“فاولەکانی” مەسعود بارزانی …. شاخەوان شۆڕش
لەو وتارەدا هەروەستەیەکی کورت لەسەر هەندێ لەو خاڵە گرنگانە دەکەین کە لە دوایین سەردانی سەرۆکی پارتی و نوێنەری هەندێ لایەن بۆ برۆکسل لەسەر پرسی ریفەراندەم هاتنەوە بەرگوتن.
سەبارەت بە رەخنەی یەکێتی ئەوروپا، پێشتر نوێنەری یەکێتی ئەوروپا پێیان گوت: ریفەراندەم ئەوها یەکلایەنە خراپە و پێویستە لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەن و بە پێی دەستور ڕێککەون. مەسعود بارزانی ئەو ئامۆژگاریەی ئەوانی پێ باش نەبوو و گوتبووی “دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان مەوەستنەوە”. ئەو لە مەبەستیان نەگەیشتووە، وەڵامەکەی چەوتە، چونکە ئەوان نەیانگوتووە دژی سەربەخۆیی کوردستانن. جگەلەوەی ئەو ریفەراندەمە لەبەر خواستی خەڵک سەری هەڵنەداوە، هەروەکو ئەوان هەرگیز گوێیان بە خەڵک و خواستەکانی نەداوە، ئەگەر گوێیان لە خواستی خەڵک بگرتایە لە ٢٠٠٣ دا پرسیان بە خەڵک دەکرد و نەدەچوونەوە بەغدا.
لە ١٢ ی مانگدا ئەو سەرۆکایەتی شاندێکی شەق و شڕی کرد و چووە برۆکسل، لەنێو گوتنەکانیدا مەسعود بارزانی دەڵێ: “ئەگەر پشتگیریشمان ناکەن ئەوا لانی کەم بێلایەن بن!” . گوتنەکەی چەوت و هەڵەیە، چونکە یەکەم ئەو هەڵەی یەکەم دووبارە دەکاتەوە و سووڕە لەسەری. ئەوەش بۆ ئەوروپیەکان ژیری وێنە ناکات، بەڵکو سەیردەکەن ئەو پیاوە لە ئامۆژگاریەکەی ئەوان ناگات و پێداگری لەسەر گوتن و هەنگاوی چەوتی خۆی دەکات. ئەوان سەیردەکەن کەسێک کە نادیموکراسیانە درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە و خۆی سەپاندووە، مەترسیەکانی سەر کوردستان و خەلکەکەی بەهەند هەڵناگرێ. بەنیگەرانیەوە زەنگی مەترسی داهاتوویەکی کارەساتئامێزی نەخوازراو لە پێشبینی ئەواندا لێدەدات.
دەسەڵاتدارە گرنگەکان لەوانە ئەمەریکا ناتەبایی خۆی پێشتر لەسەر ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی راگەیاند. مەسعود بارزانی گوتی ‘ئێمە لە بڕیارەکەمان هەرگیز پاشگەز نابینەوە”. دووبارە لە برۆکسل هەمان شتی دووبارە کردەوە. ئەمەریکا لەلایەن خۆیەوە دووبارە هۆشداری دەدات، کە ئێراق پێوستی بە ئارامبوونەوە و سەقامگیری هەیە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی تێکچوونی ئارامی لە ئێراق و دەوروبەری. ئەو پێداگریە چەوت و هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری پرۆسەکە نەکات یا دژی بوەستێت، کوردستان ناتوانێ سەربەخۆ بێت. سەبارەت بە ئێراق، ئەمەریکا دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەیە. رێکراگری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمەریکا و رۆژئاوا پرسی لەپێشن، ئەگەر ببینن باری ئێستا بە هۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی خراپتر دەبێت، نەک هەر لایەنگری نابن، بەڵکو ڕێگەشی پێدەگرن.
هەموو گوتنەکان لەسەر ناتەبایی و ناکۆکی لەگەڵ گۆڕان، ئاماژە بە شەقبوونێکی کوشندە لە کۆمەلگەی کوردیدا دەکەن، ئەوەش تەنها بە خراپ بۆ ئەو کە خۆی وەکو سەرۆکی کورد سەپاندووە دەگەڕێتەوە. ئەو گوتنانە هەڵە و هەنگاوە نادیموکراسیەکانی ئەو بیر ئەوروپیەکان دەهێننەوە، ئەوەش دووبارە لەدەستدانی متمانەی ئەوروپیەکانە بەو. لای ئەوروپیەکان دەسەڵاتی رەوا ئەو دەسەلاتەیە، کە پشتگیری خەلکی هەبێت، پەرلەمانی هەبێت، حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، سوپای نیشتیمانی هەبێت، مافی مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێت و ئازادی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا هەبن، هەڵبژاردن بێ دواکەوتن هەبێت و ئاڵووێری دەسەڵات هەبیت. ئەوانە هەموویان لە ئێستادا بزرن. بنەماگرنگەکانی دەسەلاتێکی رەوا نین، یا لاواز و شەق و شڕن، بەمجۆرە بنەما گرنگەکانی ستات ئامادە نین.
گوتنی ئەوەی کە “گۆڕان شەڕی دژی داعش نەکردووە” فاولێکی کوشندەیە و گۆڵ لە خۆکردنە! ئەو خۆی بە ئەوروپیەکان دەڵێ، ئیمە سوپای نیشتیمانیمان نییە! هێزەکانی ئێمە هێزی میلیتس و حزبین و هەر حزبە لەسەریەتی هێزەکانی خۆی بنێرێ و شەڕبکات. ئەوەی ئەو شانازی پێوە دەکات، لای ئەوروپیەکان رەتکراوەیە! چونکە لەئەگەری دەسەڵاتی رەوادا حزبی چەکدار قەدەغەیە. لەئەگەری بوونی سوپای نیشتیمانیدا وابەستەیی حزبی بەلاوەدەندرێت و هێزی سەربازی وابەستەی حزب نابێت. بەرگری نیشتیمانی پێویستی بە بوونی سوپای بەهێزی نیشتیمانی هەیە، ئەو خۆی پێی گوتن نیمانە.
مەسعود بارزانی دەڵێ، بەدرێژایی مێژووی ئێراق کورد چەوسێندراوەتەوە، کۆمەڵکوژکراوە، تاوانی ژینۆسایدی ئەنفال و هەلەبجە و بارزانیەکان و فەیلیەکان ئاماژەیان بۆ دەکرێت. هەموو کوردێکی ئازادیخواز ئەو راستیانە دەزانن، دەسەڵاتدارانی جیهانیش ئەوە دەزانن، ئەگەر ئەنگۆ ئەوەتان دەزانی بۆچی لە ٢٠٠٣ دا چوونەوە ژێر سەرداری ئێراق، لە کاتێکدا بزوتنەوەیەکی خەڵکی سەرتاسەری داوای لێکردن ریفەراندەم لەسەر چارەنوس بکەن و مەچوونەوە بەغدا!؟ ئەگەر چوونەوە بەغدا، بۆ مافی چارەنوستان نەکردە بەندێک لە دەستوری ئێراقیدا!؟ ئەو خۆی دەستوری ئێراقی بێ ئەو مافە مۆرکرد. بێ گوێگرتن لە ڕەخنەگران لێکدانەوەیەکی چەوتی هەڵبژارد و بەدوای کەوت، کە لەو خاڵەی خوارەوەدا هاتووە.
ئەو دیسان ئاماژە بە دەستوری ئێراقی دەکات و دەڵێ لە دەستوردا نوسراوە “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن و بڕیارەکانی دەستور رانەگیرێت، ناتواندرێ وڵات بە یەکگرتوویی بمێنیتەوە”. لێرەدا دووخاڵ گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت: یەکەم: ئەو کە دەستورەکەی مۆرکرد ئاماژەی بەو رستەیەی دەستورکرد و ەکو مافی چارەنوس لێکیدایەوە و گوتی بە روونی مافی چارەنوس لەدەستوردا نوسراوە. ئێستاش ئاماژە بەو ڕستەیە دەکاتەوە و هەمان لێکدانەوەی هەڵە دووبارە دەکاتەوە. ئەو خاڵە واتای مافی چارەنوس ناگەیەنێت، جگە لە خۆی و لایەنگرانی کەسیتر ئەو ڕستەیە والێکناداتەوە. کاردانەوەکانی ئێراق لەمبارەیەوە ئەو تێگەیشتنە رەتدەکەنەوە. ئەگەر مافی چارەنوس لە دەستوردا هەبوایە، دەنوسرا کەوا کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و دەکرا ئاماژە بە کاتی ئەنجامدانەکەش بکرێت. ئەوە لەدەستوردا نییە. من کاتی خۆی لەکاتی دانوستانەکاندا پێش و دوای پەسندکردنی دەستور لەسەر ئەو خاڵەم نووسی. دووەم: دەڵێ “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن”! لە ئێراقدا لایەنە سەرەکیەکان بەپێی بەرژەوەندیەکانیان هەلسوکەوت دەکەن. کەس دەستور ناخوێنیتەوە، ئەگەر پێویستکات ئاماژەی بۆ دەکەن. راستە لایەنەکان ملکەچی دەستور نین، بەڵام ئەو خۆی یەکێ لەو لایەنە گرنگانە بووە کە پێشێلی ئەو دەستورەی لە هەمووان زیاتر کردووە کە خۆی مۆری کردووە. لە فیدرالیدا حکومەتە ناوچەیی یا هەرێمیەکان لەهەموو ئەو پرسانەی پەیوەیدنیان بە سەرەوری ستاتەوە هەیە ناسەربەخۆن، بەڵکو دەسەڵاتی ناوەندە خاوەنی دوا وتەیە. بۆنمونە سەبارەت بە کۆنتراکتە سەربەخۆکانی نەوت، پەیوەندیەکانی بە وڵاتانی دەرەوە بێپرسی بەغدا، هێنای سوپای تورکیا بێ پرسی بەغدا هتد. هەمووی پێشێلکارین لە دەسەڵاتی ناوەند، کە ئەو خۆی پێشتر رەزامەندی ملکەچی خۆی بۆ دەربڕیووە. هەبوونی مافی چارەنوس لە دەستور زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو، بەڵام کە ئەوە نەچەسپێندرا، ئەو چەکە دراوەتە دەست ئێراق دژایەتی هەر جوڵانەوەیەک بکات کە ئاراستەکەی جیابوونەوەیە.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، کە لە ئەگەری بوونی دەسەلاتی بەهێز و رەوادا، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بنەما بنچینەیەکانی ستات بێت و خاوەنی سوپایەکی بەهێزی نیشتیمانی بێت، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بڕیار بێت و سەرەوەری خۆی پاراستبێت، دەکرێ ئەو بەهێزیە پاڵنەری سەرەکی هەنگاوی سەربەخۆیی بێت، لەکاتێکدا کە مەترسی دەرکیش هەن. بەڵام باشوری کوردستان ئەوەشی نییە، مەترسیە دەرەکیەکانی زۆر بە کراوەیی هەن، نەک هەر ئەوە هێزەکانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستاندا بوونیان هەیە، سوپای ئێران بەپێی ئارەزووی رامیاری و سەربازی خۆی دێت و دەڕوا. دەزگای هەواڵگریەکانی تورکیا و ئێران خزاونەتە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان. ئەوجا ئەوەی خۆیان هێناویانە یا بەسەریاندا سەپێندراوە، یانیش لە ژێر ناوی دیکەدا و بەنهێنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن. هەموو بینیومانە لەسەر کێشەی نێوانیان چوونەتە تاران و ئەنقەرە، داوای پشتگیری و یارمەتیان لەوان کردووە.
14-7-2017