Skip to Content

ئێوارانە ٢٤.. سەردار جاف

ئێوارانە ٢٤.. سەردار جاف

Closed
by ئازار 27, 2023 General, Poems

ئەم ئێوارە ژنی چرا
ژووری سارایی و تەنهايمی پڕ کرد بوو لە ميلۆدی
ژاوەژاو و ئاپۆڕامی
بە پياسەی ئيسکان و شۆرجە سپارد
ناڵە و گرمەی لەشپروکێن
تابلۆيەکی ترسناکی شار بوو
خورپە و فرمێسکی
بۆ کانياوی بوخچەی گەڵاوەريوەکان دەنارد
باوەشم پڕ بوو لە مۆزيک
بە هەر کافييەک گوزەرم کردبا بە سيرەی چاو لێم دەڕوانێ
هەنگاوەکانم لەو شەقامە کپانە بوون
کە پڕ بوون لە شەڕی چاوانی
دار تووەکان لە لاساريم لێم بێزار بوون
پێکەوە مەيلمان کرد
لێوڕێژی بوو لە گەڵا و تووی باوانی
لە ساتە خەمينەکان
سێبەری بن مەمکەکانی بوونە سابات
بە دەم ڕێوە بووينە گرينۆکی دەم شەوانێ
کە دڵە کوتێ و لەرزينم دێ
هێلانەی دڵ واڵا دەکا و دەبمە ميوان ئەرخەوانێ
فرمێسکە بە خوڕەکانم ،
دڵۆپ دڵۆپ بە قژی سوور هاتنە خوارێ
پێڵوم لێكنا و نيشتمە سەر ناوچەوانێ
تەنيایی بە مێرگی ژينما تەی دەکرد و
ئەو سروودی ئەوينی بۆ دەگوتمەوە
سەرابێ بووم کە لە دوور را دەرکەوتم
ئەو هات و باوەشی خەندەی بۆ کردمەوە
خۆم لە خۆما ون و وەڕس
بە قريوە و قاقاکانی ئەو وەئاگا هاتمەوە
پوش و پەڵاشی دەم گێژەڵوکە بووم بە ئاسمانەوە
لە باڵەفڕەی جەستەيدا بە ئارامی نيشتمەوە
بە دەست خۆ نەبوو داسەکنيم
ماچ دوای ماچ بووم و هەموو لێويم بۆ شووشتەوە
ژنی چرا ژينە بە خەراپ و خاسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٦/ ٣ / ٢٠٢٣
ئەڵمانيا

Previous
Next
Kurdish