەت باس دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش واتە بنەمای هێز زیاتر هێمای نێرینەیە. بەڵام لێرەدا ئەم کە شوێنی کاترینی گرتووە، دەبێتە شینەشاهۆ. هیسکلیف وەکو بیابانێک وەسف دەکات کە گەردەلولی حەسرەت داگیری کردووە. ئاشکرایە بیابان هێمای وشکی و بێبەرهەمی بی ژیانیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژیانی هیسکلیف بە بێ کاترین وەکو بیابان وایە. هەروەک ئەگەر لەو روانگەیەوە سەیری هیسکلیف بکرێت، کە کاترین پێیوابوو رەش و رەق و گاڵتەجاڕو پەستە، کە ئەمانەشی بە خاسێتی ناشارستانی بۆ ئەو دادەناو لەم رووەشەوە ئاماژەیەک بۆ رۆژهەڵاتیبوون هەیە. دوای ئەم وەسفکردنەی هیسکلیف، ئەم پێی دەڵێت کە چاوەڕوانی بکات ئەم لەوێوە، واتە لە رۆژئاواوە دەفڕێت و بەرەو لای ئەو دێت. ئەم لە پەنجەرەی کۆشکێکی قرمزیەوە دەستەکانی درێژ دەکات بۆ ئەو، بۆ بیابانێکی پر لە حەسرەت. بێگومان کۆشکی قرمزی دەلالەتی ئاوەدانی و شارستانێتی هەڵدەگرێت، واتە رۆژئاوا، بیابانی پڕ لە حەسرەتیش دەلالەتی وشکی و مەرگدۆستی هەڵدەگرێت. ئاشکرایە ئەگەری ئەوە نییە لە بیاباندا هیچ جۆرێکی عیمران یان ئاوەدانکردنەوە بکرێت، کە ئەمەش لەگەڵ عەشقدا ناگونجێت چونکە بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە عەشق سەرچاوەی بوون و ژیان و پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی شارستانێتیە.
ئەم لەوێوە لە رۆژئاواوە دێتەوەو لەسەر روخساری ئەو واتە دڵدارەکەی، یان هیسکلیف، یان رۆژهەڵات بەدوای رابردووی خۆیدا دەگەڕێت. واتە ئەم پێیوایە مێژووی ئەم، رابردووی ئەم، یادەوەرییەکانی ئەم، کە هەموو ئەمانە پێکەوە بوونی ئەم لە رابردوودا نیشان دەدەن، واتە لەو زەمینەی تیایدا لە دایکبووە، کەواتە بوونی رابردووی ئەم لێرەیە، لە رۆژهەڵات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم رەگوڕیشەی لێرەیەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی بەرزاییەکانی ئەزمڕ هەتا لەوێ هەست بە بوونی خۆی بکات و ئارام بگرێت، هەمان شێوەی کاترین چۆن عاشقی هیسکلیف بووەو لەناو بوونی ئەودا تواوەتەوەو ئێستا دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئیدگار لینتن و هەستکردنی بە نیگەرانی و نەتوانینی لەبیرکردنی هیسکلیف، هەوڵدەدات بگەڕیتەوە ئامێزی هیسکلیف و ئارام بگرێت. واتە لێرەدا ئەم لێکچوونە تەریبە دەبینرێت کە رووبەرێکی فراون لە پانتایی دەقەکە داگیردەکات و لە هەردوو هاوکێشەکەشدا گەڕانەوە بۆ رابردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئارامی، چی گەڕانەوەی کاترین بێت بۆ باوەشی هیسکلیف، یان گەڕانەوەی ئەمی رۆژهەڵاتی بۆ باوەشی بەزاییەکانی ئەزمڕ کە زێدی ئەمەو قۆناغێکی ژیانی رابردووی لێرە بەسەربردووە.
ئەم لەسەر روخساری هیسکلیف بەدوای روخساری خۆیدا دەگەڕێت. هەروەک هیسکلیفیش لەسەر روخساری ئەم بە دوای خۆیدا دەگەڕێت. واتە هەریەکە هەوڵدەدات روخساری خۆی لەوی تردا ببینێت، یان بدۆزێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە هەریەکە رەنگدانەوەی ئەوی ترە، یان ئەمان هەردووکیان هەمان رووخسارن. گەڕانی هەریەکەیان بەدوای خۆیدا لەسەر روخساری ئەویتریان دەشێت وەکو بەڵگە سەیربکرێت بۆ سەلماندنی عیشقەکەیان و کۆتایی نەهاتنی. هەروەک دەشێت مەبەست لە دوو رووخسار، رۆژهەڵات و رۆژئاوا بێت. بەڵام ئێستا ئەوە دەبینرێت کە هیسکلیف بەتەواوەتی پێگەی بەرزاییەکانی ئەزمری پێدەدرێت و ئەمیش وەکو زێدی خۆی یان بوون و رابردووی خۆی سەیری دەکات.
بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا پەیوەندی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەو جۆرە هاوسەنگەیە کە هەریەکە لەوی تریاندا بەدوای شوناسی خۆیدا بگەڕیت؟ بەڵێ ئەمەش جۆرێک لە راستی تێدایە چونکە شوناس لەسەر بنەمای بەراوردو جیاوازی بەدەست دێت. هەر لەم روانگەیەوە لە دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا-دا هەرکام لەو دوو جەمسەرە جیاوازە بسڕینەوە، شتێک نامێنێت بەناوی دووانەو ئەو تاکە جەمسەرەی دەمێنێتەوە ئەو ماناو دەلالەتەی نامێنیت کە لەبەرامبەر ئەویتردا هەیەتی، کەواتە لە دووانەی بەرامبەردا ئەوەی گرنگە یەکسانی و هاوسەنگی نییە، بەڵکو جیاوازی و لەبەرامبەر یەکتردا وەستانە.
جارێکی تر ئەم لە باخچە بەئاگاکانی ئەوێوە، واتە لە رۆژئاواوە دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو بۆ لای خۆشەویستی یەکەمی، یان بۆ رۆژهەڵات، کە لێرەدا زیاتر رۆژهەڵات وەکو چەمک دەبینرێت کاتێ دەڵێت ” دێمە ناو ژوورە سووتاوەکانی تۆ، لە کەنارەکانت رادەکشێم”. تۆ لێرەدا بریتیە لە رۆژهەڵات، وشەی راکشان لە شوێندا دەبێت، واتە لە دەرەوەی شوێن راکشان نیە، هەروەک چۆن لە دەرەوەی شوێن هیچ رووداوێک بوونی نییە . ژوورە سووتاوەکانی رۆژهەڵاتیش هەموو کەموکورتی و وێرانیەکانی رۆژهەڵات دەنوێنن بە سەرچاوە مرۆیی و نامرۆییەکانیشیەوە. ئەم کە لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، باسی ئەوە دەکات ئەم کە لێرەوە گەیشتووەتە ئەوێ، هێشتا یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و ئازارەکانی ئەو سەردەمە لە بوونیدا دەژین، چونکە ئەم لێرە لە رۆژهەڵات لە دایکبووەو نەوەی ئەم زێدەیە. واتە ئەم دەیەوێت بڵێت سڕینەوەی یادەوەرییەکانی رابردوو ئاسان نییە. هەروەها ئەوە دەگەیەنێت کاتێک ئەمی رۆژهەڵاتی دەچێتە رۆژئاوا، رابردووی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ئەوێ و دەشێ تەنیا لە رووی شوێنەوە جیاوازی هەبێت، ئەگینا ئەم بەو پاشخانە مێژوویی و کەلتورییەی رۆژهەڵاتەوە دەچێتە رۆژئاواو لەوێش لەسەر هەمان شێوەو بەهەمان روانین و نەریت و کەلتوری ئێرەوە دەژی. واتە ئەوە دیاردەیەکی لەبەرچاوە کە زۆرینەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی، کە دەشگوازنەوە بۆ رۆژئاوا، لەسەر زەمینەی رۆژئاوا، رۆژهەڵاتێکی بچووک بۆ خۆیان دروست دەکەن. هەر لە ئەنجامی ئەوەشدایە، زۆربەی کات دەبینرێت، ئەو رۆژهەڵاتیانەی دوای بەسەربردنی تەمەنێکی دوورودرێژیش لە رۆژئاوا هەر وەکو خۆیان ماونەتەوەو گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە. ئەوەتا ئەمیش کە لە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە دێتەوە بۆ بەرزاییەکانی ئەزمڕ، باسی ئەوە دەکات کە هێشتا جەستەی پڕە لە بۆنی منداڵی، واتە بۆن و بەرامەی ئەو سەردەمەی کە لێرە بووە. هەروەها جەستەی هێشتا پڕە لە ئازارەکانی رۆژهەڵات. واتە رۆژهەڵات بەشێکە لە بوونی ئەم و نەیتوانیووە لێی جیابێتەوە.
ئەوە منم / رۆحیانەتی ژنێکی عاشق / لە نێوان داکشانی بەرزاییەکانی رۆژهەڵات و/ هەڵکشانی نشێوییەکانی رۆژئاوا / من گڕێکی نوورانیم / بەرزاییەکانی ئەزمر پڕن لە رەشەبا / لە هاواری هیسکلیف/ وەزەرینگ- یش پڕە لە زەنگۆڵی عەشق / ئیدگار لینتن لە ناوەوەڕا دەگریا / منیش گزنگێکی رێحانیم لەسەر پەرچەمی با / لە ئاسمانی بەرزاییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا / حزورێکی هەمیشەیی نادیارم / پڕم لە هێما / هێمای ئیشراق لەسەر خاکێکی نائارام/.
لەپاڵ دووانەی رۆژهەڵات/ رۆژئاوا-دا ئەم زانیاری تر لەبارەی هەردوو جەمسەرەکەوە پێشکەش دەکات، کە لە ئاستی بینراودا ئەو زانیارییانە وەکو نەگونجاو دەبینرێن. لە راستیدا ئەوەش لە رێگای دووانەیەکەوە نیشان دەدات کە ئەویش دووانەی بەرزایی / نشێو-ە کە لەم ئاستەدا دووانەیەکی ئاساییە. بەڵام بەرزایی وەکو ئاوەڵناوێک دەخرێتە پێش رۆژهەڵات و نشێو دەخرێتە پێش رۆژئاوا. بێگومان کاتێک لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا سەیری بەرزاییەکانی رۆژهەڵات/ نشێوییەکانی رۆژئاوا بکەین دەشێ وەهای لێکبدەینەوە کە بە ماناو تێڕوانینی جوگرافی ئەوە بەکارهێنرابێت. بەڵام لە ئاستی نەبینراو یان لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەم دەربڕینە زمانیە دەلالەتی شارستانی، زانست، پێشکەوتن تەکنۆلۆجیا، عەقڵ، بیر، کەلتور هەڵدەگرێت. بەڵام ئایا ئەوە چێ دەگەیەنێت کە بەرزاییەکانی رۆژهەڵات دادەکشێن و نشێوەکانی رۆژئاوا هەڵدەکشێن؟
دەشێت لە چوارچێوەی دەقەکەو بەستنەوەی بەو واقیعەی دەقەکە پەیوەندی پێیوە هەیە، وەها لێکبدرێتەوە کە پێشتر رۆژهەڵات زەمینەی شارستانێتی بووە، بەرزاییەکانی رۆژهەڵات مەبەست لە شارستانێتی رۆژهەڵات بوو بێت کە نموونەی ئەو شارستانێتیانەش شارستانێتی دێرینی چینی و هیندی و ئێرانی و میسۆپۆتامیاو میسری کۆنە. ئێستا ئەو شارستانێتیانەی رۆژهەڵات هەرەسیان هێناوە. واتە رۆژهەڵات ئەو پێگە بەرزەی هەیبوو لە دەستیداوە. لە سەردەمی کۆندا شارستانێتی دیاری رۆژئاوا شارستانێتی گریک و رۆمان بووە. بەڵام ئەم واینیشان دەدات کە بەراورد بە رۆژهەڵات، رۆژئاوا لە ئاستێکی نزمتردا بووە. بەڵام لە ئێستادا بەو ئەندازەی رۆژهەڵات لە پاشەکشەدا بووەو تاکو ئێستاش لە پاشەکشەدایە، رۆژئاوا لە هەڵچووندا بووەو تاکو ئێستاش لە هەڵچووندایە.

ئەم لە نێوان داکشانی رۆژهەڵات و هەڵکشانی رۆژئاوادا، خۆی وەکو گڕێک دەناسێنێت، بەڵام گڕێکی نوورانی. ئاشکرایە کە نوورانی دەلالەتێکی ئایینی یان ئیشراقی هەیە. هەروەک رۆژهەڵات کە زەمینەی رۆح و رۆمانسیەتە وەکو دنیای پرتەو و ئیشراق ناودەبرێت و زەمینەیەکە بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردن لە رێگای رۆحەوە. ئەم کە خۆی وەکو نوور پێشکەش دەکات، لە راستیدا لە رووی رەگوڕیشەوە بەشێکە لەو نووری رۆژهەڵاتیەی کە سەرچاوەی زوهدو تەسەوفیشە. لە کاتێکدا ئەم خۆی وەکو نووری ئیشراقی رۆژهەڵات دەناسێنێت، ئەزمر کە هاوتای رۆژهەڵاتە کانگای رەشەبایە. واتە زەمینەی توڕەیی و ئاڵۆزی و پشێویی و هەڵچوون و ناسەقامگیریە، واتە زەمینەی هەست و سۆزو عاتیفەیە.. ئێستا بەرزاییەکانی ئەزمڕ وەکو کانگای رەشەبا لەبەرامبەر وەزەرینگ دادەنرێت کە لە هاواری هیسکلیفدا وەکو عاشقێکی دڵشکاو پڕدەبێت لە زەنگۆڵی عەشق. بەڵام لە راستیدا ئەگەر بەرزاییەکانی ئەزمڕ نموونەی رۆژهەڵات بێت و بەرزاییەکانی وەزەرینگ نموونەی رۆژئاوا بێت، ئەوا هەمیشە یەکەمیان وەکو زەمینەی رۆح و هەست و سۆزو رۆمانسیەت دەبێ ببێتە زەمینەی عەشق. بەڵام ئەم هەر لەسەرەتاوەو بە پشتبەستن بە هەڵوێستی کاترین بەرامبەر بە هیسکلیف و هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ ئیدگار لینتن، فەزایەکی ناشارستانی بەدەوری هیسکلیفدا دروست دەکات. هەروەک ئەم هیسکلیف دەخاتە شوێنی دڵدارەکەی و خاسێتی رۆژهەڵاتی پێدەدات و دەیهێنێتە سەر بەرزاییەکانی ئەزمڕو لەوێوە دەگەڕێتەوە هەتا لە باوەشی ئەمدا ئارام بگرێت. کەواتە ئەوەندەی عیشق و زەنگۆڵی عیشق لێرەدا پەیوەستن بە هیسکلیفەوە لەو روانگەیەوە کە خاسێتی رۆژهەڵاتی پێدەدرێت، ئەوەندە پەیوەندی نییە بە بەرزاییەکانی وەزەرینگەوە. ئیدگار هەرچەندە لای خۆیەوە کاترینی خۆش دەوێت، بەڵام پێدەچێت هەست بەوە بکات هێشتا کاترین لە خەیاڵی هیسکلیفدایە.
لە راستیدا ئێستا هەمووان( کاترین، هیسکلیف، ئیدگار لینتن و ئێزابێلای خوشکی لینتن کە هاوسەرگیری لەگەڵ هیسکلیف دەکات ) هەریەکە بەجۆریک پارچە پارچەبوون. هۆکاری سەرەکی ئەم پارچە پارچەبوونەی هەمووان عەشقی نێوان کاترین و هیسکلیفە، ئەویش لە ئەنجامی هاوسەگیریکردنی کاترین لەگەڵ ئیدگار لینتن. کەواتە بەو ئەندازەی کە عیشق و هێزی عیشق دەبێتە پاڵنەری داهێنان و بنیادنان، بەڵام ئەگەر بە نادروست و هەڵەشەیی و لوتبەرزانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ترسناکترین هێزی وێرانکەرە. راستە ئەم کە ئەمی شاعیرەو خۆی دەچوێنێت بە کاترین لەو رووەوە کە کاترین کەسێکی خۆش دەوێت و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تردا دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی پەرتبوون و پارچە پارچەبوونی لە نێوان هێزی عەشق و هێزی خواستدا، کە دەشێت ئەمەی دووەمیان پاڵنەرەکەی لەبری هەست و سۆزو دڵ، عەقڵ و بیرکردنەوەو مێشک بێت. دەشیت ئەمی شاعیر بە تەنیا بە ئەندازەی هەموو ئەم کەسێتانەی لە بەرزاییەکانی وەزەرینگ پارچە پارچە بوون، ئەم پارچە پارجە بووبێت لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا. ئەم لە ژێر کاریگەری کەلتوری رۆژهەڵات و رەگوڕیشەی رۆژهەڵاتیدا کە زێدی ئەمەو لێرە لە دایکبووەو رۆژهەڵات بەشێکە لە بوونی ئەنتۆلۆجیانەی ئەم و ناتوانێت لە بوونی خۆیدا بیسڕێتەوە. حەسرەتەکانی رۆژهەڵات بە گشتی و تاڵی کوردبوون بە تایبەتی وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە پەراوێزی رۆژهەڵاتداو حەسرەت و ئازارو تفت و تاڵی و بەدبەختی ئافرەتبوون لە رۆژهەڵاتدا و لە کۆمەڵگای داخراو و پەراوێزیی کوردیداو بەتایبەتیش پاسیڤکردنی تەواوەتی ئافرەتیش لێرە هەمووی هۆکارن بۆ داخورانی رۆح و هەستی ئەم. گواستنەوەش لەم پاشخانەوە بۆ زەمینەی رۆژئاوا کە ئەم لە ئاستی یەکەمدا لەوێ دووچاری نامۆبوون و هەستکردن بە نائامادبوون و بێ شوناسی دەکات دووچاری ترسناکترین داخورانی رۆحی و هەستی و مەعنەوی دەکای.
ئێستا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، ئەم لەم ئازارو ژانی رۆح پڕوکێنەی پارچە پارچە بوونی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دەژی و وەکو ئەوە وایە لە نێوان هەردوو لادا بەسەر پشتی باوە بێت و لەهەر چرکەساتێکدا ئەگەری بەربوونەوەو وێرانبوونی تەواوەتی هەیە. ئەم بەردەوام لەم بارەدا دەژی، بارێکی هەڵواسراو و شلۆق کە نە دەتوانێت بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ رەگوڕیشەی خۆی، بۆ زێدو بۆ شوێنی یەکەم بوون و خۆناسین، نە دەتوانێت ئەم رابردووە، ئەم رەگوڕیشەیە لە بوونی خۆیدا هەڵبکەنێت و لەوێ لە رۆژیاو ئارام بگرێت. ئەم ئێستا لە هەمان باری کاتریندایە. نە لە باوەشی ئیدگار لینتیدا ئارام دەگرێت و رۆحی بحەوێتەوە، نە دەگاتەوە باوەشی هیسکلیف و لە ئامێزی گەرمی یەکەم عەشقدا بەهێوری پشووبدات و هەست بە عیشق و بە ئاسودەیی ئامێزی دڵدارەکەی بکات. ئەمەش واتە ئەم بارە شلۆقە بۆ ئەوی ژنی رۆژهەڵاتی وەکو راوەستانە لەسەر دەمی ئەو خەنجەرە رۆژهەڵاتیەی کە هێزی نەریت و ئایین و پیاوسالاری لا لا مووی پێدەکەن و نەک رۆحی تەنیا ئەمی شاعیر وەکو ژنێک بەڵکو رۆحی هەموو ژن و رۆحی ئازادی و رۆحی هەموو بوونی پێ سەردەبڕن. ئەم بەردەوام لەم بارە ناسەقامگیرو پر دڵەراوکێیەدایە. لەو بارەشدا باسی ئەوە دەکات کە ئەم پڕە لە هێما، هێمای ئیشراق لەسەر خاکێکی نائارام. بێگومان لە سەر بنەمای ئامادەبوونی ئەم لە دەقەکەدا کە چۆن هەست بە ونبوون و پارچەپارچەبوون دەکات لە نێوان ئێرەو ئەوێداو بەرجەستەکردنی دوو جیهان لە جوگرافیای دەقەکەدا کە رۆژهەڵات و رۆژئاوایە و وێناکردنی خۆی لە هاتن و چوونی نێوان ئەم دوو جیهانەداو نەتوانینی ئارام گرتن لە هیچ کامیاندا و نەتوانینی دەستبەرداربوونی هیچ کامیان، ئەم وەکو هێمای ئیشراق لەم باری ناجێگیریەدا پێشکەش دەکات کە وەکو بوویەکی هەڵواسراو وایە لە بۆشاییدا.

لە دەقەکەدا هاتووە:
من ئەوم / لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ دێمەوە / گزنگێکی رێحانیم / لە خەڵوەتگای وەزەرینگ من زیکر دەکەم/ تەنێکی تەنکم / نیوەم هی ئێرەیەو / نیوەکەی دیکەم هی ئەوێ / من نە لەوێ پڕم / نە لێرە کامڵ / لەسەر رووبەری ئەو تێکەڵنەبوونە / سەرگوزشتەیەک دەمنووسێتەوە / عاشقێکم لە بەرزاییەکانی ئەزمڕ و وەزەرینگدا / بە دوای ئاوێتەبوونی دوو رۆحدا وێڵم /حزوری هەمیشەیی پیاوێکی نادیار / من بە دوای رۆحیانەتی تۆدا دەدەمە شەقەی باڵ./
لەم کۆپلەیەدا کە کۆتایی دەقەکەیە سنوورەکانی دووانەی رۆژهەڵات / رۆژئاوا بە تەواوی لەسەر نەخشەی جوگرافیای دەقەکە دەکێشرێت و ئەمیش لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دێت و دەچێت، یان یەکلایی نابێتەوە بەوەی لە جەمسەرێکیاندا ئارام بگرێت و شوناسی یەکێکیان وەربگرێت. هەربۆیە لێرەدا کەسێک دەبینرێت بە دوو شوناسەوە، شوناسی رۆژهەڵاتی کە بۆ ئەو شوناسی بوونە، شوناسی رۆژئاوایی کە شوناسی وەرگیراو یان بەدەستهێنراوە. کە ئەم ناتوانێت دەستبەرداری هیچیان بێت. لە ئەنجامی ئەوەدا ئەم دابەش دەبێت یان پارچە پارچە دەبێت، کە دەشێت بە دابەشبوونی بوونێک یان کەینوونەیەک ناوببریت یان بە دابەشبوونی شوناس دابنرێت چونکە شوناس خاسێتی ئامادەبوون و بوونی ئەو بووەیە یان ئەو کەینوننەیە. ئاشکرایە هیچ ئازارێک بە ئەندازەی ئازاری دەبەشبوونی بوون یان شوناس ئازاربەخش نیە. ئێستا ئەمی شاعیر یان ئەو کەسێتیەی لەژێر ماسکی کاتریندا خۆی نیشان دەدات لەم پێگەیەو لەم باری دابەشبوونەدا دەژی. هەربۆیە لە هیچ لایەک ئارام ناگرێت و بەردەوام لە نێوان ئێرەو ئەویدا دێت و دەچێت، کە دەشێت ئەم هاتن و چوونە وەها لێکبدرێتەوە کە جەستە لەوێ بێت بەڵام بە خەیاڵ و هەست و یادەوەری لێرە بێت.
ئەم وەکو تەنێکی تەنک باسی خۆی دەکات کە کەرتبووە بۆ دوو نیوە، نیوەی لە رۆژهەڵاتەو نیوەکەی تری لە رۆژئاوایە. بێگومان هەروەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لە هیچ لایەکیان بوویەکی تەواو نیە. لە راستیدا تەنیا بوویەکی تەواو یان کەسێکی تەواو هەست بە بوونی تەواوەتی دەکات، نەک بوویەکی دابەشبوو، ئەگەرچی ئەمەش دەربڕینێکی گریمانەییە چونکە تەواویی هەموو بوونێک بە مرۆڤیشەوە رێژەییەو مرۆڤی تەواو، یان بوونی تەواو جۆرێکە لە وەهم. بەڵام ئەم ئەوە نییە بە سروشتی تەواو نەبێت، وەکو هەموو مرۆڤەکانی تر، بەڵکو ئەم بەو شێوەیەی هەیە جارێکی تر کەرت بووە، بەڵام کەرتبوونێکی رووکەش نا، بەڵکو کەرتبوونی جەوهەری، کەرتبوونی رۆح، کەرتبوونی هەست، کەرتبوونی تێڕامان و بیرکردنەوە، کەرتبوونی هەموو بوون بەهەموو رەهەندەکانیەوە، کە ئەوەش وەکو گوتمان ئازاربەخشترین بارە کە مرۆڤی تێ بکەوێت.
ئەم هەر ئەوە نییە بە بێ ئاگایی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا بێت و بچێت و تەنانەت ئاسودەش بێت، کاتێک کە دەتوانێت لە گەشتی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا تا ئەندازەیەک بە ئازادی بجوڵێت. نەخێر ئەم کەسێتیە بەو ئەندازەی لە ئاستێکی بەرزی هەستکردندایە بە کاریگەری کەلتوری و عەقڵی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەریەکە لە رۆژهاڵات و رۆژئاوا لەسەری، بەو ئەندازەیەش هوشیارو بەئاگایە لەوەی چۆن بوون و پێگەو ئامادەبوونی خۆی لە هەریەکەیاندا ببینێت و لەوەش تێدەگات کە دابەشبوون لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا چۆن لە لایەک رەگوڕیشەی لە رۆژهەڵاتیی لەق و لاوازکردووە بە جۆرێک ناتوانێت بوونی ئەوێ، واتە رۆژئاوا لەخۆیدا بسڕێتەوەو لێرە رەگوڕیشەی خۆی دابکوتێتەوە. هەروەک سەرباری ئەوەی کە توانیوێتی تا ئەندازەیەکی باش شوێن پێی خۆی لەوێ، واتە لە رۆژئاوا بکاتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی رەگوڕیشەی ئێرە، واتە رۆژهەڵات رێگای نادات بەتەواوی لەوێ لە رۆژئاوا رەگ داکوتێت و ئێرە، واتە رۆژهەڵات بەهەموو پاشخانەکەیەوە، واتە رابردوو، رەگوریشە، ئەسڵ، کەلتور، مێژوو، هەست، بیرکردنەوە، یادەوەری لەخۆیدا بسڕێتەوەو بەتەواوی لەوێ جێگای خۆی بگرێت. واتە دەستبەرداری جووت شوناسی ببێت کە شوناسی رۆژهەڵاتی و شوناسی رۆژئاواییە.
لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کەسی شاعیر دووچاری هەمان ئەو دابەشبوونە، یان ئەو جووت شوناسیە بووە کە بووەتە بنەمای رەخنەگرتنی زۆرێک لەو رەخنەگرانەی رۆژئاوا کە رەخنە لە ئیدوارد سەعیدی خاوەنی تیۆریی رۆژهەڵاتناسی و تیۆرییە ناوازەکەی دەگرن لەسەر بنەمای جووت شوناسی ئەم بیرمەندە رۆژهەڵاتیەی کە بە بۆچوونی رەخنەگرەکانی خاوەنی شوناسی رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییە. بێگومان دەستبەرداربوونی شوناسی رۆژهەڵاتی، کوردبوون، ژنبوون بە گوێرەی ئەم کەسێتە کە کەسێتی شاعیرە، دەستبەردابوونی ئەو دەگەیەنێت لە بەشێک لە بنەما سەرەکیەکانی بوونی خۆی وەکو بوویەکی ئامادەو خاوەن شوناس. ئاشکرایە لە روانگەی عەقڵ رۆژئاواو یۆرۆسێنتەر و عەقڵی ئەوی خۆبەباڵابینی رۆژئاواوە، رۆژهەلات وەکو ئەوی سەرەتایی و ناشارستانی و تووندوتیژو دواکەوتوو.. سەیردەکرێت. ژنبوون بە مانای ئەویترو رەگەزی دووەم و نزم و تەنیا جەستەو هۆکاری چێژی رەگەزی یەکەم سەیر دەکرێت. کوردبوون کە نەک رۆژئاوا، بەڵکو تەنانەت عەقڵ و سیاسەت و شارستانێتی رۆژهەڵاتیش دان بە بوونیدا نانێت، ئەوا لە روانگەی رۆژئاواوە مەگەر تەنیا وەکو قوربانی و لە روانگەی بەزەییەوە ببینرێت، کە ئەوەش لە رووی ئامادەبوون و شوناسەوە هیچ بەهایەکی نیە… هەموو ئەم خاسێتانەی کە رۆژئاوا دەیداتە پاڵ رۆژهەڵات، کە لە راستیشدا رۆژهەڵات ئەم خاسێتانەی هەن، هەموویان لە کەسێتی شاعیردا، یان لە رووبەری هەست و نەستیدا ئامادەبوونیان هەیە. واتە ئەو رۆژهەڵاتەی لە وەسفی رۆژئاوادا هەیە، بریتیە لە پاشخانی ئەم کەسێتەو ناتوانێت لەخۆیدا بیسڕێتەوە. ئەمی کەسێتی ئامادەی ئەم دەقە شیعریە کە خۆی بە کاترین ناودەبات، لە روانگەی رۆژئاواوە لەم بارە شلۆق و نائامادەییەدایەو خۆیشی هەست بە تێروانینی رۆژئاوا بۆ خۆی دەکات، کە بارێکی ئازاربەخش و خنکێنەرە، ئەمەش گەوهەری نائارامی رۆحی ئەم کەسیتەیە کە لە نێوان دوو کەلتوردا پارچەپارچە بووە.

ئەم چاوەڕوانی ئەوە ناکات کە رۆژهەڵات و رۆژئاو تێکەڵ بن، واتە لێرەدا رووبەرووی هەمان بۆچوونی رۆژهەڵاتناسی و تێگەیشتنی خاوەنی چەمکی رۆژهەڵاتناسی، ئیدوار سەعیدی نوسەری بە رەگەز فەلەستینی و جێگیربوو لە ئەمەریکا- رۆژئاوا-. هەڵبەت بە پێی چەمکی رۆژهەڵاتناسی هەگیز نەک تێکەڵاوبوون لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دروست نابێت، بەڵکو هاوتایی لە نێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتدا دروست نابێت. رۆژئاوایەک کە وا سەیری خۆی دەکات ناوەندە، پێشکەوتنە، پەرەسەندنە، تەکنۆلجیایە، عەقڵە، بیرە، تێڕامانە، کارو پیادەکردنە، رۆژئاوایەک کە وەها سەیری خۆی دەکات هێزە، دەسەڵاتە، هەژموونە، دۆزەرەوەو ئاشکراکەری نهێنیەکانی گەردوونە، شارستانێت و مێژووە، هەموو ئەمانەش رەوایەتی ناوەندبوون و یەکەمبوون و سەروەرێتی جیهانی بۆ فەراهەم دەکەن، وەها سەیری رۆژهەڵات دەکات کەنارە، دواکەوتووە، پەرەسەندنی نیە، تاکو ئێستا کۆمەڵگای خێڵ و فیودالیە، لە دەرەوەی عەقڵە، سۆزو عاتیفەو هەڵچوونە، زەمینەی گوتاردان و مەوعیزەو ئامۆژگاری ئایینیە، لاوازو بێ دەسەڵات و بێ هەژموون و پاشکۆو بەکاربەرو بەکارهێنەرەو خاوەنی شارستانێتی نییەو لە دەرەوەی مێژووە، کە هەموو ئەمانەش وای لێ دەکەن کەنار یان پەراوێزی رۆژئاوا بێت و رۆژئاواش رەوایەتی هەبێت هەژموونی بەسەردا بکات و بە گوتەی خۆی بۆ ئەوەی بەرەو ئاستێکی باشتر بیگوازێتەوە. ئەمەش گەوهەری گوتاری کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوا بوو لە پەلاماردانی رۆژهەڵاتدا، کە ئامانجی سەرەکی ئۆرینتالیزم بوو. کە لەوەشدا باڵادەستی کۆڵۆنیالیستی رۆژئاوا- واتە هێزو هەژموون و دەسەڵات و عەقڵ و کەلتوری باڵا- سەپێندرا بەسەر ئێرەی رۆژهەڵاتدا- ئێرەی لاوازو بێ هێزو بێ هەژموون و دەسەڵات بەسەرداکراو، ئێرەی دەرەوەی عەقڵ و بیرو ئێرەی کەلتوری رۆژهەڵاتی، کەلتوری رۆمانسی و خەیاڵ. بێگومان بەم دوو پاشخانە جیاوزەوە ناشێت ئەم دوو جەمسەرە تێکەڵاو ببن.
ئەم کەسێتیەی لە دەقەکەدا ماسکی کاترینی پۆشیووەو نیگەران و ماندووەو کەرتبووە، هوشیارەو باش دەزانێت هیچ ئەگەرێکی تێکەڵاوبوونی جەمسەری رۆژئاوا / رۆژهەڵات نییە، بۆیە لەبەردەم مەترسی بەردەوامبوونی باری کەرتبوونی خۆیدا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا راماوەو وێڵ و نیمچە سەرگەردانەو دەشێت بەردەوام ئەم پرسیارە لەخۆی بکات: ئایا ئەم دوو جەمسەرە تێکەڵاو دەبن؟ ئایا رۆحی رۆمانسیانەو خەیاڵ و ئەندێشاوی رۆژهەڵاتی لەگەڵ رۆژئاوای مادی و رووتکراوە لە هەست و سۆزو خەیاڵ، رۆژئاوای عەقڵ و تەکنۆلجیادا تێکەڵاودەبن؟ ئەم وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی دەست ناکەوێت، هەربۆیە بەو ئەندازەی ئازارو ژانەکانی دابەشبوون رۆحی دەکرۆژن، بەو ئەندازەیەش سوورە لەسەر گەڕان بەدوای نەوایەک یان وارێکدا ئارامی تێدا بگرێت. تاکە شوێنێکی لەو جۆرەش تەنیا ئامێزی ئەوە، ئەو کەسەی کە لەژێر ماسکی هیسکلیفدا حەشاردراوە، کە بە بۆچوونی ئەو ئامێزێکی ئارامە. هەڵبەت دەشێت ئەو شوێنە ئامێزی هاوشێوەکەی هیسکلیف بێت، یان ئەو شوێنە بەرزاییەکانی ئەزمڕ، یان رۆژهەڵات بێت، واتە زێدو نیشتیمانی راستەقینەی ئەو، کە رەگوڕیشەی هێشتا لێرە لەم رۆژهەڵاتەو لە قوڵایی ئەم خاکەدایە. ئەم دەیەوێت بە فڕینی بۆ ئێرە لە ئامێزێکی هێوردا ئارام بگرێت و لە کەرتبوونی نێوان ئێرەو ئەوێ رزگاری ببێت.

Previous
Next
Kurdish