Skip to Content

لەگەڵ عامێ مەچۆ شامێ!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لەگەڵ عامێ مەچۆ شامێ!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئایار 12, 2023 General, Opinion

بڕوانکەم، تاکی هیچ نەتەوەیەک وەک تاکی کورد (مەبەستم باشووری کوردستانە) هەڵگری هەندێک خاسیەت و تایبتمەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەسی سەیر و سەمەرە بێت. بە جۆرێک هیچ کرانەوە و پێشکەوتنێک، گۆڕانکاریی و هوشیارییەکی هزریی و کۆمەڵایەتی، ناتوانێت یاخود ئەستەمە کاریگەریەتی لە سەر ئەو تایبەتمەندییانە، بە ئاراستەیەکی دیکەی جیاواز و نوێ دابنێت. یەکێک لەو خاسیەتانە، لاساییکردنەوە و شوێنکەوتن و مۆدێلخوازییە. لە باشووری کوردستان، هەرئەوەندە شتێک دەبێتە مۆد، ئیدی هەمووان وەک بە بەغا، چاو لە یەکتری دەکەن و لاسایی یەکتری دەکەنەوە. وەک ئەوەی دەڵێن:_( لەگە عامێ بڕۆ شامێ) سەرنج بدەن، ئێستا وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان بۆتە مۆدێل، لە پیرەمێردێکی هەفتا ساڵییەوە بیگرە، بۆ ئافرەتێکی سەد کیلۆیی، بۆ منداڵ و نەوجەوان و فەرمانبەر و نەخوێندەوار و سیاسی و کادیر و مامۆستای زانکۆ و یزیشک تا بە هەمووان دەگات. کەسانێک ئەو وەرزشە دەکەن، کە نەخۆشی ( بەرزی پەستانی خوێن، پەرکەم، سستی گورچیلە، شەکرە، ڕەبۆ، دڵ) و چەندان نەخۆشی دیکەیان هەیە، لەکاتێکدا هەر کەسێک کەمێک هوشیار بێت، دەبێ بزانێت نابێ ئەو کەسانە ماندووبن، چونکە دەمرن. لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندان کەس بە تەقینەوەی مین، هەڵدێران لە شاخ، نۆرەی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، نزمبوونەوەی شەکرە، لە میانەوەی ئەو بە ناو وەرزشە شاخەوانەیەی لە باشوور دەکرێت گیانیان لەدەستدا. بگرە کەسێک لە ڕواندز، لە شوێنێک بە هۆی شاخەوانییەوە بەرمین کەوت، کە دەیان ساڵە لەوەڕگەیە. ئایا ئەمانە، نیشانەی ناهوشیاریی و نەزانین نییە لە کردنی کارێک کەهی خۆیان نییە. بێگومان لە هەموو دنیادا، وەرزشەکان تایبەتمەندن و هی هەموو کەسێک نین، مەگەر چەند محمەد عەلی کلایی و زێدان و مارادۆناو لە جیهاندا هەن؟ بۆیە ئەوەی بە ناوی شاخاوانی دەکرێت، لە ڕاستیدا گاڵتەجارییەکە ئەوسەری دیار نەبێت. کە دێتە سەر هوشیاری تەندروستی، کورد هەموویان دەبن بە پزیشک. پێت دەڵێن: گەر دەتەوێت لەش ولارێکی ڕێک و ساغڵەمت هەبێت، ئەوا وەرزش بکە، شەکر مەخۆ، برنج مەخۆ، نانی سپی مەخۆ،،شیرینی و شوکۆلاتە مەخۆ! باشە، کەس هەیە ئەمانە نەزانێت؟ دواتر با بپرسین مرۆڤ ئەگەر ئەمانە نەخوات چی بخوات؟ مەگەر سندووقێک سێو، جێگەی سەد گرام گۆشتی ئاژەڵ دەگرێتەوە؟ مەگر دە کیلۆ لالەنگی، جێگەی جێگەی یەک شۆکۆلاتەو چوکلێت دەگرێتەوە؟ کە دێتە سەر ئایین، هەموویان مەلای دوانزە عیلمن و خۆیان پێ ئایینداری برێفێکتە، کەچی هەر ئەو کەسانە درۆ دەکەن، ناپاکی دەکەن، دوو ڕوو بێ بەڵێن و هەڵپەرستن و بە ئارەزووی خۆیان نرخ نزم و بەرز دەکەنەوە. سەرنج بدەن، عەمڕە کردن بۆتە مۆدێل، هەرچی هاووڵاتی ئەم باشوورەیە، ڕووی کردۆتە ماڵی خودا. کەسانێک هەن، بە درێژایی ژیانییان، ناوی خوایان نەهێناوە، مەیان خواردۆتەوە، مەگەر خوا بزانێت چەند کاری خراپ و لادانییان بە درێژایی ژیانیان کردووە، کەچی لە ئاخیر و ئۆخری عومریان، دوای ئەوەی دەزانن هیچیان پێ نەماوە و هەر دەمرن، دەگەڕێنەوە لای خوا، وەک ئەوەی ئایینداری گاڵتەی منداڵان بێت! تۆ کە خۆت پێ گەڕاوە و خوداپەرستە، بۆچی لە تەمەنی بیست ساڵی ناگەڕێیتەوە لای خواو لە تەمەنی هەشتا ساڵی ئەمە دەکەیت؟ باشە ئەو هەموو تێچووە مادییەی لە عومڕە خەرج دەکرێت، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، باربۆی منداڵانی شەهید و کەمدەرامەتی پێ بکرێت، خێری زیاتر نییە؟ هەمومان دەزانین لە ئایینی ئیسلامدا، سوننەت و واجب هەیە، واجبەکان دەبێ هەر بکرێن، بەڵام ئاساییە، زۆریش ئاسایە سوننەتەکان بە جێ نەگەیێندرێن، چونکە لە بەرنبەردا، مرۆڤ هیچ گوناهێکی بۆ نانووسرێت. کە دێتە سەر سیاسەت، هەموویان چاودێری سیاسین و دەبنە شڕۆڤەکاری سیاسی لەم کەناڵ و ئەو کەناڵ. کە دێتە سەر پەرەپێدانی مرۆیی و پەروەردەیی خێزان و کێشە کەسی و تایبەتییەکان، هەمووان دەبنە ئۆشۆ. جوبران و لوقمانی حەکیم. ڕێنماییت دەکەن، وەعزت بۆ دەدەن و پێت دەڵێن بەختەوەر بژی، خەم مەخۆ، چێژ لە ژیان ببینە، هەست بە ئاسوودەیی بکە، ژیان ئەو ساتانەیە کە تیایدا دەژیت. ئەوانە، هێندە کاڵفامن، نازانن خەمی هەر مرۆڤێک لە ناخی مرۆڤەکە خۆی دایە و کەس ناتوانێت لە بری کەس هەست بە خۆشی و کامەرانی بکات. ئەوانە، لە سۆنگەی ژیانی خۆیانەوە، ژیانی ئەوانیتر دەبینن. دەی باشە، کێ دەتوانێت گەشبینی و بەختەوەری لای عاشقێک دروست بکات، کە مەعشوقەکەی لەدەست داوە؟ کێ دەتوانێت، درک بە خەمی گەورە و پەنهانی مرۆڤێکی دڵشکاو و تێکشکاو لە خۆشەویستی بکات، کێ دەتوانێت ببێتە حەکیمی مرۆڤێکی خەمبار، کە دایک، برا، باوک، ئازیزترین کەسی لە دەست داوە! بە ڕاست، گاڵتەجاڕی لەو شێوەیە، جگە لە نێو ئێمە، لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە هەیە؟ کەس هەیە لە یەک کاتدا، خۆی بە جۆرەها شێوە بناسێنێت و نماییشی ماسکاویی بکات؟ هەندێک جار، ئەم جاڵەتانە دەگەنە ئاستێکی هێندە کاریکاتۆری، مرۆڤ نازانێت پێ بکەنێت یان بگریت! لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە یادی ڕۆژی کرێکاراندا، وێنەی نووسەرێک بڵاوکرایەوە و تۆڕەکانی تەنییەوە کە گوایا کرێکارە، من نازانم ئەو نووسەرە بە پیشە چییە، بەڵام زۆرباش ئەوە دەزانم، ئەم نووسەرە، کەم بەرپرسی ئەم هەرێمە هەیە نەیبینێت و نەیانناسێت و هەرکاتێکیش ئارەزووی کرد نەیانبینێت. هەر لە سەرۆک کۆمارەوە بۆ سەرۆکی هەرێم و وەزیران و وەزیر و سکرتێری حزب و تا بە هەر کادیرێک دەگات. باشە ئەمە بۆ کرێکارێکی داماو دەچێتە سەر؟ ئەم نووسەرە، کەی ئارەزووی کرد، لە شاشەی تیڤی ئەو بە ناو کەناڵانە دەردەکەوێت: کە بەپارەی دزاراوی نەوتی ڕەشو و ڕووتانی ئەم هەرێمە، پەخشی بەرنامەکانییان دەکەن و لە چرکەیەکدا سەدان گەڵا لە پەخشی ڕاستەخودا خەرج دەکەن، کەچی منداڵی پێشمەرگەیەکیش، لە ژێر نایلۆن و جەمەلۆن و دار و پەرتوودا دەژیت. باشە کرێکارێک، لە خەونیش سەرۆک کۆمار، سکرتێری حزب، ستۆدیۆی یەک لەو کەناڵانە دەبینێت؟ ئیدی کوێوی ئەم برادەرە لە کرێکارێکی داماو دەچێت؟ بە داخەوە ئەم تایبەتمەندییانە و سەدان دیکەی نەشاز و نەشیاو، لە مرۆڤی کورد هەنە و دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە ئێمە تەنها بە ناو پێشکەوتووین، دەنا هێشتا زۆرینەی هەرە زۆرمان، بە ئەقڵی سەدەکانی ناوەڕاست بیر دەکەینەوە. مرۆڤ هیچ کاتێک نابێت لەگە عامی بچێتە شامێ، هەموو جیاوازییەکان، داهێنانەکان، ئاگایی و هوشیاریی و درککردنی تاکانە، لەوە سەرچاووە دەگرن، کە مرۆڤ خۆی لەمێگەل جیا دەکاتەوە، لەدەرەوەی کولتووری باوە، هەڵگڕی هەمان عەقڵییەتی ڕەشۆکی و هەمووەکی نییە، بەڵام مرۆڤ چ کاتێک دەتوانێت بەم شێوەیە بێت؟ بێگومان کە هوشیار بووە وە، کە خوێندییەوە، بۆیە گرنگە مرۆڤ هەمیشە هاوشێوەی هەمووان نەبێت و هەرگیز بڕوای بەو پەندەی سەرەوە نەبێت.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish