Skip to Content

قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

Closed
by حوزه‌یران 29, 2023 General, Literature, Slider


ڕۆمانی “(ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە”

ناونیشانی توێژینەوەکە:

ئەگەر ورد ببینەوە لە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانی(ژنێک بەسەر مەنارەوە) ئەوە دەبینین هەموو کارەکتەرەکان ڕۆڵی قوربانی دەگێڕن بۆیە بە باشمان زانیوە”قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕۆمانی (ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە” وەکو ناونیشانی توێژینەوەکە هەڵبژێرین

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجی ئێمە لەم توێژینەوەدا، باسکردنی ئەو کارەکتەرانەیە، کە ڕۆماننووس وەکو قوربانی لە نێو ڕۆمانەکەیدا بەرجەستەیی کردووە، چونکە هەموو کارەکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە قوربانین.

پێکهاتەی توێژینەوەکە:

لەسەرەتادا چەمکی کارەکتەرمان ڕوون کردۆتەوە و پاش پێناسەی کارەکتەرەکانمان کردووە. بۆ زیاتر شارەزابوونی خوێنەر کورتەیەک لە ڕۆمانەکەمان باس کردووە، لە کۆتایدا باسمان لەو کارەکتەرانە کردووە، ڕۆڵی قوربانییان گێڕاوە لە نێو ڕۆمانەکەدا.

سنووری توێژینەوەکە:

سنووری توێژینەوەکە، لە نێوان وێژەوانی و کۆمەڵایەتی دایە، چونکە ڕۆماننووس باس لەو تاکانە دەکات، کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردییدا بوونەتە قوربانی دەستی ئەو ژینگەی کە تێدا ناچار کراون.

گرنگی توێژینەوەکە:

ئەم توێژینەوە، تەنها دەرخستن و دیاریکردنی قوربانی نییە لە نێو پانتایی ڕۆمانێکدا،
بەڵکو جگە لەوە توێژینەوە بێت لەسەر ڕۆمانێک، بۆ خۆی وەستانێکە لەسەر دیاردەیەکەی دیار و درککپێکراو لە کۆمەڵگەی کوردییدا، کە ئەوەیش قوربانی بوونی تاکەکانئ کۆمەڵگەیە

پێشەکی:

(شێرزاد حەسەن)یەکێکە لەو نووسەر و ڕووناکبیرانەی، بیرۆکە و نووسین و کۆڕ و دانیشتەکانی شایەنی تێڕامانن. ئەم نووسەرە، یەکێکە لە دیارترین ئەو نووسەرانەی کە داکۆکی لە مافەکانی منداڵان و ژن و خوێندکاران کردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمەکانی، ئەم تەمی گومانە لە ئاسۆی بینینماندا دەڕوێتەوە. لەم ڕۆمانەشدا، ڕۆماننووس ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی لە یاد نەکردووە و وەک هەمیشە ژنی لە نێو ڕۆمانەکەیدا وەکو قوربانییەک وێنا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا پێنووسی ڕەخنەگرتنی بەکار بووە بەرانبەر دەسەڵات و هەموو ئەوانەی پشکییان هەیە لە تێکدانی کۆمەڵگەی کوردیدا و شێواندنی لایەنە جوان و بەهادارەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، خۆمخۆری ڕۆماننووس بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و هەستکردن بە قوربانی بوونی هەندێک لە تاکەکان، پاڵنەرێکی گرنگ بووە بۆ نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە.

زاراوە و چەمکی کارەکتەر:

“کەسێتی هاوتای وشەی ‏(Kharassein)ئینگلیزییە”(رضا براهني،١٣٦٢:٢٥٠) بەشێوەییەکەی دیار نووسەران و ڕەخنەگرانی فارس، زۆرجار زاراوەی (شخصيت) بەکاردەهێن، کە بەرانبەر بە زاراوەی(شخصية) خۆی دەنوێنێت، لە زمانی عەرەبیدا. هەروەها لە زمانی کوردیدا جگە لە کارەکتەر (کەسایەتی،کەسێتی) پێدەوترێت، بەڵام ئەوەی زیاتر پای خوێنەران ئاشنا و دیار بێت، وشە خواستراوەکەیە.

”کارەکتەر ڕەگەزێکی دیار و گرنگ و پڕ بایەخی نێو دەقی ڕۆمانە. بۆیە ڕەخنەگران و نووسەرانی ڕۆمان بەجدی ئاوڕییان لەم سوژەیە داوەتەوە لە پاڵ ڕەگەزەکاتری ڕۆماندا”(هەردی حەسەن مەولود، عماد شوکور،٢٠٢١:٣٧) بێگومان ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان بریتیین لە: شوێن و کات و ڕووداو و گێڕانەوە و …، کە هەموویان پێکەوە کۆشکی ڕۆمان بنیاد دەنێن. هەر ئەوە نییە، کە کارەکتەر لە ڕۆماندا گرنگ خۆی هەبێت، بەڵکو”یەکێکە لە پایە گرنگەکانی چیرۆک و چیرۆکنووسین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەخنەگران و شارەزایانی بواری چیرۆک، کارەکتەر وەک یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی چیرۆک دادەنێن گرنگییەکی تایبەتی هەیە”(مهسا کمارج،ميثم مهاجر، ١٣٩٢:٦٢)

کارەکتەر بنچینەی هەموو گێڕانەوەیەکەی وێژەئامێزە و بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکان دادەنرێت لە نووسینەوەی ڕۆماندا. واتا نەبوونی کارەکتەر لە ڕۆمان کێشەیەکەی گەورەیە و ئەو دەقە وێژەیە دەخاتە بەردەم پرسیارێکی پڕ گفتوگۆ و ڕەخنەییەوە. چونکە هەر لە ڕێی کارکتەرەوە گفتوگۆ لە نێو ڕۆمانەکاندا دروست دەبن و پانتای و سنووری دەقە پەیتا پەیتا بەرفراوان دەکەن، تەنانەت زۆرێک لە ڕۆماننووسان پەنا دەبنە بەر کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا و پاش لە ڕێگەی زمانێکی وێژەیی بەرزەوە دادیدەڕێژن.

“بوونی کارەکتەر لە ڕۆماندا بەندە بەو وشە و ڕستانەی ڕۆماننووس لە چوارچێوەی ڕۆمانەکەدا دەردەبڕێت، چونکە بوونەوەرێکی ئافرێنراوی سەر کاغەزە، ژیانیشی بەندە بەو تێکستەی تێدا بەرهەم هاتووە چونکە لە دەرەوەی تێکستدا بوونی نییە”(عەونی ئەمین عومەر، ٢٠١٥:١٣)واتا نووسەر دروستکەری کارەکتەری ناو ڕۆمانەکەیە و بە کۆتایی هاتنی ڕۆمانەکە، کۆتایی بە ژیانی کارەکتەرەکە دەهێنێت.

دەستنیشانکردنی کارەکتەر پەیوەندی بەو ئەزموونەوە هەیە، ڕۆماننووس لەگەڵ ئەو ڕووداوەکانی ژیانی خۆی و ئەو ڕووداوانەوە هەیە.”هەر کاتێک نووسەر کارەکتەرێک هەڵدەبژێرێت یان دروستی دەکات لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو بیرۆکانە دەگونجێنێ کە لە هزری خۆیدان و لە ڕێگەی دەقەوە دەریاندەبڕێ، ئەو هزرانەش لە ڕێگەی قسەکردنی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێن یان لە ڕێگەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارانەی لە دەقەدا دەدەن و لە ڕێگەی ئەو ئەنجامانەی کە لە کۆتایی دەقەکەدا پێی دەگەن”(سەنگەر قادر،٢٠٠٩؛١٧٣)لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێت نووسەر زۆر وردبین بێت، لە هەڵبژاردنی تایبەتمەندی کلتووری و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەکتەرەکان، بۆ نموونە کە چێرۆکێک بە تام و چێژی کلتوور و نەریتی کوردەواری دەگەڕێتەوە، نابێت کارەکتەرەکان هەڵگری بەها و نەریتی کۆمەڵگەیەکەی تر بن.

داڕشتنی کارەکتەر بە دوو شێوەیە، یەکەمییان دەکرێت خەیاڵت بێت و بەرهەمی بیرۆکە و خەیاڵەکانی خودی نووسەر بێت، بۆیە لێرەدا دەکرێت کارەکتەرەکان نامرۆڤبن وەکو ئاژەڵ و جنۆکە و بوونەوەری نادیار، یان ئەو نامرۆڤانە خواستراوی مرۆڤێکی دیاریکراوی ڕۆژانەبن و نووسەر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە نەتوانێت لە ڕێگەی مرۆڤەوە بەرجەستەییان بکات، بەڵکو بەشێوەیەکەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەییان پێبدات. دووەمییان دەکرێت کارەکتەرێکی ڕاستی بێت و ژیانی ڕۆژنەدا بوونی هەبێت. هەرچەندە کارەکتەرە لە ڕاستییەوە وەرگیرا بێت و پەیوەندی بە واقیعەوە هەبێت، ئەوە نووسەر دەتوانێت بە پێی ئارەزووی خۆی دەستکاری لە کەسایەتییان بکات و هەندێک تایبەتمەندییان لێ زیاد و کەم بکات.

کارەکتەر ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە لە نێوان ڕۆماندا و” کەسایەتی بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، ڕۆڵیش دەبینیت لە دروستکردنی شوێن، چونکە شوێن بوونی نابێت، ئەگەر کەسایەتی بوونی نەبێت، لەبەر ئەوەی تەواوکەری یەکترن، هەروەها ڕووداویش لە ئەنجامی ئەو کارەی کەسایەتی ڕۆڵی تێدا دەبینێت و دروستی دەکات”( سنوور قادر فەرەج،٢٠١٢:٤٩)لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییە هەندێک لە کارەکتەرە لاوەکییەکان گەردوونی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکەی کات یان بۆ هەمیشەیی بەجێبهێڵن، بەڵام کارەکتەری سەرەکی ناکرێت بۆ تەنها ساتێکیش لە ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان دابڕێت، چونکە هەموو ڕووداوەکان لە دەوری ئەو شاکەسە دەخوڵێنەوە.

هەروەها دەکرێت کارەکتەرەکان مرۆڤ نەبن، چونکە” مەرج نییە کارەکتەر تەنها مرۆڤ بێت، نووسەر وا هەیە بایەخ بە کەسێتی زیندوو دەدات(سەگ، کەو، پشیلە، کۆتر) یان ڕووەک و درەخت و شتی بێگیان(الجماد)، وەکو درختێ بپەرسترێ، یان پردێک، یان گیانەوەرێکی میتالۆژی کە بۆ مەبەستی دیاریکراو، تەوزیفیان بکات.”(عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧:١٣) بە هەمان شێوە(حوسێن عارف)ی چیرۆکنووس جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە و دەڵێت”
هیچ چیرۆکێک بێ کەسانێک نابێت، کە باسیان لێوە دەکات، بەڵام با پێشەکی ئەوە بڵێم مەبەست لە کەسان تەنها ئادەمیزاد نییە، بگرە هەموو گیاندارێک و بگرە بێگیانیش دەگرێتەوە، ئەگەرچی لە ئەنجامدا گیاندار و بێگیانیش بە پێوەندی لەگەڵ ئادەمیزادا باس دەکرێن. چونکە هیچ ئادەمییەکیش لە چێرۆکەکەدا لە ئارا نەبێت
خۆ ئەوەی باس لە گیاندار و بێگیانەکانی تر دەکا نووسەرەکەییە، هەر ئادەمییە و هەر زادەی بیر و هۆش و نەستی و هەستی ئەوە، دادڕێژێتە سەر کاغەزی سپی و دەبێ بەو چێرۆکە.”(حسێن عارف،٢٠١١:٢٦٥)کەواتە ڕۆمانووس دەتوانێت گەڵێک تایبەتمەندی مرۆڤانەیان تێدا بەرجەستە بکات، بە شێوەیەک تایبەتمەندی ئەو ئاژەڵ و بونەوەرانە، لەگەڵ تایبەتمەندی مرۆڤدا بتوانێت شڕوڤە بکرێت و سەر لە خوێنەر نەشێوێنێت، بۆ نموونە؛ کە وتراو کۆتر و کەروێشک خوێنەر بزانێت هێمایە بۆ قوربانی و بێدەسەڵاتبوون و کە وترا ڕێوی بزانرێت ئاماژەییە بۆ فێڵکردن و فریودان.

“بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ چەمکی کەسێتی لەوەدا کورت بکەینەوە، کە: بریتییە لە سەرجەم ئەو ڕەمەك و حەز و ئارەزوو و ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵوێستە جیاجیایانەی کە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەشێوە ماددیی یان مەعنەوییەکەی، تاکەسی پێ دەناسرێتەوە، ئەمەش بە پێی جیاوازیی هەڵوێستە مرۆییەکان و بە پێی کات و شوێنەکان گۆڕانی بەسەردا دێت”(ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٨:١٨)

کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە:

ڕۆمانی ( ژنێک بەسەر مەنارەوە) یەکێکە لە بەرهەمە دیار و بەرچاوەکانی نووسەری ناوبراو. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، تەواو ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردین و بەشێکن لەو ستەم و نادادیانەی بەرانبەر بە ژن و ئاژەڵ دەکرێت. ڕۆمانەکە سێ کەسێتی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١.شادی: کەسێتی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و لە هەمان کاتدا قوربانییە، واتا لەسەرەتاوە ڕۆڵی قوربانی دەگێرێت، چونکە لایەنە بەهرام خاڵۆزاییەوە پەردەی کچینێ لە دەست دەدات و پاشان بەهرام بێباکانە پشتی تێدەکات. لە قۆناغی دواتردا، لەبەر ئەوەی بەرانبەر بەو هێز و دەسەڵاتەی پیاو دەوستێتەوە لە کۆمەڵگەدا، کە هەموویان دەیانەوێت ئەو منارە بروخێنن، وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت.

٢.بەهرام: خاڵۆزای شادییە و وێنەی نێری بێباک و هەوەسبازی نێو کۆمەڵگەی کوردییە. بەهرام دوای ئەوە شادی لە کچەوە دەکات بە ژن، بەهۆی هەڵەیەکی هەرزەکارییەوە، کە دووچاری هەردووکییان دەبێت، بێ ئەوەی گوێ بدات بەوەی کە نەمامێکی چاوەڕوانی ڕواندووە، لە خاکی پڕ وشکەڵان و قەیرانی سۆزدا بەجێدەهێڵێت و کۆچ دەکات بەرەو ئەوروپا. دوای ماوەیەک مانەوەی لە هاندەران، دەگەڕێتەوە، بەڵام پاش چی؟! هاتنەوەیەک کە تامی نامۆیی لێ دێت و تفی چاوەڕوانی لە دەمی ئەڤیندا دەمێکە وەکو کانییەکەی مردوو وشکی کردووە.

٣.هۆمەر: پیاوێکی بە تەمەن و شۆڕشگێرێکی جەربەزە و دەست بە چەکی سەردەمی خۆی بووە. بەڵام ئەم کەسێتییە، لە کۆندا ئەو کاتانەی لە شاخ بووە، ژەهرخوارد کراوە. ئەم پیاوە بەتەمەن دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (شادی)یەوە، بەڵام خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد، هەربۆیە (هۆمەر) نموونەی پیاو عاشق و ڕاستگۆ و نهێنیپارێزە، چونکە ئەو دەمەی شادی ڕاستییەکانی بۆ ڕوون دەکات و پێ دەڵێت ئەو کچ نییە و ژنە, سەرەڕای ئەوەش هەر ڕازی دەبێت و ئامادەییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.

٥.پەری: ئەم کەسێتییە، خوشکی بچووکی (شادی)یە و کەمترین ڕۆڵی هەیە، لە چاو کەسێتییەکانی تر. زۆرتر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت.

کورتەی ڕۆمانەکە:

کچێک بە ناوی (شادی)یەوە بەهۆی هەڵەیەکی سەردەمی هەرزەکارییەوە پەردەی کچێنی لە دەستدەدات و ئەوەی کەسەی کە پەردەی کچێنی پێ لە دەستداوە، (بەهرام)ی خاڵۆزایەتی و بە هەر هۆکارێک بێت، ئامادە نییە هاوسەرگیری بکات، پاش ئەم ڕووداوە، ئیتر (شادی) لە نێو دۆزەختێکی تەژی لە توانج و قسە بۆ هەڵبەستن و بوختان بۆ کردن بەڕێ دەکات، ژیانێک، کە مردن سەدکەڕەت لەو بە بەزەیتر و بەسۆزترە. (شادی) بۆ هەڵهاتن لەو برینە هەمیشەیی و نەبڕاوەکەی، جار ناجارێک بە بیانووی میزپێکردنەوە دەستی (پەری) خوشکی دەگرت و لە چۆڵاونەیەکدا، تێر دەگریا و بەزەیی بە چارەنووسی خۆی دەهاتەوە. هەروەها بە ناچاری بۆ ئەوەی هەندێک لە خەم و شکستەکانی بڕوێنێتەوە، پەنای بردە بەر وێنەکێشان و وێنەی هەموو ئەو پەپوولە و باڵدارانەی دەکێشا، کە بە دەستی بەهرام و ڕاوچییەکانیتر ڕاو دەکران. هەر بۆیە هەندێکجار هونەر دەبێتە دەرچەکەیەک بۆ بەرەڵابوونی خەم و ئازارە پەنگخواردووەکانی مرۆڤی هونەرمەند؛ (شادی) هەمیشە وێنەی ئەو پەپوولە و مەلانەی دەکێشا و سوودی لە ئەزموونە ئازاراوییەکانی خۆی وەردەگرت و برینی خۆی لە نێو برینی باڵندە پێکراوەکان دەدۆزییەوە و دەیکردن بە تابلۆ.

دوای چەند ساڵێک مانەوە لە نێو گۆشەی تەنیایی و کولانەوەی دەروون و دادوبێدادی کپ و بێسروە و ناڵەی نەبیستراودا، دوای ئەو هەموو خولانەوە لە بۆشایی بێئومیدی و تاریکی چارەنووسدا، (هۆمەر) وەک فریشتییەکی ڕزگاکەر پەتی خۆشەویستی شۆڕ دەکات و (شادی) لە دۆڵی تاریکی و شکست و بێکەسیدا دەکێشنێتە سەرەوە و دەیگرێتە خۆی و بەڵێنی پێ دەدات، ئەم نهێنیە لە سینەیدا نقوم بکات بۆ هەتاهەتاییە. تاکە هۆکار وایکردبێت کە (هۆمەر) بە (شادی)ڕازی بێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، خۆشەویستییە. هەر وەک هۆمەر خۆی دەڵێت: (عەفووم کە خودا شاهیدو خۆشەویستی ئەوەم پێ دەکات) لێرەدا، گەورەی و مەزنی خۆشەویستی دەردەکەوێت، کە دەتوانێت مرۆڤێك لە مردن و ئابڕووچوو ڕزگار بکات. (هۆمەر) کە پێشمەرگەیەکی دیرێنی سەردەمی شاخ بوو، کاتی خۆی ژهرخوارد کرا بوو، ئەم ژەهرە کوشندەییە، بە تەواوی لە جەستەیدا بڵاوبوویەوە و پزیشکەکان، پێیان ڕاگەیاند بوو، کە چارەسەری نییە. پاش ماوەیەک (هۆمەر) دەمرێت و (شادی) بە تاقی تەنیا لەو حەسارە گەورەیەدا دەمێنێتەوە و شادی بەهێزیکی ژنانەوە، بەرانبەر ئەو هەموو شۆڤڵ و دەوڵەت و دەسەڵاتەوە دەوستێتەوە و شەڕی ڕووخان و نەڕووخانی ئەو مەنارەییە دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا، لەم شەڕەدا شکست دەهێنێت و دەکەوێتە ژێر زبر و زلە و زەنجیری نەیارەکانیی.

پێویستە ئەوەش زیاد بکەین، کە ڕۆماننووس لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا ئاماژەی بە ماوەی نووسینەکە کردووە، کە لە نێو ساڵانی(٢٠٠٥-٢٠١٠) ڕۆمانەکەی نووسیوەتەوە، واتا ماوەی نووسینەکەی پێنج ساڵی خایاندووە.

قوربانی و قوربانیدانی کارەکتەرەکان لە (ڕۆمانی ژنێک بەسەر منارەوە):

قوربانیدان بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی کۆمەڵگەکانی جیهاندا، بە تایبەتی ئەو کۆمەڵگانەی کە قوربانی دەستی سەرکوتکردن و داگیرکاری بوونەتەوە، چونکە کۆمەڵە کەسانێک لەو کۆمەڵگەیانەدا، لوتبەلوتی ئەو داگیرکارییە وەستاوەنەتەوە و قوربانییان داوە لە پێناویدا، لە ئەنجامدا هەم خۆیان دەکەنە قوربانی، هەم دەوربەرییان، بەتایبەتی خێزانەکانیان، چونکە هەمیشە دژەشۆڕشەکان، بۆ توانەوەی شۆڕشەکان خێزانەکانی شۆڕشگێرەکان وەکو قەڵغانێک بەکاردەهێنن.

جگە لەمەش، کۆمەڵێک نەریت و کلتووری چەوت و خراپ هەن لە نێو کۆمەڵگەدا، کە تاکی یاخی یان ئەو تاکەی خووی یاخیبوون لە گیانی دایە، هەوڵ دەدات، ئەو نەریتە خراپ و زیانبەخشە کاڵ بکاتەوە، کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەری ڕێککەوتووە، جا لەم دۆخەدا تاکی یاخی هەڵوێست وەردەگرێت و دژی ئەو نەریتە دەوستێتەوە و بۆچوونەکانی دەردەبڕێت، لە بەرانبەر ئەمەشدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە ڕەزامەند نابن نەو بۆچوونانەی کە کەسی یاخی بە نێو کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکاتەوە، دووچاری سزای کۆمەڵگە دەبێتەوە و دەبێت بە قوربانی بۆچوونە جیاوازەکانی.

زۆرێک تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، هەمیشە ڕۆڵی قوربانییان بینیوە، چ لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەدا، یان لە ژێر کاریگەری زبروزەنگی بێگانەدا بێت. لە هەندێک کۆمەڵگەدا، بێهێزی و بەهێزی ڕۆڵ دەبینێت لە قوربانیبوون، واتا ئەو کەسەی خاوەن پێگە و توانا و هێزێکی کەم و لاواز بێت، دەکرێت لە بچووکترین دەرفەتدا بکرێت بە قوربانیی. لە کۆمەڵگەی ئێمەش، ژن بەهۆی ئەو پێگە لاوازەوە پێی دراوە، هەمیشە ڕۆڵی قوربانی بینیوە. (شادی)یش وەک هەندێک نموونەی قوربانی ژن دەردەکەوێت لە ڕۆمانەکەدا، چونکە هەمیشە وەک نێچیرێک سەیر دەکرێت لەلایەن نێرەکانەوە, بە تایبەتی ئەو دەمەی (هۆمەر) لەسەر جێگەیە و هاوڕێیانی سەردەمی شاخی دێنە سەردانی هۆمەر و بە چاوێکی هەوەسبازانەوە لێی دەڕوانن، کەواتە (هۆمەر) لەبەر لاوازبوونی پێگەکەی لە سەردەمی شاخ و شۆڕشەوە ژەهرخوار کراوە. هەروەها(بەهرام)یش بۆ خۆی قوربانی ئەو دۆخ سیاسییە بوو، کە لەو ماوەیەدا هاتە پێشەوە و بەهۆی بێدەسەڵاتی ونەبوونی توانایی گۆڕانکاری کۆچی کرد. بەشێوەیەکەی گشتی دەتوانین قوربانییەکان لەم چەن خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:

١.ژن وەکو قوربانی:

“ژن وەکو یەکێک لەو بونەوەرە کۆمەڵایەتییە گرنگانەی، کە بەدرێژایی مێژوو زیاتر لە پیاو جێگای مشتومڕە لە ڕووی جیاوازی و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەکەی دیکەش ئافرەت دەبێت پێکهاتەیەکەی جیاواز لە کۆمەڵ، لەوانە قەیرە کچ و بێوەژن، کە هەریەک لەوانە وێنەی جۆری تێڕامان و دیدی جیاوازی پێویستە، زیاتر لە پێکهاتە و توێژەکانی تری مرۆڤ”(هەڵمەت بایز ڕەسوول،٢٠١٢:١٩٩)
هەر لەبەر ئەم گرنگیدانەیە چەمکی فیمنێزم وەک چەمکێکی ڕزگارکەری ئافرەت خۆی ناساند و هاتە پێشەوە. ئەم چەمکە بە مەبەستی”جەختکردن لەسەر دیاردەی شوێنەواری بن دەستی ژن لە کۆمەڵگەدا و ئەو جیاوازیەی کە ژنان لە بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵی بەرانبەر دەکرێتەوە. دەکرێ وا دابنێین کە تەواوی چەشنەکانی فیمینزم مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو جیاوازیانەیە و لە ئاکامدا زاڵبوون بەسەریدا, خوازیاری گۆڕانکاری گەلێ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕامیاری و کەلتووری دایە”(عەباس ساڵح عەبدوڵڵا،٢٠٠٧:٤٦)

لە ڕابردوودا تاڕادەیەک ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵی قوربانی دەگێڕا.” چونکە ئێمە لەو باوەڕداین، کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردییدا ڕۆڵی نەرێنی هەیە، بەداخەوە ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێ کاریگەری ناکوردییەوە, کە لە بنەڕەتدا لە شارستانییەت و گەلانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە، دیارە ئەمەش بەهۆی هاوسێتی نێوان ئەو نەتەوانەیە”(د.بدرخان السندي،٢٠٠٢،١١٧).دیارە (شادی)ش وەک قوربانی دەستی کۆمەڵگە و قوربانی دەستی خاڵۆزاکەی کە بۆ چێژ وئارەزوویەکی کاتی بە ژنی کرد، یەکێکە لە دیارترین کارەکتەرەکان کە ڕۆڵی قوربانی بینیوە، (شادی) لەم ڕۆمانەدا، بە سێ قوناغدا تێپەڕیوە: کچێتی و ژنێتی و بێوەژنی. پێش ئەوەی پەردەی کچێنی لە دەستبدات لەلایەن (بەهرام) خاڵۆزاییەوە کرا بە ژن، هەروەها بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ هۆمەر و پاش ماوەیەک لە مردنی هۆمەر بێوەژن دەکەوێت. (شێرزاد حەسەن) لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت ئەوەمان پێبڵێت:(تەنها ئەوە نییە ئافرەتی کورد لە قۆناغێکی تەمەندا داماو و قوربانییە، بەڵکو دەکرێت لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵی قوربانی بگێرێت). چونکە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی لەبارترین کەشوهەوایە بۆ دروستکردنی قوربانی و کەوتنە ژێر خۆڵوخاشاکی ئەوانی ترەوە.

٢.گەنج و لاو وەکو قوربانی:

“دیاردەی کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردە دێرینانەی کە بە درێژایی سەدەکان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ مرۆڤدا بەردەوام بووە. جۆرێکە لە چالاکی سروشتی مرۆڤ لە کۆنەوە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، لەوانە سیاسی، ئابووری ، هۆکاری ئایینی، ئاسایش، زانستی، یان بەهۆی ململانێی تائیفی، ئەو، لە کاتی کردەی تیرۆر، یان کەمکردنەوەی ئێمە، پەیوەندی بە هەڵاتن، ململانێ، شەڕ، کارەساتی سروشتی، دروستکراوی مرۆڤ، ستەم، ستەم و دڕندەیی هەیە.”(ا د جبار علی جمال الدين،٢٠٢١:١٦٥). زۆرجار دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە، وا لە گەنجان دەکات کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات. (بەهرام)یش، قوربانی ئەو دۆخە ڕامیارییە بوو، کە لەو سەردەمدا هاتە پێشەوە و زۆرێک لە گەنجانی کورد ملییان نا بە ڕێگەی کۆچەوە و لە هەواری بێکەسی و نامۆیدا گیرسانەوە. کەواتە جگە لەوەی (بەهرام) (شادی) کردۆتە قوربانی، لە هەمان کاتدا خۆی قوربانی ئەو باردۆخێک خراپتر بووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە زۆرێک لەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی کوردییدا دەوربەرەکانیان دەکەن قوربانی، بەهۆی نائاگایی و ساویلکەییانەوە، بۆ نموونە لە بابەتی دوژمنداریدا ئەندامی خێزانێک دەکوژرێت بە هەر هۆکارێک بێت، ئەو خێزانەش لە تۆڵەکردنەوە خۆیاندا، ئەندامی خێزانەکەی تر دەکوژن، کە ڕەنگە هیچ پەیوەندی بەو تاوانەوە نەبێت.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاڵنەری کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کاریگەرییان لە بونیادنانی کەسێتی قوربانی هەیە، وەکو لە هۆکارە خودییەکان. بێگومان هەر دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بووە، کە بەهرامی ناچار کردووە کۆچ بکات، نەک بۆ ئارەزوو و هەوەسی خۆی کۆچی کردبێت.

٣.قوربانی دەستی شۆڕش:

کەم نووسەر هەیە وەک (شێرزاد حەسەن)لە دونیای نووسیندا ئەوەنە خۆڕاگر و بێباک بێت بەرانبەر بە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و لێیان سڵ نەکاتەوە.وەکو نووسەر خۆی دەڵێت” هەمیشە وابووە کە نووسەری کورد لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسیدا خۆی بچووک بینیتەوە، لەت و پەت بوونی هەر پابەستی عەقڵی خێلەکی یە، حیزبیش لێرە هەمان پێکهاتەی خێڵە، ڕۆشنبیری نەیوێراوە بە تەنها لە دەرەوەی خێڵ بە تەنیا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، هەمیشە لەبەردەم سیاسی دا پاشکۆ و شەرمن بووە”(هیوا قادر،٢٠٠٢:٣٣)

شۆڕش لە ئاستی نەتەوەیی و ڕامیاریدا، ڕابوونێکە یان هەستانێکە کە بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر یان دەسەڵاتێکی خۆسەپێن دەیکەن. ئەو کەسانەی کە شۆڕش دەکەن، پێیاندەوترێت شۆڕشگێر، لە هەمان کاتدا قوربانیدەرن، چونکە قوربانی دەدەن لە پێناو ئازادییەک کە پێویست بۆ کۆمەڵگو و نەتەوەکەیان هەبێت. لەم ڕۆمانەدا (هۆمەر) وێنەی قوربانی نەتەوایەتی و دروشمە فریودەرکانی سەردەمی شاخ و شۆڕش و شکۆمەندی و شەڕەفە، چونکە ئەو هەر لەوێدا ژەهرخوار کراوە لە ڕاستیدا، ڕۆمانەکە بازنەیەکە لە دەوری قوربانی و قوربانیدا دەخوڵێتەوە، تەنانەت پەپوولە و مەلە کوژراوەکانیش قوربانی دەستی ڕاوکردنن و لە هەمان کاتدا، مەنارەکەش وەک شوێنەوارێک قوربانی دەستی ئەو پشتگوێخستن و نۆژەن نەکردنەوەیە، کە دووچار بۆتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

١.لە باسکردنی بابەتی یەکەمدا، گەیشتین بەو ئەنجامەی کە کارەکتەر ڕۆڵ و گرنگییەکە بێ ئەندازەی هەیە لە بونیادی ڕۆماندا، بە جۆرێک هیچ ڕۆمانێک بەردەر نییە، لە بوونی کارەکتەر.

٢.لەم توێژینەوەدا، گەیشتین بەوەی بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی ڕۆماننووس لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردییدا هەیەتی و ڕەچاوی ژیانی پڕ ناهەمواری کردووە، تایبەتمەندییەکەی قوربانی داوەتە پاڵ سەرجەم کارەکتەرەکان.

———————————————-

سەرچاوەکان:

١.هەردی حەسەن مولود، عماد شوکور محمود، ٢٠٢١، بنیاتی کارەکتەر لە چیرۆکی(کوتری سپی)ی فرات جەواهیری و ڕۆمانی(بووە کوێر)ی سادق هیدایەت، ournal of the University of Garmian 8 (1), 2021J.

٢.عەونی ئەمین عومەر،٢٠١٥، بنیاتی کارەکتەر لە دوو ڕۆمانی (فەرهاد پیرباڵ) بە نموونەی(مولازم موحسين و شتی تریش)و(هۆتیل ئەوروپا) نامەی ماستەر، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.

٣.عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧،بەرەو ئاستانەی ڕۆمان و گۆشەنگیاکان،چاپی یەکەم دەزگا و پەخشی سەردەم، هەولێر.

٤.سەنگەر قادر شێخ محەمەدحاجی،٢٠٠٩، بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی(مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی(شاری مۆسیقا سیپیەکان)ی بەختیار عەلی دا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، دهۆك.

٥.هیوا قادر،٢٠٠٢، «ئەو پیاوەی لە توڕەشیدا جوانە»گفتوگۆ لەگەڵ شێرزاد حەسەن، چاپی یەکەم گۆڤاری ڕەهەند، ستۆکهۆڵم.

٦.هەڵمەت بایز ڕەسووڵ،٢٠١٢، ڕەهەندی دەروونی لە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەندا،چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، هەولێر.

٧.سنوور قادر فەرەج، ٢٠١٢تەکنيک لە کۆمەڵە چیرۆکی گوڵی ڕەشی شێرزاد حەسەندا، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی.

٨.حسەێن عارف، ٢٠١١نووسینەکانم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا،چاپی یەکەم چاپخانەی ئاراس، هەولێر.

٩.شێرزاد حەسەن، ٢٠١٥، ژنێک بەسەر منارەوە، چاپی یەکەم چاپمەندی مانگ،بانە.

١٠.ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٩، ڕوانگەی ڕەخنە و ڕوانینی تێوریی،هەولێر

سەرچاوە عەرەبییەکان

١. م.د. جبار علي جمال الدين، ٢٠٢١،الهجرة الدولية وآثارها على العراق،کلية العلوم السياسية/ جامعة الكوفة

٢.د.بدرخان سندي، ٢٠٠٢، المجتمع الکردي،مطبعە الاولی، منشورات ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فارسییەکان

١. مهسا کمارج، ميثم مهاجر، ١٣٩٦شخصیت پردازی در داستان فرود، فصلنامهی تخصصی تحلیل و نقد متون زبان و ادبیات فارسی.

٢.رضا براهنی،١٣٦٨،قصە نویسی، چاپ چهارم, تهران.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish