فلاشباک..11.. ستیڤان شەمزینی
لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە
بەشی یانزە
من سەر لە دووفاقیی کورد دەرناکەم، عەلی وەردی هەر ئەوەندەی پێکرا چەند کتێبێک لە بارەی دەبڵ کەسێتی تاکی عێراقی و رۆژهەڵاتییەوە بنووسێ، وا بزانم ئەویش بەم داخەوە سەری نایەوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی “فرۆید”م خوێندەوە. لە داخی بیرکردنەوە لە درۆی خەڵک و دووفاقی تاکی کورد بە باشی تێنەگەیشتم، بۆیە سەرلەنوێ دەبێت بیخوێنمەوە. هەمیشە رەخنەم لێدەگرن، کە هیچ دیپلۆماسیەتێکم نییە، ئەتەکێت نازانم، دوایی بۆم روون بووەوە ئەو شتەی پێی دەوترێ دیپلۆماسییەت بریتییە لە ئیزدواجییەت و ماسک بەستن و گەمەکردن لەسەر هەموو پەتەکان. ئەوەش بە من ناکرێ، پێم خۆشە ئینسانێکی نادیپلۆماسی و بێ ئەتەکێت بم وەک لەوەی ئیزدواجی و درۆزن بم. کامۆ وتەنی خۆشترە بە پێوە بمرین، نەک لەسەر ئەژنۆ بژین. ژیانیش چەند لەحزەیەکی بێمانایە ئیدی ئەم هەرا و هۆریایەی بۆچییە؟. رقم لە ژیان نییە، تائێستاش هەوڵی خۆکوشتنم نەداوە، بەڵام ژیانیش بەو شێوەیەی ئێمە مومارەسەی ئەکەین دیوێکی تری مردن و بەرزەخە.
سەیری بکە، سیاسیی درۆزن، مەلا و قەشەی درۆزن، نووسەری درۆزن، ژنی درۆزن، پیاوی درۆزن، مامۆستای درۆزن، کاسبکاری درۆزن و هتد… چەندە رێز لێگیراون، کەچی هەر کەس هەقیقەت بڵێ وەک شێت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. راستە هەقیقەت شتێکی رێژەییە و ئێمەی نەوەی دوای ئەنشتاین شەرمە بڵێین هەقیقەت رەهایە، بەڵام کاتێک من بە جیددی فەرمانبەری دەوڵەتم یان پیاوی ئاینم یان نووسەرێکی لات و لەوێر، بۆچی ئەگەر سرکەی درۆ نەکەمە ئیش و قسەکانمەوە، خۆشەویست نیم، گوێم لێناگیرێ، قسەم ناڕوات؟؟؟ چوزانم ئەم خەڵکە بۆ وان، بەڵام ئەزانم زۆربەی خەڵک بێ پرنسیپ و بەهان و ئاینیان دۆلارێکە. لە خزمەتی بۆرژوایەکی چاوبرسی ئەبنە جووتێک جزمە، بەڵام لە بەرانبەر ئینسانێکی هەژار و بێ نەوادا، وەک شێر سنگ دەکوتن. ئەدی خۆ من لە چینی سەرەوە و بۆرجوازم، بەڵام رقم لە فەرهەنگی بۆرجوازییەتە. رقم لە ئاکار و لوتبەرزیی دەوڵەمەندەکانە.
پێشنیازیک لە مێشکما گینگڵ ئەخوا ئەویش ئەوەیە کاتی ئەوە هاتووە فەرهەنگی زمانەوانی لە دەستەواژەی مرۆڤایەتی پاک بکەینەوە، ئاخر بۆ مرۆڤ هەیە تاکو باسی مرۆڤایەتی بکەین؟. زۆریش شورەییە مرۆڤ باسی خۆشەویستی بکات چوون لە ناخی هەر مرۆڤێکدا ئەژدیهایەک بە پەنهانی هەناسە ئەدا. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە شت دڵم پێی خۆش بێ، بوونی مەعشووقێکی میهرەبانە. لەو رۆژانە وتی ئەگەر من بڕۆم چی دەقەومێ، ئەوسا ئیستم گرت و بێدەنگ بووم، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا، بۆی ئەنووسم “من خۆم ناکوژم ئەگەر تۆ بڕۆی چوونکە ئەوسا مەرگ من هەڵدەبژێرێ، نەک من مەرگ هەڵبژێرم” ئەوەش ئەنووسم “ئاشقەکان لەو سوپایە ئەچن پردەکان دوای خۆیان ئەڕوخێنن بۆ ئەوەی رێگەی گەڕانەوەیان بۆ دواوە نەمێنێت بەڵکو هەمیشە بۆپێشەوە ئەڕوانن. من خۆم ئەم ئەشقە ئەزموون ئەکەم”.
تووڕەم، زۆر زۆریش تووڕەم لەم وڵاتە، محەمەد ماغوت وتەنی تەنیا پێڵاوەکانم بەم نیشتمانە ئیغتسابکراوەوە ئەمبەستێتەوە، هیچ هەستێکم بۆ وڵاتێک نییە کەبووە بە بەهەشتی دز و مافیا و دووڕووان. وڵاتێک ئایندەی نییە لەبلەبان و ماستاوچییەکان وەک ئاشی نەزان بیگێڕن. من بەرگەی ئەم هەموو ناشرینە ناگرم، هەرچەندە دەبێ پرسیار بکەم، ئاخۆ منیش چەندە ناشرینم؟ چوونکە خۆم نایبینم. کۆمەڵگەیەکمان هەیە، تاکی نییە، مێگەلی ئەخۆین و ئەخۆینەوە و لێمان ئەخوڕن بۆ دۆڵ و چیا، هەر کەس لە مێگەل جیا بێتەوە، بەر گۆچانی کەلتوور ئەکەوێ. بەهەرحاڵ مەست و سەرخۆشم و بێهودە دەستی خۆم بە نووسینی ئەم دێڕانەوە ئازار ئەدەم. دەی ئیتر تەواو قسەم نەما.
ستیڤان شەمزینی
17-6-1998
تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 39-42 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە