نەمزانی وازوو.. شیعری شەماڵ بارەوانی
نەمزانی وا زوو
بە فووی خیانەت چرای پەیمان دەکوژێنیتەوە و
کراسی عیشق دەدڕێنیت
نەمزانی وا زوو
بەرماڵی نزا دەپێچیتەوە و
ڕووگەی مەیلت دەگۆڕیت
نەمزانی وا زوو
سەبەتەی یەقینم پڕ دەکەیت لە تاتەبەردی گومان و
حەللاجی خۆشبەختیم لە تەنافی شبلی هەڵدەواسیت
نەمزانی وا زوو
ئۆقیانۆسی خەونەکانم لێوانلێو دەکەیت لە پرووشەی فرمێسک و
جانتای پێکەنینەکانم دەدزیت
نەمزانی وا زوو
هەیوانی نیگام لە دیدارت ڕووت ڕووت دەکەیتەوە و
بە تەمی تەنیایی ئاسمانی چاوەکانم دادەپۆشیت
نەمزانی وا زوو
خونچەی خەونەکانم لە تابووتی دڵ ڕەقیتدا دەنێژیت و
کۆتری گەشبینیم بە سنووری سەراب دەسپێریت
نەمزانی وا زوو
چارۆکەی ماتەم لەسەر بەڵەمی شادیم هەڵدەکەیت و
چوارچێواەی تابلۆی خەیاڵم پڕ دەکەیت لە ڕەنگی حەسرەت
نەمزانی وا زوو
باڵی پەپوولەی هەستم زامداردەکەیت و
لەجێی هەر خەونێکی سەرزەمینی ڕۆحم
نەمامەخەمێک دەڕوێنیت
شەماڵ بارەوانی