Skip to Content

گفتوگۆ ڵەگەڵ شاعیر و شێوەکار ئەرسەلان ئالانی.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

گفتوگۆ ڵەگەڵ شاعیر و شێوەکار ئەرسەلان ئالانی.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2023 General, Literature

شاعیر و هونەرمەند ئەرسەلان ئالانی: لە کوردستان شێوەکاری باش و بە ئەزموون بوونیان هەیە
شاعیرو هونەرمەند ئەرسەلان ئالانی: رەخنە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە
شاعیر و هونەرمەند،ئەرسەلان سلێمان قادر ناسراو بە (ئەرسەلان ئالانی)،ساڵی 1980 لە گوندی (ئالانە)ی سەر بە قەزای خەلیفان لەدایک بووە، لە تەمەنی 5ساڵی دەخرێتە بەر خوێندنی ئاینی ، بەڵام دوای ساڵێک و لە تەمەنی 6ساڵی بەهۆی نەخۆشی لەپێ دەکەوێت و ناتوانێت بەئاسایی بەپێ بڕوات ، ڕاستە ئەو بووە خاوەن پێداویستی تایبەت ، بەڵام نەخۆشییەکەی نەبۆتە رێگر لە برەوەدان بە بەهرەکانی.
ئالانی لە ساڵانی 86-88 سەرەڕای هەبوونی شەڕ و نەهامەتی و گوند سووتان و دەربەدەری ژیانی لەشاخ و ئەشکەوتەکانی کوردستان ، کەئەوکات تەمەنی 8 ساڵان بوو ، بۆ خۆ سەرقاڵکردن و لەبیر بردنەوەی ئازارەکانی و جەنگ ، دەیویست ژیانی منداڵی پێش نەخۆشکەوتنی و پێش سووتانی گوندەکەی لەرێگەی تابلۆ وێنا بکات ، واتە ساڵانی 88 – 96 وەک هەر منداڵێک وێنەی سادەو ساکاری دەکێشا ، بەڵام وەک تابلۆ ساڵی 97 دەستی بەم هونەرە کردووە ، لەم روانگەوە خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە بۆئاگاداربوو بە کارو چالاکییەکانی ، بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس


*سەرەتا بابزانین چۆن لەگەڵ جیهانی شیعر ئاشنا بوویت؟

  • بۆ نووسینی شیعر ، فایەق بێکەس کاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو، چونکە باوکم دیوانی بێکەسی شاعیری هەبوو بۆی دەخوێندمەوە ، ئیتر ساڵی 2001 دەستم بە نووسینی شیعر کرد کە دوو بەرهەمم هەیە (گەڵا وەریوەکان و نمەی باران).

    *تاچەند پێویستە شاعیر لەگەڵ شیعرەکانی راستگۆ بێت؟
  • ناکرێ شاعیر گوفتار و ڕەفتاری جیاوازبێ لەگەڵ تێکستەکانی ، بەڵکو پێویستە قەڵەم و ڕوئیا و ڕێبازی هاوتەریب بن، لە هەمان کاتدا بۆئەوەی خۆی و خوێنەران چێژ لە شیعرەکانی وەربگرن.

    *بابزانین ئەو دەروازانەی کامەن بۆ شیعرنووسین ئایا خۆشەویستیە، ئافرەتە، سروشتە، دایکە ، باوکە، سۆزە…؟
  • بێگومان زۆرن ئەو بابەتانەی کەدەبنە هەوێنی شیعرەکانم وەکو (وەسف ، نیشتمانی و نەتەوەیی ، عەشق و خۆشەویستی ، سۆز ، تەنز و ڕەخنە..) بۆیە شیعرەکانم لەیەک بابەت قەتیس نەکردوون.

    *ئەو شاعیرو ئەدیبانە کامەن کە کاریگەریان لە سەرتۆ هەبووە؟
  • زۆرن ئەو شاعیرانەی کاریگەرییان لەسەر من هەبووە ، وەک (فائق بێکەس ، قانع ، مەلا عەلی ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ئیسماعیل خورماڵی چەندانی تریش، هەر یەکەو بەشێوەیەک تێکەڵ بە تێکستە شیعرەکانیان بووم و لەگەڵیان ژیاوم.

    *باشە باباس لە هونەری شێوەکاری بەرێزتان بکەین، بزانین سەرچاوەی لەدایک بوونی تابلۆکانت چین؟
    -تابڵۆکانم هەمەجۆرن،( پۆرترەیت ، سروشت ، ئاسەوار ، کلتور ) ، وە هەندێ جاریش لەسەر داواکاری ئازیزان وێنە دەکێشم ، بەڵام زیاتر کار لەسەر دیمەنی سروشتی کوردستان دەکەم کە سەرنجم ڕادەکێشێت.
    *ڕەنگ فاکتەری سەرەکی هەموو تابلۆییەکە وەکو شێوەرکارێک چۆن دەڕوانیتە ڕەنگ؟
  • ڕەنگ لە دیدی من جیهانێکە لە خۆشەویستی ، لە ڕاستگۆیی ، لە ئاوازی رۆحی مرۆڤ ، بۆیە زۆربەی رەنگەکان لە تابلۆکانم دا وەکو کەرستەیەکی سەرەکی بوونیان هەیە.

    *کاتێکی دیار کراوت هەیە بۆ نیگار کردنی تابلۆکانت؟
  • بەهۆی سەرقاڵیم بە دەوام و خوێندنەوە ، هەفتەی تابلۆیەک یان دوو تابلۆ دەتوانم بکێشم ، ئەویش زیاتر لەئێواران ئەو کارە دەکەم.

    *جوڵەی هونەری شێوەکاری بەگشتی چۆن دەبینیت؟
  • هونەری شێوەکاری لە کوردستان جوڵەیەکی باشی هەیە ، شێوەکاری باش و بە ئەزموون بوونیان هەیە ، وە بەهۆی هەبوونی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش ڕێژەکە لەزیادبووندایە ، بەڵام بەداخەوە بینەری پیشانگاکان زۆر کەمبۆتەوە ، چونکە لە ئێستادا هەندێک لەو نەوانەی ئێستا، بەداخەوە نەلە شیعر و نە لە تابڵۆ تێناگەن.

    *هاوکاری پاڵپشتی هونەرمەندان و نووسەران چۆن دەبینی لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکان؟
  • بەداخەوە ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە ،وەک پێویست نییە مەگەر نووسەرێک یان شێوەکارێک پەیوەندی تایبەت و کەسی هەبێت ، ئەگینا لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نییە فڵچەو ڕەنگێک بدات بە هونەرمەندان ، چجای هاوکاری و پاڵپشتی دیکە.

    *رەخنە خاڵێکی گرنگە بۆ پیشڤەچوونی هونەر و ئەدەب ، چۆن دەڕوانیتە ئاستی رەخرگران لە کوردستان؟
  • جاران خوێنەری هەموو بوارێک ،لەڕۆژنامەو گۆڤارو کتێب دابوو ، ئێستا خوێنەر زۆر لەکورتی داوە هەمووی بۆتە سۆشیال میدیا ، ئەوەش بواری ڕەخنەی کەم کردۆتەوە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە ، ئەوەش ڕەنگە لێدانێک بێ لەشیعرو شاعیر ، پێویستە ڕەخنە گریش هەبێ ، ناکرێ ئێمە هەر بە دەستخۆشی باز بەسەر خوێندنەوە بدەین ، چونکە ئەگەر ڕەخنە نەبێ ناتوانین لاریەکان ڕاست بکەینەوە ، بەڵام ڕەخنەی پاڵنەر و بونیاتنەر بێت ، ئەوکات جیهانی ئەدەب و شیعر و هونەر جوانترو بەربڵاوتر دەبێت.

    *ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی ، لە کۆتاییدا دوا وتەت چییە؟
  • منیش سوپاستان دەکەم بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە ، پێم وایە کاتی هاتووە تاکی کۆمەڵگا لەم خەوی دوور لە مەعریفەت و بێئاگایی لە خوێندنەوەو هونەر و ڕوناکبیری هەڵسێتەوە ، بە تایبەت گەنجەکان ، چونکە هەر گەلێک لە نووسین و هونەر دوورکەوێتەوە، جێ دەمێنێ و دەکەوێتە دواوەی گەلان.

Previous
Next
Kurdish