گفتوگۆ لەگەڵ جوتیار ئەحمەد … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق.
جوتیار ئه‌حمه‌د”
بۆ من نوسین خوڵقاندنی دنیایه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه.
یه‌كێك له ده‌نگه تازه‌و جدیه‌كانی ناو دونیای چیرۆك نوسینی ئێمه، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌بێده‌نگی و دوور له فه‌وزای میدیای خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانێتی گه‌نجێكی هێمن و له‌سه‌ر خۆیه، به‌ناوی (جوتیار ئه‌حمه‌د) بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌م نوسه‌ر گه‌نجه، پێمان باش بوو له‌م دیداره‌دا بیدوێنین.
سازدانی/ شاخه‌وان سدیق.
پ1/ زۆرێك له نوسه‌رانی كورد، به شیعر نوسین دێنه ناو دونیای ئه‌ده‌بیه‌وه و كه‌متر خۆیان له قه‌ره‌ی نوسینی چیرۆك ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه له بواره‌كه‌شدا كه‌سی چیرۆك نووس كه‌مه، ئێوه ئه‌مه بۆچی ده‌گێڕنه‌وه؟ ئایا چیرۆك نوسین كارێكی قورسه‌و پێویستی به سه‌لیقه‌و مه‌عریفه‌یه، یان نوسینی چیرۆك تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه؟
وه/ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نووسنیش وه‌ك هه‌موو كرده‌وه‌كانی تر بۆته چاولێكه‌ری و مۆدی ڕۆژ، واته گۆڕینی ئه‌ركی شیعر له نوسین بۆ خوێنده‌واره‌وه بۆ عه‌وام، لێره‌شه‌وه ئه‌وه ده‌ست پێئه‌كات كه شاعیریش به‌ره‌و عه‌وام بوون ئه‌ڕوات، ئیدی هه‌ستكردن به‌وه دێته ئاراوه كه شیعر نوسین كرده‌یه‌كی زۆر ئاسانه، كه به پێچه‌وانه‌وه وانیه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه من بۆ به‌شیعر ده‌ستم پێنه‌كرد، لای من وه‌ك پاموك ده‌ڵێت” شیعر نوسین قسه‌كردنه له‌گه‌ڵ خودا واته ئه‌بێت خودا بتدوێنێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه تۆ نا‌توانیت شیعر بنوسیت”، كه‌م شاعیر هه‌یه خودا بیان دوێنێ، هه‌ربۆیه دنیای ئێمه پڕبووه له شیعری هیچ. جگه له‌وه‌ش من هیچ كات نه‌مویستووه ببمه شاعیر، یا هیچ كات له‌گه‌ڵ ئه‌و لێشاوه‌دا ناڕۆم كه تۆ باسی ئه‌كه‌یت. سه‌باره‌ت به‌چیرۆك به‌ڵێ ژیرخانێكی پته‌وی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وێ، فراوانكردنی خه‌یاڵ و دنیابینی جیاوازی ئه‌وێ، من تا نه‌متوانی به زمانێكی بیانی بخوێنمه‌وه، نه‌متوانی چیرۆك بنووسم، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه‌وێ پێت بڵێم كه نوسه‌ری ئێمه كه‌سێكی ته‌مه‌ڵه له خوێندنه‌وه‌دا، وه بۆته كه‌سێكی چالاك له نوسیندا كه ئه‌مه‌ش به‌بێ ژێرخانی باشی خوێندنه‌وه ئه‌بێته چه‌نه‌بازی و بێمانایی.
پ2/ گه‌لی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی كاره‌ساتبار به درێژای مێژوو چه‌ندین كاره‌ساتی به‌سه‌ردا هاتووه و له‌م ڕوهشهوه ڕه‌نگه ده‌وڵه‌مه‌نترین میلهتبین له ڕووی زۆری چیرۆك، كه به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه ڕویانداوه، كه هه‌میشه كه‌ره‌سته‌ی باشی گێڕانه‌وه‌ن بۆ دروستكردنی چیرۆكی ئه‌ده‌بی، ئێوه پێتان وایه ئێمه توانیومانه به‌تایبه‌ت چیرۆك نوسه‌كانمان سودی باش له‌م هه‌موو كاره‌ساتانه وه‌رگرن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی چیرۆكی كوردی و به ئهدهبكردنی ڕوداوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی دوای هۆلۆكۆست جوله‌كه‌كان كردیان.؟
وه/ كه تۆ مه‌عریفه‌ی خوێندنه‌وه‌و نوسینت نه‌بێ با هه‌موو مێژووه‌كه‌ت كاره‌سات بێت، هیچ سودی نیه، ته‌نها زۆر وتنی بێ‌مانا چاپ وبڵاو ده‌كرێته‌وه، خۆ (تاوان وسزا)ی دیستۆڤسكی باسی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵگه ناكات، یا باباسی داستانی (گه‌لگامێش)ی سۆمه‌رییه‌كان بكه‌ین، كه چه‌ندین سه‌ده پێش(ئۆدیسه‌و ئه‌لیاده)ی هۆمیرۆس یا چیرۆكه‌كانی ته‌ورات نوسراوه‌ته‌وه، له‌وێشه‌وه بۆ (هاملێتی شه‌یكسپیر)، دۆنكیخۆته‌ی (سێرڤانتس) و پاشان، وه‌ك وتم دیستۆڤسكی و ئینجا (ئاناكارنینای تۆلستۆ)ی، ئه‌مانه كه‌بونه‌ته تێكستی نه‌مر هیچیان باسی كاره‌ساتی گه‌وره ناكه‌ن، كه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هاتووه، به‌ڵكو باسی ده‌رون و ناخی مرۆڤ ئه‌كات، واته كێشه ده‌رونیه‌كانی مرۆڤ كه هه‌میشه به نه‌گۆڕی ده‌مێننه‌وه، ئه‌و كێشه‌و پرسیارانه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای دروستبونی مۆرڤایهتیهوه مێشكی مرۆڤ ده‌خۆن. كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیانیان ئه‌ناتۆمی كردووه، كه دوای ئه‌وانیش كۆمه‌ڵناس و دهررونناسهكان بۆ زانسته‌كه‌ی خۆیان به‌كاریان هێناوه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ. واته چیرۆكنوس و ڕۆمانووس به‌بێ شاره‌زای ده‌رونی ئینسانی كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان ناتوانن تێكستی نه‌مر بخوڵقێنن، ئه‌مه‌ش به خوێندنه‌وه‌و وردبونه‌وه ده‌كرێت، له ته‌نیایدا ئه‌توانی بخوێنیته‌وه‌و وردبیته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی نوسه‌رانی ئێمه ڕقیان له هه‌ردوكیانه، ئه‌مه‌ش وه‌ك پیشه‌ی سیاسه‌ت كوتلهوكوتلهكاری و به‌شان و باڵی یه‌كتردا هه‌ڵدانی هێناوه‌ته كایه‌وه.
پ3/ هه‌موو مرۆڤێك كه ده‌نوسێت كۆمه‌ڵێك چیرۆكی تایبه‌تی له ژیاندا بۆ گێڕانه‌وه هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ماركیز ده‌ی وت” من ده‌ژیم بۆ ئه‌وه‌ی بگێڕمه‌وه” ئه‌توانم بزانم چیرۆكه‌كانی تۆ له ژیانا بۆ گێڕانه‌وه چین؟ ئایا نوسین پانتایه‌كه بۆ ووتنی ئه‌وشتانه‌ی كه له واقیعدا بۆت ناكرێت؟ یان ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ژانری چیرۆك نوسین به‌تایبه‌تی بۆ تۆ چین؟
وه/ هه‌موو مرۆڤێك چیرۆكی خۆی هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه، به‌ڵام ئایا كێ توانای هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌و نوسینه‌وه. یاخود بوێری وتنی نهێنی و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی هه‌یه. چیرۆكه‌كانی من بۆ گێڕانه‌وه ئه‌وانه‌ن كه له ده‌رونی مرۆڤه‌كان وكۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ستی پێده‌كه‌م، به‌دڵنیاییه‌وه تۆ كه له ته‌نیاییدا ئه‌نووسی خاوه‌نی جیهانی خه‌یاڵی خۆتی واته‌ی ئه‌وه‌ی له واقیعدا ناكرێت نووسه‌ر ئه‌توانێ به‌پێی خه‌یاڵ و ویژدانی خۆی بیخوڵقێنێ. بۆ من نوسین خوڵقاندنی دنیایه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌و واقیعه‌ی كه هه‌یه، ڕه‌فزكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داڕزاو بنیادنانی دنیایه‌كی جوانتر بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی دنیای خه‌یاڵی خۆم، كه هه‌ڵێنجراوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ین، خۆم به واقیع تیایدا ئه‌ژیم، جیاواز نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو یاساكان به‌و شێوازه‌ی خۆم ئه‌مه‌وێ.
پ4/ له نێوان كۆمه‌ڵه چیرۆكی بڵاوكراوه‌ی ( ڕێچكه‌ی مێروله‌كان،) تا ڕۆمانی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا) وه‌ستانێك له كاركردنتا به‌دی ده‌كرێت، له ڕووی زه‌مه‌نه‌وه، ئه‌م وه‌ستانه په‌یوه‌ندی به خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی معریفهوه هه‌یه، یان نه‌خێر نه‌وه‌ستاون، به‌ڵام كه‌متر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و ناتانه‌وێت به‌شێك بن له، لێشاوی بڵاوكردنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا له دنیای ڕۆژنامه‌و گۆڤاری ئێمه‌دا هه‌یه؟ ئه‌توانم بزانم هۆكاری ئه‌م بێده‌نگیه‌ت چییه؟
وه/ به‌ڵێ من نامه‌وێ به‌شێك بم له‌و لێشاوه، وه حه‌زیشم له زۆر نوسین نیه، به‌ڵكو زیاتر حه‌ز به‌خوێندنه‌وه ده‌كه‌م، زۆر كه‌س به‌شداره له‌و لێشاو نوسینه‌وه‌یه‌دا، كه ئه‌مه‌ش له هه‌موو دنیادا باوه، به‌ڵام له كۆتایدا ده‌قێك ئه‌مێنێته‌وه كه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی هه‌بێت، خه‌یاڵی مرۆڤه‌كان فراوان بكات، نادیاره‌كان بێنێته به‌رچاوی خوێنه‌ر. جگه‌له‌وه‌ش من ئه‌وه‌نده‌ی بۆم بكرێ خۆم دور ئه‌گه‌رم له‌و كوتله‌و كوتلهكارهییهی كه له‌سه‌ره‌وه باسم كرد، په‌یوه‌ندی هاوڕیه‌تیم له‌گه‌ڵ هیچ نوسه‌رێك نیه، كه ڕێزم بۆ هه‌مووشیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به خۆبه‌زلزانیه‌وه نیه، به‌ڵكو من له‌گه‌ڵ لێشاودا ناڕۆم، وه له دنیای نوسینی ئێمه‌دا بۆگه‌نبوون و گه‌نده‌ڵیه‌كی سه‌یر له ئارادایه، هه‌ر بۆیه نامه‌وێ تێكه‌ڵ بم، هیچ یه‌ك له هاوڕێ نزیكه‌كانم نوسه‌رنین، وه به ده‌گه‌مه‌نیش ده‌خوێننه‌وه.
پ5/ زۆرجار ده‌وترێت چیرۆك نوسین مه‌شقه بۆ نوسینی ڕۆمان. یان چیرۆك پشوی خوێنه‌ره له نێوان ڕۆمان بۆ ڕۆمانێكی دیكه، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌ی، تۆچیرۆك به ژنرێكی سه‌ر به‌خۆده‌زانیت؟.
وه/ ئه‌م پرسیاره زیاتر بۆ خوێنه‌ر گونجاوه، واته ئه‌بێت له‌خوێنه‌ر بكرێت. ئه‌شێ هه‌ندێكجار چیرۆك نوسین مه‌شق بێت بۆ ڕۆماننووسین، به‌ڵام هه‌موو كات نا، ئه‌بینی ڕۆمانووسی زۆر سه‌ركه‌وتوو هه‌بوون و هه‌ن كه چیرۆك نووسیش نین، وه ئه‌شێ زۆرجار چیرۆك ڕۆمانێكی ته‌واو نه‌كراوبێت، له هه‌مانكاتیشدا ئه‌توانین بڵێن چیرۆك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆشه.
پ6/ دواین بڵاوكراوهتان ڕۆمانێكه به‌ناونیشانی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا). ده‌توانین كه‌مێك له‌سه‌ر شێواز و ته‌كنیك و تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه بۆمان بدوێت؟ به بۆچونی خۆتان له نێوان كۆمه‌ڵه چیرۆكی چاپكراوی یه‌كه‌متان و ئه‌وه ڕۆمانه‌ی ئێستادا چ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر شێوازی نوسین و ته‌كنیكی نوسین لای ئێوه هاتوه؟ ئێوه له‌گه‌ڵ ستایلی دیاری كرا‌و تایبه‌تان، یان پێتان وایه له نوسینێكه‌وه بۆ نوسینێكی تر ده‌بێت گۆڕانكاری هه‌بێت؟
وه/ ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا باسكردینی داڕزانی هه‌موو كونجه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه به‌هۆی سیاسه‌ته‌وه، ڕاكێشانی سیاسه‌ته بۆ ناو دنیای فه‌نتازی و شیته‌ڵكردنی، باسكردنی خنكاندنی كۆمه‌ڵگه‌یه له ناو ده‌ریای نه‌وتدا، ونبونی هه‌موو بۆنهخۆشكانهو زاڵبونی بۆگه‌ن وپیسیه. من ناتوانم بڵێم چ گۆڕانكارییه‌ك له نێوان كۆمه‌ڵه چیرۆكی یه‌كه‌مم و ئه‌م ڕۆمانه‌دا ڕویداوه، ئه‌وه خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر ئه‌توانن قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن. وه‌ك باسم كرد من له دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا یاسای جێگیر نابینم به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم و فراوانبوونی دنیای بینی خۆم ئه‌نوسم، نوسه‌ر ئه‌كرێ زمانی تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌سه‌ر یه‌ك ستایلی تایبه‌ت بنوسێ، ئه‌وه دوره له دنیای ئه‌ده‌به‌وه.
پ7/ زۆرێك له ڕۆمان نوسه‌كان ده‌ڵێن ئێمه ده‌توانین ئه‌وه‌ی به ڕۆمان ده‌ی نوسین بیكه‌ین به چیرۆك یان ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌ی نوسین ده‌توانین بیكه‌ین به ڕۆمان ئایا ئێوه پێتان وایه كه كاری چیرۆك نوسین ئه‌وه‌نده سانایه؟ یان ئه‌م كاره ده‌كرێت بكرێت؟ بۆ چونتان چیه؟
وه/ من هیچ یاسایه‌ك له ئه‌ده‌بدا نابینم، واته ناكرێ ئه‌ده‌ب وه‌ك بیركاری و فیزیا یاسای هه‌بێت، به‌ڵكو خه‌یاڵ ده‌ور ئه‌بینێ له‌گه‌ڵ توانای نوسه‌ر، ئه‌وه‌ی تۆ باسی ئه‌كه‌یت ئه‌كه‌وێته سه‌ر توانا و فراوانی خه‌یاڵی نوسه‌ر.
پ8/ هه‌ندێك چیرۆك له گه‌ڵ نوسینیاندا لای خوێنه‌ر ده‌مرن، و كۆن ده‌بن، ده‌توانی پێمان بڵیت خاڵه به‌هێزه‌كانی چیرۆكی زیندووی نه‌مر چین؟
وه/ ئه‌م پرسیاره هه‌مان وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌می هه‌یه، واته نووسه‌ر ئه‌بێت توانای ئه‌ناتۆمی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و ڕوداوه‌كانی سه‌رده‌می خۆیدابێ، كاڵڤینۆ ده‌ڵێت” ڕوه‌ك ناسیهكهی باوكم زۆر سودی هه‌بووه بۆ دنیای نوسینی من، چونكه شاره‌زای ڕه‌گه‌كانی ئه‌و تێمایانهبووم كه له‌سه‌ری ئه‌نوسم، فێری ئه‌وه‌بووم وه‌ك ڕه‌گ به وارو وێخی شته‌كانا بچه‌مه خواره‌وه.
————————————–
جوتیار ئه‌حمه‌د:
له‌دایك بووی (1980) له شاری سلێمانی.
بڕوانامه‌ی له به‌شی شوێنه‌وارناسیدا هه‌یه.
له ڕابردوودا دوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی بڵاوكردۆته‌وه، به‌ناوه‌كانی (سواره‌كانی وشه، ڕێچكه‌ی مێرووله‌كان)
دواین بڵاوكراوه‌ی ڕۆمانێكه به‌ناوی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا).