
وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان.. و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)
وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان و
ڕێگاکانی بەرەنگاری لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە.
پێشەکی
” سەرهەڵدانی بزوتنەوەی دژە نیولیبرالیزم وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئامانجی ئیدانەکردنی زیادەڕەوی و شکستە هەستپێکراوەکانی جیهانگیری ئابووری بوو”. لە جیهانێکدا کە دونیا بەرەو جیهانگیری خێراتر دەڕوات ، نیولیبرالیزم وەک ئایدۆلۆژیای باڵادەست سەریهەڵدا ، هاوکات بانگەشەی کرد بۆ بازاڕی ئازاد و ، بە تایبەتیکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت ، لە کەڵ ئەوانەش بەڵێنیدا لە بە دیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ تاک . بەڵام لە پشت ئەم بەڵێنەیەوە واقعێکی تاریکترو نەهامەتی هێنایە کایەوە کە بریتی بوو لە خراپتربوونی نایەکسانی و پەراوێزخستنی گەلانی لاواز و درێژەدان بە هەژموونی کۆلۆنیالیزم بە شێوازی نوێ . لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی سیاسەتەکانی مارگرێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕیگان، دامەزراوە جیهانییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی ئەم مۆدێلەیان گرتۆتەبەر . هاوکات سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و بەرنامەی ڕێکخستنەوەی پێکهاتە بەسەر کۆمەڵگە وابەستەکراوەکاندا . ئەمانە بوون بە هۆی تێکچوونی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهان . بۆیە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات بۆ شیکردنەوەی “دڕندەیی و وەحشێتی” نیولیبرالیزم ، کە لە ئیستغلالکردنی سەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکانیدا دەردەکەوێت و “نەهامەتیەکانیش” کە لە توندبوونەوەی هەژاری و پەراوێزخستندا ڕەنگ دەداتەوە . توێژینەوەکە لە ڕێگەی ڕێبازێکی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن نیولیبرالیزم پەیوەندییە کۆلۆنیالیزمەکانی بەرهەمهێنایەوە ، هاوکات گرنگیدان بە کاریگەریەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگاکانی وابەستە . پرسیاری توێژینەوەکەم لە دەوری ئەمانەدەسوڕێتەوە: نیولیبرالیزم چۆن بەشداری کردووە لە قوڵکردنەوەی بۆشایی نێوان مەرکەزو پەراوێز ؟ . چۆن تیۆریەکانی دوای کۆلۆنیالیزم دەتوانن ئەم داینامیکیانە هەڵبوەشێننەوە ؟ . توێژینەوەکە لەسەر بنەمای میتۆدێکی شیکاری ڕەخنەگرانە دامەزراوە ، سوود لە چەمکەکانی ئێدوار سەعید (ڕۆژهەڵاتبون)، گایاتری سپیڤاک (دەنگی پەراوێزخراو) و هۆمی بابا هیبریدیەت (تێکەڵاو بوون) وەردەگرێت ، لەگەڵ توێژینەوە لە کەیسی (پۆلۆڤیا) لە ئەمریکای لاتین . هەروەها ئامانجی توێژینەوەکە بریتیە لە :
١- شیکردنەوەی میکانیزمەکانی نیولیبرالیزم .
٢ – هەڵسەنگاندنی کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان .
٣ – پێشکەشکردنی ڕەخنەی دوای کۆلۆنیالیزم کە بەردەوامی هەژمونی کۆلۆنیالیزم ئاشکرا دەکات .
٤ – چارەسەرکردنی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دڕندەییەی لیبرالیزمی نوێ .
نیولیبرالیزم: پێناسە و تایبەتمەندی
نیولیبرالیزم، وەک دەیڤید هارڤی پێناسەی دەکات، “پڕۆژەیەکی سیاسیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان بۆ بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی “لە چوارچێوەی قەیرانە ئابووریەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا سەریهەڵدا . لیبرالیزمی نوێ هەوڵیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی بازاڕی ئازاد . هەروەها تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی بریتین لە بە تایبەتکردن و ، ئازادکردنی بازرگانی و ، کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان . بەڵام، وەک (نائۆمی کلاین) لە پەرتوکەکەیدا (عەقیدەی شۆک)ئاماژەی پێدەکات ئەم سیاسەتانە زۆرجار لە ڕێگەی “شۆک”ەوە دەسەپێنرێن ، وەک قەیرانی ئابووری یان کارەساتی سروشتی، بۆ ئاسانکاری بە مەبەستی ئیستغلالکردنی کۆمەڵگالاوازەکان .
پۆست کۆلۆنیالیزم: ئامرازی شیکاری
ڕێبازی دوای کۆلۆنیالیزم چوارچێوەیەک دابین دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەردەوامبونی هەژمونی کۆلۆنیالیزم لە فۆرمە ئابووری و کولتوریە مۆدێرنەکاندا . ئێدوار سەعید چەمکی “ڕۆژهەڵاتبوون” پێشکەشدەکات کە باس لەوە دەکات کە چۆن گەلانی غەیرە ڕۆژئاوایی وەک دواکەوتوو وێنا دەکرێن بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستێوەردانەکانی بیانی بهێننەوە. لە بەرامبەردا گایاتری سپیڤاک سەرنجی لەسەر “دەنگی پەراوێزخراو”ە، ئاماژە بە مەحاڵبوونی نوێنەرایەتیکردنی گەلانی ژێردەستە دەکات لە گوتارە
باڵادەستەکاندا.هۆمی بابا چەمکی هیبریدیتی ” تێکەڵاو بوون” دەناسێنێت بۆ شیکردنەوەی کارلێکە کولتوریەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز لە چوارچێوەی جیهانگیریدا .
تیۆری سیستەمی جیهانی
ئیمانوێل والێرشتاین چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیە نایەکسانەکانی نێوان ناوەند (وڵاتانی پێشکەوتوو) و پەراوێز (وڵاتانی وابەستە) دابین دەکات . والرشتاین پێیوایە سەرمایەداری جیهانی پشت بە ئیستغلالکردنی پەراوێز دەبەستێت بۆ بەرژەوەندی ناوەند ، ئەمەش ئەوەیە کە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی سیاسەتەکانی جیهانگیریەوە بەهێزی دەکات. ئامرازە نوێکانی لیبرالیزم
((سیاسەتەکانی خۆپارێزی و ڕێکخستنی پێکهاتەی دەوڵەت)) . دامەزراوەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی پشتیان بە بەرنامەکانی دەستکاریکردنی پێکهاتەیی دەوڵەت بەستووە بۆ سەپاندنی چاکسازی ئابووری بەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. ئەم بەرنامانە کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان و هەڵگرتنی یارمەتیەکان لەسەر کاڵا سەرەتایەکان ،کە ئەوەش هەژاری و بێکاریان زیاتر کرد . بۆ نمونە لە میسر لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووە هۆی بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، ئەمەش وای کرد هەلی کار کەم بێتەوەو هەژاریش زیاد بکات . (ئەگەر کوردستانیش وەکو نمونەی میسر وەرگرین کە سیاسەتی ئابووری دڕندانەو وەحشی نیولیبرازیم تێیدا پیادە دەکرێت و ، هێدی هێدی هەموو دامەزراوە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دەوڵەت دەکرێنە کەرتی تایبەتی و ، هەژاریەکی کوشندەو بێکاریەکی لە ڕادەبەر و نەبونی هەلیکار بەرۆکی خەڵکی گردوەو گەنجانێکی یەکجەر زۆر بێکارو نائومێد بە تایبەتی دەرچوانی زاکۆکان و پەیمانگاکان کەوتونەتە سەر شەقامەکان ، کە ڕێک شوێنی پڕولیتاریاکەی مارکسیان گردۆتەوە ، لە عانوساتی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیدایەو ئەگەر رووبدات تەڕوو وشک پێکەوە دەسوتێت . و.ک)
جیهانگیری کولتووری
نیولیبرالیزم بەشداری کردنی نیولیبرالیزم لە بڵاوکردنەوەی مۆدێلێکی کولتووری ڕۆژئاوایی کە شوناسە ناوخۆیەکان پەراوێز دەخات ، لە ڕێگەی میدیا و کۆمپانیا فرەناسنامەکانەوە . تەرویجدان بەشێوازێکی بەکاربەر کە لەگەڵ بەها نەریتیەکان ناکۆکە ، ئەوەش بووەتە هۆی پەراوێزخستنی کولتورە ناوخۆیەکان لە کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا . ( ئستغلال کردنی سەرچاوەکان) .
کومپانیا فرەڕەگەزەکان کار دەکەن بۆ پشتیوانی و هاوکاری سیاسەتی لیبرالیزم لە ڕێگەی ئیستغلال کردنی سەرچاوە سروشیەکانی وڵاتە لاوازەکان . بۆ نموونە لە ئەفریقا گرێبەستی دەرهێنانی کانزاکان بوو بە هۆی نابوت بوونی ژینگە و ئاوارەبوونی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بەبێ ئەوەی گەشەسەندنی ڕاستەقینە بەدیبهێنرێت . (کاریگەری نیولیبرالیزم لەسەر گەلانی لاواز زیاد بوونی هەژاری و بێکاری) .
سیاسەتی بە تایبەتیکردن و خۆپارێزی بووەتە هۆی تێکچونی بارودۆخی ژیان لە زۆرێک لە وڵاتانی وابەستە و جیهانی تازەپێگەیشتو ، بۆ نموونە چاکسازیەکانی بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا، کە ئەوەش سەریکێشاوە بۆ چەندین شۆڕش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ،
تێکچونی خزمەتگوزاریە گشتیەکان
نیولیبرالیزم خەرجیەکانی پەروەردە و تەندروستی کەم کردۆتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە لاوازەکان دروستکردووە ، لە میسر بە تایبەتیکردنی کەرتی تەندروستی، جیاوازیی لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار دروست کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریەکان . (ڕێک ئەو ئەزموونە لە هەرێمی کوردستان پیادە کراوە لە لایەن نیولیبرالیزم و کومپانیا حزبیەکان کە هی کۆمەڵێک سیاسی چاوچنۆکو چەتەو دز بە ڕێوە دەبرێن، بە تەواوی دەستیان گردووە بە نابود کردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ، دروست کردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە تایبەتیەکان کە نرخەکانیان لە توانای چینی هەژارو تەنانەت ناوەندیشدا نییە نەشتەرگەریبکەن لەو نەخۆشخانانە لە دۆخی نەخۆشکەوتن ، تەنانەت خەریکی شێواندنی زمانی کوردیشن لە قوتابخانە ئەهلیەکان ، هەروەها خەریکی بە تایبەتیکردنی کەرتی ئاوو کارەباشن و نرخێکی خەیاڵیان بۆ داناوە ڕەنگە فەرمانبەرێکی حکومەت مووچەی مانگێکی بەشی نرخی بەکار هێنانی یەک مانگی کارەبا نەکات ، لێرەدا پرسارەکە ئەوەیە ئەی فەرمانبەرێک یان مرۆڤێکی ئاسایی و بێکار بۆ ئەو پێداویستەکانی تری ژیان چیبکات چۆن بتوانێت ئەو نرخە دابین بکات ؟! . و. ک ) .
پەراوێز خستنی ناسنامە ناوخۆیەکان
نیولیبرالیزم بە سەپاندنی مۆدێلێکی کولتوری جیهانی، بەشداری کردووە لە سڕینەوەی ناسنامە ناوخۆیەکان. بۆ نمونە گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین لە ڕووی کولتووری و ئابووریەوە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی بازاڕی ئازاد پەراوێزخراون .
ڕەخنە لە پۆستکۆلۆنیالیزم, بەردەوامبونی هەژمونی ئیمپریالیزم
لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت نیولیبرالیزم وەک درێژکراوەی کۆلۆنیالیزمی نەریتی سەیر بکرێت. هەروەک چۆن ڕۆژهەڵاتناسی بۆ پاساوهێنانەوە و دەستێوەردانەکانی کۆلۆنیالیزم بەکارهات، هاوکات نیولیبرالیزمیش لە ڕیتۆریکی “گەشەپێدان” و “پێشکەوتن” بۆ سەپاندنی سیاسەتی ئابووری کە خزمەت بە ناوەند دەکات بەکاردەهێنێت ، ئیدوار سەعید ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گوتارە وا گەلانی لاواز پیشان دەدات وەک ئەوەی بێ توانا بن لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانیان ، بەمەش ڕەوایەتی دەدات بەدەستێوەردانی دەرەکی .
پەراوێز خستنی دەنگی پەراوێزخراو
سپیڤاک جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەلانی ژێردەستە زۆرجار بێبەش دەکرێن لە توانای دەربڕینی بەرژەوەندیەکانیان ، لە چوارچێوەی نیولیبرالیزم پشتگوێخستنی پێداویستەکانی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بۆ بەرژەوەندی ئەجێندای دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ، ئەمەش وابەستە بوون و تەبەعیەت بە هێز دەکات .
(بەرەنگاری کۆمەڵگا پراوێزخراوەکان) .
سەرەڕای هەژمونەکان بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژی نیولیبرالیزم سەریان هەڵداوە ، لە بۆلیڤیا ساڵی ٢٠٠٠ “جەنگی ئاو” بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بە تایبەتیکردنی ئاو دوای ناڕەزایەتی جەماوەری، کاردانەوەی توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بوو بە هۆی بەرەنگار بوونەوەی هەژموون.
توێژینەوەی کەیس 1. بۆلیڤیا: شەڕی ئاو
ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری کوتشابامبا نەڕەزایەتیەکی بەرفرەوان دروست بوو دژ بە بە تایبەتیکردنی ئاو و بەرز بوونەوەی نرخەکان ، هاوکات بزووتنەوە جەماوەریەکان سەرکەوتوو بوون لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا فرەڕەگەزیەکان، ئەمەش توانای بەرخۆدانی ناوخۆیی پیشاندا .
بەرەنگاری گەلانی لاواز و کۆمەڵگە ژێردەستەکان لە دژی نیولیبرالیزم: شیکارکردنی پۆستکۆلۆنیالیزم
سەرەڕای ئەو باڵادەستیە ئابووری و کولتووریەی کە نیولیبرالیزم بەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا سەپاندویە ، بزووتنەوەی بەرەنگاری جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە، کە ڕەنگدانەوەی توانای ئەم کۆمەڵگایانەن بۆ ئاڵانگاری سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و دووبارە داڕشتنی گوتارەکانیان . ئەم بزووتنەوانە کە لە نێوان ناڕەزایەتی جەماوەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکخراوە دەست پێدەکات تا دەگاتە پراکتیزە کردنی کولتوریە بەدیلەکان ، هاوکات ڕەتکردنەوەی ئەو هەژمونە ئابووری و کولتوریە دەردەبڕێت کە جیهانگیری لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە سەپاندویەتی . ئەم بەرەنگاریە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئەو “دەنگە پەراوێزخراوە” کە گایاتری سپیڤاک باسی دەکرد ، هەروەها دووبارە بنیاتنانەوەی ناسنامەی ناوخۆیی لە بەرامبەر ئەو تێکەڵاویە زۆرەملێیەی کە سیستەمی جیهانی سەپاندویەتی ، ئەم بەشەی بریتیە لە دینامیکی بەرەنگاری دژ بە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی توێژینەوەی جۆرەکانی و پاڵنەرەکانیو کارێگەریەکانی . شیکردنەوەکە تەرکیز دەکاتە سەر سێ تەوەر : ١ – فۆرمەکانی بەرەنگاری باو . ٢- بەرخۆدانی کولتوری و فیکری . ٣ – ئاڵانگاریەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەیانە بە هاوکاریکردنی شیکردنەوەی توێژینەوەکان دەکرێت لە کەیسی زیادە لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقال لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چوارچێوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم .
فۆرمەکانی بەرخۆدانی باو
بەرخۆدانی جەماوەری لە بەرامبەر نیولیبرالیزمدا چەندین شێوەی هەیە، لە ناڕەزایەتیە خۆبەخۆکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ڕێکخراوەکان . زۆرجار ئەم بزووتنەوانە لە کاردانەوەی سیاسەتەکانی خۆپارێزی و بە تایبەتیکردن و ئیستغلالکردنی سەرچاوەکان لە ڕوانگەی پۆستکۆڵۆنیالیزمەوە سەرهەڵدەدەن . ئەم ناڕەزایەتیانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری جەماوەری لە بەرامبەر ئەو گوتارەی “گەشەپێدان” کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە تەرویجی پێدەدرێت .
”ناڕەزایەتەکانی شەڕی ئاو لە بۆلیڤیا لە ساڵی (٢٠٠٠)”
لە شاری کوتشامبا ناڕەزایەتیەکی بەرفرەوان بەرپا بوو دژ بە تایبەتیکردنی ئاو کە نرخەکەی بەرز کردەوەو بە شێوەیەک ژیانی توێژی هەژارانی خستە مەترسیەوە ، ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن هاوپەیمانیە هەمەچەشنەکانی جووتیاران و کرێکاران و گەلانی ڕەسەنەوەسەرکردایەتی دەکرا ، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بە تایبەتیکردن لەگەڵ کۆمپانیای “باختێل”ی ئەمریکی . ئەم نموونەیە تیشک دەخاتە سەر توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاڵانگاری باڵادەستی ئابووری ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی چەمکی ‘تێکەڵاوبوون’ی هۆمی بابایە .
کە شوناسە ناوخۆیەکان لەگەڵ ستراتیژیەکانی بەرخۆدانی جیهانی تێکەڵ بوون بۆ پێکهێنانی گوتارێکی نوێی بەرەنگاری .
(بزووتنەوەی جوتیاران لە هندستان) .
لە ساڵانی ڕابردوودا لە هیندستان شایەتحاڵی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جووتیاران بووین دژ بە یاسا کشتوکاڵیەکان کە ئامانجیان ئازادکردنی بازاڕی کشتوکاڵی بوو ، جووتیارەکان دەیانبینی ئەمە خزمەت بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان دەکات لەسەر حیسابی جوتیارانی بچووک . ئەم بزاڤانە بە سەرکردایەتی سەندیکاکانی جوتیاران لە ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ڕەنکدانەوەی ئەم بەرخۆدانە ڕەفزکردنی ئەو وێنایەیە بوو کە گوایە جوتیاران “دواکەوتون” (وەک لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی ئیدوار سەعیددا) هاتووە ، هاوکات جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگی شوناسە ناوخۆییەکان لە بەرامبەر جیهانگیری ئابووریدا .
بەرخۆدانی کولتووری و فیکری
شانبەشانی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان فۆرمەکانی بەرخۆدانی کولتووری و فیکری سەریان هەڵداوە کە هەوڵدەدەن شوناسی ناوخۆیی لە بەرامبەر جیهانگیری کولتوریدا کە لەلایەن نیولیبرالیزمەوە تەرویجی پێدەدرێت دووبارە دابڕێژنەوە . ئەم بەرەنگاریە تێدەکۆشێت بۆ زیندوکردنەوەی نەریتە ناوخۆیەکان و، بەرهەمهێنانی دژە دیسکۆرسی و ، گەڕاندنەوەی متمانە بۆ معاریفی ڕەسەنایەتی .
بوژاندنەوەی زانیاری ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین
لە ئەمریکای لاتین بزووتنەوە ڕەسەنەکانی وەک زاپاتیستەکان لە مەکسیک، بەشداریان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی مۆدێلی ئابووری لیبڕاڵ لە ڕێگەی بوژاندنەوەی زانستی نەریتی ، ئەم بزووتنەوەیانە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکووریان ڕەتکردەوە، چونکە هەڕەشە لە کشتوکاڵی نەریتی دەکات ، مۆدێلێکی بەدیلیان خستەڕوو کە لەسەر بنەمای ئابووریی هاودەنگی و خۆبەڕێوەبردن دامەزراوە لە ڕوانگەی دوای کۆڵۆنیالیزم . ئەم میتۆدە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوا و وەرگرتنەوەی دەنگی ڕەسەن.. .
دژە گوتار لە جیهانی عەرەبیدا
لە جیهانی عەرەبیدا بزووتنەوە فیکریەکان سەریان هەڵداوە و هەستاون بە ڕەخنە گردن لە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی گوتاری ئەڵتەرناتیڤ ، بۆ نموونە بیرمەندانی وەک سەمیر ئەمین(سەمیر ئەمین لە لە ساڵی٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە و. ک) ڕەخنەیان لە سەرمایەداری جیهانی گردووە و دەڵێن نیولیبرالیزم فۆرمێکی نوێی کۆلۆنیالیزمە . ئەم گوتارانە هەوڵدەدەن چەمکی گەشەپێدان دووبارە دابڕێژنەوە و لە جیاتی بازاڕی ئازاد سەرنجیان دەخەنە سەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی .
هونەر وەکو ئامرازی بەرەنگاری
کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان هونەریان وەک ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی کولتووری بەکارهێناوە ، بۆ نموونە لە دورگەی باشوری ئەفریقا هونەرمەندەکانی وەک فێلا کوتی مۆسیقاری نەیجیریایان بە کار هێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی نیولیبرالیزم و کاریگەریەکانیان لەسەر کۆمەڵگا ناوخۆیەکان . ئەم فۆرمە هونەریانە ڕێگە بە کەسانی پەراوێزخراو دەدەن گوزارشت لە ئەزمونەکانی خۆیان بکەن ، کە ئەمەش بونیان بە هێزتر دەکات لە بەرامبەر گوتاری باڵادەستدا .
ئەو ئاڵانکاریانەی ڕووبەڕووی بەرەنکاری دەبنەوە
سەرەڕای بەهێزی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لەوانە:سەرکوتی حکومی و نێودەوڵەتی ، زۆرجار بزووتنەوە جەماوەریەکان ڕووبەڕووی سەرکوت دەبنەوە لەلایەن ئەو حکومەتانەی کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە پشتیوانی دەکرێن ، بۆ نموونە لە ساڵانی ٢٠٠٠ لە میسر ناڕەزایەتیەکان دژی بە تایبەتیکردن بە توندوتیژیی حکومەت سەرکوت کران ئەمە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانی نوخبە ناوخۆیەکانە لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی .
پارچە پارجە بوون و دابەش بوونی ناوخۆی
هەندێک لە بزووتنەوەکان بەهۆی جیاوازی ئەولەویەت و ئایدۆلۆژیایانەوە بەدەست دابەشبوونی ناوخۆوە دەناڵێنن ، بۆ نمونە لە تونس دوبەرەکی لە نێوان بزووتنەوە کرێکاریەکان و ڕەوتە ئیسلامیەکان بەرەی بەرەنگاری لە بەرامبەر سیاسەتەکانی خۆپارێزی لاواز کردووە .
ڕاگردنی بەرەنگاری
نیولیبرالیزم ستراتیژییەکان بەکار دێنێت بۆ ڕاکردنی بەرخۆدان وەک تێکەڵکردنی هەندێک بزووتنەوە بە سیستەمی ئابووری جیهانی لە ڕێگەی بەرنامەکانی “گەشەپێدانی بەردەوام”ەوە . ئەم ستراتیژانە ئامانجیان داماڵینی دیمەنی شۆڕشە لە بزووتنەوەکان، بەمەش کاریگەریەکانیان سنووردار دەکرێن .
شیکاریەکی دوای کۆلۆنیالیزم بۆ بەرخۆدان
لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت بەرخۆدان وەک هەوڵێک بۆهەڵوەشاندنەوەی گوتاری “ڕۆژهەڵاتگەرایی” تێبگەین و وێنایەک نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز وەک بێتوانا بن لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا . ئەم بزووتنەوەیانە تیشک دەخەنە سەر توانای کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان بۆ بەرهەمهێنانی دژە گوتار . وەک ئیدوار
سەعید لە شیکاریەکانی دژە گوتاردا ئاماژە بەوە دەکات کە تەحەدای هەژموونی کولتووری دەکەن ، هەروەها گایاتری سپیڤاک جەخت لەسەر گرنگی ڕێگەدان بە دەنگە پەراوێزخراوەکان دەکاتەوە بۆ گوزارشت کردن لە خۆیان ، ئەمەش لە بزووتنەوەکانی وەک زاپاتیستەکاندا دیارە کە هەوڵدەدەن گەشەپێدان دوور لە مۆدێلە ڕۆژئاوایەکان پێناسە بکەنەوە . لە کۆتایدا چەمکی ‘هیبریدیتی’ هۆمی بابا دەبێژێت ئەم بزووتنەوەیانە لە توانیاندا هەیە توخمە ناوخۆیی و جیهانییەکان تێکەڵ بکەن بۆ دروستکردنی فۆڕمی نوێی بەرخۆدان .
ئەنجام
ئەم لێکۆڵینەوەیە وەحشێتی و “دڕندەیی” نیولیبرالیزم ئاشکرا دەکات لە نەهامەتی و ئیستغلالکردنی گەلانی لاوازو قووڵکردنەوەی هەژاری و پەراوێزخستنیان لە ڕێگەی ڕێبازی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە ، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە نیولیبرالیزم تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ئابووری نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژمونی کۆلۆنیالیزم . بەڵام وەک لە توێژینەوەی کەیسەکاندا دەرکەوتووە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان هەیە ، بەڵام توێژینەوەکە پێشنیاری بەهێزکردنی سیاسەتە ناوخۆیەکان دەکات کە گرنگی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی بکەن لە بزوتنەوە جەماوەریەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی جیهانی . بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژە نیولیبرالیزم نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز و پێکهاتە ژێردەستەکان تەنها قوربانی نین، بەڵکو کارەکتەرێکی چالاکن کە توانای ئاڵانگاری هەژمونی ئابووری و کولتوریان هەیە لە ڕێگەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بوژاندنەوەی زانستی ناوخۆیی و گوتاری دژە فیکریەوە ، ئەم بزووتنەوەیانە چەمکی سەروەری و دادپەروەری دادەڕێژنەوە ، بەڵام لە ئەوەشدا ئەم بزووتنەوەیانە ڕووبەڕووی ئاڵانگاری بەرچاو دەبنەوە کە پێویستیان بە ستراتیژی نوێ هەیە بۆ پەرەپێدانی هاودەنگی لە نێوان کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ئەم بەرەنگاریە هەنگاوێکە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی هەژموون و وەرگرتنەوەی دەنگی پەراوێزخراوەکان کە ڕێگا بۆ خەیاڵکردنی بەدیلەکانی گەشەپێدان دەکاتەوە کە سەرنجیان دەخاتە سەر سەروەری ناوخۆیی و دادپەروەری . ئایا ئەم بەرەنگاریە دەتوانێت لەم وەحشی و دڕندەیە جیهانیە ڕزگاری ببێت و مافە دزراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە؟ .
د . زهیرالخویلدی – حوارالمتمدن
١٥ – ٨ – ٢٠٢٥ المجتمع المدنی
و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)