Skip to Content

غازی غەفوورکاراکتەرێکی مرۆڤ و شۆڕشگێڕ.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

غازی غەفوورکاراکتەرێکی مرۆڤ و شۆڕشگێڕ.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

Closed
by كانونی دووه‌م 28, 2023 General, Literature


لەهونەری نواندندا هەمیشە بەهرەو توانستی خورسکی لە پێشەوەی ڕەگەزە ڕیشەییەکانی ئەکتەرە، بۆیە غازی غەفوور ئەگەرچی ئەکتەرێکی ئەکادیمی نەبووە، بەڵام توانیویەتی سوود لەو توانست و بەهرە خورسکەی ببینێ و لەزۆرینەی ڕۆڵەکانیدا وەک پێویست، بەکاری بێنێ،
بەتایبەت لەڕووی پێرفۆرمانسەوە نواندنێکی هاوسەنگ دروست بکات ، لەشانۆو دراماو سینەمادا.
ئەوانەی( غازی)یان وەک ئەکتەر ناسیووە، دەزانن ئەو لەڕووی جەستەو دەنگ و ئیلقاوە ،پڕە لەتوانستی سروشتی گەرم، دەزانن کە کاراکتەرەکانی، هەمیشە لەخودی خۆی نزیکن، دۆستایەتی و لێک تێگەیشتن و ئاوێزان بوونیان لەگەڵ یەکدا زۆرە.
ئەوەش دەزانن هەمیشە غازی ئارەزووی لە بژارکردنی کاراکتەرە شۆڕشگێڕو خاوەن بیروباوەڕە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەبووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو کاراتەرانەوە، گوزارشت لە ناخی خۆی بکات، ئازارە مرۆییەکانی هەڵڕێژێ،
لەو لێکچوونەی نێوان غازی و کاراکتەرەکانی وێنەی زۆر هەیە، ئەوەتا لەشانۆگەری (ڕاوچی) دەرهێنانی (سەفوەت جەراح)غازی ڕۆڵی( پیرەمێرد) دەبینێ، کە باوکی چوار کوڕە، بە هێمای چوار پارچەی کوردستان، لەوێ کاراکتەرێکی بەهێز و خۆڕاگرە، دژی زوڵم وستەمکاری و چەوسانەوە دەوەستێت، تووشی بێ ئارامی دەبێت لەسەر ناتفاقی و ناتەباییان لەگەڵ یەکتر، تا لە ئەنجامدا پیرەمێرد لەخەمی ئەواندا دڵی دەوەستێ.
لەفیلمی (کچی کافرۆش) غازی ڕۆڵی باوکی کچی کافرۆش دەبینێ، کە لەتاو ڕفاندنی کچەکەی لەلایەن ئەفسەرێکی بەریتانی، تووشی داڕمانی دەروونی دەبێت.
لە زنجیرەی زنجیرە درامای (ئاسکە) غازی غەفوور ڕۆڵی خزمەتکاری دەرەبەگێک دەبینێ، کە زوڵم قەبوڵ ناکاو لە بەگ یاخی دەبێت و کلیلی خانوو دوکانەکانی فڕێ دەداتە پێشی و بەجێێ دێڵێ .
گرنگ خواستی غازی غەفوور ئەوە بووە کە کاراکتەرەکانی لەخۆی بچن..بە تایبەت لە ڕۆژە سەخت و ستەمکارییەکاندا کە شانۆ قسەی خۆی هەبووە لە ڕووداوەکاندا، هەر یەکێ لەو کاراکتەرانە، ڕۆڵی خۆیان هەبووە لەڕووی بیروباوەڕو هزری کوردایەتی و وروژاندنی جەماوەر.
ئەو هەمیشە شانازی بەو خەسڵەتە دیارانەی خۆی کردووەو قوربانی لە پێناو بەرز ڕاگرتنیانی داوە، لەنواندنیشدا ئاشقی ئەو کاراکتەرانە بووە، کە هەڵگری ئەو هەستە بەرزە نیشتمانی و مرۆڤ پەروەریانە بوونە.
لەو ڕۆژانە غازی غەفورم لەسەر پێخەفی نەخۆشیەکی سەخت دا بینی،
هەستم کرد بەهەموو هێزو دەسەڵاتی خۆیەوە ، دەیەوێت بەزەردەخەنە زەرد هەڵگەڕاوەکانی ئەو ئازارانەم لێ بشارێتەوە کە لەناخیدا گینگڵیان دەخواد،
وەک ئەوەی پێم بڵێ بڕوا بکە من هەر غازی غەفوری جارانم،
کە هەرگیز بەرامبەر بە نەهامەتیەکانی ژیان و ئازارەکانی چۆکم نەداوە،
ئەو چۆک نەدان و سەرفیرازیەیە بەها مرۆییەکانی ئەوی پاراستووەو لەنێوان زۆر لەوانی تر جیاوازی دروست کردووە.
تا ئێستاش غازی غەفوور ناخی پڕە لەو خۆزگانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن جارێکی تر خوا دەرفەتی پێ ببەخشێت بگەڕێتەوە سەر تەختەی شانۆو بەردەم کامێرا،
وەک ئەوەی ئێمەش ئاواتی بینینەوەی بۆ دەخوازین.

Previous
Next
Kurdish