
لە دەرگای نسکۆیەکی کە.. کەنعان مدحەت
دوا پێشبینییەکانم بە ئاوا چوون
هەوڵی هەڵکردن لەگەڵ ئاژەڵە کێوییا ڕائەگرم
خەمۆکی تەراتێنیەتی
هەردو وەردی سڕ کردووم
من چیم لە فەیروزی
ئەبو لوئلوئەی دەست بە خوێن داوە
یەخەم بۆ لە ئاین و ئۆینی
هەزار و پێنج سەت ساڵەی عەلی و عومەر
نەکرێتەوە؟
ئای کە وەرسم لە ژەنین و دەنگی دەهۆڵ
وەرس لەو مامانەی کە دەڵێ
یاخیبوون لە سکی زەمەنا هەڵگەڕاوە و
بۆی دەرنایە
درزیان خستووەتە شانەکانی هێزمەوە
قیت وەستانیان پێ لە بیر بردووم
ئاسۆیی نەبێ
هیچیان پێ نەبڕیوم
پێپلیکەی ژێر پێی هەناسەم داڕماوە
لە هەوڵدام و
پێمیشەوە دیار نییە
لە چالاکرنەوەی کۆن و
پۆلیشکردنی ئێستامم
بۆشاییەکان..
بێ ناوبڕ دەمهارن
لە جێی دانەوێلە بۆ چۆلەکە و
ئاسن و نەیترۆجین..
بۆ خاک
دەمکەنە خۆراکی
خاکی برسی
ئەگەری ئەوەم لێ دەکرێ
بەرگەی کۆسپێکی تر نەگرم
دڵنیا نیم لە ڕێرەوی ڕێژنە و
حوکمی کورسی
مەترسیم لێ نیشتووە دیسانەوە ئاراستەی
بەردەڵانی کەناری خۆ کرێم و
بە جووتە
تیاچینەوە!
5-6-2019 کفری