سۆناتای خۆشەویستی.. ستیڤان شەمزینی
ھەروەک چۆن رابردوو
دەبێتە پۆشاکێکی کۆن
زەمەن بەرگی ئێستا دەکاتە بەر
جلی بۆ ئایندەشت دووریوە
من لە رابردوودا عەوداڵت بووم
لە ئێستا تۆم دۆزییەوە و
خۆشم ویستی
لە ئایندەشدا لە توێی دڵی تۆدا
گۆڕێک بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
خەیاڵ بکە بەو جۆرە
خۆشم ئەوێی
رابردوویەکم نییە بۆی بگریم
داھاتووشم نییە چاوی تێ ببڕم
بە تەنیا ئێستام ھەیە
تۆم تێدا خۆش ئەوێ
ھەموو ئەوەی لە کتێبەکەمدا
نوسیوومە
بریتییە لە سێ دێڕ:
بە قەد قورسیی رابردوو
بە قەد گەورەیی داھاتوو
ھێندەی شیرینی ئێستا
خۆشم ئەوێی
لە پشتی کتێبەکانەوە
خۆم حەشاردا
لە ناو پێخەفی شیعردا ئەنوستم
لە شەوانی نوتەکدا
بیرم ئەکردەوە
چرایەک شەڵاڵ لە خۆشەویستی
منی لەنێو غوباردا دۆزییەوە
ئەمێستا دەستم لە ژێر چەناگەم
وەک دوو کۆڵەکەی رزیو راگرتووە
کۆژیتۆیەک ئەنووسمەوە:
تۆم خۆش ئەوێ کەواتە من ھەم
ھەر وەک ئەو فرمێسکە روونەی
بەسەر غەمەکانمدا ئەبارێت
خۆشم ئەوێی
زۆر گوناھی گەورەم ئەنجام داوە
شەوێک ژوانم لەگەڵ تریفە بەستووە
شەوێکی دی
مژم لە سیگاری خەونێک داوە
شەوێکی تر
گوڵم لە باخی گریان رنیوە
شەوێکی تریش
نزام بۆ شاعیرێک کردووە
لەبەردەم ئازاردا
روومەتی شیعرەکانی ئەڕنی
من گوناھباری گەورەی
ژێر پەردەی رەشی شەوەکانم
ھەر لە شەودا دڵی خۆمم
بە دارتێلی شەقامی ئەوینەوە ھەڵواسی
دە تۆ وەرە نزیکم
با بە گوێتا بچرپێنم
ھێندەی ھەموو گوناھە سپییەکانم
خۆشم ئەوێی
خۆشم ئەوێی
٢٠-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – کۆڵن