دیدار لەگەڵ قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە.. گۆران هەڵەبجەیی
بەڕێز سمکۆ سالار دەربارەی هەشتەمین فەستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە
ئەم کاتەتان باش بە ڕێزان لە 2-3 ڕۆژی ڕابردوودا هەشتەمین فەستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە کۆتایی هات. بەبۆچوونی زۆر کەس و لایەن و میدییا و ئەوانەش کە لەوێ بوون فەستیڤاڵێکی سەرکەوتووبوو .
بۆ ئەوەی زیاتر دەبارەی فەستیڤاڵەکە بزانین و بەلایەنە شاراوەکانی شارەزابین کە لەبەرچاو نین و تەنها رێکخەران دەزانن چین و چۆن ڕێکخراون ،هاوکات خاڵە گەش و لاوازەکانی کامانەبوون، چەند پرسیارێک ئاراستەی بەڕێز کاک سمکۆ سالار قایمقامی هەڵەبجە دەکەم کە لەوێ ڕووڵی بەرچاو و کاریگەری بینیوە لە ڕێکخستنی ئەم چالاکیە مەزنەدا.
ئەم کاتەت باش کاکە سمکۆ. سەرچاو قوربان هەموو کاتێک باش، سەرەتا وەک هەڵەبجەییەک خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم بە سەرکەوتنی فەستیڤاڵەکە هاوکات دەستخۆشیان لێدەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکیە کە جێگەی شانازیە بۆ هەڵەبجەییەکان. جوانی فەستیڤاڵەکە، دیمەنی ڕازاوەی خودی شوێنەکە ،پەنۆرامای نمایشی هەمەڕەنگی چالاکیەکان، سەمفۆنیای لێشاوی خەڵکەکە ئەمانە هەموو پێکڕا ڕەونەقێک و ماناو مەغزایەکی تایبەتی بەفەستیڤاڵەکە بەخشی ،من بەشبەحاڵی خۆم بەردەوام موتابەعەی فەستیڤاڵەکەم دەکرد و تاڕادەیەکی باش ئاگاداری فەستڤاڵەکەبووم و بە ئەرینی هەڵسەنگاندنم بۆ کرد.
پ/ وەک بیستم و خوێندمەوەش دەرکەوت کە ڤەستیڤاڵەکە چالاکیەکی بەبەرهەم و سەرکەوتووبووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا هۆکارەکان چین؟
و/ سوپاس بۆ جەنابتان، بەر لە وەڵامی ئەو پرسیارە، ئارەزوو دەکەم بڵێم ئێمەش وەک لایەنەکانی هەڵسوڕێنەری فەستیڤاڵەکە خۆشحاڵین وە خۆشحاڵیەکەمان لەوەدایە کە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەلامەت و بە ئاسانی دەهاتنە شوێنی فستیڤاڵەکە و بەبێ هیچ ئاستەنگییەکی هاتوچۆ و ئەمنی و هیچ. جۆرە ناخۆشی و حەدەسێک رۆژەکەیان بەسەر بردووە و بە سەلامەتیش فەستیڤاڵەکەیان جێهێشتوە.
لەگەڵ ئەوەشا ناکرێت دەستخۆشی لە پیاوێکی وەکو جەنابت و هەموو ڕاگەیاندنەکان بە گشتی نەکەین کە گرنگیان بەم چالاکیە داوە ،چونکە جوانی فستیڤاڵەکە و خستنەڕووی چالاکیەکانی و بانگەشتەکردنی شارستانیانە بۆی و ئاشناکردنی گەشتیاران و میوانەکان بە فستیڤاڵەکە ،ئەمانە پێکرا خۆی لە خۆیدا دیوێکی جوان و گەشاوەی فەستیڤاڵکەو هاندەری سەرکەوتنەکەیشی بوون.
پ/ سەرەتا بەو پرسیارە دەست پێدەکەم بۆ ئەو ڕۆژانەتان هەڵبژاردووە ؟
و/ کاک گۆران دیاریکردنی ڕۆژانی فیستیڤاڵی هەنار لەسەر 2 ئەساس دەور دەبینێ یەکەم پێویستە ڕاوێژ بە کۆمەڵێ جووتیار بکرێت سەبارەت کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ،چونکە ئەوان لەرووی کشتوکاڵیەوە ئەو بڕیارە دەدەن،ئەوان دەزانن کەی فیعلەن بۆ پێگەیشتنی هەنار لەبارە.لە دەووری هەڵەبجە بە تایبەتی لە پایزدا لەگەڵ بارینی بارانێک و لە دوای بارانەکە هەنار جوان دەبێت و خۆی ئەڕازێنێتەوە. ئێمە یەک مانگ پێشتر موتابەعەی ئەو ڕۆژە ئەکەین و بەپێی گونجانی کەشو هەوا کاتەکە دیاری دەکەین .ئەساسی دووەم دەببێت لەگەڵ پشووی هاوڵاتیان بگونجێت.
دەبێ ئەوەش ڕوونبکەمەوە کە ساڵانی پێشو سێ رۆژبوو، ئیمساڵ کردمانە چوار ڕۆژ ،دەرکەوت ئەزموونێکی سەرکەوتووبوو.
پ/ حەتمەن لیژنەیەک. کۆمیتەیەک گرووپێک هەن کە ئەم فەستیڤاڵە دەبەن بە ڕێوە ئەندامانی ئەم لیژنە یا کۆمیتەیە کێن؟
و/ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتوون لە کەسانی ئیداری باڵا وەک پارێزگا و قایمقام ، کەرتی گەشت و گوزار ، کشتوکاڵ و جوتیاران ،فرۆشیاران لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە خۆشبەختانە هەموو پێکەوە کاریان بۆ جوانی فستیڤاڵەکە دەکرد،وە هاتنی ئەو جەماوەرە زۆرە لە ئاستێکی بەرزدا سەلمێنەری پرۆفیشناڵی کاری لیژنەکەی سەلماند وتەواوکەری فستیڤاڵەکەبوو.
پ/ بە هەمووی چەند کووشک بۆفرۆشتنی بەروبوومەکان هەبوون؟
و/ تەقریبەن بۆ سەرو [ ٥٥٠]کوشک[دەوار] و کۆمەڵێک براند بوون، ئەو براندانە هەمەجۆربوون کە زۆربەیان تایبەتبوون بە ڕیکلام بۆ بەرهەم و کاڵاکانیان .
پ/ وەک بینیم جگە لەهەنار کۆمەڵێک بەروبوومی هەمەچەشنە دەفرۆشران ،ئەو بەرهەمانە چی بوون و فرۆشتنیان چۆن بوو؟
و/ جگە لە هەنار وموشتەقاتەکانی ئێمە بەرهەمی کاری دەستیمان هەبووە، ئەوانەی کە بە دەستی خانمان و خەڵکانی دەستڕەنگینی سنوورەکە. ئەچنرێ یان ئەدوورێت ، عەرزکردنی کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە دیزاینی ناوماڵ و جلوبەرگ و کەرەستەی ڕازانەوەی مەتبەخ. و ژووری میوان ، ئەوانەش کە پێیان ئەڵێن کاری دەستی ڕەنگین وەک کاری خشڵی، دروستکراو و مووتومووروو ،زایدەن فەقەرەیەکی ڕەئیسی ترمان هەبوو ئەویش پێشکەشکردنی خۆراکە کوردەوارییەکان بوو لە یاپراخ و دۆینە و بریانی و کەلانەو و کەباب و ئەو خواردنانەی کە خەڵک حەزی لێیەتی.
پ/ بەتەقریبی چەند تەن هەنار نمایشکرا چەندی فرۆشرا ؟
و/ ئەگەر وەکوو عەینەیەک یان وەکوو نموونەیەک وەریگرین ئەوەیە کە تەنها لەناو خۆدی فیسیڤاڵەکە هەنار نەفرۆشراوە بەڵکو لەو شوێنەی کە پێدەڵێن جادە تازەکە و فلکەکەی تەپەتۆڵەکە تا ئەگاتە ناو فیسیڤاڵەکە هاوکات ئەم بەروئەوبەری ڕێگاکە هەنار فرۆشراوە بۆیە ناتوانم ژمارەیەک بڵێم کەوانەبێت بەڵام بەدڵنیاییەوە چەندین تەن فرۆشراوە کە ئەم ئەنجامەش بەداهاتەکاندا دەردەکەون. .
پ/ ئایا ئەوانەی دەرەوەی فەستیڤاڵەکە ڕێگە پێدرابوون؟ یاخوون بۆ نەهاتنە ناو ڤەستیڤاڵەکە؟
و/ کەسمان ئیجبار نەکردبوو کە هەردەبێ لەناو فەستیڤاڵەکە بەرهەمەکانی بفرۆشێت،گرنگ بەشداریە ئیتر لەکوێ دەیکات بۆنمونە هەنێک هەر لەناو باخەکانی خۆیان کەپریان بۆ خۆیان دانابوو ، ئیترفرۆشیار ئازاد بوو کە نەهانە قەرەباڵغیەکە و لەدەرەوە فرۆشتنی خۆشی کردووە ،تەنانەت ئێمە هاوکاریمان پێشکەشیان کرد .
پ/ ژمارەی. گەشتیاران وەک ئامارێکی نزیک چەند بوون؟
و/ نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار سەردانی فەستیڤاڵەکەیان کردوە،ئەم داتایانە لەڕێگەی تیمێکی تایبەت سەربە بەڕێوبەرایەتی گەشت و گوزار دەستمان کەوت، ئەویش بە سەرژمێری و ئاماری. ئۆتۆمۆبیل و نەفەرەکانی نێو ئوتۆمبێلەکان کەدەهاتنە نێو باژێر.
پ/ داهاتی ئەو 4 ڕۆژە بە دینار چەندبوو ، لە چاو ساڵی ڕابردوودا کەمتر یا زیاتربوو؟
و/ داهاتی ئەو ماوەیە ئەو چەند ڕۆژە ئەگەر بەوانەی دەریشەوە کۆی کەینەوە ئەڕواتە نزیکەی [٢] ملیار دینار، بەڵێ ئەم داتایە لە چاو پاردا زیاتر بوو ،دەبێ ئەوش لەبەرچاوبگرین کە ئیمساڵ ڕۆژێکی زیاتربوو لەپار.مەبەستمان لەزیادکردنی ئەو ڕۆژە ئەوەبوو تا ئەو قەرەباڵغیە زۆرە دابەش بکەین بەسەر 4 ڕۆژدا نەک دوو یا سێ ڕۆژ .
پ/ هەموو فەستیڤاڵێک بڕگەی هونەریشی تیا ئەبێت،ئیدی شانۆ یا گۆرانی هەڵپەڕکێ یا هەر کارێکی هونەری دیکە بێت ،ئیمساڵ بڕگەی هونەری چۆن بوو ، کێ بەشداری تێدا کرد ؟
و/ بەشە هونەریەکەیەی ئەمساڵ ئەتوانین بڵێین تەنەوع بوو، ستەیجێکمان هەبوو ستەیجەکە لە دوای وتار نمایش کردنی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی ئافرەتانە و پیاوانەی بەگزادە و جافەکانی هەموو سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هەورامی لە هۆن و هەموو خێڵەکانی تر بڕگەیەکی تربوو لە کاری هونەری ،جگەلەمە کۆمەڵێک هونەرمەندی ناوداری وەک پەیوەند جاف و پێشەوا هەورامی و تیپی گۆرانیبێژانی خانمانی ڕۆژهەڵات کە لە سنەوە هاتبوون ،ئەمانە جۆش وخرۆشیان بەڤەستڤاڵەکە بەخشی و خەڵکیان خستە هەوای چەپڵەو هەڵپەرکێ،هەروەها بڕگەیەکی هونەریشمان هەبوو بۆ منداڵان.
ئەوەی جیاواز بوو ئەمساڵ کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم، کردنەوەی داینگەیەک بوو لەناو پارکەکەدا بۆ ئەوەی کە کەشتیارێک هات ومناڵێکی پێ بوو لەوێ دایدەنێ و بێ خەم دەبێت لەترسی ونبوونی ،وە کاتی ڕۆشتەوە منداڵەکەی وەردەگرێت .
پ/ ئایا هیچ کێشەیەک ڕووی دا لەو 4 ڕۆژەدا بچووک یا گەورە ، بۆنمونە شەڕ، تانەدان لە ئافرەت،بێزارکردنی یەکتری یاهەر جۆرە کێشەیەکی تر؟
و/ ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیمانە هیچ جۆرە کێشەیەک ، ئاژاوەیەک لەو ماوە ڕووی نەداوە. لەناو فەستیڤاڵەکە پۆلیسی مکافەحەو تیمی چاودێریمان هەبوو بە جلی مەدەنیەوە،جگەلەمانە لەدەرەوەی فەستیڤاڵەکەش پۆلیسی هاتوچۆی لێبوو،من زۆر سوپاسیان دەکەم کە بەئەرکی جوانی خۆیان هەستان و چاوکراوەبوون بۆ تەعامل لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا کەخۆشبەختانە رووی نەدا.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک نەمانێشتووە دیاردەی چەکداری هەبێت چ لەناوە و چ لەدەرەوەی فەستیڤاڵەکە.
پ/ دیتم گەشتیاری ئەمریکی ئەورووپی و عێراقی هاتبوون ،ئەمانە چی ڕایکێشابوون هەنارەکە یان خودی. فەستیڤاڵەکە یان هەردووکی؟
و/ بەبۆچوونی من تەنەوعی فیستیڤاڵەکە ڕایکێشابوون،هەنارو بەرهەمەکانی جۆرەها خواردنی کوردی مۆسیقای کوردی و ڕووخۆشی خەڵکەکە بەتایبەتی فرۆشیارەکان لە کۆتایشدا دیمەنی جوانی فەستیڤاڵەکە، واتە جۆرێک لە هێجانی تیا بوو کە نەک هەر بێگانەکان بەڵکو هەموو ئینسانێکی دڵخۆش ئەکرد، مەسەلەن من زۆر لە بێگانەکانم ئەبینی هەڵدەپەڕین .
پ/ تیمی تەندرووستی بۆ حاڵەتی تایبەت هەبوو[فریاکەوتنی خێرا]؟بۆ نمونە کەسێک. ئەکەوێ و بریندار دەبێت یا حاڵەتی دیکە کەپێویستی بە چارەسەرری خێرابێت؟
و/ بەڵێ هەمان بوو بە کامل پێداویستیەوە لە خێمەدا و بە ئەمبوڵانسیش لەدەرەوەی فەستیڤاڵەکەدا جگە لەمانە لە 3 دەروازەوە 3 ئۆتۆمۆبیلی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ ئاگرکوژێنەوەی سەفەری لە نێو خێمەکاندا دامەزرابوون، چونکە گەر خوانەخواستە ئاگر بکەوێتەوە زەحمەتە بەناو ئەو قەرەباڵەغیەدا سۆندەی ئاو رابکێشیت بەڵام بە بەکارهێنانی ئاگرکوژێنەوەی سەفەری کەبەدەست هەڵدەگیرێت ئاسانترە.
پ/ حەتمەن ئەو ژمارە زۆرە گەشتیارە پێویستیان بە تەوالێتە ئەم لایەنەتان چۆن چارەسەرکرد؟
و/ بۆ هەر ڕیزێک خێمە [٣٠] دانە تەوالێتی سەفەریمان دابین کردبوو ،،واتە بەهەمووی[٦٠] تەوالیتمان دانابوو ، لەو ڕوەوە هیچ کێشەیەکمان نەبوو کەنیوەی بۆ ژنان بوو نیوەکەی تری بۆ پیاوان بوو.
پ/ گەر کەسێک یا خێزانێک ئارەزوو بکەن شەو بمێننەوە تا ڕۆژی دوایی ، ئایا هیچ شوێننێک بۆ خەوتنیان دابین کرابوووەک هۆتێل یا خێمەی خەو؟
و/ زۆربەی. ئەوانەی ویستبوویان شەو بمێننەوە خزم و دۆست و ناسراویان لەهەڵەبجە هەبووە ، جگە لەمە ئێمە هەڵەبجە پاڵاسمان هەیە کە تا ڕادەیەک بۆ خەڵکانی زگورتی گونجاوە نەک بۆ خێزان چونکە ژوورەکانیان بچووکە. خۆگەر خێزانیش بەنیازبووبن بمێننەوە ئەو کاتە خەڵکانی هەڵەبجە ئەیانبردنەوە و پێیان ئەگووتن ئەبێ بڕۆینە ماڵی خۆمان و لەوێ خزمەتتان دەکەین. دەتوانم بڵێم هیچ خێزانێک نەبووە لە دەرەوە مابێتەوە و جێگەی خەوتنی نەبووبێت.
من خۆم خەڵکم ناردووە و پێیانم گووتووە [٣ ] خانوی ئیحتیاتمان هەیە هەرکەستان دی کە بێ جێگەیە بئ بەرامبەر بیانبەن بۆ ئەو خانوانە.
پلانمان هەیە بۆ ساڵی ئایندە لە باخی گشتی تا 20 خێمە هەڵدەین بۆئەو کەس و خێزانانەی دەخوازن شەو بمێننەوە .
کاکە. سمکۆ دوا پرسیارم پرسیاریێکی تا ڕادەیەک گرنگە و پرسیاری زۆرێکە لە خەڵکی دڵسۆزو وڵاتپارێز ،زۆر جار چالاکیەک ئەنجام دەدرێ کە بەدڵی بڕێک لە مەلاو بانگخواز نیە ،ئیدی لێی دەکەونە سەنگەرەوەو لەژێر ناونیشانی بڵاوکردنەوەی فەسادوبەرەڵایدا دژایەتی دەکەن، ئایا سەبارەت بەم فەستیڤاڵە کەسیان دژنەبوون؟
و/ وا بزانم لەوبارەوە هیچ ڕووی نەداوە ،زانایانی ئایینی دژنەبوون جگە لەمە ئەوەی من دیقەتم دا زۆربەی لایەنە. ئیسلامیەکان ئەندام و دۆست. و خێزانیان ئەهاتنە ناو. فستیڤاڵەکەوە، زۆربەی مەلاکانیش بەئیجابی باسیان کردوە.
ئێمە وتاربێژێکمان هەیە ناوی مامۆستا مەلا تایەری بامۆکیە خەڵک زۆر ڕێزی دەگرن، ئەو گلەیی لە بەرپرسە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو کە بۆ نەهاتوون بۆ فیستیڤاڵی هەنار.
پ/ ئەی ئەڵێن مامۆستا محەمەد مەلا فایەق دژی فەستیڤاڵەکە قسەی کردوە،بۆ ئەوە چی دەڵێیت؟
و/ من نەم بیستوە وتارەکەیم نەخوێندوەتەوە ، بەڵێ هەیە قسە ئەکات و پێی باش نییە چالاکی وا بکرێت خەڵک هاندەدات کە بەشداری نەکەن ، پێم وایە گەر کۆمەڵێ مامۆستای. ئایینی باسیان کردبێت ئەوە لە دەرەوەی پارێزگای هەڵەبجەن ،لەناو هەڵەبجە هیچ مامۆستایەکی ئایینی تەحریمی چوون بۆ فستیڤاڵی هەناری نەکردووە.
کاک سمکۆ ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە کەس گوێیان لێ ناگرێت ،خەڵک بێزارو ماندووبووە لە موداخەلەکردنیان لەژیانی خەڵکدا ،لەهەموو چالاکیەکی مرۆڤدا ،ئاخر بۆ دەبێت گەڕانێکی خێزانێک بەنێو فەستڤاڵێکداو بەسەربردنی چەند کاتژمێرێکی خۆش حەرام بکەن یا بەدئەخلاقی بدەنە پاڵ زیارەتکاران ؟ دەبێ ئەو مەلایانە بەخۆیاندا بچنەو دەست هەڵگرن لەژیانی خەڵک .
لەکۆتایدا کاکە سمکۆ زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم .

