بە بێ تۆ هەموو شتێ.. شیعری نەوزاد بەندی
درەخت نەما،
لێی نەپرسم
تۆی بینیوە ؟
درەخت نەما
پێم نەڵێ : نا ..
شەقام نەما لێی نەپرسم
هەنگاوێکی تازەی تۆیان نەبینیوە؟
شەقام نەما پێم نەڵێ : نا ..
باران نەما نەپرسم لێی
بەو زووانە لەو ڕێیانە
بەسەر ئەوا نەباریوی؟
باران نەما پێم نەڵێ : نا
شوێنپێ نەما لێی نەپرسم
ڕێکەوتی شوێنپێی نەکردووی؟
شوێنپێ نەما پێم نەڵێ نا ..
میوەفرۆشی دارۆغا نەما پێی نەڵێم
بەو زووانە
میوە و سەوزەی لێ نەکڕیوی ؟
میوەفرۆشێکی دارۆغا نەماوەتەوە نەڵێ: نا ..
بۆچی واتکرد،
درەخت نەمێنێ پێی نەڵێم
تۆی بینیوە ؟
درەختیش نەمێنێ پێم نەڵێ : نا ..
شەقام نەمێنێ پێی نەڵێم
ڕێکەوتی هەنگاوێکی تۆی کردووە ؟
هەنگاو نەمێنێ نەڵێ : نا ..؟
بوچی واتکرد،
میوە فرۆشی دارۆغا نەمێنێ
لێی نەپرسم :
بەو زووانە،
میوە و سەوزەی لێ نەکڕیوی؟
میوە فرۆشێکی دارۆغا،
نەمێنێتەوە نەڵێ : نا ..
بۆچی واتکرد ،
شوێن پێ نەمێنێ پێی نەڵێم،
ڕێکەوتی شوێن پێی نەکردووی؟
شوێن پێ نەمێنێ نەڵێ نا ..
خۆ ئەیشزانم ئێستا ئەڵێی،
لە دوای تۆوە،
بەلای درەختا نەڕۆیشتووم،
تاکو ئەوەی پێت بڵێ : با ..
دوای تۆ شەقام حەرام بوو لێم،
ئیتر شەقام چۆن بڵێ : با .. ؟
دوای تۆ باران زیندان بووم من،
ئیتر باران چۆن بڵێ : با .. ؟
لە دوای تۆوە شوێن پێم نەما
ئیتر چۆن ڕێ پێت بڵێ : ئا ؟
لە دوای تۆوە نەچوومەتەوە دارۆغا،
ئیتر چۆن میوەفرۆشەکان
پێت بڵێن : ئا ؟
دوای تۆ وەک پەیکەر وەستاوم،
ئیتر چۆن ئەبێ شوێن پێی من،
بە پرسیارەکەت بڵێ: با ؟
لەگەڵ ئەوەیشا،
هێشتا من
درەخت نامێنێ پێی نەڵێم،
ئەو شنەبایەت نەدیوە ؟
درەخت نامێنێ نەڵێ : نا ..
شەقام نامێنێ پێی نەڵێم،
ئەو کزەبایەت نەدیوە ؟
شەقام نامێنێ نەڵێ: نا ..
باران نامێنێ پێی نەڵێم،
ئەو بای وەشتەت نەبینیوە؟
باران نامێنێ نەڵێ: نا ..
شوێن پێ نامێنێ پێی نەڵێم،
ئەو ترپەی پێیەت نەدیوە ؟
شوێن پێ نامێنێ نەڵێ: نا ..
میوە فرۆشێکی دارۆغا نامێنێ،
ڕێی پێ نەگرم و نەپرسم :
بەو زووانە دەست و پەنجەی
پەمەیی میوەی کڕیوە ؟
میوە فرۆشێکی دارۆغا
نامێنێتەوە نەڵێ : نا ..

