Skip to Content

فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

Closed
by ئاب 10, 2023 General, Opinion, Slider



نوێپلاتۆنییە مەزنەکانی خۆرهەڵات
ئیبن سینا

دوای ڕووخانی خەلافەتەکەی بەغداد چەند دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆم لە خۆرهەڵات سەریانهەڵدا. ئێستا ئەم دەوڵەتانە بە پێچەوانەوە سیاسەتی دەسەڵاتخوازییان ئاڕاستەی وڵاتانی ئەرەبی کرد و لە لایەنی خۆیانەوە کاریگەریی کولتووریان لەسەر نواندن. گومانی تێدا نییە کە پێشبینییەکانی فارابی لەمەڕ دەوڵەت سەرئەنجامی گەردوونناسی و ئێشاتۆلۆگییە نوێپلاتۆنییەکەی بوون، وەلێ هاوکات پەرچەکردار بوون لەسەر داڕوخانی جیهانێکی مسۆگەرکراو، هەروەها گوزارشتی هیوا بوون بۆ نەهێشتنی تەنگژەیەکی جڤاکی. لێرەدا یوتۆپیای فارابی بۆ جڤاکێک ڕووی دەکردە زاڵبوون بەسەر جیهانێتیدا، زاڵبوونەکەش دەبوو بە خودی کەتوار دەستپێبکات و بەتوندی گرێدرابوو بە ئاوەزی مرۆڤەوە. ئیبن سینا، فەیلەسوفە مەزنەکەی دیکەی جیهانی ئیسلامی، بیرۆکە بناغەییەکانی فارابیی لای خۆی پاراست، وەلێ پرسی دیکەی کرد بە چەقی کارەکانی. هزری ئەم لە لایەک پتر لە کردەکێتیی ژیانی مرۆڤەوە ئاڕاستە وەردەگرێت، وەلێ هاوکات (یان ڕەنگە بەتایبەتی بەو هۆیەوە) لەبەر ئەوەی زەینی مرۆڤ بە جیهانی ماتەرییەوە ئاڵاوە، ئەوا ڕێگەی زەین تەنیا مەسەلەی ڕاسیۆنالێتی نییە، بەڵکو هاوکات مەسەلەی ڕەوانە. ئیبن سینا دەنووسێت: “مەبەستی فەلسەفە ئەوەیە کە سروشتی ڕاستینەی سەرجەم شتەکان تا ڕادەی توانستی ناسینی خۆی بناسێت” (Watt/Marmura 1985, 320)، وەلێ ئەمە هاوکات چە داکۆکییە لە مەئریفەی ئاوەز و چە ئاماژەیە بۆ بڕوای ئیبن سینا کە “بەدیهێنانی دانایی” تەنیا مەسەلەی فەلسەفەی ڕاسیۆنال نییە.

ژیانی ئیبن سینا

ئەبو ئەلی ئەلحوسەین ئیبن ئەبدوڵلا ئیبن سینا ساڵی 980 لە نزیکی بوخارا لە ئوزبێکستانی ئەمڕۆ هاتە جیهانەوە. ئەو دەمە لە بوخارا خانەوادەی سامانییەکان حوکمڕان بوو و سەردەمێکی گەشانەوەی ئابووری و کولتوورییان بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر کرد. پێدەچێت باوکی ئیبن سینا کە فەرمانبەرێکی پلەباڵا بوو، هێندە دەوڵەمەند بووبێت کە ئیدی توانیبێتی دەرفەتی پێگەیاندنێکی فێرگەییانەی گشتگیر لای مامۆستایانی تایبەت (پریڤات) بۆ کوڕەکەی بڕەخسێنێت، لەم ڕەوتەشدا بەهرەمەندیی نائاسایی ئەو زارۆکە ئاشکرا بوو: لە تەمەنی سیازدە ساڵاندا جگە لە قورئان و حەدیسەکان زۆر بەرهەمی گرنگی ئەدەب و زانستی دەناسی. گەر ژیانی فارابی وەک ژیانی دانایەکی ڕوو لە جیهان وەرگێڕاو دابڕێژرێت، ئەوا لە ژیاننامەی ئیبن سینادا شاردنەوەیەک هەیە کە جەختکردنە لە بلیمەتیی ئەو، لێرەشدا مرۆڤە ڕیالەکە لە ئەگەری دیارنەماندایە. لەوێدا گەلێک شتی پەرجوویی شیاوی خوێندنەوەن، بۆ نموونە لەبارەی شارەزایی گشتگیر و برسێتیی ئەو بۆ زانین، یان ئەو وەک خۆفێرکەر (ئۆتۆدیداکت) کە لە توانایدایە تەنانەت کار لە ئاڵۆزترینی بابەتەکاندا بکات. ئیبن سینا خۆی لە ئەفسانەی ئەو زارۆکە پەرجوویی و بلیمەتە گشتلایەنەدا بەشداریی کرد. ئەو کە زۆر چاک لە بەهای ڕاستینەی خۆی و پێگەکەی بەئاگا بوو، ئۆتۆبیۆگرافییەکی نووسی و تێیدا وەک شایانی خۆی ئاماژەی بۆ بەهرە نائاساییەکانی دا. سەرباری ئەوە، بە گۆتەی خۆی، لە ئەرکێکدا شکستی هێنا: گەرچی وای دادەنا کە مێتافیزیکی ئەڕیستۆتێلیسی دەرخ کردبێت، کەچی سەرباری ئەوە وەک مەتەڵێک لای مایەوە تا ئەو ڕۆژە کە ڕاڤەکردنەکەی (شەرحەکەی) فارابیی خوێندەوە. فارابی لە خۆڕا تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا نازناوی “مامۆستای دووەم”ی هەڵنەگرتبوو. دوای ئەڕیستۆتێلیس (“مامۆستای یەکەم”) بە نێوەندیار و تەواوکەری فەلسەفەی ئەنتیکە دادەنرا. فەلسەفەی فارابی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیبن سینا نواند و هەوڵی دا بیخاتە پەیوەندییەوە لەتەک شارەزاییە زانستی-سروشتی و پزیشکییەکانی خۆیدا.
هەروەها هەڤاڵێتییەکەی لەتەک ئەلبیرونیدا (973-1048)، کە زانایەکی گشتلایەن و حەوت ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتییەکەی. نامەگۆڕینەوەکەی نێوانیان لەبارەی پرسیارەکانی فیزیک و ئەستێرەناسی و گەردوونناسی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی مەزنی مێژووی گشتگیری زانستەکان. وەلێ هەر لەو نامەگۆڕینەوەیەدا شێوەیەکی گرژیی دیالێکتیکی خویادەبێت کە بۆ هزری ئیبن سینا زۆر گرنگە: ئەلبیرونی گرنگی بە سەرئەنجام و ڕاڤەکردنی زانستی ئەمپیری دەدات، لێرەشدا گوماندارە بەرانبەر چۆنێتیی بەرگریکردنی ئیبن سینا لە هزری ئەڕیستۆتێلیس، بەتایبەتیش گومانی هەیە لە سپێکولاسیۆنی نوێپلاتۆنیانەی ئەم فەیلەسوفە. بۆیە ئەلبیرونی لەچاو ئیبن سینادا نزیکترە لە سەرئەنجامەکانی زانستی مۆدێرن، وەلێ هاوکات نزیکتریشە لە هەڵوێستەکانی ئەقیدەگەریی ئایینی، بە پێچەوانەشەوە هزری ئیبن سینا، جا گەرچی لە ڕووی زانستی سروشتییەوە هەڵەمەندە، سەرباری ئەوە وەک سپێکولاسیۆنی فەلسەفەیی و بەتایبەتی لە ئەدگارە نوێپلاتۆنییەکەیدا زۆر لە هزری ئەو ڕادیکالترە. بەم ڕێیەوە هزری ئیبن سینا ڕوانگەی نوێ ئاوەڵادەکات نەک تەنیا لە ڕووی سەبژێکتی تیۆری-مەئریفەوە، بەڵکو بۆ مرۆڤیش لە هەڵوێستیدا سەبارەت بە ڕێکخراوی جیهان و خودا. بۆ نموونە ئەلبیرونی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە دەشێت لە چۆنێتیی چیاکانەوە دەربئەنجامێنرێت کە ئەوان دروست بوون، بۆیە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “لەبارەی ئاسمان” (De Caelo) کە جەخت لە ئەزەلییەتی جیهان دەکات، دەبێت هەڵە بێت. ئەوجا چەند ئەمە ڕاستە، ئەوەندەش دەرئەنجامگیرییە لێوە دەرکێشراوەکەی جێی پرسیارە کە دەبێژێت دروستبوویی ڕووبەری زەوی دەرفەتمان پێدەدات ئافراندنی خودایی دەربئەنجامێنین. ئیبن سینا پەیوەند بەو تێڕوانینەوە بەهەژیوی پەرچەکردار دەنوێنێت: “تۆ گەرەکە بزانیت، کاتێک ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت کە جیهان هیچ سەرەتایەکی نییە، بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە جیهان ئافرێنەرێکی نەبێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئافرێنەری جیهان لە هەر ناچالاکییەک تەبریە بکات” (لە: al-Biruni 1991, 50). کەواتە ئەزەلییەتی جیهان دژبێژیی هەبوونی خودا نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوە کە بوونی خودا زەروورییە (essentiell)، ئەوە کاتێک ناتوانین ئەوها لەبارەی جیهان ببێژین. بۆ سەلماندنی خودا زۆرتر لەوە پێویستە کە تەنیا ئاماژە بۆ لێرەبوونی جیهان بدرێت.
ناوبانگی ئیبن سینا بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ ناسێنراویی ئەو وەک پزیشک، کەمتر وەک مامۆستای فەلسەفە. ئەوجا ناوبانگی بڵاوبووەوە، چونکە بەهۆی ئاڵانییەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی سەردەمەکەی لە زۆر ناوچەی جیاواز کاری کرد. سیاسەت بۆ ئەو کەمتر لە فارابی گرنگییەکی تیۆرییانەی هەبوو، بەڵکو گرنگییەکەی پراکتیکیی بوو: ئێمە لەتەک ئیبن سینادا بە فەیلەسوفێک دەگەین کە دەیخواست نزیک بێت لە دەسەڵات. ناوبانگی ئەو وەک هزرڤان و شرۆڤەکار، زانینی گشتگیر و زرنگیی مەزنی لە پزیشکیدا، کردیان بە ڕاوێژکاری نموونەیی و پزیشکی تایبەت لای گەلێک دەسەڵاتداری سەردەمەکەی. ئەو چەند ساڵێکی درێژخایەنی ژیانی وەک وەزیر و ڕاوێژکار و پزیشکی تایبەت لە کۆشکوسەرای جیاوازی میراندا بەسەر برد، لەم کاتانەشدا بەردەوام تووشی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵات دەبوو کە ناچاری هەڵاتن و دەربەدەرییان دەکرد، پاشان سەرلەنوێ ڕێزپێدراوانە لای میرێکی دی پێگەی پێدەدرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە ژیانی ئیبن سینا وێنەدانەوەی مێژووی سەردەمەکەیەتی: ڕووخانی دەوڵەتی سامانییەکان و باڵادەستبوونی غەزنەوییەکان، سەرهەڵدانی ڕیزێک میرنشینی ناوچەیی و شەڕی بەردەوام لەسەر باڵادەستی، ناچاریان کرد ژیانێکی بێئۆقرەی کۆچەریانە بەڕێوەبەرێت و بچێتە خزمەتی گەلێک دەسەڵاتدارەوە، هەر ئەم خزمەتەش زۆر جار بۆی بوو بە مایەی مەترسی لەسەر ژیان و چەند جارێکیش فڕێدرایە نێو زیندانەوە. ئەو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا چووە خزمەتی دەسەڵاتدارەکەی ئەسفەهانەوە بەناوی عەلائئەلدەولە – وەک پزیشکی تایبەت و بەڕێوەبەری بیمارستانەکەی (نەخۆشخانەکەی) ئەوێ. ئیبن سینا ساڵی 1037، کاتێک یاوەریی میری لە لەشکرکێشییەکەیدا بۆ سەر هەمەدان کرد، جیهانی بەجێهێشت.
ئیبن سینا دوای مردنی پتر لە سەد کتێبی بەجێهێشت و هەندێکیان زۆر خێرا بەفراوانی بڵاوبوونەوە. سەرەتا گەرەکە ناوی کارە پزیشکییەکان بەرین، چونکە بەبێ ئەم نووسینانە بەزەحمەت بەشێکی گرنگی مێژووی زانین لە چەرخی نێڤیندا لێتێدەگەین. لە چەرخی نێڤیندا، بەتایبەتیش لە ئەوروپای کریستیانیدا، ئاستی شارەزایی پزیشکی تۆقێنەرانە نزم بوو. ئەقیدەگەریی ئایینی وای دادەنا کە پزیشکی تێکوشانی زانستی نییە، چونکە گۆیا لە کرۆکی نەخۆشی نەدەهزری وەک هەقیقەتێکی نێو پلانی خودی ئافراندن، بەڵکو دەیویست هەڵسوڕاندنی قەدەری مرۆڤ لە خودای مەزن بسەنێت. بۆ نموونە کڵێسەی کاتۆلیکی ماوەیەکی درێژخایەن بەو شێوەیە ئەرگومێنتی دەهێنایەوە – ئەمە درەنگتر بە هەمان شێوە لە ئیسلامیشدا هاتە نێوانەوە، لێرە “پزیشکیی پەیامهێن” دەیویست تەنیا پشت بە ئامۆژگارییەکانی قورئان و حەدیس ببەستێت کە تا ڕادەیەک کەمبەها و تا ڕادەیەکی دیکە ئاللێگۆرییانە بوون. یاخود تەنیا کاتێک پزیشکی بە زانستێکی جددی دادەنرا، گەر پشتی بە “ئۆتۆرێتی”یە ناسێنراوەکان ببەستایە کە داناییان گەرەنتیی بە تێگەیشتن لە کرۆکی شتەکان دەدا، ئەم ئۆتۆرێتییانەش سەرەتا نووسەرانی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانی ئەنتیکە بوون، بۆ نموونە هیپۆکڕاتێس، گالن یان پلینیوس، ئەوجا درەنگتر نووسەرانی دیکەیان درانە پاڵ: لە چەرخی نێڤینی لاتینیشدا بەتایبەتی کارەکانی نووسەرانی ئیسلامی بەهەند وەرگیران. وەلێ هیچ کتێبێک خۆی نەدا لە شانی ئەو واتایە کە “کانۆنی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینا پێی گەیشت. کتێبەکە تا نێو سەدەی حەڤدەیەم لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکانی ئەنتیکەدا بناغەی پێگەیاندنی پزیشکان بوو لە ئەوروپا، زۆر زیاتر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەلڕازی کە بە هەمان شێوە بەناوبانگ بوون. ناوبانگی ئیبن سینا وەک پزیشک کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نواند کە شێوەی بەلاتینیکردنی ناوەکەی (واتا ئاڤێسینا) تا ئەمڕۆ باوتر بێت لە ناوی ڕاستینەی خۆی. خزمەتی مەزنی ئیبن سینا لەوەدا بوو کە ئەو لەپاڵ بەهەندوەرگرتنی ئۆتۆرێتییەکاندا زۆر مەئریفەی ئەمپیریی خستە سەر زانینی پزیشکییانەی سەردەمەکەی. ئەم کراوەییە بەرانبەر زانستی ئەزموون و قەدەرگرتنی، پەیوەندییەکی بە هزری فەلسەفەیی ئیبن سیناوە هەیە.

مێتافیزیک
ئیبن سینا، ئاڕاستەوەرگرتوو لە فارابییەوە، هاوشێوەی ئەو مێتافیزیک بە زانستی بوونەوەر دادەنێت، بەڵێ تەنانەت پێشبینیی ئەو بۆ ڕێکخراوی بوون فارابیانەیە، هێندە نەبێت کە سەرلەنوێ ئەزموونی نەخشەی ڕژانی نوێپلاتۆنیزمەکەی فارابی دەکاتەوە، لێرەشدا یەک-ی (ئەلئەحەدی – و) هەرە سەرەتایی پلۆتین هاوتا دادەنێت بە “یەکەم هۆکار”ەکەی ئەڕیستۆتێلیس و بە خودای سروشی قورئان. بێگومان لای ئیبن سیناش مەئریفەی ئاوەز پێشتریی لە ڕاستیی پەتیی ئیمان هەیە. وەلێ ئەم ئێستا لە ڕاڤەکردنی دەرووندا، دەروون بەڕێوە ڕووەو مەئریفەی خودا، ڕێگەیەکی خۆیی دەگرێتە بەر. مێتافیزیک، کە ئیبن سینا لە کارە سەرەکییە فەلسەفەییەکەیدا بە ناونیشانی “کیتاب ئەلشیفا” (“کتێبێک لەبارەی شیفا”) گۆڕانی پێدەدات، زانستی بوونەوەرە بەگشتی. تەنیا خودا دەشێت بوونی پەتی بێت، چونکە تەنیا خودا زەروورییە نەک شیمانەیی / بەڕێکەوت، ئەزەلییە نەک سەیرورەیی، یەکە نەک زۆرێتی. کەواتە مێتافیزیک خۆی بە زانستی مەئریفەی خوداوە خەریک دەکات. لێرەدا ناونیشانی نووسینەکە سەرنجڕاکێشە: “ئەلشیفا”، هەر لەمەشدایە جیاوازییەکە لە دابی تا ئێستاکانەی نوێپلاتۆنیزم. فەلسەفە، بەتایبەتی لە بەشە شایانەکەیدا کە مێتافیزیکە و لە ڕوانگەی ئەڕیستۆتێلیسەوە گەرەکە خۆی بە “دوایەمین شتەکان”ەوە خەریک بکات، بۆ ئیبن سینا شیفایە / چاکبوونەوەیە لە هەڵە زیانبەخشەکان، هەروەک چۆن پزیشکی چاکبوونەوەیە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر لەش. هۆش و دەروون لە لایەک، لێرەبوونی لەشەکی لە لایەکی دی، بەزەرووری پێکەوە بەندن، بۆیە هەرگیز چاکبوونەوەی یەکێکیان بەبێ چاکبوونەوەی ئەویدیکەیان بەتەواوی بەدیناهێنرێت. بەم تێڕوانینە، وەک چۆن ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین، تەنیا مەبەست لە پزیشکییەکی “سەرجەمییانە” نییە، بەڵکو هەروەها بەتایبەتی گۆتەیەکی گرنگمان لەبارەی پەیوەندیی بوونی پەتی بە جیهانی ماتەرییەوە هەیە.

ئەڕیستۆتێلیس کەرەسەی پێناسەکردبوو وەک لە-شیمانەدا-بوونی پەتی کە ناچالاکانە / پاسیڤانە فۆرم وەردەگرێت، فۆرمیش لە لایەنی خۆیەوە هۆی کارایە (causa efficiens -و)، هەروەها وەک فۆرمی پەتی، تەواو بەدەر لە کەرەسە، هزری پەتیی خودایە. نوێپلاتۆنییەکان هەوڵیان دا بە نەخشەی ڕژان (ئێماناسیۆن) وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە داخۆ چۆن کەرەسەی بێدەروون و بێهۆش بە فۆرم بگات. لە بوونی پەتیی خوداوە زەینی پەتی دەڕژێت، وەلێ زەینی پەتی بە پێچەوانەی بوونی پەتیی خوداوە کە یەکە، زۆرێتی لە خۆ دەگرێت. ئەوجا ئیدی پرۆسەی ڕژان پلە بە پلە بەردەوام دەبێت تا ئاستێک کە ئیدی کەرەسەی بەڕێکەوتی فرەجۆر کەمترین بەشی لە زەینی فۆرمدەری پەتیدا هەیە، واتا جیهانی ماتەری کە ئێمە تێیدا دەژین. ئیبن سیناش درێژە بەم پرنسیپە دەدات، وەلێ ئەم ئاماژە بۆ زەروورە دەدات: کەرەسە بەزەرووری لە هەر پلەیەکی ڕژاندا گرێدراوە بە هۆی کاراوە. ئاخر ئایا بە چە ڕێیەکەوە کەرەسە کە ئێمە لە کاتدا وەک بگۆڕ و فانی ئەزموونی دەکەین، بە بوونی خۆی دەگات؟

وەلێ گەر ئێمە تەنیا لە ڕیزی پلەکانی نەخشەی ڕژاندا بهزرێین، ئەوا دەبێت کەرەسە لە کاتێکی دیاریکراودا شیمانەی پەتی بێت و ئێمەش چیدی نەتوانین ئەزموونی بکەین، چونکە بۆ ئەزموونکردنی ئەوەکەیەک دەبێت ئەوەکەیەکی شیاوی ئەزموونکردن لەگۆڕێ بێت، کەواتە کەرەسەیەک کە فۆرمێکی هەیە، کە بوونەوەرێکە. “هەر شتێک کە وەک نوێ سەرهەڵدەدات، لە خۆیدا پێش سەرهەڵدانی شیمانەیە بۆ لێرەبوون یان نەشیاوە بۆ ئەوە” (Avicenna 1960, 269). کەواتە دەبێت لە زنجیرەی هۆکاندا ئەوەکەیەک هەبێت کە پابەندیی نێویەکییانەی فۆرم و کەرەسە بەزەرووری دەهێنێتە ئاراوە:
“هەر یەکێکی ئەم پرنسیپانە (کەرەسە و فۆرمی کرۆکی) لە هەر ڕوویەکی دیاریکراوەوە، هەروەها پەیوەند بە کەتوارێکی دیاریکراوەوە نەک لە هەمان ڕووەوەوە، هۆیە بۆ ئەویدیکەیان. گەر ئەمە ئەوها نەبایە، ئەوسا بە هیچ شێوازێک فۆرمی کرۆکییانەی ماتەریەل پابەندییەکی زەرووریی بە ماتەرییەوە نەدەبوو.” (Ebd., 600)
ئەمە، وەک ئیبن سینا دەبێژێت، هیچی دیکە نییە جگە لە بوونەوەرە-زەرووری کە خودایە. خودا بوونی پەتی و زەروورەی پەتییە، لەنێو کەرەسەشدا ئامادەیە، ئەوە بێگومان بەڕێی پێکەوەگرێدراویی زەرووریانەی کەرەسە و فۆرمەوە. کەواتە گەردوون لەم گرێدراوییە زەرووریانە پێکدێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی گرێدراوییەکان هاوکات لەتەک خودادا کە ئەوانی خستووەتەوە، لەگۆڕێن، ئەوا دەبێت هاوشێوەی خودا ئەزەلی بن. کەواتە، لۆگیکیانە، جیهان و کەرەسە لە ئەزەلەوە هەن.

ڕاسیۆنالێتی و ئینتوئیسیۆن

ئەو تێڕوانینە واتایەکی ئەوتۆ بۆ هۆشی مرۆڤ دەگەیەنێت کە گەردوونیش دەبێت بە بابەتی مەئریفە، بێگومان نەک تەنیا لە ڕووی مەئریفەی تاکە هۆ و تاکە بوونەوەرانەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی مەئریفەی بوونەوەرە -زەروورییەوە، کەواتە خوداوە. “چاکبوونەوە” کە پرسی مێتافیزیکی ئیبن سینایە، شیمانەی زەینی مرۆڤە بۆ مەئریفەی خودا، ئاخر گەرچی خودا ترانسسێندێنتە، سەرباری ئەوە هاوکات نێوەکیانە (بەئیمانێنت) لە فۆرمە پابەندەکانی کەرەسەدا دەدرەوشێتەوە. با ئەو پرسە وەلاوەبنێین کە داخۆ بشێت ئەم فەلسەفەیە بە “ماتەریالیستی” و “پانتایستی” دابنرێت، وەک چۆن ئێڕنست بلۆخ کردوویەتی (بڕوانە Bloch 1972). بە هەر حاڵ ئەم فەلسەفەیە بناغەیەکە بۆ ئەو هەوڵەی میستیکێکی فەلسەفەیی لەنێو ئیسلامدا کە خۆی بە ئیبن سیناوە گرێ دەدات و دەیەوێت بەسەر ڕێگەی مەئریفەدا بگات بە ئازادکردنی دەروون لە “دیلێتی”ی ئەمدنیاییانەی، کەواتە هەوڵێکە بۆ یەکخستنی نەزەری میستیکییانەی خودا و ڕاسیۆنالیزمی فەلسەفەیی، پەیوەستییەکەش بە ئاشکراکردنی زەروورە لۆگیکییەکان بە مەئریفەی خودا دەگات. ئیبن سینا ڕێگەیەکی بەم چەشنەی مەئریفە لە چیرۆکی ئاللێگۆریانەی “حەی ئیبن یەقزان” (زیندووی کوڕی بێدار)دا دادەڕێژێت. چیرۆکخوانێک دەیگێڕێتەوە کە لە گەشتێکدا بەنێو وڵاتانی ئەندێشەییدا زیندەوەرانی جیاواز دەناسێت. هەریەکەی زیندەوەرەکان هێمایە بۆ پلەکانی ڕێکخراوی گەردوونی و ڕێگەی مەئریفەی مرۆڤ. درەنگتر فەیلەسوف ئیبن توفەیل لە ئەندەلوسی ئیسپانیا ناونیشانەکەی بۆ چیرۆکێکی خۆیی وەرگرت کە زۆر زیاتر لەوەی ئیبن سینا بە ناوبانگ گەیشت. لە ئاللێگۆرییەکەی ئیبن سینادا، وەلێ بەهێزتر لە دووەم کاری فەلسەفەیی ی سەرەکیی ئەودا بە ناونیشانی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”، نەزەری ئینتوئیتیڤ / حەدەسییانە دێتە پاڵ مەئریفەی فەلسەفەیی ی ڕاسیۆنالی جیهان و خودا. بێگومان نەزەری حەدەسییانە نەک تەنیا لێڕوانینێکی نا-ڕاسیۆنالە لە قووڵبوونەوە و زوهدەوە، وەک چۆن لای سۆفییە ئیسلامییەکان دەیبینین، بەڵکو زۆرتریش لەوە توانستە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی تیژکراوە لە کرۆک و زەروورە (das Essentielle) گوڕ بە پرۆسەی ڕاسیۆنالی مەئریفە بدات. بە دیدی ئیبن سینا ئەم توانستە بۆ نموونە مۆرکی پەیامهێنانە (پێغەمبەرانە)، هەر بەم تێڕوانینەش لە فارابی جیادەبێتەوە کە لە کۆتاییدا پەیامهێنیی لە پشت مەئریفەی فەلسەفەییەوە دانابوو. پەیامهێنەکان بۆ ئیبن سینا تەنیا توانستمەندی (Meister) هێزی پێشبینی نین و بتوانن مەئریفەی فەلسەفەیی لە وێنە و هێمادا بخەنە گەڕ، بەڵکو هەروەها توانستمەندی زەینی تیژکراوەن و تەنانەت دەرەقەتی ڕێگەی سەختی مەئریفە دێن لە ڕووی ئەدگارە ڕاسیۆنالەکەیەوە. پەیامهێنان کە وەک “مامۆستای (Meister) مرۆڤان” شایانی ڕێزلێگرتنن، ئاللێگۆریانە داناییەکەی قورئان لە مرۆڤان تێدەگەیەنن. سەرجەم مرۆڤان گەرەکە فەزیلەکانی دانایی و قانئی و دلێری، لە کۆی هەمووشیاندا دادپەروەری، بکەن بە پەیڕەوی خۆیان. “وەلێ”، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتایی “ئەلشیفا”دا دەبێژێت (Ibn Sina 1960, 685)، “کێ لەپاڵ ئەم فەزیلە پراکتیکییانەدا بە دانایی تیۆریانەش بگات، ئەو کەسە بە بەختیاری گەیشتووە”.

کاریگەریی ئیبن سینا

لەو کاتە بەدوواوە بەیەکگەیاندنی نەزەری میستیکییانەی خودا و فەلسەفەی ڕاسیۆنال کاریگەریی گەورەی نواند، ئەوە تەنانەت لەسەر هزری درەنگتری ئەوروپی لە چەرخی نێڤیندا. ڕۆجەر بەیکن (1214-1291) ئیبن سینای وەک جێگرەوەی ڕاستینەی ئەڕیستۆتێلیس دەبینی. تۆماسی ئەکوینی (1224/25-1274) لە ئاوەڵاکردنی بەڵگەهێنانەوەکانیدا بۆ هەبوونی خودا پشتی بە ئیبن سینا بەست، جا گەرچی لە لایەکی دیکەوە هێرشی بردە سەر ڕێبازی ڕژان لای ئەو. بەگشتی کاریگەریی ئیبن سینا لەسەر فەلسەفەی ئەوروپی کەمتر بوو لەوەی ئیبن ڕوشد، وەلێ کاریگەرتر بوو لەسەر فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. لێرە لەسەر بناغەی فەلسەفەکەی مەدرەسەیەک بە واتای وشە سەریهەڵدا. وەلێ ئەم دەنگدانەوە مەزنە ڕەخنەگرانی بەوزەشی چالاک کرد، وەک ئەلغەزالی و دوای ئەویش فەخرەدین ئەلڕازی (بڕوانە بەشی دوای ئێرە)، کە پاشان دژەڕەخنەی لایەنگرانی ئیبن سینای بەدوودا هات. هەر بۆ نموونە نەسرەدین ئەلتوسی (1201-1274) خۆی خستە دانوستانێکی ئەدەبییەوە لەتەک (فەخرەدین -و) ڕازیدا تاکو لەدژی هێرشەکانی ئەو بەرگری لە ئیبن سینای نموونەی باڵای بکات. ئەلتوسی تەنیا فەیلەسوف نەبوو، بەڵکو هەروەها زانایەکی گشتلایەن بوو کە لە کایەکانی ماتماتیک و ئەستێرەناسیشدا هەڵکەوتبوو. هۆلاکۆی داگیرکەری مەغۆلی هێندە زۆر ڕێزی لێدەنا کە نۆڕێنگەیەکی مەزنی بۆ دامەزراند تاکو تێیدا توێژینەوەکانی ئەنجام بدات. ئەلتوسی وەک فەیلەسوف بەردەوامیی بە میراتەکەی ئیبن سینا دا، لێرەشدا هەوڵی دا بە دەستپێکێکی ئێنسیکلۆپێدیانە کایەی دیکەی زانین بە مێتافیزیک بگونجێنێت، بۆ نموونە ئۆپتیک (ڕوناکیناسی) وەک لکێکی تیۆریی دەرککردن، یان فیزیکی پراکتیکی لەنێو تیۆریی کاوساڵدا بەهەند وەربگرێت.
کاریگەریی ئیبن سینا لە فەلسەفەی ئێرانیدا تا نێو نوێسەردەم بڕ دەکات. وەلێ لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەرەبی ئیسلامیدا ناکۆکییەکی بەتین سەبارەت بە نرخاندنی کاریگەرییەکەی لەگۆڕێیە. ئەلجابری کە فەیلەسوفێکی مەغریبییە، وای دەبینێت کە کردنەوەی ترادیسیۆنی نوێپلاتۆنی بۆ میستیکی (تەسەوفی) ئیسلامی لە لایەن ئیبن سیناوە هۆیەکە بۆ کۆتاییهاتن بە ترادیسیۆنی ڕاسیۆنالیستی لە کولتووری ئیسلامیدا، بەمەش هاوکات هۆیەکە بۆ ڕوونەدانی مۆدێرنیزەکردنێکی ئۆتۆنۆم؛ وەک ئەو دەبێژێت، سەروەریی باڵای هزری ئیبن سینا لە ترادیسیۆنی فەلسەفەیی ئیسلامدا ڕێگر بووە لە وەرگرتنی (ڕێسێپسیۆنی) فەلسەفەی ئیبن ڕوشد کە زۆر زووتر بریتی دەبوو لە کرانەوەی فەلسەفەیەکی سەبژێکت ی بە مۆدێرنە گونجاو؛ کەواتە لەم ڕوانگەیەوە “فەلسەفەی مەشریق” بە ڕەهەندەکەیەوە بۆ میستیک بەرپرسیارە لە دەسەڵاتی ئایین لەنێو کولتووری ئیسلامیدا، بۆیە دەبێت خۆ بە فەلسەفەی مەغریب ی ئەرەبی و بەتایبەتیش بە ئیبن ڕوشدەوە گرێبدرێت تاکو گۆڕان بە مۆدێرنەیەکی خۆماڵی (ئۆتۆختۆن) بدرێت. ئەم تێزە زۆر بڵاوبووەتەوە، وەلێ هاوکات وتووێژهەڵگرە. بۆ نموونە فەیلەسوفی میسری حەسەن حەنەفی یەکێکە لە تیژترین ڕەخنەگرانی. ئەم خەریکبوونە ناکۆکانە بە ئیبن سیناوە لە وەرگرتنی ئەوروپیانەی هاوچەرخدا وێنەدەداتەوە، ئەوەش بە جۆرێک کە دەبزوێت لە نێوان: نرخاندنێکی نزیکەی هەژیوی ئیبن سینا و ئاماژەداندا بۆ کێماسی ڕەسەنێتی و سەربەخۆیی فەلسەفەیی، بۆ نموونە لەچاو فارابیدا.

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
گلۆسار
ئێشاتۆلۆگی: پاشەڕۆژناسی، پرسی ڕۆژی قیامەت
ئەمپیری: تەجریبی
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
فۆرمی کرۆکی: ئایدۆس، دەتوانین بە پێچەوانەشەوە لە “فۆرمی دیاردەیی” (مۆرفێ) بدوێین.
کاوساڵ: هۆئەنجام
کلاسیکی: هەردەم هەنووکەیی، کۆن-نەبوو.
ماتەریالیستی: دانانی کەرەسە بە بنەڕەتی سەرجەم کردەکیتی.
ماتەریەل: ماتەریانە، ماددی
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆتۆڕێتی: ناسێنراو، پێگەی قبووڵکراو، کاریگەر لە بوارێکی تایبەتیدا
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت؛ هەردووکیان یەکانگیرن.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سەیرورە: هاتنەئارا لەنێو خۆوە، بە پێچەوانەی وەرگۆڕینەوە کە بەهۆی دەرەکییەوە ڕوودەدات.
سپێکولاسیۆن: هزرینێک کە بە فاکت بەدینەهێنرابێت.
ترانسسێندێنت: نەشیاوی ناسین.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish