Skip to Content

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 13, 2024 General, Literature, Slider


سەرەتای ڕەخنەی ئەدەبی کوردی
مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هەوڵەکانی ڕەخنەگرانی کورد لەم بوارەدا بەتایبەت نووسین و هەوڵەکانی شاعیران و نووسەران کە لە دەیەی بیستەکانەوە لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستییەوە(١٩١٨ – ١٩١٩) دەست پێدەکات و تا دەگات بە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆ.. ئەم بزووتنەوەیە لە دەیەی بیستەکانەوە دێتە مەیدان بەڵام بە بەگشتی کاڵوکرچ و نازانستی بووە. بەڵام لە دەیەی سییەکاندا زیاتر دەردەکەوێت و ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەڕوویدا دەکرێتەوە. گۆڤاری گەلاوێژ ( ١٩٣٩ – ١٩٤٩) ڕۆڵێکی گرنگی گێراوە لە پەرەدان بەم ژانرەی ئەدەب. زۆربەی نووسینە ڕەخنەییەکان لەسەر ژانری شیعر و ململانێی نێوان شیعری کۆن و نوێ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ قسەکردن لەسەر شیعر؛ نووسەرێکی وەک (ع و نوری عەبدولواحید نووری) ش بە بیروباوەڕە مارکسییە پێشکەوتووخوازەکەیەوە لە نووسینەکانیدا تەئکیدی لەسەر ئەرکی ئەدەب لە چاککردنی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگە دەکرد. (١)عەبدولواحید نوری یان (ع و نوری ١٩٠٤ – ١٩٤٤) ڕەنگە یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبی کورد بووبێت کە هەوڵیداوە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەقی ئەدەبی بدوێت. لەدەی سییەکان ڕەخنەگرانی وەک حامد فەرەج و تۆفیق وەهبی باسیان لە گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبی لەم دەیەیەش وەکو دەیەی بیستەکان نەیتوانیوە بە شێوازێکی زانستییانە بنووسرێت و دوور بێت لە زمانی زبر. دەیەی چلەکان، دەیەی پاشەکشەی ڕەخنەی ئەدەبییە و گۆڤاری گەلاوێژ لاپەڕەکانی بەڕووی ڕەخنەدا دادەخات. لەو دەیەیە جگە لە کتێبی (شیعر و ئەدەبیاتی کوردی) ڕەفیق حیلمی شتێکی وا نابینین کە شایانی باسکردن بێت. بەڵام لە دەیەی پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی جارێکی بە گوڕ و تینەوە دێتە مەیدان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە وەکو ڕۆژنامەی ژین(١٩٣٩ – ١٩٦٣) و هیوا (١٩٥٧ – ١٩٦٣) و شەفەق ( ١٩٥٨ – ١٩٦١) و بڵێسە و هەتاو و پێشکەوتن(١٩٢٠ – ١٩٢٢) ڕۆڵی سەرەکیان گێرا لەبرەودان بەم ژانرە ئەدەبییە. لەم دەیەیەدا دەبینین زۆربەی ڕەخنەگران باس لە ئەدەب و ژیان و ئەدەب و کۆمەڵگە و ئەدەب و خەڵک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب دەکەن، دیارە ئەمەش بە کاریگەری ئەدەبیاتی ڕیالیزمی سۆشیالیستی کە ئەو سەردەمە لەبرەودا بوو. نووسەرانی وەک نوری ئەمین مەحمود و مارف خەزنەدار و ئیحسان فوئاد و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مارف بەرزنجی و عەلائەدین سەجادی و حوسێن عارف و موحەڕەم محەمەد ئەمین و مەحمود زێوەر و ساجد ئاوارە و رەفیق حیلمی و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و دکتۆر بەدرخان سندی زۆر زانستییانە تر و بە مەعریفەیەکی فراوانترەوە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم ژانرەدا نەرمکردووە. هەرچی دەیەی شەستەکانە سەرباری چالاکییەکانی ڕەخنەگران و نووسین و کتێبەکانیان، دەتوانین بڵێین بەگشتی دەیەی متبوون و سستی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا دوو بۆچوون دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی لە دەیەی شەستەکان دەکەونە بەرچاو ؛ یەکێکیان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر مۆرکی کەسیی پێوەیە و ئەویتریان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبیمان هەر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەم نووسینە ڕەخنەییەکان و هەم کتێبە چاپکراوەکان بەروونی کاریگەری ڕیێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستییان بەسەرەوە دیارە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئەو قوتابییانە لەیاد بکەین کە دەچوونە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بۆ خوێندن و لەگەڕانەوەیان پیادەکردنی ئەو ڕێبازەیان لە نووسینەکانیاندا دەگرتە بەر (٢) هەرچی دەیەی حەفتاکانە بە دەیەی زێڕێنی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەژمێردرێت. بانگەوازی ڕوانگە لە ٢٤-٤-١٩٧٠ و بوونی ڕۆژنامەی هاوکاری؛ ئەمە جگە لە گۆڤاری ڕوانگە ( ١٩٧٠ – ١٩٧٢) و نووسەری کورد و بڵاوکراوەکانی تر کە هەر هەموو پێکەوە ڕۆڵیان گرنگیان بینی لە هەستانەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دیارە لەنێو ئەم هەستانەوەیەدا نووسەران و ڕەخنەگرانی دابەش بووبوونە سەر دوو بەرەوە. بەرەیەکیان پشتیوان و پاڵپشتی ڕوانگە و ترادیسیۆنی ئەدەبیی بوون و بەرەی دووەمیش سەپۆرتی لێکدانەوەی زانستییانە و پێشکەوتووخوازانەیان دەکرد و دەکۆشان لەژێر سێبەری بیروباوەڕی مارکسیزم لێکۆلینەوە ئەدەبییەکانیان ئەنجام بدەن. ئەوانیش بریتی بوون لە ( فوئاد وەرەداغی و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی و فوئاد مەجید میسری و محەمەدی مەلا کەریم) کە زیاتر بە میتۆدی مارکسیستییەوە بەرهەمە ڕەخنەییەکانیان بڵاوکردۆتەوە. لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەگەر لە دەیەی چلەکان و پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی مۆرکێکی ڕیالیستی هەبوو و باسی پەیوەندی نێوان دەق و ژیانی دەکرد، ئەوا لە دەیەی حەفتاکان و لەبەرامبەر ئەدەبی ناسیونالیستی کوردیدا کە تەواوی بزووتنەوەی سیاسی کوردی سەپۆرتی دەکرد ڕەخنەیەکی ئەدەبی جییدی و مارکسیستی هاتە ئاراوە و شکلی گرت و وردە وردە گەشەی بەخۆیدا. (٣) دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان لەڕێگەی گۆڤارەکانی وەکو نووسەری کورد و بەیان و ڕۆژی کوردستان و رۆشنبیری نوێ و بیری نوێ و پاشکۆی ڕۆژنامەی عێراق و ..تاد، ئەم بزاوتە وردە وردە هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە و هەناسەیدەدا، بەڵام ئەم بزاوتە ڕەخنە مارکسیستە ڕادیکاڵەکە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی دەیەی هەشتاکان و سەرکوتی سیاسی حیزبی بەعس لە کوردستانی عێراق، تا دەهات کز و کزتر دەبوو. لە دەیەی هەشتاکان دوو ڕووداو دێنە پێشەوە کە کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ئەدەبی کوردییەوە هەبووە. یەکەمیان لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان، کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان لەلایەن نووسەران و ئەدیبانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە دێتە دامەزراندن و گۆڤاری (پێشەنگ) چاپ و بڵاو دەکەنەوە. دووەمیان لە نیوەی دووەمی دەیەی هەشتاکان بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٨٧ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست لە شاری هەولێر دادەمەزرێت و گۆڤاری (ڕابەر) بڵاودەکەنەوە. ئەم دوو ڕێکخراوە ئەدەبییە مارکسیستییە لەڕووی مێژووییەوە یەکەمین ڕێکخراوی ئەدەبی مارکسیستین و دووەمیش لەسەر دەستی ئەو دوو ڕێكخراوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دوور لە کاریگەری ناسیونالیزم و لیبڕالیزم و ..تاد هاتە مەیدانی تیۆری و پراکتیکەوە و کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە.(٤)
بەدرێژایی ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. تێڕوانینی ناسیونالیست لیبڕاڵ و تێڕوانینی مارکسیستی. زۆر قسە دەربارەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ( مەبەست ڕەخنەی ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵ) کراوە و توێژینەوەی لەبارەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، هیچ کارێکی بەرچاوی وا نەکراوە. بۆیە من وای دەبینم تا درەنگتر نەکەوتووە، ئێمەی ڕەخنەگرانی مارکسیست دەبێت لەڕێگەی هەوڵەکانمانەوە، هەم قسەی چینایەتی خۆمان بکەین و هەمیش وەڵامگۆی کێشە و ئاریشەکانی ئەم سەردەمە بین.

بونیاد و میتۆدەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی
لێکۆڵینەوە لە بونیاد و میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەک هەر گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە و فەرامۆشکردن و پشت گوێخستنی زیان بە ئەدەبی پێشکەوتووخوازی و مارکسیستی دەگەێنێت و خزمەت بە ئەدەبی بۆرژوازی دەکات. گەرچی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە سێ دەیەی ڕابردوو لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا نەیتوانیوە ئامادەییەکی بەرچاوی هەبێت، بەڵام بەیەکجاریش ون نەبووە و تا بۆی لوا بێت قسەی خۆی کردووە و گۆڕەپانی ڕەخنەی کوردی چۆڵ نەکردووە. ڕەخنەگرانی مارکسیستی جیهانیی هەر لە (جۆرجی بلیخانۆڤ و بیلینسکییەوە بگرە تا دەگاتە جۆرج لۆکاش و هێربێت مارکوزە و ئەنتۆنی گرامشی و برتۆڵد برێشت و فریدریک جەیمسن و تێری ئەنگڵتن) ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە ناسینی ئاستەنگەکان و لێکدانەوە و شڕۆڤەی دۆخی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و وەڵامدانەوەی کێشەکان. لە کوردستانیشدا ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ هەمیشە خاوەن قەڵەم و نووسەری خۆی بووە و گەلێ نووسەری جیددی وەک (عەبدولواحێد نوری و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی فوئاد قەرەداغی و فوئاد مەجید میسری و حەمەسەعید حەسەن و یوسف ئەحمەد دەرگەڵەیی محەمەدی مەلا کەریم و جەماڵ کۆشش و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و سلێمانی قاسمیانی و سەعیدی ئەمانی و ..تاد)کەم تا زۆر بە نووسینەکانیان هەوڵیان داوە ئەو لایەنەی ژانری ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەشە پێبدەن و هەناسە بدات. سەرباری هەر ئاستەنگ و ڕێگرییەکیش کە هاتۆتە ڕێیان. چونکە پێمان خۆش بێت یان نا؛ ئەدەبی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی هەروا بە ئاسانی بوار بە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نادات لە مینبەرەکانیانەوە( گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن) چالاکییەکانیان نمایش بکەن و دەقەکانیان بڵاو بکەنەوە. ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵی کوردیی کە ئەدەبی باڵا دەستی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردییە لە کوردستان، لە سەپۆرتێکی مادیی و مەعنەوی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردستان بەهرەمەندە و بەپێچەوانەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کە لە هیچ سەپۆرتێک بەهرەمەند نییە. ئەمەش وای کردووە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەتوانێت لێبراوانە چالاکی ئەدەبی و ڕەخنەیی خۆی بەرەوپێش ببات و ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگاوەکانی وەلا بنێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەیەکی گۆشەگیر و بێئەرک نییە، بەڵکو بەشداری کارا دەکات لە ئاراستەکردنی ئەدەب بەرەو ڕێگای شۆڕشگێڕانە. ئامرێ سێزمان سەبارەت بە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەپرسێت کە ئایا( مارکسیزم چ بەشدارییەکی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا کردووە؟ بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەدەب لە سەدەی بیستەمدا چۆنە و هەروەها ئەو ئاراستانە چین کە ڕەنگە ڕەخنەی مارکسیستی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت بیانگرێتەبەر؟)(٥) ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێ پرسیاری تر کە ڕووبەڕووی توێژەران و لێکۆڵەرەوان دەبنەوە پێویستە لەڕووی تیۆری و ئینجا کردەییەوە(پراکتیکەوە) وەڵام وەربگرنەوە. ڕەخنەگرانی ئەدەبی مارکسیستی کوردیش پێویستە بەشدارییەک بکەن با بەپێی پێویستیش نەبێت، تا لەئاستانەی بردنە پێشەوەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی ڕادیکاڵەنە و هاورچەرخ بتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێرێت.
کۆمەڵگەی سەرمایەداری؛ وەک کۆمەڵگەیەکی چینایەتی کە لەسەر بنچینەی ململانێی نێوان کار و سەرمایە بەرێوە دەچێت، بونیادی ماددی خۆی لەسەر پایەکانی موڵکایەتی تایبەت و خێزان و نیشتمان و ئایین بونیاد ناوە. کۆمەڵگەیەکە هیچ ڕۆژێک بەبێ ستەم و سەرکوت ناتوانێت بژێت و یەک ساتیش بەبێ قازانج و مەرگی ئینسان ناتوانێت هەناسە بدات. ئەم کۆمەڵگە پڕ لە ئاشووب و شەڕ و ماڵوێرانییە یەک لایەنی جوانی تێدا نییە تا نیشانی ئینسانی بدەین، سەرتاپای ناشرینی و مەرگەساتە. بۆرژوازی بۆ شاردنەوەی ئەو مەرگەساتەی کە ناوی ناوە ژیان و بەجوان نیشاندانی ئەو ماڵوێرانییە پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە تا ئەو ئەرکەی بۆ ڕاپەڕینێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئەدەب و هونەری کرێکاریی ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەرکە کۆنەپەرستەی هونەری بۆرژوازی؛ ماهییەتی دژە ئینسانی ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدات. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی پێویستییەکی گرنگی قۆناغی خەباتی چینایەتی کرێکارانە دژ بە سەرمایەداران و بۆرژوازی. بونیادی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ بونیادێکە لەسەر بنەمای تیڕوانینە چینایەتییەکان وەستاوە. واتە لە گۆشەنیگای ململانێی چینایەتییەوە دەڕوانێتە دەق و ئەدەب. ئەم ژانرە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ئیستاتیکی ئینسانی سۆشیالیستە لە تەواوی سەرخان و هەروەها لە پراکتیکی دژە ئینسانی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی بۆرژوازی. دیارە نابێت بیرمان بچێت کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی هەر تەنها تاک ڕەهەندانە کار ناکات. واتا هەر تەنها دژ بە واقیعییەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری ناوەستێتەوە، بەڵکو دژ بەو ئەدەبەش دەوەستێتەوە کە بەرگری لەو واقیعیەتە تاڵە و لەو ماڵوێرانییە دەکات.( بۆ ڕەخنەگرانی مارکسیست، ئەدەب ئاماژەی گەشەسەندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە و هەروەها ئامڕازێکی بەهێزە بۆ کاریگەری لەسەر بیری گشتی بۆ جووڵەکردن بە ئاراستە نوێکان.)(٦)ڕەخنەگری مارکسیست بۆ ئەوەی بتوانێت هەمیشە لە ڕەخنەکانیدا ئامانج بپێکێت، دەبێت ئاگاداری گەشەی ئەدەب و هونەر و زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاریی و …تاد بێت. دەبێت پەیوەندی دەق و کۆمەڵ، نووسەر و چین، دەق و نووسەر و ئایدیۆلۆژیا لە دیدگای مارکسیزمەوە بەجوانی بناسێت و ئەم گۆشەنیگایە بکات بەبونیادی بابەتەکانی. واتە باری کۆمەڵناسی و ئیستاتیکی دەقی ئەدەبی و زمان بۆ ڕەخنەگری مارکسیستی گرنگن و بەشێکن لە بونیادی ڕەخنە. ئەدەب بەشێکە لە وشیاری کۆمەڵایەتی و ناکرێت تەماشای دەق و ئەدەب بکەین وەک ئەبستراکتێک، بەڵکو دەبێت وەکو خولقاوێک لەپەیوەند بە کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە ببینرێت.
بەو پێیەی مارکسیزم ڕەخنەیەکی هەمەلایەنەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیش ڕەخنەیە لە تەواوی دنیای ئەدەب و هونەری بۆرژوازی. میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، میتۆدی سۆشیالیزمی زانستییە و هەمان ئەو میتۆدەیە کە مارکس دانتی پێ خوێندۆتەوە و لینین تۆلستۆی پێ هەڵسەنگاندووە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تەنها ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆژییانە نییە لە دەق، بەڵکو زیاتر هەڵسەنگاندنێکی چینایەتی دەقی ئەدەبی و هونەرییە لە پەیوەندی بە چین و کۆمەڵگە و ژیان و ئینسانەکان دەدوێت. خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگە و ئەدەب؛ ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە و ڕەخنەگران پشت ئەستوور بەو خوێندنەوە واقیعییە دەتوانن پەرە بە ئەدەب و هونەری ئینسانیی بدەن و دژ بە کۆنەپەرستی ئەدەبی بۆرژوازی بوەستنەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەی ڕەتکردنەوە و داهێنانە. واتە کۆنەپەرستی ڕەت دەکاتەوە و پێشکەوتووخوازی پەرە پێدەدات. ئێمە دەزانین مارکسیزم کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر توێژینەوەی ئەدەبی و کلتووری هەبووە و هەموو ئەوانەی ئارەزووی ئەو بوارەیان هەیە پێویستە ئاگاداری ئەو کاریگەرییە جەوهەرییەی مارکسیزم بن لەسەر ئەدەب و هونەر و کلتوور . دەستکەوتە زانستییەکانی توێژینەوەکانی مارکسیزم لەبواری ئەدەب و کلتوور دیار و بەرچاون. بۆیە بەبێ ئاگاداری ئەو دەستکەوتانە و بەبێ خوێندنەوەی ئەو هەوڵانە، ڕەخنەگران ڕەنگە نەتوانن بەپێی پێویست خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێن. وەک دەزانین ئایدیۆلۆژیای زاڵ لە کۆمەڵگە؛ ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتداران و ستەمکارانی چەوسێنەرە. ئەدەب و هونەری بۆرژوازیش وەک بەشێک لە سەرخانی کۆمەڵ و ئایدیۆلۆژیای زاڵ؛ ڕۆڵی نیگەتیڤ دەگێڕێت لە پەردەپۆشکردنی واقیعییەتی کۆمەڵگە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەدوای هەژموونی دەقەوە نییە و ئەو نایەوێت نووسەر کۆنترۆڵ بکات و ئازادی بەمانا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لێ زەوت بکات. بەڵکو دەیهەوێت شڕۆڤەی دەق بکات و خوێندنەوەیەکی پراکتیکی چینایەتی بۆ پرۆسەی نووسین و دەق بکات و لەوێشەوە لەڕوانگەی بەرژەوەندی کرێکارانەوە هەڵسەنگاندنی خۆی ئەنجام بدات.

گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ئاریشەکان
ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی وەکو بەشێک لە سیستەمێکی ڕەخنەیی کلتووری هەمەلایەن لە واقیعییەتی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردیی، ئەرکییەتی وەڵامگۆی ئەم ئاستی گەشە و نەشونمای بزووتنەوەی ئەدەبی و فەرهەنگی کوردی ئەم سەردەم و قۆناغە هەستیارە بێت و قسەی خۆی لەسەر کێشە بناغەییەکانی ڕەخنە و ئەدەب و هونەری کوردی بکات. لەجەرگەی ئەم ململانێ ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە، هەردوو ئاراستەی جیاوازی ڕەخنە ئەدەبی کوردی لەسەریانە قسەی خۆیان بکەن و ئاسۆی چارەسەرکردنی ئاریشەکان بخەنە بەردەم بزووتنەوەکە. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت هەوڵەکانی خۆیان بەئاراستەی وەڵامدانەوە بە کێشەکانی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی بەرن. ململانی کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە لەبڵاوکراوە سیاسی و ئەدەبییەکاندا دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. ئەمڕۆ لە جیهانی بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی کوردی و هەروەها پانتایی میدیای بیستراو و بینراودا هەوڵە ئیندیڤجواڵەکان لەئارادان و بەڵام زۆر بەکەمی هەوڵی سیستیماتیک و بەکۆمەڵ دەبینین کە ئیش لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری بکات.(٧) گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، گوتارێکە تا ئێستا نەیتوانیوە بەپێی پێویست پابەند بێت بە پرنسیپەکانی ڕەخنەوە، هەنگاوی پراکتیکی ڕوو لە ناسینی خۆی و ئەدەب و هونەر بێت. لەبەر ئەوەی هەڵگری بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە کۆی سیستەمی مەعریفی کۆمەڵگە نەبووە، بۆیە دەبینین تا هاتووە لە ئەرکەکانی خۆی دوور کەوتۆتەوە و خۆی لە قسەی جیددی بەدوور گرتووە و نەبۆتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە. بەڵکو هەر بەمەشەوە نەوەستاوە و خۆی تا ئاستێکی زۆر نزم هێناوەتە خوارەوە و لە ژانر و هونەرەوە بۆتە کاسبی و هاوکێشەی نووسین بە نووسین و دەعوەت و شتی بێمانای لەمجۆرە کە مەگەر هەر لە قووتووی عەتاری بۆرژوازیدا بوونی هەبێت، دیارە ئەمەش جگە لە بێماناکردنی ڕەخنە و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی هیچی تر نییە. هێنانەخوارەوەی بەهای ئەدەبی و مەعریفی ڕەخنە ناتوانێت بچووکترین خزمەت بە بزووتنەوەی ئەدەبی و هونەری بگەێنێت. ئەو نووسەرانەی لەژێر ناوی ڕەخنەی ئەدەبی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، سەلمێنەری ئەوەن کە یەکەم هیچ لە مانای ڕەخنە و بەهای کۆمەڵایەتی و مەعریفی ڕەخنە نەگەیشتوون و دووەمیش بێئاگایی و دەستوپێ سپێتی خۆیان نیشان دەدەن. ئاریشەیەکی تری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە دەتوانین بەڕوونی ببینین و بیخوێنینەوە بریتییە لە ناوەندە ئەکادیمییەکان. ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و زانکۆکان و دامەزراوە فەرهەنگییەکان و کۆڕی زانیاری کوردستان و بڵاوکراوکانی ئەو ناوەندانە وەکو گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب کە نەک هەر ئیشیان بەپێی پێویست لەسەر ڕەخنە نەکردووە، بەڵکو بەهای ڕەخنەشیان لەجێی شیاوی خۆی دانەناوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت ئەی بۆ بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لەدەیەی حەفتاکان و هەشتاکان بەمجۆرە نەبوو، دەتوانین بڵێێن کە ئەوکات ڕەخنەی ئەدەبی لەپێناو مەعریفەدا بوو و ئێستاش لە سێ دەیەی ڕابردوو لەپێناو مەرامە کەسیی و حیزبی و غەیرە مەعریفییەکان دەنووسرێت. هەلومەرجی سیاسی کوردستان و شەری نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار بەجۆرێک کەوتەوە کە دوو ئیدارەیی بەدوادا هات و نووسەران و هونەرمەندانیش بوون بە دوو بەرەوە. نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان کەوتنە بەردەم بەرداشێکەوە کە یان دەبێت ئەم باڵ بن یان ئەو باڵ. لێرەشەوە مەسەلەی حیزبی بوون و خەساندن و کڕینی نووسەران و …تاد هاتەگۆڕێ. نووسەران و ڕەخنەگران ئەوەندەی خەمی ڕازیکردنی باڵەکەی خۆیان بوون و ڕەخنەیان لە نووسەرانی باڵەکەی تر دەگرت، ئەوەندە خەمی مەعریفە و بەرەوپێشچوونیان نەبوو. ئەوان لەژێر ناوی دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا بەرگرییان لە ئایدیۆلۆژیا دەکرد. کێشەی ئەو ڕەخنەیە کێشەیەکی چینایەتی نەبوو ئەوەندەی کێشەی ناو یەک بازنەی داخراوی ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی بوو.
گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵگری بووە، گوتارێکی زیاتر ناسیونالیستی بووە گەرچی لە هەندێ قۆناغدا نەیتوانیوە هەڵگری ئەو پەیامەش بێت. گوتارێک زیاتر بە دەروی شیعردا خوولاوەتەوە و جارێک زمانی زبر و جارێکی دی نکووڵی کردن لە بوونی ڕەخنە و ڕوون نەبوونی سیمای ڕەخنە بەگشتی لای ڕەخنەگران تا دەگات بە ڕیالیستبوونی ڕەخنە و پەیوەندی نێوان دەق و کۆمەڵگە و جەماوەر و ئینجا هاتنەمەیدانی بزاوتێکی ڕەخنەیی پێشکەوتووخواز ، کە دەتوانێت کورتەیەک بێت لە سیما و جەوهەری بزووتنەوەی ڕەەخنەی ئەدەبی کوردی کە سەد ساڵە لەئارادایە و هێشتاش نەیتوانیوە لە ئامانجە مێژوویی و مەعریفی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی نزیک ببێتەوە.(٨)

دواجار
دواجار پێموایە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی وەک نەریتێکی ڕەخنەیی و ژانرێکی ئەدەبی، ئاڵوگۆڕێکی وای بەسەردا نەهاتووە بەبەراورد بە گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. چونکە سەرمایەداری گەرچی لە شێوە و فۆرمدا گۆڕاوە بەڵام لە جەوهەردا هەر هەمان ئەو جەوهەرەیە کە ڕابەرانی سۆشیالیزمی زانستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس و لینین پێناسەیان کردووە و ناساندوویانە بە خوێنەر و چینی کرێکار. بەم پێیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ وەکچۆن پایەکانی لەسەر واقیع و زانست بنیادنراوە، ئاواش لەهەر سەردەم و قۆناغێکدا واقیعبینانە و زانستییانە بە ئەرکە چینایەتییەکانی خۆی هەڵدەستێت و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە، لە کوردستانیش ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەرچی خاوەن مێژوویەکە، بەڵام ئەو مێژووە بەپێی پێویست نەخوێنراوەتەوە و بەردەست نییە بۆ لێکۆڵەرەوانان و ڕەخنەگران تا بەڕۆشنی ڕەوتی گەشەکردنی ئەو ڕەوتە لە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانە دیاری بکەن. ئەرکی توێژەرانی ئەدەبی مارکسیستییە لە کوردستان ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەگرانە بخوێننەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان هەر لە سەرەتای دەیەی بیستەمی سەدەی ڕابردووە تا ئەمڕۆ، بکۆڵنەوە. ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستی کوردیش ئەرکییەتی بەهەمان میتۆد و بەهەمان گۆشەنیگای مارکسەوە لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا تێبکۆشێت، ببێتە بزوێنەری سەرەکی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی و تەواوی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە ناسیونالیزم و مارکسیزمەوە، (کە ئەمەی دواییان دوو جۆر بوون و سەر بە دوو ئاراستەی جیاواز بوون کە ئەوانیش ماویزم و ستالینیزمن)، بخوێنێتەوە و هەژموونی پێشکەوتووخوازی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکات بە بیرکردنەوەی زاڵی نێو بزاوتی ئەدەب و هونەری کوردی لەم سەدەی بیست یەکەمینەدا.

———————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان :

١- هەندێک لە زانیارییەکانی نێو ئەم نووسینەم لە کتێبی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و مەسەلەکانی نوێکردنەوەی شیعر دکتۆر پەرێز سابیر لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٦ لاپەڕەکانی ١٩ تا ١٠٠، وەرگرتووە.
٢-عەزەدین مستەفا ڕەسوڵ و شوکریە ڕەسوڵ و کوردستان موکریانی و جەماڵ خەزنەدار و کاوس قەفتان و نەسرین فەخری و ،مارف خەزنەدار و .تاد لەو قوتابیانە بوون کە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردوو لە یەکێتیی سۆڤییەت خوێندویانە و بڕوانامەیان بەدەست ‌هێناوە.
٣-من وای دەبینم کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەشێوە سادە و سەرەتاییەکەشی بێت، بوونی هەبوو بێت و لانی کەم لە بڵاوکراوە و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی (حشع)دا ، بەڵام بەداخەوە تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە زانیاری پێویستمان لەبەردەستدا نییە.
٤-بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەیەی هەشتاکان بڕوانە کتێبی ( دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ١٩٨٧ – ١٩٩١) نووسینی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق چاپی یەکەم ٢٠٢٢.

5-Marxist Criticism, Then and Now
https://link.springer.com/chapter/10.1057/9781137339959_3
https://philpapers.org/rec/SZEMLC

6-Preface to Revolution : Russian Marxist Literary Critisim 1883 – 1917
Yale University publishing 1972 page 2.
Pro Quest website Lucid, Daniel Peri
https://www.proquest.com/openview/a9d6093ba03e3035f81c2316e99f1319/1?pq-origsite=gscholar&cbl=18750&diss=y

٧- ئێمە دەزانین لەگەڵ سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری عێراق، خەباتی ئەو چینە دژ بە چەوسانەوەی سەرمایەداران دەستی پێکردووە و ئەدەبیش بەشداری ئەو خەباتەی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبیش کەم تا زۆر بوونی خۆی هەبووە و ڕۆڵی خۆی گێڕاوە. بەڵام لە ئۆرگان و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە حیزبی و غەیرە حیزبییەکاندا و هەروەها لەناوەندە ڕۆشنبیرییەکانیش بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتایی دەیەی شەستەکان هیچ توێژینەوەیەک یان لێکۆڵینەوەیەکمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی و هیچ توێژەرێکیش خۆی لەقەرەی ئەو باسە نەداوە و تەنانەت سەرچاوەکانیشمان لەبەردەستدا نییە تا بەو ئەرکە مێژووییە گرنگە هەڵبستین.

٨-نابێت لێرەدا ڕۆڵی گۆڤاری نووسەری کورد ژمارە ٦ خوولی دووەم لەیاد بکەین کە تایبەت بوو بە ڕەخنەی ئەدەبی و هەردوو ڕەوتەکە ( ناسیونالیزم و مارکسیزم) بەشدارییان تێدا کرد و هەروەها دیداری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی (دیداری شێخ نووری شێخ ساڵح) بە کەم وەربگرین کە لە ١٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەشاری سلێمانی بەڕێوە چوو کە بە سپانسۆری ڕێکخراوی کەریمی عەلەکە؛ نۆ توێژەر و ڕەخنەگر نۆ بابەتیان پێشکەشکرد و بابەتەکانیش لە کتێبێکدا چاپ کران و لە یەکەم ڕۆژی دیدارەکە بڵاوکرایەوە. هەرچەندە من ئەم دیدارە بە کارێکی باش و هەنگاوێکی پۆزەتیڤ دەزانم، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی لاوازی دیدارەکە بریتییە لە نائامادەیی یان لالێنەکردنەوە لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و جێگەنەکردنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە لەو دیدارەدا.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish