Skip to Content

درۆی منداڵان.. محەمەد بەرزی

درۆی منداڵان.. محەمەد بەرزی

Closed
by تشرینی دووه‌م 4, 2022 General, Kids Literature

منداڵ کاتێک گەورە دەبێت فێری درۆ دەبێت . جا هەرچەندە درۆکردن لە نێو منداڵاندا کارێکی ئاساییە ، بەڵام دایک و باوک بە درۆ زۆر بێزار و دڵگران دەبن . ئەم دۆخەش ڕووبەڕووی زوربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان دەبێتەوە . بێگومان پێویستە دایک و باوک هۆکارە باوەکانی درۆی منداڵ بزانن ، دوای ئەوە دەتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە . نابێت درۆی منداڵ پشتگویێ بخرێت ، تا نەبێت بە بەشێک لە کەسایەتییان ، زۆریش ئەستەم و دژوارە لە گەورەییدا بتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت . بە گشتی منداڵان بە چەندین هۆکاری جیاواز درۆ دەکەن ، وەک :
١ – دەربازبوون لە سزا . ئەو منداڵانەی لە سزا دەترسن ، پەنا بۆ درۆ دەبەن ، چونکە منداڵ نایەوێت دان بە شتێکدا بنێت ، کە تووشی ئازاریی جەستەیی ، یان زارەکی دەکات .
٢ – درۆدەکەن تا شتێک بە دەستبهێنن ، یان تووشی کێشە نەبن ، یان خۆیان لە شتێک ڕزگار بکەن.
٣ – داپۆشینی هەڵە بۆ دروستنەبوونی کێشە .
٤ – هەڵخەڵەتاندنی کەسانی گەورەتر لە خۆیان، کە حەزیان لە چارەیان نییە .
٥ – پێیان وایە ئەگەر ڕاستی بڵێن ، باوەڕیان پێناکرێت .
٦ – ترسان لە کاردانەوەی گەورەکان .
٧ – بێ بیرکردنەوە قسەکانیان دەکەن
٨ – پێیان وایە درۆی دایک و باوک کارێکی چاکە و چاو لەوان دەکەن .
٩ – درۆ دەکەن تا سەرنجی دەورووبەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن .
١٠ – لەوانەیە بزانن درۆکردن هەڵەیە ، بەڵام پاڵنەری بەهێزتریان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر .
ئەوەی شایانی باسە ئەرکی دایک و باوکانە منداڵەکانییان فێری ڕاستگۆیی بکەن . توێژینەوەکان پێمان دەڵێن : ( تووڕەبوون و چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و هاتوهاوار بەسەر منداڵدا ، ئارەزووی شاردنەوەی ڕاستییەکانی لا زیاتر دەکات ، چونکە هۆکاری سەرەکی درۆ ترسە ، هەر بۆیە زۆر گرنگە لەو هەڵسوکەوتانە دووربکەوینەوە و بە هێمنی و ئارامی لە منداڵان نزیک ببینەوە و کەشێکی هێمن و ئارامیان بۆ دروستبکەین ، تا بتوانن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن ، چونکە تا ترس هەبێت درۆکانیش تەواو نابن . بێگومان هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی درۆ و هاندانی منداڵیش بۆ ڕاستگۆیی بریتیین لە :
١ – لە هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەت تێبگە :
یەکەم شت پێویستە دایک و باوک ئەوە بزانن ، کە درۆکردن بەشێکە لە گەشەکردنێکی ئاسایی لە منداڵاندا . کاتێکیش منداڵ درۆدەکات ، ئەوا پێویستە بیربکەیتەوە ، تا بزانی ئامانجی منداڵەکەت چییە . پاشان درۆکانی پۆڵێن بکە ، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن بەرامبەر هەر درۆیەک هەلسوکەوت بکەیت . بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ درۆی منداڵدا بە هۆی خەیاڵ ، یان تێنەگەیشتنێکی هەڵەوە ، جیاوازە لە مامەڵەکردنی منداڵێک ، کە درۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، یان بۆ گزیی و تۆڵە سەندنەوەوە دەیکات .
٢ – تەمەنی منداڵەکەت لەبەرچاو بگرە :
لە ڕاستیدا منداڵی بچووک لەو ڕاستییە ناگەن ، کە درۆکردن کارێکی خراپە ، چونکە تا گەورە نەبن ، بەشی پێشەوەی مێشکیان بە تەواوی گەشە ناکات و ناتوانن لەو خووە زۆر خراپەی درۆ بگەن . هەر بۆیە پێش ئەوەی کاردانەوەی خراپت هەبێت . ، پێویستە تەمەنی منداڵەکەت لەبەر چاو بگریت .
٣ – کێشەکانی منداڵەکەت چارەسەر بکە :
بزانە منداڵەکەت چی بەسەردا هاتووە ، تووشی کێشەی جەستەیی ، دەروونی ، یان سۆزداری بووە و لە چ بارودۆخێکدایە ، تا بە پێی توانا یارمەتی بدەیت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەیت .
٤ – لەگەڵ منداڵەکەتدا سنگفراوان و بەخشندە و لێبوردە بە :
ئەرکی تۆی گەورەیە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی دۆستانە لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکەیت . گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و بۆی دربخە ، کە باوەڕی زۆرت پێیەتی ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات و ڕێزت لێبگرێت و گویێ لە ئامۆژگارییەکانت بگرێت و بە دڵییەوە بنووسێت . توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، ئەو منداڵە گەورانەی ئەو جۆرە پەیوەندییە باشانەیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا هەیە ، پەنا بۆ درۆ نابەن ، یان زۆر کەم درۆ دەکەن ، چونکە نایانەوێت متمانە و پەیوەندییە باشەکانی ئەوان لە دەست بدەن . بێگومان لە ناو ئەو خێزانانەی شەڕ و ئاژاوە و هاتوهاوار و دایک و باوکی توند و تووڕە هەیە ، هەمیشە منداڵەکانیان بێزار و بێ تاقەتن و لە ترساندا پەنا بۆ درۆ دەبەن .
٥ – لە سزادانی منداڵەکەت خۆت بە دوور بگرە :
کاتێک منداڵەکەت درۆیەک دەکات و پاشان ڕاستییەکان دەڵێت ، ئەوا لێی خۆشبە ، یان سزاکەی کەمبکەرەوە ، تا لەسەر وتنی ڕاستییەکان ڕابێت . ئەگەر منداڵەکەت ڕاستی وت و هێشتا سزا درا ، ئەوا هیچ سودێک لە ڕاستگۆیی نابینێت و بەردەوام پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا لە سزادان ڕزگاری بێت . پاشان پێویستە دایک و باوک لە کاتی لێپرسینەوەدا پارێزگاری لە ئارامی خۆیان بکەن و نەرم و نیان و لەسەرخۆبن و هانی منداڵەکەیان بدەن سەرلەنوێ چیرۆکەکەیان بە ڕاستگۆیی بۆ بگێڕێتەوە .
٦ – بۆ منداڵەکەت نموونەیەکی باش بە :
لەبەردەمی منداڵەکەتدا خۆت بە دووربگرە لە فێڵ و درۆکردن ، ئەوان لە تۆوە فێری فێڵ و درۆ دەبن . پاشان بەهیچ جۆرێک داوایان لێ مەکە درۆت بۆ بکەن . نابێت دایک و باوک هەتا درۆی بچووکی سپیش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن ، نابێت هەرگیزیش منداڵەکانیان بـە درۆزن ناوبەرن.
٧ – بەڵێنەکانت بۆ منداڵەکەت بەرەسەر :
منداڵ لە پاکانە و بیانوی دایک و باوک ناگات . کاتێک بەڵێنەکانییان بۆ نابەنەسەر ، لەم کاتەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێ .
٨ – بە یەکسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن :
بە یەک چاو سەیری منداڵەکانت بکە و جیاوازییان لە نێوانیاندا مەکە ، ئەگەر چیش یەکێکیان لەوی تریان تەمەڵ و سەرکێش و بزێو تربێت . چونکە منداڵی پشتگویێ خراو ، هەست بە کەمی و ناڕەزایی دەکات و پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا ئەو جیاوازییانە نەهێڵێت و پێویستییەکانی بە دەستبهێنێت ، هەر بۆیە گرنگە یەکسانی نێوان منداڵەکانتان بپارێزن .
٩ – منداڵەکەت فێری بەرپرسیارێتی بکە :
پێویستە منداڵ لە پاداشت و لێپرسراوێتی ئاگاداربکرێتەوە . کاتێک منداڵێک درۆ ، یان کارێکی خراپ دەکات ، پێویستە پاداشت و لێپرسراوێتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕابگیرێت . ئەم سزایەش منداڵی گەورە دەگرێتەوە ، کە بەردەوام درۆ دەکات . بەمەش منداڵەکە تووشی خەم و ئازار دەبێت ، بەڵام دەبێت بزانیت ئەوە ئەنجامی درۆکردنە و تەنها بە وتنی ڕاستییەکان دەتوانێت پاداشت و لێپرسراوێتی دایک و باوکی سەرلەنوێ وەربگرێتەوە .
١٠ – بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی دەرەوە : لەوانەیە کەسێک منداڵەکەتی فێری درۆی کردبێت ، یان چاوی لە هەڵسوکەوتی کەسێکی تر کردبێت . یان لە خزمەکانییەوە فێری درۆ بووبێت ، زۆر گرنگە منداڵەکەت لەگەڵ منداڵی ڕاستگۆدا تێکەڵ و هاوڕیێ بێ ، چونکە هاوڕیێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵەکانمان هەیە ، هەر بۆیە گرنگە هاوڕێکانییان بە چاکی بناسین و لە هاوڕێی خراپ و درۆزن دووریان بخەینەوە .
١١ – بە گشتی ئەو منداڵانەی ڕاستگۆن ، زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن . هەست بە نیگەرانی ناکەن و لە ڕوخساریاندا ئارامی هەیە ، بەڵام کاتێک منداڵ درۆ دەکات ، چەند نیشانەیەکی لێ دەردەکەوێت وەک : ماوەی نێوان پرسیار و وەڵامەکەی درێژە ، تۆنی دەنگی بەرزترە لە دەنگی ئاسایی ، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی تر ، بێ دەنگ نابێت و وتەکانی تێکەڵ دەکات ، جووڵەی چاوەکانی بە ئاشکرا دیارن و شێواوی و دڵەڕاوکێ بە ڕوخسارییەوە دیارە . لێرەدا پێویستە دایک و باوک هەڵویست وەربگرن . چونکە لەوانەیە کێشەی نەفسی هەبێت ، جا یان بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی نەکردووە ، یان تووشی کارەساتێک بووە ، یان هاوڕیی نییە و هەست بە تەنهایی دەکات . بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پەنا ببرێتە بەر پزیشکی پسپۆڕ .
١٢ – منداڵانی ساوای پێش خوێندنگا ( ٢ بۆ ٤ ) ساڵ ، تازە زمانییان گرتووە ، هێشتا نازانن ڕاستییەکان لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێشدا کۆتایییان دێت . لە مانای درۆ ناگەن و نازانن بۆچی خراپە . جا چونکە منداڵی ساوا زۆر بچووکن ، ناکرێت سزا بدرێن. باشتر وایە دایک و باوک لە ڕێگای ئامۆژگاری و خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبی بە سودی منداڵانەوە فێری ڕاستگۆیییان بکەن . بۆ منداڵی سەروو ٤ ساڵیش ، پێویستە هەموو دەرفەتێک بەکاربێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە ، کە درۆ چییە و بۆچی ڕەفتارێکی زۆر خراپە .


تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سود لە چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی وەرگیراوە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish