
گوزەرێک بە ئەوینی تۆدا.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی
چ بەختەوەرییەکی غەریبە
هیچ چرکەیەک لە من تێناپەڕێ
بێ ئەوەی دڵم هەزار جار
وێردی ناوی تۆ نەکات؟!
چ کەوتنە خوارەوەیەکە
بۆ ناو زۆنگی چاوەکانت و
سەفەری بەردەوامی من
لەنێو وشە ناسکەکاندا
هەر بۆ ئەوەی شیعرێک بچنم و
بیکەمە گەردانەی ملت؟!
چ یارییەکی مەحاڵە
ئەو گەمەیەی دەستم داوەتێ
کە ئەمەوێ دووباڵت بۆ پەیدا بکەم و
بە رەنگاو رەنگیی شیعر بینەخشێنم،
تاکو بەرەو بەهەشتی عەشق پێی بفڕی؟؟
چ جوانییەکە
کاتێ گوێ لە دڵی خەمبارت ئەگرم و
حوزنە کپبووەکانی لە دێڕی قەسیدەکاندا
ئەهێنمە پەیڤین و
لەئاوی شیرینی زەردەخەنەیان هەڵدەکێشم؟
چ موعجیزەیەکە
کە تۆ چاوت دادەخەیت و
منیش بە مەڵهەمی سۆز
زامەکانت دەرمان ئەکەم و
هەناسەیەک لە خۆشەویستی
ئەخەمە سییەکانتەوە،
تەنێ لەبەرئەوەی بزانی
هەناسەی عیشق چەندێ سووکە؟
ئای چ شەوێکی شەوقدار بوو
ئەو شەوەی لە نێوان ژنێکی رەنجاو و
شاعیرێکی نامۆدا
کە هەر ورشەی گەڵا و
گڤەی رەشەبا بێداربوون و
یەکەمین بۆن و بەرامەی پەیمانبەستن دنیای گرتەوە؟!
چ گمە گمێکی خۆشە
وەک دوو کۆتری ماندوو
بە زمانی دڵ و نیگا
قسەمان لەگەڵ یەکتر ئەکرد و
بە کۆپلە هۆنراوەیەک
بەسەر یەکدا ئەتواینەوە؟!
چ داستانێکی پڕ جۆش و هەیجانە
ئەو دەمەی بیر لە حکایەتی خۆم و
چیرۆکی تۆ ئەکەمەوە
کە چۆن لە دێڕێک شیعردا
بە یەکتر گەیشتین؟!
چ دۆزینەوەیەکی کۆڵۆمبۆسانە بوو
تۆم لە هەیوانی ژانێکی بێ کۆتاییدا دۆزییەوە و
خوێنم خستەوە
نێو دەمارە سستبووەکانی هەستت؟!
چ لێوانلێوێک بوو لە شەپۆلی چێژ
کە دەستم ئەهێنا بەسەر دڵتا و
دەستەمۆم ئەکرد،
تۆش دەستت ئەگرت
بەسەر لافاوی هەڵچووی دەروونما؟!
چ بەهارێکی مەکرباز بوو
ئەو بەهارەی بە دوو چاوی پڕ بارانەوە
کەوتمە سەیر کردنت و
پایزیشم بۆ کردییە
فەسڵی سەوز بوونەوە و
وەک گوڵە بەیبوونێک
لە مندا شکۆفەت کردەوە؟!
چ سەرچڵییەکی بوو یاخیبوونمان
کە وەک دوو ئاسکە کێوی
بازمان بەسەر لوتکەکاندا ئەدا و
وەک چەم و کانیاو
بە هاژەوە ئەڕژاینە ناو یەکترەوە؟!
چ زەمەنێک بوو، چ کاتێک بوو
لەگەڵ تۆدا
هەستم بە تێپەڕینی کات نەئەکرد و
وا تێئەگەم کاروانی زەمەن
لەو کاتژمێرەوە وەستاوە
کە دەستی سڕم
خستە دەستی گەرمی عەشقی تۆوە؟!
چ تێڕامانێکی سیحراویی بوو
ئەو شەوانەی بەدیار تەماشاکردنی وێنەکانتەوە
خەو دەچووە چاوم و
شەکەتی رۆح و بێ وزەیی ژیانتم ئەزبەر ئەکرد؟!
چ سەوداسەرییەکی کەموێنە بوو
ئەو چرکەیەی خۆم خاڵی کردەوە
لە خودی خۆم و
خۆم تەژی کرد لە تۆ
بووم بە خودی تۆ؟!
چ رستەیەکی ئاڵۆشاویی بوو
کە نووسیم ئەمەوێ عەشقی من
زیندووت بکاتەوە،
بەڵام زۆر ئەترسم
بەرگەی نەگری و هەڵتپڕوکێنێ؟!
چ جیاکردنەوەیەکی سەیر بوو
کە تۆم لە هەموو خەڵک جیاکردەوە و
دڵی خۆم پێبەخشیت
تاجی هەموو شیعر و
هەستەکانی خۆمم لەسەر نایت؟!
بەهاری 2017