
نمایشی سەربازی چین*.. عوسمانی حاجی مارف
شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە بەردەم زیاتر لە پەنجا هەزار بینەر لە گۆڕەپانی تیانامین، وتی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڵبژاردندایە لەنێوان ئاشتی و شەڕدا! کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ ی ئابی ٢٠٢٥، سێ لە سەرکردە دیارەکانی جیهان- شی جین پینگ، ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون- لە گۆڕەپانی تیانامین لە پەکین هەنگاویان نایە سەر شانۆ و زیاتر لە ٢٠ سەرکردەی دیکەی جیهانیان بردە سەر شانۆ بۆ بینینی نمایشی ڕۆژی سەرکەوتن، بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم.
شی جین پینگ پێش نمایشەکە بە چاکەتێکی ستایلی ماو تسیتۆنگەوە لەسەر فەرشی سور سڵاوی لە زیاتر لە بیست و پێنج سەرکردەی ووڵاتەکان کرد، شی جین پینگ لەسەر شانۆی سەرەکی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون دانیشتبوو، کە هەزاران سەرباز و سەدان ئامێر بەلای ئەواندا تێدەپەڕین، یەکەکانی سوپا نمایشی نوێترین ئامێرەکانی سەربازیان کرد، لە مووشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاوەوە تا چەکێکی نوێ کە ناوی لێنراوە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری “گورگی ڕۆبۆتیک”. بۆ ماوەی ٧٠ خولەک کۆپتەرەکان لافیتە زەبەلاحەکانیان ڕاکێشا و فڕۆکە جەنگیەکانیش بە پێکهاتەی ورد ڕیز بوون، دواتر نمایشەکە بە ئازادکردنی هەشتا هەزار کۆتری ئاشتی کۆتایی پێهات. لەکاتێکدا کۆترە سپیەکان ئازاد دەکران بۆ ئاسمان، لە هەمانکاتدا پەیامی ڕاستەقینە بە پێکهاتەکانی مووشەک و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش ڕادەگەیەنرا کە بە گۆڕەپانەکەدا تێپەڕدەبون.
هەڵبەتە ڕۆژئاوا ئەم دیمەنی مانۆڕەی چین وەها لێکدەدەنەوە کە زیاتر وەک ڕاگەیاندنی ناسینی ڕوونی پێگەی نوێی چینە، کە وەک زلهێزێک نایەوێت تەنها وەک وڵاتێکی سەرمایەداری گەشەسەندوی ئابوری باڵای پێشکەوتو بناسرێت، بەڵکو هەوڵدەدات وەک یاریزانێکی تەکنەلۆژی و سەربازیش خۆی جێگیر بکات، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی هەیە.
چین ئێستا “داهێنەر و پێشەنگی تەکنەلۆژیایە لە بواری ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وزەی خۆر و زیرەکی دەستکرد”، تەکنەلۆژیای سەربازیشی بۆ ئەم لیستە زیادکردووە، هاوکاتی پەردەلادانەکە فڕۆکەی جەنگی کە لەسەر بنەمای فڕۆکە هەڵگرەکان بوون، چوار مۆدێلی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی مووشەکی پێشتر نەبینراو و ژێردەریایی بێ سەرنشین و تۆرپیدۆی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو.
هەروەها ڕۆژئاوا پێیانوایە نمایشکردنی چەکی پێشکەوتوو لە پەکین، ناسینی چینە وەک داهێنەرێکی پێشەنگ لە بوارەکانی ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وزەی ئەتۆمی و خۆر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەمەندەفەری خێرا و تەنانەت زیرەکی دەستکردیشی ئاشکرا کرد. لەوەش گرنگتر، پەکین پەردەی لەسەر تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو لادا، پەیامێک کە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاواییەوە لێکدراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی کە دەیان ساڵە مەیل بەرەو ئەمریکا و هاوبەشەکانی بووە، ئیتر ئەگەری ئەوە هەیە چین بتوانێت ئەو مەیل و سەقامگیریەی ئەمریکا بشێوێنێت.!
کەواتە، ئایا ڕوداوەکانی پەکین نیشانەی ڕاستەقینەی لەدایکبونی دەورەیەکی نوێیە کە چین سەرکردایەتی دەکات، یان تەنها زیادەڕەویەکی لێکدانەوەی ڕۆژئاوایەکانە، کە هەموو ڕیزبەندیەک لە دەرەوەی ئۆردوگای خۆیان وەک هەڕەشەیەکی وجودی لێکدەدەنەوە تا بتوانن ڕوبەڕوی ببنەوە؟
تیشک خستنە سەر وێنەی شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون لە گۆڕەپانی تیانامین، کە ئەم وێنەیە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بیری لێنەدەکرایەوە، ئێستا ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە بنەڕەتیەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی ئەم دەورەیەی ململانێ و پەیوەندیەکانی وڵاتانی سەرمایەداریە.
هەرچەندە پەکین ئاواتەخوازی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاست بەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆربەی پێوەرەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە گرنگیە سەرەکیەکەی هێشتا ناوچەیی دەمێنێتەوە.
سوپای چین لە زۆر بواردا بازدانی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە ئەدای شەڕکردنی زیاتر لە چوار دەیەیە بەبێ تاقیکردنەوە ماوەتەوە، لە هەمانکاتدا خەرجیە فەرمیەکانی بەرگری تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ نزیکەی ٢٤٧ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕێگە بە فراوانکردنی وەبەرهێنان لە ئامێر و ڕاهێنان و کارمەندان دەدات، تاڕادەیەک جیاوازی لەگەڵ ئەمریکادا کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا، هەورەها پەکین چەند هێندە لە هەردوو ژاپۆن و کۆریای باشوور زیاتر خەرج دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی چین نیشان ئەدات.
ئەم فراوانبونەی چین بە ڕونی لە توانا دەریاییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەوپێیەی چین گۆڕاوە بۆ “هێزێکی ئاوی شین” کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاوتا ئەمریکیەکەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە گەروی تایوان ئەم پێشهاتانە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شی جین پینگ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە خۆیان بۆ ئەگەری داگیرکردنی دوورگەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن.
جگە لەوەش، کۆگای ئەتۆمی چین بۆ ٦٠٠ سەری ئەتۆمی گەشەی کردووە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ١٥٠٠ سەری ئەتۆمی، بەمەش لە ئاستی ئەمریکا و ڕووسیا نزیکتر دەبێتەوە. هاوکات هێزی مووشەکی چین ئێستا خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکی ئاسایی و دووەم بەکارهێنە لە جیهاندا. لە بەرەی بۆشایی ئاسمانیش، پەکین هەڵدانی مانگە دەستکردە سەربازیەکان و دوو بەکارهێنانەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستەمی پەیوەندیەکان، هەواڵگری و کەشتیوانی. لەهەمانکاتدا قەبارەی هێزی زەمینی کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی توانای ئاسمانی و دەریایی، لەکاتێکدا گەندەڵی وەک تەحەدای پێکهاتەیی لەناو سەربازیدا دەمێنێتەوە سەرەڕای هەڵمەتە چڕەکانی شی جین پینگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
جگە لە کۆبوونەوەی نێوان شی و پوتین و کیم، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی زیاتر لە بیست وڵات لە پەکین بەڕێوەچوو، مانای دەرکەوتنی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی بوو کە دەیەوێت شێوەی خۆی بگرێت و دامەزرێنێت، لە ململانێ و بەرامبەرکێی نێوان زلهێزەکانی دنیادا.
لە هەمانکاتدا پەکین ئەم مانۆر و کۆبونەوەیە وەک بەڵگەیەک تەماشا دەکات و بەیانی دەکات کە چین بووەتە “هێزێکی جیهانی و سەرچاوەی سەقامگیری”، لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەو گێژاوەی ئەمڕۆ وەک ئەمریکا وێنا دەکرێت، کە شەڕی بازرگانی لەگەڵ هەمووان ئەنجام دەدات و تۆڕەکانی هاوپەیمانیە ئەمنیەکانی لاواز دەکات. ڕەنگە ئامادەبوونی کەسایەتیەکانی وەک ڤلادیمێر پوتین، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا، جگە لە کیم جۆنگ ئون، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبێت، بەڵام لە هەمووی ورووژێنەرتر ئامادەبوونی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەن کە بەشێوەیەکی نەریتی لایەنگری ڕۆژئاوان، وەک تورکیا و میسر و ڤێتنام و لە هەمووی سەرنجراکێشتر بەشداری سەرۆکی هیندستان بوو، ئەستەمە بتوانرێت کۆبوونەوەیەکی هندستان و چین بەم شێوەیە لە خەیاڵدا بێت، بەدوای چەندین ساڵ لە پێکدادانی خوێناوی سنوری و گرژیە سەربازییەکانیان بەدرێژایی هیمالایا.
شی جین پینگ، ڕۆڵی ئەمریکا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسەقامگیری جیهانی وەسف دەکات، گوایە شەڕی بازرگانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا دەوروژێنێت و هاوپەیمانیە ئەمنیەکان تێکدەدات، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ دیارترین بەرجەستەی ئەم ڕێبازەیە. قسەکردنی ترامپ دەربارەی سەپاندنی باجی پێوانەیی بەسەر تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیدا، لەهەمانکاتدا پەیوەندی بە نەیارەکانیانەوە دەکات، وایکردووە زۆرێک لە سەرکردەکان بە ڕێبازەکەیاندا بچنەوە و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکەن بەرەو پەکین.!
بۆ نموونە ترەمپ باجی سزای بەسەر هیندستاندا سەپاند لەکاتێکدا ستایشی ڕکابەرە تەقلیدیەکەی پاکستانی کرد، ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیرانی هیندستان خۆی بەرەو چین جێگیر بکاتەوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکی وەڵامێک بوو بۆ توڕەیی گومرگی ترەمپ. هیندستان دان بەوەدا دەنێت کە توانای سەربازیی نییە بۆ ئەوەی بەمتمانەوە ڕووبەڕووی چین ببێتەوە، لە جیهانێکی سیاسەت و نەخشەکانی ترامپدا ڕەنگە نیودەلهی هاوپەیمانێکی دەرەکی متمانەپێکراو پەیدا نەکات، بۆیە هەوڵدەدات پەیوەندیەکی ئارامتر لەگەڵ پەکین دابین بکات.
هندستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا دەستکەوتێکی زیاتری هەیە، زۆربەی پلانەکانی نارێندرا مودی سەرۆکی هندستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هندستان پشت بە کەرەستەی خاو و توخمە زەوییە دەگمەنەکان دەبەستێت کە لە چینەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەکاتێکدا پەکین دەتوانێت لەڕوی ئابورییەوە سوودمەند بێت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی هیندستان.
ئەوەی شایانی باسە بەرەی” جیهانی غەیرە ڕۆژئاوایی تائێستا نەیتوانوە بەرەیەکی یەکگرتوو بێت لە پشت چین یا ڕوسیاوە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیەکی یەکگرتوو هاوشێوەی ناتۆ. تەنانەت دوو هاوبەشی نزیکی وەک ڕووسیا و چین، پەیمانی بەرگری فەرمیان نییە و پەیوەندی نێوانیان زیاتر هاوبەشی بەرژەوەندیەکانە نەک هاوپەیمانیەکی سەربازی تۆکمە، بۆ نموونە پەکین سەرەڕای پاڵپشتی سیاسی و ئابووری بۆ مۆسکۆ، وریا بووە کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئۆکرانیا نەکات.
کۆریای باکوور سەرەڕای پشتبەستنی ئابوریی نزیکەی تەواو بە چین، هەمیشە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و موشەکیەکانی پەراوێزی و سەربەخۆیی خۆی راگرتووە، ئەم پەیوەندیەی کۆریا و روسیا وچین نەک وەک هاوپەیمانیەکی یەکگرتو و یەکلایەنە، بەڵکو وەک هاوبەشییەکی دینامیکی و پەرەسەندو کە بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەجوڵێنەوە.
لەکاتێکدا هەر سێ وڵاتی چین و ڕوسیا و کۆریا خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کاریگەریەکانی ئەمریکا و دووبارە داڕشتنی نەزمی نێودەوڵەتی، بەڵام ڕەنگە پاڵنەر و ئەولەویەتەکانی هەر لایەنێکیان جیاواز بێت، کە مەرج نییە ئەو بلۆکە نوێیانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەبن، یەکسان بن، چونکە ئاڵۆزی ناوخۆیی و ململانێی جیهانی و پاڵنەرە جیاوازەکان چۆنیەتی ئەو پەیوەندیانە دەجوڵێنن. تەنانەت وڵاتە گەورەکانیش کە بەشداری نمایشە سەربازیەکەی پەکینیان کرد، وەک هیندستان و تورکیا، پەیوەندیەکی نزیکیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە کە بە ئاسانی بەدەر ناکرێن، هیندستان ئەندامی دیالۆگی ئاسایشی “Quad”* لەگەڵ ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی چین لە ئاسیا، تورکیاش ئەندامی ناتۆیە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ مانۆڕکردنی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
چیتر بەس نییە بڵێین سوپای چین، خەریکە دەچێتە پێشەوە یان دیزاینی ئامێرە سەربازیە بیانیەکان کۆپی دەکات. چین ئێستا داهێنان دەکات، و پێشەنگایەتی دەکات. لە پرۆسەکەدا، ئەو هاوسەنگیە سەربازیە ناوچەییەی کە بۆ دەیان ساڵە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوبەشەکانیدایە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەگۆڕدرێت. گەورەترین نمایشی سەربازی لە مێژووی چیندا بە هێزێکی پیادەی ڕێپێوان دەستیپێکرد و زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند بەشدارییان تێدا کرد، پەکین خاوەنی گەورەترین سوپای جێگیر و فەرمیە کە بە نزیکەی دوو ملیۆن سەرباز مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە هێشتا تواناکانی سەنگەرەکانی تاقی نەکراونەتەوە. پێکهاتە بەشداربووەکان بریتی بون لە هێزی فەزای ئەلیکترۆنی و هێزی ئاسمانی کە دوو لقی نوێی سوپای چینن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراون.
چین وەك وڵاتێکی زلهێزی دنیای سەرمایەداری بە ڕوونی خواستی خۆی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەربازی – پیشەسازی تەواو ناوخۆیی نیشان ئەدات. سەرکردایەتی چین بە ئاشکرا ئاواتەکانی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاستبەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی سەدە ڕاگەیاندووە. بێگومان ئەمەش پێویستی زیاتر لە تەکنەلۆژیا بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کۆنترۆڵی بازاڕی کاڵاکان هەیە، پاکتاوکردنی ئەم دواییەی ئەفسەرە باڵاکان ئاماژەیە بۆ گەندەڵی و کێشەی ئەدای جددی لەناو سوپاکەیدا، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە مۆدێرنکردنی خۆی کردووە و لەو کاتەوە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژی لە هەموو هێزێکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەزموون کردووە، دۆزینەوە نوێیەکان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە ئەم ڕەوتە بەهێز دەکەن.
چین خەریکە هێزێک دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ تەحەددای ئەمریکا بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی دەکات، تاهاوسەنگیەکی سەربازی جیهانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، ئایا ئەمە پێشبینی دەکرێت، یاجەنگێکی جیهانی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت!؟
—————————
*بۆ ئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە راپۆرتێکی “عربي بوست” وەرگیراوە بە ناونیشانی (بكين تتحدى واشنطن.. دليل الأسلحة الصينية الجديدة التي كشف النقاب عنها في أضخم عرض عسكري بتاريخ البلاد).
*Quad پێکهاتەی کۆڕێکی ستراتیژیە کە لە چوار وڵات پێکهاتووە: ئەمریکا، ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا. ئامانجی QUAD کە هاوبەشیەکی پشتگیریکردنە لە هیند- ئاسیای هێمن و سەقامگیر و ئاوەدان، کە گشتگیر و خۆڕاگر بێت لە بەرەوپێشبردنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاری ئابووری.