
ململانێی خود و كۆمه‌ڵگه له (چیڕۆكی په‌نجه مۆری ته‌نیایی) دا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
كاره‌كته‌ر، به یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی بینای هونه‌ری ده‌قی چیڕۆك داده‌نرێت. كه ڕۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بینێت له وازیكردنی ڕووداوه‌كاندا. كاره‌كته‌ر چ وه‌ك گێڕه‌ڕه‌وی ڕووداوه‌كان، واته له یه‌ك كاتدا هه‌م پاڵه‌وانی ڕووداوه‌كان و هه‌میش گێڕه‌ڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می تاك، یاخود ته‌نها به ڕۆڵبینینی بێت له ڕووداوه‌كان و بگێڕه‌وه نووسه‌ر بێت، له هه‌ردوو كاتدا بایه‌خی خۆی هه‌یه. هیچ ده‌قێكی چیڕۆك و ڕۆمان نییه، كه‌سایه‌تی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی ده‌ق، یه‌كێك له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت. له چیڕۆكی (په‌نجه مۆری ته‌نیایی) دا، كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له بینای هونه‌ری چیڕۆكه‌كه هه‌یه و فه‌زای چیڕۆكه‌كه، باسكردنه له‌و كاره‌كته‌ره كه ناوی (كانیاوه) وه و له میانه‌ی دیالۆگی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسێكدا، باسی خۆیمان بۆ ده‌كات. كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه، كه‌سێكی ئاسایی نییه، به‌ڵكو له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵده‌دات ئه‌و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه تێك بشكێنێت، كه ڕه‌نگ ڕێژی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كه‌ن، كه تیایدا ده‌ژیت. بۆیه‌شه له بارێكی ده‌روونی ئاڵۆزدایه و به وردبوونه‌وه‌مان بۆ ڕه‌فتار و شێوه‌ی قسه‌كردن و جوڵانه‌وه‌ی ، د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه، چیڕۆكێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، كه له هی هیچ كه‌سێك ناچێت . كانیاو، نازناوی دایكی وه‌ك شوناسێك له بری باوك بۆ ناساندنی خۆی، به كار هێناوه، واتا ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له ڕێگه‌ی باوكییانه‌وه بناسرێنه‌وه، به‌و مانایه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ده‌بێ هه‌مووان باوكێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك زۆڵێك له تێڕوانینی ئه‌وانی دیكه‌وه نه‌ناسرێن، ئه‌وا كانیاو باوكی دیار نییه و ته‌نها دایكی هه‌یه. به دیارنه‌بوونی باوكیشی، واتا ئه‌و كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی باوكێك نییه و ده‌شێ دایكی له په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی و ناشه‌رعیدا، كانیاوی هێنابێته دنیاوه. بۆیه ئه‌ویش هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی جیاوازه له‌وانیتر و ده‌شێ ئه‌و جیاوازییه، به مه‌رگی خۆشی ته‌واو بێت. به‌ڵام پرسیاری ئه‌وه ده‌كات، بۆ نابێت كه‌سێك به دایكییه‌وه له بری باوكی بناسرێته‌وه ؟ جیاوازی چییه دایك یان باوك بێت؟ مه‌گه‌ر منداڵ زاده‌ی هه‌ردووكییان نییه؟ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای هه‌ڵگێڕانه‌وه و تێكشكاندنی ئه‌و نۆڕمه ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌یه، كه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، وه‌ك خاسیه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی بۆ ناسینه‌وه‌ی كه‌سه‌كان ده‌بێته شوناس. كانیاو، ده‌زانێت جیاواز و تایبه‌ت له‌وانی دیكه بیرده‌كاته‌وه و دنیا ده‌بینێت، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و جیاوازییه‌ی خۆی، به ترس و دڵه‌ڕاوكێ و دوو دڵیه‌كی زۆره‌وه ده‌ناسێنێت (من ناوم كانیاوه، ته‌مه‌نم سی و چوار ساڵه، كانیاوی باجی سه‌بری، ته‌مه‌نم سی وچوار ساڵ و شتێكه، ناوی سیانیم له جیاتی ئه‌وه‌ی باوكم بێت دایكمه. نا وا مه‌زانن ئه‌مه ڕسته‌یه‌كه زۆر ساده له ده‌مم دێته ده‌ره‌وه) گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین كانیاو له میانه‌ی خۆناساندنی له به‌رده‌م كامێرادا، دوو جار ته‌مه‌نی خۆی ده‌ناسێنێ، به‌ڵام به دوو شێوه‌ی جیاواز. به بڕوای من، ئه‌م جۆره له دوودڵی و گومانه له ناساندنی ناسنامه‌ی خۆی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و باره ده‌روونیه‌یه، كه كانیاو تیایدا ده‌ژیت و مه‌به‌ستیه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ستایلی ئاسایی ژیانی ئه‌وانیتر، جیاواز بژیت، چ له ڕووی ناونانه‌وه، چ له ڕووی ناساندنی له ڕێگه‌ی دایكیه‌وه نه‌ك باوك. بێگومان هه‌موومان ده‌زانین له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، منداڵ له ڕێگه‌ی باوكییه‌وه ده‌ناسرێته‌وه و به‌بێ شوناسی باوك، گومان له بوونی ڕاسته‌قینه و ڕه‌وای كه‌سه‌كان هه‌یه، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، به هۆی ئه‌و پاشخانه ئایینی و كولتوورییه‌ی هه‌یه‌تی، ده‌بێ هه‌موو منداڵێك باوكێكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بێت و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئایینی و خێزانیی و یاساییه، ئیدی مرۆڤ بێ ناسنامه و بێ شوناسه. كانیاو هه‌وڵی زۆر ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی باری كه‌سییه‌وه، به فه‌رمی نازناوی دایكی بخاته سه‌ر ناوه‌كه‌ی و ئیدی له بری باوكی به دایكی بناسرێت، به‌ڵام ئه‌مه له‌لای فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌كه، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له‌و نۆڕمانه و بۆیه به گاڵته‌كردنه‌وه به كانیاو ده‌ڵێت:_(ئێ ڕۆڵه باوكت كێیه، وا زانیمان مریه‌می ئازیز خوا فووی پێدا كردووه، ئه‌ی دایكت كێ فووی پێدا كردووه؟ منیش وه‌ڵامم دایه‌وه خۆ دایكان شمشاڵ نین تا فوویان پێدا بكرێت) لێره‌دا، ئاستی هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری كانیاو، ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕاده‌ی هوشیاریی فه‌رمانبه‌ری نفووس، گوزارشت له دوو تێگه‌یشتن و دنیابینی جیاواز ده‌كه‌ن. كانیاو، به‌لایه‌وه ئاساییه كه‌سێك هه‌بێت، باوكی نه‌بێت و نازناوی دایكی بخرێته سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی، به پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كه، كه گوزارشت له پێكهاته‌ی كولتووریی و په‌روه‌رده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌كات، كه تووند ده‌ستی به‌و هه‌موو نۆڕمه ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه گرتووه، كه دواجار ده‌یانكاته پێوه‌رێك بۆ ناسنامه و شوناسی كه‌سه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌ر هه‌مووان باوكێكییان هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا دایك به ته‌نها هیچ به‌هاو پێگه‌یه‌كی نییه، كه ئه‌مه‌ش ناراسته‌وخۆ باسكردنه له‌و جیاوازییه ژێنده‌ریی و مرۆییه‌ی، له نێوان نێر و مێ له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه. كانیاو، دژی ئه‌وه‌یه ژن ته‌نها وه‌ك فابریكایه‌كی دروستكردنی منداڵ و كاڵایه‌ك له خزمه‌ت پیاودا، به مه‌به‌ستی تێركردنی ماكه سێكسییه‌كه‌ی ببینرێت و له چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی داخراودا، له ژێر سته‌می نێردا بوونی هه‌بێت. بۆیه به توانجه‌وه به فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌ڵێت ( خۆ ژن شمشاڵ نییه، فووی پێدا بكرێت!) ئه‌مه‌ش ڕه‌خنه‌كردنی ئه‌و ئه‌قڵه پیاوسالاریه‌یه، كه خێزانی كوردی له سه‌ر بونیاد نراوه و تیایدا ژن وه‌ك ئامێری دروستكردنی منداڵ و وه‌چه خستنه‌وه ده‌بینێت. هه‌روه‌ك فه‌رمانبه‌ره‌كه به كانیاو ده‌ڵێت ( باوكت گونی هه‌بووه له دروستكردنی تۆ یان ده‌ستی هه‌بووه؟) جه‌ختكردنه‌وه لێره‌دا له گونی مرۆڤ، كه سه‌رچاوه و دروستكه‌ری ئه‌و ئاوه‌یه كه منداڵی لێ دروست ده‌بێت، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه پیاوی كورد، ژن ته‌نها وه‌ك كاڵانێك بۆ شمشێره‌كه‌ی ده‌بینێت و ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌شی كار بكه‌ن، به‌ڵام توانای سه‌ر جێیی نه‌بێت، ئه‌وا به پیاو به تێگه‌یشتنه باوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵَگه دانانرێت. بۆیه كه فه‌رمانبه‌ره‌كه ئه‌و پرسیاره له كانیاو ده‌كات، مه‌به‌ستیه‌تی دڵنیا بێت كه ئایا ئه‌و به‌رهه‌می ئه‌و گونه‌یه كه هی باوكییه‌تی، یان ده‌شێ گونه‌كه هی كه‌سێكی دیكه بێت؟ چیڕۆكنووس زۆر هوشیارانه و وه‌ك ده‌روونناسێك، یه‌كێك له‌لایه‌نه دۆگما‌و شاراوه‌كانی پیاوی كورد ده‌ناسێنێت، كه ئه‌ویش شانازیكردنه به پیاوبوون، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌و توانسته سێكسییه‌وه هاتبێت كه هه‌یه‌تی. بۆیه فه‌رمانبه‌ره‌كه به گومانه له‌وه‌ی كانیاو، به‌رهه‌می ئه‌و توانایه‌ی باوكی بێت و پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ ده‌كات كه باوكی ده‌ستی هه‌بووه، یان گون له دروستكردنیدا. به‌ڵام كانیاو دژی ئه‌م جۆره ئه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌یه، كه مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌موو مرۆڤێكه، چۆ ده‌ژیت و چۆن خۆی ده‌ناسێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی خودا له سه‌ره‌تادا، مرۆڤی به ئازادییه‌وه دروستكردووه، ئیدی ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه، ڕه‌نگ ڕێژی ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات و ئه‌و ئازادییه كه‌سی و تایبه‌تییانه له مرۆڤ ده‌سێنێته‌وه. كانیاو وه‌ك كاره‌كته‌رێكی جیاواز، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وه‌ی كه هه‌ر ده‌بێت فه‌رمانبه‌ره‌كه، به ناوی دایكییه‌وه ناوی سیانی تۆمار بكات. سه‌ره‌نجام دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دیكۆمێنتێك و ڕه‌زامه‌ندی دایكی پیشانی فه‌رمانبه‌ری نفووس ده‌دات، فه‌رمانبه‌ره‌كه ڕازی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانی ئه‌و، له ململانێی فه‌رمانبه‌رێكه‌وه، ده‌بێته شه‌ڕ و ململانێی هه‌موو كۆمه‌ڵگه به گشتی. بۆیه فه‌رمانبه‌ره‌كه پێی ده‌ڵێت (من ئه‌مه‌ت بۆ ده‌كه‌م، به‌ڵام ڕه‌نگه هه‌موو ژیانت بكه‌وێته به‌ر تانه و توانجی خه‌ڵكی، خه‌ڵكێكی زۆری بێ ئیش ده‌كه‌ونه وێزه‌ت، ته‌نها له به‌ر ئه‌وه‌ی پاشناوه‌كه‌ت به ناوی دایكته‌وه‌یه) كانیاو به دووڵییه‌وه ده‌پرسێت (خۆمن زیانم بۆ كه‌س نییه) بۆیه له نێوان پاشگه‌زبوونه‌وه، له‌و به ناوكردنه‌ی ناسنامه‌كه‌ی به ناوی دایكی و چوونه سه‌ر ڕیتمی ژیانی هه‌مووان، بژارده‌ی دیكه‌ی نییه، به‌ڵام كانیاو سوور ده‌بێت له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ر ده‌بێت، ناسنامه‌كه‌ی به ناوی دیكییه‌وه (كانیاوی باجی سه‌بری) بكرێت. بۆیه قسه‌كانی فه‌رمانبه‌ره‌كه، كانیاو وه‌ك تاكێك، كه شه‌ڕی ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات، سارد ناكاته‌وه، سه‌ره‌نجام فه‌رمانبه‌ره‌كه ڕازی ده‌كات، به‌ڵام ململانیێ و شه‌ڕی گه‌وره‌ی كانیاو لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر له پێشدا، ته‌نها فه‌رمانبه‌ره‌كه تانه‌ی ئه‌وه‌ی لێدا بێت، كه چۆن ده‌بێت پیاوێك ناسنامه‌كه‌ی به ناوی ژنێكه‌وه بێت، ئیدی له‌مه‌ودوا هه‌موو كۆمه‌ڵگه، ده‌كه‌ونه تانه و گاڵته كردن به كانیاو. فه‌رمانبه‌ره‌كه پێی ده‌ڵێت (من كاره‌كه‌ت بۆ ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌كه‌ویه به‌ر گاڵته‌ی هه‌مووان) به‌ڵام كانیاو سور ده‌بێت، له سه‌ر شه‌ڕی ناسنامه و سه‌پاندنی بوونی خۆی وه‌ك تاكێكی جیاواز له هه‌مووان له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌م شێوه‌یه ناوی ده‌بێته ( كانیاوی باجی سه‌بری) له‌دوای ئه‌مه، به هۆی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ری نۆڕمه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه جوڵاوه‌ته‌وه، ئیدی ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی هه‌مووان و فڕێ ده‌درێته ده‌ره‌وه‌ی بازنه باوه‌كه‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته جێگه‌یه‌كی نامێنێته‌وه بۆ ژیان. ئاخر ئه‌گه‌ر كه‌سێك پیاو بێت، چۆن ده‌بێت له بری باوكی به هۆی دایكییه‌وه خۆی بناسێنێت و ناسنامه‌ی هه‌بێت؟ مه‌گه‌ر دایك و باوك، وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز له یه‌كتری وه‌ك یه‌كن، به تێگه‌یشتنی ئه‌وانی دیكه؟ به‌م شێوه‌یه كانیاو گۆشه‌گیر و ته‌نها ده‌بێت و هه‌موو ڕۆژێك، به چاوی پڕ فرمێسكه‌وه، له سۆنگه‌ی ئه‌و گاڵته‌كردنه‌ی به هۆی ناوی دایكییه‌وه پێی ده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه ( وایان كرد، به‌ره به‌ره خۆم گۆشه‌گیر بكه‌م، بگه‌ڕێمه‌وه ناو خۆم، ته‌ریك و ته‌نیا و بێ هاوڕێ، حه‌زم نه‌ده‌كرد بچمه ده‌ره‌وه و تێكه‌ڵاوی كه‌س بم، هه‌ر جارێكیش چووبمه ده‌ره‌وه، به چاوی پڕ گریان هاتوومه‌ته‌وه) هه‌موو ئه‌و توانج و گاڵته‌و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنه‌ی كانییاو له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه كه كۆمه‌لگه‌یه، كانیاو له‌و خواسته تاكایه‌تی و سه‌ربه‌ستیه‌ی خۆی سارد ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌كه‌وێته دۆخێكی ده‌روونی دژواره‌وه، كه به ته‌نها له ماڵه‌وه ده‌ژیت و ئه‌و ته‌نهایه وای لێ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی كه دایكی ده‌مرێت، چیڕۆك و حیكایه‌ت بۆ ئینجانه‌كان بگێڕێته‌وه و له میانه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان خۆی و گوڵدانه‌كانیشدا، گوڵدانه‌كان له بری گوڵ، كتێب ده‌رده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مووان، شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. ته‌نانه‌ت هاوڕێ باڵا كورته‌كه‌ی خۆشی، بڕوا به‌م ڕووداوه ناكات. تاكو سه‌ردانی كانیاو ده‌كات و به چاوی خۆی ئینجانه‌كان ده‌بینێت و چه‌ند هه‌وڵده‌دات ناتوانێت كتێبه‌كان لێ بكاته‌وه.
لێره‌دا، چیڕۆكنووس وێنه‌یه‌كی هارمۆنی و هاوواتایی له نێوان چیڕۆكی ژیانی خۆی وه‌ك تاكێك و كتێبی نێو گوڵدانه‌كان دروستكردووه. چونكه ئه‌گه‌ر له‌لایه‌كه‌وه كه‌س نه‌توانێت ئه‌م كتێبانه لێ بكاته‌وه، ئه‌وا پێشتریش وێرای ئه‌و هه‌موو گاڵته و سووكایه‌تیه‌ی له پای ناونانی به ناوی دایكییه‌وه پێی كرا، به‌ڵام كه‌س نه‌یتوانی، كانیاو له‌و خواسته كه‌سی و ئازادیییه‌ی خۆی په‌شیمانی بكاته‌وه، یاخود بێته سه‌ر ڕیتمی ژیانی كلاسیكییانه‌ی ئه‌وانیتر، كه هه‌ر ده‌بێ ناسنامه‌كانییان به ناوی باوكییانه‌وه بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك منداڵێكی ڕاسته‌قینه و كوڕی باوكێك بناسرێن. كه هه‌ردوو كاره‌كه‌ش مه‌حاڵن. بێگومان له په‌راوێزی، دیالۆگی نێوان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه و فه‌رمانبه‌ره‌كه، ئێمه خه‌سڵه‌ت و تایبتمه‌ندی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌بینین. به‌و پێیه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تییانه، نمایینده‌ی دوو تێگه‌یشتن و دنیابینی جیاواز ده‌كه‌ن. كانیاو، كه‌سێكی یاخی، ئازاد و سه‌ربه‌ست، بڕوای به ئازادی ژیان و تیۆری چۆن ژیان هه‌یه، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و نۆڕمه په‌روه‌رده‌یی و كولتووریانه تێكده‌شكێنێت، كه لای مرۆڤی كورد پیرۆز و ڕێزلێگیراون. له به‌رانبه‌ردا، فه‌رمانبه‌ری نفووس، گوزارشت له‌و ئاراسته كۆمه‌ڵایه‌تیی و دنیابینییه گشتییه‌ی مرۆڤی كورد له كۆمه‌لگه‌ی كوردی ده‌كات، كه ناسینه‌وه له ڕێی باوك و به كه‌م ته‌ماشاكردن و جیاوازیكردن له ڕووی ماف و ژیانه‌وه، له نێوان ژن و پیاودا، یه‌كێكه له خاسیه‌ته كۆمه‌لایه‌تییه‌كانی. گه‌ر سه‌رنج له زمان و ئاستی هوشیاری هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ش بده‌ین، ڕوونتر ئه‌مه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه فه‌رمانبه‌ره‌كه، چه‌ندین وشه‌ی زبر و برینداركه‌ر و میللی، به‌رانبه‌ر ژن ده‌رده‌بڕێت، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هیچ بڕوای به ژن، وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیان نییه. به‌ڵام كانیاو، وێرای ئه‌و هه‌موو برینداركردن و شكانه‌وه و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنیشی، كه چی به‌و په‌ڕی ئاكار و بڕوابوون به مرۆڤ و ئازادییه‌كانی ده‌دوێت و وه‌ڵامی ئه‌وانیتر ناداته‌وه، به‌مه‌ش له به‌رده‌م مرۆڤێكی دیكه‌ی جیاواز داین.وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌یڵێت( گه‌ر مرۆڤ له به‌رده‌م ته‌نیایی خۆی وه‌ستایه‌وه و لار نه‌بوه‌وه ئیدی به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرێت) چونكه شه‌ڕی گه‌وره‌ی مرۆڤ له پێناو مانه‌وه‌ی خۆی، له خودی خۆیه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. كانیاو، سه‌ره‌تا له به‌رانبه‌ر ناخی خۆی، دواتر ئه‌وانیتر، پاشان هه‌مو كۆمه‌لگه ده‌وه‌ستێته‌وه و یاخی ده‌بێت. ده‌سپێكی ئه‌و یاخیبوونه‌ش، له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نۆڕمێكی جێگیری كۆمه‌ڵگه كه وه‌ك پیرۆزییه‌ك و به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی خێزانی و میللی سه‌یر ده‌كرێت، كه ده‌بێ هه‌ربه باوكمانه‌وه بناسرێینه‌وه، ده‌ست پێ ده‌كات و سه‌ره‌نجام له سه‌ر پێی خۆی ده‌وه‌ستێت و له ململانێی نێوان خود و كۆمه‌لگه‌دا، براوه ده‌بێت و ژیانێكی جیاواز و تایبه‌تی ده‌بێت.
ئه‌م چیڕۆكه، هه‌ڵگریی گه‌لێك ده‌لاله‌تی سیاسی و مێژوویی و كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه ڕه‌نگه هه‌ر یه‌كه‌یان پێویستی به باسێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، چونكه له گه‌لێك خاسیه‌ت و ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دواوه. ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌ربڕین و دیالۆگانه‌ی له چیڕۆكه‌كه‌دا، له نێوان كاره‌كته‌ره‌كاندا هه‌ن. بۆ نموونه، خانمی پێشكه‌شكاری تیڤییه‌كه ده‌ڵێت 🙁 بۆ ئه‌وه‌ی له شاشه لاواز ده‌ربكه‌وم، تا ئێستا پڕ به‌دڵ نانم نه‌خواردووه) ئه‌مه ده‌رخستنی ڕووێكی كاری ڕاگه‌یاندنه له نێو ئێمه، كه ته‌نێ جوانی ڕووخسار و لاش و لار ده‌كه‌نه پێوه‌ر. چیڕۆكنووس ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه‌سانێك له بری هزر، جوانی بكه‌نه پێوه‌ری كاركردن، ده‌توانن هیچ گۆڕانكارییه‌كی هزریی و ڕۆشه‌نبیری بێنه ئاراوه؟ یاخود ده‌ڵێت: ( تا كه‌سێكی ڕاستگۆ ده‌بینییه‌وه، هه‌زاره‌ها درۆزن په‌یدا ده‌بن) ئه‌مه دروست وێناكردنی واقیعی ژیانی تاكه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه. له‌م چیڕۆكه‌دا، چیڕۆكنووس سه‌ركه‌وتووانه له ڕێگه‌ی ته‌كنیكێكی سه‌رنجڕاكێشه‌وه، بینای هونه‌ری چیڕۆكه‌كه‌ی داڕشتووه.كاتێ ده‌ست به خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه ده‌كه‌ین، وا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌وه ده‌سپێكی ڕووداوه‌كانه، كاتێ په‌یامنێره‌كه، بۆ به‌رنامه‌یه‌ك له باره‌ی گوڵه‌كانی كه كتێب له بری گوڵ ده‌گرن، سه‌ردانی كردووه و دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام دواتر كه چیڕۆكه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ین، ده‌بینین دوایین ڕووداوه‌كانی چیڕۆكه‌كه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كان، چونكه هاوڕێكه‌ی داوا له كانیاو ده‌كات، ئاگاداری به‌رنامه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره بكاته‌وه تاكو بێن ئه‌و شته سه‌یره‌ی گوڵه‌كان، بكه‌نه به‌رنامه‌یه‌ك و له پڕۆگرامی شته سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كان پیشانی بده‌ن. ئه‌م شێوازه له‌ڕێكخستن و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، فۆڕمێكی هونه‌رییانه‌ی جوانی به چیڕۆكه‌كه داوه، كه گێڕانه‌وه‌كه بازنه‌یی نه‌بێت. دواجار ده‌ڵێم كاك ئارام، یه‌كێكه له چیڕۆكنووسه دیار و به تواناكانی ئێمه، كه ستایلێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له نووسینی چیڕۆكدا. له هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه، كه بایه‌خێكی زۆر به دیوی ناوه‌وه و لایه‌نی ده‌روونی كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌دات و له په‌راوێزی ئه‌و خاسیه‌ته ده‌روونی و سایكۆلۆژییانه، خوێندنه‌وه بۆ ڕه‌فتاره‌كانی مرۆڤ و دیارده‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ده‌كات. ده‌ستخۆشانه له نووسه‌ر ده‌كه‌م به هیوای چیڕۆكی جوانتر.
سه‌رنج: په‌نجه‌مۆری ته‌نیایی، چیڕۆكێكی (ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح) ه‌و له ژماره (2) ی گۆڤاری سه‌نگینی (وانه‌ر) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
*ئه‌م بابه‌ته له ژماره 6 ی گۆڤاری (وانه‌ر) حوزه‌یرانی 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه.