Skip to Content

رەشنووسی شیعرێکی بزڕکاو.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

رەشنووسی شیعرێکی بزڕکاو.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 12, 2023 General, Poems

من بوونێکی راستەقینەم نەبوو
بوونەوەرێکی وەهمی بووم
ژنەکان لە رۆحیاندا خوڵقاندیانم
بە نازەوە گەورەیان کردم
من وەک کاسپەر
بەنێو هەموو کات و زەمەنێکدا
بەنێو ئەستووریی دیوارەکاندا
بە ئاسانیی تێدەپەڕیم
بوونێکی بەرجەستەم نەبوو
هەر لە توێی کتێبەکاندا
وەک دەقێکی خەیاڵی نووسرابوومەوە
چیرۆکێکی ئەفسوناویی بووم
لە پەنا و گوێ ئاگردانەوە داتاشرابووم
قالۆنچەیەکی زەبەلاح بووم
لە منداڵدانی کافکاوە هاتبوومە دەر
زۆر جار لە رێستۆرانتەکاندا
پیتزا یان ئەدەنە کەبابم دەخوارد
ئەوەی پارووی دەجوی
من نەبووم
منی راستەقینە بە گەدە بەتاڵیی
لە ژێرزەمینی دڵەڕاوکێدا یەخسیر بووم
بەردەوام لە دۆنادۆندا بووم
لە پێستی کوڕی ماڵە هەژارێکەوە
بۆ سەر سفرەی پڕی خانەدانێک
لەوێوە بۆ لێقەوماوێکی سەرجادە
هەمیشە گەشتم دەکرد
بەنێو خۆمدا
خۆم لە هیچ جێگەیەک نەدەبینییەوە
ژنە عاشقبووەکان
پیاوە ئیرەییبەرەکان
منیان لە قوڕێکی خورافی دروست کرد
هەر خۆیان بە نەفرەتیان کردم
وەک ئیبلیس لە خۆیان بێبەرییان کردم
لە ئاسمانی سەفاوە
بۆ خەرەندی شیوەن فڕێیاندامە خوارێ
لەم سەرزەمینە کارێکم نەبوو
کۆڵەپشتم کیلۆیەک چکلێتی شیعر و
چەند گرامێک یاقووتی هەست بوو
خۆم دەمزانی کائینێکی سەیرم
هەموو ژنانی دنیام خۆشدەویست
ژنی رەش ئەسمەر
ژنی چاو کەسک
ژنی باڵابەرز
ژنی قژ کاڵ
ژنی زوڵف لوول
ژنی سپی پێست
ئەوەی لە کۆتاییدا تێیگەیشتم
هەر ژنێکی شەرمنە
لە قووڵایی دڵیدا هەڵیگرتووم
بۆنی هەموویانم بەوەوە کرد
بە باشی دێتەوە بیرم
ژنەکان فریویان دام
منیان لە وڕێنەکارەوە کردە
شاعیرێکی گەورە
ئەو تێکستە قۆڕانەی
لە بێ تاقەتی خۆمدا دەمنووسین
بە شاکار وەسفیان دەکرد
بەسەریدا دەتوانەوە
هەندێک رۆحیان فیدا دەکردم
هەندێک بە شاسواری خەونەکانیان
لە قەڵەمیان دەدام
هەندێک بە میری شاعیران و
ژەنەراڵی عەشق
ناوزەدیان کردم
هەندێکی تر منەتیان دەکرد
لە چاوەڕوانی دەرکەوتنمدا
پرچی سپیان هۆنیوەتەوە
ئاه من هێندە رووشکێن نەبووم
لەسەر ئەم رووپاماییە سەخیفە
تەریقیان بکەمەوە
هێند رووگیر بووم نەمدەتوانی بڵێم
درۆکانتان
مێشکی شیعری بردم
نەمدەزانی بەچی فۆنەتیکێک
تێیانبگەیەنم
کۆمەڵێک کەلاوەی دڵتەنگن
لە پشت تەلاری سۆزی منەوە
خۆیان مەڵاس داوە
نەمدەزانی بە زمانی چ سەردەمێک
راستییەکە وەک دڕک
لە زمانی هەراشیان بچەقێنم
بە بێ رووشاندنی پێستی ناسکی شیعرم
لە رێی دەقێکەوە تێیانبگەیەنم
پێڕێک تەرمی نێو جەنگی پیاوەکانی ترن
دڵتان لە شوێنێکی ترەوە کوناودەر بووە
لەم گیانەڵایەدا
بە لاف و گەزافەوە
دەتانەوێ لە تیانووسە بەسامەکەمدا
وەک دوا پەناگە بسرەون و
بە دەقە تەڕەکانم
ئاورشێنی چیمەنە وشکەهەڵاتووەکانتان بکەن
نەمدەتوانی پێیان بڵێم
پیاوێکی سۆزانی نیم
راشکاوانە داوای شەوێکی سوور بکەن
پێویست بەوە ناکات
بە درۆی خۆشەویستی گێژ و وڕم بکەن
چاک وەبیرم دێتەوە
چۆن بە دەست خۆم و
ئەو ژنانەوە گیرم خواردبوو
وەک گروپە هەنگ
شیلەی هەڵاڵەی شیعریان دەکرۆژتم
مڕخیان لە گەنجیی و
بێ نەواییم خۆش کردبوو
هەردەبوو کەتنێک بکەم
یەک یەک لە بێژنگیان بدەم
ئا، کەتنێکم نایەوە
رەنگە ئەمێستا بیرتان بێت
پێش چەند ساڵێک
چ کەتنێکی گەورەم نایەوە
وەک ئەوەی پەردەی ئۆزۆنم دڕاندبێت
یان بۆمبی ئەتۆمیم تەقاندبێت
نەفرەت وەک بارانی بەهار بەسەرما باری
خۆم دەبینی
لە هەمان ئەکشن و حاڵی عیسادا
لەو دەمەی بە سوکایەتییەوە دەیانبرد
بۆ لە خاچدان
برادەرەکانی خۆیان شاردەوە و
حاشایان لە ناسینی کرد
ئاه عیسای هاوڕێم
من جگە لە تۆ
لە مریەمی مەجدەلیش دەچم
تۆ لە کوێی پێیان بڵێی
کێتان فریشتەیە
یەکەم بەرد ئەو تێی بگرێت؟
ئەو ئانەی کەوتمە بەر بەردبارانی
رێوییە خوێڕییەکانی سیاسەت
بە تەنیا دەگریام
هەموو پێدەکەنین
بە تەنیا مامەوە
هەموو رۆشتن
بە تەنیا ئازارم دەچەشت
هەموو روویان وەرگێڕا
ئەو دەمەی لەژێر ئەو شاخە بەردینەدا
وەک سەگێکی تۆپیو پلیشابوومەوە
کەس نەیدەوێرا
خۆی لە قەرەم بدات
تەنها ژنێک نەبێت
لە کونی کلیلی دڵەوە
تەماشای دەکردم و
هێندە بێ دەسەڵات بوو
تەنها فرمێسکی بەسەرما دەچۆڕا و
وەک بەورێکی زامدار
تینوویتیم پێی دەشکا
هەموو رۆشتن
هەموو بێدەنگ بوون
رێتان دا، تاژیەکانی حزب
وەک سیخوڕێکی بەدفەساڵ
بمخەنە قەفەزی تۆمەتەوە
بەڵێ، حاشا ناکەم
سیخوڕیم دەکرد
بەسەر دەریاوە بۆ مانگ
سیخوڕی بەهەشتنشینان بووم لە دۆزەخ
سیخوڕی ژیان بووم بەسەر مەرگەوە
ئێوە هەر تێنەگەیشتن
دڵخۆشم بەوەی لێم تێناگەن
کاری من لەوێدا تەواو دەبێت
لە من حاڵی ببن
ئێوە بۆ ئەوەی لێم تێبگەن
دەبێت فامی ئەوە بکەن
ئەو وەختەی نەفرەتتان لێکردم
هەموو قاقا و قریوەتان دەهات
من غەرقی ئەسرین بووم
تۆڵەی ئەو فرمێسکە تیمساحیەتان
لێکردمەوە لە ئانی کەتنەکەدا
وەک ریایی رشتان
هیچتان بیرتان لەو گریان هەقیقییە نەکردەوە
سەرئەنجامی کەتنەکەی کردە کۆمیدیا و
منی تێدا قەشمەر بووم
هەمووتان، بەڵێ یەک بە یەکتان
دەرزی لە زمانتاندا بوو
میزەڵانی دنیا خەیاڵییەکەمتان تەقاند
ماڵە وەهمییەکەمتان رووخاند
کە ئارەزووی دوا بەیەکتان بوو بێنە ناوی
ئێوە هیچ کات لە من تێناگەن
هەروەک ئەوەی کتێبەکانم
بە خەتی هێرۆگلیفی نوسرا بن و
بە زمانی خێڵەکانی ئەمازۆن بدوێن
کەس کەستان حاڵی نابن
هەمیشە وا خۆتان نیشان دەدەن
شێتەکانتان وەک مرۆڤی رۆح سوک
تا ئەوپەڕی خۆش دەوێن
ئەی چۆن شەرم ناکەن
لەسەر شێتییەکانم
کە لە حیکمەتەکانی ئێوە جوانترن
سزاتان دام و
لە مەڵبەندی خۆتاندا دەرتانکردم؟
ئێوە هێشتا نازانن
پێش ئەوەی ئێوە توڕم بدەن
وەک خواردنێکی پیسی ناو گەدەم
لە رشانەوەیەکدا فڕێمداون
ئێوە لە کتێب تێناگەن
خوێندەواریتان ئەوەندەیە
مێژووی میرە جەلادەکان بخوێننەوە
عەقڵتان هەر ئەوەندە بڕ دەکات
کتێبەکانم وەک زوخاوێک ببینن
پیاوێکی سیکۆپات
پیاوێک لە ئاگری قورەت
کردوویتە رێبەری نەزعە شەڕەنگێزەکانی
نا وانییە
ئێوە دەبێت
لە نێو دەقەکاندا بمدۆزنەوە
لە شەربەتی کتێبدا تامم بکەن
لە ژێر ساباتی شیعردا بمبینن
هەرگیز ناتوانن بگەنە من
ناتوانن تۆزی درۆ
لەسەر فۆتۆ راستەقینەکەم بسڕنەوە
ناتوانن ئەو گەردانە لاببەن
وەک تەمێکی رەش
ناوبانگی منیان داپۆشیوە
ئێوە هەرگیز لە من تێناگەن
منیش توانای تێگەیاندنی کەسم نییە
ئەو بۆشاییە بۆ هەمیشە
لە نێوان من و ئێوەدا دەمێنێتەوە
هەرگیز نە بە خۆم
نە بە هیچ کەسی تر پڕ ناکرێتەوە
ئای لە بۆشایی
ب
ۆ
ش
ا
ی
ی


*رەنگە ئەم تێکستە هیچ کاتێک نەبێتە شیعر، کەچی توانیوویەتی ئازارەکانی من لە خۆ بگرێت و مانیفێستیان بکات. ئەم دەقە حکایەتێک دەگێڕێتەوە بە ژیانی تاڵی منەوە نووساوە، شەڕە لەگەڵ ئەو مۆتەکە بێ حەیایەی سواری سەری خەونە ئاڵەکانم دەبێت. ژنەکان لێرەدا ئاماژەیە بۆ دەستەیەک ژن لە جیهانی ریالیتەدا کە بەریەککەوتن و ناسینم لەگەڵیاندا هەبووە، هەموو ئەوانە لە بوونەوەرێکی ناسکەوە بەهۆی هەڵەیەکی ساکاری منەوە بوون بە مێردزەمە و جەلادی رۆحی پەروانەییم.

17-7-2019
ئەڵمانیا- بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
تێبینی: ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “سۆناتای خۆشەویستی” لە ساڵی 2020 چاپکراوە.

Previous
Next
Kurdish