Skip to Content

پارتی، یەکێتی و عەشیرەت؛ کێ چارەسەری ناکۆکییەکان دەکات؟.. نووسینی هێمن عەلی

پارتی، یەکێتی و عەشیرەت؛ کێ چارەسەری ناکۆکییەکان دەکات؟.. نووسینی هێمن عەلی

Closed
by تشرینی دووەم 8, 2026 General
image_print


لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، عەشیرەت هەمیشە یەکێک بووە لە کۆڵەکە گرنگەکانی هاوسەنگیی هێز و دەسەڵات. پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پەیوەندییە عەشیرەتییەکانی، ئەزموونێکی درێژ و شارەزاییەکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ عەشیرەتەکاندا کەڵەکە کردووە.
لە سەردەمی شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانیدا، پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی بارزانی و عەشیرەتەکانی دەوروبەر هەمیشە ئارام نەبووە. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، لە دەوروبەری ساڵی ١٩٣١دا، ناکۆکی لە نێوان شێخ ئەحمەد بارزانی و سەرۆکێکی عەشیرەتی برادۆستدا ڕووی دا. ئەم ناکۆکییە بەشێک بوو لەو بارودۆخە سیاسی و عەشیرەتییەی کە حکومەتی عێراق لە ساڵانی ١٩٣١–١٩٣٢دا دەستێوەردانی سەربازیی تێدا کرد.
هەروەها لە ساڵانی ١٩٥٩–١٩٦١دا، بەشێک لە سەرۆک و ئەندامانی عەشیرەتەکانی هەرکی و زێباری لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی ناکۆک بوون. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕان و هەندێک لە ڕکابەرانی دوێنێ بوونەتە هاوپەیمانانی ئەمڕۆ.
ئەم مێژووە نیشان دەدات کە لە سیاسەتی کوردستاندا، دوژمنایەتی و هاوپەیمانی هەتاهەتایی نین. ئەوەی ئەمڕۆ ڕکابەرە، لەوانەیە سبەی ببێتە هاوپەیمان، و ئەوەی ئەمڕۆ هاوپەیمانە، لەوانەیە لە داهاتوودا ڕێگایەکی جیاواز هەڵبژێرێت.
پارتی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ عەشیرەتەکان گرنگییەکی زۆری بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، ئاشتکردنەوە و بەشداریپێکردنی کەسایەتییە عەشیرەتییەکان لە دەسەڵاتدا داوە. بە بۆچوونی من، ئەم شێوازە تۆڕێکی بەهێزی پشتیوانیی سیاسیی بۆ دروست کردووە، بەڵام مەترسییەکیشی لە خۆ گرتووە: ئەوەی پەیوەندیی بنەماڵەیی و خزمایەتی جێگەی شایستەیی و لێهاتوویی بگرێتەوە.
لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بنەڕەتەوە لە ژینگەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیریی جیاوازدا لەدایک بوو. بەڵام ئەمڕۆ یەکێتییش ناتوانێت ڕۆڵی عەشیرەتەکان لە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستاندا پشتگوێ بخات.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: بافڵ تاڵەبانی چۆن دەتوانێت پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ عەشیرەتەکان نوێ بکاتەوە؟ ئایا دەبێت تەنها پشت بە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە نەریتییەکان ببەستێت، یان دەرگا بەڕووی خوێندەواران، ئەکادیمییەکان و گەنجانی ناو عەشیرەتەکاندا بکاتەوە؟
بە بۆچوونی من، ڕێگای دووەم دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بۆ یەکێتی دروست بکات.
دانیشتنی ٤ی تشرینی دووەم؛ پەیوەندیی یەکێتی بەرەو کوێ دەڕوات؟
ڕووداوەکانی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پەرلەمانی کوردستان نموونەیەکی تازەن بۆ گرنگیی ئەم بابەتە.
یەکێتی ئەو ڕۆژە دانیشتنی پەرلەمانی بایکۆت کرد و بە نایاسایی ناوی برد. بەڵام محەمەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا لەسەر لیستی یەکێتی هەڵبژێردرابوو، یەکێک بوو لەو سێ پەرلەمانتارەی یەکێتی کە بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد، و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە.
ڕۆژی دواتر، بنەماڵەی کەریم خان برادۆستی ڕایگەیاند کە بەشداریکردنی ئەو لە دانیشتنی پەرلەمان پەیوەندیی بە بنەماڵەکەوە نییە. پێشتریش، لە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، باوکی، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە ئەندامێتیی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستی لەکار کێشایەوە. بنەماڵەکە ئەو کات ڕایگەیاند کە ئەو «تەنیا دەستی لە کاری حیزبی و ئۆرگانی لە ڕیزەکانی یەکێتی کێشاوەتەوە»، و پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ یەکێتی، کە لە سەردەمی مام جەلال و میر کەریم خانەوە بنیادنراوە، بەردەوام دەبێت.
ئەم ڕووداوە پرسیارێکی گرنگ دەخاتە بەردەم سەرکردایەتیی یەکێتی: ئایا پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و عەشیرەتییەکانی برادۆست بەرەو لاوازبوون دەڕوات، یان دەکرێت بە گفتوگۆ و نوێکردنەوەی متمانە پەیوەندییەکان بپارێزرێن؟
ئایا بافڵ تاڵەبانی دەتوانێت ئەم ڕووداوە بکاتە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی یەکێتی لەگەڵ عەشیرەتەکاندا؟
پێم وایە نابێت ئەم ڕووداوە تەنها وەک ناکۆکییەکی کاتی سەیر بکرێت؛ دەبێت ببێتە هۆی بیرکردنەوەیەکی جددی. لە سیاسەتی ئەمڕۆدا، ناوی بنەماڵە و پەیوەندیی عەشیرەتی بە تەنها ناتوانن دڵسۆزیی سیاسیی کەسەکان مسۆگەر بکەن.
هەروەها نابێت بڕیاری پەرلەمانتارێک بە هەڵوێستی هەموو عەشیرەتی برادۆست دابنرێت. عەشیرەت پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەندامەکانی دەتوانن بۆچوون و هەڵوێستی سیاسیی جیاوازیان هەبێت.
قیتارەکە ڕۆیشت! ئەگەر یەکێتی نەتوانێت سیاسەتەکانی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بگونجێنێت، لەوانەیە دەرفەتی سیاسیی زیاتر لە دەست بدات.
یەکێتی پێویستی بە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی، متمانەی دوولایەنە و بەشداریی ڕاستەقینەی کەسایەتییەکان هەیە، نەک تەنها پشتبەستن بە ناوی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە نایەتە سەر خەت
لە لایەکی ترەوە، هەر جارێک ناکۆکییەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا سەر هەڵدەدات، دیسانەوە ئەو دەستەواژەیە دەبیسترێتەوە: «کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت».
ڕاستە لە ئەیلوولی ١٩٩٨دا، بە ناوبژیوانیی ئەمریکا، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی ڕێککەوتنی واشنتنیان واژۆ کرد، کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزب.
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە وڵاتانی دەرەوە هەمیشە ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستانیان لە ئەستۆ بێت.
وەک ئەوە وایە دوو سەگ شەڕ بکەن و چاوەڕێی ئەوە بن خاوەنەکانیان بێن و لێکیان جیا بکەنەوە!
لەوانەیە ئەم وێنەیە توند بێت، بەڵام ڕەخنەیەکە لەو چاوەڕوانییە بەردەوامەی کە هەمیشە چارەسەر لە دەرەوە بێت.
پارتی و یەکێتی دوو هێزی سیاسیی گرنگی کوردستانن. ناکۆکییەکانیان نابێت هەمیشە ببنە هۆی چاوەڕوانکردنی ناوبژیوانیی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا یان هەر لایەنێکی دەرەکیی تر.
ئەگەر هێزە سیاسییەکان نەتوانن لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ بکەن و ڕێک بکەون، چۆن دەتوانن متمانەی هاووڵاتییان بۆ دامەزراوەکانی حکومڕانی بەهێز بکەن؟
کوردستان پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، سەروەریی یاسا، شایستەیی و سیاسەتێکی مۆدێرنە، نەک تەنها ململانێی عەشیرەتی و حیزبی.
عەشیرەت دەتوانێت ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی هەبێت، بەڵام نابێت جێگەی دامەزراوە دیموکراتییەکان و بەرپرسیارێتیی سیاسی بگرێتەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە نایەتە سەر خەت؛ هێزە سیاسییە کوردییەکان دەبێت خۆیان فێری چارەسەرکردنی کێشەکانیان ببن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next