Skip to Content

کورتەچیرۆک/ پێشبینی و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

کورتەچیرۆک/ پێشبینی و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

Closed
by نیسان 12, 2023 General, Literature

لەگەڕەکی ئەمدیو بارانێکی زۆر بە خوڕ بوو ، هەروەها لە گەڕەکی ئەودیویش بارانێکی بەخوڕ بوو ..بەڵام موختاری گەڕەکی ئەو دیو پێی ناخۆش بوو بارانە ، چونکە کەشناسێکی گەڕەکی ئەمدیو پێشبینیی ئەو بارانەی کردبوو .. ڕیش سپییەکان پێیان ووتبوو : قوربان ! گوێی مەدەرێ.. ئەو کێیە تا بڵێ باران ئەبارێ یان کوللە ؟ .. ئەبێ سوپاسی خوا بکەین ئەو دەشت و دەرە تینووەمان ئاوی خواردەوە .. باڵندە و گیانداران ..هەنگ ،.مێروولە هەموو تینوێتیان شکا ..
بەڵام موختاری ئەو دیو ، تووڕەییەکەی دانەئەمرکایەوە، کەشناسی خۆیانی بانگ کرد ، گەنجێکی باریک و بنێس بوو ، لوتێکی درێژی هەبوو ، کە زیاتر لە دەنووک ئەچوو هەتاکو لووت ..
( چۆن تۆ نەتتوانی پێش ئەو ڕایگەیەنیت کە بارانە؟ خەریکی چی بووی ؟ داڵغەی لووتە شمشێرییەکەت لێی دابوویت؟ )
ئەم دەرچووی زانکۆیەکی ئەوروپی بوو ، هەر بۆیە خۆی تێک نەدا ، تەنها زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و ..وتی : ( نا .. دوێنێ محەویلەی گەڕەک سووتا .. ئەنتەرنێت بڕا .. لە کوێوە ئاگام لە کەشناسیی بێ ؟ )
موختاری ئەو دیو هەتا ئەو کاتە وایزانیبوو کەشناس ، وەک شاعیر ، ئیلهامی پێشبینیی کەشی بۆ دادەبەزێ و پێویستی بە کارەبا و ڕاگەیاندن و شت نییە ..
لە هەمان کاتدا، موختاری ئەمدیو ، داوەتی نانی ئێوارەی کەشناسەکەیانی کردبوو ، دوای خواردنێکی مام ناوەندی ، کەستەنەیان ئەبرژاند .. کەشناسەکە زۆر بە کەستەنە تێک ئەچوو ، تەنانەت جارێکیان وتبووی : پشقلخواردن لە کەستەنەخواردن باشترێکە ..
بەڵام لای موختار نەیدەتوانی وا بڵێ ، چونکە موختار هەوادارێکی دێرینی کەستەنە بوو ، لە توکیاوە بە فەردە بۆی ئەهات ، شوێنێکی تایبەتی لەسەر ئاگردانەکەی بۆ کەستەنە برژاندن دانابوو.. کە دەکەوتە کفەکف ، هاواری لێ بەرز ئەبۆوە : وای کە خۆشی .. ئای کە خۆشی ..!
بە کەشناسەکەی ووت : ئەمە سەری چەندەمین جارە تۆ سەری من بەرز ئەکەیتەوە ؟
کەشناسەکەی ئەمدیو، دەرچووی چواری سەرەتایی بوو ، ماوەیەکی زۆر بەو شاخانەوە قاچاخچی بوو .. چا و ئەرزاقی بە هێستر ئەبرد بۆ ئێران و .. لەوێیشەوە فەرش و بەتانی و شتی دانسقەی دێنا .. تەقەی زۆر لێکرا بوو .. پەنجەی شایەتمانی دەستی چەپی ، فیشەک بردبووی .. هێستری کوژرا بوو.. باری هەڵدێرا بوو .. بەڵام وازی نەهێنا بوو ..جا لەگەڵ قاچاخچێتیەکەیا، هەر عەشایەرییانە ، فێری کەشناسیی بوو بوو .. بۆنی هەوای ئەکرد ، ئەیووت شەپۆلێکی باران بە ڕێوەیە ، ئەوە پۆله مراوییەکەیە .. تۆزێکی تر کۆترەکان ئەفڕن .. بۆنی خاک ئەکەن ؟ لەوێ دایکرد .. چێشتەنگاو ئەگاتە ئێرە !
