
ڕاپەڕین و شۆڕش و گۆڕینی کۆمەڵگە.. ئەکرەم سەعید
سەرنجێک لەسەر ڕاپەڕینەکانی سەردەمی ئێمە
بۆ لاوان و چینی کرێکاران گرنگە بزانن ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و جیاوازیان چییە؟. شۆڕش گۆڕانی ڕیشەییە لە پایەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە؛ یانی گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران – گۆڕینی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بۆ سۆسیالیستی، ئەما ڕاپەڕین لە باشترین حاڵەتیدا گۆڕینی سیستەمی سیاسییە(گۆڕینی حکومەت و ستافی دەسەڵات و هەندێ دەستکەوتی مافی مەدەنی و ئابوورییە)، بەم پێیە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی گەندەڵی و سەرکوت ناتوانێ پایەکانی ئابووری سەرمایەداری کۆمەڵگە بگۆڕێ. ڕاپەڕین بە تەنها دژی گەندەڵی و سەرکوت هێشتا دیموکراسی و لیبڕالیسمە، بۆیە لە سنووری گۆڕینی ستافێک بۆ ستافێکی دی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر ناڕوات، و ناتوانێ دەست بۆ گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەرێ، بە دەربڕینێکی دی ڕاپەڕین دەسەڵات لە ئیستبدادییەوە دەگۆڕێ بۆ دیموکراسی، ستافی دەوڵەتێکی گەندەڵی بێ پەردە دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی خاوەن یاسا و دەزگای خاوەن بودجەی شەفاف،، هتد.
دەشێ ڕاپەڕین و شۆڕش لە کرداری تندوتیژی خێرادا هاوشێوە بن، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر تەقینەوەێکی مەزنی کتوپڕی بەهێز بن، پێداکێشانی دوو هێز یان زیاتری دژ بەیەک بن: هێزی دەسەڵاتی کۆن کە بەرگری لە بۆ مانەوە خۆی دەکات، وە هێزی جەماوەری ناڕازی کە دەیەوێت دەسەڵات و سیستەم بڕوخێنێ. بەم مانایە ڕاپەڕین و شۆڕش ململانێی سیاسی دوو ئیرادەیە کە جەنگیانە لەسەر دەسەڵات.
تا ئێرە ئێمە پێناسەی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکەین وەک هێز و ئامانجێکی دیار و بینراو، وەک گۆڕینی بواری سیاسی و تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە چاویان لێ دەکەین. ئەما شۆڕش جگە لەم دیمەنە بینراوە، جگە لە بوار و ڕەهەندی سیاسی، دیمەنی شاراوەو هێزێکی مێژووی نادیار لە پشتەوە ماتۆڕی ئیرادە و گۆڕانیەتی؛ یانی شۆڕش بە دیوە شاراوەکەیدا بواری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و ڕەهەندی ئابووری گەورەتر و گۆڕانی ڕیشەیی شێوازی ئابووری کۆمەڵگەی هەیە.
بۆ سۆسیالیستەکان شۆڕش یانی ئالۆگۆڕی سیاسی و ئابوورییە، ئامانج لە شۆڕش گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران، گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان شار و لادێ، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان کاری جەستەیی و کاری فکری، ئەما بۆ لیبڕالیسمەکان شۆڕش تەنها مانای گۆڕانی بواری سیاسی و بە دەستهێنانی ئازادی تاکەکەس و بە دیموکراسی کردنی دەوڵەتە.
شۆڕش بە ڕای ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس
شۆڕش دیاردەێکی ئاڵۆزە، کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە، ناسینی پەیوەندی نێوان ڕۆڵی هێزی هۆشیار و ئیرادەی ئینسانەکانە لەتەک ڕۆڵی هێزی ڕەوتی مێژووییە کە بابەتییە لە پشتی ئینسانەکانەوە کاری خۆی دەکات، و لە دوا ئەنجامدا وەک بڵێی شۆڕش کارێکە ئینسانەکان کردوویانە یان شتەهاێکیان گۆڕیوە کە جێبەجێکردنی زەرورەتی ڕەوتی مێژوو بووە. ئەم کێشەیە(پەیوەندی نێوان ئیرادەی ئینسانەکان و ستروکتور/ ڕەوتی مێژوو)، کێشەی سەرەکی چەندجار دووبارە بووەی نێو دەقەکانی”ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس”ە.
گرنگتر لەم کێشەیە لە ڕاڤەی شۆڕش، دیاریکردنی مەیدانەکانی گۆڕانە لە شۆڕشدا. هەر دوو دی تۆکڤیل و مارکس بڕوایان بەوە بووە کە شۆڕش گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. شۆڕش تەنها دەوڵەتی کۆن ناڕوخێنێ و بەس، بەڵکە پایەی ئابووری و پەیوەندی چینایەتی کۆمەڵگەش دەگۆڕێ. بۆ نموونە: شۆڕشی فەرەنسی تەنها دەسەڵاتی پاشایەتی و کەنیسەی کۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵکە ئابووری دەرەبەگایەتی گۆڕی بۆ ئابووری سەرمایەداری. کەواتە شۆڕش لە دوو بوار و مەیداندا کاری گۆڕین دەکات: گۆڕینی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگە، ئەمەی دوایی بە ڕای مارکس یانی گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆتایی هێنان بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، یانی گۆڕینی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بەرەو پێکهاتی ئابووری سیاسی سۆسیالیسم.
جیاوازی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش
(هەر هەوڵێک بدرێ بۆ گۆڕینی پێکهاتی سەرخانی یاسایی و سیاسی دەوڵەت، گەرچی هەلومەرجی ئابووریش لەتەکیدا بگۆڕێ، هێشتا بە کارێکی ئیسڵاحی پێناسە دەکرێ، مادام لە چینی خاوەن فەرمانڕەوای سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە پێچەوانەوەی ئەوە، ئەو کردەوانە بۆ گۆڕانکاری بە شۆڕش پێناسە دەکرێ، کاتێ لە چینێکەوە کە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە چەوساوەتەوە، و ئەمڕۆکە دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست، و لە بەرژەوەندیایەتی بە خێرایی ئاڵۆگۆڕی سیاسی و ئابووری بکات ،،.)- شۆڕشی کۆمەڵایەتی/ کارڵ کاوتسکی.
کەواتە: بە پێی ڕای کاوتسکی”شۆڕشی سیاسی نابێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەتا چینی ژێردەستە پێی هەڵنەستێ بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی”. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا چینی کرێکاران چینی چەوساوەن، بێگومان کاتێ ئەو چینە شۆڕش دەکات تەنها بە گۆڕانی دەسەڵات ڕاناوەستێ، بەڵکە پەیوەندی بەرهەمێنان و بوونی چینایەتی سەرمایەداری دەگۆڕێت(یانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری دەگۆڕێت بۆ سۆسیالیسم)، ئەوکات دەتوانین بڵێن شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕویداوەو سەرکوتوو بووە. کاتێ لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی زبری باڵەکانی چینی بۆرژوازی، تەنها ئاڵوگۆڕ لە سەرخانی سیاسی(ئازادی زیاتر بوو، یان مافی مەدەنی باشتر بوو، مافی ژنان ڕێزی لێ گیرا، گەندەڵکاران سزادران،، هتد)، ئیدی ئەوە ڕاپەڕینی(دیموکراسی)سیاسی بۆرژوازییە.
بە کورتی: ڕاپەڕین گۆڕینی سەرخانی کۆمەڵگەیە، گۆڕینی سەرپۆشە نەک بنەما، ئەما شۆڕش گۆڕینی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیە؛ بەم مانایە ڕاپەڕین گۆڕانێکی سنووردار و ناتەواوە، واتە گۆڕانی بەشێکی یان مەیدانێکی پێکهاتی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی دامەزراوە سەر بە پێکهاتەکانی(سیاسی، یاسایی، ئایینی). لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپەڕین”بچوکترە”لە شۆڕش لە ڕووی پانتایی و جۆری گۆڕان لە کۆمەڵگەدا. شۆڕش گۆڕینی بارودۆخی بوونی ئینسانەکانە لە ڕووی(ئابووری و سیاسی و فکری)یەوە. شۆڕش کردەوەیەکی سیاسی تندوتیژە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ گۆڕینی قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگە.
لێرەوە کەمێ تێفکرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا بەناو شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە؛ لە بەناو شۆڕشی مەجەری ساڵی ۱۹٥۹، لە شۆڕشی بەناو پۆرتوقاڵی لە ئۆکراینا، و شۆڕشی بەهاری عەرەبی،، هتد، بە چ بیروباوەڕێک و بەرژەوەندێک بەو دیاردەو ڕووداوانە دەگوترێ شۆڕش؟ ئایا سۆسیالیستەکان بڕوایان وایە ئەوانە شۆڕش بوون؟!.
خەونەکانی جەماوەری ناڕازی
بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، بووە هۆکاری گۆڕینی هەندێ حکومەت، بۆ نموونە: لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرۆکی سریلانکا “گۆتابایا ڕاجاپاکسا”دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا”شێخ حەسینە”سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش لە دەسەڵات دوورخرایەوە، و لەم هەفتەیەدا لە نیپاڵ سەرۆکوەزیران”پی شارما ئۆلی”دەستی لەکارکێشایەوە. داواکاری ڕەوای ئەو جەماوەرە ناڕازییە(ئازادی و نان)ە، لێرەوە ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتی چین، هەوڵدەدات ناڕازایەتییەکانی جەماوەری باشووری ئاسیا بە(خەونی ئەمەریکا)وە ببەستێتەوە.
نەک تەنها لەو چەند وڵاتەی باشووری ئاسیا، بەڵکو لە(چین، ڤێتنام، ئێران،، هتد، لەو وڵاتانەی بە حیساب دەوڵەتەکەیان دژی مۆدێلی فکر و سیاسی غەربە)، کەچی مۆدێلی ژیانی ئەمەریکی ئاواتی زۆربەی خەڵکە؛ یانی مەیلی پڕۆئەمەریکی/پڕۆغەربی لە نێو جەماوەردا بەهێزە.
لەڕاستیدا(خەونی ئەمریکی)بەڵێنی بەختەوەری و دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەرگیز ئەو خەونە جگە لە بڕێک لە تاکەکەس، دەنا بۆ هەمووان بەدەست نەهاتووە. کاتێک”جەیمس ترونسلۆ ئادەمز”لە ساڵی ١٩٣١دا ئەم زاراوەیەی داهێنا، بەم جۆرە وەسفی کرد:”بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەبێ گوێدانە بارودۆخی لە دایکبوونی یان پێگەی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بۆ چینی کرێکاران و هەژارانی خەڵکی ئەمەریکا ئەو خەونە ئەفسانەێک بوو، و ئەمڕۆکە ژمارەێکی زۆری لاوان و کرێکارانی ئەمەریکا بەهۆی بێکاری و قەرزەوە ژیانیان دۆزەخە، و خەون بە مۆدێلێک لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبینن کە(ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان)بۆ دابین بکات، خەون بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبینن، و ئاواتیان دەوڵەتێکە(خزمەتگوزاری خەستەخانە بۆ هەمووان، بیمەی بێکاری، خزمەتی پیران و بێ ماڵ و حاڵەکان)پێشکەش بکات. بۆیە خەونەکانی زۆربەی جەماوەر لە ئاسیا پێچەوانەی خەونەکانی زۆربەی جەماوەرە لە غەرب.
بۆ خەڵکی هۆشیار کاتێ دەبینێ دۆزەخی مۆدێلی ژیان و سیستەمی ئەمەریکا بۆتە ئاوات و خەونی جەماوەری ئاسیا، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جەماوەرە ناهۆشیارە، چونکە دۆزەخی لێ بۆەتە بەهەشت، ئەوەش ئاکامی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژین، و خەون بە مۆدێلێکەوە دەبینن کە دیوی دووەمی هەمان شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییە.
کازاخستان؛ ڕاپەرینی جەماوەر دژی گرانی و هەژاری –
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی لەسەر ململانێی چینایەتی و بزووتنەوە جەماوەریەکان لە سەردەمی ئێمەدا:
لە ٢ی بانەمەڕ ساڵی ٢٠٢٢ دوابەدوای بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز، کە حکومەتی کازاخستان بە وتەی خۆی بەهۆی زیادبوونی خواست و جێگیرکردنی نرخەوە بووە، خۆپیشاندان لە کازاخستان سەریهەڵدا. کازاخستان نموونەێکی نوێ و زیندووە کە چۆن ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری پاڵ بە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێکەوە دەنێ بۆ دواوەو دایدەپۆشێ – ١.
ئەمڕۆکە کەم چەپ و سۆسیالیست هەیە لە دونیادا بەوەی دەگوزەرێ لە کازاخستاندا ناو بنێ شۆڕش، لەتەک ئەوەی کە جەماوەر دژی گرانی و هەژاری توانی حکومەت برۆخێنێ و پەلاماری دەسەڵاتی دەوڵەت بدات. هۆکاری ناو نەنانی شۆڕش بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری کازاخستان کۆبوونەی چەندەها ئەزموونی لەوەوپێشە لە ڕوداوەکانی هاوشێوە لە(ئۆکراینا، تونس، میسر، سوریا، سودان و،، هتد.).
سۆسیالیستەکان ناچارن بۆ تێگەیشتنی زانستی لە دیاردەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دراسەی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە دژی گرانی و هەژاری بکەن، کە چۆن فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانی بلۆکەکانی سەرمایەداری، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئاقار و ئامانجی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە ناکام گەیشتنیان.
بە تەنها باسکردن لە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک، وە بە تەنها بەژماردنی ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک وەک فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانی دەسەڵات، وەک تیۆری مارکسیسمی کلاسیکی مەزەندەی دەکات، دەکەوینە هەڵەی تیۆری و تێگەیشتنێکی نادروست لە بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە. گرنگی ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی، گرنگی فاکتەری ململانێی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەسەر بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە چارەنووسازە، و گەر لە ململانێی چینایەتی نێوخۆیی کاریگەرتر نەبێ ئەوا لەو کەمتر نییە. بە تایبەتی لە نەبوونی حیزبێکی سۆسیالیستی بە توانا لە نێو بزووتنەوە جەماوەریەکاندا، هێندەی دی جەماوەر گەرچی داواکاری ڕەوای هەیە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام بەلاڕێدا دەبرێ و دەکەوێتە پاشکۆی ململانێی باڵەکان و لایەنەکانی ناوخۆو دەرەکی سەرمایەدارانەوە.
ههموو ڕاپەڕینێک پێمان دەڵێ جهماوهر خهون به چییهوه دهبینێ و جهماوهر چی دهوێت، چهندایهتی و چۆنایهتی هاتنهدی خهونهکانی جهماوهر بهنده به ئاستی هۆشیاری چینایهتی جهماوهری شۆڕشگێرهوه. بۆیە کاتێ جەماوەری ناڕازی بێ هۆشیاری سۆسیالیستی ڕاپەڕین دەکات، ئەنجامەکەی لە گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان مۆدێلەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر، دەنا هیچی دی بەرهەمی نابێ، لێرەوە دەتوانین ئەو جۆرە ڕاپەڕینانە بە(قسەکردن و ڕۆشتن لە کاتی خەو)ی ئینسانێک بشوبهێنین کە لە ڕاستیدا هیچ بەهای نییە چی دەڵێ یان بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بەشێکی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر لە سەردەمی ئێمەدا(بەهاری عەرەبی بە نموونە)، بەهۆی زاڵ بوونی کۆنەپەرستەکان بەسەر ڕاپەڕینەکاندا ئاکامی کۆنەپەرستی و بەدژی داواکاری و خواستی(نان و دادپەروەری و ئازادی)خەڵکی بووە(نموونە: تونس و میسر ). بە ماناێکی دی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی چەندەها ڕاپەڕینیان دژی سیستەمی سەرمایەداری کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی لەو دیمەنە دەچێ کە خەڵکی بەردیان هاویشتبێتە کۆشکی دەسەڵاتداران، کەچی بەردەکان گەڕابێتنەوەو بەر سەری خۆیان کەوتووە.
جیهانی ئێمه سیریالیه؛ چونکه لهیهک کاتدا به چهندهها شێوه و دیمەنی جیاواز خۆی دهردهخات، واقعیهتی خۆی له چهندهها فۆڕمدا به مرونهتێکی گهورهوه بهرههم و دووباره بهرههم دههێنێتهوه، و بههۆی ژمارهێکی زۆری مۆدێلی جیاواز جهوههری گهلێ تهموومژاوییه، بۆیه بهبێ تیۆریکی زانستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانه کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەێکی(ئازاد و دادپەروەر و خۆشگوزەران)بێ، مهحاڵه هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێک ڕێگای دهربازبوون بێت لهم دۆزهخه.
………………………………………………..
١- ڕوسیا هێزی سەربازی نارد بۆ هاوکاری دەوڵەتی کازاخستان بۆ سەرکوتی جەماوەر بە ناوی دژە تیرۆر و فەوزا، ئەمەش جۆرێکە لە فاکتەری دەرەکی کە ململانێی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان فەرزی کردووە.