Skip to Content

دەردە کوردبوون و جلی کوردی.. هۆمەر نۆریاوی

دەردە کوردبوون و جلی کوردی.. هۆمەر نۆریاوی

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2021 General


1 – ئەو جوگرافیایەی کە هەنووکە لە قامووسی سیاسیی جیهاندا بە “ئێران”،ناودێرە،وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە هەر کامە لە نەتەوەکانی نێو ئەم جوگرافیا بەرینە،خاوەنی زمان و فەرهەنگ و مێژوویەکی جیاواز و دەوڵەمەندن. بە درێژایی 40 ساڵی ڕابردوو ،مخابن زمان و فەرهەنگی هەر کامە لەم نەتەوانە خاسما کورد، بەردەوام وەبەر شاڵاوی چەوتی ئەقڵییەتێکی نەزۆک و گەمژانەی باڵادەست کەوتووە. جارێک،سووکایەتی بە زمان دەکرێت،جارێکی دی،فەرهەنگ و کولتوور وەبەر هێرش دەدرێت و جاری وایشە خۆڵ لە چاوی مێژووی ئەم نەتەوانە دەکرێت؛یان بە واتایەکی ڕاستتر،هەوڵی شێواندن و ئاوەژووکردنی مێژووەکەیان دەدرێت. چونکە دەستەڵات و فەرهەنگی باڵادەست هەر لە دێر زەمانەوە هەتا هەنووکەیش بەردەوام بە چاوێکی نەوی و نزم دەڕوانێتە نەتەوەکانی دی نێو ئەم جوگرافیایە و لە ڕاستیدا ئەم فەرهەنگەیشی بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێرانی گوێزێتەوە و زۆرینە،هەڵگری هەمان بۆچوون و ڕوانگە لە هەمبەر نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێراندایە.

2 – ئەم پەلامارە دژە مرۆیی و کرێتە،هەندێک جار لە کەناڵە بە ناو “میللی”یەکانەوە و لە لایەن ژمارەیەک میدیاکار(پێشکەشکار و بێژەر)ی نەخوێندەوار و کاڵفامی خاوەن ئەزموونەوە ئەنجام دەگرێت کەچی بڕێک جار،ناوەند و سیما زانستیی و هونەریی و ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئەم هێرشە ناسەردەمییانە دەکار دەگیردرێن. ڕووی ئەم چەند پەیڤە لە نوێترین هێرشی کاڵفامانە و ناسەردەمییانەی پێشکەشکارێکی نەخوێندەواری کەناڵێکی فەرمیی حوکوومەتە کە “جلی نەتەوەیەک” نیشانە دەگرێت و وێڕای ڕێزی فرەوانم بۆ چینی “شڤان”،بە جلی شوانان، ناودێری دەکات. ئەم پێشکەشکارە قسەزل و گەمژەیە کە بە پارەی حوکوومەت،لە کەناڵی ڕەسمیی وڵاتێکەوە، فەرهەنگی نەتەوەیەک وەبەر هێرش دەدات، ئەوەندە نەخوێندەوارە کە سەرەڕای ئەوەی لەسەر گیرفانی حوکوومەت بە هەر هەموو ئێران و بگرە دنیادا گەشت و سەفەری فرە و فرەوان دەکات،کەچی هێشتاکە تۆسقاڵە شارەزایەتییەکی لەسەر خۆیان گوتەنی”ئەتنە ئێرانییەکان”نییە و سووک و هاسان ،بە بێ ئەوەی وەبەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بکەوێت،تا دێت تریبۆنی گەورەتری دەخرێتە بەردەم. تاڵتریش ئەوەیە کە دواتر خۆی بە کورد لە قەڵەم دەدات کە برین و دەردەکە سەد هێندە کاریتر و پڕزامتر دەکات. ئەم چەشنە بێڕێزیکردنە بە جلی نەتەوەی کورد ڕاست دەمباتەوە بۆ نێوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی(نێوەڕاستی هەشتاکانی زایینی).

3 – ئەو کات،خوێندکاری کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانستگەی تاران بووم. جارێکیان مامۆستای وانەی “خەسارناسیی کۆمەڵایەتی”،دوکتۆر “ڕەحمەتوڵڵا سدیق”، تەوەری باسەکەی لەسەر چەشنەکانی گزیکاریی و لادانی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا بوو کە “لەبەرکردنی جلی کوردی” بە نموونەیەکی ئاشکرای لادان لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە تێکدانی فەرهەنگی بەناو ئێرانی ناوزەد کرد. ئەم مامۆستای زانستگەیە کە بڕوانامەی دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە زانستگەی “سۆربۆن”ی پاریس وەرگرتبوو،سووک و هاسان بەو چەشنە کەوتە سووکایەتیکردن بە فەرهەنگی نەتەوەیەک و یەک کەسی بە ویژدانیشت بەردیدە نەکەوت،بەرەنگاری ببێتەوە،یان بە واتایەکی ڕاستتر،کەسی متەقی لێوە نەهات. کاتێک ئاخاوتنەکەی کۆتایی پێ هات،ڕووم تێ کرد و وتم: “مامۆستا دەمەوێت بۆ کۆڕ و دانیشتنی داهاتوو لەسەر جلوبەرگی کوردی قسە بکەم”. پێشوازی لە پێشنیازەکەم کرد. بۆ حەوتەی داهاتوو دەستێک جلی کوردیم لەبەر کرد و ڕووم لە کۆلیژ نا. هێشتا نەگەییشتبوومە نێو حەوشە و باخچەی کۆلیژ،کە هەر یەکە و بە ناو و ناتۆرەیەک، بانگی دەکردم. کاتێک کۆڕەکە دەستی پێکرد،مامۆستا ڕەحمەتوڵڵا سدیق،ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “وا دیارە ئاغەی… دەیهەوێت دیفاع و بەرگری لە خۆی بکات،ئاغەی … فەرموو”.

