Skip to Content

داریوش ، زیاتر لە ئینسانێک.. پشکۆ ناکام

داریوش ، زیاتر لە ئینسانێک.. پشکۆ ناکام

Closed
by January 3, 2021 General
                     

…..لەدوای حەفتاکانەوە ، دەنگێکی زوڵاڵ ، گڕ ، گەرم ، کەوتە ناو خەڵکەوە ، جگە لە قوڕگ ، شیعرەکانیشی بوونە مایەی سەرنج ڕاکێشانی خەڵک بە تایبەتی گەنج و تازەپێگەیشتووەکانی ئەهلی شیعر و ئەدەب ،کەم و زۆر کاری کردە ناخی زۆربەیان ، چونکە مەئیوسی خەڵک لە هەل و مەرجە سیاسییەکەی ئەو سەردەمە کە کورد وەک مریشکی ئاوە ڕووت کراوی لێ هاتبوو ، وایکرد خەڵک پەنا بۆ هەموو شتێ بەرێ تۆزێک ، تۆزێک سووکنایی پێ بێ و باس لە ناخی ئینسان و دۆڕانن و هەڵاتن و مل ملانێی ئینسان لەگەڵ خۆیا بکا ، داریوش وای لێ هات خەڵکێکی زۆر ئالودەی بن وەک مەی ،وەک عەشق ، وەک جگەرە و..شتی تریش…ڕەنگە کەسانێک زۆر بە کەمی لە فارسی حاڵی بوو بن ، بەڵام ئەو دەنگە جەبەروتیە و ئەو ئاوازە سەر سوڕهێنەرانە
و ئەو ووشە داگیرساوانە وای کرد کە زۆر گرنگ نەبێ چەن فارسی ئەزانی گرنگ ساتێکە بە گوێ گرتن لە داریوش زاخاوی دڵی شکاو و مێشکی جەنجاڵ و بیرەوەرییە تاریکەکان بەیتەوە، تەنانەت هەندێک لە شاعیرە گەنجەکان بە دارتاشی کردنەوە چەن شیعرێکیان بەناوی خۆیانەوە بڵاو ئەکردەوە…من بۆ خۆم بەسەدان جار لەگەڵ هاوڕێم ” شەهید بارزان عوسمان” کە لە ڕيزەکانی ” کۆمەڵە” بە نهێنی کارمان ئەکرد ، گوێمان لە داریوش گرتوە و باسمان لەوە کردوە تۆ بڵێی ئەم گۆرانیانە رۆژێک بکرێن
بە کوردی !! بە داخەوە ئەو خواستەمان کاتێ هاتە دی کە ئەو
لە ژیانا نیە و لە دونیای نەمری خۆیایەتی..زۆر بە داخەوە……

