Skip to Content

پریشکەی ڕۆژە ئەفسونیە کان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

پریشکەی ڕۆژە ئەفسونیە کان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ئازار 7, 2021 General, Poems


خۆشبەختی،،
تیشکێکە خێرا تێپەڕئەبێ..
کاتێ ئێمە لە ژورە سپیەکانی..
منداڵیدا
هێشتا بەئاگا نەهاتووین!
چاوەڕوانیش..
کاتێ لێو وشکە بێ،،
بە شەرابی قەترانی مەرگ،
ئیتر خۆ هۆکار نیە،
لێرەدا پەیکەری بێهودەیی ..
لە ئامێز نەگرین!
ئەی ئەسپسواری ئەرخەوانیپۆشی کات،،
با کورتە گفتو گۆیەک دەربارەی..
هەڵفڕینی پەڕەسێلکە شینەکانی..
تەمەنمان کەین،،
چی ستەمە پەڕی تاوسی..
سەربڕاوی عیشق ،،،
لە ژورە خەواڵوەکانا هەڵگرین!
لە قووڵی تەنیایی بوونا!
بیرت ئەکەم،،،
ئەی هاوچارەنوسی..
سەر زەریای دوێنێ شەرابیەکان!
لە قوڵایی گڕکانی ..
چاوەڕوانیتدام..
پێش داڕمان بەرەو دۆزەخ!
ڕوی پرسیارم هەر لە تۆیە،
ئەی خانمی ڕەشپۆشی قەدەر،،
هیچ لە شارەکانی کات..
ڕاستی نین،،
هیچ لە ئاوێنە ئەفسونەکانی ڕوی تۆش،،
لەم جەنگەڵستانە نادۆزمەوە!
لەوانەشە گێژەنە سپێدەی خەمی دوریشت..
بە بارانی زەردی بێزاری،،
ژەهراوی بوبێ،،
بە گردە پڕ ئەشکەنجەکانی..
کاتژمێرەکانا دێمە خوار..
تا سنوری هەورە دەربازبووەکانی..
قەفەزە ئاڵتونیەکانی چاوانی تۆ،،
فریشتەی باران ئەبینم،،
چنگیان پڕ شەونمی نەهاتە،،
کچی باز ئەبینم!
لە خۆرئاوابونێکی قورمزیەوە،،
گڕی جوانی لە جەستەی خۆی بەرئەدا!
لە کەلێک لە ئافاتی،،
ئێستا دا، وێنەت ئەکێشم، قەشەنگ..
هەروەک چەمێک لە تەنیایی!
ئەی قەڵای خوێنی شیعر!
بۆ کەمتەمەنە،
بارانە ئەستێرەی خۆشبەختی.؟؟؟
ئەمەوێ بە دوا ڕێژنە بارانی گەنجێتی ..
خۆم مەست کەم و
ماچێک لەسەر کوڵمی هەورێک
لە شیعری بەد بنەخشێنم!
وانەیەک لە سۆفی ئاوەوە فێربم!
لە هاوارە شەپۆلی ڕووبار ڕێزئەگرم،،
و دوا حیکمەتی با،
لەسەر لەپی دەستم ئەنوسم،
من هەر بڕیارم داوە..
لەگەڵ تەقینی گولە تۆپەکانی..
جەنگیکی شێتانەی تری مرۆڤە بۆشەکان،،،
بەرەو شەپۆلە ئەرخەوانیەکان سەرهەڵگڕم،،
نامەوێ ئەوان بڕیاری مەرگیشم بدەن!
ئەی کاپتنی سەرکێش،،
وەک دڵی نەورەسم!
گوریسەکانی کەشتی خوێنی..
تەقیوی شاخوێنبەری زەریا،،
بەرەو قەڵا هەورە قورمزیەکان باڵاکێشکە!
لە ئەفیونی عیشقێکی ڕەهادا..
نازانم خەوتووم، یان مەرگم پۆشیوە!
با هەناسەی ئیبلیسی..
ئەم ساتەوەختە،،
هەڵپروکێنێ ،
گیاکانی درۆی ئەڤینێکی ساختە!
برسیەکان ڕزگارکە،
ئەی شیعری یاخی،،
بڕمێنە ئاسەواری کۆشک و تەلاری..
ئەوانەی قومریەکانی بێلانەکانی دنیا،،
ئەخنکێنن،،،
تریشقەکانی پایزێکە..
سپی سپی ، بە ئاگام دێنێ،،
ئەم جەنگەڵە ماشینە،،
ئەم گێژەنە ماشینە،،
باخچە سرکەکانی نێو چاوم ئە سوتێنێ،،
پەناگەیەک، ئەی شیعری بەدنەفرەت!
بەرەو فەلەکێ،،
لە نمە خۆشبەختی شین!
سەمەرەیەک با فێر بین..
لە ماتماتیکی ئەڤینی خاڵخاڵۆکەیەک،،
بۆ خۆرێکی جەستە گڕگرتوو تا ئەبەد!
شانازی گوڵە بەڕۆژەیەکیش،
پێش ئافاتی ڕەهێڵە پایز،،
بە ژەهری دابڕان لە هەتاو،
خۆی ئەکوژێ!‌
با بە نیگا ئاڵوگۆڕی ..
نامەکانمان بەردەوام بێ،
تۆیەک سەراپات ..
نورێکە لە یاخیبوون!
لێرەش نەبی، لەسەر کەنار..
بەردەوام خۆم پۆرترەیتی..
چارەنوسی خۆم ئەکێشم،،
من خۆم داهێنەری چارەنوسی خۆمم،،
ئەی خاوەنی گەلەرە وێرانەی مرۆڤایەتی،،
ڕۆح لمێکی ڕژاوە!!
هەر مرۆڤێک..
بە تەنیا، ،،
ڕوبارێکە لە هەنگوین و گڕ!
با بەم دەربەندی دۆزەخە،،
تێپەڕێ ڕۆحێ..
ڕوبارێک نیە،
مانگێک نیە،،
هانا نیە،،
پریشکە ی..
ڕۆژە ئەفسونیە تێپەڕیوەکان،،
لە ئامێز گرێ!

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەرەنسی
Claude Oscar Monet / Sunset on the Seine at Lavacourt

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish