Skip to Content

براکوژی؛ دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە.. هێمن عەلی

براکوژی؛ دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە.. هێمن عەلی

Be First!
by ئایار 11, 2026 General



سی و دوو ساڵ پێش ئێستا، لە یەکی ئایاری ١٩٩٤دا، مێژووی کورد کەوتە ناو تاریکترین و قێزەونترین لاپەڕەکانی خۆیەوە. ئەو ڕۆژەی حیزبەکان بڕیاریاندا لە جیاتی بونیادنانی دەوڵەت و پاراستنی شکۆی تاکی کورد، نیشتمان بکەنە قوربانگای “کورسی” و لە جیاتی مژدەی ئازادی، گوللە بەسەر برایاندا ببارێنن. ئەمڕۆ کە یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، تەنیا گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی بێشەرمییەکی سیاسییە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

بازرگانیی بە جەرگی دایکانەوە
لەو ساڵانەدا کە خەڵکی ڕەشووڕووت لەژێر سێبەری فانۆسە کزەکاندا، نانی وشکیان بە فرمێسکی چاو تەڕ دەکرد، ڕادیۆکانی هەردوولا خەریکی پەمپکردنی ڕق و کینە بوون. مارشە سەربازییەکان نەک بۆ بەرگری لە خاک، بەڵکو بۆ هاندانی کوڕی هەژار بۆ کوشتنی برایەکی تری هەژار لێدەدران.

ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆ لە کۆشکە مەرمرەکاندا وانەی “دیموکراسی”مان پێ دەڵێنەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە فەرمانی “ڕەمی کردن”ی تاکی کوردیان دەدا. ئەوان بوون جەرگی هەزاران دایکیان سوتاند و شکۆی خێزان و ژنی کوردیان لە پێناو داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا هەڕاج کرد. لەو چوار ساڵە نەفرەتییەدا (١٩٩٤-١٩٩٨)، هیچ پیرۆزییەک نەمایەوە کە نەیشکێنن؛ تەنانەت دەرگای ماڵەکەشیان بۆ سوپای بێگانە واڵا کرد تا بێن و براکانیان بۆ تێکبشکێنن.

بکوژانی دوێنێ؛ حەکیمەکانی ئەمڕۆ
ئەوەی ویژدان دەهەژێنێت، ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە، بکوژەکان لە “واشنتۆن” و “هەولێر” و “سلێمانی” پێکەوە دانیشتن، ماچی یەکتریان کرد و خاکی کوردستانیان وەک میراتی باوکیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. بێشەرمییەکەیان گەیشتە ئاستێک، وەک بڵێی هیچ نەیانکردبێت، ئەمڕۆ باس لە “مافی مرۆڤ” و “حوکمڕانیی ڕەشید” دەکەن. وا دەزانن بە ڕێککەوتنی سیاسی، خوێنی ئەو هەزاران گەنجە وشک دەبێتەوە؟ نا! هەر دڵۆپە خوێنێک کە ڕژا، وەک مۆتەکەیەک بەسەر خەوی کورسییەکانتانەوە دەمێنێتەوە.

کۆمەڵگای مەدەنی و ئەرکی دادگاییکردن
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە یاساییەکان لە قۆناغی “بێدەنگی” دەربچن. پێویستە ئەم دۆسیەیە ببرێتە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لێبوردنی سیاسیی نێوان حیزبەکان، مافی کەسیی قوربانییەکان نافەوتێنێت. دەبێت بکوژان و هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەڕە، نەک وەک “سەرکردە”، بەڵکو وەک “تاوانباری جەنگ” مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هیچ نیشتمانێک ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی “سزادان” جێگەی “دەستخۆشی” دەگرێتەوە.

کۆتایی: پرسیارێک بۆ مێژوو
براکوژی تەنیا بیرەوەرییەکی سیاسی نییە؛ برینێکی کراوەیە لە جەستەی کوردستاندا. دادگای ڕاستەقینە، تەنیا هۆڵی دادوەرەکان نییە، بەڵکو ویژدانی ئەو میللەتەیە کە هێشتا ئازاری ئەو ساڵانەی لە بیر نەکردووە. مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات و نەوەکانی داهاتوو هەمیشە ئەم پرسیارە لەو سەرکردایەتییە دەکەن:
«ئایا هیچ کورسییەک لەم دنیایەدا شایەنی ئەوە بوو، کە نیشتمانی لە پێناودا بکوژرێت؟»
دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە، و حەقیقەت تەنیا چاوەڕێی کات دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.

هێمن عەلی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply