
په‌تای گه‌نده‌ڵی و تێكشكانی كۆمه‌ڵگه … شاخه‌وان سدیق
له گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو)دا
“ڕۆمان هونه‌ری ئاماده‌كردنه‌وه‌و هێنانه قسه‌و ناساندنی مرۆڤه بێده‌نگه‌كانه” (به‌ختیار عه‌لی)
به‌درێژای مێژووی هونه‌ری نوسین و گێڕانه‌وه، وه‌ك سیحری بنیاتنانی پایه گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب، ده‌لاقه‌ی خسته‌نه‌ڕووی ئازار‌و مه‌ینه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بووه، زۆر جار ئه‌وه‌ی مێژوو نه‌ی توانیوه بیڵیت و ده‌ركی پێنه‌كردووه، ئه‌ده‌ب وه‌ك ژانرێكی گرنگ ئه‌و سپه‌یسه‌ی پڕكردۆته‌وه‌و بگره باشتر وێنا گه‌وره‌ی ڕووداوه‌كانی گواستۆته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌ده‌ب جیاواز له مێژووی ڕوداوه واقیعیه‌كان كۆپی ناكات، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌و به‌شانه‌ی ڕوداوه‌كان ده‌گوازێته‌وه كه له واقیعدا به چاو نابینرێن و دیوێكی تریان ده‌خاته ڕوو، (كۆڵن وڵسن) ده‌ڵێت” كاریگه‌ری ڕۆمان له‌سه‌ر كلتوری مرۆڤایه‌تی، له تێكڕای تیۆریه‌كانی فرۆید‌و داروین و ماركس زیاتر بووه” ئه‌وه‌ش كه وای كردوه (ئه‌ده‌ب) ئه‌م گرنگیه‌ی هه‌بێت، ده‌ست بردن و قسه‌كردنیه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به ئازار‌و كێشه گه‌وره‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (دیستۆ ڤسكی) له ڕۆمانی (تاوان و سزا)دا و (جۆرج ئۆروێڵ) له ڕۆمانی (1984) دا و (گۆستاف فلۆبێر) له ڕۆمانی (مادام بۆ ڤاری)دا، كردویانه. ئه‌وه‌ش كه من له‌م نوسینه‌دا مه‌به‌ستمه له‌سه‌ری بوه‌ستم و بدوێم ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو)ی نوسه‌ری مه‌غریبی، (تاهیر بن جه‌للون)ه، ئه‌م ڕۆمانه‌ش، هاوشێوه‌ی زۆرێك له تێكسته‌كانی تری دونیا، قسه‌كردنه له‌سه‌ر ترسناكترین ده‌ردی كۆمه‌ڵگا كه ئه‌ویش په‌تای (گه‌نده‌ڵی)ه. ئه‌م دیارده‌یه‌ش یه‌كێكه له باوترین دیارده خراپه‌كانی مرۆڤ له زۆرێك له كۆمه‌ڵگاكاندا، به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه به‌هۆیه‌وه جگه له هه‌ڵته‌كانی كۆمه‌ڵگاو نه‌مانی سیستم، مرۆڤیشی به‌ره‌و تێكشانی گه‌وره‌ی جسته‌یی و ڕۆحی ده‌بردوه.
نوسه‌ر له چه‌ند دێڕێكدا.
تاهیر بن جه‌للون، ساڵی 1944 له شاری (فاس) له مغریب له دایك بووه. ماسته‌ری له فه‌لسه‌فه‌دا و دكتۆرای له ده‌رون پزیشكیدا هه‌یه. ساڵی 1987 ڕۆمانی (شه‌وی قه‌در)ی بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌سه‌ری خه‌ڵاتی گۆنگۆری به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌م نوسه‌ره به زمانی فه‌ره‌نسی ده‌نوسێت و به‌یه‌كێك له نووسه‌ره دیاره‌كانی پۆست كۆلۆنیالیزمی ئه‌فریقای باكوور له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له دیارترین ڕۆمانه‌كانی( مناڵی لمه‌كان، ئه‌وتاریكیه دره‌وشاوه‌یه، كۆچ و پیاوێكی تێكشكاو)ه.
چیرۆكی ڕۆمانه‌كه:
ڕۆمانی (پیاوێكی تێكشكاو) یه‌كێكه له ڕۆمانه گرنگ و دیاره‌كانی (بن جه‌للون) و ساڵی 1994 خه‌ڵاتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌ده‌ستهێناوه. نوسه‌ر خۆی ده‌ڵێت: بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی له ڕۆمانی نوسه‌رێكی (ئه‌ندۆنیزی)ه وه وه‌رگرتووه، به‌ناوی (پیرامۆدیا ئاناتا تویر) ئه‌مه‌ش ڕاستی قسه‌كه‌ی (میلان كۆندێرا) ده‌سه‌لمێنێت كه ده‌ڵێت” هه‌موو نوسینێكی نوێ، به شێوه‌ك له شێوه‌كان، كاریگه‌ری نوسینێكی پێشوتری له سه‌ره” ئه‌م ڕۆمانه به‌زمانێكی جوان و كوردیانه‌ی پاراو له‌لایان وه‌رگێڕی به‌توانا (ئازاد به‌رزنجی)ه‌وه كراوه به كوردی و ساڵی (2013) چاپی یه‌كه‌می له ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌م بڵاوبۆته‌وه.
چیرۆكه‌كه به كورتی.
موراد كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه، فه‌رمانبه‌رێكی ڕاستگۆ‌و دڵسۆزی حكومه‌ته، ئه‌م پیاوه له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌وه به خۆشه‌ویستی، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمێكدا ده‌كات به‌ناوی- (حه‌لیمه)وه، كه دواتر كچێكی لێی ده‌بێت، ئه‌م خێزانه ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تاوه پێكه‌وه به‌خته‌وه‌رو ئاسوده‌ن، به‌ڵام هه‌ژاری و ده‌ستكورتی موراد، له ڕووی داراییه‌وه ڕێگره له به‌رده‌وامبوونی ئه‌م خۆشبه‌ختیه‌و، له دواتردا هۆكاره بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌و به‌لاڕێدابردنیان له چه‌ندین ڕوه‌وه، چونكه موراد نایه‌وێت ببێته كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ، ده‌یه‌وێت ژیانێكی ئابڕومه‌ندانه بژی، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌م بیر‌و باوه‌ڕه‌ی ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی وێرانتر ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام توشی دابه‌شبون و كه‌رتبونی ده‌كات و به تێك‌شكان و ڕوخانی كه‌سایه‌تی كۆتای دێت و ده‌بێته پیاوێكی تێكشكاو كه له مرۆڤێكی وه‌فادارو ڕاستگۆوه، ورده‌ورده ده‌بێته مرۆڤێكی بێمتمانه‌ی گه‌نده‌ڵ. ئه‌وه‌تا له لاپه‌ڕه (16) ڕۆمانه‌كه به‌م جۆره نوسه‌ر باس له شێوازی بڵاو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له كۆمه‌ڵگادا ده‌كات.
” دوای ئه‌وه‌ی موراد سواری تاكسی ده‌بێت، كابرای ته‌كسی ئاوڕ ده‌داته‌وه‌و له به‌رخۆیه‌وه ده‌ڵێت” ده دانه ساڵه ئه‌م ته‌كسیه‌م كڕیوه، بڕواده‌كه‌یت تا ئێستاش به‌رتیل به‌و كابرایه ده‌ده‌م كه مۆڵه‌تی شۆفێریه‌كه‌ی بۆ ده‌رهێنام” موراد به‌هۆی ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له فه‌رمانگا حكومیه‌كان وه‌ك برپرس كارده‌كات، ڕۆژانه توشی چه‌ندین حاڵه‌ت و دیارده‌ی به‌رتیلخواردن ده‌بێته‌وه، كه ته‌نها به واژۆ كردنی له سه‌ر كتابێك ده‌توانێت ژیانی بگۆڕێت، ئه‌وه تا له لاپه‌ڕه (24)دا به‌م جۆره باس له هه‌ڵوێستێكی مۆراد ده‌كات” (فولان) كه به‌ڵێنده‌رێكی بیناسازییه، له یه‌كێك له كافێكانی شاردا سه‌فته‌یه‌ك پاره ده‌خاته به‌رده‌م موراد و داوای ته‌نها یه‌ك واژۆی لێده‌كات، ئه‌و سه‌فته پاره هێنده زۆربوو كه موراد ده‌ی توانی ” ماتۆڕێك بۆ خۆی و كراسێك بۆ حه‌لیمه‌و قاتێك بۆ مناڵكه‌ی بكڕێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ده‌ی توانی هه‌مویان به‌رێت بۆ ڕیستۆرانت و ماسی بخۆن، خۆشی جگه‌ره‌ی ئه‌مریكی بكێشێت. به‌ڵام موراد ده‌ڵێت من. (به‌رتیل خۆر نیم)و به‌توره بونه‌وه تڤێك ده‌كاته سه‌رزه‌وی و ده‌ڕوات.
له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه ئه‌وه‌یه، كه له دواتردا و به‌هۆی غدره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه (موراد)یش ده‌بێته یه‌كێك له پیاوانی به‌رتیل خۆری گه‌نده‌ڵ، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ش هه‌ست به تاوان و ئازاری ویژدان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ڕووده‌دات له ئه‌ساسدا به‌شێك نییه له كه‌سایه‌تی (موراد) به‌ڵكو ئه‌وه سیستمی حكومڕانی و ڕه‌فتاری ئاشكرای پیاوانی حكومه‌ته كه كه‌سایه‌تی ئه‌م ناچار به‌و گۆڕانه گه‌وره‌یه له‌و دا ده‌كه‌ن، موراد ته‌نها قوربانیه، وه‌ك چۆن مرۆڤ له‌م جۆره كۆمه‌ڵگانه‌دا بون و ژیانی به‌گشتی قوربانیه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌وه‌تا له دواجاردا موراد ده‌ڵێت” ئای چه‌نده سه‌خته مرۆڤ هێنده ڕووناكبین و ه‌وشیار بێت، كه باوه‌ڕی به‌هیچ بیانوویه‌ك نه‌مابێت بۆ خراپه‌كاری و ناشیرینیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و سه‌رده‌مه‌كه‌ی و ناشیرینی مرۆڤایه‌تی و ناشیرینی مه‌رگ، ئاخۆ شه‌و له‌م غه‌مه قووڵه ڕزگارم ده‌كات، یان مه‌رگ دێت و ئه‌م باره قورسه‌ی سه‌ر شانم لاده‌بات.
ته‌كنیك وه‌ك خاڵی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه:
ته‌كنیك یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه گرنگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ڕۆمانه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ساده ده‌ربڕین له گێڕانه‌وه‌داو قوڵ ده‌ربڕین له واتادا، بۆ خۆشی ئه‌م تێكسته ڕۆمانێكی فره ڕه‌هه‌ندی فره كاره‌كته‌ره‌و، تێمای سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ی باسكردنه له دیارده‌ی هه‌ژاری و خراپی سیستمی حكومڕانی و فراوانی دیارده‌ی به‌رتیلخواردن و بڵاو بونه‌وه‌ی ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی له ناو دامده‌زگاكانی حكومه‌تدا، ڕاوی گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕوداوه‌كان له‌لایان چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كه‌وه ده‌گێردرێته‌وه، به‌ڵام جۆرێك له هاو په‌یوه‌ستی له نێوان گێڕه‌وه‌كاندا هه‌یه، ئه‌م ڕۆمانه به‌شێوه‌ی دیالۆگی كورت و خێرا‌و له ڕێگه‌ی گرێچنی ورده‌وه، ڕوداوه‌كانی پێكه‌وه به‌سراونه‌ته‌وه، به‌جۆرێك كه نوسه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره له ته‌كنیكه‌وه سیحری خۆی له خوێنه‌رده‌كات و واده‌كات كه خوێنه‌ر نه‌توانێت به ئاسانی ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی هه‌ڵگرێت.
په‌یوه‌ندی ئه‌م ڕۆمانه به دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه:
هه‌روه‌ك چۆن نوسه‌ر كه (مه‌غریب)یه‌و خۆی ده‌ڵێت گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌م باسكردنه له واقیعی ژیانی هاوڵاتیانی مه‌غریب و بیرۆكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌شی له ڕۆمانی نوسه‌رێكی (ئه‌ندۆنیزیه‌وه) وه‌رگرتوه، ئاوهاش ئه‌م ڕۆمانه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی به شێوه‌ی ژیانی هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، چونكه له ماوه‌ی (26) ساڵی ڕابردووی حكومڕانی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیانه‌ی كوردی، به‌هۆی بڵاو بونه‌وه‌ی فه‌سادو دیارده‌كانی به‌تیل خواردن له داموده‌زگانی حكومه‌تی هه‌رێمدا، چه‌ندین هاوڵاتی و فه‌رمانبه‌ری دڵسۆزی ئه‌م هه‌رێمه (موراد) ئاسا، كه له ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی پڕله ئینتیما بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌دا سه‌ربه‌رزانه ده‌ژیان ناچار به تێوه‌گلان و توشبوون به ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی كران و له ژێرفشاری هه‌ژاریشدا خێزانه‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه. بۆیه به‌بۆچوونی من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه جیاواز له زۆرێك له تێكسته‌كانی كه بۆ ئێمه خوێنه‌رانی كورد پێویسته، چونكه ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه خاڵی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كانن و وه‌ك چۆن ئازاره‌كانیان هاوبه‌شه، ئاوهاش چیرۆكه‌كانیان هاوبه‌شه، بۆیه كاتێك ئه‌م ڕۆمانه ده‌خوێنیته‌وه، واده‌زانیت (تاهیر بن جه‌للون) كورده‌و ڕۆمانه‌كه‌شی بۆ واقیعی ئێستا ئێمه به‌كوردی نوسیوه، ئه‌وتا نوسه‌ر خۆشی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه ده‌ڵێت” ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌م له‌م ڕۆژگاره‌دا و له مه‌غریبی هاوچه‌رخدا ڕووده‌ده‌ن و ده‌مه‌وێت تیایدا ئه‌وه بڵێم كه وه‌ختێ به‌دبه‌ختی ڕووده‌كاته ده‌روونی ئاده‌میزاده‌كان، ئیتر با هه‌زاران كیلۆمه‌تریش له یه‌كه‌وه دووربن و له بارودۆخی جیاواز و له ژێر ئاسمانی جیاوازدا بژین، به‌ڵام ڕاستی هه‌مان هه‌واو هه‌وه‌س و كه‌ڵكه‌ڵه و فریوی شه‌یتانی ده‌بن” ده‌مه‌وێت له دواجاریشدا له دڵه‌وه سوپاسی وه‌رگێری به‌توانا (ئازاد به‌رزنجی) ده‌كه‌م بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مه جوان و ناوازه‌یه‌و ناساندنی به خوێنه‌رانی كتێبخانه‌ی كوردی.