
گێڕانه‌وه و شتی تریش … سۆران محەمەدەسوورە
خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی “گه‌ڕانه‌وه و شتی تریش”ی ڕه‌شید مه‌حموود
“دەنگی هێلێن ئێستاش هەر لەنێو گوێچکەمدایە و ئەوکات نەمدەوێرا وا بڵێم، بەڵام ژنێکی جوان بوو.”
ئه‌مه، خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه و شتی تریش. له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌درێت ئاماژه به چه‌ند زاراوه‌یه‌ك بكه‌ین، كه له چیرۆكه‌كه‌دا هه‌یه، كه ده‌رگه‌یه‌كه بۆ ده‌رككردنی ڕه‌هه‌نده شاراوه‌كانی چیرۆكه‌كه و له‌گه‌ڵ زاراوه‌كانیش هه‌وڵده‌درێت ته‌كه‌ز بخرێته سه‌ر كاریگه‌ریی نه‌ریت و دین به‌گشتیی و ڕه‌هه‌ندی مێژوویی چیرۆكه‌كه به‌تایبه‌تیی.
چیرۆك، چیرۆكی ڕۆژانه‌ی كه‌س و شته‌كانی ده‌وروبه‌ره. ده‌نگی هۆڤیی و سامناكیی ویژدانی چیرۆكنووسه، كه تا نه‌یگێڕێته‌وه ناحه‌جمێت. چیرۆك؛ ماڵێكی غه‌مگینه و له خاوه‌نی خۆیشی، كه چیرۆكنووسه، دواجار حاشا ده‌كات و ته‌نێ گوێ‌گران به خاوه‌نی خۆی ده‌زانێت. گۆرگۆن* (Gorgon)ـه‌كان له‌ده‌می گێڕانه‌وه‌دا وه‌ها ده‌چنه دنیای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و زمانی چیرۆكه‌كه‌وه، كه دواجار هه‌ر شتێك نیگا بكه‌ن، به‌به‌ردبووی ده‌كه‌ن. جوانیی ئه‌م ئه‌فسانه و چیرۆكگێڕانه‌وه‌یه‌ش هه‌ر له به‌به‌ردكردن، مانه‌وه له دنیای خۆیان، دایه، كه نایانه‌وێت له بازنه‌ی گێڕانه‌وه بچنه ده‌ره‌وه. ئا ئه‌م چیرۆكه‌ش ده‌یه‌وێت له بازنه‌ی گێڕانه‌وه دانه‌بڕێت و دانه‌بڕێین؛ به‌شێوه‌یه‌ك، كه واده‌كات تا كۆتایی، ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه نه‌بین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و شتێك له ده‌وروبه‌رمان نیگا بكه‌ین، به‌به‌ردبوو ببێت.
چیرۆكی “گه‌ڕانه‌وه و شتی تریش”، له نووسینی “ڕه‌شید مه‌حموود”ه. گێڕه‌ڕه‌وه، به زمانێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌مان گه‌ڕانه‌وه ده‌بێته گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ش. ئه‌وه منداڵیی ئێمه‌یه، له گوندێكی دووره‌شار ژیاوه و تێكه‌ڵمان ده‌كاته‌وه به ڕووداوگه‌ڵ/ شتی تریش. بۆیه تا كۆتایی چیرۆكه‌كه، ده‌یان ڕووداو/شتی تریش، له منداڵیی و ژیانی خۆت دێنه‌وه بیر، كه هاوشێوه و نێزیكن، به‌ڵام ده‌پرسین ئه‌گه‌ر ئه‌م زمان و گه‌مه گێڕانه‌وه‌یییه‌ی چیرۆكنووس، ته‌وس و ته‌نزه نه‌بوایه، ئه‌و چێژبینینه، هه‌ست و ئه‌لهای ده‌رككردنمان بۆ ئه‌م چیرۆكه ده‌بوو؟
درێژتر له چیرۆكه‌كه و شتی تریش:
كاره‌كته‌ر له گوندێك، كه چل ماڵێك ده‌بن ده‌ژیێت. له‌وێ “دێوانه”كان هه‌ن، “ئەوەی زۆر باو بوو لەوێ (دێوانەکان) بوون، کێ دەزانێ دێوانەکان کێن و چین؟”
- دێوانه: سه‌ر به ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیین، خوو و نه‌ریتێكی سه‌یر، پابه‌ندبوونێكی چه‌قبه‌ستوو به گه‌وره‌كه‌یان/ شێخ هه‌یه، وه‌ك باوه و وتراوه، له كابرایه‌كیان پرسیی؛ پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د گه‌وره‌تره، یان شێخ ڕه‌شید، وتی دیاره -گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه ده‌ڵێت: هه‌رتكیان مرۆڤی مه‌زن بوون-. ئه‌م دیاره‌یه بۆ شێخه نه‌ك پێغه‌مبه‌ر. شێخ ڕه‌شید له پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د پیرۆز و گه‌وره‌تره.
دێوانه، خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ چه‌ڵاك هه‌یه، له پارچه‌ی دووه‌می چیرۆكه‌كه ده‌خوێنینه‌وه: كه دێوانه‌یه‌ك گۆپاڵی ڕووه و ماڵی به‌رباربووێك ڕاگرتووه و پێی ده‌ڵێت: “بڕۆ سه‌یری مانگا سووره‌كه‌ت بكه”. - چه‌ڵاك (گۆپاڵ): له‌لای دێوانه‌كان پیرۆزه، وه‌ك دار عه‌سای مو‌سا، به‌ڵكو زێتریش. گۆیه‌كه‌ی ناگرن و ئامرازێك نییه بۆ ڕێكردن، به‌ڵكو نێوه‌ڕاسته‌كه‌ی ده‌گرن و ده‌ڕۆن، سه‌ره باریكه‌كه‌یشی، هه‌رگیز له كاتی ڕۆیشتن و ڕێكردن به‌ر زه‌ویی ناكه‌وێت.
پیرۆزیی چه‌ڵاك، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك؛ كه ده‌توانن به ئاڕاسته‌كردنی گۆپاڵ بۆ كه‌سی دژ یان “به‌ربار”بووێك، په‌ڕجوو بافرێنن و كه‌سی به‌ربار تووشی نه‌گبه‌تیی و (خوانه‌خواسته) به‌ڵایه‌ك بكه‌ن. - به‌ربار: له‌لای دێوانه‌كان ئه‌و كه‌سه‌ی جزیه نه‌دات، كه بریتییه له‌و داواكارییه‌ی دێوانه له كه‌سێكی ده‌كات، نانپێدانبێت، یان بزن و گا بێت. زۆرجار ده‌ڵێن: خه‌ونمان به فڵانه شته‌ی تۆوه بینیووه، ئیتر ئه‌وه ده‌بێته ماڵی شێخ یان دێوانه. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه كه‌سه‌كه به‌ربار ده‌بێت، سه‌رپێچیی فه‌رمان كراوه. به مانایه‌كی تر واته له‌وان نییه.
وه‌ك له چیرۆكه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت؛ ئاڕاسته‌كردنی گۆپاڵ به ئاڕاسته‌ی ماڵی به‌رباربووێك، گه‌فی بڕۆ سه‌یری مانگا سووره‌كه‌ت بكه، ئه‌وه مردن و زیانگه‌یاندنه، له‌پای ئه‌و سه‌رپێچییه‌ی به‌ربار كردوویه‌تی، ئه‌میش مرداربوونی مانگایه.
“نه‌شمانده‌زانی، كه ئایا ئه‌م چیرۆكه ڕاسته یان نا”، ئه‌وه نیشانده‌دات، كه كاره‌كته‌ر له پێواریی زانین، له‌نێو خورافیات و نه‌ریتێكی یه‌كجار دواكه‌وتوو ژیاوه، كه یه‌كسه‌ر ئه‌م ڕسته‌یه له‌م ته‌مه‌نه‌یدا، ئاماژه بۆ خۆشباوه‌ڕیی و نه‌بینیی كۆمه‌ڵگه و خه‌ڵكه، كه وه‌ها نه‌ریت و خورافیاتی دینیی باڵی به‌سه‌ردا كێشاون. ڕسته‌ی دوای ئه‌میش “ده‌ركمان به ڕووداوه‌كانی… ، نه‌كرد.) كه بۆ ڕوودان (ان)ی كۆ به‌كار دێنێت، داخۆ چیتر ڕوویدابێت، كه باسی لێوه‌ناكات و ڕووداوگه‌لێك به نهێنیی ده‌سپێرێت. داخۆ ئه‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووبێت، كه ده‌ركی ئه‌م ڕووداوانه‌ی بۆ نه‌كراوه؟ چونكه وا له چیرۆكه‌كه ده‌گه‌ین، كه ئه‌و ڕووداوانه‌ی تر، كه ده‌یانگێڕێته‌وه، ده‌ركی كردوون. سه‌رباری ئه‌مه، ئه‌وه نیشان ده‌دات، كه ماڵی سه‌رۆكی دێوانه‌كان جێگه‌ی په‌ڕجوو و ڕووداوی سه‌مه‌ره بووه، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ركی ئه‌م ڕووداوانه‌ی بۆ نه‌كراوه. كاره‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆشباوه‌ڕیه منداڵیییه‌شیدا؛ چاوه‌ڕێ بووه له‌سه‌ر جۆگه‌له‌یه‌ك، كه كه‌وتبووه نێوان گردێك و ماڵیانه‌وه، فریشته‌یه‌ك بێت و بیكاته بانمرۆڤ و ده‌مڕاستی خه‌ڵك.
گه‌ڕانه‌وه له‌م چیرۆكه بۆ چیرۆكێكی تر و ئه‌میش ته‌نیا به ڕسته‌یه‌كی كورت، (چیرۆكگه‌لی؛ شوانبوونی پغه‌مبه‌ر، سنگشه‌قكردنی پێغه‌مبه‌ر، هێڵێن و جۆگه‌ی ته‌سنیم، چیرۆكگه‌لی دێوانه‌كان و مانگا سووره‌كه و… تاد) گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی جوانناسیی و گێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌ك توانایی چیرۆكنووس بۆ ئافراندنی چیرۆكی باش و جیاواز له تاكڕووداویی، به ده‌ربڕین كورت و بێفیڕۆدانی وشه و هه‌ڵڕشتنی زانیاریی لابه‌لا، نیشان ده‌دات.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه، ئه‌و قۆناغانه‌ن له چیرۆكه‌كه‌دا، كه یه‌كێكیان ساتی نووسین/چیرۆكگێڕانه‌وه‌یه و ئه‌ویتریان سه‌رسامبوونه به دێوانه و ژیانیان، ئه‌ویتریشیان قۆناغێكه، تێیدا كاره‌كته‌ر هه‌ست ده‌كات و ئاره‌زووه‌كانی ده‌جووڵێن؛ مه‌یلدارییشی بۆ جوانیی هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی، كه ناتوانێت بڵێت؛ جوانه، كه‌بتده‌كرێت، چونكه ده‌نگی ژن حه‌ڕامه، ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی فریوده‌ر و ناسكه و پیاو ناتوانێت له به‌رانبه‌ریدا خۆی بگرێت. ئه‌مه‌ش داستان و ئه‌فسانه‌ی “شمشێری خودا” –پیاو؛ ئه‌و پاڵه‌وان و گه‌وره‌یه‌ی، كه له ژن ڕێزدارتره- ئاشكرا ده‌كات.
یه‌كه‌م: قۆناغی چاوه‌ڕوانیی.
دووه‌م: قۆناغی مێرمنداڵیی.
سێیه‌م: قۆناغی گێڕانه‌وه.
قۆناغی گێڕانه‌وه: ئه‌مه قۆناغی ده‌سپێكردنی چیرۆكه‌كه‌یه و ئه‌و ته‌مه‌نه‌یه، كه چیرۆكه‌كه‌ی تێدا ده‌نووسرێت/نووسراوه. “چەندین مانگ بەسەر بیست و پێنج ساڵیيمەوە تێپەڕین و شتێکی نوێ ڕووینەدا”. به گوێره‌ی ئه‌مه و به پشتبه‌ستن به‌و ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه نووسراوه، ئه‌وه ده‌بێت چیرۆكنووس له 1992 له‌دایك بووبێت. (ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نی دوو قۆناغه‌كه‌ی تریشمان بۆ ئاشكرا ده‌كات. واته قۆناغی چاوه‌ڕوانیی له شه‌ش ساڵیی و قۆناغی مێرمنداڵیی سێزده و چوارده ساڵان).
ئه‌م كه‌وتنه نێو ساڵی ته‌مه‌نه‌ش (25 ساڵیی) واده‌كات، كه چیرۆكه‌كه بگێڕدرێته‌وه، كه له پارچه‌ی دووه‌مدا ده‌یخوێنینه‌وه، هه‌ڵبه‌ته وه‌ك له پارچه (په‌ره‌گراف)ی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر ئه‌وه نیشان ده‌دات، كه گوایه ئه‌و ژیانه خودییه‌ی خواستی بووه و ئه‌و ڕێیه‌ی له ژیان گرتبوویه به‌ر، كه هه‌میشه ده‌نگی ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌نگی كۆ/باو نه‌هاتووه‌ته‌وه، په‌شیمانییه‌ك چه‌كه‌ره ده‌كات، كه گوایه ئه‌وه‌ی پێیوابووه نوێیه، نوێ نه‌بووه، بۆیه ژیانی ڕۆژانه‌ی ده‌بێته قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بێداریی، ته‌مه‌نی یاخیبوون و سه‌ركێشیی دوای ته‌مه‌نی ڕاستده‌رنه‌چوون، گومانكردن و پرسیاركردن. په‌شیمانییه‌ك، كه دواجار خۆ ده‌دۆزرێته‌وه.
قۆناغی چاوه‌ڕوانیی: به‌نده به ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ره‌وه، كه جوبڕائیل سنگی شه‌ق ده‌كات، كه ئه‌وده‌م ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ر 6** ساڵیی بووه. واته چیرۆكنووس له ته‌مه‌نی 6 ساڵییدا بووه، كه ده‌كاته ساڵی 1998 (لێره‌دا باز به‌سه‌ر دۆخی ساڵانی نەوەتەکاندا ده‌ده‌ین، كه كاره‌كته‌ر تێیدا ژیاوه، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ی پێوه‌ست بێت به گه‌رموگوڕی و گه‌شه‌كردنی دێوانه‌كان له‌م گونده‌دا.) و ده‌یه‌وێت خودا، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر، یانیش دێوانه و خه‌لیفه‌یه‌ك هه‌ڵیببژێرێت، تا خزمه‌ت به دینی ئیسلام بكات، كه ئه‌مه هه‌مان كۆخه‌ونی منداڵیمانه. چونكه ڕۆژانه چه‌ندین جار ده‌بیستین، كه خودا توانای هه‌موو شتێكی هه‌یه. كه‌چی له قۆناغیی گێڕانه‌وه‌دا، واته له ته‌مه‌نی 25 ساڵییدا ده‌ڵێ: شتێكی نوێ ڕووینه‌دا.
قۆناغی مێرمنداڵیی: چیرۆكنووس له‌و خه‌یاڵه دۆنكیشۆتییه به‌ئاگا هاتووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا نازانێت چۆن خودا توانای كردنی هه‌موو شتێكی هه‌یه؟ ئه‌م قۆناغه ساتی ڕامان و خستنه ژێرپرسیاری شته‌كانی ده‌وروبه‌ره، دۆخێك، كه كاره‌كته‌ر له‌نێوان دین و ئاواكردنی دین، جه‌نگی مانه‌وه و جه‌نگی ده‌ستبه‌رداربوونیه‌تی. نیشانه‌كانی (سەری خۆم دەخورێنم و هه‌روه‌ها لەبەر تۆ نەبێ هەر بەڕۆژوو نابن، کێ چوزانێ؟) قه‌ناعه‌ت به‌خۆكردن ناداته خوێنه‌ر، كه بڵێت: ئیتر خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه سێ‌چوار جار سه‌رووزیادیه‌تی، به‌ڵكو به‌داوی ده‌سپێكردنه‌وه‌وه تووشه. خۆی له‌خۆی ده‌پرسێت: ئاخۆ من له‌كوێی كۆتایی ئه‌م چیرۆكه‌م؟ ئه‌ی ئه‌وه منی گێڕه‌ره‌وه/كاره‌كته‌ر-قۆناغی گێڕانه‌وه- نه‌بوو، پێیه‌كانی خستبوونه سه‌ر مێزه‌كه‌وه و ئێستەش ڕێك دانیشتووم، كێ چووزانێ؟
گێڕانه‌وه‌ی كورت و به‌تایبه‌ت پێدانی ته‌وس به چیرۆكه‌كه، له‌و شوێنه‌ی كه گه‌ره‌كیه‌تی، پێكه‌وه خوێنه‌ر زێتر وابه‌سته‌ی چیرۆكه‌كه ده‌كه‌ن:
“لەسەر قەنەفەکە پاڵکەوتم، جاری یەکەم خەو دەمباتەوە و نامباتەوە.” بیركردنه‌وه له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌وی شه‌وانه، گێڕه‌ره‌وه ده‌خاته وه‌نه‌وزدان، كه قۆناغی گێڕانه‌وه‌یه، بیركردنه‌وه له ڕابردوویه‌ك (قۆناغی سنگشەقکردن به‌تایبه‌تیی)، كه كاره‌كته‌ر كه‌شی دینيی و ڕاستر بڵێم خه‌یاڵی دۆنكیشۆتیی، كه خه‌ڵك دروستیان كردووه و بووه‌ته نه‌ریت، ته‌واو به‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كه‌مان/ماندا زاڵه، كه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانیی بووه، خودایه‌ك، كه نێردراوی نایه‌ت تا سنگێكی تر شه‌ق بكات -تۆی خوێنه‌ر بڵێ: گۆدۆ، كه نایه‌ت …- ئه‌مه‌ش له‌پێناو زێتر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ نووری خودا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ڕسته‌ی “برایەکم دەڵێ ناکرێ نیوەی ڕۆژەکە به ڕۆژوو ببم؟” ئه‌م شێوه‌گێڕانه‌وه‌یه ته‌كه‌ز له‌سه‌ر هه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی توندی دینیی، به‌ڵام زۆره‌ملێیی ده‌كاته‌وه. “سەری خۆم دەخورێنم. دەنگی هێلین ئێستاش هەر لەنێو گوێچکەمدایە و ئەوکات نەمدەوێرا وا بڵێم، بەڵام ژنێکی جوان بوو.” لێره‌دا ئه‌و په‌رۆشیی، قه‌ده‌غه‌ییی و ته‌نانه‌ت به حه‌ڕامزانینی ده‌نگی ژن و كه‌بتكردن له دین-ئیسلامدا-، زۆر به زه‌قی دیاره، به‌تایبه‌ت كاتێ گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وكات نه‌مده‌وێرا وابڵێم، به‌ڵام ژنێكی جوان بوو. ته‌نانه‌ت ترس ده‌كه‌وێته سه‌ر وشه‌یه‌كی كورتی وه‌ك (جوان)یش.
گوند؛ دوور له شاره، به‌ڵام ئاوه‌دانییه‌كی به‌خۆوه گرتووه. ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ش كه‌متازۆر پێوه‌ندی به كۆبوونه‌وه و ماڵی سه‌رۆكی دێوانه‌كانه‌وه‌یه. كاره‌كته‌ر چه‌ندجار هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات بچێته ده‌ره‌وه تا میز بكات، به‌ڵام ده‌رگه‌كه‌یان به‌رانبه‌ر باخچه‌ی ماڵی دێوانه‌كانه، كه شه‌وانه تێیدا كۆده‌بنه‌وه و خه‌ریكی گاتا كردنن. له‌وێدا ڕێكه‌وتی مامی، كه ڕاستییه‌كه‌ی مامی باوكییه‌تی ده‌كات، كاتێك ده‌یه‌وێت بێته ده‌ره‌وه، كه چاوه‌ڕێی خێزانه‌كه‌یه‌تی، كه ده‌كاته ئامۆژن/ ئامۆژنی باوكی. دیاره له‌م په‌رۆشیی یان له‌م نه‌توانینه‌ی، كه مێرد‌ی ژنه‌كه/دێوانه‌كه تێیدابووه، ژنه‌كه سه‌غڵه‌ت ده‌بێت و ده‌ڵێت: “بۆ خاتری شێخ ڕه‌شید با خودا بتباته‌وه بۆ خۆی”.
دێوانه‌بوون، به‌شێوه‌یه‌ك پله ده‌داته ژن، كه پیاو/پیاوی نادێوانه مافی چاوه‌ڕوانكردنیشی نییه، چونكه ئه‌و له به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌ركێكی پیرۆز و خوداییدابووه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ده‌بێت دێوانه‌بوون چ شه‌وكه‌ت و شانازییه‌ك به پیاوی دێوانه ببه‌خشێت له‌به‌رانبه‌ر ژن/ژنێك كه دێوانه نییه/نه‌بێت؟ چونكه دێوانه‌كانیش پێڕه‌وكاری دینی ئیسلامن.
دواجار گێڕه‌ره‌وه له‌مه تێده‌گات، كه دێوانه‌كان (سوارانی خودا) تاریكوڕوون ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
“دایکم گوتی: ئه‌گەر من نەبم، خودا لێتان خۆش نابێت، من نەمدەزانی خودا بۆچی لێمان خۆشنابێت.” دووباره گێڕه‌ره‌وه به وشه‌ی “هه‌رچه‌نده” چیرۆكی ماتڵیی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه له چاوه‌ڕێبوونی هاتنی فریشته، به‌ڵام تێناگات له‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی كه خودا بۆچی لێی خۆش نابێت. ئه‌وه نییه، چه‌ندین ڕۆژیش چاوه‌ڕێبووه، تا به‌شه شه‌یتانییه‌كه‌ی فڕێبدرێت. ئیدی ئه‌م ده‌یه‌وێت به‌م گوزارشته خۆی ڕه‌ها، یان بێبه‌ریی بكات له‌هه‌ر شتێك و تاوانێك، كه ده‌یكات، ته‌نانه‌ت گوێگرتن له مۆسیقاش، چونكه فریشته‌كان نه‌هاتوون. تاوان له فریشته‌كانه. به‌ڵام ئه‌مه درێژه ده‌كێشێت، هه‌رچه‌نده‌ش گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت: “ڕاسته كاری دنیا ئاوایه***”، به‌ڵام خۆده‌بوایه ژیانم به‌م شێوه‌یه نه‌بوایه و شتێكی نوێ ڕووی بدابا و كۆتایی به‌م تێدامانه یه‌كڕیتمییه‌ی هێنابام، به‌ڵام له‌وێ ئه‌و ئه‌گه‌ره نییه، كه ده‌شێ شتێك/جیاواز ڕووبدات.
ئه‌م كه‌ڵه‌كه بوونه‌ی خودا و پێكرانی خودا، دواجار چیرۆكنووس ده‌ركی ئه‌وه ده‌كات و تێده‌گات، كه خودا توانای ئه‌و هه‌موو شتانه/ شتی تریشی هه‌بووه، هه‌یه. به‌ڵام به ته‌وسێكیشه‌وه، ده‌ڵێت: “هه‌رچه‌نده چەندین ڕۆژیش چاوەڕێ بووم، تا فریشتەکان بێن و بەشە شەیتانییەکەی نێوم فڕێبدەن؛ بەڵام من هەرگیز شوان نەبووم.” واته ده‌بوایه بۆ ئه‌وه‌ی خودا توانای كردنی ئه‌مه‌شی هه‌بێت، پێویست وابووه، كه كاره‌كته‌ر ده‌بوایه شوان بووبێت. ئه‌گه‌ر نا خودا توانای دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕووداو و چیرۆكی نییه و ناشبێت.
(له چیرۆكه‌كه‌دا سنگشه‌قكردن دوای شوانبوون خستراوه، ئه‌مه‌ش تا مانایه‌ك، یانیش بیانوویه‌كی ته‌نزیی بۆ جڤاك، ده‌سه‌ڵاتی خودا و ڕوونه‌دانی سنگشه‌قكردن بێنێته‌وه. واته خودا غه‌یبی هه‌بووه و زانیویه‌تی كه كاره‌كته‌ر له ته‌مه‌نی مێرمنداڵییدا و دواتریش تووش به ژیانی شوانبوون نابێت، ئیتر چ چه‌قۆیه‌ك یان بیانوویه‌ك بداته جوبڕایل تا بچێت سنگی شه‌ق بكات و وه‌ك سوارچاكی خۆی هه‌ڵیببژێرێت.)
له‌كاتێكدا خودا، كه توانای كردنی هه‌موو شتێكی هه‌بووە، هه‌یه و ده‌شبێت، ئه‌وه منداڵێك له‌سه‌ر جۆگه‌یه‌ك (ته‌سنیم) له‌نێوان گردێك و ماڵه‌كه‌ی چاوه‌ڕێیه خودا توانای به‌به‌ردا بێت/بێته‌وه و فریشته‌كان بنێرێت تا به‌شه شه‌یتانییه‌كه‌ی (كه ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر خودا پێی به‌خشیووه) لێیفڕێبده‌ن.
جۆگه‌ی (ته‌سنیم): ده‌كرێت به‌كارهێنانی جۆگه، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی تریش بێت بۆ چیرۆكی ئافراندنی مرۆڤ، باباده‌م پاشانه‌كینێ حه‌وا، بۆیه باباده‌م؛ خه‌ونی كاره‌كته‌ری منداڵه، كه ئه‌ویش نێره، جگه‌له‌وه‌ش حه‌وا له په‌راسووه نه‌ك له قوڕی جۆگه‌ی ته‌سنیم. كه‌واته ده‌كرێت حه‌وا؛ (ژن/ ئه‌وه‌ی كه دین و كۆمه‌ڵگه‌كانمان به زه‌حیفه‌یان داناوه) پلاری ته‌مه‌نی بیستوپێنج ساڵیی ته‌مه‌نی به‌فیڕۆچووی كاره‌كته‌ر/چیرۆكنووس بێت، كه قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه؛ بیگرێته دین و نه‌ریت، ئه‌میش له‌پای ڕوونه‌دانی شتێكی نوێ.
هه‌ڵبه‌ت به‌سوودوه‌رگرتن له بیردۆزی لاساییكردنه‌وه‌ی پلاتۆن: خودا، نموونه‌ی باڵایه و ئاده‌میش سێبه‌ر/ خه‌لیفه‌ی خودایه له‌سه‌ر زه‌ویی و حه‌واش هونه‌ره لاساییكراوه‌كه‌یه، كه دووجار له نموونه‌ی باڵا، یاخود وه‌كخۆبوون، دوورتره. به‌مانایه‌كی تر ژن پله سێیه و لێره‌ش له‌پیاو كه‌متره. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ئه‌و گومانه‌مان؛ مه‌به‌ستبوونی چیرۆكی ئافراندنی باباده‌م و حه‌وا، پێكه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه، كه دواجار ده‌یه‌وێت بڵێت: گه‌لۆ خودا ئه‌مانه‌شی توانیوون، له جیاوازییه‌كی نابه‌رابه‌ر، تا ناكۆتا له‌نه‌بڕاو؛ ناته‌با و جیاواز.
ئه‌م هه‌موو ڕووداوانه‌ی چیرۆكه‌كه، كه ده‌شێت بۆ چاوی کارەکتەر، نوێ بووبن، كه به‌سه‌ر ئه‌م نه‌هاتوون، بۆیه له ژیانیدا هیچ شتێكی نوێ نابینێت و ڕووینه‌داوه. ئه‌مه‌ش به‌وهۆكاره‌ی وه‌ڵامی ئه‌و چاوه‌نۆڕییكردنه‌ی ده‌می منداڵیی نه‌دراوه‌ته‌وه و سنگی شه‌قنه‌كراوه.
ده‌كرێت له كۆتاییدا ئه‌وه بگوترێت، كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه هه‌میشه به‌هۆی هه‌وڵدان بۆ بوون به‌وه‌ی، كه له‌ده‌سه‌ڵاتیدا نییه و له توانا به‌ده‌ره، له‌نێو خه‌وتن و ئاگاییدایه. چیرۆكنووس ده‌یه‌وێت پێمان یێژێت: له چاوی منی كاره‌كته‌ری منداڵ/ منداڵییمان و ئێستامان؛ شتی نوێ؛ ڕوودانه‌وه‌ی/لاساییكردنه‌وه‌ی چیرۆكه گه‌وره‌كانه. بۆیه په‌یاماڕاسته‌یی ئه‌ودیوی چیرۆكه‌كه؛ فڕێدانی خه‌یاڵی دۆنكیشۆتانه‌یه بۆ بوون به پاڵه‌وان، گه‌ڕاندنه‌وه و زیندووكردنه‌وه‌ی ڕووداو و لاسایی كه‌سانی تر. بۆیه گه‌ره‌كه خۆمان بپچڕێنین و ڕووداو/ ڕووداوی بچووك بافرێنین و ده‌ستبه‌رداری منیگه‌وره ببین و چیتر خۆمان به خه‌ونی نه‌كران، دۆن‌كیشۆت ئاسا، تێدانه‌مێنین.
————————————————–
په‌راوێزه‌كان:
- گۆرگۆن: تۆقێنه‌ر. ئه‌فسانه‌یه‌كی گرێكییه و سێ خوشكن؛ به‌نێوه‌كانی مێدووسا Medusa، ستێنو Sthenno و ئێوریول Euryale. ئه‌م سێ خوشكه پرچیان ماری ژه‌هراویییه. گۆرگۆنه‌كان به‌وه گوزارشت ده‌كرێن، كه چیرۆكان ده‌گێڕنه‌وه، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌یری چاوی بكردبن، یه‌كسه‌ر بووه به به‌رد.
** هه‌ڵبه‌ت گێڕانه‌وه‌ی جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م مێژووه، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی تێڕوانینی خۆمان به له‌گه‌ڵبوونی شتی تریش بنووسینه‌وه، ئه‌م ساڵه‌مان هه‌ڵبژاردووه، هه‌ڵبه‌ت زۆرجار ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیی گوزارشت له قۆناغی 2 بۆ 6 ساڵی ده‌كات.
*** ڕاسته كاری دنیا ئاوایه، ئه‌مه سوودوه‌رگرتنه له ڕۆمانی (قه‌سابخانه‌ی ژماره پێنج، كوورت ڤۆنێ گات، وه‌رگێڕانی: عه‌تا نه‌هایی، چاپخانه: سه‌رده‌م، چ1، سلێمانی- 2008)، چیرۆكنووس سوودی له ڕۆمانی جیهانیی و مۆدێرن وه‌رگرتووه. ئه‌م ده‌قئاوێزانییه‌ش یان بڵێین ئه‌م وه‌رگرتنه‌یه‌شی، زۆر جوانناسیی شكاوه‌ته‌وه.
سه‌رنج: ئه‌م نووسینه، له ژماره “4”ی گۆڤاری كه‌لێن، ساڵی 2018بڵاوكراوه‌ته‌وه.