بۆ گوێ گرتن لە داریوش و هەست کردن بەوەی لە جیاتی تۆ و بۆ تۆ گۆرانی ئەڵێ ، پێویست بەوە ناکات تۆ لە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵگا بیت ، عاشقێکی دڵ شکاو وا ئەزانێ داریوش بە تایبەتی باس لە دڵ و عەشقەکەی ئەو ئەکات و بۆ کەسی تر نەووتراوە ، دایکێکی جگەر سووتاو وا هەست ئەکا داریوش لە ماتەمی جگەر گۆشەکەیا ئەلاوێنێتەوە ، زیندانیەک وا ئەچێتە خەیاڵێەوە کە هەست بکا داریوش لە گەڵیا زیندانە و لە جیاتی ئەو باس لە قەفەس” زیندان” ئەکات، هەژارێکی سفرە خاڵی کە ڕووی کردۆتە ئاسمان هەستی بە تەنهایی بوونی خۆی لەسەر سفرەکە نەکا بەڵکو داریوش لەسەر هەمان سفرەیە و وەک ئەو برسیە و چاوی بڕیوەتە ئومێدێک لە ئاسمانەوە!! …کەسێک کە دەرد و غەمی دونیا سەری لێ تێک با و تووشی ” شێتێتی ” ئینسان بوون بوو بێ ، تەنیا نیە لە تێڕوانینەکان بۆ ژیان ، بەڵکو داریوش لە تەنیشتیوەیەتی و بە گۆرانیەکانی باس لە “ڕەوا”یەتی بوونی ئەو ئەکا لەو شێت بوونە، کچێک ، ژنێک کە بەدەست جیاوازی کردنیەوە لەگەڵ برا و کوڕانی خزم و گەڕەک و شار و ووڵات، گوێ ی لێیە دەنگێکی بەسۆزی گەرمتر لە ناخی ئەو باس لە بێدادی کۆمەڵگا ئەکات لە نەخۆشی شێر پەنجەی ئاین لە جیاوازی نێر و مێ ،، شۆڕشگێڕێک کە لە شەڕایە و لای ئەو هەموو ڕەنگەکان وەک خوێن سوورە و هەموو عەشق و جوانی ئینسان لە لوولەی تفەنگەکەیا ئەبینێ ، بە گۆرانیەکانی داریوش ئەبیستێ
دەنگێک لە سەنگەرەکەی ئەوەوە و لە تەنیشتیەوە ئەجەنگێ بە ووشە و دەنگ و گووتارێک کە هەموو تفەنگەکانی دونیا ناتوانن بێ دەنگی بکەن…گەڕۆکێکی بێ ووڵات لەگەڵ هەنگاوەکانیا گوێی لە داریوشە پێی ئەڵێ: هەموومان قەلەندەرین ” گەڕۆک” ، هەموومان سەرگەردانی غوربەتین و و بەداخەوە هەندێک جار بۆ یەک لەسەنگەراین..
كەواتە داریوش یەک ئینسان نیە ، بەڵکو کارەکتەری دەیان پرۆسەی ئینسان بوونی لە خۆیا هەڵگرتوە ، کەم کەس هەیە بتوانێ خۆی لەوە گێل بکات کە کام کارەکتەری داریوشە قسە ئەکات مەگەر ” قامچی بەدەست و پاسەوانەکانی قەفەس”..لە هەمووی دیارتر ئەوەیە کە لە تێکستی گۆرانیەکانیا ئینسان هەر ئینسانێکی “مجرد” نیە و بەس ، بەڵکو وەک ” کائن”ێک لە چەن لایەکەوە هەوڵی مانەوە ئەیا و مل ملانێ ئەکا ، لەگەڵ ناخی خۆیا ، لەگەڵ ویژدانی خۆیا ، لەگەڵ دەوروپشتی خۆیا ، لەگەڵ خودای خۆیا و لەگەڵ چارەنووسی خۆیشیا.. لە زۆربەی هەرە زۆری تێکستەکانیا دەیان ووشە وەک سیمبول بۆ هەردوو بەرەی خێر و شەڕ بەکار هاتووە: سپی ، عەشق ، گوڵ، ئەستێرە ، هەتاو ، خەندە ، بەهار ، ، کازێوە ، ئازادی،نان، بارامبەر بە دڕک ، بوغز و کینە ، دەسەڵات ، ، قەفەس ، جەللاد ، شەو ، ترس ، هەور ، کۆتر کوشتن ، سەهۆڵ بەنگان ، …هتد..( گەر ئەوان شەو نەبونایە ……… ڕووناکی ئم ڕۆژە بۆ ئێمە ئەبوو..)……………..

بۆ بەرگری کردن لە ئینسان و ئینسانی بوونی کێشەکان ، داریوش
پێویستی بەوە نیە لە دیدی ئایدیۆلۆجیەکی دیاری کراوەوە بڕوانێتە ئینسان ، لای ئەو ئینسان ئینسانە و ناکرێ بە دوو سێ کەرتەوە ، بۆ بەرگری کردن لە هەژارێک یا کرێکارێک مەرج نیە کۆمۆنیست یان “چەپ” بیت ، بۆ بەرگری لە خاک و خەڵک نەتەوە پەرستی خاڵی یەکەم نیە ، لە نەهێشتنی سەیتەرەکانی
نێوان نێر و مێ هەر ئەوروپاییەکان ناگرێتەوە ، بۆ قسە کردن لە سەر خودا و ئاین کافر و ئیلحاد بوون قسەی قۆڕە ، بۆ بەگژا چوونەوەی ڕەگەزپەرستی ڕەنگی ئینسان ئاساییە سپی پۆستێک بەرگری لە ڕەش پێستێک بکات : ” تۆ سپی دڵ ڕەشی..من ڕەشی دڵ سپی..”…بۆ عاشق بوون ئیحساسات پێویستە نەک گیرفان ، بۆ لابردنی تاریکی ، تەنها دەنکێ شقاتە بەسە بۆ داگیرسانی چرایەک،
ئەمانەش هەر هەمووی جێبەجێ ئەکرێ بەبێ ئەوەی پەیڕەوپڕۆگرامی حیزب یان قورئانێکمان لە گیرفانا بێت…..چۆن دیکتاتۆر و ستەم گەرەکان مەسەلەی ” کورسی” لایان خاڵی هاوبەشە ، ئینسانەکانیش مەسەلەی ئینسان بوونیان هاوبەشە ،ئیتر ڕەنگی ئینسانەکان و جوگرافیایان ئەسڕێتەوە ..هەر لە گوڵەوە سەیری بکەین ، خۆ لە “ئەفریکا”ش گوڵ ڕەنگاوڕەنگە.، دڕکیش هەر دڕکە لە هەموو شوێنێک، ..

من خۆم لە ساڵی 1976/ەوە کە یەکەم جار کاسێتێکی داریوشم لە تۆمارگای “بەناز” ی بەرامبەر بارەگای ئەوکاتەی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لە جادەی سجن/پیرەمێرد كڕی تا ئێستا گوێ ی لێ ئەگرم لەگەڵ ئاشنا بوونی زیاترم بە زمانی فارسی زیاتر و زیاتر لە تێکستەکانی نزیک ئەبمەوە و ئاسان تر ئەچمە دونیای مل ملانێیەکانی ئینسان لەگەڵ خودی خۆیا پێش خواکەی………..

ئەمەوێ باس لەوەش بکەم کە هەندێک لە گۆرانییەکان بە ئاسان تر ئەکرا بە کوردی بێ لەکیس یانی ڕیتم و مۆسیقا و دیمەنی شیعرەکە ، بەڵام هەندێک لە تێکستەکان قورستر بوون ئەوەش سەبارەت بە زمانی شیعرەکە ، بۆ نمونە ئەو زمانەی ” احمد شاملو” پێی ئەنوسێ هەمان فارسی شاعیرێکی تری تازە دەرکەوتوو نیە ، بە حوکمی ئەوەی فارسیش خۆی زمانێکی چڕ و قوڵ و فراوانترە لە کوردی بە تایبەتی لە ئەدەبیات و بە دەست نیشان کراوی شیعر ، بۆ وەرگێڕان ئەبێ خۆت بۆ رێگایەکی پڕ لە “تاسە”
حازرکەیت.. زۆر “ووشە”ش کە لە کوردیشا هەمان مانای هەیە ، پێم باش بوو هەر بە فارسییەکە بمێنێتەوە و بە زۆر چەکوش کاری تیانەکەم ….
سوپاسی ئەوە ئەکەم سوپاسم ئەکا ، و پشتی خۆم ئەکەمە ئەوەی توانج ئەهاوێژێت ، چونکە گەر “ئەدەب” بۆ توانج فەرامۆش کەم ئەبوایە ئەم پڕۆژەیە لەسەر تێکستی توانج بوایە نەک ئینسان…….

—————————————–

لە پێشەکی کتێبی ” بۆنی گەنم”ەوە وەرگیراوە کە تایبەتە بە وەرگێڕانی کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانیەکانی “داریوش” لە فارسییەوە بۆ کوردی…………………

Previous
Next