سەرەتا کەوتمە ئاخاوتن لەسەر فەلسەفەی دامەزرانی کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکی فرەی وانەکانی تەرخانە بۆ خۆیان گوتەنی؛چاند و فەرهەنگی ئەتنە ئێرانییەکان. وتم:”جێی داخ و کەسەری زۆرە لە کۆلیژێکدا ناوەکەی بۆ خۆی هاوار دەکات کە پێویستە ڕێز لە زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی نێو وڵاتێک بگیردرێت،هەر لێرە و لە تریبۆنی زانستگەوە سووکایەتیی و بێڕێزی بە فەرهەنگی کورد دەکرێت. خوێندکاری نێو زانستگەکانی ئێران ئەوەندە شارەزایەتی لەسەر هۆز و خێڵە سوورپێستەکانی ئەمریکا هەیە، هەزار یەکی لەسەر خۆتان گوتەنی؛فەرهەنگ و چاندی ئەتنە ئێرانییەکان شارەزایەتی نییە و بگرە هەر هیچیش نازانێت”. دواتر،کەوتمە باسکردن لەسەر تایبەتمەندییەکانی هەر کامە لە بەش و پارەکانی جلی کوردی و دەسکەوتیان لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا. کە کۆتاییم بە قسەکانم هێنا،کاکی مامۆستا ئەوجار ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “بەڕێزینە،بەڕاستی من ئەم شتانەم نەدەزانی و شارەزایەتیم لەسەر ئەم پرسانە نەبوو. هەر لێرە و لەبەرچاوی هەمووان داوای لێبوردن لە ئاغەی … دەکەم”. من عەرزم کرد،دوکتۆری هێژا،داوای لێبوردن لە نەتەوەیەک بکە کە من ئەندامێکی هەرە گچکەی دێمە ئەژمار.

4 – هەنووکە پاش گەلێک ساڵان،ئەمجارە “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”،پێشکەشکاری کەناڵی دووی ئێرانی، لە سەردەمێکدا کە بە چاخی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و زانیاری ناودێرە،بە لەونێکی بێشەرمانە،لە شاشەی کەناڵێکی فەرمییەوە، سووکایەتی بە جلی نەتەوەیەک دەکات. پێشکەشکاری کەناڵی بە ناو میللی،مەیلەکییانە دەئاخفێت و بە بەرچاو بە میلیۆنان کەسەوە،سووکایەتی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەیەکی دێرین دەکات.
ئەمە قسەی “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”یە کە،ڕێزنان لە کەسی بەرانبەرت،سەرەتاییترین ئەرک و ڕەوتاری کۆمەڵایەتییە و پێشکەشکار پێویستە ڕێز لە میوان و بەردەنگی بەرنامەکەی بگرێت کەچی بۆ خۆی،ڕاست بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و فەرهەنگی نەتەوەیەکی خودان ژیار نیشانە دەگرێت. میوانی بەرنامەکەی گەنجێکی کورد دەبێت بە ناوی دوکتۆر “فەریبورز عەزیزی” کە خەڵکی گوندێکی دەڤەری هەورامان بە ناوی “زەردۆیی”یە و لە کرماشاندا مەزن دەبێت. کاتێک پێشکەشکار پێی دەڵێت؛ئەم جلی شوانییە چییە لەبەرت کردووە،وەرامی دەداتەوە:”ئەم جلە، یادگاری کاوەی ئاسنگەر و هێمای ڕزگاربوون لە ژێر چنگی ملهوڕیەتییە”. جێی ئاماژەپێدانە کە فەریبورز عەزیزی دواتر کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر ئەم پرسە بڵاو دەکاتەوە کە ڕاستیت گەرەکە هیچ لە واقیعە هەژێنەرەکە کەم ناکاتەوە.

5 – لە نێو وڵات و سیستەمێکدا زۆرینە بە ئەقڵییەتی نەتەوەی باڵادەستەوە بار دێت و گۆش دەکرێت،مرۆ و کەسایەتی نەتەوەکانی دی، با بلیمەت و زانستوەر و مامۆستای زانستگەیش بن،هەمیشە بە چاوێکی نزم و نەوی سەیر دەکرێن هەر بۆیە پێشکەشکارێکی ناسراو بەو چەشنە بێڕێزی بە نەتەوەیەک دەکات و هەرگیزیش گوشارێکی بۆ سەر دروست نابێت. پێویستە هەموومان لە هەمبەر ئەم بێڕێزیکردنەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و هەڵوێستمان هەبێت و بە دژی سەرچاوەی سەرەکی سووکایەتیکردنەکە بوەستینەوە ئەگینا سبەی شاڵاوی دیکەی بە دوادا دێت. کورد و کوردبوون،بۆ هەمیشەی دیرۆک بە چقڵی چاوی ناحەزان دەمێنێتەوە بەڵام مرۆی کورد تا کەنگێ دەبێت بەدەست ئەم دەردە گرانەوە بتلێتەوە کەچی ویژدانە تۆپیوەکانی ناوخۆ و دەرەوە(بە ناو ڕۆشنبیرانی ئێرانی)، متەقیان لێوە نایە و بگرە بەرانبەر بەم بێڕیزیکردنەیش،خەنین و لە دوور و نزیکەوە،ڕمووزنانە و بەدرۆ،جاڕی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لێ دەدەن!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish