لهبارهی ریفراندومهوه … سمکۆ محەمەد
. کائینێکی بهراویزخراو لە سیاسەت روشنبیر ….
دوای ئهوهی سەرۆکی هەریم لەگەڵ بهشیك له حیزبەکان کۆبووەوە لەسەر راگەیاندنی دەوڵەت، ئهمهش مقۆمقۆی زۆری لیدهپهیدا بوو كه كۆمهڵگهی كوردستانی دابهشی سهر دوو بهرهی دژ بهیهك كردووه، یهكێك پشتگیری ریفراندۆم دهكات و ئهویتر دژیهتی و ههردوولاش یهكتر تهخوین دهكهن، سهرباری ئهوهی كه تویژیك ههیه كاریگهری ههیه لهسهر بابهته ههستیارهكان، کەچی سهرۆكی ههریم تائێستا ئەو کائینە بانگ ناکات کە رۆشنبیرە و زیاتر تێدەگەن لە چارەنووسی نەتەوەیەک و بەرپرسن لە تیگەیشتن لەو پرسەی کە هێندەی پەیوەەندی بە فەزای گشتییەوە یه، نیو ئەوەندە پەیوەندی بەفەزای تاییبەتی سیاسی و حیزبە کوردیەکانەوە نییە، بەتایبەتی ئەو دۆخەی کە کاریگەرییەکی لەسەر هەموو تاکێکی کوردی کردووە کە تەنها گوێ لە حیزبەکان و میدیاکانیان بگرێت و رۆشنبیر پشتگوێ بخرێت کە لەراستیدا ئەوانیش بەشێک لەو فەزا سیاسیە، بەڵام خوڵقاندنی وەها دۆخێک زەمینەی بۆ رۆشنبیر خۆش کردووە کە وەکو کائینێکی دەست و پێ سپی شانی خۆی لەو پرسە گرینگانە خاڵی بکاتەوە.
ئەگەر رۆشنبیربوون پێوەرێک بێت بۆ گەڕانەوە و بەرگریکردن لەبەهاکانی کۆمەڵگە و تێڕوانینێکی ستوونی جیهانبینی بێت کە ڕۆشنبیر وەکو کائینێکی بەئاگا لەکایە جیاجیاکان، گوایە کاری خۆی لەدەرەوەی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان ئەنجامدەدات. دەبێت چیتر لە رۆشنبیری دەسەڵات نەپرسین، بەڵکو لەدەسەڵاتی رۆشنبیر بپرسین کە بەدەسەڵاتی مەعریفی ناسراوە، بۆچی چارەنووسی ئەو کۆمەڵگەیە بەبێ پرسی ئەوان دیاری دەکرێت و ئهمانیش تهنها بینهرن، چونکە ئەگەر دەسەڵات و رۆشنبیر لەو پرسانەدا وەکو دوو دیوی دراوێک نەبن، واتە مەعریفەخوازی جۆرە هەوڵێکی دیکەیە لەلایەن کارێکتەرە چالاکەکانەوە بۆ گەیشتن بەجۆرێک لەدەسەڵاتخوازی، کەواتە ململانێ لەسەر چارەنووسی سیاسی و ژیان هەیە، چونکە رۆشنبیر نییە لەزەینی خۆیدا هەڵگری جۆرە غەریزەیەک نەبێت بۆگەیشتن بەدەسەڵات، بەوپێیەی کە دەسەڵات بۆخۆی جۆرە غەریزەیەکە لەمێشکی هەموو تاکێکدایە، سابا ئەو دەسەڵاتە سیاسی، یان فکری یان ئاینی بێت، لێرەوەیە رۆشنبیری سیاسی و سیاسەتی رۆشنبیر دەردەکەوێت، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر رۆشنبیر سیاسی بوو، پەنجە بۆ ئامانجەکان دریژ دهكات، ئەوەش کەسیاسەتی رۆشنبیرە، ئەوەیە کە لەپێناو سیاسەتێکدا دەست لەسەر ئامانجێکی دیاریکراو دادەنێ و سیاسەتێکی دیکە دەکاتە ئامانج، یان ئەوەیە کە هەوڵی نامومکین دەدات هەروەک عەلی حەرب دەڵێ (مەبەستمان لەوەزیفەی ڕۆشنبیر ئەوەنییە کە ئیدیالیزم، ناچار بەمەتریالیزم بکات، بەپێچەوانەشەوە ماتریالیزم ناچار بەئیدیالیزم بکات. بەڵکو وەزیفەی ڕۆشنبیر ئەوەیە بەرهەمی فکری هەبێت)، ئەم وانەیە بۆ ئەوەیە کە بەشێک لە رۆشنبیران بەو کێشەیەوە خۆیان سەرقاڵ کردووە، ئایا دەتوانن لەرێگەی ماتریالیزمەوە کە فیزیکی و فکری دیالیکتیکیە دەبێ ململانێی ئیدیالیزم بکات و گەمەکەش بباتەوە و بەخەڵکی بفرۆشێتەوە، لەحاڵێکدا ئەمە نەکاری رۆشنبیرە و نە بە فکریش چارەسەر دەکرێ، بەقەد ئەوەی بە سیاسەت یەکلایی دەکرێتەوە ئاین و توندڕەوی و سیاسەت و دەسەڵات و دەوڵەت لەیەکتر جودادەکاتەوە، بۆیەش باس کەدێتە سەر دەوڵەتی عیلمانیەت، باس لە جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت دەکرێت.
شێوەیەکی دیکەی تێڕوانین هەیە کە پێی وایە دەسەڵاتی مەعریفی جۆرە دەسەڵاتێکی دیکەی نادیارە، کە (ئیدوارد سەعید) بەپێی جیهانبینی خۆی پێی وایە وڵاتانی دواکەوتوو شوێنپێی ڕۆژئاواییەکانیان هەڵگرتووە، بەمانایەکی دیکە بەڕۆژئاوایی کردنی جیهان لەڕووی کولتوریەوە مەرجی خۆبەستنەوەی زاڵ کردووە بەسەر بیر و بۆچوون و کولتوری ڕۆژهەڵات. لێرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە تیۆرەی مۆدێرنیتە وەک شتێک درێژە پێدەری قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتناسیە. ئەم خەسڵەتە لەرۆشنبیری کورددا نابینرێت، وەختێک دەبینین لەپێناو سیاسەتێکدا فکری رۆژئاواییی بەسەر کوردستاندا زاڵ دەکات و خۆشی دەخاتە دەرەوەی بەرپرسیارێتی و تەنها تیۆرەکە پێشاندەدات و لەدۆخێکی سیاسی وەکو ریفراندۆم کە ئێستا گرینگترین پرسی کوردییە، خۆی یەکلایی ناکاتەوە، چونکە دەست و پێ سپییە.
إ