قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد: له چه‌پڕۆیییه‌وه بۆ راستڕۆیی- کۆنپارێزیی – هەندرێن
هەر جارەو بابەتێک لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە ……
http://dengekan.com/doc/2004/12/handren27.pdf
قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد: له چه‌پڕۆیییه‌وه بۆ راستڕۆیی- کۆنپارێزیی
هه‌ندرێن
ده‌روازه‌یه‌ک
له پنجایهکانی سەتەی بیسته‌وه بزاڤی سیاسیی و رۆشنبیریی کوردی، به ئایدیۆلۆژی چهپڕۆیی، که له گیان به‌ختکردنێکی ئیدیالی وێنه‌ده‌کرا، له پێناو “خه‌ون”ه‌که‌یدا به خه‌باتی چه‌کداری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌رقاڵ بوو. به‌ڵام هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر بێژین، پاش هه‌ره‌سی بلۆکی سۆڤیه‌ت و به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ به دمگۆ بوونی رووخاندنی رژێمی سه‌دام و پرۆژه‌ی (به دیمۆکراتیکردنی خۆرهه‌ڵاتی نیوه‌ڕاست) له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو سه‌رۆکه‌که‌ی ج. بوش و سه‌رله‌دوونانی تێرۆریستان و چاوزه‌قکردنه‌وه له رژێمی ئیران و سوریا، که ئه‌مڕۆ کوردان له هه‌موو کاته‌کانی تر زێتر له ئاستی هزر و ده‌روونییه‌وه له به‌رده‌م ئه‌م”خه‌ونه”دا سه‌رگه‌ردانتره. بۆیه ره‌نگه بشێ گه‌ر ئه‌م نووسینه به‌م پرسیارگه‌له ده‌ستپێبکات، ئه‌گه‌ر یه‌کێک لێمان بپرسێت: ئه‌وه چییه که کیشه‌ی ئه‌و “خه‌ونه”ی وه‌ها ئاڵۆز کردووه/ده‌کا؟ یان: خه‌ونی کورد/گوتاری نه‌ته‌وایه‌تی چییه و چۆنه؛ چتۆ ئه‌و خه‌ونه ده‌ستنیشان ده‌که‌ی؟ هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه هه‌ر یه‌ک له ئێمه له‌گه‌ڵ خۆیدا بتوانێت به چه‌ندان روانگه به‌رسڤی ئه‌و پرسگه‌له بداته‌وه، لێ تا ئێستا نه‌مانتوانیووه پرسی “خه‌ونی کورد” به تهرزیکی ته‌واو بۆ خۆمان و ئه‌وانیتری به‌رانبه‌ر به‌رجه‌سته بکه‌ینه‌وه، یان وه‌ڵامێکی راشکاومان نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رگه‌ردانیی و عاسێ بوونه به‌ده‌م ئهوخهونهوه بێدارمان بکاته‌وه.
هه‌ر بۆیه ئاخاوتنی کورد له‌سه‌ر خه‌ونه‌که‌یدا هه‌میشه تێدامان و خه‌مینه، یان له زمان-گوتارێکی نادیار و ئاڵۆزکاودا دووباره و داخراودا وێڵ ده‌بێت، خۆی نمایشده‌کا. به واته‌یه‌کی تر، ئاخێوه‌ری کورد، له ته‌واوی گفتوگۆییهکاندا، له‌و زمانه و رهوانبیژییه داخوازیکراوه لاوازه که بتوانێت کۆی ئاڵۆزیی، هۆکار، به‌ڵگه، ره‌گه‌ز و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و “خه‌ونه”ه له‌و زمانه قهتیسماوهدا ئازاد و سه‌رفراز بکات. به کورتی گه‌ره‌کمه بڵێم، له زمانی کوردییدا، گوتاری سیاسی کورد گوتارێکه له زمانێکی شپرزه و راڕادا خۆی وێنه ده‌کا. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌بینین گفتوگۆییه‌کانی ئێمه هه‌میشه به بنبه‌ست ده‌گه‌ن و گرژیی و گه‌ڕه‌لاوژه ده‌بیته ئاکامگیریی بۆ پرسی خه‌ونی کورد. نه‌بوونی زمانێکی تۆکمه و ره‌وانبێژییه‌کی به ده‌مار له جه‌م مرۆی کورددا، ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هێزه ده‌رکییه‌ی که هه‌میشه، وه‌ک قه‌ده‌رێک بڕیارده‌ر بووه له‌سه‌ر جڵه‌وکردنی ئاگایی کوردی‌دا. بۆیه من وه‌ک گریمانه‌یه‌ک له‌م نووسینه‌دا، ئه‌و هیزه ده‌رکییه له دوو هێزدا به‌رجه‌سته ده‌که‌مه‌وه: چه‌پڕۆ -سۆسیالیزم) و (تێکه‌ڵاوییه‌ک له لیبرالیزمی نوێ و راستڕۆ – کۆنپارێزی). ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان، دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و دابه‌شکردنی نه‌خشه‌کان به‌سه‌ر دوو بلۆکی ئیمپریالزم و سۆسیالیزمدا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و رێگه‌یه به هۆی چه‌وسانه‌وه تووندی نه‌ته‌وه‌وایه‌تیی و تانگانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری …هتد، له جیهانی لای ئێمه‌دا به هه‌ڕمێن ده‌بێت.
له ئاکامی ئه‌وه‌دا چهپڕۆیی بووه هێزێکی رۆحی له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا ئاوه‌ز و ئاگایی مرۆی کوردی جڵه‌و کرد. ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان، به دیاریکردن، له پاش رمانی بلۆکی سۆسیالیزم و قۆناغی دوای راپه‌ڕینی کوردستانی باشوور و دیلبوونی ئۆجه‌لان و سست بوونی شه‌ڕی پیشمهرگهیی له کوردستانی رۆژهه‌لاتدا. به‌ڵام دوای بڕیاردانی ئه‌مریکا به رماندنی رژێمی سه‌دام ئیتر خه‌ونی کورد به یه‌کجاری له به‌ره‌ی راستڕۆ-کۆناپارێزیدا ماره ده‌کریت. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه جەختبکەمەوە که “لیبرالیزم” و “کۆنپارێزی”، له زۆر لایه‌نی ئایدیۆلۆژییه‌وه لێکتر جودان، به‌ڵام، لای توێژی سیاسی و رووناکبیری کوردی‌دا ئه‌و دوو ئایدیلۆژییه، وه‌ک یه‌ک یان ناڕوون ته‌ماشا ده‌کرێن. به گشتیی بۆ ئه‌و توێژه، مانای ئه‌و ئایدیۆلۆژییانه له ئازادی تاکه که‌س و دێمۆکراتی و قسه‌گه‌لێکی وادا ده‌ناسرێنه‌وه. بۆیه له‌م نووسینه‌دا به‌کارهێنانی هه‌ر یه‌ک له‌و ئایدیۆلۆژییانه مه‌به‌ست ئاماژه کردنه به‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و توێژه سیاسی و رووناکبیرییه.
له‌م روانگه‌یه‌وه به‌نده هه‌وڵده‌دات له درێژه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا کاریگه‌ریی و ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و دوو هێزه ده‌ره‌کییه له‌سه‌ر “قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد” راڤه بکات.
هه‌ر لێره‌دا ده‌بێ بڵێم به‌ڕاستی ئێمه پێویستمان به ئه‌فراندنی زمانێکه که بتوانێ به ده‌ستاوێژ و به‌ڵگه‌ی فره‌وان کێشه‌کانی ئه‌م خه‌ونه‌مان بۆ بخوێنێته‌وه. چونکه بۆ نموونه کۆی کورد هێشتا ناتوانێ به ئاگاییه‌کی تۆکمه‌وه له په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا تێبگات. دواجار ئه‌مریکا بۆ کورد کراوه‌ته هێزێکی وه‌همی، که گوایه ده‌وڵه‌تی کوردیمان بۆ دروست ده‌کا، یان به پێچه‌وانه‌وه، که پێویستی به کورد نه‌ما خیانه‌ت ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دوو جۆره هه‌سته لێکدژه سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی کورد و ئه‌مریکا، رۆژانه له راگه‌یاندنه جیاوازه‌کانی کوردییدا هه‌میشه دووپاته ده‌کرێنه‌وه. هه‌ر یه‌ک له‌و دوو روانگانه له یه‌ک زمانی بیر کردنه‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرن: یان به پهڵهوانکردنی ئه‌مریکایه، که کورد رزگار ده‌کا، یانیش دژایه‌تیکردنی ئه‌مریکایه، که داگیرکا‌ر و سه‌رمایه‌دار و دژی ئیسلامه… گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ته‌واوی ده‌مڕاستی حیزبه به‌ناو ناسیۆنالیسته‌کانی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا، هه‌میشه به زمانێکی لاواز و سافیلکانه له به‌رانبه‌ر سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ئاخڤن. سوپاس و پیرۆزباییه‌کان بۆ ئه‌مریکا هه‌میشه هه‌ستێکی به‌زه‌ییانه و بێهێزانه به‌رجه‌سته ده‌که‌نه‌وه.
هه‌رده‌ڵێی کورد قه‌رزباری ئه‌مریکایه. نموونه‌ی ئه‌و ته‌رزه ره‌وانبێژییه لاوازه‌ش: هه‌ر له نامه‌که‌ی مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بارزانییه‌وه بگره تا به حیزبه‌کانی کوردی ژێر ده‌ستی سوریا تێده‌په‌ڕێ و تا ده‌گاته نامه‌ی پیرۆزبایی سکرتێری حیزبی دێمۆکوراتی کوردستانی ئێران، که کۆی ئه‌مانه‌ش ویستی سیاسه‌تمه‌داری کورد ده‌ستنیشان ده‌کات. هاوکاتیش له پاڵ چه‌ند گروپ و حیزبی جیاوازی مه‌یله و کۆمۆنیستی تازه بابه‌ت و گروپی ئیسلامی کوردی، میراتگرانی سلاحه‌دینی ئه‌یوبی، بڕێک رووناکبیری بێلایه‌ن و ئاکادیمی کوردیمان هه‌ن، له ژێر چه‌تری ئاگایی و ره‌خنه‌گرتن له ئه‌قڵی بوش و رۆژئاوا، تا سه‌ر ئێسقان دژایه‌تی سیاسه‌تی شه‌ڕی رژێمی ئه‌مریکا به دژی ئێراق و تێرۆریزم ده‌کا. یه‌کێک له‌و رووناکبیرانه، کاک فاروق ره‌فیقه، که دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکا هانیده‌دا په‌نا بباته به‌ر (چۆمسکی).
(*) لێره‌دا به هه‌ڵه‌ی ده‌زانم، گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی من له‌سه‌ر فاروق ره‌فیق بخرێته بۆته‌ی هه‌مان ئه‌و بۆچوونانه‌ی که پاش کتێبه‌که‌ی، “ماڵێکی وێران و ویژدانێکی زامدار…” خرانه پاڵ ئه‌و، هه‌روا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که فاروق مافی نییه دژایه‌تی ئه‌مریکا و ئه‌قڵی رژێمه‌که‌ی بوش بکات، به‌ڵکو مه‌به‌ستی من کێشه‌ی لێکچوونی روانگهکانه له دژایه‌تی و دۆستایه‌تیدا، کێشه‌ی داوێنگیری ئه‌و په‌نابردنه‌ی کورده بۆ ئیدیۆلی ده‌ره‌کی. ئێمه ده‌زانین چۆمسکی له بواری زانستی زمان و ره‌خنه‌کانی به دژی رژێمی بوش و ئیسرائیل ناسراوه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ له رۆژئاوادا ته‌نیا کۆمۆنیست و به‌شێک له چه‌په تووندڕۆیه‌کان، گرینگی به نووسینه‌کانی چۆمسکی ده‌ده‌ن، چونکه ئه‌وان ئه‌مریکا به سه‌رمایه‌دار و دژه سۆسیالیزم ده‌ناسن. بۆ نموونه، له وڵاتی سوێددا له‌و ساڵانه‌ی دوایی چاپخانه‌یه‌کی چه‌پڕۆکان به‌شێک له کتێبه سیاسییه‌کانی چۆمسکیان وه‌رگێڕا و چاپکرد، بۆیه چۆمسکی له‌و ناوه‌نده چه‌په‌ش ده‌خوێنرێته‌وه. گه‌ره‌کمه بڵێم، فاروق ره‌فیق نووسه‌رێکه، له کتێبه‌که‌ی خۆیدا پشتگیری هزر و کولتوری (کۆنسێرڤاتیڤ) ده‌کا، چونکه به‌رهه‌مهێنه‌ری هزر و فه‌لسه‌فه‌ی ره‌سه‌نی رۆژئاوایه…که‌چی له دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکادا، په‌نا بۆ چۆمسکی ده‌بات… هتد. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ بڵێم، لاینگیری حیزبی کوردی بۆ ئه‌مریکا و روانگه‌ی فاروق ره‌فیق و کۆمۆنیست و ئیسلامییه‌کانی کوردی، له ئاکامدا به یه‌ک ئاراسته‌دا ده‌ڕۆن.
ئه‌وه‌ی که لێکیان جیاده‌کاته‌وه شێوازه نه‌ک ناوڕۆک و جیهانبینی. به بڕوای من ئه‌مڕۆ کورد پێویستی به‌وه نییه که رووناک‌بیر و سیاسه‌تمه‌دار پێی بڵێ ئه‌مریکا پاڵه‌وانه یان فاشیل و داگیرکا‌ر و ئه‌قڵی سه‌قه‌ته، به‌ڵکو کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه چۆن زمانێکی تێگه‌یشتن فێر بێت و به‌کار بێنێ له په‌یوه‌ندیکردنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا. هه‌روا کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه که چۆن له‌م وه‌همه رزگار بێت، ئه‌مریکا ئه‌و فریادڕه‌سه نییه که دوا بڕیار له‌سه‌ر خه‌ونی کورد لای ئه‌و ده‌درێت. دواجاریش کێشه‌ی کورد ئه‌وه‌یه چۆن له جیاتی خۆ به قه‌رزبار دانانی له به‌رانبه‌ر ئه‌مریکا، ویستی خۆی و یاده‌وه‌ریی خۆی به یاد بهێنرێته‌وه… هتد.
له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌م دوو زمانه به ئاواز جودا و به ئاراسته وێکچووه به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکاوه، ته‌نیا بار قوڕسکردنی زمانی کوردییه، که هیچێکییان ناتوانن وزه و ههنگاوێکی چاوهڕکراو به ئاراسته‌کانی هزرکردنی کورد ببه‌خشن. ئه‌نجامی ئه‌و دوو ته‌رزه هزرکردنه لای کۆی کورد له شه‌ڕه قسه و رقهه‌ڵڕشتن ده‌چه‌قێت. به واتایه‌کی تر، ئه‌و ته‌رزه بیرکردنه‌وه قالبگرتووهی کورد، زمانی کوردیی تووشی رێگایه‌ک کردووه ، ته‌نیا بۆ قسه کردنه.
بۆیه زمان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌په‌یڤێ نه‌ک گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا، که ئه‌مجۆره قسه کردنه‌ش نه کۆتایی هه‌یه و نه سه‌ره‌تا. ئه‌مه‌ش وای له زمانی کوردیی کردووه له گوتنه‌وه‌ی ئه‌زموون و زانیار و روانگه وه‌ستاوه‌کاندا شپرزه بێت. دواجار ئه‌و ته‌رزه زمانه، که له ره‌ش و سپی‌دا ده‌دوێ، توانایه‌کی نییه بۆ به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی ئه‌و روانگه و ئه‌لته‌رناتیڤه هزریانه‌ی که بتوانێ ئاسۆیه تازه‌کانمان بۆ ئاوه‌ڵا بکاته‌وه: ئه‌فراندنی پاڵه‌وانی خورافی یان دۆڕاوی نموونه‌ییه. لێره‌دا بونیاتی بیر کردنه‌وه‌ی کوردی ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه: پاڵه‌وانه‌کان پاڵه‌وانی بێکردارن. سه‌رۆک واتای بچووکردنه‌وه‌ی ناسهرۆکه. دۆست و دوژمن خاسڵهتهکانیان بێبنه‌مایه. روونتر بێژم: له لایه‌ک ئه‌مریکا دۆستی کورده و ده‌وڵه‌تی کوردیمان بۆ داده‌مه‌زرێنێت، یان دوژمنی کورده، سه‌رمایه‌دار و به‌رژه‌وه‌ندیخوازه… هتد.
لێره‌وه له‌به‌رده‌م زمانی کوردییدا بواری ده‌ربڕینێکی تر نییه. دواجار زمانی کوردیی له به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی خه‌ونی کوردی‌دا گیری خواردووه
به‌هه‌مه‌حاڵ، دوای رونکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی ناوی ئه‌م بابه‌ته، هه‌وڵده‌ده‌م چه‌مکه بیرلێکراوه‌کان بخه‌مه روو. چه‌مکی “قه‌ده‌ر” لای کورد به ستراوه‌ته‌وه به کێشه‌ی به‌ده‌ستهێنانی رزگاری کورد له ده‌ست داگیرکاران. بۆیه قه‌ده‌ر له زمانی کوردییدا هه‌میشه ئاماژه به هێزێک ده‌کا که له ده‌ره‌وه‌ی توانای کورده. چه‌مکی “خه‌ون” له ده‌ربڕینی کوردییدا هه‌ر ته‌نیا واته‌ی ئه‌و چاڵاکییه نائاگایه‌ی مرۆڤ نییه له کاتی خه‌وتندا، به‌ڵکو به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی پایه و پرسیاری هه‌زار ساڵه‌ی کورده. به واته‌یه‌کی تر، کۆستێکه و کوردی سیخناخ کردووه. هاوکاتیش واته‌ی به واقیعیکردنی بوونی کوردییه له بڕیار و دیاریکردنی سه‌روه‌رییه‌که‌یدا.
ده‌سته‌واژه‌ی “چه‌پڕۆ و و راستڕۆ” هێمای ئه‌و هێزه‌یه که بڕیار له‌سه‌ر خه‌ونی کورد ده‌دات. “پێشکه‌وتنخوازی”، “پاشکه‌وتنخوازی” و “کۆنه‌په‌رستی” …هتد، چهمکزای ئه‌و چهپڕۆیهن و مالی کوردیان پڕ کردۆته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت، به ده‌ست پێوه‌گرتنه‌وه ده‌ڵێم، ناکرێ ئه‌و نووسینه وه‌ک بانگه‌شه‌یه‌ک بۆ پاڵهوانخوازی و لێزانی من لێکبدرێته‌وه، یان ورتر بڵێم، هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وا تێبگات که من به روانگه‌یه‌کی ره‌ها به دژی ئه‌و حزب و ئه‌م حزب؛ ئه‌و روانگه یان ئه‌ویتر وه‌ستاوم. هاوکات که له چه‌پ/راستڕۆوه ده‌دوێم، وه‌ک دوو هێزی وه‌همی له هه‌ڵسووڕاندنی خه‌ون و ویستی کوردی‌دا، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ئه‌مه‌یان له ئه‌ویتر به باشتر بزانم. به‌ڵکو هه‌وڵی ئه‌م نووسینه هه‌ڵوه‌سته کردنه له‌سه‌ر ئه‌و جۆره زمانه‌ی کورد که خۆی له دوو زمانی دژی ته‌واوکاری یه‌کتر نمایشده‌کا، دواجاریش هه‌وڵی ئه‌م نووسینه ئاماژه کردنه به‌و پاشخان هۆکار و هانده‌رانه‌ی که چ رۆڵێکیان بینیووه له‌سه‌ر ئه‌و “خه‌ونه به کۆمه‌ڵییه‌ی کورد”.
به واتایاکی ساده‌تر، ئه‌م نووسینه به‌دوا گه‌ڕانی سه‌رجه‌می بیرۆکه‌کان و جۆرێک له خوێندنه‌وه‌یانه، نه‌ک لایه‌نگیری یان دژایه‌تی بیرۆکه‌یه‌کان.
هاوکاتیش ده‌مه‌وێ بێژم، که چۆن “چهپڕۆیی” وه‌ک ئایدۆلۆژییه‌کی زاڵ له مێژوویه‌کی دیاریکراودا، توانی ببێته هێزێکی وه‌همی ده‌رکی، روانگه‌یه‌کی سه‌رتاپایی و ئاوه‌زی کوردی جڵه‌و بکا، ئه‌مه‌ش توانی خه‌سڵه‌ت و نیشانه‌ی خۆی له‌سه‌ر وێنه‌ی سیاسی و رووناکبیریی کوردییدا به‌جێبهێڵێت، ئه‌ویش: هه‌ستی خۆ به قوربانی دانان، خود سڕینه‌وه و خووگرتن به راستییه‌کی رههاگهراییه. بۆیه رۆحی کوردی هه‌میشه به چاوی ده‌ره‌کی ناسنامه و وێنای خۆی بینیووه. له ئاکامی ئه‌و چهپڕۆییه کوردیه‌وه، بوونی کورد وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی وه‌رده‌گرێت، که زیاتر له جیهانبینی ئایینی نزیک ده‌بێته‌وه تا ئاوهوزگریی. له کاتتێکدا ئه‌وه‌مان له یاد بێ، که چهپڕۆیی له بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می پرۆژه‌ی مۆدهرنیتێ و ئاوزخوازیی رۆژئاواییه.
به‌ڵام دوای هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت و کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد و به دواهاتنی شه‌پۆڵی جیهانگیریی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی روانگه ئایدۆلۆژییه باڵاده‌سته‌کانه‌وه، یان به واتای هزرڤانی پۆستمۆدێرنیستی فه‌ره‌نسی، لێوتار “کۆتایی هاتنی داستانه مه‌زنه‌کان” و لێدانی ئاوازه تازه‌کان و دواجاریش باڵاده‌ستی ئه‌مریکا وه‌ک تاکه ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و راستی…هتد، ئیتر ئاوازی نووسه‌ر و سیاسی کوردی تووشی له‌نگی ده‌بێ. له به‌رده‌وامی ئه‌و پرۆسه‌ی گۆڕانه‌دا، لێدانی رژێمی سه‌دام به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مریکا و به دوا داهاتنی روخانی سه‌دام، دۆخێکی تازه له روانگه‌ی مرۆی ده‌مڕاستی سیاسی و رووناکبیری کورد دێنێته ئاراوه و خه‌ونی کوردیش ده‌که‌وێته ده‌ست قه‌ده‌رێکی تر که ناوی راستڕۆه‌ی/لیبرالیزمی نوێیه. ئیتر له ماوه‌ی ساڵێکدا، که هێشتا ده‌سته‌واژه‌ی “سۆسیالیزم” وه‌ک دوا ئامانج، له په‌یڕه‌و پرۆگرامی حیزبه به‌ناو ناسیۆنالیست و مه‌یله و چهپڕۆکاندا نه‌سڕابووه‌وه، که‌چی جۆرج بۆش و ئایدۆلۆژییه راستڕۆهکهی ده‌بێته سه‌رچاوه و قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه، گه‌ر دوێنێ له ژێر بڕه‌وی چهپڕۆییدا چینی کرێکار و رووته‌ڵه، پاڵنه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی کوردی بوو، که‌چی ئه‌مڕۆ حیزبه کۆنپارێزهکهی بۆش ده‌بێته ئه‌و پاڵنه‌ره، که بۆرژوا و پاره‌دار له پشته‌وه‌ی ئاماده‌نه. له کاتێکدا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، دوای ئه‌و وێرانکاریه هێشتا خۆی بۆ ئه‌و ته‌رزه ئایدیۆلۆژییه ئاماده نه‌کردووه.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک به وردی له مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه تێبگه‌ین، ده‌بێ به کورتی بیرۆکه‌ی تیۆری “چه‌پڕۆی-سۆسیالیزم” و “راستڕۆی-کۆنپارێزی” نمایش بکرێن.
روانگه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی چهپڕۆیی
واته‌ی چهپڕۆیی له‌م نووسینه‌دا باسکردنی مێژووی دیده جودایه‌کانی نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ست له‌و ئایدیۆلۆژیه‌یه که وه‌ک بڕوایه‌کی مێتافیزیکی بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده به‌سه‌ر ئاوه‌زی کورد، زۆرینه‌ی هێزی سیاسی و نووسه‌ری کوردییه‌وه باڵاده‌ست بوو. داستانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له جه‌م ئه‌و هێزه‌ی کورد گرینگیه‌کی نه‌بووه. به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له سه‌روبه‌ندی شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و دواجاریش له کارل مارکسه‌وه تا لێنین روانگه‌یه‌کی تری وه‌رگرت.
له کاتی شۆڕشی فهڕهنسسیدا به‌و که‌سانه ده‌گووترا که له پارله‌ماندا له ده‌سته چه‌پ دادانیسشتن و لایه‌نگیری په‌رله‌مه‌نتاری بوون. به‌ڵام له ئاستی تێوریی و به‌لای چهپڕۆیی سه‌ر به مارکسیزم، سه‌رچاوه ئابووری ده‌بێ بچێته گیرفانی ده‌وڵه‌ت و دواجار ده‌وڵه‌ت خۆی ئه‌و سه‌رچاوه ئابوورییه به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌کا، که ئه‌مه‌ش بنه‌مای ئابووری –سیاسی مارکسیزمه. له روانگه‌ی سیاسییه‌وه ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵک یه‌کسان بن و له مافه‌کاندا یه‌ک پایه و نرخییان هه‌بێت. له‌م روانگه کۆلێکتیڤه‌وه تاکه‌که‌س ئازاد و یه‌کسان ده‌بێت. مولکداری تاکه‌که‌سی جێگه‌ی له رژێمێکی چهپڕۆیی نابێته‌وه.
سۆشیال دێمۆکراته‌کان یان سۆشیال لیبرالییه‌کان وه‌ک نموونه‌یه‌ک له چهپڕۆیی توانیان دیدی ئابووری لیبرالییانه تێکه‌ڵاوی تێزی ئابووری-سیاسی مارکسیزم بکه‌ن. له‌و روانگه‌یه‌وه که ده‌بێ هه‌موو کۆمه‌ڵ باجبدات به ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام سۆشیال دێمۆکراته‌کان ئه‌و سه‌رچاوه ئابوورییه به‌سه‌ر ئۆرگان و فابریکه جیاوازه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دهبهشدهکهن. له‌و سیسته‌مه‌دا ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ کردنی پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه ، به‌ڵام له ئاست بوژانه‌وه‌ی ئابوورییدا بیرۆکه‌ی لیبرالیزم پیاده ده‌که‌ن. له‌وێدا تاکه‌که‌س ده‌توانێ له کێبه‌رکێ و کاری ئابوورییدا ئازاد بێت. واتا جیاوازی توانای تاکه‌که‌سه‌کان نابێته کێشه‌ی کۆلێکتیڤ. به‌لای سۆشیال دێمۆکراته‌کانه‌وه تاکه‌که‌س له رووی گه‌شه‌ی ئابوورییه‌وه ده‌توانێ له ده‌ره‌وه‌ی کۆلێکتیڤدا گه‌شه بکا، که ئه‌مه‌ش زیاتر دیدێکی لیبرالییه تا مارکسیزم.
به‌ڵام چه‌پڕۆی کوردی به ده‌ربڕینێکی ساده، به حیزب و تاکه‌که‌سی رووناکبیره‌وه، هه‌ڵگری ستالینزمه. بۆیه به گشتیی به روانگه‌ی حیزب و رووناکبیری کوردیی سه‌ر به چه‌پ گه‌ر لاینگیری نه‌بیت، ئه‌وه ده‌بیه دوژمنی، ئه‌مه‌ش دیدێکی سه‌رکوتکه‌رانه‌یه و نیو سه‌ده پانتایی سیاسی و رۆشنبیریی کوردی گۆشکرد. بۆیه له جیهانی سیاسی و رۆشنبیریی کوردییدا هه‌موو جیاوازییه‌ک مانای دژ وه‌رده‌گرێت. وێڕای ئه‌مه‌ش دوای هه‌ره‌سی بلۆکی سۆڤیه‌ت چهپڕۆیی کوردی، له جیاتی چاکسازی خۆی، زیاتر به‌ره‌و گروپێکی داخراوی فۆندمێنتال رۆیشت.
روانگه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی راستڕۆیی-کۆنپارێزی
کۆنسێرڤاتیزم یان کۆنپارێزی واتای پاراستن یان هێشتنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌دمۆن بورکی ئینگلیز بوو که ناسراوترین هه‌ڵگری ئه‌و بیرۆکه‌یه. ئه‌و پیاوه دژی روانگه‌کانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بوو. له ساڵی 1790 بۆرک پێی له‌سه‌ر دابونه‌ریتی کۆنی فه‌ره‌نسی داگرت. بورک پێی وابوو خوا و پاشا بڕیاریان داواه که مرۆڤه‌کان ده‌بێ ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت.
له روانگه‌ی کۆنپارێزه‌کانه‌وه ئه‌رکی سه‌ره‌کی مرۆڤ نواندنی دڵسۆزیه به‌رانبه‌ر به ده‌وڵه‌ت، ده‌بێ ده‌وڵه‌ت به هی خۆی بزانێت. بۆیه ئه‌وان ده‌وڵه‌ت به خودی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌چووێنن. چونکه له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌ر که‌سه و ئه‌رکێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. له رژێمێکی کۆنپارێزدا هه‌بوونی ههرارکیهکی کۆمه‌ڵایه‌تی، گرینگی خۆی هه‌یه. له‌وێدا توێژێک له کۆمه‌ڵ ده‌بێ باڵاده‌ست بێت. هاوکاتیش کڵێسه رۆڵێکی گرینگ ده‌بینێ له فێرکردنی چاکه‌دا. بۆیه له سیسته‌می کۆنپارێزدا، هه‌روه‌ک ده‌بینین که کڵێسه له ئه‌مریکادا رۆڵی پشتیوانی ده‌وڵه‌ت و حیزبی کۆماری ده‌گێڕێت.
به شێوه‌یه‌کی گشتیی دیدی کۆنپارێزی نوێ، له پرۆسه‌ی حوکمدا: جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی، نه‌گۆڕی دابونه‌ریت، سیسته‌می دادوه‌ری، مولکایه‌تی، تاکایه‌تی و گروپ له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌کاته‌وه.
به ڕای ئه‌و کۆنپارێزه نوێیه‌وه که حوکمڕانی سیاسی ده‌بێت به باشی پابه‌ند بێ به دادوه‌ری گشتیییهوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا په‌یڕه‌و ده‌کرێ. له‌و سیسته‌مه‌دا دادگای باڵا ده‌توانێت بڕیاری سیاسی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، له‌وێدا گه‌ر دادگای باڵا بزانێت ئه‌و بڕیاره له‌گه‌ڵ دادوه‌ری ناکۆکه ده‌توانێت ره‌تیبکاته‌وه. بۆیه له ئه‌مریکادا دادگای باڵا به جێگرییهکی له‌باری پاشایه‌تی داده‌نرێت. زۆرێک پێیان وایه ئه‌و جۆره دادگایه، وه‌ک هێمایه‌ک له جێگه‌ی پاشا رۆڵی یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه ده‌گێڕێت. هاوکاتیش خێزان به‌لای کۆنپارێزه‌کانه‌وه پێکهێنه‌ری بنه‌مای کۆمه‌ڵگایه. بازاری ئابووری له سیسته‌می کۆنپارێزیدا به‌ربه‌ره‌کانێی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ده‌کات، که ئه‌مه‌ش بوژانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. دواجار له روانگه‌ی کۆنپارێزه‌کانه‌وه له کۆمه‌ڵگادا هیچ هاوئاهه‌نگیه‌کی نموونه‌یی یان دادپه‌روه‌رانه‌ی ره‌ها له گۆڕێ‌دا نییه. ئامانجی سیاسی کۆنپارێزه‌کان زه‌مینه خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتییانه، نه‌ک بێگه‌رد کردنی ژیان.
بۆیه ئه‌وان یهکاسانی و پاکی به مه‌حاڵ ده‌بینن. به‌ڵام لای کۆنپارێز، نه‌ته‌وه کاکڵه‌ی کۆمه‌ڵه. لێره‌وه به‌رگری کردن له نه‌ته‌وه ده‌که‌وێته پێش هه‌موو شتێک، هه‌روه‌ک ئه‌و دیده له ئاخاوتنه‌کانی جۆرج بوش و حیزبه‌ی به راشکاوی به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه. بۆیه ته‌واوی کۆنپارێز-راستڕۆیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه سوورن که ده‌بێ به‌رگرییه‌کی سه‌ربازی تۆکمه و گه‌وره هه‌بێت تا بتوانێت کۆمه‌ڵگه یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزێت. ئه‌مه‌ش له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکای ئه‌مڕۆدا به‌رچاوه.
چهپڕۆیی و قه‌ده‌ری خه‌ونی کورد
هه‌ر له ناوه‌ڕاستی سەتەی بیسته‌وه، یان زیاتر له حه‌فتایه‌کانه‌وه، چهپڕۆیی یان سۆسیالیزم ده‌بێته ئاینێک کورد به خۆیه‌وه سه‌رمه‌ست ده‌کا. سۆسیالیزم وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێزێکی باڵاده‌ست، که گوایه رزگاریکاری گه‌لانی بنده‌سته و به گشتییش کێشه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی هه‌ژار و کرێکار جهغتدهکاتهوه، ده‌بێته بزوێنه‌ری روحی کورد. دواجار ئه‌و ئایدۆلۆژییه وه‌ک هێزێکی مێتافیزیکی سڕکار، توانی ویستی ناوه‌کی کورد فه‌رامۆشبکا و خه‌ونی خۆی بداته ده‌ست قه‌ده‌رێکی ده‌ره‌کی. ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌نیا کێشه‌یه‌ک نه‌بوو که کورد ده‌رگیری بێت، به‌ڵکو زۆرینه‌ی بزاڤی سیاسی و رۆشنبیریی وڵاتانی ئه‌فریکا و لاتین ئه‌مریکا و دونیای ئیسلامی بوون به وابه‌سته‌ی بلۆکی سۆسیالیزم. به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و ئایدۆلۆژییه چهپڕۆییه له هه‌ر ناوچه‌یه‌ک، به گوێره‌ی پێکهاتی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌کان، ره‌نگی خۆی وه‌رگرتبێت. به‌ڵام له رۆژهه‌ڵات به گشتیی و له کوردستاندا به تایبه‌تی، جێگه‌ی بڕوا و ئایینی ئیسلامی گرته‌وه، یان له‌سه‌ر ئه‌و روانگه‌یه‌کی خورافی قاڵبڕێژ بوو.
چونکه دۆخی هه‌ژاری و رێژه‌ی زۆری نه‌خوێنده‌واری له جیهانی ئیسلامی و کوردی‌دا به تایبه‌تی، زه‌مینه خۆشکه‌ری ئه‌و ئایدۆلۆژیه بوو. قسه‌گه‌لێکی وه‌ک: یه‌کسانی، برایه‌تی و په‌سندانی چینی هه‌ژار، زیاتر له ئاوازی خوتبه‌ی ئایینی نزیکه تا واقیعیه‌تی ژیان و چاره‌سه‌رییه کۆنکرێته‌کان. به کورتی پێکهات و بونیاتی ئابووری و ئاگایی سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی جه‌سته‌ی کوردستاندا، جێگه‌ی ئیسلامی گرته‌وه، که وه‌ک هێزێکی قهدهرههڵگر،خه‌ونه‌کانی خۆی بۆ مه‌یسه‌ر ده‌کا.
هه‌ر بۆیه سه‌رچاوه‌ی سۆسیالیزم بۆ ته‌واوی بزاڤی کورد بوو به ئامانجی کۆتایی. ره‌نگه جێگه‌ی ئاماژه بێ، که له ژێر کایه‌ی ئه‌و ئایدۆلۆژییه ئۆتۆپیهدا، مرۆی سیاسی و رووناکبیریی کوردی ده‌بوو گیانفیداکار بێت. واتا خاسڵه‌تی خۆبه‌ختکردن و فه‌رامۆشکردنی خود و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی…هتد، بوو به وێنای ئیدیالی مرۆی سیاسه‌تمه‌دار و رووناکبیریی به‌ڕاستی.
له سه‌رمه‌ستی ئه‌و ئایدیۆلۆژییەدا نه‌وه‌ی حه‌فتا و نیوه‌ی هه‌شتایه‌کانی کورد، به پێچه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی دوای هه‌ره‌سی بلۆکی چهپڕۆیی، هه‌موو خه‌ونه تایبه‌تییه‌کانی کرد به قوربانی خه‌باتی چه‌کداری و ونبوون له چاوه‌ڕوانییه خه‌یاڵییه‌کان. هاوکاتیش له هه‌ر چوار له‌تی کوردستاندا، کوردی کۆمۆنیست له عه‌ره‌ب و فارس و تورک زێده‌تر سه‌رگه‌م بوو به برایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته داگیرکه‌رانه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌و بانگه‌شانه به ئاگا بێت. هه‌ر بۆیه به‌شێکی فره‌ی کورد له‌به‌ر ئه‌و سه‌رمه‌ستییه، تا ئه‌مڕۆش بێبه‌رییه له زمان و مێژوو و کولتووری کوردی، گوایه ئه‌وه پاشکه‌وتنخوازی و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه، که‌چی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ئه‌و روحه سافیلهکهیهی پڕ کرد له روحی شۆڤینییهیهتی خۆیه‌وه.
بۆ نموونه تا ئه‌مڕۆش حیزبی شیوعی سوریا، که له‌وێدا له هه‌موو مافێک بێبه‌شه، که‌چی کورد چاڵاکترین توێژی هێزی ئه‌و حیزبه‌یه. بۆیه تا ئێستاش ئه‌و حیزبه به‌رانبه‌ر به کورد یه‌کێکه له شۆڤینترین حیزبه چه‌پڕه‌وه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه. هه‌ڵوێستی ئه‌و حیزبه له سه‌رهه‌ڵدانی کوردی ئه‌و به‌شه، ته‌نانه‌ت له حیزبی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار شۆڤینتر بوو. قه‌ده‌ری باکووری کوردستان هه‌مان وێنه‌ی له‌ته‌کانی کوردستانی به خۆیه‌وه بینییه‌وه.
وێڕای ئه‌مه‌ش، له ئێران‌دا، ته‌واوی چه‌پڕۆکان، تا ئه‌مڕۆش، به ئایدیۆلۆژی شۆڤینینانهی ئێرانی جڵه‌وی کوردی گرتووه.
جێگه‌ی سه‌رنجه، له روانگه‌ی وێنای کۆمۆنیستی خۆبه‌ختکار، له برادارێکی کۆمه‌ڵه‌ی ئێرانم بیست، کاتێ مانسوور حیکمه‌ت له ده‌ره‌وه چوو بوو بۆ کوردستان، پۆتینه کرێکاری و شێوه‌ی جل و به‌رگه‌که‌ی، ئه‌ندامانی کوردی حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی شاگه‌شکه و بووراند بۆوه. به‌لای ئه‌وانه‌وه مه‌سنوور وه‌ک فارسێک که له ئه‌وروپا ژیانوه، چۆن وا ساده و ساکاره! واتا مه‌نسوور وه‌ک ئه‌کته‌رێکی خه‌باتگێڕ و کۆمۆنیست ده‌بێته باوکێکی روحی مرۆی کورد.
لێره‌وه ده‌بینین، خه‌ونی کورد له قۆناغی چهپڕۆییدا، قه‌ده‌رێکی ده‌ره‌کی، به‌ناوی نێونه‌ته‌وه‌یی و برایه‌تی و له خۆ بووردوویی ئاوه‌ز و گیانی سافیلکه‌ی گۆشدهکا. ئه‌مه‌ش بوو به فه‌رامۆشکردنی ویستی کورد، دواجار ئه‌و ته‌رزه ئایدیۆلۆژییه به گۆشه‌یه‌ک له‌و به‌هه‌شته میوانداری کوردی نه‌کرد، تاوه‌کو له چاوه‌ڕوانی ئه‌و خه‌ونه شهکهتهیدا سه‌رفرازی بکا. بۆیه وێنای ئه‌و به‌هه‌شته، پاش کاڵبوونه‌وه و رمانی سۆڤیه‌ت و هاتنی ئه‌مریکا، که لای زۆرینه‌ی هێزی سیاسی و رووناکبیری کورد، به ئیمپریالیزم داده‌نرا، بوو به ئه‌و به‌هه‌شته بهڕاداندراوهی، که ئێستا سه‌رگه‌رمی کردووین.
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که بزاڤی سیاسی کورد هه‌میشه ده‌قی به‌وه گرتووه، هه‌روه‌ک به‌خت ئه‌وه‌ی کردبێت، که قه‌ده‌ری خه‌ونه‌که‌ی، نووشست و تێکشکانه‌کانی له هێزه ده‌ره‌کییه‌کان ماره بکات. هه‌ر بۆیه له ئاخافتن، یان زمان-گوتاری کوردی‌دا ته‌واوی کێشه‌کان ده‌خرێته سه‌ر شانی هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان. به واته‌یه‌کی تر، هه‌ر له پاش په‌یمانی سیڤه‌ر و لۆزانه‌وه، که دوو په‌یماننامه‌ی دوای هه‌ردوو شه‌ڕی جیهانی بوو، بزاڤی کوردی بۆ ده‌ستنیشانکردنی مافه‌کانی بێبه‌ری بووه له ویستی بڕیاری ناوه‌کی خۆی. هۆی خۆیه‌تی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنه‌مای ئه‌و بڕوادارییهی که کورد که به شێوه‌یه‌کی خۆشباوه‌ڕ، ئایدیۆلۆژی چهپڕۆیی و ویستی ده‌رکی پیاده ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی بۆ هێزه ناوهکییاکانی خۆی وه‌فادار بێت. له ئاکامی ئه‌مه‌دا، که ئێستاش چهپڕۆیی له کن کورده لیبرالیسته تازه بابه‌ته‌کانه‌وه وێنه‌ی ئه‌زموونێکی دزێوی وه‌رگرتووه، له جێگه‌ی ئه‌وه‌دا، لیبرالیزم شوێنی ئه‌و پیرۆزییه‌ی گرته‌وه.
هه‌ر بۆیه ئێستا بزاڤی کوردیی و ده‌مڕاسته رووناکبیرهکهی له هه‌موو له‌ته‌کانی کوردستاندا به هه‌مان روانگه‌ی چهپڕۆییهکهی پێشوویه‌وه، قه‌ده‌ری خه‌ونی کوردیان ده قه‌به‌ر لیبرالیزم و راستڕۆی ئه‌مریکای بۆش کردووه.
خه‌ونی کورد له چاوه‌ڕوانی راستڕۆییدا
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاوازی ئه‌و گوته‌یه‌ی نیتشه: “خودا مرد”، ئێمه‌ش بڵێین، چهپڕۆیی کوردی مرد. به‌ڵام راستڕۆی جێگه‌ی ئه‌و خوایه چه‌پڕۆیه‌ی کوردی گرته‌وه که خه‌ونی کوردی به‌دینه‌هێنا. له‌م روانگه‌یه‌وه ئیتر هه‌ر له دوای مردنی خوای قه‌ده‌ری کۆنینه‌ی کورد: چهپڕییهوه، به جۆرێک له جۆره‌کان، کۆی بزاڤی کوردی له چاوه‌ڕوانی ئه‌و خوایه به‌ناو کۆنپارێزی یان راستڕۆیه دایه، که ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی ئه‌مریکا ئه‌و خه‌ونه سیاسیه‌ی کوردمان بۆ دابین ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت له رووی ئایدیۆلۆژییه‌وه “راستڕۆیی” و “چهپڕۆیی” زۆر جیاوازیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یه، به‌ڵام له کن توێژی سیاسی و رووناکبیری ئه‌مڕۆی کوردی‌دا، ئه‌وه‌ندی من بزانم، یه‌ک واته‌ی وه‌رگرتوو.
وه‌ک گوتمان بۆ نیو سه‌ده سۆڤیه‌تی گۆرین بۆی مه‌یسه‌ر نه‌کردین. که‌واته کورد ته‌نیا خودایه‌کانی گۆڕیه‌وه. ئه‌گه‌ر له دیدی نیتشه “خوا مراندن”، مه‌به‌ست له گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بێ بۆ ویستی خۆی و پیاده‌کردنی هێز، که‌چی بۆ کورد گه‌ڕانه به دوای هێز یان ئایدیۆلۆژییه‌کی تر که له ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی و هێزی ناوه‌کی خۆیه‌تی. دواجار ئیشی کورد خۆ فڕێدانه له باوه‌شی خوایه‌کی مردووه‌وه بۆ باوه‌شی خوایه‌کی تازه؛ به پاڵه‌وانکردنی هێزی راستڕۆی ئه‌مریکا و فه‌رامۆشکردنی ئه‌زموونی تێکشکاوی چهپڕۆییه.
کێشه‌ی کورد له هه‌ڵبژاردنی هێزه ده‌ره‌کییه‌کاندا هه‌میشه که‌ژو هه‌وایه‌کی جیهانی له پشته‌وه بووه. گه‌ر له سه‌رده‌می چهپڕۆییدا سۆسیالیزم و سۆڤیه‌ت وێنای پشتیوانی گه‌لانی زۆرلێکراو و کۆلهواران بوو، ئێستا به فره‌بوونی بازاڕ و کاڵا و خودپه‌رستی و تاکگه‌رایی مرۆڤه‌کا،ن وێنه‌ی مرۆڤی سه‌رکه‌وتووه…هتد.
ئه‌مڕۆ مادده و به سێنته‌ر بوونی خۆویستی مرۆڤ و هه‌ودا بوون به دوای که‌ل و په‌ل، دوا ئامانجی ژیانی کۆمهڵگهیهکانه. ئه‌و ماشێنه‌ی که به ناوی به جیهانیببوون-گۆلوبالیزم ژیان و روانگه‌کانی مرۆڤ داده‌هێنێت، ئیتر نه بیرۆکه‌کان و نه خودی مرۆڤیش له توانای نه‌ماوه خاوه‌ن بنه‌مایه‌کی دیاریکراو بن. ئاکامی ئه‌و دیارده‌یه‌ش شپرزه بوونی بونیاتی مرۆڤ و ژیانه، که به مه‌رجه‌کانی ئه‌و هه‌موو گۆڕانه راناگات. گه‌رچی ره‌نگه هێشتا ئه‌و ماشێنه به ناو گۆلوبالیزمه به تۆڕه لێکچڕژاوهکانی ناخی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی داگیر نه‌کرد بێت، به‌ڵام له باری ده‌روونی، ئاگایی و خواستی په‌یوه‌ندییه‌کان توانیوویه‌تی مرۆی کوردیش به مۆده‌کانی و مه‌رجه‌کانی سه‌وداسه‌ر بکات. له ئاکامی ئه‌مه‌شدا تۆوی بونیاتێکی خودویستانهی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا چاندووه، که له مه‌یلی که‌ره‌سه و مۆده‌و فۆرم په‌رستی …هتد، ده‌سکه‌وتی ئابووریدا زه‌قده‌بێته‌وه. ئه‌و پرۆسه تازه‌یه‌ش نه‌ک هه‌ر بڕیار له‌سه‌ر تاکی کوردی ده‌دات، به‌ڵکو به کاریگه‌رییه‌کانی پێکهاتی کوردی کردووه به خولیایه‌ک بۆ بوونه ئامراز له پێناوی تێر کردنی خود.
هه‌ڵبه‌ت له روانگه‌ی تێورییه‌وه له نوان به‌جیهانیببوون و جیهانگیریدا جیاوازییه‌ک هه‌یه، که ده‌بێ بیری لێبکهیهنهوه: له‌م نووسینه‌دا به‌جیهانیبوون، دیارده‌ی باڵاده‌ستی بازاڕ و لێکدانه‌وه نێگه‌تیڤه‌کان ده‌گرێته‌وه. چونکه جیهانگیری-گۆلوبالتێت له ئاستی تێوریدا روانگه هزری کۆمه‌ڵایه‌تی کولتورییه‌کان به گشتیی ده‌گرێته‌وه، لێره‌وه گه‌ر دوێنێ، له ژێر کاریگه‌ری چهپڕۆییدا کورد دوور له ویستی خود و خولیای که‌ره‌سه خۆی به گیانێکی به کۆمه‌ڵی مرۆی ئیدیالی په‌ره‌وه‌رده ده‌کرد، که‌چی ئه‌مڕۆ به پێچه‌وانه‌وه، خود و به‌رژه‌وه‌ندی، بگره له کاری سیاسیش‌دا، بۆته ئایدیال و پاڵه‌وانی مرۆی کورد. به واتایه‌کی تر، گه‌ر دوێنێ کورد سه‌رقاڵ بووبێ به چاڵاکی سیاسی و رۆشنبیریی، وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی…هتد، که‌چی ئه‌مڕۆ توێژی سیاسی و رووناکبیریی کوردی، له پێناو به سێنته‌ر کردنی خود و خواسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌که‌ی، حه‌وداڵه به دوای خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن مادده و هێزی باودا.
دواجار خه‌می ئه‌مڕۆی توێژه‌کان، به سیاسی، رووناکبیره‌وه، به دهراوێتهکردنی ده‌گمه‌نێک له‌و توێژانه ، بۆ نموونه، بۆ لاوی کوردی تازه بابه‌ت، “په‌ڵه‌وان”ی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که ببێته گۆرانبێژێکی مه‌یله و ئه‌وروپی و له “کلیپ”ێکدا، وه‌ک گۆرانیبێژه رۆژئاواییه‌کان، به وێنه‌ی ئۆتۆمبیل و کیژێکی قژکاڵه‌وه، یان به ئاوازی له‌نجه و لاری کچه گۆرانینێژه pop و Rock ه‌کان له شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن پیشانبدرێ، تاکو کیژ و کوڕی کورد له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌دا به خۆیه‌وه سه‌ر سام بکات. هاوکاتیش له ئاستی کۆمه‌ڵدا، ئۆتۆمبیل و ته‌له‌فۆن مۆبایل و خانوو؛ ده‌سکه‌وته فۆرمالیتێیهکان، ئاواتی سه‌ره‌کی مرۆی کوردی پێکده‌هێنێت. به کورتی، به واته‌ی مرۆی کورد، گه‌ر دوا مۆدێلی ماشێنت له ژێر نه‌بێ که‌س به “پیاو”ت دانانێت.
ئه‌مڕۆ که‌سێکی رووناک‌بیر و لێزان له کن کورددا، پایه‌ی تێگه‌یشتن نییه له ئاستی زانین و ئاوه‌ز؛ چاڵاک بوون له بوارێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و رۆشنبیریی، وێنای که‌سی سه‌رکه‌توو نییه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئامانجی خود کردنه نێوه‌ند و موڵکداریی تایبه‌تی، یان خه‌می رووناکبیری زار قهڵهباڵعی ئه‌مڕۆی کورد، ده‌رکه‌وتن و جێگه خۆشکردنه له که‌ناڵ و نێوه‌نده گه‌وره‌کانی ده‌سه‌ڵات…هتد. به واته‌یه‌کی تر، له روانگه‌ی ئه‌و پشتینه جیهانگیریی و “بوش”گه‌راییه‌ی که پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد، زاراوه سیلاک بووه‌کانی وه‌ک ئازادی تاکه‌که‌س، دێمۆکراتی، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، فێمێنیزم و قسه‌گه‌لێکی له‌م تهررزانه بۆته رێگه‌خۆشکه‌ر بۆ هه‌موو مه‌یل و کرده‌یه‌کی ناڕه‌وا.
ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای کو‌لتوور و نه‌ریتێکه که بووده‌ڵه‌یی و کولتوری جه‌ڵه‌بی، یان گه‌ڕه‌لاوژه‌ی خودویستی له پشته‌وه‌یه، نه‌ک وه‌رچه‌رخان و گه‌شه‌ی ئاوه‌ز و مه‌عریفه. به‌رهه‌می ئه‌و مۆده به جیهانیببوونه و “لیبرالیزم”گرییه نوێباوه‌ی کورد، به‌های فه‌رامۆشکردنی ویستی سه‌ربه‌خۆیی و به په‌ڕاوێزکردن، یان به که‌ره‌سه و فۆرمکردنی “خه‌ونی کورد” ه، نه‌ک گۆڕانێکی بونیادی له ئه‌زموونی تاڵی کوردی‌دا. ئه‌و دیارده نوێباوه‌ی کورد به بیانۆی ئه‌وه‌ی که دونیا گۆڕاوه، یان گوایه “سه‌رده‌می گۆلوبال، تاکگه‌رایی، نه‌مانی خه‌ونی ده‌وڵه‌تی کوردی و… هتد، بۆیه ده‌بێ کوردیش واز له داوای خه‌بات بۆ خه‌ونی کورد بێنێت و خه‌ریکی گووتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه و قسه‌گه‌له بێت که ماشێنی به‌جیهانیبوون و بازاڕی سه‌رمایه‌داری و لیبرالیزمی نوێ به ره‌واجی کردووه. به‌هه‌مه‌حاڵ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و روانگه‌یه به‌رهه‌می لیبرالیزم و کۆنسێرڤه‌تیڤی نوێ بێت؛ پۆستمۆدێرنیزم وه‌ک بنه‌مایه‌کی هزر له پشته‌وه‌ی بێت، که به‌رهه‌می کۆنتێکستی ئه‌و قۆناغه هه‌مه‌جۆرانه‌ی رۆژئاوان. که‌چی ئه‌و روانگه له‌گه‌ڵ ئاماده بوونی به‌ژن و باڵای سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکا له عێراقدا، له هیکڕا په‌نگده‌داته‌وه و روحی کورد له‌گه‌ل خۆیدا راده‌پێچێت، بێ ئه‌وه‌ی بوونی کورد لۆژیکێکی بۆ ئه‌و روانگه تازه‌یه هه‌بێت. له کاتێکدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و روانگه تازانه‌ی ئاماژه‌یان پێکرا، له ئه‌وروپا به لۆژیکی لیبرالیزمی نوێ‌دا بناسرێن، که‌چی جۆرج بۆش له سه‌رچاوه‌یه‌کی مهسیحگهراییهوه پیاده‌ی ئه‌و روانگه تازانه و سیاسه‌تی ده‌ره‌کیه ده‌کا. جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌و روانگه و مانایانه لای ئێمه ده‌بنه باو و مۆده‌ی ده‌ڤۆکی، بێ ئه‌وه‌ی پرسیار بکه‌ین، ئێمه له کوێن و به‌چی و چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و دیاردانه مامه‌ڵه بکه‌ین!
وێڕای ئه‌مانه‌ش، له بیرمان نه‌چێت پاش هاتنی هێزی ئه‌مریکا بۆ عێراق، هه‌موو به‌هایه ئه‌خلاقی و ئایدۆلۆگی کۆنپارێزی بۆش، که بۆرژوا و سه‌رمایه‌داره‌کانی ئه‌مریکا به خۆیه‌وه ده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش، بێ ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگامان لێ بێت، ئه‌خلاقی خۆویستی به‌خشی به توێژی سیاسی و رووناکبیری کورد.
که‌چی چهپڕۆیی پێشووی کورد، چونکه روانگه‌ی دژه مولکداری تاکه‌که‌سی ئایدیالی بوو، ئه‌مه‌ش روحێکی قوربانی و خود فه‌رامۆشکردن و وه‌همی مرۆی ئایدیالی گۆشکرد. بۆیه کاری به کۆمه‌ڵی و گیانفیداکاریی و خۆبه‌ختکردن له پێناو کۆمه‌ڵ…هتد، جێگه‌ی پایه‌داری و نموونه‌ی مرۆی چاکه بوو بۆ کورد. ئه‌مه‌ش بوو به وێنه‌یه‌ک بۆ مرۆی سیاسی و رووناک‌بیر، که پڕ بوو له دووانه‌یی؛ به رووکه‌ش ئازادیخواز و خه‌باتگێڕ بوو، به ناوه‌ڕۆکیش هه‌ڵپه‌رست و ساخته بوو. به‌ڵام دواجار ئه‌و رووکه‌شیه وێنای ئایدیالی بوو بۆ نموونه‌ی مرۆی رووناک‌بیر و سیاسی. که‌واته خه‌ونی کورد له گیانی مه‌یله‌و ئایدیالی و ئایینی به‌رجه‌سته ده‌کرایه‌وه.
لێره‌وه ئه‌رکی رووناکبیری جیاوازی کورد، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ماڵی رۆشنبیریی کوردی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌رچاوه‌یه‌کی رۆشنبیریی کوردی ده‌سته‌به‌ر بکا بۆ خوێندنه‌وه‌ی روانگه رۆشنبیرییه‌کانی “ئه‌ویتر”. ده‌گمه‌نی ئه‌و زمانه جیاوازه له پانتایی رووناکبیری کوردی ئه‌مڕۆدا، یه‌کێکه له‌و کێشه رۆشنبیرییه خه‌مهێنه‌ره‌ی ژیانی کورد. هه‌ڵبه‌ت هیچ کۆمه‌ڵ و کولتوورێک بێ بوونی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌رچاوه‌کانی خۆی ناتوانێ خاوه‌ن گوتار و روانگه‌یه‌کی رۆشنبیریی، تونێکی تایبه‌تمه‌ندی کوردی، خۆی بێت. له ئاکامی فه‌رامۆشکردنی ئه‌و سه‌رچاوه رۆشنبیرییه‌ی ئه‌مڕۆی کورد، پانتایی رۆشنبیریی کورد هه‌ڵگری مێتود و روانگه‌یه‌کی نییه که بتوانێ زمانی خوێندنه‌وه و ههڵوهشاندهوهیهک بۆ خودی خۆی به‌رهه‌م بێنێت. له پانتای بڵاو کراوه پان و پۆڕه‌کانی کوردی‌دا ،ده‌سته‌واژه و تیۆرییه‌کان له شێوازێکی بێ ئاراسته و بێ پرۆژه و بێ ئاکامگیری، ئاپۆڕه ده‌کرێن.
ئاکام و رامانێک بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌کانی کوردییه‌وه
هه‌ڵبه‌ت چهپڕۆیی له نیو سه‌ده‌دا، نه‌ک هه‌ر خه‌ونی کوردی رۆشن نه‌کرده‌وه، به‌ڵکو هه‌ستی خۆ به قوربانیدان و تاوانبار کردنی هێزی ده‌رکی کرد به روانگه‌یه‌ک بۆ کورد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌بووری دۆڕانه‌کانی بداته‌وه. ئاکامی ئه‌مه‌ش بوو به بنه‌مایه‌ک که ئه‌مڕۆ هێزی ده‌مڕاستی سیاسی و رووناکبیری کورد وێنای راستڕۆه‌ی و “بوش”گه‌رایی بکات به ئه‌و هێزه رزگارکه‌ره‌ی خه‌ونی کورد. لێره‌وه ئه‌و گۆڕانه له روانگه‌ی کورد، گۆڕانێکی بونیاتیانهی نییه، به‌ڵکو گۆڕانێکه له ئاستی فۆرم و ناوه‌کان؛ کۆنپارێزی و “بوش”گه‌رایی، جێگه‌ی چه‌پڕه‌وه‌ی و سۆڤیتگهرایی ده‌گرێته‌وه؛ خودگه‌رایی و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ئامانجی ئابووری، له جیاتی روانگه‌ی به کۆمه‌ڵی و خۆ به فیدا کردن و خود فه‌رامۆشکردن، ده‌بێته ئایدیالی مرۆی کورد…هتد.
له کاتێکدا گه‌ر بیرۆکه‌ی کۆنسێرڤه‌تیڤی، له دوای کاڵبوونه‌وه‌ی چهپڕۆیی کوردی هاتنی ئه‌مریکا، وه‌ک روانگه‌ی تازه ده‌بێته مۆده‌ی کورد، که‌چی ئه‌و کۆنسێرڤێتیڤه له بیسته‌کانی سەتەی بیسته‌م، به تایبه‌تی له رۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزه‌کان له عێراقدا، وه‌ک بیرۆکه‌یه‌کی خۆماڵی له ئاستی رووناکبیریی و سیاسی‌دا چاڵاک بوو. لێره‌وه ده‌کرێ ئاماژه به توێژێک له رووناکبیری کوردی بکه‌ین، که نه‌ک هه‌ر له ئاستی چاڵاکی رۆشنبیری‌دا خه‌مخۆر، یان هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیریی سیاسی گۆڕانی بونیاتی کوردی بوون، به‌ڵکو له ئاستی سیاسی و کۆمه‌ڵاتیش ئاماده بوون. بیرۆکه‌ی ئه‌و پانتاییه رۆشنبیریی و سیاسییه له ره‌وتی “کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆی کوردستان” به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه.
له‌وێدا کۆمه‌ڵێ رووناکبیری ره‌سه‌نی کوردی وه‌ک: “حه‌مدی به‌گ، جه‌میل سائیب، موسته‌فا به‌گی ساحێبقڕان، ره‌فیق حیلمی و چه‌ندان رووناکبیری تر وێنای ئاگایی کورد بوون، یان ده‌کرێ به میراتگری ده‌نگی خۆڕسکی شاعیری رۆح به‌رزی حاجی قادری کویی بناسین. هاوکاتیش شۆڕشی شێخ سه‌عید و شێخ مه‌حموود و شێخ نه‌هری و بگره سه‌رۆکی کۆماری مه‌هاباد، قازی موحه‌مه‌دی نه‌مر، دواجاریش بزاڤی “ژێکاف” له‌م روانگه راستڕۆیهدا به‌رجه‌سته‌ده‌بنه‌وه.
ئامانجی ئه‌و رووناک‌بیر و بزاڤه کوردیانه، له روانگه‌ی وشیار کردنه‌وه و دامه‌زراندنی رۆحیه‌تی کوردی ره‌سه‌ن بوو، نه‌ک وابه‌سته بوون به روانگه‌یه‌کی ده‌ره‌کی و لاسیکردنه‌وه، که ئێستا له ئاردایه. به بڕوای من، بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری کوردی خاوه‌ن ئاگاییه‌کی خۆی بێت، ئه‌رکی زمانی تازه‌ی رووناکبیری کوردی ئه‌مڕۆ، خوێندنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه و به‌رده‌وامی ئه‌و سه‌رچاوه رۆشنبیرییه و سیاسیه‌ی کوردیه. ئه‌مه‌ش مانای ده‌رگا له‌سه‌ر خود داخستنی کورد نییه، به‌ڵکو ئاماده کردنی زمانی کوردی، ئاگاییه‌کی کوردیه له جیهانی رۆشنبیرییدا. به واتایه‌کی تر، به‌شدار بوونی کوردیه به گفتوگۆکردنی خودی خۆی له‌گه‌ڵ “ئه‌ویتر”دا.
له پانتایی رۆشنبیریی کوردی‌دا، ئه‌و دیارده‌یه ئاماده‌یی هه‌یه. ئه‌مه‌ش له توێژێک له رووناکبیری شه‌سته‌کان و حه‌فتایه‌کاندا راشکاوتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، که ده‌کرێ وه‌ک به‌رده‌وامیه‌ک راڤه‌ی بکه‌ین. لێره‌دا به یادهێنانه‌وه‌ی، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، مه‌سعوود محه‌مه‌د،عه‌لائه‌دین سجادی، شاکر فه‌تاح، دوا به‌رهه‌مه‌کانی که‌مال مه‌زهه‌ر و چه‌ندان نموونه‌ی تر، ده‌کرێ به سه‌رچاوه‌ی رهسهنیتری جیهانبینی روانگه رۆشنبیریی و هزرییه‌کانی کورد بخوێنرێنه‌وه.
له به‌رهه‌مه رۆشنبیرییه هزرییه‌کانی ئه‌و رووناکبیرانه‌دا، مێژووی کورد و تایبه‌تمه‌ندیی و جیاوازی و کێشه‌کانی بوونی کورد ئاماده‌ییان هه‌یه، که ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له ئه‌رک و پرسیاره‌کانی ته‌واوی رووناکبیره جیهانییه‌کان. لێره‌دا ده‌بێ بزانین، ته‌واوی گفتوگۆیه‌کانی هزرڤان و فه‌یله‌سوفی رۆژئاوا، خوێندنه‌وه و دامه‌زاراندنه‌وه‌ی مێژووی پانتاییه هزریی و رۆشنبیرییه‌کانی سه‌رچاوه‌کانی خۆیه‌تی. که‌واته به واته‌ی نیتشه، گه‌ر ئه‌رکی فه‌یله‌سوفی تازه هاوێژانی ئه‌و رمه بێت که فه‌یله‌سوفانی پێشتر ئه‌نجامیان دابێت، ئه‌وه ئه‌رکی رووناکبیری تازه‌باوی جودا، ئه‌فراندن و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته رۆشنبیرییه ره‌سه‌نه‌ی کوردیه، که به‌رهه‌می تێڕاماندنی ماڵی کوردیه. به‌ڵام ئه‌و روانینه ره‌سه‌نه له جه‌م رووناکبیری باڵاده‌ستی ئه‌مڕۆ و دوێنی کورد، یان به واتای مه‌سعوود محه‌مه‌د، بۆ ئه‌و “رووناکبیره زار قه‌ڵه‌بالغه”ی ئێستای کورد، سه‌رچاوه‌کانی رۆشنبیریی کوردی له مه‌عریفه به‌ده‌ره و ده‌بێ فه‌رامۆشبکرێن.
به‌هه‌مه‌حاڵ، جێگه‌ی سه‌رنجه، هه‌ر له‌گه‌ڵ زاڵبوونی بیرۆکه‌ی چهپڕههی و سۆسیالیزم، ئه‌و دیارده رۆشنبیرییه ره‌سه‌نه، یان کۆنسێرڤهتیڤهی کورد، که ئاماژه‌م پێ‌کرد، به مۆری “کۆنه‌په‌رستی” و “نامۆدێرن”ی گۆشه‌گیرکران له پانتایی رۆشنبیریی کوردی‌دا. ئه‌وه‌نده به‌سه، بۆ نموونه ئاماژه به به‌رهه‌مه‌کانی مه‌سعوود محه‌مه‌د بکه‌ین، که پڕ بایه‌خترین سه‌رچاوه‌ی کوردین، که‌چی ئه‌مڕۆ ئه‌و رووناکبیره زار قهڵهبالغهی کوردی، نه‌ک هه‌ر نایناسێت، به‌ڵکو ئه‌و رووناک‌بیر ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆ، وێڕای ئه‌و هه‌موو ” بۆنه” ، “فیستیڤاڵ” و “خه‌ڵات” به‌خشینه، که بۆ مه‌به‌ست و ملکه‌چکردنی رووناکبیره زار قه‌ڵه‌باڵغه‌کان و پرسیارێکی بێ نموودی رۆشنبیریی و کولتووری ته‌رخانی ده‌که‌ن، به یادی نییه بوارێک بۆ به‌رهه‌مه رێزداره‌کانی ئه‌و ته‌رزه رووناکبیره‌ی کورد بڕه‌خسێنێ. لێره‌وه هۆکاری ئه‌و فه‌رامۆشکارییه رۆشنبیریهی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسی و رۆشنبیرییه‌ی ئه‌مڕۆی کورد، به تایبه‌تی له باشووری کوردستاندا ده‌رده‌که‌وێت، که به نیازی گه‌وره‌کردنی حیزبه‌کانییان رووناک‌بیر و کولتووری رووکه‌ش قوتده‌که‌نه‌وه.
لێره‌وه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه لای ره‌فیق حیلمی، که وه‌ک نموونه‌ی رووناکبیری وریا، له یادداشتنامه‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر خودویستی و ساویلکه‌یی کورد ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ره‌فیق حیلمی له پێناوی خه‌ونه کوردیه‌که‌ی له کاره‌که‌ی ده‌رده‌کرێ و بۆ به‌سه‌ر بردنی ژیان “زێڕ و زیوی ژنه‌که‌ی ده‌فرۆشێت”.
که‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌مڕاستی سیاسی و رۆشنبیریی کورد، به هه‌موو خۆ به جودا دانانهکانییهوه، به به‌رژه‌وه‌ندخواز و گه‌نده‌ل بناسرێنه‌وه، که‌چی ئه‌و ته‌رزه رووناکبیره‌ی که ناومان بردن، له نموونه‌ی ئیدیالی واقیعیدا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه.
دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌سته مێژوویه‌کانی کورد له‌و زمان و ره‌وانبێژی شپرزه باڵاده‌سته‌ی کورد سه‌ره‌تای دابڕانێک بگرێته‌به‌ر، ئه‌رکی رووناک‌بیر و سیاسه‌تمه‌داری کورد،راڤه کردن و پرسیارکرنه له بونیاتی ئاوه‌زی کوردی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه کۆنینه‌کانی ماڵی کوردیه.
زستانی 2004
STOCKHOLM-NESWED
تێبینی:
# بۆ زیاتر زانین سه‌باره‌ت به چهپڕۆیی راستڕۆی-کۆنپارێزی، کتێبی: ره‌یدار لاشۆن، گه‌له ئایدیۆلۆژیای سیاسی هاوچه‌رخ، وه‌رگێڕانی بۆ کوردی، ئاسۆس که‌مال، یارمه‌تیده‌ر بوو.
(*) ئه‌و وتاره‌ی کاک فاروق ره‌فیق له یه‌کێک له ژماره‌کانی مانگی 11ی 20044، له هاووڵاتی بڵاو کراوه‌ته‌وه. له‌وێدا چۆمسکی وێنای هزرڤانێکی ئه‌مریکی زێده له پێویست وه‌رده‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت من نیازم نییه ئاستی لایه‌نی زانستی زمانی چۆمسکی ره‌تبکه‌مه‌وه، به‌ڵام پێم وایه ئه‌و شێوازه به ئهفسانهکردنه، جێگه‌ی پرسیاره.
# بۆ زیاتر زانیاری سه‌باره‌ت به رووناک‌بیر و بیرۆکه‌ی کۆنپارێزی خۆماڵی کوردی، کتێبی: ره‌فیق حیلمی، یادداشت هه‌رسێ به‌رگ.
# بۆ زیاتر ئاگاداری رهسنییهتی روانگه هزرییه‌کانی مه‌سعودد محه‌مه‌د بڕوانه: کتێبی، مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، دوو به‌رگ، کتێبی، له په‌رۆشییه‌کانی ژیان، حاجی قادری کۆیی، گه‌شتی ژیانم، چه‌پکێک له گوڵزاری نالی و کتێبگه‌لی دیکه‌ی وی.