( پۆل ئیلوار ).. یه‌کێک له شاعیره پێشه‌نگه‌کانی سوریالیزم.. له ئینگلیزیه‌وه: ناڵه حه‌سه‌ن
_ چه‌پکێک له شیعره‌کانی ( پول ئیلوار )
( من نه‌مده‌توانی بیزانم )
من نه‌مده‌توانی بیزانم
باشتر له‌وه‌ی تۆ من بناسیت
چاوه‌کانت له خه‌ودان
ئێمه پێکه‌وه بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی
چاره‌نووسێکی باشترمان له شه‌وه‌کانمان دروست کرد
چاوه‌کانت له کام سه‌فه‌ری من
به درێژایی ڕێگاکان ،
هێماکانی
مانایه‌ک به نامۆیی زه‌وی ده‌به‌خشێ
له‌نێو چاوه‌کانی تۆدا
کێ کۆتا‌یی ئه‌م ته‌نیاییه‌مان
بۆ ئاشکرا ده‌کات
که خۆشیان
ئیتر نازانن چاره‌نووسیان به کوێ ده‌گات
تۆش نه‌تده‌توانی بیزانی
باشتر له‌وه‌ی من تۆ بناسم … !
( کچی عه‌شق )
ئه‌و له‌سه‌ر پێڵووی چاوه‌کانم وه‌ستاوه
پرچی له‌نێو پرچی مندایه
ڕه‌نگی چاوه‌کانی منی گرتووه
شێوه‌ی ده‌ستەکانم …
ئه‌و له‌نێو سێبه‌ری من قووت ده‌درێت
وه‌کو به‌ردێک به‌ڕووی ئاسماندا
ئه‌و هه‌رگیز چاوه‌کانی داناخات
یان هه‌رگیز لێناگه‌ڕێت من بخه‌ووم
یان خه‌ونه‌کانی ئه‌و له‌ڕۆژێکی پرشنگی دا
واده‌کا خۆره‌تاو ون ببێ
منیش پێده‌که‌نم و ده‌گریێم
یان پێده‌که‌نم و قسه‌ده‌که‌م
ئه‌و کاتانه‌ی هیچ شتێکم پێ نییە بۆ گوتن !
( زه‌نگی ئێواران )
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ده‌رگاکان ئێشکگری کرابان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ زیندانی بوونمان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی له ئێمه قه‌ده‌غه کرابوون
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شاره‌ی که خه‌وتبوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و ژنه‌ی برسی و تینوو کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆخۆمان که‌بێ به‌رگری بووین
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌وه‌ی که بێبایه‌خ کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ خۆمان که یه‌کتریمان خۆش ده‌ویست … ؟
( له په‌نجه‌ره‌وه )
هه‌میشه من ئه‌و دڵنیاییه‌م نه‌بووه ، ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ی که باشترین دڵنه‌واییه له نێوان ئێمه‌دا . له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو که براده‌ره‌کانم به من پێبکه‌نن . من زرینگ نه‌بووم بۆ وشه‌کانم ، دڵنیاییه‌کی جیاواز ، من هه‌میشه نازانم که ده‌مه‌وێت بڵێم چی ؟ به‌ڵام زۆرجاران که هیچم نه‌بووه تا بیڵێم . گرینگی قسه‌کردن یان مه‌یلی ئه‌وه‌ی که زۆر به زه‌حمه‌ت نه‌بیت . ژیانی من ته‌نها به داوه ده‌زوویه‌ک هه‌ڵواسراوه .
له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو ، ئه‌وکاته‌ی وا دیاربوو من له‌هیچ تێنه‌گه‌یشتبووم . زنجیره‌کانی من سه‌ر ئاو که‌وتبوون . هه‌موو حه‌زه‌کانم له‌نێو خه‌ونه‌کانم له‌دایک ده‌بن . من به وشه‌کانم عه‌شقی خۆم ده‌سه‌لمێنم . بۆ چ مه‌خلوقه‌هایه‌کی نایاب من متمانه‌م به‌خۆم کرد . له چی دڵته‌نگیه‌کی ئازاربه‌خش و دنیایه‌کی ڕه‌نگین دا خه‌یاڵه‌کانم بازنه‌یان به چوارده‌ورم کێشابوو . من دڵنیا بووم که عاشق بووم له زۆربه‌ی بواره ترسناکه‌کانی خۆم . زمانی عه‌شقی من سه‌ر به زمانی مرۆڤ نییه ، جه‌سته‌ی مرۆیی من ده‌ست له گۆشتی عه‌شقم نادات . خه‌یاڵه ئیرۆسیه‌کانیشم هه‌میشه و به به‌رده‌وامی له ئاستێکی به‌رزی گونجاو دا بوون ، که ئه‌وه‌ش هه‌وڵدانێکی ئه‌وتۆ نییه بۆ ڕازیکردنم له‌سه‌ر چه‌وتی … !
( ونبوون )
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی شاره‌کانه‌وه
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی ده‌شته‌کانه‌وه
ده‌مم له‌سه‌ر سه‌رینی تۆ دایه
ده‌نگم ده‌تدۆزێته‌وه
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م له ئه‌به‌دیه‌ت دا
ئای شاره‌کان یاده‌وه‌ریه‌کانی شاران
شاره‌کان به ئاره‌زووه‌کانی ئێمه پێچراون
هه‌ندێک له شاره‌کان زوو هاتوون هه‌ندێکیان تۆزێک له‌مه‌و پێش
هه‌ندێک له شاره‌کان به‌هێزن هه‌ندێکیان په‌نهان
به‌تاڵان چوون بۆ مرۆڤە به‌ڕێزه‌کانیان
بۆ هه‌موو بیرمانده‌کانیان و بۆ هه‌موو دێ‌و و خێوه‌کانیان !
کێڵگه‌کان شێوازێکن له ئه‌ڵماس
ژیانێکی ڕه‌ونه‌قانه ده‌ژیێن
وه‌رزی دروێنه‌ی ئاسمان له‌ودێو زه‌وییه‌کانی ئێمه‌وه‌یه
ده‌نگم تێرکه‌ن منیش ده‌گرییم و شیوه‌ن ده‌که‌م
من له‌نێو گڕ و بڵێسه‌دا خه‌ون ده‌بینم و پێده‌که‌نم
له‌نێو هێشوه‌کانی خۆره‌تاو
یان جه‌سته‌ی تۆ بڵاوبۆته‌وه به‌نێو جه‌سته‌ی مندا
وه‌ک چه‌رچه‌فی سه‌ر ئاوێنه ڕوونه‌کان .
ڕاستیه‌کی ڕووت ( من باش ده‌یزانم )
نائومێدی هیچ باڵێکی نییه
عه‌شقی نییه
ڕوخساری نییه
قسه‌ش ناکات
من نایجوڵێنم
من نایگرمه باوه‌ش
من قسه‌ی بۆ ناکه‌م
به‌ڵام به‌ئه‌ندازه‌ی ڕاستی
عه‌شقم پڕه له نائومێدی … !
_ کورته‌یه‌ک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( پۆل ئیلوار )
پۆل ئیلوار له ١٤ ی دیسه‌مبه‌ری ١٨٩٥ ، له ” سه‌ینت دلێنیس ” سه‌ر به شاری پاریس له دایکبووه ، خێزانه‌که‌یان سه‌ر به چینێکی مامناوه‌ندی بوو ، باوکی فه‌رمانبه‌ر و دایکیشی ژنی ماڵه‌وه بووه و له‌ماڵه‌وه ئیشی به‌رگدرووی کردووه . پۆل ئیلوار له سه‌رده‌می ڵاوێتیدا قوتابیه‌کی زیرەک و چاڵاک بووە له‌به‌ر نه‌خۆشی و باری ته‌ندروستی جارجاره له خوێندن دابڕاوه ، له ته‌مه‌نی شازده ساڵی به هۆی نه‌خۆشی ( سیل ) ه‌وه ده‌نێردرێت بۆ ” سویس سه‌نه‌تۆریه‌م ” . له‌و ته‌مه‌نه‌یدا بێئه‌ندازه هۆگر و حه‌زی له شیعر ده‌بێت . ساڵ و نیوێک له‌و شوێنه‌دا ده‌مێنێته‌وه ، کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس یه‌کسه‌ر ده‌چێته ڕیزی سوپا بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی . پاش ماوه‌یه‌ک بریندار ده‌بێت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی غازی تۆکسیک . دوای ته‌واوبوونی ئه‌زموونی شه‌ڕ ، له‌ساڵی ١٩١٧ ماوه‌ی خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ته‌واو ده‌بێت و ئازاد ده‌بێت ، هه‌ر له‌م ساڵه‌دا یه‌که‌م کۆمه‌ڵه شیعری خۆ‌ئ به ناوی ( Le Devior et ) بڵاو ده‌کاته‌وه . ئیلوار خۆی وای هه‌ست ده‌کرد له ” وات وێتمان ” ی شاعیری ناوداری ئه‌مریکی زۆر نزیکه ، وات وێتمان نووسه‌ری دیوانه شیعری ( گه‌ڵاکانی گیا ) ئێلوار ئه‌م دیوانه شیعره‌ی زۆر ده‌خوێنده‌وه . هەروەها به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی داداییه‌کانیش کردووه ، له‌گه‌ڵ ” تریستان تزارا و ئه‌ندری بریتۆن و لویس ئه‌راگۆن و فلیپ سۆپات و زۆرێک له‌و نووسه‌ر گه‌نجانه یه‌کتریان ده‌دیت و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کۆده‌بوونه‌وه . پاشان له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرێکی تر وه‌کو سو‌ریالیسته‌کان خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن . پۆل ئیلوار یه‌کێک له‌و که‌سانه ده‌بێت که مانیفێستی سوریالیزم ئیمزا ده‌کات . ئیلوار له‌ساڵی ١٩١٢ ژنی هێناوه و کچێکی له‌و ژنه‌ی هه‌یه به ناوی ” سیسه‌یل ” ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ی به‌یه‌که‌وه زۆر به‌خته‌وه‌ر نابن بۆیه له ئاکامدا له‌یه‌کتری جیا ده‌بنه‌وه . ئیلوار له ساڵی ١٩٢٤ بۆ ماوه‌یه‌ک ون ده‌بێت ، ده‌نگ و باس وا بڵاو ده‌بێته‌وه گوایه مردووه به‌ڵام ، دوای حه‌وت مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه پاریس ، وا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا له سه‌فه‌رێکی دوور و درێژ دا بووه ، له مارسلیس ه‌وه بۆ تاهیتی ، ئه‌نده‌نووسیا ، سیلان ، ئوسترالیا ، چه‌ند شوێنێکی تر . پاش ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی سوریالیزم درێژه به هه‌وڵه‌کانی ده‌داته‌وه . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که گاڵه‌ی خێزانی پێشووی له‌گه‌ڵ ( سلفادر دالی ) په‌یوه‌ندی هه‌یه ! ئیلوار له‌ساڵی ١٩٢٦ به‌هۆی چاپکردنی دیوانه شیعری (Capital de la Doluer ) ناوده‌نگێکی شیعری باش په‌یدا ده‌کات . له ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٩٣١ له‌گه‌ڵ ( Nusch ) ه‌ی هونەرمەندی شێوەکاری سوریالیست یه‌کتریان خۆشده‌وێت ، که یه‌کێکه له‌و خوێنه‌رانه‌ی ئیلهام له شیعره‌کانی وه‌رده‌گرێت ! هه‌ر له‌وکاتانه زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن و ده‌بن به هاوسه‌ری یه‌کتری و له‌گه‌ڵ یه‌کدا زۆر به‌خته‌وه‌ر ده‌بن ، بۆیه هه‌تا دواچرکه‌کانی ته‌مه‌نی بەیەکەوە دەژین ، واته تا ساڵی ١٩٤٦ چونکه له‌وساڵه‌دا ژنه‌که‌ی ده‌مرێت . ئیلوار له‌ساڵی ١٩٣٩ جارێکی تر بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی بانگ ده‌کرێته‌وه ، له‌سه‌رده‌مانی ده‌ست ڕۆیشتوویی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا ئه‌و ڕیزه‌کانی سوپای جێهێشتووه و به‌نهێنی خه‌ریکی کاری ئه‌ده‌بی و خه‌ریکی ئیشکردنه به دژی شه‌ڕ و دوژمنکاریه‌کانی ئه‌ڵمانیا ، له ساڵی ١٩٤٢ ده‌چێته ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسی . به‌شێوه‌ی نهێنی چاڵاکی و کاره سیاسیه‌کانی ئه‌نجام ده‌دات . له‌و سه‌رده‌مانه ئیلوار سه‌فه‌ر بۆ زۆرێک له وڵاتانی دونیا ده‌کات له‌وانه ( به‌ریتانیا ، بیلگیه‌م ، چیکیسلۆفاکیا ، مه‌کسیکۆ ، ڕوسیا … ) به‌ڵام له وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕێگه‌ی پێناده‌ن و ڤیزه‌که‌ی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه به پاساوی کۆمۆنیست بوونی ! له نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٤٦ له‌ومانگه‌ی” نووچه”ی خێزانی ده‌مرێت دیوانه شیعرێک به‌ناوی ( Le Dur Desir de durer ) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت ، که له پێنج قه‌سیده پێکهاتووه . پۆل ئیلوار وا بیری ده‌کرده‌وه و پێیوابوو ، په‌یامی شیعر ئه‌وه‌یه( ده‌بێ داهێنان له زمان بکات و زمان نوێ بکاته‌وه ) ، بۆ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانه له ژیان و ڕووبه‌ری بووندا ! وه پێی وابوو شیعر هۆکارێکه ده‌توانێت خوێنه‌ران هۆشیار بکاته‌وه و گه‌شه‌یان پێ بدات ! له‌م ڕاستایه‌دا له‌پاڵ داهێنانه ئه‌ده‌بیه‌کان و به‌رز ڕاگرتنی ناسنامه سیاسیه‌که‌ی ، هه‌وڵیده‌دا بۆ گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به ده‌ستهێنانی ئازادییه‌کانی تاک هاوکات ئازادی سێکسیش . ئیلوار له ماوه‌ی هه‌موو ژیانیدا زیاتر له حه‌فتا کتێبی جۆراوجۆری ده‌رباره‌ی شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بی و گۆشه‌نیگای سیاسیه‌وه بڵاوکردۆته‌وه . وه له ساڵی ١٩٥٢ له ته‌مه‌نی پەنجا و شه‌ش ساڵیدا ده‌مرێت ، ئه‌وکاته له‌گه‌ڵ ژنی سێیه‌می دا بووه .
_ سه‌رچاوه : ئه‌نته‌رنێت
- Poets.org- poetry,poems- Bios&more
- Pual Eluard- poems.Biography,Quotes