كتێبی_شیعری دوای ڕاپه‌ڕین وچه‌ند سه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان ڕاپه‌ڕین، وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی گرنگ بوو له ژیانی ئێمه‌دا.كه تیایدا كۆتایی به‌و سته‌مه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه هێنا، كه ساڵانێكی زۆربوو ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌ویان ده‌كرد.بۆیه كه باسی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ین، ئه‌وا به‌رقۆناغێكی جیاواز له هه‌موو ڕووێكه‌وه ده‌كه‌وین، كه دابڕانێكی مێژوویی و فه‌رهه‌نگی و ژیارییه، له قۆناغه‌كانی پێشووتر.دوای ڕاپه‌ڕین هه‌ر ته‌نها ڕه‌هه‌ندێكی مێژوویی و سیاسی نییه، به‌ڵكو كولتووری و فه‌رهه‌نگیشی هه‌یه. بۆیه ده‌كرێ بپرسین كامانه‌ن ئه‌و سیما ئه‌ده‌بی و كولتوورییانه‌ی دوای ڕاپه‌رین، كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه؟ ئه‌ده‌بی دوای ڕاپه‌ڕین، به هه‌موو ژانره‌كانییه له ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه، به چی جیا ده‌كرێته‌وه له ئه‌ده‌بی قۆناغه‌كانی دیكه.بۆنموونه: كه باسی ڕوانگه ده‌كه‌ین، ده‌زانین مه‌به‌ست له سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه، كه باسی سیبمولگه‌رایی و قۆناغی ته‌لیعییه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وا دیاره كه مه‌به‌ستمان شیعری سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه. به‌ڵام كه باسی ئه‌ده‌ب یان شیعری دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ین، ئه‌وا تا ڕاده‌یه‌ك ئێمه له به‌رده‌م ناسینه‌وه‌ی قۆناغ و چه‌مكێكی ئاڵۆزداین. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ هه‌موو ئه‌و سیما هونه‌رییانه دیاری بكه‌ین كه ئه‌و قۆناغه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه. بۆیه یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی له ناسینه‌وه و ڕاڤه‌كردنی ئه‌و قۆناغه ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه ئه‌وه‌یه، كه مه‌به‌ستمان له شیعره‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین چییه. كام قۆناغ و مێژوومان مه‌به‌سته. چونكه زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، نزیك ده‌بێته‌وه له سێ ده‌یه، واتا سی ساڵ. ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و ده‌یانه، بخه‌ینه نێو كۆنتێكسێكی مێژووییه‌وه، ئه‌وا ئێمه له به‌رده‌م سێ قۆناغی جیاوازداین. ده‌یه‌ی یه‌كه‌م ساڵانی نێوان(1991-2001)ده‌گرێته‌وه. ده‌یه‌ی دووه‌م ده‌كه‌وێته نێوان ساڵانی(2001_2011) ده‌یه‌ی سێیه‌میش، ساڵانی نێوان(2011 تاكو ئێستا 2019ده‌گرێته‌وه). كه‌واته شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، به ته‌نها شوناسه‌كه‌ی له قۆناغێك و زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا به‌رجه‌سته نابێت.هاوكات له هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه، كۆمه‌ڵێك شاعیر‌و ده‌قی شیعری ده‌ركه‌وتوون كه ده‌بێ له ئاستی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكدا، له یه‌كتریان جیابكه‌ینه‌وه. شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی گشتگیره. واته ئه‌و شیعرانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین نووسراون، كه‌واته ئه‌و شیعرانه، ده‌قی ئه‌و شاعیرانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه شاعیری به‌رله ڕاپه‌ڕینن به‌ڵام شیعری دوای ڕاپه‌ڕینیان هه‌یه. هه‌رچی شاعیرانی دوای ڕاپه‌ڕینه،ئه‌وا مه‌به‌سته‌كه ڕوون و دیاره، كه ئه‌و شاعیرانه ده‌گرێته‌وه، كه ده‌ركه‌وته و به‌رهه‌می زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕینن.بۆیه گرنگه له كاتی لێكۆڵینه‌وه له شیعری هه‌ر قۆناعێكدا، پۆڵینبه‌ندییه‌كی مێژوویی و زه‌مه‌نی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌دگاره شیعرییه‌كانی ئه‌و قۆناغه.كتێبی(شیعری دوای ڕاپه‌ڕین) ناونیشانی كتێبێكی (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)یه و له باره‌ی شیعری دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه نووسراوه. یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی خوێنه‌ر به‌رله خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه مه‌به‌ست كام شیعره له دوای ڕاپه‌ڕین. چونكه وه‌ك باسمان كرد، ڕاپه‌ڕین نزیك ده‌بێته‌وه له سێ ده‌یه، ئاخۆ له ماوه‌ی ئه‌و سێ ده‌یه‌دا، شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، هه‌موویان له ڕووی ناوه‌ڕۆك و گوتار‌و ئه‌زموونی شاعیرانه‌وه، هاوشێوه و وه‌ك یه‌كترین؟ یان له هه‌ر قۆناغێك له‌و قۆناغانه، ئێمه به‌ر شیعری جیاواز‌و ده‌قێكی تر ده‌كه‌وین.ئایا شیعری سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین، كه قۆناغێكی خڕۆشاوی سیاسییه و گوزارشت له ئازادبوونی مرۆڤی كورد ده‌كات، وه‌ك شیعری ده‌یه‌ی سێیه‌می قۆناغی ڕاپه‌ڕینه كه ته‌كنه‌لۆژیا هه‌موو جوانییه‌كانی كاڵكردۆته‌وه؟ بۆیه ناونیشانی كتێبه‌كه، ناونیشانێكی گشتگیره، به‌ڵام ده‌لاله‌تێكی ڕوونی نییه. چونكه وه‌ك له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، واتا كۆی ئه‌و شیعرانه ده‌گرێته‌وه كه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه نووسراون، له نێو شیعری دوای ڕاپه‌ڕینیشدا، ده‌كرێ شیعری شاعیرانی دیكه‌ش هه‌بن.هاوكات ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر بێت كه له كتێبه‌كه‌یدا خستوویه‌تییه ڕوو كه ده‌ڵێت:(شیعر زه‌مه‌نی نییه) ئه‌وا نه‌ده‌بوو ئه‌وكتێبه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌ی بووایه، چونكه شیعری دوای ڕاپه‌ڕین،واتا زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین، بێگومان مه‌به‌ستمان له زه‌مه‌نی مێژووییه نه‌ك فیزیكی، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه، له باره‌ی ئه‌زموونی هه‌فت شاعیری گه‌نجی دوای ڕاپه‌ڕینه. كه‌واته ئێمه لێره‌دا له به‌رده‌م شیعری شاعیرانی دوای ڕاپه‌ڕینین، نه‌ك شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، كه دوو ده‌سته‌واژه‌ی جیان له یه‌كتری و هه‌ریه‌كه‌یان ئاماژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌گه‌یه‌نێت.چونكه كتێبه‌كه، ته‌نها خوێنه‌وه‌یه بۆ ئه‌زموونی ئه‌و چه‌ند شاعیره كه نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینن.بۆیه ده‌بوو ناونیشانی كتێبه‌كه، به بڕوای من به جۆرێكی دیكه بووایه. وێرای ئه‌مه‌ش، ده‌كرێ بپرسین ئایا ده‌توانین هه‌موو شیعری دوای ڕاپه‌ڕین له ئه‌زموونی هه‌فت شاعیركۆبكه‌ینه‌وه؟ كه هه‌ندێكییان له ڕووی زمانی شیعریی و دنیابینی شیعریشه‌وه، ئه‌زموونێكی ساده و ساكاریان هه‌یه؟ئایا ئه‌مه پێوه‌رێكی ئه‌ده‌بی گونجاوه، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعره‌كانی قۆناغێكی دیاریكراو كه ئه‌ویش دوای ڕاپه‌ڕینه؟خوێنه‌ر كاتێ ناونیشانی كتێبه‌كه ده‌بینێت، بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه و ده‌رخستنی ئه‌دگاره‌كانی شیعریی دوای ڕاپه‌ڕینه له ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆك و دونیابینی شاعیرانه‌وه. كه‌چی كاتێ كتێبه‌كه ده‌خوێنینه‌وه،ده‌بینین ته‌نها له باره‌ی ئه‌زموونی هه‌فت شاعیره‌وه دواوه.بۆیه ده‌بوو سه‌ره‌تا نووسه‌ری كتێبه‌كه، ئه‌زموونی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین ئاماژه پێ بدات و سیماكانی ئه‌و قۆناغه دیاری بكات، ئه‌وكات له باره‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه دوابا. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری كتێبه‌كه به‌رچاو ڕوونییه‌كی هه‌بێت، كه چۆن شیعری دوای ڕاپه‌ڕین له قۆناغه‌كانی دیكه جیا بكه‌ینه‌وه.یاخود كامه‌یه ئه‌و دابڕانه زمانی و بابه‌تی و مه‌عریفییه‌ی، شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، له شیعری قۆناغه‌كانی ترجیا ده‌كاته‌وه. بێگومان وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و كتێبه‌دا، به‌ر هه‌ندێك بۆچوونی ڕه‌ها كه‌وتم، كه بۆمن جێگه‌ی پرسیار‌و گومان بوون له‌وه‌ی كه چۆن نووسه‌ری كتێبه‌كه( كه نووسه‌رو شاعیرێكی دیاره) بۆچوونی له‌و شێوه‌یه بێ هه‌موو ساغكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی و شڕۆڤه‌یه‌كی شیعرییانه له هه‌موو ڕووێكه‌وه ده‌رده‌بڕێت.به‌راوردكردنی دوو قۆناغ، دوو ئه‌زموونی شیعری، له په‌راوێزی بۆچوونێكی ڕاگوزه‌ر نابێت، به‌ڵكو ده‌بێ به پێی میتۆدێكی به‌راوردكاری شیكاری ده‌ق، ئه‌و جیاوازییانه ده‌ربخه‌ین. به‌شێك له بۆچوونه‌كانی ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌و كتێبه‌دا، بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك جێگه‌ی له سه‌ر وه‌ستان و سه‌رسوڕمان بوون، كه چۆن ئه‌مه ده‌نووسێت! بۆنموونه:له‌لاپه‌ڕه 90ی كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:( بانگه‌شه‌كردنی شه‌و وه‌ك چاره‌سه‌رێك خه‌ونی زۆربه‌ی شاعیرانی كلاسیكه، به‌ڵام شاعیر غه‌مگین بۆڵی دێت به زمانێكی نوێ باسی شه‌و ده‌كات، كاتێ ده‌ڵێ:(نیوه شه‌وان به شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مه‌وه ده‌نووسێیت). تاكو ئێستا، له مێژووی ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، نه‌مبینیوه هیچ نووسه‌رێك بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت، زمانی شیعری شاعیرێكی گه‌نجی ساده نووسی دوای ڕاپه‌ڕین، به جیاوازتر له زمانی شیعری كلاسیك بزانێت. بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد(مسعود محمد) ده‌ڵێت:(هه‌ر دێڕه شیعرێكی نالی ئه‌وه ده‌هێنێت چه‌ندین ساڵ لێی بكۆڵیته‌وه). شیعری كلاسیكی كوردی، نه‌ك هه‌ر پێوانه و به‌راورد ناكرێت به شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، به‌ڵكو كلاسیك له مێژووی شیعری كوردیدا، قۆناعێكی دووباره نه‌بووه‌وه‌یه.ده‌یان شاعیر ده‌توانن لاسای شێركۆ بێكه‌س و په‌شێو و بكه‌نه‌وه، به‌ڵام كێ ده‌توانێت وه‌ك نالی و مه‌حوی بنووسێت؟ پاشان ده‌كرێ بپرسین، له‌و دێڕه شیعرییه‌ی غه‌مگیندا، زمانی نوێ له كوێدایه؟ مه‌گه‌ر ئه‌و موفره‌دانه‌ی ئه‌و له‌و دێڕه شیعره و شیعره‌كانی دیكه‌شیدا به‌كاریان دێنێت، سه‌د ساڵ نییه به‌شێكن له زمان و شیعری كوردی؟ئه‌م دێڕه، چ داهێنان و جوانییه‌كی تێدایه، كه وه‌ك داهێنان و نوێگه‌ریه‌ك له زمانی شیعری شاعیرانی كلاسیك بیبینین؟له‌و كۆمه‌ڵه شیعره‌ی شاعیر كه ئه‌و وه‌ك نموونه‌ی ڕاڤه‌كردنی شیعری له كتێبه‌كه‌ی خۆی هێناویه‌تییه‌وه،نه‌ك هه‌ر زمانێكی نوێیان تێدانییه، به‌ڵكو هه‌مان زمانی شاعیرانی دیكه‌یه، كه گۆرانی شاعیرنیو سه‌ده زیاتر له مه‌و به‌ر، زۆرهونه‌رییانه‌تر شیعری پێ نووسیوه.هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه84ی كتێبه‌كه‌یدا، نووسیویه‌تی:(یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین سه‌رهه‌ڵدانی منه.ئیتر ده‌ق ده‌یه‌وێت گوزارشت له ڕوحی تاك بكات،نه‌ك ڕوحی میلله‌ت كه له شیعری شه‌ست و هه‌فتاكان ده‌بینرێت). ڕوون و دیاره كه شیعری دوای ڕاپه‌ڕین به گشتی،ئه‌زموونێكی خود گه‌راییه له‌وه‌ی بابه‌تی بێت. دیاره ئه‌مه‌ش بۆ گۆڕانكاری له هه‌ڵومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سایكۆلۆژی مرۆڤی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، منی دوای ڕاپه‌ڕین، له چیدا جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه له منی قۆناغه‌كانی دیكه‌ی شیعری كوردی؟هیچ نه‌بێت من له قۆناغه‌كانی دیكه‌ی شیعری كوردیدا، په‌یامێك و گوتارێكی هه‌بووه، به‌ڵام كام په‌یام له گوتاری به‌شێكی زۆری شاعیره گه‌نجه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین هه‌یه؟. ئێمه لێره‌دا، نموونه‌یه‌ك دێنێنه‌وه. گۆرانی شاعیر نیو سه‌ده زیاتر له‌مه‌و به‌رده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه پێی مه‌ستم. بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم.. غه‌مگین بۆڵیش ده‌ڵێت:
بمخه‌نه ناو قۆدییه‌ك..
سه‌رم له سه‌ر داخه‌ن..
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌و دوو كۆپله شیعرییه بده‌ین(به مانای به‌راوردكردن نا)، ئایا هه‌ست به‌وه ناكه‌ین كه منی گۆران، منێكی چه‌ند داهێنه‌رتروجیاوازتره له منی دوای ڕاپه‌ڕین؟ كه نووسه‌ری كتێبه‌كه لای وایه ڕه‌گه‌زێكی نوێیه له شیعر.ئایا گۆران لێره‌دا بانگه‌شه‌ی ڕوحی میلله‌ت ده‌كات، یان وه‌ك سایكۆلۆژستێك ده‌یه‌وێت ئه‌و دیو خه‌یاڵه‌كانی بخوێنێته‌وه؟پاشان نووسه‌ر هه‌ر خۆی له كتێبه‌كه‌یدا بۆچوونه‌كانی خۆی ڕه‌تده‌كاته‌وه و ده‌كه‌وێته پارادۆكسی واتاوه.چونكه له‌ڵاپه‌ڕ 93ی كتێبه‌كه‌یدا، ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(له شیعری غه‌مگین بۆڵیدا كه (شیعری دوای ڕاپه‌ڕینه) شتێك هه‌یه پێی ده‌ڵێن واقیع و بانگه‌شه ده‌كات).ده‌كرێ بپرسین ئه‌گه‌ر شیعرێك وه‌ك دروشم بانگه‌شه‌ی واقیع بكات، جا هه‌ر جۆره واقیعێك بێت، شیعرێكی(خودی ومن)یه یان(كۆمه‌ڵی و حه‌شاماتی)؟ له‌كاتێكدا ئه‌حمه‌دی مه‌لا ڕه‌خنه له شیعری هه‌فتاكان ده‌گرێت كه ڕوحی میلله‌ت ده‌دوێنن. به مه‌رجێك شاعیرانی هه‌فتاكان، ئه‌گه‌ر ئه‌و بانگه‌شه‌شیان كردبێت،په‌یام و ئامانجێكی دیاریكراویان هه‌بووه كه خۆی له ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگه و خوێنده‌واریی و وستانه‌وه له دژی ئه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ئایدۆلۆژییه‌وه بینیوه‌ته‌وه. به‌ڵام شاعیرێك ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات(له نێو قۆدییه‌كدا)بیشارنه‌وه! ده‌توانێ چی له ژیانی خۆی و ئێمه‌ش بگۆڕێت؟ له كاتێكدا نووسه‌ری كتێبه‌كه، باسی یاخیبوون له شیعری گه‌نجانی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كات! یاخیبوونێك ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی داهێنان و گۆڕینی واقیعێكی كۆن به نوێ نه‌بێت، جگه له دروشم كه ده‌شێ خوێنه‌ران فریو بدات، هیچی تره؟ئاخۆ هیچ شتێكیش هێنده‌ی دروشم و دروشمكاری، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه و باوه؟ئه‌و له‌كاتێكدا باسی واقیع له شیعری غه‌مگین ده‌كات، هه‌رخۆی له‌لاپه‌ڕه 30ی كتێبه‌كه‌دا ده‌نووسێت:(خودی واقیع شوێنێكی شیعری نییه). بێگومان له زۆر شوێنی كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر بۆچوونی دژ به‌یه‌ك ده‌رده‌بڕێت. ڕه‌نگه به‌شێكی ئه‌و هاودژییه له گه‌یاندنی مانادا، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كه نووسه‌ر ئه‌م وتارانه‌ی له‌كات و ساتی جیاوازدا نووسیوه. چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم، ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه، پێشتر به شێوه‌ی وتاری جیاجیا له گۆڤاری(ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م) بڵاوكراونه‌ته‌وه كه من خۆم خوێندوومنه‌ته‌وه. به‌ڵام كاتێ له دووتوێی كتێبێكدا كۆی وتاره‌كان به یه‌كه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه، ئه‌وا خوێنه‌ر باشترده‌توانێت به‌راوردی ناوه‌ڕۆكی نووسینه‌كان بكات. چونكه هه‌مووی له به‌رده‌ست و دیده‌ن.نووسه‌ر له شوێنێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(نه‌وه‌ی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، هه‌ست ده‌كات سنوورێك له نێوان ئه‌وان وڕابردوو هه‌یه.كه‌له‌پووری باوك فریای ئه‌وان ناكه‌وێت و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه).به بۆچوونی خۆم، شتێكی نوێمان نه‌گوتوه، ئه‌گه‌ر بڵێین سنوورێك له نێوان نه‌وه‌ی پێش و پاش ڕاپه‌ڕین هه‌یه.ئه‌و سنووره له یه‌ك كاتدا، سنوورێكی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیارییه.ئه‌و سنووره، به‌رمه‌بنای ئه‌و گۆڕانكاریه‌یه كه ڕاپه‌ڕین له ژیانی ئێمه‌ی دێنێته ئاراوه.كه وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بوو.به‌ڵام پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه،له‌و دیو سنووری دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ئه‌و نه‌وه‌یه توانی چی بكات؟ چ داهێنانێك بكات جیاوازتر له پێشووتر؟توانی ئه‌زموونێكی دیكه و گوتارێكی دیكه‌ی شیعری جیاواز دروست بكات.یاخود ئه‌زموونی به‌شێك له‌و شاعیرانه كه‌له‌پووری باوكییان ڕه‌تدكردۆته‌وه.له كاتێكدا نووسه‌ری كتێبه‌كه نموونه‌ی له شیعری شاعیرێكی گه‌نجی دوای ڕاپه‌ڕین هێناوه‌ته‌وه‌كه(ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر)ه و له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
باپیرم خه‌ونێكی دی..
باوكیشم هه‌مان خه‌ونی دی.
منیش هه‌مان خه‌ونه ئێستا ده‌یبینم..
ئه‌گه‌ر شاعیرێك، هه‌مان خه‌ونی باوك و باپیرانی ببینێت،ئاخۆ دنیای گه‌وره‌كانی ڕه‌تكردۆته‌وه، یان له‌به‌ریگرتۆته‌وه؟بینینی جیاوازییانه‌ی شاعیرێك له ڕابردوودا،تێپه‌ڕاندنی ژیانی باوك و باپیران، به كه‌سێك ده‌كرێت كه دوای سه‌د ساڵ هه‌مان خه‌ونی ئه‌وان ببینێته‌وه؟یان ده‌بێ خه‌ونێكی جیاوازتر ببینێت؟مه‌گه‌ر نوێ له كوێ دایه؟ دابڕان له ڕابردوو چۆنه؟ ئه‌گه‌ر جیاوازتر له ڕابردوو بیرنه‌كه‌ینه‌وه و دنیا نه‌بینین؟ئاخۆ دنیابینی ئه‌و شاعیره، ئه‌و گوتاره‌شی كه له‌و شیعره‌دا بوونی هه‌یه، هاوته‌ریبه و یه‌كده‌گرێته‌وه له گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی نووسه‌ری كتێبه‌كه؟ له كاتێكدا ڕێبین ئه‌م شیعره ده‌نووسێت، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، په‌سنی ده‌دات وده‌ڵێت:(ڕێبین نایه‌وێ ئاور له كه‌له‌پووربداته‌وه،به‌ڵكو ئه‌و شاعیره جیهانی گه‌وره‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه).به مه‌رجێك ئه‌مه شیعری ئه‌و شاعیره‌یه كه هیوادارم خوێنه‌ران سه‌رنجی بده‌ن، ئه‌وكات ده‌رده‌كه‌وێت، كه به ڕاست ئه‌و شاعیره گه‌نجه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، جیهانی گه‌وره‌كانی ڕه‌تدكردۆته‌وه؟!! به داخه‌وه ئه‌م بۆچوونانه، له گوتاری نووسه‌رێك ناچێت، كه خۆی شاعیره و له باره‌ی شیعری كوردیشه‌وه، ئاگایه‌كی زۆر‌و وردی هه‌یه.باسێكی دیكه له كتێبه‌كه‌دا، كه بۆ من جێگه‌ی سه‌رنج و پرسیاربوو ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ر له لاپه‌ڕه 67دا ده‌نووسێت:(ئه‌و شیعرانه‌ی كه له هه‌ولێر ده‌نووسرێن شیعری تاریكییه‌كانن،شیعری سێبه‌ره‌كان وشیعری ژێر زه‌مین و خۆشاردنه‌وه‌ن) به‌ڵام (ئه‌و شیعرانه‌ی له سلێمانی ده‌نووسرێن شیعری ڕووناكین،شیعری فڕین و حه‌وشه‌كانن). وه‌كو خوێنه‌رێك، نازانم مه‌به‌ستی نووسه‌ر له(تاریكی هه‌ولێر) و(ڕووناكی سلێمانی)چییه؟!. جگه له‌وه‌ی ده‌لاله‌تێكی سیاسی هه‌یه كه كه‌سانێك بڕوایان وایه، سلێمانی ئازادتره له هه‌ولێرو ده‌بێ له‌وی َ له ژێر زه‌مینه‌كانه‌وه بنووسی. ئه‌م بۆچوونه، بۆچوونی ئه‌دیبه‌كان نییه، به‌ڵكو بۆچوونی سیاسی و ئایدۆلۆژسته‌كانه، بۆچوونی ئه‌وانه‌یه، كه زۆرجار هه‌ولێروسلێمانی به كۆریای باكوور‌و باشوور ده‌ناسێنن.شیعری ژێر زه‌مینی له هه‌ولێردا،ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نوێیه له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی شیعركه گوێبیستی ده‌بم.من وه‌ك خوێنه‌رێك حه‌زمده‌كرد، به میتۆدێكی شیكاری و ڕاڤه‌كاری، نووسه‌ری كتێبه‌كه ئه‌وه‌م بۆ شیبكاته‌وه، كه چۆن شیعره تاریكه‌كانی هه‌ولێر، له شیعره ڕووناكه‌كانی سلێمانی جیابكه‌ینه‌وه؟ كام ئه‌دگارو خاسییه‌ت له یه‌كتریان هه‌ڵاوێرد ده‌كات.بۆ ئه‌وه‌ی باشتر‌و ڕوونتر ئه‌و بۆچوونه‌ی بپێكابا. دواتر ئێمه شیعرێكی غه‌مگین بۆڵی، كه شاعیرێكی هه‌ولێرییه، له‌گه‌ڵ شیعرێكی شاڵاو حه‌بیبه، كه شاعیرێكی سلێمانییه، به یه‌كه‌وه ده‌نووسین، بزانم هیچ جیاوازییه‌كییان هه‌یه؟.شاڵاوحه‌بیبه ده‌نووسێت:
په‌رده‌كه جوان ده‌پشكنم..
ژنه‌كه‌م نووستووه ناهێڵم هه‌تاو بانگی كا…
غه‌مگین بۆڵیش ده‌نووسێت:_
به‌م نیوه شه‌وه.. ده‌نگی گولله‌یه‌ك
ژووره‌كه‌می پر كرد له‌گومان..
گریمان، ئه‌گه‌ر ناوی هه‌ردووشاعیره‌كه، له سه‌ر شیعره‌كانییان بسڕینه‌وه، كێ ده‌زانێت كامه‌یان هه‌ولێری و كامه‌یان سلێمانییه؟ئایا جیاوازییه‌كی ئه‌و تۆ له نێو ئه‌و دووده‌ربڕینه ساده و ساكاره هه‌یه؟ئه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه خۆی جه‌خت له‌وه ناكاته‌وه، كه خودی واقیع شوێنێكی شیعری نییه، مه‌گه‌ر سلێمانی و هه‌ولێر، تۆخكردنه‌وه‌یه‌كی دیموگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و واقیعی نێوان دوو شار نییه؟. من ده‌زانم نووسه‌ر مه‌به‌ستی له تاریكی هه‌ولێرو ڕووناكی سلێمانی میتافۆره بۆ بابه‌تێك،به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و خاسییه‌تانه ونن له شیعره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رمه‌بنای ئه‌و خاسییه‌تانه، جیاوازی له نێوان شاعیرێكی هه‌ولێری و سلێمانی بكه‌ین.له كاتێكدا ده‌قێك نییه به ناوی شیعری هه‌ولێرو ڕانیه و سلێمانی، چونكه شیعر(ئه‌گه‌ر شیعر بێت!) دواجار هه‌ر شیعره. ته‌نانه‌ت له كوردستانی باشووردا، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی سنه و شنۆ، هێمن و شیعره‌كانی ناخوێنرێنه‌وه و خۆشه‌ویست نین؟دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، شوناسێكی گه‌وره و ئاڵۆزه و له ئه‌زموونی ساده‌ی چه‌ند شاعیرێك كورت ناكرێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و كتێبه‌دا باسكراوه.
*په‌راوێز: ناوی كتێب:شیعری دوای ڕاپه‌رین، نووسینی:ئه‌حمه‌دی مه‌لا، زنجیره‌ی دۆسییه‌كانی سه‌رده‌مژماره 51_ساڵی 2019.
*ئه‌م بابه‌ته له‌ژماره(274)ی گۆڤاری ڕامان له 5/3/2020 بڵاو كراوه‌ته‌وه…