Skip to Content

شەوێکی زەرد .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

شەوێکی زەرد .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2020 General, Poems

دڵ خامەیە،،
لەسەر پەڕەی بەفر،
دوا وشەی غوربەت و،،
چاوەڕوانیم بۆت نوسی،
زەردە ئاسمان،،
وەک تەنیایی خواوەندی عیشق، زەردە..
ئەو دارانەی لە ژێر مانگێکی مەستان، وەک تۆ..
خومار لە خەیاڵی منا، منیش خومار..
لە ئەندێشەی تۆ

چەند دەروازە ببڕم، تا وەکو..
شەوەزەنگی زەردی ئەم ساتە…
ترسناک و سەمەرەیە دەربازم بێ، بڵێی..
بگەمەوە شاری ڕوناکت، کام..
هەواڵێ دێنێ ، مەلی ڕەش لە ئاسۆی..
دوورت، مانگێک زەرد و نەخۆش، ،،
هەناو پڕ ئەشکەنجە…
لە دوورەوە و بێ باکانە،
لە ئازاری مرۆڤەکان ووردئەبێتەوە،،
ئەوەرن گەڵا ڕەشە قەترانیەکان،
بەڕووی ڕێبوارە تەنیاو بێلانەو بێهودەکانی..
شەوی زەردو بەفری ڕەش و مانگی سوتماک،،
نە چرپەیەکیش..
لە فریشتە فریادڕەسە پەیمانپێدراوەکانەوە دێ،
نە دەوەنە تاریکەکانی لاڕێکان ،،
گوڵە نێرگزێکی ئاڵتونین،
ئەبەخشەنە دڵی ڕێبوارێ..
لە خەڵووز و خۆڵەمێش،
جێپێی تارماییە ڕوخسارنادیار و غەمگینەکانە،
وەک دەرچەیەک…
بەرەو دۆزەخێ لە بەستەڵەک،،،
ئەو ڕێبوارە تارماییە ڕەشانەن،..
بە کڵپەی خەفەبووی دڵیانەوە هاتو چۆیانە،
ڕێبوارە بێ لانە و ڕوخسار تاریکەکان…
زۆر دەمێکە دەستبەردار بوون،،
لە خەیاڵی دەربازبونێ،
بەرەو فیردەوسێ بوەتە فەنا،،
هەنگاو بە هەنگاوی بێ ئاکام،
ڕێبوارە ڕوخسار تاریکەکان،،
لە شەوێکی زەردی سەمەرەدا،،
کەڵە دارە ڕەشەکانی ..
سەر تولە ڕێی مەرگ ئەبڕن
لەوانەیە، هەریەکەیان لە کۆچی بونایەتیان،،
خەمێکی قورسی هەڵگرتبێ،،
بێ ئەوەی هیچ دڵی نازدارێ پێ بزانێ،،
ئای ! چی زستانێکی سەختی بێ عیشق و ئەڤین و شەختەیە ،
گەردووووووووون.

وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی نەرویجی
Ludwig Munthe (1841-1896(
بە نانونیشانی ( شەوێکی زستان)

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress