ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و بانگەوازێک بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە کوردستان.. زیاد ڕەشاد قادر
پێشەکی
ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، وەکوو ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان لەلایەن یەکێتیی نێونەتەوەییی کتێبی لاوان (IBBY)ەوە دیاری کراوە، لەو ڕۆژەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت لە دونیادا ساز دەکرێت. ئەو ڕۆژە، واتە 2/4 هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی نووسەری بەناوبانگ “هانس کریستیان ئەندەرسن”، هەر بۆیە دوو ساڵ جارێک هەر لەو ڕۆژەدا خەڵاتێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان دەبەخشرێت. سەرەتا با بەکورتی تیشک بخەیەنە سەر ژیان و بەرهەمەکانی “ئەندەرسن”، ئەوجا دێینە سەر ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، پاشان بزانین (IBBY) چییە و کەنگی دامەزراوە و کاری چییە، دواتر قسە لە زەروورەتی هەبوونی لقێکی نیشتمانیی (IBBY) لە کوردستان و دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو لقە ڕادەگەیەنین.
هانس کریستیان ئەندەرسن (1805ــ1875)
هانس کریستیان ئەندەرسن (Hans Christian Andersen) لە 2ی نیسان لە شاری ئۆدێنسەی دانیمارک لەدایک بووە، ئەو لەنێوان ساڵانی (1805ــ1875)دا ژیاوە. بە یەکێک لە دیارترین نووسەرانی چیرۆکی ئەفسانەیی دادەنرێت. ئەندەرسن ڕۆمان و شانۆنامە و شیعری نووسیوە، بەڵام بەهرەکەی لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەییەکاندا گەیشتووەتە ترۆپک.
ئەندەرسن لە خێزانێکی هەژاردا پێگەیشتووە، بەڵام لە تەمەنی زووەوە بە گوێگرتن لەو چیرۆکانەی کە بابی بۆی دەخوێندەوە و ئەو هەقایەتە ئەفسانەییانەی دایکی بۆی دەگێڕایەوە، پاشان لەڕێگەی خوێندنەوە و خۆماندووکردنەوە، توانیویەتی خۆی زیاتر بەهرەمەند بکات، بەجۆرێک ببێتە ئەو کەسە ناسراوە، کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی بکرێنە فیلم و شانۆنامە و فیلمی کارتۆنی. کەس نەیدەزانی ئەم کوڕە ھەژارە، ڕۆژێک دێت دەبێتە نووسەرێکی بەناوبانگ لە چیرۆکی منداڵاندا، بەجۆرێک لە ماوەی ژیانیدا نێزیکەی 156 بەرھەمی نووسیوە. لە ساڵانی دوای ژیانیشیدا ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کردووە. چیرۆکەکانی ئەندەرسن وەرگێڕدراونەتە سەر زیاتر لە 125 زمان . بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە وەک چیرۆک و فیلمی کارتۆنی بە زمانی شیرینی کوردییش (سۆرانی و کرمانجی) بینیومانە و خوێندوومانەتەوە، وەک؛ قورینگ، کەمانچەژەن، کیژگۆکە شقارتەفرۆشەکە، چەرخ و فەلەک، مراوییە ناشیرینەکە و بەرازەوان… کە بە سۆرانی لەلایەن پیرەمێرد و عەزیز گەردی…، بە کرمانجییش لەلایەن نەسرین ڕۆژکان و ڕۆژان حازم… و چەند نووسەرێکی دیکەوە کراونەتە کوردی.
لە ساڵی 1867 شاری ئۆدێنسە، کە زێدی نووسەرە، ڕێزی لە ئەندەرسن ناوە و نازناوی “ھاووڵاتیی شانازی”ی پێ بەخشیوە، ئێستاش لە شاری کۆپنھاگن، پەیکەری “کیژکۆگە شقارتەفرۆشەکە” کە ناوونیشانی یەکێک لە چیرۆکەکانیەتی، لە کەنار دەریاکە داندراوە و بووەتە ھێمایەکی نیشتمانی بۆ دانیمارک.
لە ڕۆژی جیهانیی کتێبدا چی دەکرێت؟
لە ساڵی 1967ەوە ڕۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە 2ی نیسانی هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیادا، لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، وەک؛ ئەنجامدانی چالاکیی خێزانیی تایبەت بە خوێندنەوە، لە ڕێگەی تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو و داواکردن لە هەر ئەندامێکی خێزان کە باس لە چیرۆکێک یان کتێبێک بکات کە خوێندوویەتییەوە و لەگەڵ ئەوانی تردا گفتوگۆی لەسەر بکات. کتێب کردنە دیاری بۆ منداڵان، یان داشکاندن بۆ کتێبی منداڵان، بە ئامانجی هاندان بۆ خوێندنەوە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دایباب، تا لەگەڵ منداڵەکانیان بچنە کتێبخانەکان و کتێبی گونجاو هەڵبژێرن. بانگەوازی کۆکردنەوە و کردنە دیاری کتێب لە سەنتەرە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندندا و بەخشینیان بەو ڕێکخراوە خێرخوازییانەی کە کار لەسەر بابەتی پەروەردەیی و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن. پۆشینی جلی تایبەت لەلایەن منداڵانەوە، کە گوزارشت لە پاڵەوانی ناو ئەو کتێبانە دەکات کە دەیخوێننەوە، یان پۆشینی جلی کەسایەتییە دڵخوازەکانی ناو چیرۆکەکان. هەروەها هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە سوود و بایەخی خوێندنەوە لە پێگەیاندنی هەر منداڵێکدا، بەتایبەت سوودە دەروونییەکانی وەک؛ دروستکردنی هەستی ئەرێنی، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشار، پاراستنی تەندروستیی مێشک، خۆپاراستن لە ئەلزەهایمەر و لەبیرچوونەوە…
لەو ڕۆژەدا بەشێوەیەکی گشتی، ئەوە دەچرپێندرێتە گوێی منداڵ و دایباب و سەرپەرشتیارانیان، کە کتێب تەنێ کۆمەڵێک لاپەڕەی بەیەکەوەگرێدراو نییە، کە بە پیت و وشە ڕەش کراوە و چاپ کراوە، نا، بەڵکوو دەلاقەیەکە بۆ ڕوانین بەسەر دونیایەکی پڕ لە پرسیار، فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و گەشەکردنی بیرۆکەی نوێیە. منداڵ لەڕێگەی کتێبەوە، فێری ڕێزگرتن و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەبێت، کتێب وا لە منداڵ دەکات ئازاد و ئازا بێت، بەهۆی کتێبەوە ڕابردووی دەناسێت و وانەی لێ وەردەگرێت، لەوڕۆدا دەژیێت و پلان و بەرنامەی هەیە بۆ سبەینێ. منداڵ لە خوێندنەوەی کتێبەوە فێر دەبێت کە چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخە سەختەکان ببێتەوە، بۆ نموونە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانی ئەزیزێکیدا بکات. خوێندنەوەی کتێب یارمەتی منداڵ دەدات، کە فێری کەلتوور و شێوازی ژیانی نوێ ببێت.
لە دونیای تازە و سەردەمی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کە منداڵان لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و دونیای ئاپ و شاشەکاندا دەستەویەخەن، کتێب وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ قووڵایی بیرکردنەوە. خوێندنەوە توانای ڕەخنەگرتن، چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، جگە لەوە، ئەو ساتانەی دایباب و منداڵ پێکەوە کتێب دەخوێننەوە، نەک تەنیا زمانی منداڵ بەھێز دەکەن، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیش قووڵتر دەکەنەوە.
(IBBY) ھەر ساڵەو لە 2ی نیساندا لقی یەکێک لە وڵاتەکان دیاری دەکات بۆ ئامادەکردنی پەیامێکی ڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە. ئەم پەیامە لەلایەن نووسەر و وێنەکێشانی ناوداری ئەو وڵاتەوە ئامادە دەکرێت، کە وەک کارێکی سیمبولیکی بۆ بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لە ناو نەوەی نوێدا، لە سەتان ناوەند و کتێبخانە و قوتابخانە و سەنتەری پەروەردەیی لە جیهاندا دەخوێندرێتەوە.
دەستڕاگەیشتن بە کتێبی باش و کوالێتیی بەرز بە زمانی دایک و پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، مافێکی بنچینەیی ھەر منداڵێکە. هەرچەندە بەداخەوە، لە بەشێک لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم جیهانە، لەبەر چەندین هۆی وەک؛ جەنگ، قەیرانی سیاسی، ھەژاری… بەشێکی منداڵان لەم مافە بێبەشن. ئەوجا ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان دەرفەتێکە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییە و ھاندانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ دابینکردنی کتێب بۆ ھەموو منداڵێک، چ لە ڕۆژهەڵات بن، یا ڕۆژئاوا، لە باکووری گۆی زەوی بن یا لە باشوور.
منداڵانی ئەوڕۆ، کاراکتەر و بەڕێوەبەر و بەرپرس و سەرکردەی دواڕۆژن، ئەگەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو و ئیشکەر و بەرهەمهێن و لەخۆبوردوومان دەوێت، پێویستە بە کتێب ئاشنا بن و خوێندنەوە لەلایان ببێتە کەلتوور و لە گەنجینەی مەعریفە و زانست دوور نەبن.
لە کوردستان لەو ڕۆژەدا چی بکرێت؟
ڕاستە لقی (IBBY) تا ئێستا لە کوردستان نییە، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی چ لەسەر ئاستی تاک (نووسەر، وێنەکێش، وەرگێڕ، پەروەردەکار…)، چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە (ڕێکخراو، کتێبخانە، زانکۆ، بڵاوکراوە، میدیا…ی تایبەت بە منداڵان) کۆمەڵێک چالاکیی گەورە و جوان ئەنجام بدرێت، لەوانە؛ تەرخانکردنی کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت لە میدیا، ئەنجامدانی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزاڕاگرتنی کتێب و ڕۆڵی کتێب لە ژیان و پاشەڕۆژی منداڵدا، بەخشین و کردنە دیاری کتێب، داشکاندنی نرخی کتێبی منداڵان لەو ڕۆژەدا، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی کتێبی باش و کوالێتیی بەرز، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە منداڵان فێری ڕاستگۆیی، میهرەبانی، دەستپاکی، دڵسۆزی و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەکەن، تەنانەت ئەوانەی منداڵان ڕادێنن لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی توڕەیی یان دڵتەنگی. هەروەها دانان و ئامادەکردنی پۆستەر و پۆستکاد و گرافیک و پارچە ڤیدیۆی گونجاو بەو ڕۆژە لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامدانی پێشبڕکێی خویندنەوەی کتێب و خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، دانان و پەرەپێدانی کتێبخانەی گەڕۆکی منداڵان، کارکردن لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ناوەندەکانی خوێندن و ئەنجامدانی فیستڤاڵی ساڵانە بۆ بەکەلتوورکردن و خۆشەویستکردنی خوێندنەوە لای منداڵ و هتد…
(IBBY) چییە؟
بۆرد یان ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی کتێب بۆ لاوان (International Board on Books for Young People) کە بە (IBBY ) دەناسرێت، ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و لە ساڵی 1954 لە شاری زیورخی سویسرا دامەزراوە. دەتوانین بڵێین ئەم ڕێکخراوە وەک پردێکی پەیوەندیی جیهانی وایە، لەپێناو بەیەکگەیشتنی ئەو نووسەر و کەسە چالاکانەی لە سەرانسەری دونیادا خەریکی پێشخستنی کتێبی منداڵانن. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی دونیادا، تا دەستیان بە کتێب بگات. هەروەک هانی بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی کتێبی باش و کوالێتیی بەرزی منداڵان دەدات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئاستی چاپ و بڵاوکردنەوە تێیاندا لاوازە، هەروەها بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەکیەتی پشتیوانی ئەو کەسانە (نووسەر، نیگارکێش، پەروەردەکار، دەزگای چاپ و کتێبخانەکان…) بکات، کە بۆ منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان کار دەکەن.
یەکێکی دیکە لە بەناوبانگترین چالاکییەکانی (IBBY) ئەوەیە؛ کە دوو ساڵ جارێک خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن دەبەخشرێتە نووسەر و وێنەکێشێک، کە بەرهەمەکانیان خزمەتێکی شایستەی بە ئەدەبیاتی منداڵان کردبێت. ئەم خەڵاتە بە “خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی منداڵان” دادەنرێت و گەورەترین ڕێزلێنانە لەم بوارەدا. هەر وەک ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، کە ناو نراوە بە ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان (کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی هانس کریستیان ئەندەرسن)، دروشم و پۆستەری تایبەت بە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.
لە چالاکییەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە؛ دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی و ئەدەبیی تایبەتە بە ناوی (Bookbird)، کە تێیدا لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی جیهان دەکرێت، بەجۆرێک گۆڤارەکە دەبێتە ژێدەرێکی بایەخدار و باوەڕپێکراو بۆ پسپۆڕانی ئەم بوارە. ئەمە جگە لەو چالاکییە خێرخوازییانەی ئەنجامی دەدات، بەتایبەت لە کاتی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکاندا، کە پرۆژەی چارەسەری بە کتێب یان چارەسەری بە خوێندنەوە (Bibliotherapy) ئەنجام دەدات. بەو باوەڕەی کە کتێب دەتوانێت یارمەتی منداڵە زیانلێکەوتووەکان بدات، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و شۆکە دەروونییەکان.
هەرچەندە (IBBY) ڕێکخراوێکی ناحکومییە، بەڵام لەلای یونسکۆ و یونیسێفەوە پێگەیەکی ڕەسمی هەیە. ڕێکخراوەکە وەک داکۆکیکارێک بۆ کتێبی منداڵان ڕۆڵی خۆی هەیە، هەروەها پابەندە بە بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1990 پەسەند کراوە، کە پەروەردەی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاستەوخۆ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی مافی منداڵ. هەروەها (IBBY) هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی کتێبی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لەم سۆنگەوە بەشداری لە پێشانگای کتێبی منداڵان و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کتێبدا دەکات.
ڕێکخراوەکە لقی لە کوردستاندا نییە
(IBBY) لقی لە 80 وڵاتی جیهاندا هەیە، کە هەر لقێک لە وڵات یان هەرێمەکەی خۆی دەستەیەک لە نووسەر و وێنەکێش و دامەزراوەی وەک کتێبخانە و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی نوێنەرایەتیی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. هەرچەندە ساڵانێکە ڕێکخراوەکە لە بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە، وەک؛ تورکیا، ئێران، ئوڕدەن، میسر، لوبنان، ئیمارات و فەلەستین… لقی هەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لقی نییە.
کردنەوەی لقێکی نیشتمانی لە ڕێکخراوی (IBBY)، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر وڵات یان هەرێمێک، کە بیەوێت ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکار و مەرجی سەرەکی هەیە، وەک؛ هەر لقێک کە دەکرێتەوە پێویستە نوێنەرایەتی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەدەبیاتی منداڵان (نووسەران و وێنەکێشانی بواری منداڵان و بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانەی قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری پەروەردە و ئەدەب…)ی ئەو وڵات یان ناوچەیە بکات.
هەر لقێکی نیشتمانی دەبێت ساڵانە بڕێک پارە وەک ئابوونەی ئەندامێتی بداتە ڕێکخراوەکە، بڕی ئەم پارەیە جێگیر نییە و بەپێی باری ئابووریی وڵاتەکە و قەبارەی چالاکییەکان دەگۆڕێت، هەر وەک زۆر جار بۆ ئەو ناوچانەی باری ئابوورییان لەبار نییە، ئاسانکاریی پێویست دەکرێت. سوودەکانی هەبوونی لقێکی ڕێکخراوەکە لە هەر وڵات یان هەرێمێک زۆرن، لەوانە؛ پاڵاوتن و پێشنیازکردنی نووسەر و وێنەکێشەکانی بۆ خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن، چونکە تەنیا ئەو وڵاتانەی لقی فەرمییان هەیە دەتوانن کاندیدایان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. هەر لقێکیIBBY دەتوانێت دوو ساڵ جارێک باشترین کتێبەکان (نووسین، نیگارکێشان، وەرگێڕان) بنێرێت بۆ ئەم لیستە جیهانییە کە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی منداڵان نمایش دەکرێت. هەروەها هەر لقێک مافی هەیە بەشداری لە کۆنگرە جیهانییەکانی ڕێکخراوەکە بکات و نوێنەری خۆیشی بۆ ئەو کۆنگرە دەورییە بنێرێت، کە دووساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ شارەزایانی جیهان. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا لقی ڕێکخراوەکە لە هەرێمی کورستاندا نییە!
زەروورەتی هەبوونی لقی (IBBY) لە کوردستان
هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە هەرێمی کورستان، تا بتواندرێت وەکوو پێویست ئەدەبیاتی منداڵان و کتێبی منداڵان بەرەو پێش ببردرێت لەلایەک و لەلایەکیدیش، کوردستان لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونەکانی دونیا لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی منداڵان دوا نەکەوێت و هەموو ئەو ماف و ئەرک و رۆڵ و کاریگەرییەی هەر لقێک هەیەتی، کوردستانیش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسەر و وێنەکێش و چالاکانی بواری منداڵان، دەست بکەن بەو ڕێکارانەی پێویستن، بۆ کردنەوەی لقی کورستانی ڕێکخراوەکە.
بۆ دڵنیابوونیش لەوەی ئاخۆ تا ئێستا لقی ڕیكخراوەکە لە عێراقدا هەیە یاخود نا، ئێمە لە چەند ناوەندێکی عێراقییەوە زانیاریی ئەوەیان پێداین، کە بەڵێ لقی لە عێراق هەیە، پاشان کە بەدوای کار و چالاکییەکانی لقەکە و مێژووی دامەزراندنیدا گەڕاین، هیچمان دەست نەکەوت، دواتر کە لە ماڵپەڕی ڕەسمیی (IBBY) سۆراخمان کرد و ناوی هەموو ئەو هەرێم و وڵاتانەمان وەرگرت کە ئەندامن و لقیان هەیە، دەرکەوت تا ئێستا عێراق چەند ڕێکخراوێکی لۆکاڵیی هەیە کە لە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و هەندێک بۆنەی دیکەدا، کۆمەڵێک چالاکیی هاوشێوەی چالاکییەکانی (IBBY)یان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە لە عێراقدا نییە. بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان هەلەکە لەبارترە داوای کردنەوەی لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە بکات، ئەمە لە کاتێکدا، ژمارەیەک هەرێم، یان قەوارە کە دەوڵەتی سەربەخۆی داپێدانراو نیین و لقیشیان هەیە، نموونەی ئەو هەرێم و قەوارانەش؛ هەرێمەکانی کەتەلۆنیا و باسک و دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینن.
دیارە بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ کردنەوەی هەر لقێک، پێویستی بە توانای ماددی و مەعنەویی کۆمەڵێک کەس و دەزگای خەمخۆر و پەرۆش بۆ ئەدەب و کتێبی منداڵان هەیە، هەروەها پێویستی بە چەندین ڕێکاری کارگێڕی و بەدواداچوون و هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەموویان لە کوردستاندا هەن، هەر لە نووسەر و وێنەکێش لە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری منداڵان، تا گۆڤار و تەلەڤزیۆنی تایبەت بە منداڵان و تا ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تا کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و هتد… لە هەمووشی گرنگتر کورد وەک گەلێکی خودان ناسنامە و مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆی و خاوەن کەلەپوورێکی گەورە لە ئەدەبیات بەگشتی و ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی، هەرێمی کوردستانیش وەک خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، تەواوی مافی بەئەندامبوون و کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکەی هەیە و لە ئێستادا هەموو زەمینەیەک گونجاو و لەبارە، بۆیە تەنیا خەمخۆری و هەماهەنگیی ئەو کەس و دەزگایانە پێویستن.
لێرەوە بەندە وەک نووسەرێکی ئەدەبی منداڵان و خاوەن ژمارەیەک کتێبی چاپکراوی منداڵانە و چالاک لە بواری ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، سەرەتا داوا لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆزەکانم لە نووسەران و نیگارکێشانی بواری منداڵان دەکەم، بێن پێکەوە بۆردێک بۆ ئەو پرسە دابمەزرێنین، پاشان لەگەڵ ئەو دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدار و خەمخۆر و نیشتمانییانە بکەوینە گفتوگۆ، تا هەرچی زووە فۆرمی داواکاری بۆ کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە بدەینە IBBY و ئەو بابەتە بکرێتە خەمی ئەمساڵی دڵسۆزانی کتێبی منداڵان.
لە چاوەڕوانی هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی دڵسۆزان و پەرۆشانی پاشەڕۆژی منداڵانین، بەو هیوایەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە سەرپەرشتیی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان بکات.
زیاد ڕەشاد قادر
تێبینی
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، جگە لە ماڵپەڕی سەرەکیی (IBBY) بەناونیشانی (www.ibby.org)، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەندێک زانیاری، سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوەش وەرگیراوە:
1ــ هانز ئەندەرسن، قورینگ، عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
2ــ کەمانچەژەن، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: پیرەمێرد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، 2012.
3ــ ئەندەرسن، بەرازەوان، وەرگێڕانی: عەزیز گەردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
4ــ هانس کریستیان أندرسن، قصص ،حکایات خرافیة، ترجمة: دنی غالي و ستي غاسموس، دار المدی للثقافة والنشر، ط1، 2006.
5- فريق ليالينا، طرق الاحتفال باليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: MSN، شباط 2025.
6ــ سامر سليمان، كتب يعشقها الاطفال في اليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: ثقافة وفن، 2أبريل 2022.
7-Hans Christian Andersen, Çîrokên Andersen, wergêr: Nesrîn Rojkan, çapxaneyê Morî, Stenbol, 2020.
8-H. C. Andersen, Pelatînk, wergêr: Rojan Hazim, çapxaneyê: Xanî & Bateyî, kopnahgin, 1995.
