
سێینه‌ی ڕۆماننووسێك.. ئاری عوسمان خه‌یات
Closed
له مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كانه‌وه، تێپه‌ڕین به مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كاندا تا مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار
كاتێك ده‌ست ده‌كه‌یت به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار)ی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری)، ئه‌گه‌ر له‌و خوێنه‌رانه بیت، كه ده‌ستی نووسینیان هه‌یه، ئه‌وا هه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی خوێندنه‌وه‌یدا، یه‌كسه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه ئه‌وه‌ت ده‌كه‌وێته سه‌ر، شتێكی له‌باره‌وه بنووسیت، به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌ی بته‌وێ ده‌ست پێ بكه‌یت، ئیدی ئه‌وكات بۆت ده‌رده‌كه‌وێت: ڕاسته ڕۆمانه‌كه له‌و جۆرانه‌یه، كه خوێندنه‌وه‌یان خۆش و ڕه‌وانه، وه‌لێ نووسین له‌باره‌یه‌وه ئاسان نییه!
من ئه‌م تێڕوانینه‌م دوای هه‌شت مانگ له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بۆ ده‌ركه‌وت، له‌مه‌شدا دوو خاڵم به سه‌رنج گرتووه:
- چه‌ند جارێك به‌وردیی ڕۆمانه‌كه‌م خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌م نووسینه‌ی ئێستاشه‌وه، پێموایه هێشتا هه‌قی خۆیم نه‌داوه‌تێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، كه بمه‌وێ یان نیازی ئه‌وه‌م هه‌بێ له كورته‌نووسینێكی له‌م شێوه‌دا بپه‌رژێمه سه‌ر وردودرشتی ئه‌و ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه ڕۆماننووس پێشكه‌شی كردووین، به‌ڵكوو ده‌مه‌وێ بڵێم: ده‌روازه‌كانی چوونه ژووره‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه گه‌لێك زۆرن، به‌ڵام ده‌رچوون لێی ئه‌سته‌مه! چونكه به‌ده‌ر له‌و شێوازه ئه‌ده‌بییه تایبه‌ته‌ی هه‌یه‌تی، هاوكات زیاد له باس و بابه‌ت و لایه‌نێكی تێدای به‌سه‌ركراوه‌ته‌وه، زیاد له تێڕوانین و بۆچوونێكی تێ خزێنراوه، كه ئه‌سته‌مه بتوانین له یه‌ك كاتدا له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌وه قسه بكه‌ین یان بنووسین، به‌مانایه‌كی تر وێڕای قه‌باره بچووكییه‌كه‌ی، به‌ڵام جیهانێكی یه‌كجار به‌رین له‌م ڕۆمانه‌دا خراوه‌ته سه‌رپشت، كه ده‌شێ بڵێین، ده‌قه‌كه‌ی پێ چووه‌ته ئاستێكه‌وه، كه خوێنه‌ر ده‌توانێ بیخوێنێته‌وه، چێژی لێ وه‌رگرێ و هیچی له‌باره‌وه نه‌ڵێ!
- له ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت مانگه‌ی ڕابردوودا، چاوم به زۆربه‌ی ئه‌و نووسین و ڕانان و هه‌ڵسه‌نگاندنانه كه‌وتووه، كه له‌باره‌ی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی كه‌لارییه‌وه نووسراون، لای خۆمه‌وه گه‌شتم به چه‌ند ئه‌نجامێك، كه یه‌كێك له‌وانه ئه‌مه‌یه: زۆربه‌ی نووسینه‌كان (نه‌موتووه هه‌موویان: زۆربه‌یان!) به نه‌فه‌سی كورتی (فه‌یسبووك)ییانه‌وه نووسراون، هه‌ربۆیه ده‌ره‌قه‌تی شیكردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه نه‌هاتوون! وام لێ دێ، هه‌ندێ جار گومان بكه‌م، كه كه‌میان نه‌بێ، زۆربه‌یان به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندبێتیانه‌وه شتیان له‌باره‌وه نووسیوه! ئه‌مه ته‌نها گومانه، چونكه من ده‌زانم (خه‌ڵكه‌كه) به‌گشتی تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرانه‌یان نه‌ماوه هه‌ربۆیه نه‌فه‌سی نووسینیشیان ئاوا كورت بووه‌ته‌وه! دووه‌میش هه‌ر ئه‌وه‌یه، كه له ده‌سپێك و له خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م نووسینه‌دا، ئاماژه‌م پێی داوه: ڕۆمانه‌كه بۆخۆی تایبه‌ته، ئه‌مه‌ش واده‌كات خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی بوێت و دواجاریش نووسینی تایبه‌ت له‌باره‌یه‌وه…
كه‌واته دیسانه‌وه هه‌ق به ئێمه‌یه، لێره‌دا له‌ڕوانگه‌ی خاڵی یه‌كه‌مه‌وه، بپرسین: ئه‌وه چییه وا ده‌كات خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێك ئاسان بێت، به‌ڵام نه‌توانین به‌هه‌مان ڕاده‌ی ئه‌و ئاسانییه له‌باره‌یه‌وه بدوێین/ بنووسین؟
وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه -له ڕۆنانی سه‌ره‌وه‌یدا- خۆی له‌و شێوازه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه ڕۆماننووس له نووسینی ده‌قه‌كه‌یدا به‌كاری هێناوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه ئاگاییمان له‌مه‌ڕ (چه‌مكی شێواز) به‌گشتی و (شێوازی ئه‌ده‌بی) به‌تایبه‌تی هه‌بێت، ئه‌وسا له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین، كه سیحر و ئه‌فسوونی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی خۆی له شێوازی خستنه‌ڕوویدا ده‌بینێته‌وه، شێوازیش له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا -به‌كورتییه‌كه‌ی- بریتییه له چۆنێتیی به‌كارهێنانی زمان له‌لایه‌ن خاوه‌ن ده‌قه‌وه. به‌م جۆره ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی شێوازگه‌رییه‌وه شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ شێوازی ئه‌ده‌بیی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری) چ له‌م ڕۆمانه‌ی و چ له دوو ڕۆمانی پێشتریدا (مناڵێك له مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كاندا، 2005) و (مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كان، 2009) بكه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین ئه‌نجامێكی زانستی له‌باره‌یه‌وه به‌ده‌ست بهێنین و تێیدا ئه‌وه ببچه‌سپێنین، كه ڕۆماننووس خاوه‌نی شێوازی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر پێویست به به‌ڵگه‌ی زیاتر له پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجامه‌دا بكات، ئه‌وكات به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی كه‌لاریی (سمكۆڵانی شیعرێكی سه‌ركێش: 1992، زریكه‌ی زامی داره‌به‌نێك: 2000، سێبه‌ری سزا: 2002)، توانا و سه‌لیقه‌ی شێوازگه‌رانه‌ی ئه‌ومان باشتر بۆ ده‌سه‌لمێت. ئاخر ئه‌و توانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر زماندا ده‌شكێت، هه‌ر له یه‌كه‌م به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌یه‌وه، وه‌ك مۆم زمان به‌ده‌م خه‌یاڵییه‌وه نه‌رم-نه‌رم دێت و ده‌چێت و خوێنه‌ر له هیچ شوێنێكدا هه‌ست به زۆرله‌خۆكردنێك ناكات، كه ساتمه‌ی به نووسه‌ر دابێت. به‌ڵێ، ئه‌و ورده‌كارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زمانی نووسین و ده‌ربڕیندا ده‌كات، زمان ده‌باته ئاستێكی شیعریی ئه‌وتۆوه، كه شیكردنه‌وه‌ی قووڵی فره‌ئاستی پێویسته، به‌ومانایه‌ی له یه‌ك كاتدا گه‌مه‌یه‌كی قووڵ داده‌مه‌زرێنێت، له ڕووی به‌كارهێنانی یه‌كه زمانییه‌كانه‌وه هه‌ر له ئاستی ده‌نگ و وشه و تا ده‌گات به ئاستی ڕسته و كۆڕست و دواجار هه‌موو ئه‌مانه‌ش له ئاستی واتای گشتیی ده‌قدا وه‌ك چلچرایه‌ك به‌سه‌ر دیدی ئیستاتیكیی خوێنه‌ردا داده‌گیرسێت، دیاره شیكردنه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ش پێویستی به‌وه‌یه كۆمه‌ك له میكانیزمه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی میتۆدی شێوه‌گه‌رایی (فۆرمالیزم) وه‌ربگرین، كه لێره‌دا بۆنموونه ئاماژه به چه‌مكی (ئاشنایی-سڕینه‌وه)ی شكلۆفسكی ده‌ده‌ین و له‌میانییه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه، كه چۆن ڕۆماننووس خوێنه‌ر په‌لكێشی نێو فه‌زای زمانیی ده‌قه‌كه‌ی ده‌كات و به‌جۆرێك، كه به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی نوێ‌دا ده‌بێت تێیدا زمانی ئۆتۆماتیك له‌كارده‌كه‌وێت و زمانی ئه‌ده‌بیی دێته‌پێش، به‌مه‌ش ئیداركی ڕۆژانه له‌كارده‌كه‌وێت و له‌جێگه‌ی ئه‌وه ئیدراكی ئیستاتیكی به‌گه‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا به‌گه‌ڕكه‌وتنی ئه‌م ئیداره‌كه ئیستاتیكییه له‌نێو دنیایه‌كدایه، له هه‌مان ئه‌و كه‌ره‌ستانه بنیاتنراوه، كه خوێنه‌ر به ئاسانی ده‌یانناسێته‌وه، به‌ڵام كاتێك یه‌كپارچه و له‌نێو بۆته‌ی بنیاته تازه ڕۆنراوه‌كه‌دا به‌رخوردیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئیتر ئا له‌وێدا سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌ی پێشتر پێیان ئاشنا بووه‌و له ئاستی ئۆتۆماتیزمدا مامه‌ڵه‌ی كردوون، له به‌رچاوی ده‌سڕێنه‌وه و سه‌رله‌نوێ له بۆته‌ی نوێ‌دا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته ئیستاتیكییه به‌رجه‌سته‌كراوه‌یه، كه ئێمه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و ناتوانین به‌ئاسانی له‌باره‌یه‌وه بدوێین!
به‌م شێوه‌یه ئه‌و كۆمه‌ڵه میكانیزمه‌ی كه ڕۆماننووس له مه‌زراندنی ده‌قه‌كه‌یدا له‌ڕێگه‌ی شیعرییه‌ت (زمانی شیعریی)ه‌وه گرتوونییه‌به‌ر، فه‌زایه‌كی گێڕانه‌وه‌به‌ندیی تایبه‌تی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، كه زۆرجار ئه‌و زمانه شیعرییه‌ی به وه‌سفی كاره‌كته‌ر و شوێن و ڕووداوه‌كان بارگاویی كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌نگی ڕۆماننووس وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی له وه‌سفه‌كاندا زاڵه، بۆ تێگه‌یشتن له‌م به‌هایه‌ش دیسانه‌وه چه‌مكێكی تری فۆرمالیسته‌كان (ڕه‌گه‌زی زاڵ) یاریده‌مان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕێوشوێنه ئه‌ده‌بییه‌ی ڕۆماننووس په‌نای بردووه‌ته‌به‌ر و تێیدا هونه‌ركاریی به‌رزی خۆی نواندووه.
له ڕوونكردنه‌وه‌و پوخته‌كردنی چه‌مكه‌كه‌ی شكلۆڤسكیدا (ڕه‌گه‌زی زاڵ) دوو بنه‌ما به هه‌ند وه‌رده‌گیرێن، كه (تۆماتشڤسكی)ی هاوڕێی خستوویه‌تییه ڕوو و له‌وباره‌وه پێیوایه: بنیاتی هه‌ر حیكایه‌تێك، هێزی خۆی له دوو بنه‌ما‌وه وه‌رده‌گرێت، ئه‌وانیش بریتین له ژینگه‌ی ڕاسته‌وخۆ- تیاژیاوی خودی نووسه‌ر و ئه‌و ژینگه كه‌له‌پوورییه‌ی كه نووسه‌ر ده‌قه‌كه‌ی تیا به‌رهه‌م هێناوه.
له‌م ڕوانگه‌وه كاتێك ده‌چینه نێو دنیای گێڕانه‌وه‌به‌ندیی مه‌مله‌كه‌تی كه‌لارییه‌وه، له‌وێدا به‌ر ژینگه‌ی خۆجێی گه‌رمیانییانه‌ی ڕۆماننووس ده‌كه‌وین، كه ئه‌میش بۆخۆی له پانتایی به‌رفراوانی ئه‌و كه‌له‌پووره ئه‌ده‌بییه كورده‌وارییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ و كات و شوێن و كه‌سه‌كانی تێدا داده‌مه‌زرێن و به‌مه‌ش وزه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی گه‌وره چۆڕاوه‌ته هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌وه و جووڵه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌رده‌وامییه‌كی له جووڵه به كه‌شی گشتیی ڕۆمانه‌كه به‌خشیوه.
كه‌واته ده‌توانین لێره‌دا ئه‌و خاڵه له‌ڕووی شێوه‌گه‌رانه‌ی ده‌قه‌وه بچه‌سپێنین، كه به‌ها یان ڕه‌گه‌زی زاڵ له مه‌مله‌كه‌تی سپیسواردا بریتییه له‌و بنیاته زمانییه‌ی كه به‌قووڵی به‌نێو جه‌سته‌ی ده‌قدا ڕه‌گاژۆ بووه و ڕوانینی گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی له ئامێزگرتووه، هه‌روه‌ك جارێكی تر و به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ تیۆرییه‌كه‌ی (تۆماتشڤسكی)، تێده‌گه‌ین كه ئه‌م دۆخه له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت یان باشتر بڵێین (حیكایه‌تسازیی) په‌یوه‌سته‌وه به‌و مۆتیڤه تایبه‌تانه‌ی كه یه‌كه زمانییه‌كانی نێو هه‌ر ڕسته‌یه‌كی ده‌ق له‌قووڵاییدا له‌خۆیانی ده‌گرن و به‌مه‌ش سه‌رتاپای گێڕانه‌وه‌به‌ندیی ده‌قی ڕۆمانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، واته ده‌قی ڕۆمانه‌كه بۆخۆی بریتی ده‌بێت له مۆتیڤێكی گه‌وره‌ی پارچه‌پارچه‌بوو، كه هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌وانه‌ش بۆخۆیان پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵه مۆتیڤێكی تری بچووكترن، كه ئیتر ئه‌م مۆتیڤه بچووكترانه شیانی پارچه‌بوون و پارچه‌كردن نین و نابن، به‌ڵكوو له‌میانی پارچه‌كانی مۆتیڤه گه‌وره‌كه‌وه، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ته‌واو خۆیان ده‌رده‌خه‌ن.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێی دا، بۆ چه‌سپاندنی ئه‌وه‌ی كه ڕۆمانووس خاوه‌نی شێوازی ئه‌ده‌بیی تایبه‌ت به خۆیه‌تی پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی پێشووی، به‌هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار) تێ بگه‌ین، پێویستمان به تێگه‌یشتنه له دنیابینیی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری) وه‌ك مرۆڤ و هه‌میش وه‌ك ڕۆماننووس، به‌وه‌ش ئه‌و خه‌مه گه‌وره‌یه به‌دی ده‌كه‌ین، كه به‌لای كه‌لارییه‌وه هه‌ر له یه‌كه‌م ئه‌زموونی ڕۆماننووسییه‌وه له كۆڵی خۆی ناوه‌و له‌میانی دووه‌م ئه‌زمووندا درێژه‌ی داوه‌تێ و خه‌مه‌كه‌ی گه‌وره كردووه، بۆئه‌وه‌ی دواجار له‌ڕێگه‌ی سه‌لیقه‌ی گێڕانه‌وه‌سازیی سه‌نگینی خۆیه‌وه له (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار)دا بیگه‌یه‌نێت به ترۆپك، به‌مانایه‌كی تر هێڵێكی به‌رده‌وامی خه‌م و ئازار هه‌ر له مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كان و تێپه‌ڕین به مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كان تا ده‌گات به مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار، سه‌رفه‌ری مرۆڤێكی جوانناسمان نیشان ده‌دات، كه به‌نێو پانتایی گه‌وره‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیاندا له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تی، بۆیه كاتێك هه‌رسێ مه‌مله‌كه‌ته‌كه ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، كه (حه‌مه‌سه‌عید) جگه له‌وه‌ی وه‌ك ڕۆماننووسێك ئاماده‌گیی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه، هاوكات و له یه‌ك كاتیش‌دا به شێوه‌ی جیاجیا و له شوێنی پێویستی خۆیدا وه‌ك كۆمه‌ڵناس، ده‌روونناس و مێژوونووسێك ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی شێوازه ئه‌ده‌بییه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیه‌وه گوزارشت له چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه و گرفتانه بكات، كه به‌وپه‌ڕی سه‌لیقه و وردبینییه‌وه ده‌ریبڕیون و كردوونی به ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كانی، بۆیه پاش خوێندنه‌وه‌ی ورد و شیكردنه‌وه‌ی میتۆدگه‌رایانه‌ی هه‌رسێ ڕۆمانه‌كه، ده‌توانین له ئه‌نجامدا (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاریی) وه‌ك خاوه‌نی سێینه‌ی ڕۆمان له ئه‌ده‌بی كوردیماندا ناوزه‌د بكه‌ین.
8-8-2024
ئاری عوسمان خه‌یات