Skip to Content

پڕۆسەی پڕۆسەکانی ئەتک کردنی زمانی کوردی.. فازیل شەوڕۆ

پڕۆسەی پڕۆسەکانی ئەتک کردنی زمانی کوردی.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by تشرینی دووه‌م 4, 2022 General


وشەی (پڕۆسە process( بە ڕەچەڵەک لاتینی کۆنە، فەرەنسییەکان لەوانیان خواستووەتەوە و ئینگلیزەکانیش لە فەڕەنسییەکانیان قەرزکردوە.
لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزیدا، ئەو وشەیە، لە بابەتەکانی بازرگانی و بازاڕ، دارایی و ئابووری، پیشەسازی و کشتوکاڵ، دادگا و ئاسایش، تەکنەلۆژیای سەردەم و داهێنانە تازەکان، ڕیزمان و نووسین، بواری سەربازی و جەنگ، وە لە بواری هەموو زانستەکاندا بەکار دێ. واتای ئەو زاراوەیە بە دیاری کراوی، ئەمانەن:(پێشکەوتن / شتێک ڕوودەدات / چالاکی یان ئەرکێکی سروشتی یان بایۆلۆژی بەردەوام / تەواوی ڕێڕەوی ڕێوشوێنەکان لە ڕێوشوێنێکی یاساییدا / پشکنین یان شیکاری / هەنگاوەکانی… تاد.)
ئیمڕۆ، بە ناوی شارستانییەتیی پێشکەوتوو و خۆ ڕەپێشکردن بۆ گەیشتن بە ئاستیی ئەو کۆمەڵانەی (گۆیا پێشکەوتوون(، لە میدیای کوردیدا، چەندان وشەی بیانیی بێ سەروبەر، بە پێلەقان، دەخزێننە ناو فەرهەنگی زمانی شیریینی کوردی. جا یەکێک لەو وشە ڕەزا قورس و ئێسکگرانانە وشەی (پڕۆسە)یە، کە، بەداخەوە، گەیشتۆتە سەر زاری وتاربێژ و مامۆستایانی مزگەوتانیش.
جا سەیرەکەی لەوەدایە، لە فەرهەنگی زمانی خۆیدا، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی یان زمانی فەڕەنسی، قەت قەت بۆ سۆدرەی سەران، بەو شێواز و دەستوور و ڕیزمانە بەکار نایەت، کە هێندێ لە ئاخێوەرانی کورد بەکاری دەهێنن. قەت نەبووە ئینگلیزێک بڵێ:”پڕۆسەی زەواج!”
خوێنەری بەڕێز، ئەوانەی لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە، دەقەکانم وەکو خۆیان، لە زاری میدیای کوردی، لە لای خۆم تۆمارکردووە:

(پڕۆسەی زەواجتان کردووە؟)
نەنکم دەیگوت: “حەمەدم ژنی هێناوە و وەنەوشەم لەسەر شوو کردنە. لە خێران بوهارێ مێردی دەکا. دوو ڕۆژی دیش خانەگوڵێی پلکە پەریی دراوسێمان بە بووک دەبەن..”

(لە پڕۆسەی ڕاوکردنیدا ون بووە. )
باوکم دەیگوت:”کە چووینە ڕاوێ، سمایلمان لێ بزر بوو.”!

(پڕۆسەی هێڕشەکەی داعش لە دیالە…. )
پەکی ئێرانێ دەیگوت:”لە ئاکامی پەلاماری چەکدارەکان لە نزیک گوندی ماوەت… .”

(پڕۆسەی خوێندن کەی دەست پێدەکات؟)
مامۆستایەک گوتی:”جاران، سەرەتای ئەیلول ساڵی خوێندن دەستی پێدەکرد و لە کۆتایی مانگی پێنج خوێندن کۆتایی پێدەهات.”.

(پڕۆسەی ئەزموونەکان حەفتەیەک دواخرا. )
بەڕێوەبەرەکەم گوتی:”ئەزموونەکانمان بۆ حەوت ڕۆژ دواخران..”

(پڕۆسەی چاندنی داری سێو لە گوندی . … )
کاکە سواری ڕەزەوان دەیگوت:” لەسەرخێران، ئەمساڵ شەش نەمام سێوی کانی ئومەراغەم ڕواندووە.”.

(پڕۆسەی گواستنەوەی مامۆستایان ڕاگیرا. )
هاوڕێیەکم گوتی:”وادەی گواستنەوەی مامۆستایان ڕاگیراوە، نیگەرانم!.”

(کاتی پڕۆسەی دادگایکردنەکە دیاری نەکراوە. )
دادنووسەکە پێیگوت:”جارێ، کاتی دادگایکردنەکە دیار نییە..”

(پڕۆسەی چنینەوەی گەنمەکان دەستی پێکردوە. )
سەید عەوڵای مام دەروێشی دەیگوت:”دەمێکە ئێمە دەستمان بە دووروێنەی گەنم کردوە..”

(پڕۆسەی پشکنینی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو هەر بەردەوامە. )
مفەوەز عەزە گورگە گوتی:”بەردەوامین لە پشکنین و لێپێچینەوە لە ڕووداوەکەی دوێنێ شەو.”.

(پڕۆسەی ڕێنووسی کوردی زۆر گۆڕانی بەسەر داهاتووە. )
مەمحموود زامدار گوتی:'”هەیهوو! ڕێنووسی ئێمڕۆی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە لە چاو ئەوەی شەستەکان..”

خوێنەر و نووسەری بەڕێز، زمانی کوردی زۆر شیریین و خۆش و ڕەوان و هاسانە. هیچ دەمخوارکردنەوەی ناوێ، تەنها لاسایی داپیرە و باپیرە و پیاو و ژنە بە تەمەنەکان بکەنەوە. هەر ئەوەندە.
هەر زمانەکەمان ماوە دوژمن زەفەری پێبەرێ، پاراستنی ئەمانەتە لە ئەستۆی ئێوەدا.
ئێوە و خوای خۆتان!

فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن

Previous
Next
Kurdish