Skip to Content

یەکەمی سەر ئاستی هەرێم لەچی؟.. لەتیف ئەمین

یەکەمی سەر ئاستی هەرێم لەچی؟.. لەتیف ئەمین

Closed
by ته‌مموز 4, 2023 General

یەکێک لە ئامانجەسەرەکییەکانى پرۆسەى پەروەردە، فێربوونە، پێگەیاندن و ئامادەکردنى قوتابى بیرکەرەوە و هزرمەندە. ئەرکی سیستەمی پەروەردە ئەوەیە، کە قوتابییەک پێبگەیەنێت، خاوەن عەقڵێکی کراوە و بیرکردنەوەیەکی ڕۆشن بێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگە و ژیانی هەبێت. پەروەردەی باش و پێشکەوتوو ئەو پەروەردەیەیە، کە مرۆڤ فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و تێڕامان بکات، مرۆڤێک ساز و ئامادە بکات، کە عەقڵێکی کراوەی هەبێ و مرۆڤ لە چەقبەستوویی و داخران و دواکەوتوویی ڕزگار بکات. باشترین پەروەردە و سیستەمی فێرکاری ئەوەیە، کە قوتابی فێری پرسیار و گەڕان و گومان و لێکۆڵینەوە و بنکۆڵکاری بکات.
دەرچوون و پەڕینەوە لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکى تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر، بەبێ فێربوون و تێگەیشتن، دوورە لە ئامانج و پرەنسیپەکانى پەروەردە. دەرچوونى لەم چەشنە، جگە لە تەمبەڵکردنی قوتابی، لە ئاییندەدا کێشە و گرفتى گەورە بەدواى خۆیدا دێنێت. هەموو کاتێ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەرز و باڵا و گەیشتن بە کۆتا قۆناغەکانى خوێندن، بە ماناى سەرکەوتن و پێشکەوتن نایەت، بەماناى زیرەکى و ئاستبەرزى نایەت. ئێمە دەبێ سەیرى بەرهەم و ئەنجام و دەستکەوتەکانى ئەم دەرچوون و بڕوانامە و خوێندنانە بکەین، داخۆ هیچ سوود و قازانجیان بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتى هەیە؟ دەبێ بپرسین، هەڵگرانى ئەم بڕوانامانە توانیویانە کێشە ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى و پیشەسازى و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان چارەسەر بکەن؟
ساڵانە هەزاران قوتابی لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە بەهۆی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، نەوەک نمرەی بەرز بەدەست نەهێنن و لە کۆلێژەکان وەرنەگیرێن. لە کۆلێژەکانیش هەموو چاویان لە پزیشکییە! خێزانەکانیش تووشی ترس و تازیەباری دەبن. لەکۆتاییدا و لەکاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، هەزاران قوتابی بێئومێد دەبن و تووشی لۆمە و سەرکۆنەی خێزان و کۆمەڵگە و مامۆستاکانیان دەبنەوە، لەبەرئەوەی نمرەی بەرزیان بەدەست نەهێناوە. زۆرجار بینیومانە قوتابی لەبەرئەوەی نەیتوانیوە نمرەی بەرز بەدەست بێنێت، پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە. قوتابی هەیە پەنا بۆ گزیکردن(غەش) دەبات. لەلایەکی دیکەش، چەندین مامۆستا و خێزان و خوێندنگە، شاگەشکە دەبن و لەخۆشییان باڵ دەگرن، لەبەرئەوەی قوتابییەکانیان نمرەی بەرزیان هێنایە، یان یەکەمی سەر ئاستی هەرێمن. ڕاگەیاندنەکان بەگەرمی ڕووماڵی ئەم بابەتە دەکەن و ماڵ بە ماڵی ئەو قوتابییانە دەگەڕێن، گوایە بەرزترین نمرەیان بەدەست هێناوە و یەکەمی سەر ئاستی هەرێمن! یەکەم لەچی؟ لە دەرخکردن و نووسینەوەی بابەتەکان وەکو خۆی. چی پێ گوتراوە و چی خوێندووە و بیستووە، تووتی ئاسا، وەکو خۆی دەیڵێتەوە. کوا داهێنان و دۆزینەوەی ئەو یەکەمانە؟ مەبەستی ئێمە سیستەمی فێرکاری و ئەو دید و دونیابینییەیە کە دەستکەوت و سەرکەوتن تەنها لە بڕوانامە و نمرەی بەرز دەبینێتەوە.
لە ڕاستیدا، هەتا ئێستا سیستەمى فێرکارى و وانەگوتنەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆر کۆن و کلاسیکییە، هاندەر و هاوکار نییە بۆ ئەوەى قوتابى بیربکاتەوە و تێڕامان و تێگەیشتنى بۆ بابەت و پرۆگرامەکانى خوێندن هەبێ. خودى پرۆگرامەکانیش بە ڕادەیەکى زۆر، بیرکردنەوەى قوتابى پەک دەخەن، قوتابى سست و ناچاڵاک دەکەن.
لە سیستەمى فێرکارى قوتابخانەکانى ئێمەدا، تێگەیشتن گرنگ نییە، فێربوون ئامانجە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو دەرچوون و دەربازبوون خەمە گەورەکەیە. بۆ دەرچوونیش پشت بە لەبەرکردن(دەرخکردن) دەبەسترێت.
لەلاى ئێمە، تێگەیشتن و فێربوون شتێکى لاوەکییە، گرنگ ئەوەیە دەربچى و نمرەى بەرز بەدەست بێنى، بڕوانامەى باڵات هەبێ. لێرە لە کۆتایی ساڵ، کەس بە قوتابى ناڵێ ئەرێ چی فێربووى؟ چى تێگەیشتى لەماوەى ئەو ساڵەى خوێندنت؟ هەموو پرسیارى دەرچوونى لێ دەکەن، داوای نمرەی بەرزی لێ دەکەن.
سروشتى مرۆڤ وایە، مێشکى مرۆڤ تواناى هەڵگرتن و هێشتنەوەى ئەو هەموو زانیارییەى نییە کە تێی ئاخنراوە. ئێمەى مرۆڤ کە هەر زانست و زانیارییەک وەردەگرین، ئەگەر بۆ ماوەیەکى زۆر لە یادگەمان بمێنێتەوە و کارى پێ نەکەین و لە ژیانى ڕۆژانەماندا بە کاری نەهێنین، بەرەبەرە ئەو زانیارییانە لەبیردەکەین و لە هزرماندا نامێنن.
ئێمە هەر لە سەرەتاى قۆناغەکانى خوێندنمان تا زانکۆشمان تەواو کرد، زۆر بابەت و زانیارى جیاوازمان لەبەرکرد، زۆر پێناسە و ژیاننامەى کەسایەتى و نووسەر و شاعیرانمان لەبەر کرد، بەڵام زۆربەیانمان لەبیرکرد. لە وانەى عەرەبى، زۆر دێڕە شیعرى شاعیرانی کلاسیکمان لەبەرکرد، بێئەوەى لێیان تێبگەین، هەمووشمان لەبیر کرد. تەنانەت مامۆستاکان ئینشای عەرەبییان بۆمان دەنووسییەوە دەیانگوت لەبەری بکەن، دایەلۆگی ئینگلیزیمان لەبەردەکرد، بێئەوەی لێی تێبگەین! چ پێویست دەکات، قوتابى لە قۆناغى بنەڕەتى و ئامادەیی، ئەوهەموو بابەتە وشک و ڕەقانە لەبەربکات، کە ڕەنگە هەر لێی تێنەگات؟
لەبەرکردن بێ تێگەیشتن، هیچ سوودێکى نییە، تەنها بەدەستهێنانى نمرەى بەرز و ڕەزامەندى مامۆستا و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نەبێ. زۆر لە مامۆستاکان دڵخۆش دەبن، کاتێک قوتابییەکانیان بەباشى وانەکانیان لەبەر دەکەن. کاتێک مامۆستا پرسیار لە قوتابییەک دەکات، سەبارەت بەو بابەتەى کە خوێندوویانە، بۆئەوەى هەڵسەنگاندنى بۆ بکات، کاتێک قوتابییەکە وەکو بولبول بۆى دەخوێنێ، پیت بە پیت و خاڵ بە خاڵى بۆ دەڵێتەوە، مامۆستاکەى زۆر ئاسوودە و ئارام دەبێ، نمرەى هەڵسەنگاندنى قوتابییەکەش بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمە فێرکردن نییە، بەڵکو ئەمە تەمبەلکردنى قوتابییە، ئەمە تێنەگەیاندنى قوتابییە، ئەمە نەوروژاندن و نەهەژاندنى عەقڵی قوتابییە، ئەمە پووکاندنەوەی مێشکی قوتابییە، ئەمە تواندنەوەی تواناکانی قوتابییە. بە لەبەرکردن قوتابى ناتوانێ پێش بکەوێ، قوتابى فێرە داهێنان نابێ. لەم جۆرە سیستەمەدا.
قوتابى ئەو وزە و توانا و بەهرە و سەلیقەیەى کە هەیەتى، هەمووى بۆ لەبەرکردنى بابەتەکان و ڕەزامەندى مامۆستاکان بەکاردێنێ. هەر کاتێکیش قوتابى بابەتەکان باش لەبەر نەکات، یان وەکو خۆیان نەیاننووسێتەوە لە تاقیکردنەوەکان، بە دڵنیاییەوە، ڕووبەڕووى ڕەخنە و هەڕەشە و لۆمە و سەرکۆنەى مامۆستا دەبێتەوە، لەوانەیە تووشى توندوتیژى و ئازاردانى جەستەیی و دەروونیش بێتەوە.
هەر لەبەر ئەوەیە، زۆر جار قوتابى هەوڵى قۆپیەکردن(غەش) دەدات. کاتێک داواى شتێک لە قوتابییەک دەکرێ، لە کاتێکدا ئەو شتە لە دەرەوەى سنوورى تواناکانى ئەودایە، بۆى هەیە ئەو قوتابییە تووشى لادان و سەرپێچى بێتەوە، بە هەر شێوەیەک و بە هەر ڕێگایەک بێ، هەوڵى خۆ دەربازکردن دەدات. لەبەرئەوەى هەموو مرۆڤەکان تواناى لەبەرکردنیان وەکو یەک نییە، ئەوەش شتێکى زۆر ئاساییە و تایبەتمەندى کەسەکانە. ئەو قوتابییانەى ناتوانن بابەتەکان بەباشى لەبەر بکەن، بۆئەوەى لە تاقیکردنەوەکان دەربچن و خۆیان دەرباز بکەن، بە ناچارى پەنا بۆ غەش دەبەن. دواجار، دوور نییە، ئەو قوتابییەى کە غەش دەکات و دەردەچێ و بڕوانامە بەدەست دێنێ و دێتە ناو کۆمەڵگا و ئەرک و بەرپرسیارێتی پێ دەسپێردرێت، ببێ بە مرۆڤێکى ساختەچى و فێلباز و قۆڵبڕ و گەندەڵ. قوتابییەک، هەر بە فێل و تەلەکەبازى دەرچووبێ، ڕەنگە لەسەر ئەم ڕەفتارە ڕابێ و ببێتە بەشێک لە خوو و ڕەوشتى، دواجار دەبێتە مایەى سەرئێشە و بەڵا بۆ کۆمەڵگەکەى. لەبەرئەوە، هەڵەیەکى گەورەیە، قوتابی ناچار بکرێ وانەکان لەبەر بکات. هەتا ئەم جۆرە سیستەم و پرۆگرامەمان هەبێ و هەر چاومان لە نمرەی بەرز و پلەی یەکەم بێت، نابێ چاوەڕێى پێشکەوتن و گۆڕان و داهێنان بکەین، نابێ بەتاماى ئەوەش بین بگەین بە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان. وڵاتانى پێشکەوتوو، ئەو وڵاتانەن، کە گرنگى بە عەقل و تێگەیشتن دەدەن، بە پێچەوانەى ئێمە، کە گرنگى بە نەقل و لەبەرکردن دەدەین.

لەتیف ئەمین

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish