Skip to Content

بەفرەچاڵ لە “سنەی کۆن”دا.. نووسینی: جەمیل نەوەڕە

بەفرەچاڵ لە “سنەی کۆن”دا.. نووسینی: جەمیل نەوەڕە

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2021 General, Opinion

بەفرەچاڵ لە«سنەی کۆن»دا
خوێنەری هێژا، ئەم دەقەی لەبەردەستت‌دایە ، نووسینی کاک “جەمیل نەوەڕە”یە. کاک جەمێل لەم نووسیندا دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە “نیوسەدە” پێش و باسی سەردەمێک دەکات کە هێشتا “سەهۆڵی دەسکرد” و زۆر ئیمکانی ئاسان کردنەوەی ژیان سەریانهەڵنەدابوو، یا لانیکەم بەو ناوچەی ژیانی ئەو نەگەیشتبوو. بۆیە ژیانیش بەم ئاسانیەی ئیمڕۆ نەبوو. کاک جەمیل باسی هاوینی گەرم و هێنانی بەفر لە بەفرەچالەکانی کێوی بەناوبانگی “ئاویەر”( لە تەنیشت شاری سنە) بۆ ناو ئەو شارە دەکات کە خەڵک بۆ خۆ فێنک کردنەوە و فێنک ڕاگرتنی خوردەمەنی و… پێویستیان بوو. هەروەها بەگوێرەی پێوەندیی بە باسەکەیەوە، تا ڕادەیەک باسی چۆنیەتی ژیانی ئەو سەردەمەی شاری “سنە”مان بە تام و چێژێکی تایبەتەوە بۆ دەکات. کاک جەمیل ئەم دەقەی بە “بن‌زاراوە”ی ئەردەلان (سنە)یی نووسیوە، کە ئەوەش تام چێژێکی خۆشی داوە بە دەقەکە، بۆئەو کەسانەی کە بەو زاراوە دەدوێن.
من کە دەقەکەم خوێندەوە، بەپێی ئەوە خۆم زادەی ئەو دەڤەرەم، چوومەوە بۆ ڕابردوو، و هاوکات چۆنیەتی ڕاگرتن و هێنانی بەفر بەهاویندا سەرنجی ڕاکێشام. ئەوەبوو پێم باش بوو، جیا لەو کەسانەی کە بە بن زاراوەی ئەردەڵانی دەدوێن و دەخوێننەوە، هاونیشتمانانی زاراوەکانی دیکەش لەگەل ئەو مێژووە و ئەو بیرەوەورییە ئاشنا بن.بۆیە بە ڕاوێژ لەگەل کاک جەمیل هێنامە سەر رێنووس و شیوەنووسینی باوی کرمانجی خواروو(سۆرانی).
خەلیلی غەزەڵی

بەفرەچاڵ لە “سنەی کۆن”دا
نووسینی: جەمیل نەوەڕە


لەکاتەوە لە دەرەوەی وڵات دەژیم، یەک لەو شتانەی بەرچاوم کەوتوون و حەزم لێکردوە، بایەخدان بەڕابردوو،فەرهەنگ و سەربەردەی خەڵکی ئەم وڵاتانەوە بوە لە هەموو بوارەکاندا. لەو سەردەمانەدا کە فیلم‌و وێنە باویان نەبوە، بە رۆمان ، نەقاشی ، نووسینی بیرەوەریی و هەروەها بە هاتنی وێنە و فیلم هەوڵیان داوە باش و خراپ، گەورە و بچووکی جموجووڵەکانی نێو کۆمەڵگەی خۆیان تۆمار بکەن؛ تاکوونەوە ، نەتیجە ، نەبیرە و هەروەها نەسلی پاش نەسڵیان بزانن باب و باوەگەورەکانیان چۆن توانێویانە‌لەگەڵ سەخڵەتەکانیاندا ڕووبەڕوو بنەوە. یا چۆن ئەو کەلوپەلەی کە بۆ بەڕێوچوونی ژیان‌ پێویستیان بوە، بەدەست هێناوە.هەروەها چۆن ڕەسم و یاسا کۆنەکانیان تۆمار کردوە و هەموو ئەمانە‌لەکتێبخانەکان، قوتابخانە و زانکۆ و موزەخانەکان و لەم دوایانەدا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەبەردەس هەمواندان. بە هاتنی ئینتێرنێت و کەڵکوەرگرتن لەم ئیمکانە، تا بڵێی کەرەسەی مێژوویی سیاسی، کۆمەیەتی،فەرهەنگی بەشێوەی نووسراوە، بە دەنگ و رەنگ ئامادەکراوە و بۆ کەڵکوەرگرتن لەبەردەست هەمواندایە.
بەداخەوە ئێمەی کورد لەمبارەوە کارێکی وامان نکردوە و دەتوانم بڵێم زۆر هەژارین. ئەگەرێش کارێک لەلایەن خوێندەوارە کۆنەکانەوە کە زۆربەیان مەلا بوون کراوە سەبارەت بە دێن و ئیسلام بوە.
باسی مێژووی هەزاران ساڵە ناکەم. ئێمە تەنانەت مێژووی ٦٠، ٧٠ ساڵی رابردووشمان نەکردوەتە فیلم و رۆمان و بەداکیومنت نەکراون. بەختەوەرانە بە چوونە سەری ئاستی وریایی کەسانی لێزان و ئەودەرەتانەی ئیمڕۆ رەخساوە، زۆرکەس لەم بوارەدا چالاکن کە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم وهیوادارم نموونەیان زۆرتر بێت.

من بەهۆی ئەوەی کە نووسراوە یا فیلمێکم لە پێوەند لەگەل “بەفرە چاڵ” دا نەدێتوە و نەبێستوە، بەئەرکی سەرشانی خۆم زانی، ئەو شتانەی کە لەم بوارەدا دێتوومە بنووسمەوە. بۆ ئەوەی کە نەسڵی ئەمڕۆلە گەل ئەو هەلومەرجەی کە دانیشتوانی شارەکەمان (سنە)تێدا ژیاون ئاشنا بن.

بەیانی زوو، پێش خۆرهەڵاتن، بەرهەمی ئەو زەحمەتە لە شاردا دەردەکەوت و زۆرکەس هەر ئەو کاتیش نەیاندەزانی ئەو بەفرەی کە لەو هاوێنە گەرمانەدا دێتە بەردەستیان چۆن و لە کوێڕا هاتوە. دڵنیام گەنجانێک هەن بپرسن: ئەرێ بەڕاست پێش ئەوەی یەخەچاڵ و بەفرگر(فرەیزر) بێت، باو باپێرانمان لەگەرمای هاوێن بۆ ئاوێکی سارد، بەستەنی،سارد ڕاگرتن و پێشگرتن لە خراپ بوونی خواردەمەنیەکانیانچییان دەکرد؟ ئاخۆ هەر “بەستەنی”یان هەبوو؟

لە پێشدا پێویستە باسی ئەوە بکەم کە شاری “سنە” لەو کاتانەدا ئاوی لوولەکێشیی نەبوە.ئاوێک کە بە”حەفت ئاسیاو” دەناسرا، بەشێک بوو لە ئاوی شار کە لەگەڵ ئاوی کانیاوەکانی وەک: کانی دووشەم ،کانی شێخ هەتێم، کانی هانەکلی، کانیە پیرە، کانی مەڵا وەیسی، کارێز جەنەرباخی، کارێز پشت‌عومارەت خەسراوا، کانی مزگەوتی ئەمێن لە جەوراوا ، کانی مزگەوت رەشی قەڵابەگی، کانی دەواخانەلە گەڕەکی ئاغە زەمان و…و هەروەها “گونج فاتمە خانم” کە ئاوەکەی لە ئاویەرەوە سەرچاوەی گرتبو وبە لولەی گڵی(سوفاڵی)دەڕوێشت بۆ ماڵە دەوڵە مەنەکان، ئاوی شاریان دابێن دەکرد.
بەفرەچاڵ: واتا ئەو ئەرک و زەحمەتەی کە لە دەرەوەی شار دەچوە پێش، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک بتوانن لەم ئیمکانە بۆ ئاسانتر کردنی ژیانی خۆیان بەکاری بێنن. ئەم شێوە دروسترکردنی بەفرە چاڵ ،تایبەت بە شاری سنە و دەور و بەری بوو؟ گەر سەرچاوەی شوێنی دیکە بێ؟!من ئاگادارنیم و نەشم بێستوە لە شوێنی دیکە ، بەو شێوەی کە پاشتر باسی دەکەم جێبەجێ کرابێت.هەرچی بوو،هەر وەکوو سەرەتا باسمکرد، لە گەرمای هاوێن دا هێنانی “فێنکایی”(ئیمکانی سارد کردنەوە)بۆ ناوشار کاریکی گەوره و پڕ زەحمەت بوو و ئەمەیش جێگەی پێزانینه بو ئەوانەی وا زەحمەتەکە لە سەرشانیان بوو.دەکرێ بڵێم ڕیگەێکێش بوو کە جەماعەتێک (لە کرێگار، وڵاخدار و ئەوکەسانەی کەئێجارەیان دەکرد )بۆ بژیوی ژیان، ئەم کەسپ وکارە هەڵبژێرن.

یادی بەخەێر بابم دوای ئەوەی دیهات بە جی دێڵی ودێت بۆ شاری سنە (کورسان )پاش ماوەیەک،بەفرەچاڵ و یەخەچاڵی ئیجارە دەکرد و ئەم کەسپە و کارە ڕێگایک تر بۆ دابین کردنی ژیان بوو ، بەوبۆنەوه منێش هەرچەند منداڵ بووم، له زۆر لایەنی ئەوکارانەی پێوەندیی بە بەفرەچاڵەوە هەبوو سەرم‌دەردەهێنا. ڕاستیەکەشتان دەوێ، رەنگە ئەم شتانە وا من دەینووسم کامڵ و پوخت نەبن.
دەڵێن بێری منداڵی تێژه . هێوادارم بتوانم ئەوچتانەی کە دێومە بە جوانی بۆتان بگێڕمەوە.لە کەیەوە ئەم‌چالانە هەڵکندرابوون چەند نەسڵ پێش ئیمە لەم شێوە کارە کەڵکیان وەردەگرت، من نە بێستوومە و نە لەشوێنێک خوێندوومەتەوە.
له شاری سنەدا چەند بنەماڵە هەبوون که زۆربەی ئەرکی ئەم زەحمەتانەیان لە ئەستۆ گرتوە. پێش ئەوەی بابم
ئیجارەکردنی بەفرەچاڵ دسپێبکات، بنەماڵەی “بەرفی” که ماڵیان نزیک مزگەوتی داروغە، بەرەو مەیدانی”حه ێوانفروشەکان” بوو، خەریکی ئەم کەسپ و کاره بوون. هەر بەم بۆنەوە شۆرەتیان” بەرفی” بوو. (ئەوانەی یا لە یەخەچاڵ دا شارەزاییان هەبو بە بنەماڵەی یەخەچاڵی دەناسران) من ناوی چەن کەسیک‌‌لەم بنەماڵانەم لەبیره: ئا سەعی، ئا رەشی و ئا عەباس بەرفی کە سێ برا بوون و باوکیان ناوی”ئەسکەر”بوو (سەرچاوە کتێبی “شارەکەم سنە” مەحیەدێن حەقشناس).. دواجار بابم لە گەل ئا رەشی‌ وئا سەعی بوون به شەریک.
بنەماڵەی گەلەداری له گەڕەکی “قەتارچیان”دا یەکێکتر لەوانه بوون. کەسێک بەناوی “تاتەی گەلەداری” هەم بە فره چاڵی دەگرته ئێجاره و هەم هێنانی بەفر بۆ ناو شاریش لەسەر شانی بوو
باوکی منێش شەريک بۆ لە ئێجارەی بەفرە چاڵەکان دا و هەم ئیمکانی بۆ هێنانی بەفر و سەهۆڵ بۆناوشار فەراهەم دەکرد. واتا جێگە و ئیمکاناتی بۆ وڵاخەکان و گرتنی کرێکار بۆ بەڕێوە بردنی ئەمکارەشی لە ئەستۆ بوو.
بەفرەچاڵ و یەخەچاڵ سروشتی له بنەڕەت دا خاوەنی ماڵە دەوڵەمەنەکان ( بنەماڵەی وەکێڵ و سادق وەزێری) بوون که به ئیجارەیان دەدا.
تا ئەوجێگه من له بێرم مابێ، ٣ (سێ) بەفرەچاڵ لە دەوروبەری شاری سنە دا هەبوو. کە هەرسێکیان له کێوی “ئاویەرگەورە” دا بوون. رەنگە ئیستەجێگەکانیان بەهۆی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر تێپەڕێوە، کوێرەوە بووبن.ناوی هەرسێ بەفرەچالەکان ئەمانەن:
١ – “بەفرەچاڵ بانتا” چکۆلەتر لە ئەوانیتر بوو.
٢ – “بەفره چاڵ ناوڕاس”(نێوەڕاست)کە لەگەڵ بەفرەچاڵ بانتا له “دەشتی بانتا” بوون. خاوەنی دەشتەکە و هەردوو
بەفرەچاڵەکە “عەبدوڵا داناییان” ناسراو بە “عەبدۆڵادرێژ” بوو، کە شەش کۆڕی هەبوو) ناسر، شوکروڵا، فاتێح، مەنسوور، یەدوڵا، ماشەڵا(شوکروڵایان کە لە بان پردموسایە کانی سنە قاوەخانەی هەبوو). لەگەڵ بابم دا لە دابەش کردنی بەفر و سەهۆڵ شەرێک بوو. دیارە ” بەفره چاڵ ناوراس” چکۆلەتر لە”بەفرەچاڵ گەورە” و، گەورەتر لە “بەفرەچاڵ بانتا” بوو، کە‌دەکەوتە نێوان ئاویەرگەوره و دەشتی بانتا.
٣ “بەفرەچاڵ گەوره”. له نزیک لووتکەی ئاوێەرگەورە دا بوو، خاوەنی ئەم بەفرەچاڵە بنەماڵەی وەکێڵ‌بوون و ئەوان .دەیاندا بەئیجارە.
بەفرەچاڵ: چاڵێکی گەوره بە درێژایی ٢٠ تا ٣٠میتر وپانتایی١٠ تا ١٥ میتر و قووڵایی چەند میتریک بوو. بۆ چوونه
خۆارەوەی نێو چاڵەکه لە کاتی پاییزدا کە بەفر لە کەمی دەدا، دەبۆا بە چەند پلێکاندا بچوایتەخوارەوە.ئەم چاڵانە لەو شوێنانەی پێی دەگوترا “کەناو” (کەنداو)لێدەدران. بەڵام “كەناو” چی بوو. کەناو بە جیگەهایەکی چاڵ کە بەفرێکی زۆر تێدا کۆ دەبوەوە دەگوترا، کەبەفرەکەی دێرتر کەمی دەکرد و دەتوایەوە.
به نزێک بونەوەی بەهار و گەرم بوونی زەوی، بەفرەکە تۆزێک دەتوایەوە ودەنێشت. بەمجوره سفت دەبوو ودەتوانرا وەک قاڵب دەریبێنی. کە دەگەێشتە نێوڕاست مانگی بەهار، به جواڵ و ڕه شکه (جواڵ وەک‌تەلیس دەچوو، بەڵام ڕەشکه تۆڕی بوو)هەردووکیان له مووی بزن دروست دەکران.لەم دوو ئامرازە بۆ گواستنەوەی هێندێک بار وەک: سوخاڵ(خەڵووز) ، ئاڵف، کا، شووتی و کاڵەک و …هێندێک شيتی دیکە کەڵکوەردەگیرا. بۆئەوەی بەفرەکەی نێوبەفرەچاڵ زوو نەتوێتەوە، “کا”یان بار وڵاخ دەکرد و دەیانهێنا بۆ بەفرەچاڵەکان بۆ داپۆشانی بەفرەکه . تا گەرما کاری لێ نەکات و نەیتاوێنێتەوە. هەر بەفرەچالێک بە نزیک ١٠سانت کا دادەپۆشرا. ئەگەربارانێک ببارای لە “کا”کە تێدەپەڕی، ئەمە دەبوە هۆی ئەوەی کە بەفرەکە زیاتر بڕواتەیەک، ئەوەش‌یارمەتی دەدا کە لە کاتی بڕێن و دەرهێنانی بەفرەکە له بەفره چاڵ دا باشتر به قاڵب بێتەدەر ،هەر بەمبۆنەوە بارکردنێشی ئاسانتر دەبوو.

با ئەوەش بڵێم کە ئەم شێوە کارە بەوتەی ئیمڕۆ، بێهداشتی نەبوو ولە کاتی “بەفراو” خواردنەوەدا پووشی‌بەستووی ناو بەفرەکە ئەکەوتە ناو ئاوەکە و دەبوو بە فوو لێکردن یا بەقامک لە ناو ئاوەکە دەرت دەهێنا،پاشان ئاوەکە ئاوەکەت دەخۆرایەوە . زۆرجار بوو کە شارەداری (بەلەدیە)پێشی بە هێنانی بەفری‌بۆنێو شاری دەگرت. بیانووشی بێهداشتی نەبوون ڕادەگەیاند. هەر بەم بۆنەوە (بێهداشتی نەبوون)زۆرکەس بەفریان بوفێنک هێشتنەوەی ئاو و پێشگرتن لە خراپ بوون و گەنیویی گۆشت ومیوە ،هەروەهابۆدروسکردنی “بەستەنی” بە کاریان دەهێنا.
کە وەرزی هاوێن دەستی پێدەکرد و گەرما سەری هەڵدەدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو کە بەفرە کە ببڕن ودەربێنن و باری بکەن بۆ شار.سەرەتا “بەرکان”ێک یان لە بەفرەچاڵەکە ڕادەخست (بەرکان =ڵای‌پێشەوە)، جا بەفره کەیان به “مشار”ێک که تایبەت بە بەفربڕێن بوو به شیوەی قاڵبی گەورە دەردەهێنا وقاڵبەکانێشایان لە یەک مەزەندە و ئەندازەدا دەبڕی به هەر قاڵبێک دەگوترا “تا” و به نێوەکەیان دەوت”نێمە تا”(نێوە تا). چونکه بەعزه مشتەریەک نێوە تایان دەوێست.(سفارشیان دەدا). مشاری بەفربڕێنەکە لە ئاسنێک سەخت پێکهاتبوو، بە شێوەیەک که تەنیا بۆ ئەوکاره (بەفر بڕین)بە کار یان دەهێنا. دریژیی مشارەکه جگه له دەسکەکەی، نزیک ٥٠ تا ٧٠ سانت دەبوو و دەندەی(ددانەکانی)مشارەکەش درێژتر له مشاری داربڕێن بوو.

له هەر بەفرەچاڵێکا چەن کرێکارێک کاری دەکرد، بەڵام بڕێنی بەفرەکە کارێکی قورس بوو و کرێکارێک یپێوێست بوو که حێسابی به خوەیانەوە بن و هێزو قودرەتێکی زۆرتریان هەبێت. دیاره ئەو کرێکارانە کەبەفریان ئەبڕی هەقدەستی زۆرتریان وەردەگرت. کرێکارەکان بۆ ئەوە هەم تەڕ نەبن و هەم لە سەرمای نێوبەفرەچاڵ دا لە نەتەزێن ، “موشەما”یەکیان کە لەسەر سنگەوە تا سەرپەنجەی پێ درێژ بوو ( وەک بەروانکە)لەخۆیان دەئاڵاند. پاش بڕێن و حازر بوونی قاڵبه بەفرەکان، لە بەفرەچاڵ دەریان دەهێنا دەری و دایاندەنا. تا ئەوکاتەی پێویستیی ئەوروژە ئامادە دەکرا ، بەفرەکە ئێتر لە بەفرەچاڵ هاتۆە دەرەو کەم کەم‌دەتوایەوە وئاوی لێ دەتکا.

پێش بارکردنی قاڵبە بەفرەکان، بۆ ئەوەی کۆپانی وڵاخەکان تەڕ نەبن ، موشەمایکی ئەستوور ئەدرا بەسەر کوپانی کەر ، هێستر و یابوەکاندا .پاشان ئەو کەسانە کە خاوەنی وڵاخەکان بوون بەفریان باری‌وڵاخ دەکرد بەرەو ناوشار لێدەخوڕێن. جيا لە شەونخوونی ئەو شەوە، لە ڕێگای پێچاو پێچی “ئاویەر” تانێو شار چەندە باری وڵاخ بەلادا دەکەوت یا شل دەبوەوە و وڵاخدارەکان چۆن کارەکانیان بەدروستی‌جێبەجی دەکردبابمێنی بۆکاتی خۆی.
بەیانی زوو، پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت، “تا” و “نێم تا” بەفرەکان یەکه یەکه له بەردەرکەی ئەو دووکانانەدا کە زووتر داوای بەفریان کردبوو، لە سەر وڵاخەکان دادەگێران و لە پێش دوکانەکاندا دادەنران.خاوەن‌دوکانەکان دەبوو زووتر بهاتبان و لەوجێگە سێبەردارە کە پێشتر ئامادەیان کردبوو بەفرەکانیان دا دەنا وبۆ بەرگری لە گەرما و توانەوەی بەفرەکە، بە تەلێس (کەنەف) چەند لۆ .دایان دەپۆشی.

وڵاخدارەکان پاش دابەشکردنی بەفرەکان، بۆ ئەوەی دوبارە هێز بگرنەوە، دەبوو لە ماڵ دا وچانێکیانبدایە. تا شەو بتوانن دێسان بەرەو بەفرەچاڵ بکەونەوە ڕێگە، تا رۆژێکتر وەک روژی پێشوو دەسپێبکەنەوە. ئەم شێوەکارە چەن مانگی دەخایاند .تا بەفرەچاڵ خاڵی دەبوو.
پاش نیوەڕۆ ئەوکەسە کە بەیانی لە گەل وڵاخدارەکاندا بۆ دابەشکردنی بەفرەکان بە سەر دووکانەکاندابەشدار و بۆ مشتەریەکان ناسراو بوو، دووکان بە دووکان دەگەڕا و پووڵ بەفرەکەی کۆ دەکردەوە. لە زۆرجێگا ئەم کەسە بە بەستەنێەکی ناندار، یا لێوانێک دۆ میوان دەکرا.

کەسانیک له شار سنەدا شارەزا و وەستای به ستەنی بوون (بەستەنی فروشە کۆنەکانی شار ئەمانەبۆن: شەرێفیان دووکانەکەی لە پاساژ موشرفی بوو، وەحدەت لە شەقامی شاپوور ،عەباس مەولوو لای‌دووخانیات شەقامی پەهلەوی، بورهان بەرانبەر بەر مزگەوتی والی لە شەقامی فێردەوسی، ئەولەلیی لەتەنیشت مزگەوتی جامێعە و ئەورەحمان بەرباغ ملی
و…(کەسانێکیش هەبوون کە بێ ئەوەی دوکانێان هەبێت، لە سووچێکی شەقامەکانەوە بەستەنێان‌دروست دەکرد و بە قەندان دەیان فروشت، بۆ ئەوە خەڵک ئاگادار بکەنەوە بە دنگی بەرز هاواریان دەکرد:”قەندانی قەرانی بەستەنی. قاپێ مەنێکە”.هەروەها« یەخدەربەهەشت »(چلوورە)لەبەر ئەوە بەرهەم هێنانی ئاسانتر بوو، لە شەقامە شلۆقەکان دابۆبەدەست هێنانی بژیوی ژیان دەفرۆشرا، لە زۆر شوێن دا بەرهەم دەهێنرا.
لە زۆرێک لە بەستەنی فروشیەکاندا، “فالودە”ش هەر بەو ئامرازانەی کە بەستەنی پی دروست دەکرا،بەرهەم دەهات. خاونانی ئەم پیشەیە (واتا بەستەنی و فالوودە و یەخدەربەهەشت)له مشتەریەهەمێشەییەکانی بەفر بوون لە هاوێنان.

بەستەنی فروشەکان لە زستاندا و کاتێک هەوا ساردی دەکرد، کارەکەیان دەگۆڕی و دووکانەکەیان‌دەکردە قاوەخانە و ژمارێکیان “باقلاوا”شیان دە فروشت. به راستی تام و لەزەتی ئەو بەستەنییانەهیچکات لەبێر نەسڵی ئەو سەردەمە ناچێتەوە.
له هاوینان دا منداڵی بنەماڵە دەست کورتەکان، ڕوویان دەکردە بەفراو یا سەهۆڵ ئاو فروشتن ولەم‌دوایانەدا بە تەپەتەورە (جێ سەهۆڵێک بوو کە لە “یونولیت” دروست دەکرا و سەهۆڵ یا هەر شتێکی‌ساردی بۆ ماوەیەک رادەگرت)یکەوە کە پڕیان دەکرد لە “یەخدربەهەشت” کاسپی یان دەکرد.
ئەم کارە سەرەتاکان زیاتر له دەوروبەری “بەرحەوزەکە”(مەیدانی شا)دواتر، له سەێرانگاکان دا وەک‌خەسراوا، مۆارەکاوا، ،ساق ئاوا(٣ سەێرانگەی بەناوبانگی شاری سنە لە داوێنێ کێوی ئاویەر )و بەرگاراجەکان وبەگشتی شوێنە شلۆقەکاندا ڕەواج و بڕەوی هەبوو. دیارە ئەم کارەش بۆ مندڵان شوغڵیکی‌ئاسان نەبو. ئەم مندڵانە دەبۆو تونگێک یا گۆزەێک ئاو ووکاسەیەکی پڕ لە بەفر یا سەهۆڵ یان بە دەستەوە،یا تەپەتەورەیەک پرلە چلوورە، کە قورسیش بوون، لەسەرشان دابنایە و به نێوشار و سەیرانگاکاندا بیانگەڕاندایە. پۆڵێکێش کە لەم زەحمەتە دەست دەکەوت بۆخەرجی بنه ماڵەکانیان بوو.

بەفراو یا سەهۆڵ ئاو له ئەسڵ دا کاسەیکی داشای یا “پەناباد”ێک بوو(نێم قەران)به عزه منداڵێک کەزیرەک بوون ، بەمشتەریەکەیان دەگوت:”بێلەقێنی قەرانێک، نەێلەقێنی داشای”. ئاخر ئەگەر کاسەکەت‌بلەقاندای(لەراندنەوە) بەفره که یا سەهۆڵەکە زووتر دەتوایەوە و ئاوەکەی زۆرتر ساردەوە دەکرد کەئەوە بەزەرەری منداڵەکە بو. ئەبوا دوبارە پۆڵی بدایە و بەفر یا سەهۆڵی بکڕێبای. ئەم بەزمەی لەقاندن ونەلەقاندن دەمبەدەم لەنێو شارا دەگەرا و دەبوە هۆی پێکەنینی خەڵک.
لەمانە گەڕێین، خه ڵکی شار و دیهاتەکان به شێوەی دیکە دەبوو ئاوی ساردیان دەست خستایە. لەوشوێنانەی کە کانی
ئاوێک، یا بێریک کە ئاوەکەی خاوێن بوایە و له نزیکیانەوە بووایە، لەوکاتەدا کاریان ئاسان بوو. لە‌زۆرێک لە ماڵاندا بە دۆڵچە (سەتڵی لاستیکی) ئاویان لەبێرهەڵدەکێشا و دانانی جەڕجەڕە وترومپا لەسەر بێرەکانەو رێگەی دیکە بوو بۆ بەدەس هێنانی ئاوی ژێرزەوی کە سارد بوو. لە زۆرجێگەدا ئاوی بێرپاک نە بوو و بۆ خواردنەوە نەدەبوو، هۆکار نزیک بوون لە ئاودەست یا سەنگێن و قورس بوونی ئاوەکەی‌بوو. ئەم شیوە ئاوە تەنیا بۆ جل شووردن و ڕژاندن کەڵکی لێوەردەگیرا.

با ئیشارە بەوەش بکەم کە لە زۆربەی گەڕەکەکاندا، ژنگەلێک هەبوون کە پێان دەگوترا “ئاوکێش”کە ئاوی خواردنەوەیان لە کانیاوەکانەوە بۆ ماڵان دەبرد. ولە بڕی کارەکەیان مانگانە پوولێکیان لە خاوەنماڵەکان دەستاند.ئەمکارە بە زستاندا زۆر ئەستەم بوو. چوونکە دەبوو بە نێو بەفر و باران قوڕ و لیتاودا دائەم ژنه زەحمەتکێشانە ئەو ئەرکەیان بەجێگە‌گەیاندبای. هاوتەمەنەکانی من و هەروەها زۆر کەسیتر حەتمەن ئەو ژنە زەحمەتکێشانە لە گەڕەکەکانی خویاندا دەناسن و رەنگە ناوێشیان لەبیر مابێ.
بۆ ئەو دووکانانەی (وەک قاوەخانە و بەستەنی فروشی )کە ئاوی زۆرتریان پێویست بوو، پیاوێک کە بەویش هەردەگوترا “ئاو کێش”، ئەم کارەی دەکرد. کە دەورێشیک بە ناوی “مەشکە ڕەش” وە کەسێکتربەناوی “دەوریش کەریم” دوو نموونەی ئاوکێشی پیاو بوون کە من ناویانم لە بیر ماوە. دەروێش کەریم‌قرۆشکەێکی( جۆرە پەرداخێک )پی بۆ هەر کەسی تێنو داوای ئاوی لیدەکرد زوو ئاوەکەی لە سەر شانیداەنا و بە روێکی خۆشەوە قروشکەی ئاوی پی دەدا.

خەڵک ئاوی خواردنەوەیان به شێوەی دیکەش سارد یا فێنێک دەکردەوە. بۆ ئەم کاره له “تونگ” و”گۆزە”ی سوور
کەڵکوەردەگیرا. لە زۆر جێگا تەلیسێکیان بە ئەندازەی تونگەکە دروست دەکرد و تونگ یا گۆزەکەیان دەخستە نێوی و ئاویان پێدا دەکرد ودەیان خووساند بۆ ئەوە تەڕ بمێنێتەوە و ئاوی نێو تونگەکە گەرم نەبێت. بەوشێوە هەم تامی ئاوەکەی خۆەش دەکرد هەم ساردێش ڕایدەگرت .
شارەداری (بەلەدیە)بە تانکر ئاویان دەهێنا بۆ گەڕەکە هەژارنشێنەکان کە ئاوی کانێاوەکان بەشینەدەکردن. لە کاتی دابەشێنەوەی ئاوەکەدا دەبوە تێکە و لێکە کە زۆرجار لەسەر ئەوەی نۆرەی کێ بووە،شەڕ و هەڵای لێدەکەوتەوە.

هیندێک ماڵە دەوڵەمەندێش یەخەچاڵ نەوتییان هەبوو، هەروها ژێرخانیان ( ژێرنهومی)هەبوو بۆ ڕاگرتنیمیوه و باقی ئەو خواردە مەنیانە زوو خراپ دەبوون. بەو ژێرخانانە دەگوترا “حەوزخانە”.
له نێو شاردا زۆرێک لە ماڵە ئەعیانەکان وەک بنەماڵەکانی سەردار، وەکێڵ، بابان ، غەیاسی و حەبێبی ئاوی “جاری” یان هەبوو. بۆ هێنانی ئاو لە ریگەی قەنات و لوولەی سوفاڵی ئاویان بۆ خویان کێشابوو.ماڵی سەردار دەرگای حەسارەکەیان دانەدەخست. حەوزخانەیەکیان هەبوو کە دانیشتوانی شار بوبردنی ئاو بۆ ماڵەکانی خۆیان، یا ئاو خواردنه وه، یا خو فینک کردنەوە روویان تێدەکرد.
من هەوڵمدا بەزمان دایکیم، واتا بە زاراوەی سنەی ئەم دەقە بنووسم کە لە زۆر جێگا بۆ وشەی گونجاوگێرم دە کرد.
ئەمە ئەو شتانە بوو کە من لە بەفرەچاڵ و ژیان لەو سەردەمەدا وەبیرم دێنەوە. دڵنیام کەسانی دیکە هەن لەمبارەوە بیرەوەریی باشتریان لەوەی من هەیە. هەروەک لە سەرەتاشدا باسمکرد، دڵخۆش دەبم ئەوکەسانەی کە ئەم نووسراوە دەخوێننەوە، تا ئەو جێگەی پێیان دەکرێ بە زانیارییەکانی خۆیان ئەم دەقەدەولەمەند بکەن و کەم و کووڕیەکانی بخەنە ڕوو.

ئەم نووسراوەیە لە جیهانی ئیمڕۆدا و بەم هەموو پێشکەوتنەی زانست و تێکنیکەوە، ئیمکانی هەیە لای هێندێک کەس بەهۆی ئەوەی ئاوڕدانەوە لە ڕابردویە، جێگەی رخنە بێت. من پێمخۆشە هەموو نەزەر وروانگەی خۆیان دەربڕن. من بەدڵ ئاوڵاییەوە ئامادەی بێستنم و پێی خۆشحال دەبم. ئەگەر کەسیش هەبێ پرسیاری هەبێ، تا ئەو جێگەی زانیاریم هەبێ وەڵامدەر دەبم.
ئیتر ئاواتی تەندروستی بۆ هەمووان دەخوازم
ئەگەر بەخت یار بێت، لەسەر “یەخەچاڵی سروشتی” کە هاوکات بوو لەگەل ئەم سەردەمەدا و لەسەر ژیانی خەڵک چ دەورێکی هەبووە، دەنووسم.

ئاویار
Previous
Next
Kurdish