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی زەمینی ئەکرد ، پاڵئەکەوت ، چاوێکی دائەخست ، ئەوەی تریانی وەک سێڕەی بڕنەو ، وورد ئەکردەوە ، ئەیووت ڕەشەبا و گێژەڵوکە بە ڕێوەیە ، خەرمانەکان عیلاج کەن . . مەڕ و ماڵا ت کۆکەنەوە ..
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی موختاری کرد ، وەک ئەوەی باسی بارێکی چا یان دوو فەرشی دەگمەنی بیجار بکا ، ووتی : ( ئەستەغفیرەڵڵا .. من حەدم نییە ..سەری ئێوە هەر بەرزە ، قوربان .. خزمەتکارتم .. نۆکەرتم .. )
هەر لەو کاتەدا ، موختاری ئەو دیو ، تەواو تەنگەتاو بوو بوو ، ئەهات و ئەچوو.. باران بە ڕیشیا ئەهاتە خوارەوە .. کۆمەڵێ لە بەردەستەکانی بە چەتر و کڵاوەوە ، ڕاوەستابوون ، کەسیان زاتی ئەوەی نەدەکرد بیخاتە ژێر چەترێ یان کڵاوێ بتەپێنێتە سەری ، چونکە ئەیانزانی لە کاتی تووڕە بووندا ، بە هەموو جوڵەیەک شێت ئەبێ ..
(مەلام بۆ بانگ بکەن )
مامۆستا مەلا ناجی بەو شەوە باراناوییە ، بە تراکسودەوە لە پڕخەی خەودا بوو . . کە لە دەرگا درا ، شکی نەبوو کە کەسێک مردووە و بۆ تەلقین هاتوون بە دوایدا ، پەنجەرەی هەیوانی ترازاند و هاواری کرد : ( برا چوار سەعاتی تر ڕۆژ ئەبێتەوە ، بەم ناوەختە و بەم شەستە بارانە ، فریای هیچ ناکەوین .. لە مزگەوت داینێن و با یەک دووانێکتان بە دیاریەوە قورئان بخوێنن ، رۆژ بۆوە ئەڕۆین ئەینێژین !)
پاسەوانەکانی موختاری ئەودیو پێکەنینیان ئەهات ، لایان وابوو مامۆستا مەلا ناجی تێکچووە یان خەواڵووە و وڕێنە ئەکا ..یەکێکیان هاواری کرد : ( کەس نەمردووە ، موختار ئیشی پێتە .. موختار .. شوکور بۆ خوا ، کەس نەمردووە ..)
کە گوێی لە ووشەی موختار بوو ، بە خێرایی خۆی گورجکردەوە .. جلی ئیشی لەبەر کرد .. مێزەرێکیشی بەست ..خێزانی داچڵەکی ، پێی ووت: ( چیە؟ دیسان سەرقەبرانە ؟ )
مامۆستا بواری وەڵامدانەوەی نەبوو ، دوای دوو پاسەوانەکەی موختار کەوت ، کە دانەیەکیان هێشتا پێکەنینی ئەهات ..
گەیشتنە جێ ، موختار هەر لە حەوشە ئەهات و ئەچوو .. بوو بوو بە جل ، تەواو خوسابۆوە ..دەیان چەتر و کڵاو بەدەستیش ئەهاتن و ئەڕۆیشتن و ئازایەتی ئەوەیان نەبوو نەختێ خزمەتی بکەن ..
مامۆستا مەلا ناجی وایزانی موختار تێکچووە .. هەر بۆیە بە پیاوەکانی ووت : باوەشی پیاکەن و بیبەنە ژوورەوە ، وشکی بکەنەوە و جلەکانی بگۆڕن و لای زۆپاکە داینێن ، با بێم نەختێ موبیناتی بەسەرا بخوێنم !
موختار لە جیاتی تووڕە بێ ، بە پێی خۆی ، چووە ژوورەوە و ..بە مامۆستای وت تۆیش وەرە .. بەڵام ئەوەندە تەڕ بوو ، شڵپە شڵپ ، ئەتووت بەناو جۆگەلە ئاودا ئەڕوا نەک بە ڕێڕەوی ناوماڵدا ..
(مامۆستا مەلا ناجی ! دۆعایەک شک نابەیت باران ڕاوەستێنێتەوە ؟؟)
( مەگەر ئەوەی حەزرەتی نوح ، قوربان )
( دە هەموو ئەو پیاوانە فێرکە ، خۆت بیڵێ و با ئەوانیش بە کۆرس لە دواتەوە بیڵێنەوە !)
تا خۆر هەڵهات مامۆستا بە دەنگێکی نووساوەوە هاواری ئەکرد :
(وقیل یا ارض ابلعي ماؤك و یا سماء اقلعي‌)
پاسەوان و پیاوەکانی موختاری ئەودیویش بە عەرەبییەکی شەق و شڕ بۆیان ئەسەندەوە کە هیچ لەو ئایەتە پیرۆزە نەدەچوو ، بەڵام ئیتر بڕیاری موختار بوو ، ئەبوو جێ بە جێ بکرێ ..جار جار مامۆستا مەلا ناجی پێی ئەووتن ڕۆڵە جوان بیڵێن ، ئەوە ئایەتی قورئانە ..قورئان ..
بەڵام سوودی نەبوو ، ئەوان عەرەبییان نەدەزانی و ئەهلی مزگەوتیش نەبوون ..
لە کۆڵانی ئەمدیویش ، موختاری ئەمدیو ، بەو شەوە داوای کرد مامۆستای سروود بانگ بکەن بۆی
گۆرانیبێژ بوو ، پێکەوە ژیانێکی خۆش ئەژیان .. وای هەست ئەکرد مێردەکەی بیتهۆڤن بێ ، ئەمیش وەک سیلۆن دیۆن ئەوی ئەبینی ..لەو شەوە باراناوییەدا ، باوەشیان بە یەکتردا کردبوو ، تاکە شت کە لە بەرژەوەندیی ئەو ئاوێتەبوونە ڕۆمانسیەتا نەبوو ، فاسۆڵیای نانی ئێوارەیان بوو ، سکی مامۆستای میوزیک بای کرد بوو ، ئەبوو جار جار بە ناوی ئاوخواردنەوەوە پێخەف جێبێڵێ و بڕوا لە ژووری ئەو دیو هەندێ هەوڵی خۆ خاڵیکردنەوە بدات ..
کە لە دەرگا درا ، ژنەکەی پێش خۆی ڕاچڵەکی .. هەردووکیان زۆر ترسان .. خەیاڵیان بۆ ئەو سروودە نیشتمانییە ئەچوو کە هێشتا بڵاویان نەکردبۆوە و ئاسایش پێی زانیبێ و نیشتبنە سەریان .. یان ڕەنگە سەرخۆشێ بێ ، لێی تێک چووبێ ، لە دەرگای ئەمان بدا ..بارانەکەی تا ئەهات بەخوڕتر ئەبوو.. دەرگا کوتانەکەیش قایمتر ئەبوو .. هەر لەو کاتەدا کارەبایش کوژایەوە .. لایتی شەحن لە ژوور سەریاندا دانرا بوو ، دایانگیرساند .. خێزانی ووتی :نەخەڵەتابی بچیتە دەرەوە .. ئەتکوژن..
ئەمیش دەستێکی ، دەستی ئەو و دەستەکەی تری دەسکی لایتی شەحنی گرتبوو ..
کەبڕیاری دا دەرگا نەکاتەوە ..دووان خۆیان هەڵدایە حەوشەکەیەوە ، ئەم داماوە تەنها کەمانچەیەکی هەبوو ، بە چی بەرگری لە خۆی بکا ؟
ژنەکەی ئەلەرزی و ئەگریا ، ئەمیش دڵنیای ئەکردەوە لەوەی بەس ئەمشەو ڕزگاریان بێ سبەینێ کڵاشینکۆفێک بکڕێ ..کەمانچەی خوێڕی بەکاری چی دێ ؟
کە دوو پاسەوانەکە خۆیان ناساند ، کەمێ هێوربوونەوە .. مامۆستا پێی ووتن : ئێ کوڕی باوکم ! کەی ئێستا کاتی بانگردنە ؟ تۆزێکێ تر ڕۆژ ئەبێتەوە ..چۆن هەڵئەقوننە ناو ماڵان ؟ لە سەتەلایت و ئەنتەرنێت و شت ، هیچ فێر نەبوون ؟
پێیان ووت: قوربان لە تۆ زیاتر خەومان دێ ، بەڵام چی ئەڵێی ؟ ئەمری موختارە ..
یەکێکیان ووتی : زەحمەت نەبێ ئالەت مۆسیقاکەیشت بێنە لەگەڵ خۆت ..
مامۆستا لە داخا خۆی نەگۆڕی ، ڕۆبێکی لەبەر کرد و کەمانچەکەی هەڵگرت و لە گەڵیاندا چووە دەرەوە ..
کە گەیشتن ، موختار خوانێکی زۆر جوانی ڕازاندبۆوە ، هەر مامۆستای میوزیکی بینی ، گورج ڕاست بۆوە و باوەشی پیاکرد و ئەملاولای ماچکرد ..کۆمەڵێ گەنجی کوڕ کچی دەنگخۆشیشی کۆکردبۆوە و بە ڕیز داینیشاندبوون ..
مامۆستای میوزیک سەری سوڕما بوو ، لەگەڵ ئەوەی دیندار نەبوو ، یەک لەسەر یەک تەسبیحاتی ئەکرد : ئەستەغفیرەڵڵا .. سوبحانەڵڵا .. لا ئیلاهە ئیلە ڵا ..
موختار ووتی : ( بە ئەرک نەبێ ، لەبەر ئەم دەسکەوتە گەورەیە ، کە خۆمان پێش هەمووان زانیمان باران ئەبارێ ، داواکارم تا خۆر هەڵدێ سروودێک لەسەر باران تەرتیب بکەن.. ئەوەیش کۆرسێکی دەنگخۆشم بۆ ئامادە کردوویت .. هەرچیەکیشت بوێت ، بۆت دابین ئەکەم )
(خانوویەک و کڵاشینکۆفێک ! )
( بە چاوان )
تەماشایەکی کۆرسەکەی کرد و پێی وتن ، چی ئەڵێم بیڵێنەوە ..ئەوانیش سەرێکیان ڕاوەشاند ، دیار بوو هەموویان لە خەو ڕاچڵەکێنراون و هێنراون ..

( بارانە .. باران .. بارانی خۆشی . . )
هەموو بۆیان سەندەوە : ( بارانە باران .. بارانی خۆشی )
ویستی بڵێ : ( موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
باش بوو فریا کەوت ..واتا فریای دەمی خۆی کەوت ئەگینا زمانیان بۆ کردبوو بە شفتە ..
هەرچەندە گفتی کڵاشینکۆف و خانووی وەرگرتبوو ، بەڵام هەر تووڕە بوو ..خەوی شەوانی بارانی بە هیچ شتێ نەدەگۆڕییەوە ..
( ببارێ زیاتر بە گوڕ و جۆشی )
کەچی شتێکی سەیر ڕووی دا ، یەکێک لە کوڕە گەنجەکانی کۆرسەکە ، هەستایە سەر پێ و بە هەموو دەنگی هاواری کرد :
(موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
گەنجەیان بە شەق و مشتەکۆڵە برد و .. سروود بەردەوام بوو ..ئەم واقی وڕما ، ئەو کوڕە چۆن ئەو نیوە دێڕەی لەم وەرگرت ؟ یان تۆ بڵێی خۆی نەبووبێ بە شەق بردبێتیان و نەیزانیبێ ؟؟ دەستێکی بۆ گوڵەنکەی ڕۆبەی برد ، خۆی بوو .. بە شەق نەبرا بوو ..
سەرتان نەئێشێنم ..چونکە ئەم جۆرە کورتە چیرۆکانە تەواو نابن .. ڕەنگە حەفتا هەشتا ساڵ هەر درێژەیان هەبێ و تەواو نەبن ..
بە کورتی : تا بەرە بەیان گەڕەکی ئەو دیو ئایەتی وەستانەوەی تۆفانی حەزرەتی نوحیان خوێند ..بۆ نەمانی باران .
گەڕەکی ئەمدیویش سروودی بارانە باران ، بارانی خۆشییان ووت ، هەتا هەمیشە باران بێ ..
لەو ڕۆژە بە دواوە ، ئەم سروودە لە گەڕەکی ئەو دیو قەدەغە بوو ..ئەو ئایەتەی حەزرەتی نوحیش لە گەڕەکی ئەمدیو ، گێچەڵی بۆ زۆر کەس دروستکرد ..

Previous
Next
Kurdish