Skip to Content

ئەفسـانە لە دەقی شیعری گەردوونیدا.. فازیل شــەوڕۆ

ئەفسـانە لە دەقی شیعری گەردوونیدا.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by نیسان 14, 2021 General, Literature


(سیزیف)ی کەریم دەشـتی و (سیزیف)ی فێیی جۆڕج بە نموونە

فازیل شــەوڕۆ ــ دوبلن

یەکێک لە خەسڵەتە سیحراوییەکانی ئەفسانە، ڕۆچوونە بەناو قوڵایی زەمەن، لەوەتەی لە چاخی برونزییەوە، پێش (٣٠٠٠) ساڵ، ئەم ڕشتە ئەدەبییە سەری هەڵداوە، بەردەوام، لەگەڵ ڕشتە ئەدەبییەکانی دیکەدا نەک هەر هەنگاوی بۆ پێشەوە ناوە، بەڵکو بووەتە ڕۆح و مەتنی زۆر شاکاری ئەدەبی زیندووش. بە ئاوەڕدانەوەیەک لە ئەفسانەی گریکی کۆن، بە نموونە، هەزاران کتێبمان دێتە بەردەست کە خوداوەند و پاڵەوان و بوونەوەر و سەرکێشییەکان بوونەتە کڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکان. چەمکێک لە پرسیاری منداڵانە، لە چوارچێوەی حیکایەتی فۆلکلۆریدا، توانیویانە بە جوانترین شێوە، ڕووی حەقیقی ژیان و بوونمان بۆ بنەخشێنن. بەڵگەشمان ئەوەیە کە مێژووی زانستەکانی گریک و ڕۆمانە کۆنەکان شەنوکەو دەکەین ، کە دەمێکە بووەتە سەرچاو و کانگای، هەموو ڕشتەی ئەدەبی و فەلسەفیەکانی کۆن و نوێ. دەبینین ئەوان جگە لە ئەفسانە، هیچ شتێکی دیکەیان بۆ نەکردووین بە میرات. بایەخی، ئەفسانە لەوەدایە، بە سادەترین پرسیار، پرسیارە قورسەکانی گەردوون و بوون و نەبوون دەورووژێنی و دەست بۆ ئەو نهێنییە ئەزەلییانە دەبات، کە مرۆڤ بە ترسەوە سەریان بەسەردادەگرێ. ڕۆح کە بۆخۆی ماهییەتی بوونە، بەدەر لە هێزی ئەفسووناوی ئەفسانە، ڕۆحێکی وشک و برینگە. ئەفسانە، حیکایەتۆکەی خەیاڵی نییە، بەڵکو ڕاستگۆترین گوزارشتە لە نهێنییەکانی ژیان، بۆ ئەوانەی تێیدەگەن.
ئەفسانەناسی، درۆودەڵەسە نییە، زانستێکە تێکەڵەیە لە میتافزیک و میتافۆر و خەونی حەقیقی مرۆڤ. جا چونکە حەقیقەت بە وشە گوزارشت ناکرێ، لەبەرئەوەی شتگەلێکە لەودیوی وشەکانەوە خۆی مەڵاس داوە، ناچار، هونەری ئەفەسانە، حەقیقەتەکانمان بۆ وێنا بکات و پێمان بناسێنێ. واتا ئەفسانە ئامرازێکی کاریگەر بووە و کاریگەرە، بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت. گوتراوە، ئەفسانە، مێژووی پیرۆزیی بوونی مرۆڤە. لە مێژیشە، ئەرستۆ گوتویەتی :”ئەوانەی ئاشق و سەرگەرمی ئەفسانەن، ئەوانەن، کە هەڵگرەی خەسڵەتی حەکیمەکانن.(١) مەزنایەتی و نەمریی ئەدەبی زیندوو و ئەدەبی گەردوونی هەر لەو شاکاراندا دەبینرێن، کە ئەفسانە پۆشن و نغرۆی نێو جیهانی ئەفسانەن.

دەتوانم بڵێم، تەنها لە جیهانی ئەفسانەدا، (زەمەن) ڕادەوەستێ.  بۆیە بۆهەموو سەردەمێک، ئەفسانە، کتێبێکی تازە چاپکراوە و هی ئەوەیە بخوێندرێتەوە. مەحاڵە، مەزنەکان،  نەمرەکان، لە شاعیر و ئەدیب و  نووسەران  بتوانن  بگەنە مەقامی  مەزنایەتی و نەمریی، بەبێ نغرۆ بوون لە جیهانی ئەفسانەوە.  تووانەوە لە نێو ئەو جیهانەدا،  کلیلی داهێنانیان  بەسەردا دەبارێ.
هاسان نەبوو شەیکسپیر و دانتی و پابلۆ نیڕۆدا و عەبدولوەهاب بەیاتی ــ وەک نموونە، بگەنە ئەو مەقامە گەردوونییە لە ئەدەبدا، بەبێ پاڵپشتی ئەفسانە. نەک هەر ئەوەندە، زۆر داهێنانی زانستیش، لە فڕین و گواستنەوە و تەییکردنی دەریا و داهێنانی ئامرازە تەکنەلۆژیا سەدرەمییەکان، بەبێ خەیاڵی ئەفسانەیی، مرۆڤ بۆی نەدەکرا بیانکات بەو ئامێرانەی کە ئیمڕۆ پێیان ئاشناین.(٢)

ئینسایکلۆپیدیایی (Britannica)، بەم چەند ڕستەیە پێناسەی ئەفسانەی کردووە:” گێڕانەوەیەکی چەفەنگ ئامێزی سەرچاوە نادیارە، وەک پاژێک لە ڕابردووی دوور خۆی دەنوێنی کە بەڕواڵەت ڕووداوی ڕاستەقینە لەخۆ دەگرێ، تەواو پەیوەستە بە بیروباوەڕی ئایینی. گێڕانەوەیەک خۆی بەدوور دەگرێ لە ڕەفتاری ڕەمزهەڵگری وەک (خوداپەرستی، نەریت) و جێگەو پێگەی ڕەمزئامێزی وەک (پەرستگاو، بت و سەنەم). ئەفسانە سەربوردەی تایبەتمەندی ئەو خوداوەند و سوپەرمانانەیە کە تۆمارگەی ڕووداو و بەسەرهاتی ڕۆژگارێکی دێرینی نادیارن، تژن لە ئەزموونی ئاسایی مرۆڤەکان. زاراوەی ئەفسانەناسیش (Mythology) هەم سەرقاڵی لێکۆلێنەوەیە لە ئەفسانە و هەم لە مەتنی ئەو بیروبۆچوونە ئەفسانەیانەی لە ئایینێکی کۆنی دیاریکراودا دینەبەرچاو.”(٣) هەر ئەم سەرچاوەیە نووسیویەتی:” داستان، چیڕۆکێک یان کۆمەڵە چێڕۆکێکی دێرینە تایبەت بە کەسان و جێگەی دیار. بۆخۆی جاران تایبەت بوو بە پیاوانی ئایینی. لە ناوەڕوکدا زۆر لە چیڕۆکی فوڵکلۆری دەچێت: بوونەوەری بەدەر لە خەیاڵ و ئەدگاری ئەفسانە و ڕاڤەکردنی دیاردە سرووشتییەکان ناوئاخنی ئەو چیڕۆکانەنە کە وەک مێژوو باس لە کەسانێک و جێگەی دیار دەکەن.”(٤)
عەیامێکی کۆنە ئەدیب و شاعیران، ئەفسانە و داستانیان کردووەتە سەرچاوە و مەتنی زۆر لە بابەتە ئەدەبییەکانیان، ئەوەتا لە داستانی ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمرۆس دا (The Iliad and the Odyssey) هەشت و نۆ سەدە پێش زایین، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ. جا چونکێ زیندوویی وە خەفەکردنی زەمەن، خەسڵەتی ئەفسانەن، بەدرێژای میژوو، ئەوان خۆیان لە گەڵ چاخ و قۆناغ و قوتابخانە ئەدەبییەکاندا نوێ کردووەتەوە و لە بەرهەمی نوێ و تازەدا دووبارە بەرهەمهێنراونەتەوە.
لەم سەردەمەدا، ئەدیبانانی هزرمەند و بلیمەت و بەهرەمەند، کووشتەی داهێنانی بەرهەمی نوێن و هەمیشە فکرو خەیاڵیان ئەوەیە چۆن کلیلی دەرگای داهێنانە دانەهێنراوەکان وەدست بێنن. ئەم پێشکەوتنە لەخەیاڵبەدەرەی تەکنەلۆژیای سەردەمیش، تەواو ڕێخۆشکەرە و یاریدەدەرە بۆ دۆزینەوە و دەستهێنانی ئەو کلیلانە. جیهان گوندێکی بچووکە و مرۆڤەکان هەمووی درواسێی یەک کوچە وکۆڵانن، شتێک نەماوە نهێنی و پەنهان بێ لە نێوانمان. بۆیە ئیمـڕۆ بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی، لە هەموو چەشە ئەدەبییەکاندا ــ بەتایبەتی لە جیهانیی شیعردا، جوان و بەرچاو خۆی دەنوێنی.
(Timothy Brennan)، پڕۆفیسۆری ئەدەبیی بەراوردکاری لە زانکۆی (Minnesota)، بە وردی زاراوەی ئەدەبی گەردوونی (Cosmopolitanism) پێناسەدەکات و لە ئەدەبی جیهانی (Literature World) جیایی دەکاتەوە. لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی زۆر لە نووسەرو ڕەخنەکارانی کورد، زاراوەی ئەدەبی جیهانی بە شێواوی پڕاکتیزە دەکرێ. وەک ئاماژەکردن بە بەرهەمی شاعێرێک و پێناسەکردنی وەک دەقێکی جیهانی. لە کاتێکدا ئەدەبی جیهانی “گوزارشت لەو ئەدەبە لۆکاڵە خۆجێیە دەکات، کە بەبێ ڕەچاوکردنی بوونی بەهامەزنەکان و ئەزموون و جوانناسی و مرۆڤدۆستی لە بەرهەمێکدا، بۆ دەرەوەی سنووری جوگرافیی خۆی هەناردە دەکرێت و بڵاودەبێتەوە. بە واتایەکی وردتر، وەک ماڕکەیەکی بازرگانی، ئەو بەرهەمە دەخرێتە کتێبخانەکانی جیهان، ئەمەیش لەگەڵ کۆلۆنیزمی ئەوروپی سەریهەڵدا کە لە دەوری سەدەی حەڤدەمەوە ئینگلیز و ئیسپان و پورتگال و فەرەنسا، دواتریش ئیتالیا و ئەڵمانیا، پەلکێشیان کردە سەر وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و بەشێکی ئاسیا. جا کە ئەم وڵاتانە زمانی خۆیان کردە زمانی فەرمی زۆر لە کۆلۆنێلەکانی خۆیان، لە سەدەی هەژدەمدا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی خۆیان وەک بەرهەمێکی ئەدەبی جیهانی. هەرچی ئەدەبی گەردوونییە، گوزارشت لەو بەرهەمە ئەدەبییە دەکات کە هەڵگری قامتێک خەسڵەتی تایبەتە، بە بێ ئەوەی بپرسی خاوەنەکەکەی کێیە و سەر بە چ نەتەوەیەکە و لە کوێ نووسراوە. بەواتایە، ئەدیب و شاعیر، هەڵگری ناسنامەی جیهانین، ئەوان تۆمارکەی ژان و خەم و نەهامەتی و کۆست و برسییەتی و خۆشی و جوانی و خۆشەویستیی هەموو خەڵکی سەر ئەم زەمینەن، بەبێ فەرق و جودایی لە زمان و ئایین و ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە…تاد. کە دەقە ئەدەبییەکە تەرجەمەیەکی جوان دەکرێ، خوێنەر، ئەگەر بەڕازیلی، ژاپۆنی، فەرەنسی، فارس، یان قۆقازی بێ، وا هەست دەکات، ئەو دەقە ڕێک بۆ ئەو نووسراوە.” (٤)
ئیمڕۆ، ئەدەبی کوردی، تۆمارگەی پەخشان و شیعرەکانی، بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی تێدایە، لێ لەبەر خاوی و لاوازی و بەهەندوەرنەگرتنی وەڕگێرانیان بۆ سەر زمانەکانی غەیرە، تا ڕادەیەک وەلاوە نراون و شاردراونەتەوە. نەبوونی لێکۆڵینە وە و ڕەخنەی ئەکادیمیانەی تۆکمە و هاوچەرخ و داهێنەرانە، کۆسپێکی دیکەیە لەبەرم ناساندن و سنوورشکاندنی ئەو بەرهەمە کوردیە گەردوونیانە.
لەم لێکۆلینەوەدا، بابەتێکی ئەفسانەئامێز، لە دوو دەقەشیعری کوردی و ئینگلیزیدا، لە ڕۆشنایی بازنەی ئەدەبی گەردوونیدا، شەنوکەو دەکەین. بابەتە ئەفسانییەکە (سیزیفSisyphus )ە و شاعیرەکانیش ئەمانەن: کەریم دەشتی (١٩٥٥ ــ ) کە لە هەولێر لە دایک بووە، (٢١) کۆمەڵە شیعری چاپکردوە و جگە لە (١٩) بەرهەمی ئەدەبی لە ڕۆمان و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان. وە خاتوو (فێی جۆڕج Faye George ١٩٣٣ ــ ٢٠٢٠)، کە ئەویش (٨) کۆمەڵە شیعری چاپ کردووە. چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتی چنیوەتەوە، وەک خەڵاتی (Perugia Press) کە لە پاریس بۆ کۆبەرهەمی (زامێک لەسەر گەڤر)، لە ساڵی (٢٠٠١) پێی بەخشرا. ئەم ژنە ژینگەدۆست و سرووشتپارێزە کە بە ڕەچەڵەک (گرییک)ە لە شاری (Weymouth) لە ئەمریکا لە دایک بوو و لەوێدا گەورەبوو.(٥)
دەقی هەردوو قەسیدەکەی کەریم دەشتی و خاتوو فێی جۆڕج لە پاشکۆی ئەم لێکۆڵینەوە بخوێنەوە.

ئەفسانەی (سیزیف) چییە؟ یام (سیزیف) کێیە؟
سیزیف (یان سیزیفیۆس)، لە میتیۆلۆژیای گریکیدا، بە یەکێک لەمەکربازترین و فێلبازترین کەسەکانی دادەنرێت، کە بە فرتوفێڵی خۆی توانی دووجاران (تاناتۆس)ی خوداوەندی مردن، هەڵخەڵەتێنێ. ئەم ڕەفتارانەی وایکرد (زیۆس)ی گەورەی خوداوەندەکان لێی پەست و توڕە بێ و بریار بدات بەسزادانی، بەوەی کە خڕە بەردێکی گەورە لە پێدەشتی دۆڵێکەوە بە پاڵدان بەرزبکاتەوە بۆ سەرەوەی چیایەک، جا هەر کاتێک بەردەکە دەگەیشتە لووتکە، لێی غلۆر دەبۆوە دۆڵەکە و دەبوویا جارێکی دیکە سەر لەنوێ دەست بکاتەوە بە بەرزکردنەوەی بەردەکە و دووبارەبوونەوەی هەمان شانۆگەری. ئەمەش بووە ڕەمزی ئەشکەنجەدان و عەزابی ئەبەدی.
سیزیف کوڕی مەلیک ئەیۆلۆس بوو، دامەزرێنەری یەکەمین مەملەکەتی ئیفیرا. ئەو برای سالمۆنیۆس و باوکی گلاوکۆس بوو. پیشەی ئەو بازرگانی و دەریاوانی بوو، لێ زۆر چاوچنۆک و فڵێبازبوو، هەمیشە یاساشکێن بوو، دەستی لە کوشتنی میوان و موسافیرەکانی نەدەپاراست. هۆمیرۆس، لە ئلیادە دا بە شەیتانترین کەس پەسنیکردووە. ئەو کچە خوارزای خۆی هەڵخەڵەتاندوە و تەختوتاراجی برای خۆی داگیرکردوە و نهێنییەکانی زیۆسی خوداوەندی ئاشکراکردوە ، کە گۆیا، لاقەی لاجینای کچی خوداوەندی ڕووباری کردوە. جا لە تۆڵەی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی، زیۆس فرمانی بە هادسی خودای جیهانی ژێرزەوی دا کە سیزیف کۆت و زنجیر بکات و فڕێیداتە نێو دۆزەخ. بەڵام سیزیفی زۆرزان، خوداوەندی تانتۆسی ڕازیکرد کە کۆت و زنجیرەکەی بکاتەوە، جا هەرکە ئەو پیاوەتییەی لەگەڵ کرد، سیزیف ئەوەی لە جێی خۆی دا بەهامان کۆت و زنجیر بەندکرد. ئەمەش سەرپێچی کردن بوو لە مردن، بۆیە ئاریسی خوداوەند، تانتوسی ڕزگارکردو جارێکی دی سیزیفی ڕەوانەی دۆزەخ کردەوە. بەڵام ئەمجارەش خۆی لە دۆزەخ ڕزگارکرد، بەو فێڵەی کە گۆیا دەبێ بچێ بە ژنەکەی بڵی قوربانی سەرمەرگی بۆ بکات، چونکە ئەو گومانی هەبوو کە ژنەکەی دوای مردنیشی هیچ ڕیزێکی لێ بگرێ.

شیتەڵکاریی دوو دەقەشیعرەکە لەڕؤشنایی ئەفسانەکە و شیعری گەردوونیدا:
هەردوو دەقە شیعرەکە نەک هەر سیزیف پۆشن، بەڵکو لە ناونیشان و سەرەتاو و ناوئاخن وکۆتایدا بەشێکن لە سیزیف، بە جەستە و بە ڕۆح: جەستەی هیلاکی شپرزە، ڕۆحی نغرۆبووی گۆناح و بەرائەتی. (٣) ڕۆح، لە سێ زەمەن و سێ جێگەی جیاوازدا، بەردێک هەڵدەگرن و دادەگرن، کە سەنگی هەموو ژیان و بوون و مەرگی لە هەناوی خویدا هەڵگرتووە و بەقەد کێشی ئەو چیایە قورس و سەنگینە کە دەبێ بکرێتە تاجی سەر سەری لوتکەکەی. کەریم دەشتی، شاعیرێکی کوردی زمان، بەردێکی ئەفسانەی دەکاتە ڕەمزی عەزابی مرۆڤایەتی. فێی جۆرجی، زمان ئینگلیزی، قەدەری خۆی ڕادەستی بەردێک دەکات وەک ڕەمزی چارەنووسی مرۆڤایەتی، سیزیفیش، دەیەوێ بە بەردێک گۆناحی ئەزەلی و ئەبەدی خۆی بشوواتەوە و بۆ سێیەمین جار چاوی بە دۆزەخ نەکەوێتەوە. لەو دیوی هەر سێ پاڵەوانەکە و بەردەکە، خودایەکیش نەخشەکێش و تەراوزوو بەدەست، تەماشایان دەکات و چاوەڕوانی ئاکامیانە!

ناونیشانی دەقەکان:
ناونیشان، لە سەنگ و بایەخدا، ئیمڕۆ پێگە و دەلالەتی هەمە چەشن لەخۆدەگرێ وشاعیرە بەئاگاکان زۆر بە هەستیارییەوە وێنەی دەکێشن. جار هەیە بە حەفتە و بە مانگ، لە چاوەڕوانی ناونیشانێکی شیاو و داهێنەرانەدا، شەو سپی دەکەنەوە. ناونیشان قوفڵ و کلیلی دەقەشیعری هاوچەرخە: قوفڵە، خوێنەران هاندەدا بەدوای کلیل و نهێنییەکانیدا بگەڕێن، کلیلیشە، دەرگای ژوور و کۆشک و تەلاری سیحراوی هونەر و جوانناسی و چیژت بۆ دەکاتەوە.
(سیزیف براکەم سیزیف). کەریم دەشتی، بە ئەنقەست لە کۆی بەرهەمەکانیدا خۆی لە خاڵبەندیدا لادەدا. ئەمەش وەک هۆنەرێک، بۆ واڵاکردنی دەرگای بۆچوونەکانی خوێنەر، چونکە هەر هێمایەکی خاڵبەندی دەلالەتی خۆی هەیە، ئەو خوێنەر سەرپشک دەکات، لە هەڵبژاردنی ئەو دەلالەتانە. دەنا دەبێ ناونیشانەکە بەم شێوەیە تۆماربکرێ:(سیزیف! براکەم سیزیف!)، هەر دەڵێی دەقنووس لەدیو شیشەی دەرگای زیندانێک دانیشتووە و سیزیفی برای بەندکراوی دەدوێنێ. یان دەڵێی، نغرۆی بووی گۆمێکە و هاواری فریادڕەسێک دەکات. دووبارە بوونەوەی ناوی سیزیف، لە گوێی پەیامگر زایەڵەیەک دروست دەکات، کە هەم وا هەست بکات سیزیف ڕۆحێکی پاک و جوان و پیرۆزە، هەم هاندەرە، تا زوو بەناخی دەقەشیعرەکەدا شۆربیتەوە و لە نهێنیی ئەم هاوارە تێبگەی. وشەی (براکەم)، ئەو ئیحایەمان پێدەدات کە شاعیر دەڵێ(سیزیفی برای خڕ مرۆڤەکان)، ئەم (برا)یەیی کە مرۆڤە و پەیامی مرۆڤایەتی پێیە و ڕۆحێک دەدوێنێ. (دەشـتی ـــ برا ـــ سـیزیف).
هەرچی خاتوو فێی جۆڕجە، هەر بە ناوی (سیزیف)ی ئەفسانە، دەقەشیعرەکەی دەناسێنێ. ئەم فۆڕمە کۆنە، ناوی کەسێک، قارەمانێک، ناودارێک، دەکرێتە ناونیشان، وەک:( هەمڵێت، زۆربا، بریوتس، خەیام، فەرهاد، ئۆفیلیا، خاتوو زین…تاد). جا بۆ ئەوەی پێشوەخت پێناسەیەکی دەقەکەمان بۆ چڕکاتەوە، دەقنووس گوتەیەکی (ئەلبێرت کامۆ)ی لە نووسینێکیدا بە ناوی (ئەفسانەی سیزیف)، خواستۆتەوە کە دەڵێ:
“داهێنان هەر لەوەدەچێ، قەدەری کەسێک لە چوارچێوەی سیمایەک بگریت.”
ئەم وەرگیراوە، ئیحایە، کە دەقنووس، خەونی داهێنانی ئەدەبی لەو دەقەشیعرەدا هەیە، داهێنانیش، وەک ئەو مروارییەیە کە نوقمی دەریایە و مەلەوانی شارەزای خۆی دەوێ. واتا ناڕاستەوخۆ، بە خوێنەر دەڵێ، تکایە سەرپێیانە چاوم پێدا مەخشێنە، نەختێ بە ڕازی وشە و هونەرو دەنگەکانمدا شۆربەوە. ڕەنگ بێ لە دیدی دەقنووسدا، تەنها ناوهێنانی ئەو (قارەمانە)، خۆی لە خۆیدا پەیامێک بێ، جا ئەوانەی تێیدەگەن، بۆ ناو شیعرەکە دەچن و ئەوانەی تێشیناگەن، دەبێ بچن پەڕەکانی فەرهەنگی ئەفسانە هەڵدەنەوە. کەواتە لێرەدا، دەقنووس، خوێنەر دەکاتە توێژەر.

بیرۆکەی دەقەکان(The Theme of the poems):
کەریم دەشتی بە زمانی شیعر، هەردوو هاوکێشەی (بوون و چارەنووسی مرۆڤ)، بە پشتبەستن بە لۆژیکی ئەزموون و هزر، بەم شێوەیە لە چوارچێوە دەگرێ:”بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆمان دێینە سەرسەکۆی شانۆی ژیان، پەردە دوای پەردە، هەڵدەدەینەوە و بەدوای ئاکامێکیدا وێل دەبین، لێ هەر هەموو پەردەکان بە ژان و حەسرەت و هیلاکی و مەشەقەتی نەبڕاوە، عەزابمان دەدەن و دەمانکەن بە ئەزموون و عیبرەت بۆ ئەوانی دیکە، کە ئەوانیش لەمە باشتر نابن. ئێمە نە دەستمان لە ئەفراندنی ئەم بوونە هەیە و نە دەستنیشانکردنی چارەنووس لە توانا و دەسەڵاتی ئێمە دایە. بە کوردی و کرمانجی: بوون و چارەنووس، دوو خەیاڵی جیهانی سەڕابی هیچن!”
خاتوو فێی جۆڕج، لەودیوی جیهانێکی میتافیزیکییەوە، بەخۆخستنە نێو باوەشی فەلسەفەیەکی کلاسیک، دەیەوێ خۆی لەهێز و جەور و زوڵم و نادادپەروەری ژیان دەرباز بکات و گۆشەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە، بە ئارامی تێیدا سەر بنێتەوە. ئەوەی لە توانای داهەیە دەیکات، نازانێ چەندە لە سەرکەوتن و لووتکە نزیکە، لێ ڕازیشە بەوەی ئەنجامی داوە، بگرە شانازیشی پێ دەکات. (Cody Gilmore)، پڕۆفیسۆر لە ڕشتەی فەلسەفە لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، ئەو فەلسەفە کلاسیکە لەوەدا چڕدەکاتەوە کە:”ژیان بە مردنی دەوەستێ و کۆتایی دێ، لێ دەکرێ لە ژیانیشدا، بە بەبێ وەستانی ژیان، مرۆڤ بمرێت.”(٦)
دەشتی مەراقەکانی زۆرە و وەک ڕۆنی قرچاو تێیاندا توواوەتەوە:

بونیات و هونەرەکانی دوو دەقە شیعرەکە (جیاوازی و وێکچوون):
هەردوو شاعیرەکە، دەقەکانیان، لە بازنەی شیعری ئازاددا داڕشتوە و هەردووکیشیان خۆیان بەسەرواوە سەرقاڵ نەکردووە، ڕتم و ئاواز و ئاوازە و لەرەی شاراوەی نێو پیت و بڕگەکان، موزیکی شیعریی لە گوێی پەیامگردا دەزرێنگێننەوە. هەردووکیشیان لە سنعەتی داڕشتن و شیعرسازیدا خاوەن ئەزموون و پاشخانی تۆکمە و دەوڵەمەندن.
(سیزیف براکەم سیزیف)، (٥٨) دێڕە شیعرە وەک یەکەیەکی شیعریی یەکگرتووی بەیەکەوە گرێدراو داڕشتراوە، لێ لە (٣) قۆناغدا، بەبێ ئەوەی لێکترازابن، خوێنەری هەست بە پشوودانێکی کورتی شاعیر دەکات. لە (١٩) مین دێڕدا:(سیزیف براکەم سیزیف)، لە (٣١)مین دێڕدا :(سیزیف) وە لە (٤٥) مین دێڕدا:(سیزیف سیزیف هاوڕێی هەمیشەی بەردەكە). شاعیر لە تەکنیکێکی شیعریدا، وەستایانە، (سیزیف براکەم سیزیف)ی هەم کردووەتە ناونیشانی دەقەکە، هەم وەک یەکەم دێڕی دەقەکە دەخوێندرێتەوە. واتە بە سڕینەوەی ناونیشانەکە، یەکەم دێڕی دەقەکە ناقس دێتە بەرچاو.
شاعیر، لە مۆنۆلۆگۆیەکی بێ وەڵامدا، ڕاستەوخۆ سیزیف دەدوێنێ و دەردە دڵی خۆی بۆدەکات. هەرچەند شیکایەتەکانی لە (خودا)یە، بەڵام دەستەوەستانی خۆشی وەک مرۆڤ نیشان دەدا.
بەڵام دەقەشیعرەکەی خاتوو فێی جۆڕج، کە (٣٩) دێڕە، بەسەر (٧) کۆپڵەدا دابەش بووە، لە نێوان (٣ بۆ ٧ ) دێڕیدا. لە هونەرێکی شیعریدا، کۆپڵەکانی بە (گیرەی هونەری Enjambment)(٧)، بە یەکەوە گڕێداوە، ئەم تەکنیکە شیعرییە، دواین دێڕی کۆپڵە بە یەکەم دێڕی کۆپڵەی دوای خۆی دەبەستێتەوە، بە کەلک وەرگرتن لە بیرۆکە و ئاواز و هونەرەکانی دیکەی شیعریی. ئەم خاتوونەش هۆنەری بازدانی مۆزیکی، لە دێڕیکەوە بۆ دێڕێکی دیکە پەیڕەو کردوە (Run on the Lines).
هەردوو شاعیرەکە (وەک خودی سیزیف)، بەردەکەی ئەفسانەکەیان، کردووەتە کەرەستەی سەرەکی بیرۆکەکەیان. وەک لەم خشتەی خوارەوە دەبینین، دەشتی (٥) جاران و (فێی) (٤) جاران ڕاستەوخۆ ئاماژە بەبەردەکە دەکەن و (١٦ و ١٧) جارانیش یەک لە دوای یەک، ئاماژە بە مەتنی ئەفسانەکە دەکەن.
دەشتی، بە دڵێکی پڕ پشکۆ و حەسرەتەوە، سکاڵای ئەو هەموو عەزابە دەکات کە (خودا) بەسەریدا باراندوون. فێی جۆڕجیش، ئاخ بۆ ئەو هەموو جوانەی سرووشت هەڵدەکێشی، کە عەزابی ئەو بەردە لەبەرچاوی ناشیریین کردوون.
دەقەکان سیخناخن، بەو وێنە هونەریانەی کزەمان لە جەرگەوە دێنن و خەفەکراون لە ڕەشبینی و تاریکی و زەبوونیدا.

(خودا ئێمەی خۆشناوێ‌ / ڕقی لێمان ئەبێتەوە / لە هەموو یارییەكان لێمان ئەباتەوە لە خاچی ئەبەدیمان ئەدا / ئاوی دەریامان پێ‌ ئەگوازێتەوە/ تیشكە ڕژاوەكانی خۆیمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە/ قەڵامان پێ‌ دروست ئەكاو / خۆڵمان پێ‌ ئەكێشێتەوە / شیعرەكانمان ڕەشئەكاتەوە / مەحاڵمان پێ‌ ئەنووسێتەوە / گۆڕمان پێ‌ هەڵئەكەنێ‌ و ئێمەی تیائەشارێتەوە / میخكۆبی ئازاری كردووین / دیلی دەستی هەرماسی كردووین / ئاردی ناو درك و داڵمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە / تۆپی زەویمان پێ‌ هەڵئەگرێ / ئاسمانمان پێ‌ ئەشواتەوە / چیرۆكی ئازارمان پێ‌ ئەگێڕێتەوە / بەردەكەمان پێ‌ ئەباتە سەر لوتكە / ئێمەیش لە دوای تۆ هەمان بەردمان پێ‌ ئەبڕێ‌ / بەردەكە، كەی لە لوتكەدا قەرار ئەگری…)

هەرچی فێی جۆڕجي، چونکێ سرووشتدۆست و ژینگەپارێزە، جوانییە سیحراوییەکانی وانی لەبەرچاوە، دەڵێ:
(سۆلاڤی سازگار، بەرد بە بەرد دەرشێنێ / چەشنی هزر، قوول قوولن گۆمەکان / لەودیوی زەریا گەورەکانەوە تەختێک لە لمی گەرم / ئەشقی خۆرەتای سوور بووم / ئەشقی تەمی شینی سەر زەوی بووم / دارستانی سەوزیی پەرش و بڵاو/ گیانداری سرک و ڕەوەک / خێڵ و ئێڵات لە ژێر دەوارەکانیاندا / شێت و شەیدای ڕووناکی و ژین و زەوی بووم…)
لە جەنگی ئەبەدیشیدا لەگەڵ ئەم بەردە، زۆر داخ لەدڵانە دەڵێ:( ڕوخسارێ نغرۆ لە دڵەڕاوکێ / ئەویش پێیدام جەستەیەکی ڕەقهەڵاتوو / هێمای پیاوێکن هیلاک هیلاک / بەتەنیا شانی خۆم داوەتە بەر / نەفرەتیی خۆم دادەتاشم / تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم/ وامدەزانی زەمەن هی خۆمە / ئەم ڕۆژەم هەرگیز بەخەیاڵیش بەبیردانەدەهات / بەردێک، ئا بەردێک، لێ من کردمە هی خۆم / مەشەقەتێک، بێ سەرەتاو بی کۆتا…)
لە دوو هێڵی تەریبدا، ئەو دوو شاعیرە، هێندە لێک نزیکن، هەر دەڵی یەک زمان و هزر و روئیایان لە یەک چەمکی فەلسەفیدا هەیە:
چەمکی یەکەم: عەزاب و مەشەقەت، بەشێک نیین لە ژیان، بەڵکو خودی ژیانن:
کەریم دەشتی:
(شانمان ئەدەینە بەر هەمان ئەو بەردە
بە هەمان عەزابی ئەبەدی
بەرەو هەمان لوتكەی ئەبەینەوە)
فێی جۆڕج:
(ڕۆژ دوای ڕۆژ، تۆزوخۆڵی سەر ڕێگا زارت دەگرن،
تا تفی نێو دەمت لە ئەوکتدا دەبێتە تۆپەڵە قوڕ)
چەمکی دووەم: لە ژیاندا مردن هەیە، هەروەک مردن لە ژیاندا هەیە:
کەریم دەشتی:
(تۆیش بێ‌ ئەوەی زمانت هەبێ‌
گۆرانی مەرگمان بۆ ئەڵێی
بێ‌ ئەوەی كە دەستت هەبێ‌
وەك ژەهر ئەمانپاچی)
فێیی جۆڕج:
(تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم)

هەردوو دەقەشیعرەکە لە لەبەر ڕۆشنایی ئەدەبی گەردوونیدا:
لەدەوروبەری ساڵی (٥٣٠) پێش زایینییەوە، لە نێو هونەرمەندانی ئەسینا، نیگارکێشانی سیزیف لەسەر ڕووی گۆزە و کوپەڵە بووە بووە نەریتێکی باوی هونەری گریکی کۆن. لەوە دەمەوە تا ئەم ساتەوەختە، هونەرمەندانی جیهان، بە درێژایی مێژوو، خەریکی دووبارەکردنەوەی وێنە و نیگاری قارەمانی ئەم ئەفسانەیەن. بەدەگمەن، مۆزەخانەی ناوداری جیهانی هەیە، کە دیوارەکانی بە تابلۆی ئەو ئەفسانەیە ئارایشت نەکرابێ. هەرچی قۆتابخانە و ڕێباز و تیۆریی هونەری هەیە، بە ڕەنگ و ستایل و مۆدێل و شێوازو داهێنانی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بیرۆکەی ئەفسانەکە کردووە. هەموویان هەر خەریکی بەرزکردنەوەی ئەو (بەردەن).لەو سەدان تابلۆی گەورە هونەرمەندانەدا، دەبین سیزیف بەردەکە پاڵدەدا، بە کۆڵی خۆی دادەدا، لەسەر شانی ڕاستەی داناوە، لەسەر شانی چەپەی هەڵیگرتووە، لە سەر دوو دەستەکانی ڕایگرتووە، بە گوریس بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشێ، تەکان تەکان بەرزی دەکاتەوە… . لەم هەموو نیگارانە، هەر هونەرمەندەی مەبەست و پەیام و گوزارشتی خۆی پێیە. ئەوەتا ئێستا سیزیف لە هونەری تەنز و کاریکاتێر زۆر باوە، بووەتە ڕەمزی سەرنەگرتن و داروخانی بەرنامەوە نەخشە و کاری سیاسیی سیاسەتمەداران.
هەر بۆ نموونە:
لەساڵی (١٥٤٨) خاتوو مارییەی هەنگاری، خوشکی ئیمپراتوری ڕۆمانی موقەدەس ـ جاڵسی پێنجەم، داوای لە هۆنەرمەندی ئیتاڵی (تیزیانۆ ڤێسیلی)، ناسراوە بە (تیتیان)، کرد، کە تابلۆی چوار لە گۆناهکارەکانی یۆنانی لە کۆشکەکەیدا لە شاری (بنج)، بۆ بکێشێ، هەر تابلۆیەی دوو مەتر چوارگۆشەبوو، جا سیزیف یەکێک لەو چوار گوناهبارانە بوو و سێ یەکەی دیکەش هەر یەک لە (تیتیۆس، تانتالۆس، ئیکسیۆن) بوون. ــ ئەم چوارە لە ئیلیادەی هۆمۆرس ناویان هاتووە.
ئەو هونەرمەندە شارەزاییەکی باشی لەسەر ئەفسانەکان هەبوو، لە تابلۆکانیدا هێندێ هونەری نوێ داهێنا بوو، سیزیفی شەکەت و هیلاک بارەکەی لەسەر شانی خۆی داناوە، لە جیاتی ئەوەی پاڵی بداو بەرەو سەرەوەی ببات، لە پشتیڕا، ڕووبەرێکی ئاگرینی پڕ بڵێسە و دوکەڵی جەهەنەمی تەواو ناوچەکەی داگرتووە، دوو سەگی دڕ، کەلبەکانیان گڕکردۆتەوە، لە پەلاماردانن، لە نزیک قاچەکانی سیزیفیش، شینە مارێکی گەورە دێتە خوارێ.
دوو لەو تابلۆیانەیان لە نێوان دوو پەنجەری گەورەی ڕێڕەوێکی ئەم کۆشکەدا کێشرابوون و بەرانباریشیان چەند فەرشێکی نەخشێنراوە بە دیمەنی (حەوت گۆناهە گەورەکە) ڕاخرابوون. هەر میوانێک پێی خستبایە ئەو کۆشکە، هەر لەسەرتاوە، دیمەن و وێنەی ئەو تابلۆ ترسناکانە پێشوازی لێدەکردن. خاتوو ماریا، لەو نمایشەدا، مەبەستی بوو، پەیامێک بە هەموو یاوەرو ئەو کەسانەی لە دەوری ئەون بدات، کە هەر کەسێ بیر لە خیانەت و فێل و دەسیسە بکاتەوە، ئەو ئاکامەکەی دەبێ. هەموو پاڵەوانی ئەو ئەفسانانە سەرپێچی فرمانی خوداوەندیان کردوە، سزا و عەزابی ئەبەدیان بۆ بڕاوەتەوە، (منیش سیبەری خودام لەسەر زەوی، فرمان و سزای منیش لە هی ئەوان سووکتر نابێ!)
بڕوانە تابڵۆکەی سیزیف. (٨)
وەک چۆن لە هونەردا، لە دێرینەوە، ئەفسانەی سیزیف، بەردەوام حزووری گەرمی هەبووە، بەهەمان شێوە، لە ئەدەبیشدا، بە تایبەتی لە ڕشتەی شیعردا، لە نێو دیوان وتۆمارگەی ئەدیب و شاعیراندا ، بە شێوازی هەمە چەشن ،بۆ مەبەستی جیاواز جیاواز بەرجەستە کراوە.
کەریم دەشتی و فێیی جۆڕج، بەو پەڕی شارەزایی و کارامەیی، ئەوانیش جێ پەنجەی خۆیان، لەم ئەزموونە گەردوونییەدا، بە زیندووی بەجێهێشتووە. دەکرێ، لەم سەرە قەڵەمانە، گەردوونیەتی دوو دەقە شیعرە چڕکەینەوە:
یەک: هەردوو شاعیر پاشخانییەکی باشیان لە مییتۆلۆژیادا هەیە. کەریم دەشتی، یەکێکە لەو شاعیرە هاوچەرخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەند، کە زۆرتین ئەفسانە و بیرۆکەی ئەفسانەیی لە دەقەشێعرەکانیدا تەوزیف کردووە، لە زۆربەی ناوئاخنەکانیشیدا، ئەفسانە، کە سامانێکی گەردوونییە، هەر بە گەردوونی لە دەقەکانێشدا پاراستوونی. (سیزیف) سێ قەسیدەی جوانی بەو شاعیرە بەخشیوە. خاتوو فێیی جۆڕجیش، کە وڵاتی گریک و یۆنان، بە زێدی خۆی دەزانێ، بەو پەڕی شانازییەوە، ئەفسانەی کردووەتە دیوێکی ناسنامەی شاعیریەتی خۆی، تەنانەت خەڵاتەکەی پاریسیشی هەر لە سایەی (بەردێکی زامدار) چنییەوە.
دوو: لە تەواوی دەقەکاندا، هەردوو شاعیر، قاوغەی نەتەوایەتی و لۆکاڵیەتی خۆیان شکاندەوە، ناسنامەی جیهانییەیان بە خۆیان داوە. بە یەک تاکە وشە ئاماژە بە زمان و خاک و نەتەوە و ئایین و ڕەنگ و ڕەگەز خۆیان ناکەن.
سێ: هەردووکیان یەک ئەفسانەیان کردووەتە کەرەستەی دەقەشیعرەکەیان، بۆ یەک مەبەستی زۆر دیاریکرای هاوتەریب و گونجاو تەوزیفیان کردووە.
چوار: تەواوی دەقەکان، بە پەیام و فەلسەفە و چەمکەوە، ئاراستەی کۆی مرۆڤایەتی کراون. واتا دەقەکان بۆ حەشیمەتە حەوت ملیارو نیوەکەی سەر ئەم زەمینە نووسراون.
پێنج: کە خاڵیکی بایەخدارە ــ کۆی عەزاب و ئەشکەنجە و جەور و ناداپەوەری و سەختی و دژواری ژیان، زۆر بە ئێش و ئازار و حەسرەتەوە، بەرجەستەکراوە، وەک ئەوەی بڵێن، با کەس سکی بە خۆی نەسووتێ و خۆی بە بەخترەش نەزانێ.
شەش: لەودیوی، ئەو هەموو عەزابە ئەبەدییە، ترووسکەی ڕۆناکی و ئومێد وگەشبینی هەر دەبینڕێ. ئەوەتا کەریم دەشتی دەڵێ:(ئومێدی خەڵاس بوونت هەبوو / ئومیدی پاك بوونەوەت هەبوو)، فێی جۆڕجیش هاواردەکات:(سا تێگەیشتم من تا ئەو دیو سنوور، تخوبی خۆم بەزاندووە: ئەمەش بەس بوو.).
کۆتا ڕسـتە:
تیۆری و تەئیویل و ڕاڤەکانی ئەفسانەی سیزیف، زۆر و فر بیرۆکەنە: وەک تۆپەڵەی خۆری ئاگرین سەیرکراوە کە ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ و بە ئاسماندا سەفەر دەکات، تا لە ڕۆژاوادا غلۆردەبێتەوە. کراوەتە شەپۆڵی بەرز و نزمی تەوژمهێنەری دەریای بێئامانی غەدار. ڕەمزێکە بۆ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئەشقی کورسی دەسەڵاتن و هەمیشە غلۆر دەبنەوە و ناگەنە ئامانج. خەبات و زۆرانبازی و بەرەنگاربوونەوەی ژیانێکی هیچە. ڕەمزی عەزابی ئەبەدی کەسانی گوناهبارە. ئەلبەرت کامۆش وای دەبینێ کە ئەفسانەی سیزیف بەرجەستەی هیچ و پووچی و بێ مانایی ژیان دەکات، ژیانێک خاڵییە لە هەموو لۆژیک و ئەقڵانییەتێک، بەڵام دەبێ وێنای سیزیف هەر وەک مرۆڤێکی بەختەوەر بکێشرێت، ئەو دەڵێ:” قەت هیچ سزایەک نییە لەوە پیستر بێ، کارێک بکەی هیچ بەرهەمێکی لێ نەچنیتەوە.”.(٩)
کەریم دەشتی وای دەبێنێ کە ئێستا لە گەڵ ئەودا حەوت ملیارو نیو سیزیف لەسەر ئەم زەویەدا دەژین. فێی جۆڕجیش، ئەو بیرۆکەی هەیە، کە چارەنووسمان هەرچییەک بێ، نابی کۆڵ بدەین، ئەوەی بۆمان بکرێ دەیکەین.


پاشکۆ:
یەک:
سیزیف براكەم سیزیف
(کەریم دەشتی)

خوا ئێمەی خۆشناوێ‌ و ڕقی لێمان ئەبێتەوە
ئەوەی ناكرێ‌ پێمان ئەكا
لە هەموو یارییەكان لێمان ئەباتەوە
لە خاچی ئەبەدیمان ئەدا
ئاوی دەریامان پێ‌ ئەگوازێتەوە
تیشكە ڕژاوەكانی خۆیمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە
قەڵامان پێ‌ دروست ئەكاو
خۆڵمان پێ‌ ئەكێشێتەوە
شیعرەكانمان ڕەشئەكاتەوە و
مەحاڵمان پێ‌ ئەنووسێتەوە
ئەوە نییە هەمیشە تۆ
بەردەكە بۆ سەرەوە ئەبەیتەوە
بەڵام هەمیشە بۆ خوارەوەی گلۆر ئەكاتەوە
سارد نەبیتەوە، تیر لە كەمان ترازاوە ناگەڕێتەوە
ئێمەیش دوای تۆ
شانمان ئەدەینە بەر هەمان ئەو بەردە
بە هەمان عەزابی ئەبەدی
بەرەو هەمان لوتكەی ئەبەینەوە
بەڵام هەمدیس گلۆری بنار ئەبێتەوە
سیزیف براكەم سیزیف
خوا ئێمەی خۆشناوێ‌ ڕقی لێمان ئەبێتەوە
گۆڕمان پێ‌ هەڵئەكەنێ‌ و ئێمەی تیائەشارێتەوە
میخكۆبی ئازاری كردووین
دیلی دەستی هەرماسی كردووین
ئاردی ناو درك و داڵمان پێ‌ كۆ ئەكاتەوە
تۆپی زەویمان پێ‌ هەڵئەگرێ‌
ئاسمانمان پێ‌ ئەشواتەوە
چیرۆكی ئازارمان پێ‌ ئەگێڕێتەوە
بەردەكەمان پێ‌ ئەباتە سەر لوتكە و
هەمدیس گلۆر ئەبێتەوە
سیزیف
چا نەبوو تۆ مۆنادی خۆت هەبوو بۆنت ئەكرد
بەو مۆنادە چەند بەختەوەر بوویت
هاوڕێی ئەبەدیت بوو
ئەنیست بوو، جەلیست بوو
كتێب و قەڵەم و لیست بوو
هەموو ڕۆژێ‌ وەك كۆرپەی خۆت
ئەتخستە سەر شان و ملت
بەرەو ترۆپك هەڵئەكشایت
ئومێدی خەڵاس بوونت هەبوو
ئومیدی پاك بوونەوەت هەبوو
بەڵام بەردەكە لاسار بوو
گوێی بە ئازاری باوكی نەئەداو رایئەكرئەوە ژێر بنار
لە قووڵایی بەیەك ئەگەیشتنەوە
سیزیف سیزیف هاوڕێی هەمیشەی بەردەكە
واز مەهێنە
بەڵكو تۆزێ‌ شل بێتەوە دڵی بەردەكە نەرم بێ‌
ئاخر ئێمەیش لە دوای تۆ هەمان بەردمان پێ‌ ئەبڕێ‌
ئەوە قەدەری مرۆڤە تەواو نابێ‌
چەند بۆ سەر لوتكەكەی ببەی
دیسان گلۆر ئەبێتەوە و بۆ بنار ئەگەڕێتەوە
بەردەكە بەردەكە، كەی لە لوتكەدا قەرار ئەگری
تۆیش بێ‌ ئەوەی زمانت هەبێ‌
گۆرانی مەرگمان بۆ ئەڵێی
بێ‌ ئەوەی كە دەستت هەبێ‌
وەك ژەهر ئەمانپاچی
بێ‌ ئەوەی كە دڵت هەبێ‌ ڕقت لێمان ئەبێتەوە؟
وەك دەمی تیغ ئەمانبڕی

(١٠)*مۆناد : گەوهەری تاقانە

دوو:
سیزیف
(فێیی جۆرج)
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: ف. شــەوڕۆ
“داهێنان هەر لەوەدەچێ، قەدەری کەسێک لە چوارچێوەی سیمایەک بگریت.”( ئەلبێرت کامو ـ ئەفسانەی سیزیف)
سۆلاڤی سازگار، بەرد بە بەرد دەرشێنێ،
چەشنی هزر، قوول قوولن گۆمەکان،
لەودیوی زەریا گەورەکانەوە،
تەختێک لە لمی گەرم…
گشت ئەمانە ڕوخساری دونیایەکی گەشن،
ڕوخسارێ نغرۆ لە دڵەڕاوکێ.

ئەو کەڤرە ژنەکەمە،
دەستەکانی من، پێیان بەخشی کەمەرێک،
ئەویش پێیدام جەستەیەکی ڕەقهەڵاتوو،
ئەم قۆچە گەچاویانەی لە ناو لەپی منن،
هێمای پیاوێکن هیلاک هیلاک.

بەتەنیا شانی خۆم داوەتە بەر،
نەفرەتیی خۆم دادەتاشم،
توند دەیگرم، دەیکەمە ئامرازی بەرزکردنەوەی گابەردێ،
تا قاڵم بکاتەوە و وابکات لەو مردنەمدا بژیم،
وامدەزانی زەمەن هی خۆمە،
ئەم ڕۆژەم هەرگیز بەخەیاڵیش بەبیردانەدەهات.

ئەشقی خۆرەتای سوور بووم، ئەشقی تەمی شینی سەرزەوی بووم،
دارستانی سەوزیی پەرش و بڵاو،
گیانداری سرک و ڕەوەک،
خێڵ و ئێڵات لە ژێر دەوارەکانیاندا،
شێت و شەیدای ڕووناکی و ژین و زەوی بووم،
ئەم هەست و سۆزە، پێبەخشێم:
دیارییەک، گابەردێک.

بەردێک، ئا بەردێک، لێ من کردمە هی خۆم،
ئەوان وایان دەزانی. دەمهاڕێ، ئەو بەردە،
ماوەیەک، وام هەست دەکرد، بەردێکە بە هۆش و جەستە،
ئاوێتەبوون بۆ غڵۆربوونەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئەو سەنگە تا لووتکە و پۆپە،
ڕۆژ دوای ڕۆژ، تۆزوخۆڵی سەر ڕێگا زارت دەگرن،
تا تفی نێو دەمت لە ئەوکتدا دەبێتە تۆپەڵە قوڕ.
مەشەقەتێک، بێ سەرەتاو بی کۆتا ــ ئەرکێک، شێتانە.

لەگەڵ هەر گڵدانەوەیەکی سەختدا، گابەرد گەورەتر بوو.
بە تێشووی حەز و پەشیمانی، زەبەلاحتر دەبوو.
لە ئاسمانی ئەو شەوەی، تریفەی تێیدا نغرۆ ببوو
من مانگی ساردوسوڕم لە نێو دەستەکانمدا گرتبوو،
ویستیی خۆم هێنادی، گشت ئەوانەم لە ئامێز گرت ــ
ویستیی خۆم هێنادی و گوتم، ئێستا خراپتر چیت لەدەست دێ بیکە!

سا تێگەیشتم من تا ئەو دیو سنوور، تخوبی خۆم بەزاندووە:
ئەمەش بەس بوو.
سێ: دەقکە بە ئینگلیزی:
“Sisyphus” by Faye George
“To create is likewise to give a shape to one’s fate – Albert Camus, The Myth of Sisyphus”

Cool freshets spilling from stone to stone,
Pools deep as thought,
The immense beyond of ocean,
A warm couch of sand . . .
All that the bright world holds,
Holds back.

This stone is my wife.
My hands have given it a waist.
It has given me this calloused flesh,
This chalky horn upon my palm,
Mark of a working man.

I work alone,
Shaping my curse,
Honing it: a tool for raising stone.
Fitting it for what lets me live this death
With purpose; there was a time
I would not have thought it could be so.

I loved the red suns, the blue mists of Earth,
The long green reach of trees,
Her creatures feral and quick,
The tribes in their camps.
I wanted light and life and Earth.
That passion earned me this,
This gift, a stone.

A stone, yes, but I have made it mine.
They thought that it would crush me.
For a time I thought it had: mind and body
Wed to rock, pushing that weight to the summit
Day after day, eating the dust of the path
Till the spit of your mouth is clay in your throat.
And never an end to it – the mindless task.

With every lumbering turn, the stone grew.
Fed on desire and regret, the stone grew.
In that night’s sky with no light above
The cold moon of my grasp,
I set my will, embracing all of this –
I set my will and said, Now do your worst!

And knew I’d gone beyond myself:
It was enough.(11)

سەرچاوەکان:
http://www.mythologymatters.com/quotes-about-myth.html(1234567890)
)2(https://www.bartleby.com/essay/The-Importance-of-Greek-Mythology- P3MPQ293RYZA
)3(https://www.britannica.com/topic/myth
)4(Cosmopolitanism and World Literature, Ben Etherington and Ben Etherington, Cambridge University Press, 2018(book)
(5)https://core.ac.uk/download/pdf/48838117.pdf
(6)https://www.oxfordhandbooks.com/view/10.1093/oxfordhb/9780195388923.001.0001/oxfordhb-9780195388923-e-1
(7) https://www.litcharts.com/literary-devices-and-terms/enjambment
(8) https://blogs.getty.edu/iris/thinking-about-sisyphus-or-the-afterlife-with-some-rock-n-roll/
(9)The Myth of Sisyphus: And Other Essays (Vintage International), Albert Camus May 1991(book)
https://www.facebook.com/karim.dashti.376 (10)
(11)https://endicottstudio.typepad.com/poetrylist/sisyphus-by-faye- george.html

Previous
Next
Kurdish